رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ ئاوات محەمەد

Facebook
Twitter
LinkedIn

ڕۆڵی تاک لە کایەی ڕێکخراوەیی و چالاکییەکانی کۆمەڵی مەدەنی

سازدانی: ئاراس ئەنوەر

  • ئاوات محەمەد لەساڵی ١٩٩٥وە کاری رێکخراوەیی دەستپێکردووە، سەرەتا لەبواری ھاریکاریی مرۆیی کاری کردووە، لەساڵی ٢٠٠٠وە کار لەبواری گەشەپێدان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دەکات، لەچەند رێکخراوێکی لۆکاڵدا کاری کردووە و ئەندامی دامەزرێنەری چەند رێکخراوێکە و لەکاری رێکخراوەییدا ھەموو پۆستێکی بەڕێوەبردووە، چەندین خولی راھێنانی لەناوەوە و دەرەوەی وڵات بینیوە، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر راھێنانی بەرێکخراوەکان و چالاکوانان ئەنجامداوە، لەچەندەھا ۆرکشۆپ وەک رێکخەر کاری کردووە، ھەروەھا لەچەندین پانێڵدا بەشداری کردووە، ئەمە جگە لەوەی خاوەنی سێ توێژینەوەیە لەبواری کاری کۆمەڵایەتی و رێکخراوەییدا.
  • ساڵی ١٩٩٠ کۆمەڵە چیرۆکێکی بەشێوەی نھێنی بڵاوکردەوە، لەکاتی شەڕی ناوخۆ وەک نووسەرێکی ناڕازیی چەندین وتاری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و وتاری نووسیوە و لەرۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە، ھەروەھا خاوەنی چەند کتێبێکە لەبواری ئەدەب و کۆمەڵایەتی، ھەروەھا چەند کتێبێکی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی لەبواری فکر و فەلسەفەدا، لەکاری راگەیاندندا، لەچەندین گۆڤار و رۆژنامە ستونی تایبەتی خۆی ھەبووە، ماوەی چەند ساڵێک لەبواری تەلەفیزیۆن کاری کردووە و لەگۆڤار و رۆژنامەکاندا وەک دەسەتەی نووسەران و بەڕێوەبەری نووسین و سەرنووسەر کاری کردووە.

پرسیار/ سەرەتا زۆر سوپاست ئەکەم بۆ ئەم دەرفەتە. ئەمەوێت بەو پرسیارە دەست پێ بکەم، بەڕێزتان وەک تاکێک، ئەزموونی کاری ڕێکخراوەییت چۆن هەڵەسەنگێنیت؟

ئاوات محەمەد : بە پێی ئەو تەمەنەی کە لە کاری ڕێکخراوەییدا کارم کردووە، کە ئەزموونێکی دووردرێژە و سەرەتای کارکردن دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان، ئەو کاتە لەگەڵ ڕێکخراوێکی فەڕەنسییدا کارم ئەکرد، زیاتریش کاری فریاگوزاری ئەنجام ئەدرا، بە پێی ئەو ئەزموونە کە کاری خۆم و کاری ڕێکخراوەیی هەڵەسنگێنم، هەست ئەکەم بە کۆمەڵێک خەلەلدا تێپەڕێوین. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە، لە هەرێمی کوردستان کاری ڕێکخراوەیی ئەزموونێکی تازەبوو، و مامەڵەکردن لەگەڵ شتێکی تازە تۆزێک نامۆیی پێوە دیارە، پێشتر لە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی بەرچاو نەبوو کە ئێمە بونیادی کۆمەڵێک شتی لەسەر بنێین، بۆیە بەپێی بیرکردنەوە و ئەقڵیەتی خۆمان مامەڵەمان لەگەڵدا ئەکرد.

