رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گفتوگۆی کەناڵی بی بی سی لەگەڵ یوڤاڵ نوح هەراری

Facebook
Twitter
LinkedIn

سازدان: فەرناز قازیزادە

وەرگێڕان: کەیوان هەورامی

فەرناز: ئەوەی كە لە نێوان فەڵەستینی و ئیسرائیلییەكاندا دەگوزەرێت، جارێكی تر پرسیارە بنەڕەتی و فەلسەفییەكانیشی لە بەردەم مرۆڤایەتیدا قوت كردوونەتەوە. زۆربەی مرۆڤانی سەر زەوی ئەوەیان بینی كە لە حەوتی ئۆكتۆبەردا حەماس قەوماندی و پێی هەژان. بۆ زۆربەی یەهوودییەكان، ئەمە بیرهێنەرەوەی ڕۆژە تاڵەكانی مێژوویان بوو، لە لایەكی ترەوە، ئەوەی كە ئیسرائیل لە غەززەدا دەیكات، بەشێكی زۆری مرۆڤەكان لە شوێنە جیاوازەكانی دونیادا وەك شتێكی تۆقێنەر لێی دەڕوانن و ئیدانەی دەكەن. یووڤاڵ نووح هەراری، یەكێكە لە بیرمەندە ناودارەكانی جیهان، نووسەری كتێبگەلێكی مێژووییە بە ڕوانگەیەكی فەلسەفی. كتێبە پڕفرۆشەكانی ئەو (مرۆڤی ژیر و 21 وانە بۆ سەدەی 21) ئەویان كردووەتە ڕوخسارێكی ناسراوی جیهان. ئەو هاوڕەگەزخوازێكی نیشتەجێی ئیسرائیلە و لە ساڵانی دواییدا یەكێك بووە لە ڕەخنەگرە توندەكانی سیاسەتی ناتانیاهۆ. ڕوانگەی ئەو چییە دەربارەی ئەوەی كە لە وڵاتەكەی، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە سەرانسەری جیهاندا دەگوزەرێت؟ من فەرناز قازیزادەم و ئەمە گوتوبێژێكی تایبەتە لەگەڵ یووڤاڵ نووح هەراری.

فەرناز: كاردانەوەی سەرەتایی تۆ چی بوو دەربارەی ئەوەی لە حەوتی ئۆكتۆبەردا ڕووی دا؟

هەراری: هەژینێكی گەورە بوو. مامۆ و مامۆژنی من لە یەكێك لەو گوندانەدا دەژین كە كەوتە بەر هێرش و كوشتاری تیرۆرستانی حەماس. ئەوان چەندان كاتژمێر خۆیانیان لە ماڵەكانیاندا شاردەوە. ئەوان بەساڵاچوون؛ مامم تەمەنی نەوەدونۆ ساڵە و هاوسەرەكەشی هەشتاونۆ ساڵ. لە كاتێكدا كە تیرۆرستان ماڵ بە ماڵ دەگەڕان و دراوسێكانیانیان ڕەشەكوژ دەكردن، ئەوان خۆیان لە ماڵەكەیان نابوو. لە ڕۆژانی پاش هێرشەكە چیرۆكی جیاوازترمان بیست دەربارەی ئەوەی كە تیرۆرستان نەك هەر تەنیا ئەوانیان كوشتووە، بەڵكە بە دڕندانەترین شێوە ئەشكەنجە و گوللەبارانیشیان كردوون. ئەمەش تەنیا لەپێناو چاندنی تۆوی ڕق لە مێشكی ملیۆنان كەسدا و لەناوبردنی هەر ئەگەرێكی ئاشتی لە هەر بڕگەیەكی داهاتوودا. من و ئەو كەسانەی دەیانناسم، هێندە پڕین لە ئازار، بە دژواری دەتوانین بیر لە هەر شتێكی دی بكەینەوە. لە لایەكەوە دەمانەوێت بڕوا بكەین كە لە كۆتایی ئەم تونێلەدا هیوایەك هەیە بۆ گەیشتن بە ڕۆشنایی و دەستەبەربوونی ئاشتی.

