رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هاوشوناسی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: موحەمەد عەبدولکەریم

Download PDF

چەمكى هاوشوناسى گرنگییەكى زۆرى لە ژیانى ئاسایى ڕۆژانەماندا هەیە، گومان لەوەدا نییە هەموومان بەشێوەیەكى گشتى ئاشنایەتییەكەمان بەم چەمكەهەیە لە ژێر ناوى جیاجیادا. هاوشوناسى لە هەموو بوارەكانى وەك چیرۆك و ڕۆمان و سینەما و شانۆ و وەرزش، تەنانەت لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە ئاساییەكانى ڕۆژانەشدا گرنگى خۆى هەیە. تێبینكردنى ژیانى منداڵ نموونەیەكى باشە بۆ دەرخستنى هاوشوناسێتى و گرنگیی هاوشوناسى. دەزانین هاوشوناسى وەرگرتنى پێگەیەكى مەجازییە، نەك كتومتێتى ئەو شتەى پێى هاوشوناس دەبینینەوە. هەربۆیەشە منداڵ دەیەوێت ئەم پێگەیە بەجۆرێك لەڕێى گەمەى مناڵانەوە داگیربكات. منداڵ هەر بۆخۆشى دەفامێت كە ئەمە خودى پێگە واقعییەكە نییە بەڵكو وادانانى خۆیەتى لەجێى پێگە ڕاستەقینەكە. هەربەو پێیەى لاكانیش دەڵێت “منداڵ ئەو كاتەى یارى دەكات دەزانێت كە خەریكى یاریكردنە”. منداڵ هەوڵى ئەوە دەدات بەخۆچواندن بە گەورەكان بەشدارى لە بردنى پێگەى ئەوانى تردا بكات. یارى ماڵە باجێنە و ماڵ درووستكردن نموونەیەكى گرنگە بۆ دەستخستنى كۆمەڵێك پێگەى مەجازى لەلایەن منداڵەوە. یەكیان دەڵێت یەعنى من دایكى تۆم و تۆش مناڵى منیت. من چێشت لێ ئەنێم تۆ ماڵەكە پاك دەكەیتەوە. منداڵ هەر بەوەوە ناوەستێت ئۆبێكتەكانى ناو ئەو فەزایەش هاوشوناس دەكاتەوە بە ئۆبێكتەكانى تر (جۆرێك لە چوواندنە) منداڵ لەوێدا كۆمەڵێك پشتى بەیەكەوە دەنووسێنێت. دەڵێت یەعنى ئەمە دیوارى ماڵەكەمانە، هەروەها بەش بەشكردن لەڕێى پشتییەكانەوە بۆ چەند ژوورێك، واى دادەنێت ئەمانە ژوورە ڕاستەقینەكانن. وایدادەنێت كەرەستەكانى دەستى، مەنجەڵ و قاپ و كەوچكەكانن. منداڵ هەر خۆى بە مناڵەكەى دى دەڵێت:  یەعنى ئەمە كەوچكە، ئەمەش مەنجەڵە كۆمەڵیك دەربڕینى ترى هاوشێوەى وەك ئەم دەربڕینە. بۆیە ئەوەى لێرەدا دەبینرێت هەوڵێكە بۆ دەستخستنى ئەوەى كە منداڵەكانیش دركى ئەوە دەكەن ئەمانە وەرگرتنى پێگەى جۆراوجۆرە نەك خودى ئەو شتانەى لە ڕێیەوە هاوشوناس دەبینەوە یان هاوشوناس دەكرێتەوە. پێدەچێت زۆربەى كات مرۆڤەكان بەهۆى درووستنەكردنى هاوشوناسێتییەوە تووشى گلەیى و سەرزەنشت ببنەوە، یاخود بەهاى فیلمێك یان چیرۆكێك، سینەمایان لا كەم ببێتەوە، بەپێچەوانەشەوە هەر ڕاستە. هەمووان دەزانن هاوشوناسى چییە، لەلایەن خەڵكیەوە بە تەواوی درك دەكرێت، پاشان لەڕێى كۆمەڵێك دەربڕینى تایبەت بە خەڵكی خۆیانەوە پارچەپارچە دەكرێن، هەوڵى تەعبیر لێكردن (ڕەمزاندنى) ی دەدرێت. دەڵێن وەڵا فیلمێكى هیچ بوو یان دەربڕینێكى گلەیی ئامێزانە (ئەوە كەى فلیم بوو، ڕاى نەدەكێشایت). ئەوە كەى دەور بوو دەیگێڕا هەر نەیدەزانى ڕۆڵى عاشق بگێڕێ (واتە هاوشوناسى عاشقان نەبوو). بڕۆ سەیرى فیلمى ئێرانى بكەو فیلمى كوردیش یاخود دەڵێن: (هاوخەمتم، هەستت پێدەكەم، وا هەستەكەم لە خۆم ڕۆشتووە….. هتد)  زۆرجار ئەوەى وادەكات خەڵكى فیلمێك پەسەند نەكات بەهۆى نەبینینى هیچ جۆرە هاوشوناسییەكەوەیە. بینەران و خوێنەرانى ئاسایى بوارە ئەدەبى و تەنانەت سینەماییەكان بە شوێن چێژەوەن. وەرگرتنى چێژ ئەو شتەیە، خوێنەر یان بینەرى ئاسایى بە مافى خۆى دەبینێت بە دەستى بهێنێت. هاوشوناسى، دەتوانێ بەخشەرى چێژێكى باشى گشت دەقە جۆراوجۆرەكان بێت، كە دەیبەخشێتە بینەر و یان خوێنەرە ئاساییەكانى خۆى. خەڵكى ئاسایى بە پێچەوانەى ڕەخنەگران و داوەرانى ئەدەبەوەن چێژ بۆ ئەوان پێوەر و سەنتەرى دەقە و فیلمە سینەماییەكان پێكدەهێنێت. هاوشوناسى پێدەچێت ئەو چێژە خەستە بێت، بینەرى ئاسایى لەڕێى وەرگرتنى پێگەیەكى مەجازییەوە دەیبڕێت لە بەرهەمە ئەدەبى و سینەماییەكان، پاش تەواو بوونى هەموو دەقێك هاوشوناسێتییەكان و ناهاوشوناسێتییەكان دەبنە وێردى سەر زارى هاوڵاتیان.

چییە وادەكات هەتا كۆتایی ڕۆمانێك، بەرگرى لە بكوژێك یان تاوانبارێك بكەین؟ یاخود كۆمەڵگەیەك حەزنەكات مافیاى ناو فیلمێك، بگیرێت یاخود بكوژرێ؟ یان بەپێچەوانەوە بەدیار مردن یان كوشتنى كەسێكەوە پێ بكەنین؟ یاخود فیلمێك قەدغە بكرێت یاخود سپۆنسەر بكرێت؟ ئەم هەموو گاڵتە بە فیلمى كوردى لەلایەن خەڵكییەوە دەگەڕێتەوە بۆچى؟ هۆكارى قەدەغەكردنى هەندێك لە فیلم و نوسراوەكان بە هۆى ترس لە هاوشوناسییەوە نییە؟ ئەمانە و كۆمەڵێك پرسیارى تر. ئەوە گرنگى چەمكى هاوشوناسییە دەتوانێت وەڵامگۆى ئەم پرسیارانە بێت. هاوشوناسى چەمكێكى گرنگە خزاوەتە ناو دەرونشیكارییەوە، گشت بوارەكانى ترى ئەدەب و هونەر و ژیانى ڕۆژانەى مرۆڤ ئەم چەمكە تێیدا هەڵدەسوڕێت، تەنانەت كاریگەریى لەسەر لایەنى وەرزشى و ئابووریش داناوە.