سەیرترین شەپۆلیش ئەو شەپۆلەبوو کە لە دوای ٢٠٠٣وە هات، تێگەشتنی ئێمەی بەتەواوەتی بۆ کاری ڕێکخراوەیی گۆڕی. دوایی ڕووخاندنی ڕژێم، ئەمریکاییەکان ڕێکخراوەکانیان کردە جێگایەک بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژە، لەبری ئەوەی بەشداری کاری بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بکەن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا قۆناغێکی دوورودرێژە، تا ئەم چرکەساتەی ئێمە قسەی تێدا ئەکەین درێژەی هەیە. ئەمەش وایکرد کۆمەڵێک هەڵەی گەورە گەورە لە کاری ڕێکخراوەییدا ڕووبدات. بۆ نمونە، هەر ڕێکخراوێک هات و کۆمەڵێک ستانداردی دانا کە نەیدەتوانی لێی لابدات، لەکاتێکدا کاری ڕێکخراوەیی مەجالێکی دەستکراوەیە. بۆیە ئێستا سەیر دەکەین کاری ڕێکخراوەیی لە قەیرانێکی تەواودایە، و بەم مۆدێلەی ئێستاوە ئەگەر بەردەوام بێت پێموایە ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەک دروست بکات لەسەر ئاستی کۆمەڵگا. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە وەک ووتم لە چوارچێوەیەکی دیارکراودا کارەکانی خۆی ئەنجام ئەدات، بەوەی ستانداردێکی دانەوە لەسەر ئەوەی کێ تارگێتی ئەوە کێ هەڵبژاردەی ئەوە و لەسەر کێ کار ئەکات. کاتێک قسە لەسەر ژنان، منداڵان و کەمئەندامان دەکەین، پۆلێنی بکەین بۆ کۆمەڵێک حاڵەت، ڕاستە ئەمە جۆرێک لە پسپۆڕی و تایبەتمەندی ئەدات بە کارەکە، بەڵام نابێتە هۆکارێک کە ڕێکخراوەکە گۆڕانکاری لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی بکات. و من ڕاشکاوانە بڵێم، بە ئێستاشەوە هەستەکەم ئەزموونێکی سەرکەوتووم لە کاری ڕێکخراوەییدا تۆمارنەکردووە، هۆکاری ئەمەش ئەتوانم بڵێم، ئێمە ئەو نەوەیە بووین کە سەرەتا کاری ڕێکخراوەییمان دامەزراند، و بۆ نەوەی دوای خۆمان، کە ئەوان ئەتوانن بەشێوەیەکی سیستماتیکتر کار لەسەر کاری ڕێکخراوەیی بکەن، و ئەشبینین ئەم نەوە تازەیە جدیتر و ئاقڵانەتر مامەڵە لەگەل دۆخەکە دەکەن. لە ناو گەنجانەوە دیاردەیەک هەڵکەوت کە پێشتر بە من نامۆبوو، ئەویش دیاردەی خۆبەخشییە لە کاری ڕێکخراوەییدا (کە ئەمەش دەکرێت وەک چالاکی تاکەکەسی تەماشا بکرێت). ئەو گەنجانە کە بە ڕۆحێتێکی خۆبەخشانەوە کاریان دەکرد لە نێو ڕێکخراوەکاندا قەبوڵ نەدەکرا، بە بیانووی ئەوەی نەماندەزانی چۆن و لە کوێدا جێگەیان بکەینەوە. هەندێک جار خۆبەخشەکان لە ناو ڕێکخراوەکاندا بێزاردەبوون. بۆیە من هاتم مانوێلێک یان بڵێین نامیلکەیەکم دروست کرد، بە ئامانجی ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا بکرێت کە لە ناو ڕێکخراوەکەی ئێمەدا بە خۆبەخشی کاردەکات و چۆن بتوانین کاری لەگەڵدا بکەین. ئەمانە هەرهەمووی جۆرێکن لە ئەزموون و پسپۆڕی کە کەسێک لە تەمەنیدا پێیدا تێدەپەڕێت، و زۆر باشە بۆ نەوەکانی داهاتوو کە خوێندنەوەی بۆ بکەن و باشتر مامەڵە لەگەل دۆخەکەدا بکەن. ئێستا دەبینین هەندێک لەو ڕێکخراوانەی کە دروست بوون، نە ئۆفیسی هەیە و نە شوێنێکی دیاریکراوی هەیە، لە ڕێی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندییەکانیان دروست دەکەن و کارەکانیان جێبەجێ دەکەن و کاریگەریشیان لەو توێژە زیاترە کە هامان ئیش دەکەن. بۆچی؟ چونکە ئەم گەنجانە بیرلەوە ناکەنەوە وەک بژێوی ژیان تەماشای کاری ڕێکخراوەیی بکەن، بەڵکو وەک بەشداری لە پرسە گرنگەکاندا تەماشای دەکەن. بەڵام ئێمە بە پێچەوانەوە، کاتی خۆی وەک سەرچاوەی بژێوی ژیان پرۆژەمان وەرئەگرد و دەستمان ئەکرد بە جێبەجێ کردنی، ئەمەشوای کرد. هەتا ئەو ڕۆحییەتەی کە هەبوو بۆ کاری دەستەجەمعی یان کاری کۆمەڵایەتی، ووردە ووردە بەرەو لاوازی بڕوات، ئەگینا سەرەتا کە ئێمە دەستمانکرد بە کاری ڕێکخراوەیی، ئێمە گروپێکی گەورەمان دروست کرد لە شاری سلێمانی کە بەشداربوون لە پرسە گشتییەکاندا بەشێوەیەکی باش کاریگەرییان هەبوو. بۆ نمونە لە سەرەتای دروستبوونی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی یەکیک لەو پرسانەی کە بەهەند وەرمانگرتبوو بابەتی بەنزین و کارەبا بوو کە لە سەرەتای دووهەزارەکاندا پرسێکی گشتی بوو، توانیمان هەنگاوی باش بچینە پێشەوە لەو بوارەدا، یەکێکیتر لەو پرسانە، بابەتی تەندروستی بوو، توانیمان کاریگەری باش دابنێین، بەڵام ئێستا سەیر دەکەین ئەم کاریگەرییە ووردە ووردە کاڵدەبێتەوە، هۆکارەکەشی جگە لە کەشی ناو ڕێکخراوەکان، دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەکی کە دۆخێکی ئاڵۆز لەم ناوچەیەدا دروستبووە، کە کاری ڕێکخراوەیش نەتوانێت چارەسەری بکات.