فەرناز: لە گوتوبێژەكانی كۆتاییتدا گوتت: «ئەو كارەی حەماس كردی، هەموو هیواكانی داهاتووی بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەناو بردوون.» هەروەها گوتت زۆربەی خەڵكی ئێوە و غەزە، لەم دۆخەدا هیندەتان ئازار چەشتووە كە ناتوانن كاردانەوەیەكی لۆژیكیتان دەربارەی ئەم گۆڕانكاریانە هەبێت. ئێوە لاتان وایە چ لایەنێك دەتوانێت ناوبژی بكات و ببێتە بەربەست لە بەردەم ئەو كاردانەوانەی هەردوو لا كە دەشێت لە داهاتوودا پەشیمانی بە دوای خۆیاندا بێنن؟

هەراری: جارێ زۆر زووە بۆ بیركردنەوە لە ئاشتیی ناوچەكە. دەبێت ئامانجی سەرەتایی پێشگرتن بێت لە تەشەناسەندنی گرژییەكان. یەكەم ڕۆژ زیاد لە هەزار كەس كوژران و كێشەكە دەڵێی بوركانێكە و بۆی هەیە لە هەر ساتێكدا بتەقێتەوە و ناوچەكە گیرۆدە بكات. ئێستە ملیۆنان كەس لە ئازاردان، ملیۆنان فەڵەستینی لە ترسی جەنگ ناچار بوون ماڵەكانیان جێ بهێڵن، دەیان ئیسرائیلیش لە ماڵەكانیان ڕایان كردووە. نیگەرانییەكی جددی لە ئارادایە دەربارەی تەشەناسەندنی ئاگرەكە بۆ كەناری باختەری، لوبنان و ڕەنگە وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش. كەواتە یەكەمین هەنگاو پێش بیركردنەوە لە ساڕێژكردنی ئازارەكان، بیركردنەوەیە لە ڕێگرتن لە تەشەناسەندنی ئاگرەكە. دەبێت بارمتەكان ئازاد بكرێن. حەماس منداڵی دوو ساڵەی بە دیل گرتووە! هیچ پێشمەرجێك نییە بۆ ئازادكردنی منداڵی دووساڵە. هەروەها كەسانی بەساڵاچووش… لە ناوچەكەی مامی من، خاتوونێك هەیە بە ناوی ڤیڤیێن سلڤێر كە حەفتاوچوار ساڵە و لایەنگرێكی چالاكی ئاشتییە. ئەو گەرچی ساڵەها لەژێر هەڕەشەی هێرشەكانی حەماسدا ژیاوە، هەر وا وەفادار بووە بۆ ئاشتی. ئەو بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی، نەخۆشە فەڵەستینییەكانی لە غەززەوە دەگواستنەوە بۆ نەخۆشخانەكانی ئیسرائیل. ئەو لە یەكەم ڕۆژی هێرشەكەوە نادیارە، نازانین چیی بەسەر هاتووە، بەڵام هێشتا لێی بێئاگاین، هیوادارین لە غەززە بە بارمتە گیرابێت. گەر وا بێت، پێویستە یەكسەر ئازاد بكرێت، ئەمە زۆر گرنگە بۆ دروستكردنەوەی متمانە و پاراستی ئینسانیەت لە لایەنی بەرانبەردا.

فەرناز: ئایا لات وایە لەم كاتەدا هیچ لایەنێكی نێودەوڵەتی هەبێت كە بتوانێت حەماس ناچار بكات بارمتەكان بەر بدات؟

هەراری: لام وایە ئێران ئەو توانایەی هەیە. چونكە گەرچی حەماس سەربەخۆیە، بەڵام ئێران دەسەڵاتێكی زۆری بەسەر حەماس و حیزبوڵای لوبناندا هەیە. من نازانم ئێران شوێن چ ئامانج و نیازێك كەوتووە، بەس گەر ویستی لەسەر كەمكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە بێت، دەتوانێت ئەم كارە بكات. بەڵام بە داخەوە ڕاپۆرتی جۆراوجۆر نیشانی دەدەن كە ئێران ویستی لەسەر تاودانی گرژییەكانە. بە بۆچوونی شارەزایان، یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم هێرشانە، نزیكبوونەوەی ئیسرائیل و عەرەبستان بوو بۆ ڕێككەوتن لەسەر ئاشتییەك كە ئامانجی كەمكردنەوەی ئازاری هەزاران فەڵەستینیی ژێر داگیركاریی ئیسرائیل بوو. هیچ شتێكیش جگە لە ئاشتی، حەماسی نیگەران نەدەكرد، چونكە حەماس هەر لە بنەڕەتەوە دژی هەر جۆرە ئاشتییەكە و هەر واش دەبێت. ئێرانیش ترسابوو لە ئەگەری ڕێككەوتنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستان. بۆیە زۆربەی شارەزایان بڕوایان وایە ئەمە یەكێك بووە لە سەرەكیترین هۆكارەكانی هێرشەكە: پێشگرتن لە هەر جۆرە ڕێككەوتنێك لە نێوان ئیسرائیل و جیهانی عەرەب. ڕێگرتن لە ڕەوتی ئاشتی لەگەڵ فەڵەستینییەكان.

