رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ یانیس ڤارۆفاکیس

Facebook
Twitter
LinkedIn

سەرمایەداری گۆڕاوە بۆ (تێکنۆ-فیوداڵیزم)

سازدان: مارک لیمۆنت هیڵ

وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران

یانیس ڤارۆفاکیس لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری ئەسینای یۆنان لەدایکبووە. یەکێکە لە نووسەرە دیار و چەپە ڕادیکاڵەکانی ئەورووپا و تا ئێستا زیاتر لە چواردە کتێبی بڵاوکردۆتەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێتە وەزیری دارایی وڵاتی یۆنان. هەروەها هاودامەزرێنەری بزووتنەوەی دیموکراسی لە ئەورووپا (دیم٢٥)ـە کە ئامانجیان ڕێگریکردنە لە شەپۆلی کاپیتاڵیزم لە کیشوەرەکەدا.

پرسیار: بۆچی بلیۆنێرەکان لە ناوەڕاستی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، بە تڕلیۆنەها دۆلار قازانج دەکەن؟ بەم دواییانە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ئۆکسفام ئەوەی دەرخست لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان سەروەت و سامانەکەیان بەبڕی نیو تڕلیۆن دۆلار زیادی کردووە. ئەمەش زۆر لەبڕی تێچووی دابینکردنی ڤاکسین بۆ هەموو کەسی سەرزەوی زیاترە، کێ لەم نادادپەروەری و نایەکسانییە بەرپرسیارە؟

یانیس ڤارۆفاکیس: قەیرانی ئابووریی ساڵی ٢٠٠٨…. داڕمانی ئابووریی نەوەکانمان لە ساڵی ١٩٢٩…. لە دوای ئەمانەوە هیچ شتێک وەک خۆی نەمایەوە. ئەگەر بیری لێبکەینەوە، ڕاستەوخۆ لەدوای ساڵی ٢٠٠٨ سەرەتا بانکە ناوەندییەکان و دواتر حکومەتەکان لە ئایاری ساڵی ٢٠٠٩ لە (ج٢٠) کۆبوونەوە، بڕیاریاندا دەستبکەن بە بەرزکردنەوەی ئابووری بازاڕەکان بە پارەی دەوڵەت و لە بانکە ناوەندییەکان پارەی زیاتر چاپ بکەن. بۆ ماوەی دوانزە ساڵ ئێمە ژینگەیەکی لەم جۆرەمان لە ئابووریی بازاڕدا دروست کردووە و بۆتە هۆی وەستانی ئابووری ڕاستەقینە و سەرمایەداریی ڕاستەقینە و بزنزە بچووکەکان، کاتێکیش ڤایرۆسی کۆرۆنا دێت و هێرشمان دەکاتە سەر، ئێمە بەردەوامین لەسەر چاپکردنی پارە، بازاڕە ئابوورییەکان چوونە دەرەوە و تەواوی ئابوورییەکانی دیکەش پاشەکشیان کرد. بەرئەنجامەکەش کۆمەڵگاکانی جیهانیش لە نەهامەتیدان.

پرسیار: باسی ساڵی ٢٠٠٨ـت کرد، پێم خۆشە کەمێک زیاتر باسی ئەمە بکەین، چونکە ڕاستە ئێمە پارەی زیاترمان چاپ کرد و پارەکانمان دا بە ئەنجوومەن و دامەزراوەکان و بەشی خۆیان وەرگرت لەو پارەیە، بەڵام پارەکانیان نەخستە گەڕ. چارەسەرەکەی ٢٠٠٨ ئەوە بوو، بەڵام وا دەردەکەوێت ئێستاش لە کاتی پەتای کۆرۆنا هەمان ستراتیژی بەکار دەهێنینەوە. ئایا بەڕاست هیچ فێرنەبووین یاخود چی؟