پرسیار/ من سوپاسی ئەو ڕاشکاوییەت دەکەم کاک ئاوات. بەڕێزتان باسی هەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەکیتان کرد، و باسی دۆخی کاری ڕێکخراوەییتان کرد، کەوایە بە بۆچوونی تۆ و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەیە، ئایا کاری ڕێکخراوەیی “تاک”ی پۆتێنشیاڵ دروست دەکات، یاخود “تاک”ی پۆتێنشیاڵ دەتوانێت لە ناو کاری ڕێکخراوەییدا جێ پەنجەی خۆی دیاری بکات؟

ئاوات محەمەد: هەردوو حاڵەتەکە پێکەوە ئەتوانرێت کاریان لەسەر بکرێت. بۆ نمونە ئەگەر تۆ کەموکورتیەکت لە پسپۆڕی و شارەزاییەکدا هەبێت، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەسێکی چالاک بیت، پێم وایە لە تێڕوانین بۆ شتەکان خەلەلێکت بۆ دروست دەکات. بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر کەسێکی ناکۆمەڵایەتی بیت، و پسپۆڕی و شارەزاییەکی باشت هەبێت لە بوارێکی دیاریکراودا، ئەو کاتەش جۆرێک لە گۆشەگیریت بۆ دروست دەبێت. ئەم خەسڵەتانە ئەتوانن پێکەوە کار بکەن، بەڵام مەرج نییە هەردووکیان لەسەر یەک هێڵی تەریب پێکەوەبن. ئەکرێت تۆ پسپۆڕییەکی دیاریکراویشت نەبێت بەڵام ئەکرێت بە پێێ پەرەپێدان بە بوونی خۆت ئەو پسپۆڕییە بەدەست بهێنیت. من بۆخۆم لە ژیانی تایبەتی خۆمدا، هیچ ئەکادیمیا و زانکۆیەکم تەواو نەکردووە، بەڵام ئەوەندە هیلاک بووم بە دەست خۆمەوە، کە چۆن پەرە بە تواناکانی خۆم بدەم لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانەیە کەسێکی تر کە زانکۆشی تەواو کردبێت بەو جۆرەی من هیلاکی نەبینیبێت بە دەست ئەو حاڵەتەوە. بەڵام دەرئەنجام هەردووکمان ئەگەینە ئەوەی چۆن بتوانین کارێکی باش ئەنجام بدەین. من لە ئەزموونی کاری ڕێکخراوەیی کە پێیدا تێپەڕیووم فێری زۆر شتی کردووم، تەنانەت لە هەندێک کەسەوە کە ماوەیەکی کەم لە ناو ڕێکخراودا کارییان کردووە، فێری زۆر شتی گەورە گەورە بووبێتم، کە توانیمە لە خۆمدا ئیشی لەسەر بکەم. ئەم حاڵەتە هەندیک جار لەلای ئێمە بابەتی پسپۆڕی و شارەزایی و بوونی بڕوانامە دەکرێتە پێوەر بۆ ئەوەی وەها دادەنرێن کە کەسێک بە هۆیانەوە بتوانێت کاری گەورە ئەنجام بدات، لە کاتێکدا سەیرئەکەین ئەو کەسانەی کە لە بوارێکی دیاریکراودا زۆر سەرکەوتوون، ئەو کەسانەن کە نەچوونەتە هیچ ئەکادیمیایەک، بەتایبەت لە کایەی ڕاگەیاندندا، ڕاگەیاندنکارە زۆر باشەکان ئەو کەسانەن کە بەشی ڕاگەیاندنیان لە ئەکادیمیا نەخوێندووە، بەڵام لە زانستە موجەڕەدەکاندا ناتوانین ئەم حاڵەتە ببینین چونکە پێویستیان بنەما و نەهجی خوێندنی ئەکادیمی هەیە وەک فیزیا و ماتماتیک، بەڵام لە زانستە مرۆییەکاندا ئەتوانرێت بە بێ بڕوانامەش پەرە بە توانا کەسییەکان بدرێت. بو نمونە زۆرێک لەو کەسانەی کە لە بواری نووسیندا کار دەکەن، هەتا لە هەندیک لە توێژینەوەکانیشدا، بەشێکی زۆریان ئەوانە نین کە زانکۆکان پێی گەیاندوون، بەڵکو هەوڵدانی خۆیانە، بەرجەستەی کاری بەردەوام و سەختکارکردنی خۆیانە لە بوارێکی دیاریکراودا.

پرسیار/ ئەچمەوە سەر ئەزموونی کەسی، چونکە زۆر بۆم گرنگە، لە ڕوانگەی ئەزموونی کەسی خۆتەوە، تێگەشتنی بەڕێزتان لەسەر تاکبوون و تاکگەرایی چییە و چۆنە؟