فەرناز: گەورەبەرپرسانی ئەمریكا (جۆ بایدن، بلینكن و…) هەمووی بڕوایان وایە ئێران هیچ ڕۆڵێكی لە جێبەجێكردنی ئەم هێرشانەی حەماسدا نەبووە. تۆ لات وایە ئێران چ ڕۆڵێكی لەم هێرشەدا گێڕاوە؟

هەراری: من زانیارییەكی تەواو وردم نییە و نامەوێ لەم بارەیەوە بۆچوونی خۆم بڵێم. بەڵام ساویلكانەیە لامان وا بێت ئێران بە تەواوی حەماس ئاراستە دەكات. حەماس هاوپەیمانی ئێرانە، بەڵام ڕێكخراوێكی سەربەخۆیە، خۆی بڕیار دەدات. بەڵام بۆچوون دەربارەی ئەوەی كە ئێران تا چەندە كاریگەریی بەسەر حەماسەوە هەبووە لەوەی كە ئەم هێرشانە بكات، دەبێت بۆ ئەو كەسانە لێگەڕێین كە زاینیارییەكی زیاتریان هەیە.

فەرناز: لات وایە هێزەكانی تری ناوچەكە چ كاریگەرییەكیان هەبووە؟ تۆ ئاماژەت بە ئێران و عەرەبستانی سعوودی كرد، گەر لە وێنە گەورەكە بڕوانین، ڕووسیا و چینیش هەن. هەندێك لە شارەزایان ئەو ئەگەرەیان خستووەتە ڕوو كە بۆی هەیە ڕووسیا لە پشت ئەم هێرشەوە بێت تا سەرنج لەسەر هێرشەكانی سەر ئۆكراین لابەرێت.

هەراری: من زانیاریی پێویستم نییە بۆ ئەوەی بۆچوونێكی تایبەتیم لەم بارەیەوە هەبێت. بەڵام گەر بمانەوێ لە دیدێكی فەلسەفییەوە بڕوانین و بزانین چ شتێك لە پشت ئەم هێرشانەوەیە، دەبینین حەماس بچووكترین بایەخ بەو ئازارە نادات كە تووشی ئیسرائیلییەكانی كردووە. هەروەها بچووكترین بایەخیش بەو ئازارە نادات كە لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا تووشی ملیۆنان فەڵەستینیی دەكات. هۆكارێكیان ئەوەیە كە ئەمانە دینداری توندڕەون، ئەوان سەرنجیان لەسەر ژیانی ئەم جیهانە نییە، سەرنجی ئەوان لەسەر ژیانی پاش مردن چڕ بووەتەوە. ئەوان ئامادەن ئاگر بەر بدەنە ئەم جیهانە و ملیۆنان كەس تووشی ئەشكەنجە بكەن، تەنیا لەبەر ئەوەی بە خۆشبەختیی پاش مردن بگەن. ئەوان تەنانەت ئەو كاتەش سەیری كوژرانی فەڵەستینییەكان دەكەن، پێیان ئاساییە، چونكە ئەوان بۆ بەهەشت دەڕۆن! ئەم ڕوانگە توندڕەوانەیە بڵێسەی ئاگرەكە زیاتر دەكات. سەرەتای گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لەسەر پرسگەلی نەتەوەیی بوو. بەڵام لەم دواییانەدا زیاتر لە هەر كات بووە بە ململانێی نێوان دیندارە توندڕەوەكان. ئەمە بۆ یەهوودییەكانیش هەر وایە. ئەمە تۆقێنەرە، چونكە كاتێك جەنگێك لەسەر بنەمای دیندارییەكی توندڕەوانە هەڵدەگیرسێت (كە تەنیا بیركردنەوەیە لە ژیانی دوای مردن)، ڕاگرتنی كەم تا زۆر دژوارە. خاڵێكی تر ئەوەیە وەختێك سەیری وێنە گەورەكە دەكەین، دەبینین لە هەموو جیهاندا ڕۆژانە جەنگ هەیە. وەكوو هێرش بۆ سەر ئۆكراین و ئێستەش ئەم جەنگە. دە ساڵ لەمەوبەر ئاشتی لە جیهاندا زۆر زیاتر بوو. هاوئاهەنگییەكی جیهانیی لیبراڵ هەبوو كە لەسەر بنەمای بەها جیهانییەكان (مافی مرۆڤ، ئایدیاكان و بەرژەوەندیی هاوبەشی مرۆڤەكان) بنیاد نرابوو. ئێمە دواجار هەموومان وەكوو یەكین. ئێرانی، ئیسرائیلی، فەڵەستینی و ئەمریكی پێكڕا ئازار دەكێشین. منداڵەكانمانمان خۆش دەوێن، دایبابمانمان خۆش دەوێن، هەروەها بەرژەوەندیی هاوبەشیشمان هەیە. بەڵام لەم دواییانەدا دەسەڵاتدارانی جیاواز هاتنە سەر كار، وەك پووتن لە ڕووسیا، ترامپ لە خۆرئاوا، كە هەڵیانكوتایە سەر هاوئاهەنگیی لیبراڵی جیهان. جا بێ ئەوەی هیچ هاوئاهەنگییەكی دیكەی بخەنە شوێن، لەناویان برد. كاتێك هاوئاهەنگییەك لەنێو دەبەن، لە بەرانبەردا پشێوی و گێرەشێوێنیتان دەست دەكەوێت. جیهان دەبێت وەك زەنگی مەترسییەك لەمە بڕوانێت. گەر لەسەر بنەمای بەها جیهانگرەكان هاوئاهەنگیی جیهان ڕێك نەخەینەوە، ئەو وێنانەی ئەمڕۆ لە فەڵەستین و ئیسرائیلدا دەیانبینین… تەشەنا دەكات بۆ ناوچە و خێزانی زیاتریش.