سەردەمانێك خوێندكار بووین، بەسەرهاتى كوڕێكی عاشقیان بۆ گێڕامەوە، گەرچى هاوڕێكانى توشى چەرمەسەرى و نەهامەتییەكى زۆركردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا مایەى پێكەنین بوو. لەگەڵ ئەم كوڕە عاشقەدا چوو بوون بخۆنەوە، كوڕەكە خێرا خێرا پێكى هەڵدەداو دەیخواردەوە، دەبێت ئەوەش بزانین كوڕەكە موعجیبێكى سەرسەختى ئیبراهیم تاتڵەس بوو.  كوڕەكانى هاوڕێشى دەیانزانی بەتەواوى كەوتووەتە ژێر كاریگەریى ئیبراهیم تاتڵێسەوە. تكایان لێكردبوو، وەك ئیبراهیم پێك تێنەكات و خێرا هەڵى بدات. ئەمە ئیشێكى مەترسیدارە و تواناى ڕۆشتنى نامێنێت، بەپێى دەرونشیكاری مادە كهولییەكان دەسەڵاتى سوپەرئیگۆ لاواز دەكات. پێدەچێت زۆربەى كات بێدەسەڵاتى سوپەرئیگۆ مرۆڤەكان بخزێنێتە دۆخى هاوشوناسییەوە. پێگەى مرۆڤ بەهۆى شلبوونى سوپەرئیگۆوە تواناى یاریكردنمان لەسەر پێگە جۆراوجۆرەكان بۆ دروستدەكات.  ئەو بێ گوێدانە قسەى هاوڕێكانى بەردەوام بوو لە پێك هەڵدان (هەروەك لە فیلم و گۆرانییەكەى ئیبراهیم دا دەبینرێ). پاش ماوەیەك نادییەكەیان بەجێهێشتبوو. كوڕە عاشقەكە هێندە سەرخۆشبوو، دەیانوت بە شێوەى كێرسفى ئینگلیزى ڕێى دەكرد، بۆیان كۆنترۆڵ نەدەكرا، هاوڕێكانى دەیانوت ڕۆشتووەتە سەر جادەكە هاوارى كردووە كوا قیتارەكە؟! بۆ نایەت؟ ئاشكرایە كە لە كوردستان هیچ هێڵێكى شەمەندەفەر بوونى نییە، بەڵام ئەو (كوڕە عاشق)ە، بەهۆى سەرسامییە زۆرەكەیەوە بە ئیبراهیم تاتڵەسەوە كەوتبووە ژێر كاریگەریى گۆرانى (یەڵان)ەوە. كاتێك ئیبراهیم دەچێتە سەر هێڵى شەمەندەفەرەكە، چاوەڕێى قیتارێك دەكات بێت و لێى بدات. كۆتاییەكەشى هەر بەو شێوە دەبێت شەمەندەفەرەكە دێت ئیبراهیم دەكوژێت. بەهۆى هاوشوناسبوون (ونكردنى پێگەیەى خۆی)ەوە ئەم كوڕە، لەسەر جادەكە هاوارى كردووە شەمەندەفەرێك بێت و لێى بدات!  مامۆستایەكمان هەبوو دەیوت داریوش “هەموومانى تووشى خواردنەوەكرد” زۆرینەى گەنجەكانى هەشتاكانى سلێمانى دەیانویست لە داریوش بچن، وەك ئەو ڕیش دابنێن و قژیان لە پشتەوە درێژ بكەنەوە. كوڕ هەوڵدەدات لە باوكى بچێت. كچ لە دایك. سەلەفییەك لە پێشڕەوەكەى. گەر كەسێك بە هۆى خەمێكەوە دەگرى و تۆش بە شوێن ئەودا دەگریت بێگومان تۆ تووشى هاوشوناسى بوویت.

هاوشوناسبوونمان لەگەڵ ئەكتەرێكى ناو فیلم یان ڕۆمان و چیرۆكێك و هیدی… هۆكارى تەمەندرێژیی ئەو ئەكتەرەیە لە ناوماندا. زۆرێك لە ئەكتەرەكان وەك مرۆڤى ڕاستەقینە لەناوماندا دەژین، دەبنە چیرۆكى كۆڕ و كۆبوونەوەكانمان، وەك بڵێى مرۆڤێكى ڕاستەقینەن، زۆرجار وەك لەلایەن نوسەرانەوە بۆ شرۆڤەكردنى دیاردەیەكى كۆمەڵایەتى و دەرونى دەهێنرێنەوە. هاوشوناسى بەشێكى گرنگى ئەو كاریگەرییە پێكدەهێنێت كە هەست بە زیندووێتى ئەكتەرەكان بكەین. چیرۆكە درێژە نایابەكەى ئێرنست هیمنگواى گرنگە لە ڕووی درووستكردنى هاوشوناسێتییەوە. ئەم چیرۆكە دەربارەى پیرەپیاوێكە بە ناوى سانتیاگۆوە. ماسیگرێكى لێهاتووى خاوەن ئەزموونە. ماوەى هەشتاوچوار ڕۆژە هیچ ماسییەكى ڕاونەكردووە. پیرەمێردەكە پێیوایە ژمارەى “هەشتاوپێنج” ژمارەى بەختێكى باشە، دەتوانێت لەم ڕۆژەدا ماسییەكى گەورە ڕاوبكات. ڕۆژى هەشتاوپێنجەم بە تەنها بە بەلەمێكەوە دەچێت بۆ ڕاوكردنى ماسى. پیرەمێردەكە ڕۆخى دەریاى لێ دووردەكەوێتەوە بەرەو قوڵایى دەریا دەچێت. پاش چاوەڕوانییەكى زۆر بۆ ڕۆژى دوایى ماسییەكى گەورە، بە قولاپى پیرەمێردەكەوە دەبێت. پیرەمێردەكە هێزى ڕاكێشانى ماسییەكەى نییە بۆ ناو بەلەمەكە، بۆیە هەوڵى هێشتنەوەى ماسییەكە دەدات بە قولاپەكەیەوە، بۆ ئەوەی بە ڕم لێى بدات، ڕاوى بكات. دوو ڕۆژ و دوو شەو بەم شێوەیە تێدەپەڕێت. پیرەمێردەكە بەهۆى خۆبەدەستەوە نەدانى ماسییەكەوە، سوربوونى لەسەر ڕاوكردنى ماسییەكە شەكەت و بریندار دەبێت. ڕۆژى سێیەم ماسییەكە بەهۆى بەركەوتنى ڕمى پیرەمێردەكەوە شەكەت دەبێت، سەرەنجام ماسییەكە دەكوژێت. كابرای پیرەمێرد بڕیارى گەڕانەوە دەدات.  دەڵێت: داخۆ لە بازاڕ ئەم ماسییە گەورە چەند بكات؟! كاتى گەڕانەوە قرشەكان بۆنى خوێن دەكەن، هێرش دەبەنە سەر ماسییەكە. پاش شەڕێكى خەستى نێوان پیرەمێرد و قرشەكان، گەشتنى پیرەمێردەكە بە كەنارى دەریا، ئەوەى دەمێنێتەوە لە ماسییە گەورە ڕاوكراوەكە، ئێسقانەكانییەتى و هیچى تر. ئەو پیاوە پیرەى خەریكى ململانێكردنە بۆ ڕزگاركردنى ئەو ماسییەى بە قولاپەكەیەوە بووە، سەیر نییە گەر بڵێین ئێمە بە جۆرێك هەڵدەدرێینە جێى پیرەمێردەكەوە، ئەوەى ئەو دەیچێژێت ئێمەش دەیچێژین. هەروەها بە تەواوەتى تێكەڵى ناسنامە و كەسایەتییە(سوبێكتیڤیتە) سەرنج ڕاكێشەكەى دەبینەوە. گەر ئاوڕێك لە شاكارە گەورەكەى دۆستۆفسكى بدەینەوە “تاوان و سزا” ڕاسكۆڵینكۆف كەسایەتییەكى سەرەكى ناو ڕۆمانى تاوان و سزایە، بەهۆى كوشتنى دوو كەسى بێ تاوانەوە بەردەوام ئازار دەچێژێت. ئەم كەسایەتییە هێندە بلیمەتانە چێكراوە دەتخاتە دۆخى هاوشوناسییەوە، بە مانایەكى تر پێت ناخۆشە كاتێك ڕاسكۆڵینكۆف، دادگایى دەكرێت ئیعتراف بكات، هەر بۆیە تۆش لە برى ڕاسكۆڵینكۆف وەڵام دێت بە مێشكتدا، هەتاكو ڕاسكۆڵینكۆف ئەو وەڵامە بداتەوە لە مێشكى تۆ دایە! بە جۆرێك هەموو ئەو ئازار و دڵە ڕاوكێیانەى ڕاسكۆڵینكۆف دەیچێژێت، تۆش خەریكى دەیچێژیت. ئەمە ڕێك ئەو دۆخەیە ئێمە لەگەڵ راسكۆڵینكۆف دا هاوشوناس دەبینەوە، وەك بڵێى ئێمە ڕاسكۆڵینكۆفین.