ئاوات محەمەد: دیارە بابەتی تاکگەرایی ئیشکالییەتێکی زۆر گەورەی لەسەرە. یەکێک لە گرفتە زۆر گەورەکان قسەکردنە لەسەر تاکگەرایی، بەتایبەت لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا. ناڵێم تەنها لە هەرێمی کوردستان، ئەڵێم لە کۆمەڵگای لەو جۆرەی ئێمە، تاکگەرایی یەک دنیا نیشانەی پرسیاری لەسەرە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە ئێمە نە دەوڵەتەشارمان هەیە، بابڵێین کۆمەڵگایەکی مەدەنیمان هەبێت، و نە ئەوەشە دەوڵەتیش وەک دامەزراوەیەکی باش کاری کردبێت لەسەر پاراستنی مافەکانی تاک. بۆیە هەمیشە مرۆڤ لە کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بەوەیە بگەڕێتەوە بۆ ناو گروپەکەی خۆی، وەک چۆن ئەو جەنگەڵەی کە هەیە، گورگەکان یان کەمتیارەکان دەبێت پێکەوەبن بۆ ئەوەی زەفەریان پێ نەبرێت، لە ناو کۆمەڵگای ئێمەشدا مرۆڤ هەمیشە ئەبێت گروپێکی هەبێت پشتی پێ ببەستێت، ئیتر گروپەکە خێڵە، عەشیرەتە، گەڕەکە، گروپێکی چەکدارییە کە بۆتە ئەندام لە نێویاندا. لە ناو ئەو گروپانەشدا بە تاکبوون قورسە. هەر ئەمەشە هەوڵدان بۆ تاکبوون، تاکێکی بێ پشتوپەنای لێ دروست ئەبێت. ئەگەرچی ئەو تاکە، توانا و پسپۆڕییەکی زۆر باشیشی هەبێت، هەست ئەکات پەراوێز ئەخرێت و ناتوانێت کار لەسەر تواناکانی خۆی بکات. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی دەرفەتی سەلماندنی توانای تاک لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا دەرفەتێکی سەختە، و ئەو کەسەی کە زیاتر دەرفەتی بۆ ئەڕەخسێت ئەو کەسەیە کە لەناو گروپێکی دیاریکراودایە، ئەگەر چی شارەزاییەکی باشیشی نەبێت. باشترین بەڵگەش بۆ ئەوە، ئەو هەموو سیاسییە نەشارەزا و فاشیلەیە کە لەناو کایەی سیاسی ئێمەدا کاردەکەن کە لەبەر ئەوەی سەر بە فڵانە خێڵە، سەر بە فڵانە گروپە، ئەچێتە بەرزترین پلەکان بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکی لەو بوارەدا هەبێت. هۆکارێکی تر لەوەی تاکێک بێ پشتوپەنا کە چەندیش شارەزابێت، بەڵام ناتوانێت بچێتە پێشەوە، ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر لە بیرکردنەوەی تاک دەترسین، چونکە هەست دەکەین بۆ ئەو کیانە کۆمەڵایەتییە تەقلیدییەی کە بەرەو لە ناوچوون دەچێت دەبێتە جێی مەترسی، و ئەو ئەتوانێت کاریگەری لەسەر دابنیت. یەکێک لەو شتانە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا و لە کاری ڕێکخراوەییدا، کە تاک هەندێک جار دەتوانێت تاکگەرایی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام کێشەکە دێتە سەر کۆی گشتی پرۆسکە و کۆی گشتی کۆمەڵگا. لە کۆمەڵگایەکی وەک کوردستانی یان عێراقیدا کە خێل و عەشرەت و گروپە کۆمەڵایەتی و مەزهەبییەکان، لە تێکشاندنی تاکیدا، ڕۆڵی گەورەی تێدا ئەبینن، لەبەر ئەوەی نابینین تاکێکی تەندروستمان هەیە لە چوارچێوە گشتییەکەدا. کتێبەکەی علی وردی کە لەسەر تاکی عێراقی و کۆمەڵگەی عێراقی نووسیویەتی، لەوێوە تێدەگەین کە کەسێک بۆ ناتوانێت لە گروپەکەی داببڕێت و بە تەنها خۆی بیربکاتەوە، ناتوانێت پێیەکی لە ناو ئەو بیرکردنەوە مۆدێرنەیە بێت کە ئێستا بۆی دروست ئەبێت و پێیەکی لە ناو ئەو بیرکردنەوە کۆمەڵایەتییە تەقلیدییەبێت کە لە منداڵییەوە پێی گۆشکراوە. ئەمە یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکانی تاکگەرایی. ئەم دۆخە پێموایە یەکەم جار پێویستی بەوەیە کە دەوڵەت شار سەرهەڵبدات، بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵگایەکی مەدەنیمان هەبێت. دوو، هاووڵاتیبوون “هاووڵاتی” تا دوا ئەندازە لە کۆمەڵگای ئێمە لاوازە. کێشەی هاووڵاتیبوون ئەوەیە کە من هاووڵاتییەکی لاوازم، بەرپرسێک هاووڵاتییەکی بەهێزە، واتە هەردووکمان هاووڵاتی نین، و لە بەردەم یاسادا هەردووکمان یەکسان نین، و لەبەردەم دەرفەتەکاندا هەردووکمان یەکسان نین، ئەمەش یەكێکە لە کێشە گەورەکان. کەواتە هاووڵاتیبوون یەکێکە لە هاندەرەکانی دروستبوونی تاکگەرایی، بە تایبەت لە مۆدێرنەدا کە زۆر گرنگییان بە چەمکی هاووڵاتی داوە. بۆ نمونە لە هەندێک وڵاتی دواکەوتوو یان تازەپێگەشتووی وەک وڵاتە ئەفریقاییەکان، سەیردەکەین مرۆڤی گەورەی لەسەر ئاستی تاک تێدا دروستبووە، کە دەرفەتی بۆ خۆی ڕەخساندووە، وە وڵاتێکی وەک هندستان لە ڕووی زانستەوە، زاناکانی کۆنترۆڵی زۆربەی بوارەکانی زانستیی جیهانیان کردووە، لە کاتێکدا وڵاتێکە ژمارەی دانیشتوانی زۆرە و ئاستی هەژاری لە ئاستێکی بەرزدایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەرفەت بڕەخسێت بۆ تاک و بۆ هاووڵاتی، بەڵام لە کۆمەڵگای ئێمەدا تا ئێستا ئەو دەرفەتە نەڕەخساوە بۆ تاک. هەتا ئەگەر کەسێک لێرە بییەوێت سەردەرکات و پێشکەوێت و ناوێک بۆ خۆی دروست بکات، چەندین تۆمەت و ناووناتۆرە ئەخرێتە دوای لە جێی ئەوەی کەسەکە بەرینە پێشەوە، هەوڵی ڕووخاندنی دەدەین. کەوایە کێشەیەکی تر لەلای ئێمە ئەوەی کە دروستکردنی تاکمان نییە بەڵام ڕووخاندنی تاکمان هەیە، بۆ ئەوەی لە کۆگەلەکە، لە دەستەجەمعییەکە ڕزگاری نەبێت.