ڤارۆفاکیس: وا دیارە ئەوانەی لە پێگەی دەسەڵاتی حکومیدان هیچ شتێک لەیاد ناکەن و هیچ شتێکیش فێرنابن. بەڵام بۆچی نایانەوێت پارەکانیان بخەنە گەڕ؟ شتەکە پەیوەندیی بە تیۆری پلانگێڕییەوە نییە، بەڵکوو تەماشای خەڵک دەکەن کە ملکەچی خۆگرتنەوەن، جا لە یۆنان بێ، لە ئەڵمانیا یاخود ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زۆرینەی خەڵک بەشێوەیەکی توندوتیژانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. تەنانەت لایەنگرانی ئۆباماش، کاتێک دەوڵەت زۆر شتی وەستاند، دوانزە ساڵ تێپەڕیووە لە ئەنجامدا کۆمپانیاکان سەیر دەکەن کە خەڵک ناتوانێت شتی گرانە تازەکان بکڕێت، بۆیە لە خستەبازاڕ و بەرهەمهێنان دەوەستن. ئەو پارەیەی دەوڵەت چاپی دەکات وەردەگرن و دەچنە بازاڕی بۆرسەوە پارەکانیان بە ئاڵوگۆڕکردن دەکڕنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی نایەکسانی و وەستاویی ئابووری بۆ زۆربەی کەسەکان.

پرسیار: باسی ئاڵوگۆڕی بۆرسە و ئابووریی ئەمریکات کرد، لە ئێستادا ئابووریی ئەمریکا بە سەختییەکدا تێدەپەڕێت، ساڵی ڕابردوو لە سەدا سێ و نیو دابەزی، ئەمەش لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمە خراپترین ئاستە بینیبێتمان. لە قەیرانی ئابووریی ساڵی ٢٠٠٨ـەوە ڕێژەی بێکاری ڕووی لەزیادبوون کردووە، بەڵام واڵ ستریت لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا هیچ کێشەیەکیان نەبوو، ئەمەش تەنیا ئەمریکا نییە، ئەگەر تەماشای بەڕیتانیایش بکەین هەمان شتە، لە ئاڵوگۆڕی بۆرسەی لەندەندا هەواڵێک بووە هۆی کرژییەک لە ئابووریدا. وادیارە بۆشاییەکی گەورە لەنێوان ئەوەی بازاڕەکان دەیڵێن و ئەوەی واقیع دەیڵێت هەیە. بۆچی؟

ڤارۆفاکیس: چونکە ئێمە چیتر لەژێر سیستەمی سەرمایەداریدا ناژین، سەرمایەداری گۆڕاوە بۆ ئەو شتەی کە من ناوی لێدەنێم (تێکنۆ-فیوداڵیزم). بەو مانایەی کە وەک دەزانن چیتر ململانێی ئابووریی کاپیتاڵیستی لەئارادا نییە، بەڵکوو چەن پلاتفۆرمێکی زۆر زۆر کەم لە کۆمپانیاکاندا هەیە کە بەشێوەیەکی کاریگەرانە خاوەنی بازاڕن. ئەوان بازاڕ مۆنۆپۆل ناکەن، بەڵکوو خاوەنی ئابووریی بازاڕن، وەک ئامازۆن بۆ نموونە. ئەگەر جارێک بچیتە ئامازۆن یاخود فەیسبووکەوە ئەوا تۆ لەناو کاپیتاڵیزمدا نیت، بەڵکوو لەناو جۆرێک لە ڕژێمی سۆڤیەتیدایت کە لەڕاستیدا تەنیا یەک کەس خاوەنیەتی. باقیی ئابووریی بازاڕ دادەبەزێ و دەوەستێت، پارەش لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە دەردەچێت و هەوڵ دەدەن هەموو شتەکان وا پیشان بدەن کە لەجێگەی خۆیدایە، پارەش دەچێتە لای دەزگاکان کە ئەو پارایە نەخانە گەڕ بەڵکوو کەڵەکەی دەکەن و دەچنە بازاڕی بۆرسەوە و پشکەکانیان وەردەگرنەوە لەکاتێکدا زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک کێشەی ئابوورییان هەیە.