ڕۆمانى (بێگانەى) ئەلبێركامۆ پیشاندان و دروستكردنى هاوشوناسییە لەڕێى چەمكى خەسانەوە. مۆرسۆ بەهۆى ترس لە خەسانەوە هاوشوناسى باوكە مردووەكەى دەبێتەوە. ئەمەش دواى زیندانیكردنى مۆرسۆ دەركردنى بڕیارى لە سێدارەدان بۆى، واتە جیاكردنەوەى لەش لە سەر. مۆرسۆ پاش چوونە ژوورەوەى زیندان هەر لەوێدا بیرى چیرۆكێكى دایكى دەكەوێتەوە، ئەو چیرۆكەش دەربارەى باوكییەتى. دایكى دەڵێت: باوكت دەیویست بچێت بۆ بینینى ڕووداوى لە سێدارەدان، مۆرسۆ دەڵێت: ئەو كات پەست بووم بەوەى باوكم هێندە گرنگى بە بینینى لە سێدارەدانى مرۆڤەكان دەدات. مۆرسۆ دەڵێت: ئێستا دەزانم گرنگى پێدانى باوكم بە ڕووداوى لە سێدارەدان شتێكى سرووشتى بووە، گەر منیش ڕزگارم بێت لە زیندان ئەوا بۆ سەیركردن و تەماشاكردنى هەموو زیندانییەك دەچم. مۆرسۆ دەڵێت: چۆنە وەها نەمزانیووە لە سێدارەدان هێندە گرنگە؟ گەر بچینەوە لاى فرۆید دەربارەى (چەمكی خەسان) ئەوا دەبینین، لێرەدا مۆرسۆ بەهۆى ترس لە خەسانەوە بیر لە نەجات بوون دەكاتەوە، فرۆید دەڵێت بۆچى خەڵك مردنى ئەوانى ترى قبووڵە بەڵام هی خۆى نا؟ ئەو پێیوایە هۆكارەكەى ئەوەیە مردنى خۆت جۆرێكە لە خەسان. بیركردنەوە لە ڕزگاربوون ترسە لە مردنى خۆت. هەربۆیە مۆرسۆ بەهۆى ترس لە خەسانەوە (ترس لە مردنى خۆیەوە) لەگەڵ باوكى تووشى هاوشوناسى دەبێتەوە! ئەویش گەرهاتوو ڕزگار بوو، بەڵێن بەخۆی دەدات بچێت بۆ بینینى هەموو ئەوانەى لە سێدارە دەدرێن، هەروك چۆن باوكى گرنگى داوە بە بینینى جێبەجێكردنى لە سێدارەدان. لێرەوە دەبینین چۆن  لەڕێى چەمكى خەسانەوە هاوشوناسێتى لە كەسایەتى مۆرسۆدا بەرجەستەبوو، بە دەربڕینێكى تر مۆرسۆ بەهۆى ترس لە خەسانەوە هەستى هاوشوناسى لەگەل باوكى لا درووست دەبێت. لاكان پییوابوو هاوشوناسبوون بەو مانایە دێت كە ((سەروەختێك مناڵێك دەبینێت كەسێكى تر دەكەوێت، دەست دەكات بە گریان)) ئەم تێزەى لاكان بە تەواوى لە ڕۆمانى زۆر تایبەتى عەباسى مەعروفیدا دەبینینەوە، كاتێك دەبینین عەباس بەهۆى كوژرانى كریشنا باوئێرەوە دەكەوێتە بەر لێكۆڵینەوە لە لایەن پۆلیسێكەوە بەناوى بۆكۆفسكییەوە. ئەم هاوشوناسییەش لەڕێى درووستكردنى فەزاو ژینگەو كۆمەڵێك شتى لاوەكى و پرسیارەوە درووست دەبێت، گەر بە شێوەیەكى كورتكراوە ڕێگەى درووستبوونى ئەم هاوشوناسییە بكێشین:

 بۆكۆفسكى لێكۆڵەر شەوى ڕووداو (كوشتنى كریشنا باوئێر) ە كە لە ئوتێل بوویت. ئێوە زۆربەى كات كاتژمێر دە دەگەڕێنەوە بۆ بەرلین، چۆن بوو ئەم بەیانییە سەعات حەوت گەڕایتەوە؟ (دروستكردنى گومان لە ڕێى پرسیارەوە) پاشماوەیەك بۆكۆفسكى  چەكمەجەى مێزەكە بەردەمى دەكاتەوە، سەر دەباتە دواوە و تەختە حەشیشەكە دەخاتە بەردەم مێزەكەى نێوان خۆى و عەباس پاش كەمێكى تر چەكمەجەكە ڕادەكێشێتەوە، سیگارە پێچراوەكەى ناو قاپەكەى سەر كاغەزەكان لە تەنیشت دوو قاش پرتەقاڵى وشكەوە بوو، پارچە شوكلاتەكە. (عەباس ـ گومانلێكراوەكە) بەهۆى ئەم دوو دیمەنەوە پرسیار دەربارەى خۆى دەكات، عەباس دەڵێت من لە كوێى كریشنا باوئێر (كوژراوەكە) دام؟ پاشان لێكۆڵەرەكە دەڵێت پێم وابێت زیاتر لە ئێوەوە نزیك بووە؟ عەباس بۆچى وابیر دەكەیتەوە؟ لێكۆڵەرەكە جارێكى تر چەكمەجەكە ڕادەكێشێتەوە، چەند وێنەیەك دەهێنێتە دەرێ و بە زەردەخەنە و خوێن ساردییەكەوە، تەماشاى دەكات و دەیداتە دەستى عەباس. پاش چوونە پێشێى داستانەكە، بەهۆى فەزا و گفتوگۆكانى بۆكۆفسكی و عەباسەوە، بۆكۆفسكى جارێكى تر چەكمەجەكە ڕادەكێشێتەوە، پارچە حەشیشێك كە نابووییە ناو زەرفێكەوە هێنایە دەرەوە لە ناو قاپەكە و پاشان لە تەنیشت پارچە سەرەكییەكەدا داینا ((ئەمەش پارچەیەك هەر لەو حەشیشە)) لەناو چەكمەجەكەى ئێوە (واتە ماڵى عەباس) دا دۆزیوومانەتەوە. لەڕێى تەكنیكێكى سادەوە درووستكردنى زەمینە، ڕاكێشانى چەكمەجەكانەوە، تۆ وەك خوێنەر هاوشوناس دەكاتەوە لەگەڵ عەباس ئەو دڵە ڕاوكێى عەباس دەیچێژێت تۆش دەیچێژیت.