پرسیار/ چەند دەستەواژەیەکت بەکارهێنا کە بۆ من زۆر گرنگن، بۆ نمونە، کۆی گشتی، ناو گروپ، کەڵت، هەموو ئەوانە لە چوارچێوەی کەلتوور و فەرهەنگدا کۆدەبنەوە، کەوایە بەپێی تێگەشتنی تۆ بۆ کەلتوور و فەرهەنگی ئەم بەشەی کوردستان، ئایا ئێمە ئازادی تاکەکسیمان هەیە؟ یان چۆن ئازادی تاکەکەسی دروست بکەین؟

ئاوات محەمەد: کە باس لە هەرێمی کوردستان دەکەین، دەبێت باس لەو واقعە بکەین کە لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە دروست دەبێت. بەداخەوەم، ئێمە پێشتر خەونێکی زۆر گەورەمان هەبوو، ئەویش ئەوەبوو کۆمەڵگایەکی مەدەنی، کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و دیموکراسی دروست بکەین. بەڵام ئەقڵیەتی خێڵەکییانەی حیزب کە دێتە ناو شارەوە، کە ئەقڵییەتێکە لە دەرەوەی شارەکانە و ناتوانێت لە ناو شاردا جێگەی خۆی بکاتەوە، بۆیە کە دێتە ناو شارەکانەوە، بەهەمان شێوەی خێل مامەڵە لەگەڵ شارەکان دەکات. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەقڵییەتی ئیدارەدانی نەبووە، هەتا نەیتوانیووە ئیدارەی گوندەکەی خۆی بدات، چجای ئەوەی بێتە شارەوە و ئیدارەی شار بدات یان دەوڵەتێک بەڕێوەببات، چونکە دەوڵەت بەڕێوەبردن پێویستی بە میکانیزمە پێویستی بە پرەنسیپە. دەوڵەت بەڕێوەبردن تەنها ئەوە نییە لە چوارچێوەیەکی جوگرافی دیاریکراودا خەڵک بەڕێوە ببەیت، بەڵکو بەرکەوتنت هەیە لەگەڵ دنیای دەرەوەی خۆت، و لە ڕێی تەکنەلۆجیاوە بەرکەوتن ئەبێت لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دەوروبەر، کە ئەمەش کاریگەری گەورەی هەیە. لە هەرێمی کوردستاندا، لە یەکەم تەقەی ٥ی مانگی ٣وە، تا ئەم چرکەساتەی من و تۆ قسەی تێدا دەکەین، بە هیچ شێوەیەک تاک ڕۆڵی نییە لە ناو کۆمەڵگادا. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی وەک پێشتر ووتم، تاکبوون دەبێتە هۆی تێکشاندنی خێل، هەمووشمان دەزانین دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی خێڵەکییە، دەسەڵاتێک نییە لەسەر بنەمای گواستنەوەی دەسەڵات بۆ خەڵک، بەڵکە کوڕاوکوڕ دەسەڵات وەردەگرن، لە باوکەوە بۆ کور، لە کوڕەوە بۆ کوڕەزا، دەسەڵاتەکان ئاوها دابەشبوون، نەک ئەوەی کێ توانایەکی باشی هەیە، ئەوە بتوانێت حکومڕانی بگرێتە دەست.ئەگەر نا تۆ سەیری هەرێمی کوردستان بکە، چەندەها پسپۆڕیمان هەیە لە بوارە جیاوازەکانی وەک ئابووەی، سیاسی، کشتوکاڵ، وەرزش، هونەر، بەڵام ئەمانە هیچ ئیعتبارێکیان نییە، چونکە لەدەرەوەی مەنزومە و سیستەمی خێڵن. ئەگەر لە دەرەوەی سیستەمی خێڵیشبن ناتوانرێت متمانەی پێ بکرێت. کە متمانەشی پێ نەکرێت دوو ئەگەری لەبەردەمە، یان ئەوەی بۆخۆی دانیشێت بپوکێتەوە، یان بچێتە دەرەوە و لە دەرەوە تواناکانی خۆی بەرجەستە بکات، وەک زۆرێک لەوانەی کە دەبینرێن مامۆستای زانکۆن و ڕاوێژیان پێ دەکرێت لەسەر ئاستی ئەو دەوڵەتەی کە تێیدا دەژی. ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە. ئەسڵەن بنەمای شۆڕش بنەمایەکی خێڵەكیبوو، ڕاستە فەلسەفەی شۆڕش چەپگەرایی بوو، بەڵام بنەما ئەسڵییەکەی خێڵەکی بوو. هەتا بۆ نمونە، وەک ئەوەی من بیرمە، هێزەکان بە پێی ناوچەکان دابەشکرابوو، بۆ نمونە لە قەرەداغ ئەبوو کەسێکی قەرەداغی سەرکردە بووایە، لە شەرباژێر و شارەزووریش بە هەمان شێوە، ئەمە یەکێکە لەو کێشە گەورانەی کە درێژە بەو ئەقڵیەتە دەدات کە لەلای ئێمە هەیە. ئێمە کێشەمان لەسەر ئاستی دامەزراوەی حکومیش بۆ دروست بووە، ئەگەر وەلائت نەبێت لە هیچ دامەزراوەیەکی حکومیدا جێگات نابێتەوە، وەلائی تەواوت نەبێت بۆ حیزب ناتوانێت ببیتە مامۆستای زانکۆ، ناتوانیت ببیتە دادوەر لە دادگایەکدا و ناتوانی ببتە بەڕێوەبەری گشتی. ئەگەر کەسێک ئەو قودرەتەی هەبێت بتوانێت بفڕێت لێرە دانی پیانانێن، چونکە لە دەرەوەی مەنزومەکەی ئەوانە. ئەو دێت کەسێک ئەدۆزێتەوە کە وەلائی بۆ حیزبەکەی هەبێت و بە دڵی ئەم ئیش ئەکات. ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە، لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە لە دەرەوەی مێژوون، هێشتا نەهاتوونەتە ناو مێژووەوە. یەکەم هۆکاریش ئەوەیە کە لە ڕوانگە فەلسەفەییەکەوە شارمان نییە، لەو جۆرە دەوڵەتەشارەی کە بنەماکانی هاوڵاتیبوون، دیموکراسی، سەلماندنی تاکگەرایی، گۆڕینی دەسەڵات و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، بوونی یاسا و دادگایەکی سەربەخۆی تێدا دروست ئەبێت. ئەگەر بە نمونە سلێمانی وەربگرین، ئەتوانین بڵێین کۆبونەوە و تەجەموعێکی گەورەی خەڵکە لە شوێنێکدا و ناونراوە شار، هەرچەندە قسەکردن زۆرە لەسەر ئەو حاڵەتە، بەڵام ئەو بنەمایانەی کە دەبێت لە دروستکردنی شاردا هەبێت، لێرە هیچ بەدی ناکەین. کێ لێرە زەمانی ژیانی خۆی دەکات؟ کێ دەتوانێت لە دەرەوەی گروپێکی چەکداری بتوانێت بە ئارەزووی خۆی ڕەخنە بگرێت؟ کێ ئەتوانێت بە ئارەزووی خۆی بیر بکاتەوە؟ یان ئایا کە بیریشی کردەوە لە دەرەوەی خێڵەکەی خۆی، بەر نەعلەتی خێڵ ناکەوێت؟ ئێمە چەندین کەسمان بینی بەهۆی بیرکردنەوەی جیاوازەوە تووشی چەرمەسەری دنیا بوو، تا لەدەستدانی هۆش و ئەقڵ، تەنها لەبەر ئەوەی بیرکردنەوە و شێوازی بیرکردنەوەی جیاوازە.