فەرناز: لە وەڵامەكەتدا ئاماژەت بە دوو خاڵی گرنگ كرد. سەرەتا مۆڵەت بدە دەربارەی توندڕەویی دینی بدوێین. مرۆڤایەتی دەبێت چۆن ڕووبەڕووی ئەم بابەتە ببێتەوە؟ هەر وەك گوتت، توندڕەوەكان هەر بە تەنیا حەماس و تاڵیبان نین، بەڵكە لە هەموو ئایین و ڕێباز و گشت شوێنێكدا هەن. دەبێت چۆن ڕووبەڕوویان ببینەوە؟

هەراری: دەبێت دوو شتمان لە بەرچاو بێت: هەر ئایینێك ئایدیا و نەریتی جیاواز و تایبەت بە خۆیی هەیە. ئەوە مرۆڤەكانن كە دواجار بڕیار دەدەن شوێنی كامە ڕێباز و ڕەوت بكەون. دەبێت هۆشیارانە بجووڵێینەوە و بە ڕوونی نیشانی بدەین كە ڕەگی ئاكار لە هاوسەنگیدایە. گەلێك لە تاكە دیندارەكان لایان وایە ڕەگی ئاكار لە توندڕەویدایە. واتە تا چەند توندڕەو بن، باشتر و ئاكارتەوەرترن.

فەرناز: ڕەنگە پێویست بێت بەم جۆرە پرسیارەكەم بكەم: كەسانی ئاكارگەرا دەبێت چۆن لەگەڵ كەسانی توندڕەودا بجووڵێنەوە؟

هەراری: بەر لە هەموو شتێك دەبێت كاردانەوەیان هەبێت. زۆربەی كەسانی دینداری میانڕەو (من باسی كەسانی سیكۆلار و بێخوا ناكەم، بەڵكە باسی كەسانی دیندار دەكەم)، هەمیشە خۆیان لە خوارەوەی توندڕەوەكان دەبیننەوە. لایان وایە كەسێك تا چەندە توندڕەوتر بێت، دیندارترە. كاتێك كەسێكی توندڕەو دەبینن، وا دەزانن ئەو لە خۆیان دیندارترە و كەواتە دەبێت لە بەرانبەریدا بێدەنگ بن. بەڵام ئەمە ڕاست نییە. بۆ كەسی دیندار، میانڕەوی چەندان جار دژوارترە. دۆزینەوەی خاڵێكی هاوسەنگ، تا بڵێیت ئاستەمە. گەر هەر بە ڕاستی بڕوات بە ڕێباز و بەهاكانت هەبێت، نابێت هەست بكەیت لەبەر میانڕەویت، پێگە و بایەخت لە خوارەوەی توندڕەوەكاندایە. تۆ لە زۆر ڕووەوە مرۆڤێكی باشتریت، ئەركی تۆ، كاردانەوەیە لە بەرانبەر ئەو كردانەی كە بە ناوی دینەكەتەوە دەكرێن.