هاوشوناسبوون لەسەر بنەماى وێنا بونیادنراوە، بنەماكەى وێناكردنە. بە دەربڕینێكى وردتر نەك بوون بە كەسى تر، بەڵكو وێناكردنى (لە شوێن ئەویتر) دابوون. سادەترین شت دەربارەى وێناكردنى خۆت لە شوێنى كەسێكى تر شتێكى نالۆجیكییە. چۆن دەكرێت نالۆجیكى كردنى شتەكان وێنا بكەین؟  سوریالییەكان نمونەیەكى باشى وێناكردنە سەرو واقعییەكانن، هەمیشە نالۆجیكییەت و نائەقڵانییەت شتێكى جیانەبووەوەیە لەو وشە و ڕستە و وێنانەى لەڕێى ئەدەبەوە دەیكێشن. سوریالیەكان لەڕێى هێزى وێناكردنەوە ئۆبێكتەكان دائەماڵن لەواقیع، هەروەك لەم شیعرەى عەباس عەبدووڵا یوسفدا دەیبینین، لە دیدارى دێوى بەسام/مەمكى چەپى بەسەر شانى ڕاست و/ مەمكى ڕاستى بەسەر شانى چەپەوە/ نەترسام یاخود دەتوانین، بڵێین پرتەقاڵێكى نیلى و هێلكەیەكى سێگۆشە، یاخود بەو شێوەى شێركۆ بێكەس دەڵێت: یەكیان بووبووە گوڵى دارقەزوانێك، ئەوى دى ببوە ڕەشە ڕەیحانێ، ئەمانە هەمووى ڕاكێشانى شتەكانە بۆ ناو جیهاێكى ناواقیعى(مەجازى) بەهۆى هێزى وێناكردنەوە. تۆماس هۆبز پێیوابوو یەكجار بازنەى كردووە بە چوارگۆشە (وێنایكردووە).

كارەكتەرەكان هەڵگرى چۆنییەتییە فیزیكییەكانى (باڵا، دۆخى جەستەیی، لایەنە فیزیكى و كردەوەكان)، هەروەها چۆنییەتییە دەروونییەكانیش تایبەتمەندییەكى ترى ئەكتەرەكانن، ئەم كارەكتەرانەش خاوەنى ڕووانگەیەكى عاتفییانەن دەربارەى پێشهاتەكان(دەربارەیان چى هەستێكیان هەیە) ڕووانگەى پاڵنەرانە (بەهۆى چى پاڵنەرێكەوە ئەم ئیشە ئەنجامدەدات)، ڕووانگەى معریفتى (چی باوەڕێكى دەربارەیان هەیە). گەر هاتوو كەسێك باسى هاوشوناسى خۆى كرد لەگەڵ ئەكتەرێك، ئەوا دەبێت بپرسین (لە چ ڕوویەكەوە)؟ چونكە كردەى هاوشووناسبوون چەند لایەنێك دەگرێتەوە: هاوشوناسى حاڵى بوون لەگەڵ ئەكتەرێك، تەسەورى بینین لە ڕووانگەى ئەوەوە. هاوشوناسى عاتفى لەگەڵیدا تەسەورى هەستكردن بەو شتەى ئەو هەستى پێدەكات. هاوشوناسى پاڵنەرانە لەگەڵیدا، تەسەورى داواكردنى ئەو شتەى ئەو دەیەوێت یاخود هاوشناسى معریفتى لەگەڵیدا، تەسەورى باوەڕبوون بەو شتەى ئەو باوەڕى پێیەتى. دەبێت ئەوەش بزانین كەسێك هاوشوناسى حاڵى بوونى هەبێت، مەرج نییە هاوشوناسى پاڵنەرانە وعاتفیشى هەبێت، یا پێیوابێت تایبەتمەندییەكانى جەستەى ئەوى هەیە. دروستكردنى هاوشوناسێتى ماناى كتومتێتى تۆ لەگەڵ ئەكتەرەكەدا نییە، بەهۆى جیاوازى پارچە پارچەیى پێكهاتە جەستەیى و دەرونییەكانى ئەكتەرەوە، وەكیەكیەكى پڕ و كەماڵ درووست نابێت. هەمیشە كەلێن و مەودایەك دەمێنێتەوە ناهێڵێت شتەكان كتومت ببنە یەك. هاوشوناسی هەمیشە وەرگرتن و چوونە ناو پێگەیەكە هەروەها هێشتنەوە و پاراستنى واقعییەتێكى سركە كە بریتییە لە مەودایەكى ئەبەدى كە هەرگیز ناتوانرێت ببێت بە یەك لەگەڵ ئەوى تر، جەختی لاكان لەسەرئەوەى “سوبێكت و ئۆبێكتەكان بەهۆى فالوسەوە ناتوانن وەك یەك بن”.  فیلمى((ژوور)) ژانری درامایە، ڕازئامێز و زانستى خەیاڵییە، لە لایەن كریستن وڵكمەنەوە دەرهێنراوە. كورتەیەكى ئەم فلیمە باسكردنى ژوورێكە لە ماڵێكدا، داواى هەرشتێك لە ژوورەكە بكەیت ئەوە پێت دەبەخشێت، (ڕێك بەو شێوەیەى ئیماندار باوەڕى بەوەیە هەرشتێك لە بەهەشت داوا بكەیت ئەوە خێرا دێتە بەردەستت)، تایبەتمەندى ژوورەكەش بەو جۆرەیە هەرچییەك داوا بكەیت دەستبەجێ پێت دەبەخشێت، هەرئەمەش وادەكات ئەم ژن (كەیتی) و مێردە (مات) ەى لە ماڵكەدا دەژین، داواى هەموو جۆرە خواردن و خواردنەوەیەك بكەن، تەنانەت پارەو منداڵیش. ئەم ژن ومێردە منداڵیان نابێت. تاسوقى كەیتی (واتە ژنەكە) دەبێتە هۆى ئەوەى داواى منداڵ لە ژوورەكە بكات، هەربۆیە ژوورەكەش مناڵێكى پێدەبەخشێت. تایبەتمەندییەكى ترى ئەم ماڵە كە ژوورێكى واى تێدایە، هەموو ئەو شتانەى داوایان دەكەیت، نابێت ببرێنە دەرەوەى ماڵەكە. هەرچ شتێك لەو شتانەى وەك (پارەو وێنەو خواردن و هەرچ شتێكى زیندوش كە ژوورەكە پێت دەبەخشێت ببەیتە دەرەوە دەبێت بە خۆڵ)، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى منداڵى ژوورەكە بەردەوام لە لایەن (دایكییەوە واتە كەیتی) یەوە پارێزگارى لێبكرێت و نەچێتە دەرەوە. بەپێى تێپەڕبوونى كات منداڵى ژوورەكە خولیاى چوونە دەرەوەى بۆ دروست دەبێت بەو پێیەى لە ڕێى تەلەفزیۆنەوە دەزانێت جیهانێكى تر لە دەرەوەى ئەم ماڵە هەیە، كەیتی بەردەوام ڕێگرى چوونە دەرەوەى لێدەكات، چونكە دەرەوەى ماڵەكە دەبێتە هۆى مردنى منداڵەكە. كەیتی هەمیشە مناڵەكەى خۆشویستووە و بەردەوام هەوڵى پاراستنى داوە، ئەمەش بە پێچەوانەى (مێردەكەی واتە مات) ەوە هیچكات منداڵەكەى خۆش نەویستووە.. ڕێگریكردنى بەردەوام لەم منداڵە توشى هاوشوناسییمان دەكاتەوە. ململانێ و دژایەتى منداڵى ژوورەكە و پیاوەكە دەگاتە ترۆپك بە بەجۆرێك مناڵەكە چەقۆ هەڵدەگرێت مات بكوژێت. مات پشتى ناوە بە دەرگاكەوە لەگەڵ پەلاماردانى مات لەلایەن منداڵى ژوورەكەوە دەرگاكە دەكرێتەوە. منداڵ و كوڕەكە دەكەونە دەرەوەى ماڵەكەوە. منداڵەكەش گەورەبووە و تێگەیشتووە چوونە دەرەوەى ئەو لە ماڵەكە بە ماناى مردنى دێت، هەر بۆیە كوڕەكە بەردەدات و ڕادەكات دەیەوێت بێتەوە ناو ماڵەكە، بەڵام كەیتی ( دایكى) دەرگاى بەسەردا دادەخات، كوڕەكەش دەكێشێت بە پەنجەرەكەدا و هاوار دەكات دەڵێت دایكە دایكە، لەگەڵ ئەم هاواركردنەدا، توند دەكێشێت بە دەرگاكەدا. بەسە دایكە، دایكەكەش كەوتووەتە بەینى دوو ڕێگەوە ئایا دەرگاكە بكاتەوە بۆ منداڵە خۆشەویستەكەى كە بەردەوام پاراستوویەتى و نەیهێشتووە بچێتە دەرەوەى ماڵەكە؟ یاخود نەیكاتەوە لە بەرچاویدا بمرێت؟ منداڵەكە هەر هاواردەكات دایكە، دایكە. دایكیشى دەستیگرتووە بەسەرییەوە دەگرى و دەرگاكە ناكاتەوە، تا مناڵەكە بە بەرچاوییەوە پیر دەبێت، پاشان دەمرێت و دەبێتە خۆڵ. لێرەدا بەڕاستى  بینەر تووشى هاوشوناسى هاودەرد دێت لەگەڵ منداڵەكە. دەبێت ئەوەش بزانین ڕاستبوو دایكەكە دەرگاكەى نەكردەوە بۆ مناڵەكە، بەڵام بەڕاستى تووشى “هاوشوناسى هاودەردى” هاتبوو لەگەڵ منداڵەكەى، هەر بەو جۆرەى لاكان دەیووت “سەروەختێك مناڵێك دەبینێت كەسێكى تر دەكەوێت، دەست دەكات بە گریان” بە مانایەك دەتوانین  بڵێین دایكەكە نمونەیەك بوو لەو نمونانەى كە پێى نا بەجەرگیدا باشتر بڵێن پێی نا بە هاوشوناسى خۆیدا!.