پرسیار: ئاماژەت بەو ئایدیایە کرد کە چیتر سیستەمی سەرمایەداری نەماوە، گوتارێکی تۆم خوێندەوە کە دەڵێیت: “سەرمایەداری گۆڕاوە بۆ شتێکی خراپتر وەک خۆت ناوی دەنێی (تێکنۆ-فیوداڵیزم)، ئێمە لە جیهانی ئامازۆن و فەیسبووک سەرمایەداریمان نییە کە دەسەڵاتەکەی لەلایەن پارەی گشتیی و بانکە ناوەندییەکانی ئەورووپاوە بێت. بەڵکوو سیستەمەکە گۆڕاوە بۆ ئەوەی خراپترین دەوڵەت لەگەڵ خراپترین مۆنۆپۆلی تایبەتی یەکیان گرتووە.”

ئەگەر ئەم کۆمپانیایانە گەیشتبنە ئەم دۆخە کە لالەیەن دەوڵەتەوە پشتیان دەگرێت، ئەگەر کۆمپانیاکانی تێکنۆلۆژیا ئەو کەسانە بن کە خاوەنی هەموو دەسەڵاتێکن، کەواتە چارەسەر چییە و چیمان پێدەکرێت؟

ڤارۆفاکیس: پێویستە شتەکان ڕێکبخەین.  هەر بەو جۆرەی لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمە ئۆتۆرییەکان ڕزگارمان بوو لە چەند سەدەی ڕابردوودا، هەر بەو شێوەیەی دیموکراسیمان بەسەر چینی فەرمانڕەوادا سەپاند، بیرت نەچێت چینەکانی دەسەڵات هەرگیز دیموکراسییان نەویستووە، تەنانەت لیبڕاڵەکان سەدەی نۆزدەهەمیش. ئەمەش ئەو شتێکە کە ئەمڕۆ ئەو کەسانەی ڕەخنە لە چین دەگرن پێویستە ئەمەیان لەبیر بێت. لیبراڵیزمی بەڕیتانی کاتێک لە پشتی کاپیتاڵیزم بوو دژە دیموکراتی بوو.

پرسیار: ئێمە بەم دواییانە چەندین گرووپ و ڕێکخراومان بینی کە خۆپیشاندانیان دەکرد، ئایا ئەمە جۆرێکە لە بەرگری و تێکۆشان؟ ئایا پێویستیمان بەم جۆرە ڕێگایانە هەیە؟

ڤارۆفاکیس: لە ڕاستیدا وێنەیەکی شێواو هەیە، ئەمە شۆڕش نییە. شەش مانگ لەمەوبەر ڕۆمانێکی سیاسیی زانستی-خەیاڵیم بەناونیشانی “ئێستایەکی تر” بڵاوکردەوە. لەوێدا وەسفی جۆرێک شۆڕشم کردووە کە تێکەڵ بە ئەندازیاریی ئابووری دەبێت، ئێمە توخمەکانی ئەوەمان لە “گەیم ستۆپ[1]” بینیووە، خەسڵەتێک کە یاخیگەرانە نییە. لایەنە سەرنجڕاکێشەکەی “گەیم ستۆپ” ئەوەیە کە ٤.٤ ملیۆن خەڵک کۆدەبنەوە تاوەکو پارە پەیدا بکەن، بەڵام لەڕوویەکی جەوهەرییەوە ئەو ملیۆنان خەڵکە تەنانەت گرنگییەکی تەواوەتیش بە پەیداکردنی پارە نادەن، بەڵکوو دەیانەوێت پارەکەیان بخەنە بۆرسەوە. بۆیە چەند خەسڵەتێکی ئادیۆلۆجی لەناو ئەم پڕۆسەیە لەئارادایە، چەند توخمێکی ئاکتی بەکۆمەڵ هەیە لەڕێگەی بازنەی ئابوورییەوە.

پرسیار: باشە خۆ چەندین بزووتنەوەی دژ-سەرمایەداری و داگیرکردنی وۆڵ ستریت و لەم جۆرە بزووتنەوانە لە ئارادایە.