فەرناز: لە بەرانبەر ئەم ڕووداوانەدا دەبینین توندڕەوە ئیسرائیلییەكان دەڵێن پێویستە حەماس ڕیشەكێش بكرێت. ڕای تۆ چییە؟ ئایا دەبێت حەماس لەنێو بچێت؟

هەراری: من پێم وایە دەبێت حەماس و خەڵكی فەڵەستین لێك جودا بكەینەوە. حەماس بزاوتێكی لایەنگری جەنگە. هەر لە بنەڕەتەوە هیچ مافێكی بە ئیسرائیل ڕەوا نەدیوە… تا ئەو كاتەی حەماس چەكدارە و پشتوێنەی غەززەی بە دەستەوەیە، ئاشتی نەكردەیە. بۆیە من پێم وایە بە دڵنیاییەوە دەبێت حەماس لە چەك دابماڵدرێت. بەڵام هاوكات خەڵكی فەڵەستینیش ئەو مافەیان هەیە وەك هەر مرۆڤێكی دی نەك ژیانێكی ئاسایی، بەڵكە ژیانێكی باشیان هەبێت؛ ژیانێكی شكۆدارانە لە وڵاتەكەی خۆیاندا. داماڵینی حەماس لە چەك، دەسپێكی گەیشتنە بەم ئامانجە… دەمەوێ جەختی لەسەر بكەمەوە، ئیسرائیلیش بە درێژایی چەندان ساڵ هۆكارێك بووە بۆ نەگەیشتن بە ئاشتی. ئیسرائیل زۆر خەمسارد بووە، گەرچی ئەمە نابێتە پاساوێك بۆ ئەو توندوتیژییەی كە حەماس كردی. بەڵام بەشێك لە سەركەوتن لەم جەنگەدا، پەیوەستە بە هیوای دابینكردنی ئاسۆیەكی باشترەوە بۆ فەڵەستینییەكان.

فەرناز: ئێستاكە وا دەبینین ئیسرائیل بەوپەڕی تواناوە خەریكی بۆردمانی غەززەیە و دەڵێت هەوڵ بۆ لەناوبردنی حەماس دەدات. ئێمە چەندان جار ئەزموونی لەم جۆرەمان لە ناوچەكەدا دیوە. ئەم جۆرە گرووپانە بەم شێوازە تەفروتوونا نابن. لەونابردنی گرووپێكی چەكدار بە بۆمباران ئاستەمە. تۆ لەم بارەیەوە ڕات چییە؟ ئیسرائیل بەنیازە چۆن ئەم كێشەیە چارە بكات؟

هەراری: دەبێت هەنگاوێكی هاوسەنگ بنرێت. ئیسرائیل لە لایەكەوە ناچارە بەرگری لە قەڵەمڕەو و هاوڵاتیانی خۆی بكات. بۆ نموونە ئەندامانی بنەماڵەكەی من ناچار بوون لە ناوچەكەیان هەڵبێن و ئاوارە بوون. ئێستاكە دەیان كەس ناچار بوون ماڵەكانیان جێ بهێڵن، تا كاتێك حەماسێكی چەكدار لە غەززەدا بوونی هەبێت، ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانیان. ئیسرائیل لەسەری ئەركە ئاسایشی هاوڵاتییەكانی دابین بكات. هاوكات بە جەنگ لەگەڵ گرووپێكی چەداری تیرۆرستی، پێویستە ئەو هیوایەش بە فەڵەسەتینییەكان بدات كە نەك هەر ئەگەری گەیشتن بە ئاشتی، بەڵكە ئاشتییەكی شكۆدارانە هەیە، ئاشتییەك نەك هەر داخوازی و ئارەزووی فەڵەستییەكان ڕەچاو بكات، بەڵكە ڕێخۆشكەر بێت بۆ ئەوەی خەڵكی غەزە و كەناری باختەری لەسایەی ئەم ئاشتییەوە، ژیانێكی شكۆدارانەیان هەبێت.

فەرناز: تۆ ساڵانی ڕابردوو لەو كەسانە بوویت كە ڕەخنەت لە ناتانیاهۆ گرتووە، ئایا لێی ڕادەبینیت كە لە داهاتووێكی نزیكدا ئەم پێشنیارەی تۆ جێبەجێ بكات و داهاتووێك بخاتە بەردەم فەڵەستینییەكان و هەردوو لا بتوانن بە ئاشتی بژین؟