فیلمى (the platform)، فیلمێكى خەیاڵى زانستییە، دەرهێنراوە لە لایەن گالدێر گاستیلۆ ئۆرۆتیاوە. ئەم فیلمە باسى بەندینخانەیەكى ستوونى چەندین نهۆمی دەكات. هەر نهۆمێیكى  یەك ژوورى تیایە هەر ژوورێكیش دوو زیندانى تێدایە. هەموو ڕۆژێك سەكۆیەكى پڕ خواردن و خواردنەوە، بە شێوەیەكى ستوونى دێتە خوارەوە هەتا دەگاتە  كۆتایین نهۆم. ئەم خوانە پڕ خواردن و خواردنەوە، لە هەر نهۆمێك فەترەیەك دەوەستێت و زیندانییەكان دەبێت خێرا خۆیان تێربكەن. خواردنەكە هەتا زیاتر بچێتە نهۆمەكانى خوارەوە كەمتر دەبێتەوە بە جۆرێك پێش ئەوەى خواردنەكە بگاتە نهۆمەكانى خوارەوە ، خواردنەكە تەواو دەبێت هەر ئەمەش هۆكارى نەگەشتنى خواردنەكەیە بۆ نهۆمەكانى خوارى خوارەوە، بۆیە ئەو كەسانەى دەكەونە نهۆمەكانى خوارەوە هەوڵى كوشتنى یەكتر دەدەن، هەركام لە دوو زیندانییەكە بتوانێت ئەوى تر بكوژێت ئەوە بێگومان بە هۆى خواردنى گۆشتى بەرامبەرەكەیەوە دەتوانێت بمێنێتەوە. ئاشكرایە فلیمەكە باسى جیهانى سەرمایەدارى دەكات، بە جۆرێك دابەشكردنى سەروەت و سامان چینەكانى خوارەوە لێى بێبەشن. دیارە سەكۆ خواردنەكەى بە شێوەیەكى ستوونى دێتە خوارەوە مەبەست لێى دابەشكردنى سەروەت و سامانە، بەتاڵبوونى سەكۆ خواردنەكەش بەرلەوەى بگات بە چینەكانى خوارەوە، لە ڕاستیدا ماناى ئەوەیە جیهانى سەرمایەدارى مرۆڤەكانى گۆڕیووە بۆ كۆمەڵێك مرۆڤى خۆپەرست و بەرژەوەندیخواز بەهۆى چاوچنۆكى و تەماح بازییەكەیانەوە، بەشى ئەوانى تریش دەخۆن واتە خۆپەرست و بەرژەوەندیخوازەكان هۆكارى ناڕێكى دابەشكردنى سامانن. فیلیمەكە سەرەتا فۆكسى لەسەر ئەو ژوورەیە، كە (تریماگاسى ـ گورینگ)ى تێدایە، تریماگاسى سمبولێكە بۆ مرۆڤە بەدبەختەكانى ئەم ڕۆژگارە بە تەواوى سیستمى سەرمایەدارى گۆڕیوویەتى بۆ دڕندەیەكى بەرژەوەندیخواز، لەگەڵ ئەوەى خواردن دەگاتە نهۆمەكەى ئەو خێرا بە هەڵپە هەڵپ دەست بە نانخواردن دەكات. پاش ئەوەى سەكۆ خواردنەكە دەچێتە نهۆمى خوارەوە، تفێك دەكاتە ناو خواردنەكەوە. گورینگیش، سمبولى ڕۆحێكی عەدالەت خوازانەیە(خەمێكى كۆمۆنیستانە)ى هەڵگرتووە، دەیەوێت ئەو دۆخە بگۆڕێت، زیندانییەكان (مرۆڤەكان) تووشى هاتوون. ئەوان دەزانن گەر هەر كەس بەشى خۆى بخوات، ئەوا هیچ كەس بێ خواردن نامێنیتەوە. هەر ئەمەش وا دەكات گورینگ هەوڵبدات زیندانییەكان تێبگەیەنێت لەوەى هەركەس بەشى خۆى بخوات. جیهانى سەرمایەدارى بەهۆى بەرژەوەندی خوازییەكەیەوە، مرۆڤەكانى تووشى داماڵینى هاوشوناسى كردووە. بە دەربڕینێكى تر هیچ جۆرە هاوشوناسییەكى وەك (هاودەردى، هاوسۆزى یان هاومەعریفەتى) لە نێوان مرۆڤەكاندا نەهێشتووە. هەرچەند گورینگ داوا دەكات هەركەس بەشى خۆى خواردن بخوات ئەوانەى سەرەوە گوێناگرن، گوێ نەگرتنى ئەوان هۆكارى پچڕان و نەمانى هەموو جۆرە هاوشوناسییەكە. گورینگ بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات مرۆڤەكان خەمى نهۆمەكان واتە (چین) ى خوارەوەیان بێت، ئەم هەوڵدانەى گورینگ بۆئەوەیە هەستی هاوشوناسیی  لە ناو خەڵكەكە درووستبكات، ئەمەش وا دەكات بچێتە سەر سەكۆى خواردنەكە بە نهۆمەكاندا بچێتە خوارەوە تا نەهێڵێت هیچ كەس لەبەشى خۆى زیاتر بخوات، وەك بڵێى داوابكات خەڵكی هاوشوناس بن لەگەڵ یەكتری. (تریماگاسى) مرۆڤێكى بەدبەختە هەروەك مرۆڤەكانى ترى ئەم جیهانە بەدبەختە، ڕۆحى بەهۆى سیستمێكى دڵڕەقەوە بە جۆرێك بارهاتووە بەدبەختییەكەى نابێتە هۆى هاوشوناسبوونى بەو مرۆڤانەى وەك خۆی گرفتارن، گرفتى مرۆڤەكان لەم فیلمەدا پچڕانى هاوشوناسبوونە. من بەهۆى هاوشوناسێتییەوە دەتوانم لەگەڵ گروپێك حیزبێك هاودڵ ببمەوە. گورینگ سمبولى هەوڵێكە بۆ زاڵبوون بەسەر پچران و لێكترازانى هاوشوناسى مرۆڤەكاندا.  ئەم پچڕانی هاوشوناسییەش لە فلیمى فارسى (میل راە نرفتەهایش) دا دەبینینەوە، كاتێك، ئەم فلیمە باسى كچێك دەكات دەڕوات بۆ خەیاتى، لە خێزانێكى ئایینى ئابڕوودارە. ((میلى)) دوو براى هەیە، یەكیان بە مانا فرۆیدییەكەى سوپەرئیگۆ دەیچەوسێنێتەوە، براكەى تریشى لایەنگرى خوشكە سەربەدەرەوە بووەكەیەتى. میلى لەگەڵ كوڕێك بە ناوى ((سیامەك)) زەواج دەكات. سیامەك بەردەوام میلى شلكوت دەكات. ئەوەى ناڕەزایەتى دەردەبڕێت و دەیەوێت خوشكەكەى تەڵاق وەرگرێت برا بچوكەكەى میلییە. تەنها هۆكاریش بۆ ئەمە هیچ نییە جگە لە جۆرێك لە هاوشوناسى هاودەردییانە لەگەڵ ئەوەشدا خێزانى میلى بەهۆى ئابڕوومەندییەكەیانەوە، توشى پچڕانى هاوشوناسى دەبنەوە لەگەڵ میلى كچیاندا. پچڕانى هاوشوناسى لەگەڵ میلیدا دەبێتە هۆى ئەوەى میلى هەستى ئەوەى تێدا درووست ببێت كە خێزانەكەى بە هۆى كۆنەپارێزییانەوە حەزنەكەن میلى تەڵاق وەربگرێت. سەرەنجام بەهۆى ئیهمالكردنى هەستى هاوشوناسێتییانەوە بۆ كچەكەیان، كچەكە (میلى) خۆى دەرمانخوارد دەكات و كۆتایی بە ژیانى دەهێنێت.