ڤارۆفاکیس: لەڕاستیدا لێرەدا دوو شت ونە. یەکەم بریتییە لە هەبوونی مانیفێستۆیەک، ڕوانگەیەک؛ ئێمە دەمانەوێت چی بخەینە جێی چی؟ دووەم شتیش کە پێویستمانە هاوپەیمانیی نێوان خەڵک و بزووتنەوە جیاوازەکانە. کاتێک یەکگرتنێکی بەکۆمەڵ و دیدگایەکی ڕوون لەئارادا بوو ئەو کاتە دەشێت شۆڕش ڕووبدات.

پرسیار: ئەمەوێ کەمێک دەربارەی ئەو کاریگەرییانەی پەتای کۆرۆنا دروستی کرد قسە بکەین، بەپێی ڕاپۆرتەکانی (یو ئێن) ژنان زیاتر فشاریان لەسەر دروست بووە و کەوتوونەتە هەژارییەکی سەختەوە، بۆ نموونە دایکێکی تەنیا هەیە کە لە باشووری سۆدان دەژی و پێنج منداڵی هەیە، ئەو ژیانی لەسەر فرۆشتی پاقلەمەنی لە بازاڕە ناوخۆییەکان دابین دەکات. لەدوای پەتاکەوە داهاتەکەی لە سەدا پەنجا زیاتر کەمی کردووە. ئەمە تەنیا نموونەیەکە کە قسەی لەبارەوە دەکەین، لە ئەمریکادا هەزاران ژن لە مانگی دیسێمبەردا کارەکانیان لەدەستداوە. پێت وایە چ جۆرە ڕێگەچارەیەک، کە بشێت یەکسانیی جێندەری لەبەرچاو بگیرێت لەئارادایە، بەشێوەیەکی گڵۆباڵیانە بێگومان.

ڤارۆفاکیس: بێگومان پیاوسالاری و سێکسیزم بەمانایەکی کێنزیانە چارەسەر ناکرێت. بەڵام ئەوەی هاوکات پێویستە لێی تێبگەین، کاتێک پاشەکشەیەکی قووڵت هەیە، یەکەمین ئەو کەسانەی کە زەڕبەیان بەردەکەوێت ژنان و کەمینەی نەتەوەیین، بەگشتی لاوازەکانن؛ گەنجەکان، ئەوانەی لەخوار بیست ساڵەوەن لەگەڵ زۆر بەتەمەنەکان. ئەمانە یەکەمین کەسەکانن ڕووبەڕووی کێشەکان دەبنەوە، هەمیشە لاوازەکان زیاتر تووشی نەهامەتی دەبن.

کەواتە هەر دواخستنی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ناڕێکی و گرژیی ئەم تێکنۆ-فیوداڵیزمەی ئێستا هەیە، کەسانی ژێر دەستی پیاوسالاری تووشی چەرمەسەری دەبن. لەلایەکی دیکەشەوە، پێویستە جێگرەوەی لەدەستدانی داهات ئەنجام بدەین. وەک دەزانی بانکە ناوەندییەکان پارەی زیاتر چاپ دەکەن بەڵام ئەو پارانە دەدەنە دەست کەسانێکی هەڵە، پارەکە نادەن بە ژنان و هەژارەکان، بەڵکوو دەچێتە گیرفانی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە پارەکە نییە. دووبارە دەچێتەوە ناو ئاڵوگۆڕی بۆرسە و پشکی خۆیان وەردەگرنەوە و هیچ بەشێک لەو پارەیەش ناچێتە ناو بازاڕەوە. فرانکلن ڕۆزڤێڵت کەسێکی شۆڕشگێر نەبوو و سەر بە باڵی چەپ نەبوو، بەڵام بیرۆکەیەکی دروستی هەبوو بۆ ئەوەی سەرمایەداری جێگیربێت، تەنانەت لە ڕوانگەی سەرمایەداریشەوە، پێویستە چاودێریی لاوازەکان بکەیت کە گەورەترین قوربانیی ئایدۆلۆجیی کاپیتاڵیزمن.