هەراری: بەداخەوە نەخێر. من لەم چەند ساڵەی دواییدا، بە تایبەت چەند مانگی ڕابردوو، یەكێك بووم لەو كەسانەی كە ڕەخنەی توندم لە دەوڵەتەكەی ناتانیاهۆ دەگرت و چالاكانە بەشدار بووم لەو ناڕەزایەتیانەی كە دژی دەوڵەتەكەی ئەو ئەنجام دەدران. من وەك ئیسرائیلییەك سەختە بۆم بتوانم لە كاتی جەنگدا دژی سەرۆكوەزیرەكەم دوێم و هەوڵ دەدەم خۆم لەم بابەتە نەدەم. بەڵام زۆرم حەز دەكرد ناتانیاهۆ بەرپرسیاریەتیی ئەو كەلێنەی خستییە كۆمەڵگەی ئیسرائیلەوە و تووشی ئەم هێرشەی كردین، لە ئەستۆ بگرتبا. بریا بەرپرسیاریەتیی شكستی سیاسەتەكانیی لە بەرانبەر فەڵەستینییەكان و ڕاگرتنی ڕەوتی ئاشتی لە ئەستۆ بگرتبا. بریا ئەوەندە بەرپرسیار با دەستی لە كار بكێشاباوە. بریا ددانی بە شكستەكەدا دەنا و دەیهێشت كەسێكی تر بێتە جێگەكەی و هەوڵ بدات. بەڵام ئەو شتی وا ناكات، هیوادارم لانیكەم لەم سەروەختەدا بە تەواوی بەرژەوەندییە كەسییەكانی وەلا بنێت و كارێك بكات نەك تەنیا لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل، بەڵكە لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەكە و داهاتوودا. سەرباری ئەوەی كە لەم جەنگەدا ڕوو دەدات، كەس شوێنی خۆی چۆڵ ناكات، جوولەكەكان لە جێی خۆیاندا دەمێننەوە، عەرەبەكانیش لە جێی خۆیاندا دەمێننەوە. ڕاستییەكەی ئەوەیە گەر فێر نەبین پێكەوە ئاشتەوایانە بژیین، ئەوا ئەم دیمەنانە چەندان جار دووبارە دەبنەوە و ئەم سووڕە خاڵییەی نەگبەتی بەردەوام دەبێت.

فەرناز: تۆ ئێستە لە لەندەنیت و چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە بەردەم باڵاخانەیەكی گەورەدا خۆپیشاندانێك بەڕێوە چوو بۆ پشتیوانیی غەززە. هەستت چۆن بوو؟

هەراری: لەندەن خەڵكانێكی زۆری لێیە كە خزمەكانیان لە غەززەن یان لەدایكبووی ئەوێن. لام وایە ئەوان مافی خۆیانە ڕاوبۆچوونیان دەرببڕن. بەڵام پێم وایە نابێت ئەوان پشتگیریی گرووپێكی تیرۆرستی بكەن، یان ڕەوایەتی بە كوشتن و بەبارمتەگرتنی خەڵكی سڤیل بدەن. گەر بەرگری لە فەڵەستینییەكان دەكەن، ئەوا چالاكییەكی ڕەوایە، بەس ئەمە نابێت ببێتە بیانووێك بۆ پشتگرتنی تیرۆریزم یان هەڕەشەیەك بۆ سەر كۆمەڵگەی یەهوودیی لەندەن یان هەر شوێنكی دی. من لێرە كۆمەڵێك هاوڕێم هەن كە تەنانەت بە ترسەوەش منداڵەكانیان دەنێرن بۆ قوتابخانە. بەرگریكردن لە مافی فەڵەستینییەكان، نابێت بە مانای هێرشكردنە سەر ئەهوودییەكانی لەندەن یان هی هەر شوێنێكی تری دونیا بێت.

بابەتێكی دی كە دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم، ئەوەیە كە ئەو كەسانەی لەدایكبووی ئەوێن یان كەسوكاریان لەوێیە، ڕەنگە لەم دۆخەدا نەتوانن ببنە هاوسۆزی ئیسرائیلییەكان، وەك چۆن ئیسرائیلییەكانیش لەم كاتەدا لەبەر ئەوەی هێندەیان ئازار چەشتووە، ناتوانن لە ئازاری ئەوانی دی تێبگەن، بەڵام ئەو كەسانەی لە دەرەوەن و پەیوەنییەكی ڕاستەوخۆیان بەم كێشەیەوە نییە و خەڵتانی ئازار نین، نابێت لە ڕووی فكری و بڕواوە تەمبەڵ بن، وەك سفر و سەد و دوو لایەنی ڕەوا و ناڕەوای ڕەها لەم جەنگە بڕوانن. چونكە ئەم جۆرە كێشە مێژووییانە، هەمیشە كێشەی ئاڵۆز بوونە. هەر لایەنێكی كێشەكە، بە دیوێكدا قوربانییە و بە دیوێكی تردا تاوانبار. دەبێت دان بەمەدا بنێین. بۆ ئەو كەسانەی سەراپایان ئازارە، ئەمە كارێكی سەختە. بەڵام من ئەو چاوەڕوانییەم لە بینەرانی دەرەوە هەیە، بیروفكریان بخەنە كار و هەستیان پشگوێ نەخەن.