فیلمى (رویایی خیس) لە لایەن دەرهێنەر (پورانى درەخشندە)، ئەم فیلمە چیرۆكى دابڕان و جیابوونەوەى ژن و مێردێك دەگێڕیتەوە، بەهۆیەوە منداڵەكەیان بووەتە قۆچى قوربانیى ڕوودانى جیابوونەوەیان. جیابوونەوەى باوك و دایكى ئارش لە یەكترى وایكردووە، ئارش بە تووندى بە ئۆبێكتى دایكییەوە بنوسێت، بەجۆرێك دایكى ببێتە ئۆبێكتى ئارەزوو بۆى. ئەوەى ئارشى خستووەتە نیگەرانى و دۆخێكى نا ئەمینەوە، زیاتر ژیانى ڕووبەڕووى تراژیدیا دەكاتەوە پەیدابوونى پیاوێكە بەناوى (مهران)ەوە. بوونى ئەم پیاوە بەتەواوى ئارش نیگەران دەكات بەجۆرێك ئۆبێكتى دایكى دەكەوێتە بەر مەترسى داگیركردنەوە. ترسى لە دەستدانى دایكى دەیخاتە دۆخێكى وەهاوە، دەست بۆ توندو تیژى ببات بەرد بگرێتە ئەو پیاوەى لە بەردەرگا چاوە ڕووانى دایكییەتى، بە جۆرێك وەك بڵێى كەوتووەتە بەر “خواست و حەزە چەپێنراوەكانى منداڵى خۆیەوە” بە مانا فرۆیدییەكەى ئارش ڕقى خۆى بەرامبەر شارستانییەت دەردەبڕێت كە بە هۆیەوە داواكارییە چەپێنراوەكانى منداڵیی تێدا چەپێنراوە. ئارش بە بینینى (نازەنین) ئۆبێكتى ئارەزووى بەرامبەر دایكى كاڵدەبێتەوە، هیواش هێواش دەكەونە دۆخى یەكبوونەوە لەگەڵ نازەنین، ئارش لە ڕێى نازەنینى مەعشوقییەوە، هاوشوناس دەبێتەوە لەگەڵ دایكى. بەر لەوەى لەگەڵ نازەنینى مەعشوقى هەڵبێت بۆ باكور شتانێك دەپێچێتەوە كە پێویستن بۆ هەڵهاتنەكە، لەو كاتەدا هەڵدەستێتەوە سەر پێ و بە دایكى دەڵێت :”دایكە بە ڕاستى من داواى لێبووردن دەكەم، تۆ ڕاستت دەكرد” لێرەوە ئیتر هاوشوناسبوونى ئارش بە دایكى لەڕێى ئەم ڕستەوە هەڵدەماڵرێت. بۆیە دایكى لەڕێى هەست و دۆخى هاوشوناسبونەوە ئازاد دەكات، بە مانایەك قبووڵى ئەو بێگانە( میهران) دەكات ببێتە مێردى دایكى. بەجۆرێك ئۆبێكتى مەعشوق (نازەنین)، دەبێتە مایەى شكاندنى بەربەستكانى نێوان دایكى و (ئارش)وە، گەڕانەوە بۆ نازەنین هەر گەڕانەویە بۆ یەكێتى سەرەتایى نێوان دایك و منداڵ كە هێشتا منداڵ دركى نەكردووە خۆى و دایكى یەكێك نین، هەڵهاتن لە دایكە واقیعەكەى شارستانییەت حەرامى كردووە، گەڕانەوە بۆ نازەنین، هەوڵێكە بۆ گەڕانەوەى دایك.