پرسیار: دەمەوێت کەمێک زیاتر دەربارەی ئەم چارەسەرانە بیربکەینەوە، گوتت پیاوسالاری و سێکسیزم لەناوناچێت بەواتا کێنزییەکە. پرسیارەکەم ئەوەیە دەتوانین چ جۆرە دەستتێوەردانێک ئەنجام بدەین، کە ببێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە یەکسانی. بۆ نموونە ئەو ژنانەی لە ماڵەوە کار دەکەن پارە وەربگرن، چ جۆرە چارەسەریەک پێشنیار دەکەیت؟

ڤارۆفاکیس: من بەتەواوەتی دژ بەوەم ژنان بۆ کاری ماڵەوە پارە وەربگرن. چونکە ئەمە گریمانەی ئەوە دەکات کە کاری ماڵەوە کاری ژنانە، من بڕوام بە دابەشکردنێکی جیهانی هەیە کە بەسەر هەموواندا بچەسپێت.

پرسیار: پرسێکی تر سەبارەت بە جێندەر، ئەم پاندەمیکی کۆڤید-١٩ـە بناغەیەکی ڕەگەزپەرستانەشی خستەڕوو. بۆ نموونە ئەگەر تەماشای بەڕازیل بکەیت ئەو کەسانەی بە ڕەچەڵەک ئەفریقین لە سەدا چلیان زیاتر گیانیان لە دەستدەدەن، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەفریقی-ئەمریکییەکان زۆر زیاتر تووشی ڤایرۆسەکە دەبن یاخود دەمرن، هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە، بێگومان ئابووری ڕەگێکی لەناو ڕەگەزپەرستی، کۆڵۆنیالیزم و کۆیلایەتی هەیە، چ جۆرە پێشنیارێک هەیە لەلایەن ئابووریناسێکی وەک خۆت سەبارەت بە پێکهاتەی ئەم ڕەگەزپەرستییە کە لەڕووی مێژووییەوە ڕەگی لە نایەکسانی داکوتیووە؟

ڤارۆفاکیس: ڕێگە بدە کەمێک بیری لێ بکەمەوە. من یەکێکم لەو پیاوە سپیپێستە خاوەن ئیمتیازانەی کە کاتەکانی خۆی لەسەروەختی کەرەنتینەدا لە شوێنێکی خۆش بەسەردەبات، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سوپایەک لە خەڵک لە دەرەوە کار دەکەن، هەر لە پاککەرەوە بیگرە بۆ پزیشک و پەرستار و…هتد. بەڵام ڕێژەی کەمینەی ئێتنیکیی ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن زۆر زیاترە،  ئەویش لەبەر مێژووی چەوساندنەوە و مێژووی ڕەگەزپەرستی. هەر جووڵەیەک بەرەو پێشەوە بناغەی ئیمتیازاتی کەسانی وەک من دەسڕێتەوە و دەبێتە هۆی چاککردن و گۆڕینی ئەو دۆخەی کە تۆ باست کرد، هەروەها دەبێتە هۆی هاوسەنگییەکی زیاتری دابەشکردن، نەک بەتەنها لە داهاتدا بەڵکوو لە دابەشکرنی ئەرک و باردا.

پرسیار: با کەمێک دەربارەی سندووقی نێونەتەوەیی پارە[2]، تۆ زۆر بەڕوونی ڕەخنە لە سندووقی نێونەتەوەیی پارە دەگریت، لە ساڵی ٢٠١٦ـدا شتێکی سەرنجڕاکێشت گوت و ئەوانت تۆمەتبار کرد بەو ئەشکەنجەیەی کە کەسێک بە پەڕۆ دەموچاوی دادەپۆشرێت و ئاو دەکرێت بەسەریدا، کە هەوڵدەدەن سزای توند بەسەر یۆناندا بسەپێنن. ئایرۆنییەکە لەوەدایە کە لەئێستادا زۆرێک لە پڕۆگرێسیڤەکان، بە زۆرێک لە گرووپە هیومانیزمەکانیشەوە داوای لە سندووقی نێونەتەوەیی پارە دەکەن کە چەندین ترلیۆن دۆلار وەک فەند دابەش بکەن بەبێ قەرز. تۆ چۆن لەمە دەڕوانیت، ئایا پشتگیریی دەکەیت؟