پرسیار/ بەڵێ ڕاستە کاک ئاوات خەمەکە گەورەیە، من لە خێڵەوە دێمەوە سەر باسی چالاکی کۆمەڵی مەدەنی، ئایا چالاکی هۆشیاری ئەم ڕێکخراوانە، بایی ئەوەیە کە قەرەبووی هۆشیاری گشتی بکاتەوە؟ یان بابڵێین جۆرێک لە هۆشیاری گشتی بۆ تاکبوون و تاکگەرایی دروست بکات، بەوەی شەڕی هەژموونی خێڵ بکات؟

ئاوات محەمەد: وەک ووتم، ئەزموونی کاری ڕێکخراوەیی بە کۆمەڵێک ئیشکالییەتدا تێپەڕیووە. یەکێک لەوانە، ڕێکخراوی ناحکومی پەیوەستە بە کۆمەڵگایەکی مەدەنییەوە، کۆمەڵگایەک کە بنەمای یاسایی و دەستووری تێدا سەروەربێت، ڕێکخراو لەم چوارچێوەیەدا ئەتوانێت کار و چالاکی ئەنجام بدات. ئەگەر نا، ڕیکخراو ئەبێتە وەسیلەیەک بۆ میکیاجکردنی ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی کە هەیە. ئێمە ئەزانین کە هەندێک لە ڕێکخراوە ئێن جی ئۆکان کە نزیکەی ٤٥٠٠ ڕێکخراومان هەیە، ئەگەر زیادەڕەوی نەکەم پێموایە لەو ڕێژەیە نزیکەی ٤٠٠٠یان وەلائیان بۆ حیزبی سیاسی هەیە و حیزبە سیاسییەکانیش دروستیان کردوون. کەواتە ئەوەی ئەمێنێتەوە ڕێژەیەکی کەمە، کە بتوانێت بە سەربەخۆیی ئیش بکات، ئەو ڕیژە کەمەش ناتوانێت لە ناو ئەو زۆرینەیەدا بوونی خۆی بسەلمێنێت. بۆیە سەیردەکەین ئەو ڕێکخراوانەی جۆرێک لە سەربەخۆییان هەیە، بەردەوام معەڕەزن بۆ ئەوەی بپوکێنەوە و چالاکییان کەم ببێتەوە. بابەتی کاری ڕێکخراوەی لە ناو کۆمەڵگای خێڵەکیدا بە فعلی یەکێکە لە هەرە کارە قورسەکان. سیفەتی خێڵ ئەوەیە کە نەبێت کەسیکە لە سەرۆک خێل زیاتر بیر بکاتەوە، ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیش بە پێچەوانەوە یەکەم ئیش کە بیکات لەسەر مەسەلەی توانایە و لەسەر قابیلیەتە، لەسەر ئەوەی چۆن بتوانێت پەرە بە تواناکانی تاک بدات، یەکێک لە ئیشەکانی تری دروستکردنی دەرفەتە بۆ بەرامبەر، ئێ خێڵیش نایەوێت ئەندامەکانی ناو خۆی دەرفەتیان هەبێت و دەبێت لە ژێر ڕکێفی ئەمدابن. بۆیە سەیردەکەین دوو شتی متەناقیزن، تەواو پێچەوانەن، بەڵام یەکێک لەو هۆکارانەی کە وادەکات لە ناو کۆمەڵگای ئێمەشدا بەرجەستە ببێت گلۆباڵیزەیشنە. بەرکەوتنمان بە جیهانی تازە بەتایبەت لە ڕێی تەکنەلۆجیاوە، کۆتا مۆدێلی تەکنەلۆجیا کە لەلای ئێمە بە ئەقڵیەتێکی خێڵەکی بەکار دەهێنریت، ئەمە وا ئەکات هەندێک چەمک کە دێتە ناو ئێمە، مامەڵەیەکی ڕۆمانسیانەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک واقعیانە کە واقعی کۆمەڵگا پێوسیتی بەو حاڵەتە هەبێت. ئێمە زۆرجار خەونی گەورەگەورەمان هەبوو هەستمان ئەکرد ئەتوانین لە ناو ئەم کۆمەڵگایەدا بەدییان بهێنین، بەڵام کاتێک خەبەرمانبووەوە، تێگەشتین ئێمە لە کوێین و ئەو جۆرە خەونانە لە کوێن. بۆ نمونە هەتا ٢٠١٢ەش بیرمان دەکردەوە، کە هەرێمی کوردستان ببێتە نمونەیەکی دیاری بوژانەوەی ئابوری و کۆمەلگەی مەدەنی و کۆمەڵگای مۆدێرن و دیموکرات، یاسای باشمان بۆ پەرلەمان ئەنارد کە یەکێك لەو یاسایانە یاسای ژمارە یەکی کاری ڕێکخراوەیی ئێن جی ئۆ-کانە، کە یەکێکە لە یاسا مۆدێرنەکان. بەڵام لە ڕووی جێبەجێ کردنەوە، ئەقڵێکی خێڵەکی دێت کۆتوبەندت بۆ دادەنێت. ئێستا تۆ ئەبێت سەرە بنووسیت بۆ ئەوەی بتوانیت ڕێکخراو تۆماربکەیت، لە کاتێکدا لە هیچ کونجێکی یاساکەدا نییە. بە پێی ڕێنماییەک کە خۆیان دەریان کردووە ئەم حاڵەتەیان دروست کردووە. ئەم تەعامول کردنە لەگەڵ کاری ڕێکخراوەیی ئەوەمان پێ دەڵێت کە نە سوڵتەی سیاسی و نە هێزە کۆمەڵایەتییەکەت ناتوانێت ڕێکخراو وەک تەنێکی قەبوڵکراو لەناو خۆیدا جێ بکاتەوە، هەست ئەکات تەنێکی غەریبە، هەمیشە پێویستی بە کۆتوبەندکردن هەیە و پێویستی بەوەیە جڵەوی بگیرێت، بۆ ئەوەی نەتوانێت تەشەنە بسێنێت و جۆرێک لە مرۆڤ دروست بکات کە لە دەرەوەی خێڵ و کۆگەل بیربکاتەوە. ئەو بەردەوام هەوڵ ئەدات هەموو شتێک بخاتەوە ئەو چوارچێوەیە بۆ ئەوەی تەنها خۆی بتوانێت سوڵتەی ڕەها و حاكمی ڕەها بێت لە ناوچەکەدا. پێموایە ڕێکخراوەکان ئەو کارانەی دەیکەن جۆرێکە لە دڵخۆشکردنی خۆمان بە کاری ڕێکخراوەییەوە، ئەگەر نا دانانی کاریگەری لەسەر کۆی پرسەکان قورسە، بۆیە ئەگەر ببینین لە بابەتەکانی دیموکراسی، ئازادی، مافی ژنان و منداڵاندا خراپ پاشەکشەیەکی کردووە. کۆتا کاریشیان تعدیل کردنی ئەو ماددە قانونییەیە وابزانم ماددەی ١٣٥ی ئەحوال شەخسییە، کە باس لەوە دەکات حەزانەی منداڵ بدەنەوە بە باوک، ئەوەش یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە ئێستا بەسەر کۆمەڵگای ئێمەدا تێدەپەڕێت. کەواتە کاتێک تەنێکی غەریب لە شوێنێکی غەریبدابێت پێموایە ناتوانێت کارێکی ئاسایی بکات، ئەبێت کارێکی قورس بکات بۆ ئەوەی وجودی خۆی بسەلمێنێت.