ئەوە چییە وادەكات فیلمى كاراتی و بۆكسێن لە هەندێك لە ماڵەكاندا قەدەغ بكرێت؟ ئایا بەهۆى ترس لە هاوشووناسبوونەوەى منداڵەكانمانەوە نییە؟ ئایا ئەمە سەلمێنەری ئەوە نییە هاوشووناسیمان بە كەسەكان ئەگەرى ئەوەى هەبێت لە داهاتووەدا كاریگەرى گەورە چ بە نەرێنى یان بە ئەرێنى هەبێت لەسەرمان؟  كاتێك (دان) دەچێتە ناو خواردنگەى سپى پێستەكانەوە نایەڵن بچێتە ژوورەوە چونكە ڕەش پێستە، ئایا بەهۆى ئەوەوە نییە كە هیچ كەسێك هاوشوناس نابێتەوە لەگەڵى؟  ئایا هەمان ڕووداوى ناو فلیمى      (life is beutiful) بەهۆى پچڕانى شوناسى مرۆڤەكانەوە نییە، كاتێك خواردنگە هەیە لێى نوسراوە بۆ     (جولەكە و سەگ) نییە بێتە ژوورەوە؟ ئایا هاوشوناسى لەگەڵ یاریزانێك یان یان تیپێك نابێتە هۆی ئەوەى ئابورى ئەو یاریزانە یان ئەو نادییەش ناچێتە سەرێ؟ گرنگترین  یانە ئەو یانانە نین، كە هاوشوناسیان زۆرە؟

 ئەى كەوایە دەبێت فیلمى كوردى چۆن بێت لەگەڵ هاوشوناسیدا؟ ئایا زۆربەى گاڵتەجاڕییەكان بە فلیمى كوردى پەیوەندى بە داماڵینییەوە نییە لە هاوشوناسى؟ كاتێك جومعە لە فیلمى زنجیرە دراماى ڕەشەى پۆلیسدا خۆى دەسوتێنێت؟ خەڵكى بۆ نەهەژان؟ لە كاتێكدا زەقە دەرهێنەر دەیەوێت هاوشوناسى هاودەردیانە بخوڵقێنێ بەڵام نەیتوانیووە. یان بۆچى بە مردنى جومعە پێدەكەنین و بە هیچ شێوەیەك هەستى نەجوڵاندین؟ ئایا خۆ سوتاندنى جومعە بەهۆى ئەوەى بەڵێنى پێدەدرێت لە لایەن حاجییەكەوە كچەكەى خۆى پێبدرێت، ببێتە مایەى نەجوڵانى هەستى كۆمەڵگە و بگرە گاڵتەشى پێبكەن، هى ئەوەیە كۆمەڵگەى كوردى بێ بەزەییە بە كارەساتێكى وا گەورە پێدەكەنێت یان هى ئەویە دەرهێنەر لاواز بووە لە بزواندن و هەژاندنى بینەردا؟ ئەگەر كۆمەڵگەى كوردى لەگەڵ تراژیدیادا هاوشوناس نابێتەوە، ئەى بۆ لەگەڵ ئەكتەرى فیلمە ناكوردییەكاندا هاوشوناس دەبێتەوە؟ بەڕاستى شۆك و كارەساتە سوتاندنى جومعە وەك مرۆڤێك هێندە نزم و لاواز بێت نەتوانێت خەڵكى تووشى هاوشوناسی بكاتەوە. ڕاستە هاوشوناسى خۆى لە خۆیدا، بەر دابەشكارى و پارچە پارچەیی دەكەوێتەوە ئەویش هاوشوناسى هاودەردى، سۆزدارى…هتد. دەكرێت من هاوشوناس نەبم بە جومعە بەڵام كارەساتێكى وا نابێت بە قەبارەى خودى كارەساتەكە هاوشوناسى درووست بكات؟ دیارە دەرهێنەر زۆر هەوڵیداوە جومعە تراژیدییەكى گەورە لە مێشكى بینەردا بخوڵقێنێت، بەڵام بە داخەوە تراژیدیەكە بەهۆى كاریگەر نەبوونییەوە ڕوویدا (تراتژیدیاكە پێكەنینیى خستبووە سەر دەمى هەمووان!). گەر بچینەوە لاى دراماى گەردەلول خوێندنەوەى نامەكەى ڕزگار لەلایەن هەنارەوە بە هەنسكە هەنسكەوە بۆ ئەوە نییە هاوخەممان بكاتەوە؟ بە دەربڕینێكى تر هاوشوناسمان بكاتەوە؟ دیارە ویستراوە بەم هەنسكە هەنسك و خۆ تێكدانە بینەر بجوڵێنێ و هاوشوناس بكاتەوە، بەڵام بەداخەوە زۆرینەى خەڵك گازندەى ئەوەیان دەكرد بۆ دەبێت هەنار (ئەكتەرێكى ناو دراماكەیە) وەها خۆى پەشۆكاندبێت بۆ خوێندنەوەی نامەیەكى لەو شێوە؟! ئەم گلەییەى خەڵك گلەییە لەوەى بۆچى هەنار دەیەوێت خەمێك لەڕێى خۆ تێكدانەوە بگەیەنێت، كەچى نایگەیەنێت؟ بەمانایەكى تر بۆچى دەیەوێت بەم خۆ تێكدان و خۆ خەفەتباركردنەوەوە ئێمەش پڕبكات لە خەم، كەچى خەمبارمان ناكات؟ بۆ دەیەوێت هاوشوناسى بین بەڵام هاوشوناسمان ناكاتەوە؟ ڕاستییەكەى ئەو هاوشوناسییەى فیلمى كوردى درووستى دەكات هاوشوناسییەكى منداڵانەیە، هاوشوناسییەكە لەناو ئەكتەرەكان خۆیاندا. ئەویش لەڕووى دەربڕینێكى میكانیكییانەوە هەر وەك منداڵ. منداڵ دەڵێت یەعنى تۆ دایكیت و ئەمەش منداڵەكەتە یان دەڵێت من تەلەبەم و تۆش مامۆستا؟ ئەو گەورەیەى سەیرى یارى ئەو  منداڵانە دەكات، ناتوانێت ئەو هەستەى لا درووست ببێت كە بەڕاستى منداڵەكان یەكیان بووە بە مامۆستا و ئەوى تر بووە بە خوێندكار، بە دەربڕینێكى دى منداڵەكان بۆ ئەوانەى لە دەرەوە تەماشایان دەكەن ڕوونە پێگەكە لە نێوان منداڵەكاندا تەنها بە وادانانێكى سادە دراون بە یەكتر نەك ئەوەى هەوڵدرابێت وا پێگەكان وەرگرن گەورەكانیش ئەو هەستەیان بۆ درووست بێت. ئەوان هەر بە ڕاستى پێگەى مامۆستا و خوێندكار یان دایك و منداڵیان وەرگرتووە. گەورەكان كاتێك سەیرى منداڵەكان دەكەن یەكیان خۆى وا داناوە دایكە و یەكێكیش مامۆستا دەبێتە مایەى خۆشى و پێكەنین بۆیان. لە ڕاستیشدا پێكەنینى گەورەكان بە منداڵەكان پێكەنینە بەوەى منداڵەكان خۆیان كردووە بە شتێك بەڵام نەیانتووانیووە قەناعەت بە ئێمەى گەورەكان بكەن كە دەكەوینە دەرەوەى یارییەكەى منداڵكانەوە، كە هەر بەڕاستى پێگەكانى دایك و مامۆستایان… هتد یان وەرگرتووە. هاوشوناسى درووستكردنى فیلمى كوردى هێشتا دۆخى ماڵەباجێنەى منداڵى تێنەپەڕاندووە. ڕۆڵەكان بەشێوەیەكى میكانیكیانە دابەش دەكەن. تۆ ئەوەیت من ئەوەم، هەرگیز ئەو ڕۆڵانەى منداڵ دەیگێڕێت و خۆیان و شتەكان دەبەنە ناو ئەو پێگەیەى ناویان دەبەن، كەچى ئێمەى گەورە كە دەكەوینە دەرەوەى یارى ماڵە باجێنەكەوە ناتوانین ئەو پێگە مەجازییانە وەربگرین كە منداڵ لە ناو خۆیدا دابەشى دەكات. فیلمى كوردى دابەشكردنى كۆمەڵێك پێگەى مەجازییە لە نێوان ئەكتەرەكان خۆیاندا. هەرگیز تواناى نییە بینەرى دەرەوەى فیلمەكە (ماڵە باجێنە) كە بكات بە خاوەنى پێگە مەجازییەكانى كە دەیبەخشێتە كارەكتەرەكانى. بە دەربڕینێكى ڕوونتر: فیلمی كوردى بەمجۆرەیە تۆ پێشمەرگەیت، تۆ خاینیت. تۆ عاشقیت، تۆش مەعشوق، ئیتر هەر وەك منداڵ تۆ دایكیت و من باوك یان تۆ خاینیت تۆش كەسێكى باش. بینەر كە سەیری فیلمى كوردى دەكات، گاڵتەى پێ دێت. تەماشا دەكات نە عاشق توانیوویەتى پێگەى عاشق وەرگرێت نە مەعشوق پێگەى مەعشوق بۆیە دەبێت بە ماڵە باجێنەكەى منداڵ لای بینەر. هەروەك چۆن لە چاوی گەورەكانەوە ڕۆڵێك منداڵەكان دەیگێڕن مایەی پێكەنینە چونكە تەنها پرۆسەی ناونانێكى بەتاڵە بۆ ئێمەى گەورە، فیلمی كوردیش هەر بەو جۆرەیە پرۆسەى ناونانى بەتاڵە هیچ بكوژێك ناتوانێت بكوژێتییەكەى وەك بكوژێك نمایش بكات. هیچ داغدارێك لە فیلمى كوردیدا بەڕاستی داغدار نییە و هیچ دڵخۆشێك بەڕاستی دڵخۆش نییە.