ڤارۆفاکیس: بێگومان، هەڵبەت حەزدەکەم بەهێز بێت. سەیرکە، سندووقی نێونەتەوەیی پارە بوونەوەرێکە لە کاتی کۆنفرانسی برێتۆن ودز لە ساڵی ١٩٤٤ دروستکراوە، ئایدیا بنەڕەتییەکە زۆر ناوازە بوو، کە وەک بانکی ناوەندیی جیهان کار بکات. و لە بیست ساڵی سەرەتای سندووقی نێونەتەوەیی پارە کارێکی خراپی ئەنجام نەدا، واتا دەبوایە چارەسەری ڕژێمی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکات. بەڵام کاتێک برێتۆن ودز شکستی هێنا هەمووشتێک گۆڕا، بەڵام سندووقی نێونەتەوەیی پارە مایەوە. بۆ مانەوەش پێویست بوو ڕۆڵێکی تازە وەربگرێت و ڕۆڵەکەشی وەک دەرگاوانی بانقەکانی وۆڵ ستریت و فرانکفۆرت و لەندەن و پاریس وابوو. سەردانیکردنی وڵاتان، بەتایبەت وڵاتە ئەفریقییەکان لە کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠ و دواتر ئاسیاش، کە دەیویست لەو وڵاتانەدا پارە بخاتە گەڕ کە ئەمەش وەک تاڵانییەک وابوو کە دەبوایە پارەکەیان بە فوولی بۆ بگەڕێتەوە، لەڕێگەی بەتایبەتکردنی نەخۆشخانە و قوتابخانەکان و هەمووشتێکی تر. هەربۆیە ڕۆڵی سندووقی نێونەتەوەیی پارە بەتەواوەتی لە لایەنێکی باشەوە گۆڕدرا بۆ خراپە. هەڵبەت من پێشنیاری ئەوە ناکەم سندووقی نێونەتەوەیی پارە نەمێنێت، بەڵام من و ئەو کەسانەی کە پێشنیاری ئەوە دەکەین کە فەندی ئەوە بکرێت بۆ نموونە هەموو کەس بەبێ بەرامبەر ڤاکسین وەربگرن، ئەوەی کە ئێمە دەیڵێین ئەوەیە کە سندووقی نێونەتەوەیی پارە بگەڕێتەوە بۆ ئەو مەبەستەی لە ساڵی ١٩٤٤ـدا هەیبوو.

پرسیار: زۆر باشە، دەمەوێ شتێک بپرسم، بۆچی چەپ شکستی هێناوە بەتایبەت لە کاریگەریی سیاسیدا؟

ڤارۆفاکیس: لەبەرئەوەی دەسەڵاتمان نەبووە. بۆ نموونە لە یۆنان پێنج مانگ دەسەڵاتمان هەبوو. بەڵام سەرەتا دەبێ ئەوە بزاندرێت کە ڕوانگەی ئێمە بەسادەیی شتێکی ئایدۆلۆجیانە نییە، بەڵکوو پرسی ئەقڵانیەتە. مرۆڤایەتی هەرگیز وەک ئێستا پارەی نەبووە، ئێمە گەورەترین پایەی کەڵەکەکردنمان هەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. بەڵام بڕی ئەو پارەیەی کە دەیخەینە گەڕ هەرگیز هێندە نزم نەبووە لە مێژووی جیهاندا، لەچاو ئەو ژمارە زۆرەی کەڵەکەکردنە. ئەمەش گەمژەییە، بۆیە پێویست ناکات چەپڕەو یاخود ڕاستڕەو بیت تا لەگەڵ ئەمەدا هاوڕا بیت. ئەمەش لەدەستدانی وزەی ئابوورییە کە پێویستە تیشکی ڕێ نیشاندەری ئێمە لەسەر ئەوە بێت کە چۆن پارە وەربگیرێت و بخرێتە بازاڕەوە بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی.

سەرچاوە:

(8) Yanis Varoufakis: Capitalism has become ‘techno-feudalism’ | UpFront – YouTube


[1] گەیم ستۆپ: کۆمپانیایەکی ئەمریکیی ڤیدیۆگەیمییە.

[2] Imf: international monetary fund