فەرناز: ڕاستییەكەی ئەوەیە زۆربەی ئەو كەسانە هیچ خزمێكیان لە غەززەدا نەبووە. زۆر كەس بڕوایان وایە ڕووداوەكانی حەوتی ئۆكتۆبەر ئیدی تێپەڕیون… بەڵام كەم تا زۆر كارەسات لە غەززەدا هەر وا بەردەوامە، خۆ ڕەنگە بكرێت ڕێی لێ بگیرێت. ئایا دەزانن ئەوان هەر بە ڕاستی بۆچی ئەو هەمووە دەكەنە قوربانی؟

هەراری: بێ گومان ئەمە ڕاستە. بەڵام كاتێك بیر لەوە دەكەینەوە كە ئاخۆ دەبێت لەم ساتەدا چی بكەین؟ دەبێت سەرنجمان لەسەر وێنە گەورەكەش بێت. بۆ نموونە دەبێت گرنگی بە بابەتی بارمتەكانیش بدەین: منداڵان، كەسانی بەساڵاچوو و ئەو بریندارانەی كە حەماس گرتوونی. ئەو خۆپیشاندەرانەی كە خوازیاری ڕاگرتنی بۆمبارانی غەززەن، گەر لەبری بینینی تەنیا نیوەی حەقیقەتەكە و چاوپۆشین لە نیوەكەی تری، خوازیاری ئازادكردنی بارمتەكانی ژێردەستی حەماسیش بن، ئەوسا هەڵوێستەكەیان لە ئاستی تێگەیشتندا دەبێت. یان خوازیاری ئەوەش بن كە ئیسرائیلییە سڤیلەكانی نیشتەجێی گوندەكانی قەراخی سنوور، مافی ژیانێكی ئاشتەواییانەیان هەیە بێ ئەوەی بە دەستی حەماس ڕەشبگیر بكرێن، ئەوسا دەكرێت بڵێین ئەوان هەموو حەقیقەتەكە دەبینن.

فەرناز: ئێران ساڵی ڕابردوو ساڵێكی تەنگژاویی بەسەر برد، زۆربەی ئێرانییەكانی هەندەران هەوڵیان دا و دەدەن كە سوپا بخەنە پێڕستی گرووپە تیرۆرستییەكانەوە. بڕواشیان وایە بابەتی حەماس دەتوانێت لەم بارەیەوە هاوكار بێت. لە ئێرانیشدا كۆماری ئیسلامی هاوكاریی حەماس دەكات. ڕەنگە ئاگادار نەبیت، بەڵام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەبینین كە كەلێن كەوتووەتە نێوان خەڵكی ئێرانەوە. زۆربەیان پشتی ئیسرائیل دەگرن، لایەنگرانی كۆماری ئیسلامیش دژی ئیسرائیلن. قەت پێت وا بوو كێشەی ئیسرائیل تا ئەم ڕادەیە لە وڵاتێكی تردا بە هەوڵدان بۆ ئازادییانەوە گرێ بدرێتەوە؟

هەراری: ئێمە لە جیهانێكی پێكەوەگرێدراودا دەژیین و ئەم تەنگژانە پەیوەستی یەكترین و كاریگەرییان لەسەر یەكدی هەیە. ئەمە هەمووی دەگەڕێتەوە سەر ئەو خاڵەی كە پێشتر دەربارەی هاوئاهەنگیی جیهانیی لیبڕاڵ ئاماژەم پێ كرد و بنەماكەشی ئەوەیە كە هەموو مرۆڤایەتی یەك چەشنە. گەر هەزار ساڵ بگەڕێینەوە دوا، بۆ نموونە دەبینین یەك بە یەكمان كەم تا زۆر پەیوەندییەكمان بە هەموو جیهانەوە هەیە. من دایبابێكم هەیە، لەگەڵ دوو داپیر و باپیر، گەر سەد یان دووسەد ساڵ بگەڕێینەوە دوا، دەبینین بەر سەد كەس ناكەوێین، بەڵكە بەر ملیۆن و ملیۆنان كەس لە بنەچەمان دەكەوین كە پێكەوە هاوبەشن. واتە بۆی هەیە بنەچەكەی من ئێرانی بێت، بنەچەی تۆش یەهوودی، یان گەر تۆزێك زیاتر بگەڕێینەوە دوا، دەبینین هەموومان لە ئەفریقاوە هاتووین و ترس و ئەزموونەكانمان هاوشێوەن. من هیوادارم بە تێگەیشتن لەم بابەتە، بێ گوێدانە ئەو ناكۆكییەی كە چ خوایەك بپەرستین، یان چ بەرگێك بپۆشین و چ خۆراكێك بخۆین، بگەینە ئەو ڕێككەوتنەی كە هەوڵ بدەین زیان بەوانی تر نەگەیەنین و یارمەتیی یەكتری بدەین. گەر هەموومان پابەندی ئەم بنەما ئێجگار سادەیە بین، دەتوانین چۆنمان بوێت وا بژیین، چ خوایەكمان ویست بڕوامان پێی بێت، یان بڕوامان بە هیچ خوایەك نەبێت، چیمان پێ خۆش بوو بیپۆشین و چیمان حەز لێ بوو بیخۆین. من هیوادارم مرۆڤ بگاتە ئەو ڕادەیە لە ژیری، كە ئەم ڕێگەیە بگرێتە بەر. من لام وایە ئەمە تاكە ڕێی هەبوونی هاوئاهەنگییەكی جیهانیی سەركەوتووە، چونكە گەر هاوئاهەنگییەك نەبێت، پشێوی شوێنی دەگرێتەوە.