 بۆچى هاوشناسى گرنگە؟ گرنگى هاوشوناسى دەگەڕێتەوە بۆ دەستكاریكردنى پێگەى مرۆڤ لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا، دەستكاریكردنى پێگەى خوێنەر و بینەر بەرانبەر خوێندنەوەى چرۆكێك داستانێك یاخود فیلمێك ….هتد. گەر لایەنگرێكى وەرزشى لەڕێى یانەیەك یان یاریزانێكەوە پێگەكەى دەستكارى نەكرابێت، نابێتە بەكاربەرێكى باشى كاڵا وەرزشییەكان. جیاوازى كەسێك، هەوادارێكى سەرسەختى تۆپى پێیە لەگەڵ كەسێك هەوادارێكى ئاساییە، دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازى ئاستى هاوشوناسیان. هەتا لایەنگرێكى توندتر و سەرسەخت ترى یاری وەرزش بین، زیاتر ڤیدیۆى یاریەكان بەكاردەهێنین. زیاتر تەماشاى تەلەفزیۆن و گۆڤار هەروەها ڕۆژنامە وەرزشییەكان دەكەین. زیاتر فرۆشتنى بلیتى یارییەكانى تیپێك بەرانبەر تیپێكى تر، بەشێوەكى گشتى پەیووەندی بە بوونى هاوشناسییەكى ژمارەیەك لە هەوادرانەوەیە. درووستە هاوشوناسى بەپێى جۆرى كەسەكان و باوەڕ و سرووشتیان دەگۆڕێت. بۆ نمونە دەكرێت كەسێكى دژە عەرەب، بە هیچ جۆرێك هاوشوناسى كوشتنى سەركردەیەكى عەرەب نەبێتەوە لە فیلمێكدا. بۆ ئێرانییەك شەهیدكردنى قازى موحەمەد بۆ توركێك شەهیدكردنى شێخ سەعیدى پیران هیچ جۆرە هاوشوناسییەك درووست نەكات، بەڵام بۆ كورد بە پێچەوانەوە. چەندین ڕەهەندى دى كە هەن تواناى پچڕانى هاوشوناسى یان ڕێژەیى كردنەوەى هاوشوناسى یان هەیە. مرۆڤى موسوڵمان بۆ حەمزەى كوڕى عەبدولموتەلیب لە فیلمى ڕیسالەدا  توشى هاوشوناسییەكى هاودەردى دەبێتەوە، بەڵام بۆ كەسێك كە دژى ئیسلام بێت توشى پچڕانى هاوشوناسى دەبێتەوە یان هەرنەبێت هاوشناسییەكى هاودەردیانە بەڵام سەرچاوەكەى بەهێزى فیلمەكەیە نەك ئیمان.

ئەم نووسینە درێژەى دەبێت بە جۆرێك ئەدەبى كوردی بە شێوەیەكى گشتى و هەروەها ئەو فیلمانەی كە ئەمڕۆ بەرهەم دەهێنرێن هەڵدەسەنگێنین لەڕێى چەمكی هاوشوناسییەوە. هەروەها جۆرەكانی هاوشوناسی دەخەینەڕوو و جیایان دەكەینەوە. ئەوە دەخەینەڕوو كە چۆن هاوشوناس نەبوونی فیلمی كوردی لەوەوە نییە كە خۆی نایەوێت هاوشوناسی درووست بكات بەڵكو بە هۆی بێتوانایی كەمی مەعریفەوە و شارەزا نەبوونەوەیە. دەنا زۆر قورسە تۆ هەوڵى “دروستنەكردنی” هاوشوناسی بدەیت بە مەرجێك بە ویست و ئەنقەست ئەو ئیشە بكەیت، دەبێت ئەو هەستە ئەو قەناعەتە بچێنێت لای بینەر تۆ ویستووتە هاوشوناسی درووست نەكەیت. فیلمی ئاوێنەی تاركۆ فسكی ئەو فیلمە بوو كە هیچ هاوشوناسییەكى درووست نە دەكرد، وەك بینەرێك تووشی وەڕسییەكى زۆر هاتم  و بەهۆى ئەم فیلمەوە پێم خۆش بوو ئەم فیلمە باشەى هی دەرهێتەرى بەناوبانگ تاركۆ فسكییە زوو كۆتایی بێت!

سەرچاوەكان:

مبانی روانكاوی، حمید تقدسى ” https://aftamat.com/xosocrz”

كتێبی سوریالیزم لە ئەدەبی نوێى كوردیدا، نووسینی حەمە مەنتك، دەزگاى ئاراس، 2011، هەولێر.

ناخوشیهاى تمدن، فروید، مترجم شاهروخ علیمرادیان، انتشارات هاشمى، سال 1392، 

اسلاوی ژیژك، تونی مایرز، مترجم احسان نوروزرى، انتشار مركز، سال 1399

ناخود اگاە، انتونی ایستوپ، مترجم شیوا رویگردان، چاپ ششم، نشر مركز، سال 1399

پیرمرد و دریا، ارنست همنگوای، محمد تقی فرامرزی، انتشارات نگاە

تاوان و سزا، دۆستۆفسكی، وەرگێڕ ڕەوف بێگەرى

رمانی بگانە، البر كامو، مترجم جلال ال احمد ـ اصغر خبرە زادە

زۆر تایبەت، عباس مەعروفی، وەرگێڕانی ڤیدا قادری

فیلمەكان

(درامای گەردەلول، میل راە و نرفتە هایش، فیلم رویای خیس، كتێبی سەوز                   (the green book)، ژیان جوانە (life is beautiful)، فیلمی ژوور (the room)، پلات فۆرم  (platform)