پرسیار/ بەڕێزت فەرمووت کورد لە دەرەوەی مێژووە، ئێستاش سەدەمی گڵۆباڵیزەیشن و بەرکەوتنی کەلتوورەکان و کرانەوەیە بە ڕووی دنیادا، لە ڕووی تەکنەلۆجیا و سۆشیال میدیاوە. ئایا ئەم جۆرە کرانەوەیە تەئسیری ئیجابی لەسەر هۆشیاری تاک دروست کردووە، بەو وویستی و خواستەی کە پێویستە بۆ کۆمەڵگای کوردی تاکی هۆشیار بەرهەمبێت؟

ئاوات محەمەد: بەریەککەوتنمان لەگەڵ تەکنەلۆجیا، و بەتایبەت ئەوەی پێی دەوترێت کۆمیونیکەیشن جۆرێک لە ڕوئیای تازەی هێناوەتە ئاراوە، بەڵام ڕوئیایەک نییە لەسەر بنەمای لۆجیک دروست بووبێت، بەڵکو جۆرێکە لە رۆمانسییەت و تێڕوانینێکی ڕۆمانسییانە بۆ ژیان. بۆ نمونە دەمی هەر فەردێک ئەکەیتەوە ئەڵێت لە ئەوروپا مافی سەگێک لە مافی ئینسانێک زیاترە. ڕاستە، ئەمە ڕستەیەکە ئەوترێت، بەڵام ئایا ئەو بنەمایانەی کە کۆمەڵگایەکی ئەوروپی هەیەتی لە ڕووی ئەقڵانییەت، دامەزراوە، پێکهاتەی تەکنەلۆجی، دەوڵەت و لە زۆرێک لە ڕووەکانەوە، هیچ یەکێک لەو بنەمایانە، ئەتوانێت لە کۆمەڵگای لای خۆمان بەدی بکرێت؟ یەکێکیتر لە کێشەکانی ئەم کۆمەڵگایانەی وەک ئێمە، ئابوورییەکە کە لەسەر فرۆشتن بنیاد نراوە. بەختمان هەیە لەم ناوچانە نەوت هەیە، ئەگەر نەوت نەبێت ڕەنگە لە برسان بمردینایە. کە نەوتیش هەبوو مرۆڤی بێ دەسەڵات لەم جۆرە سیستەمانە دروست ئەبێت. بۆچی؟ چونکە هەمیشە چاوەڕێیە ئەو خێرەی کە هەیە، بەبێ هیچ جوهدێک بێتە بەردەستی و بیخوات و بۆخۆی دانیشێت. کە باس لە تاکگەرایی دەکەین، ئەو کەسەیە کە ئەیەوێت بوونی خۆی بسەلمێنێت لە ڕێی ئیش کردن و بەرهەمهێنانەوە، جا ئیتر بەرهەمهێنانی معریفی بێت، تەکنەلۆجی، پیشەسازی بێت، ناوەستێت لە بەرهەمهێنان، بەڵام تاکی کۆمەڵگەی ئێمە بە ڕێژەیەکیان هێندە تەممەڵن تەنانەت تاقەتی ئەوەشی نییە نانەکەی خۆشی بخوات. ئەمە وا ئەکات تۆ نەتوانیت بەراوردێک بکەیت بەوەی چؤن بتوانێت تاکێک، یان تاکی بەرهەمهێن لەم جۆرە کۆمەڵگایانە دروست بکەیت. کە دەڵێین لە دەرەوەی مێژوو، مەبەستمان ئەوەیە، تۆ بیهێنە پێش چاوت، ئێمە تەنها بەکارهێنەرین، هیچ شتێک نییە ئێمە بەرهەممان هێنابێت. لە دەرزییەکی درومانەوە بۆ گەورەترین ئالەت، دەبێت لە دەرەوە بهێنرێت. هەمانە و نیمانە، نەوتێکە ئەیفرۆشین و ئەو شتانەی پێ ئەکڕین. کەواتە کە کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێنت نەبوو، کۆمەڵگایەکی ئاقڵیشت نابێت، کۆمەڵگایەکت نابێت پەرە بە توانا کەسییەکان بدات. لە دەرئەنجامی بەرهەمهێنانەوە پەرە بە توانا کەسییەکان دەدرێت. ئەوەی کە لێرە پەرەی پێ دەدرێت زیاتر تەمەڵییە. بۆ نمونە سەیری دۆخی حکومەت بکە، هەزاران فەرمانبەری تەممەڵی هەیە کە لە ڕۆژێکدا نیو سەعات کار بۆ حکومەت نەکەن، حکومەتیش بۆی گرنگە. بۆچی؟ چونکە حکومەت ئەوەی بۆ گرنگە کە فەرمانبەرێک کار نەکات و بێ دەنگ دانیشێت، مانگانە شتێک مووچە وەربگرێت. ئەو دۆخە ئابوورییە زۆر باشەی حیزبە سیاسییەکانیش هەر بۆ ئەوەیە کە لێیان تێک نەچێت. ئەو کۆمەڵگایانەی لە دەرەوەی مێژوو ماونەتەوە، ناتوانن لەگەڵ کۆمەڵگا تازە پێشکەوتووەکان هەماهەنگبن، نەک کۆمەڵگا سەرمایەدارەکان. زۆر جاریش ئەگەر ببوری ئەم قسەیە بکەم وەک مشکی تاقیگە تەماشا دەکرێین، هەموو شتێکمان لەسەر تاقی دەکەنەوە وەک خواردن و دەرمان. یان هەندێک جار گوێم لێ ئەبێت حکومەت دەڵێت حکومەتی ئەلیکترۆنی دروست دەکەین، ئێ حکومەتی ئەلیکترۆنی بەم حاڵەی ئێستاوە تووشی ئیفلاسبوونت ئەکات.