فەرناز: وەك فەیلەسووفێك كە چەند كتێبێكت دەربارەی گرفتەكانی ڕابردوو و داهاتووی بەردەم مرۆڤایەتی نووسیون، ماوەیەكیشە دەربارەی ئەلگۆریتما و زیرەكیی دەستكرد زەنگی مەترسیمان بۆ لێ دەدەیت، سارد نابیتەوە لەوەی كە دەبینیت ئێمەی مرۆڤەكان هێشتا گیرۆدەی پرسی زۆر سەرەتاییتری وەك خاك و سنوور و وڵاتین؟

هەراری: بەڵێ. بە جۆرێك لە جۆرەکان بێهیواكەرە. ئێمە بە درێژایی مێژوو هەزاران جار لەسەر ئەم گرفتانە بەگژ یەكدا چووینەتەوە. ئایا دەبێت دیسان هەر ئەو هەڵانە دوپات بكەینەوە بۆ ئەوەی وانەیەك وەربگرین؟ ئەمەش لە دۆخێكدا كە هەڕەشەی جددیتری وەك هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی و زیرەكیی دەستكرد چاوەڕێمانە؟ خەڵكی هێشتا خەریكی شەڕكردنن لەسەر ئەوەی كە كێ خاوەنی ئەم یان ئەو گردەیە. ئێمە كاتێك باسی تەكنەلۆژیا دەكەین، گەورەترین مەترسی ئەو كەسانەن كە بەكاری دەبەن. كاتێكیش باسی جەنگی ئەتۆمی یان زیرەكیی دەستكرد دەكەین، مەترسییە سەرەكییەكە مرۆڤە. ئەم جەنگەی ئێستەش تەنیا بە گوللە بەڕێوە ناچێت، جەنگی ئەلگۆریتما و زیرەكیی دەستكردیشە. خەڵكی بەردەوام سەریان لە مۆبایلەكانیاندایە و جەنگێكی زانیاری لە ئارادایە. ئیدی هیچ شتێك متمانەی لەسەر نەماوە. من پەیوەندیی تایبەتیم هەیە و قسەكانی مامۆژنم دەبیستم و دەزانم درۆ ناكات، بەڵام كەسێك كە لەوپەڕی دونیا دەژی و بەسەر ڕووپەڕی مۆبایلەكەیەوە چەند وێنەیەكی دژیەك دەبینێت، نازانێت ئاخۆ دەبێت بڕوا بە چی بكات. ئەمڕۆكە بە مۆبایل و زیرەكیی دەستكرد دەتوانین وێنە و گرتەی ساختە دروست بكەین. بە گشتی حەقیقەت خەریكە لەنێو دەچێت. ئێمە لەچاو سەرانسەری مێژوو، ئاڵۆزترین تەكنەلۆژیامان لە بەردەستدایە، بەڵام ناتوانین تەنانەت لەسەر شتە ڕوونەكانیش لەگەڵ یەكتریدا ڕێك بكەوین. ئەمە هەڕەشەیەكی سەرەكییە لە دژی ئێمە. گەر مرۆڤەكان نەتوانن متمانە بە یەكتری بكەن، ئیدی ناتوانن پێكەوە هەڵبكەن، بەبێ ئەمەش، شارستانیەتەكان هەڵدەوەشێنەوە.

فەرناز: یووڤاڵ هەراری، سوپاس كاتی خۆتت پێ بەخشیین.