رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گفتوگۆی نێوان قەشە و پیاوێك لە سەرەمەرگدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسەر: مارکی دوو ساد

لە ئینگلیزییەوە: ئەحمەد کاوە

قەشە: ئێستا ساتە مەرگئاسا و ڕاستەقینەکان دیار و بێ گرێن وە بەبێ هیچ پەردەپۆشکرنێک ڕاستییەکان ئاشکرا دەکرێن، تۆش دەبێت بەرەو ڕووی کار و دەرەنجامە هەڵە و ناڕاستەکانت ببییەوە. کوڕەکەم هەر بە ڕاست تۆ لە ناخی دڵتەوە پەشیمانی لەو کردەوانەی بەهۆی لاوازی و حەزەکانتەوە ئەنجامت داون و تەوبە دەکەیت؟

پیاوەکە: بەڵێ، تەوبە دەکەم.

قەشە: کەواتە ئێستا بەو کاتەی کە لە بەردەستمانە، داوای لێخۆشبوون بکە بۆ هەموو ئەو تاوانانەی کە کردووتن. بشزانە کە داوای لێخۆشبوون لە ڕێگەی بە مەسیحبوون و تەوبەکردنەوە ڕێگایەکە کە گوناهەکانت پاک ببنەوە لای خودای تاک و مەزن، باوکی هەمیشەییمان.

پیاوەکە:  ئێوە چەندە لە من تێگەیشتوون منیش هەر ئەوەندە تێتان دەگەم.

قەشە: ئەمە مانای چییە؟

پیاوەکە: گوتم تەوبەم کرد.

قەشە: ئەوەم بیست.

پیاوەکە: بەڵێ، بەڵام تێنەگەیشتیت مەبەستم چی بوو.

قەشە: بۆ شتێکی تر لێرەدا هەیە؟

پیاوەکە: شتێک کە ئێستا پێتی دەڵێم. من لە لایەن سروشتەوە هاتوومەتە بوون بە ئاساییترین هەست و ئارەزووم لەگەڵ بەهێزترین حەزەکانم. وە کەوتوومەتە سەر ئەو زەوییە بە هیواگەلێک و گەیشتن پێیان. ئەوان پێکهاتەی خودی منن و زیاتر نین لە بەشێک کە پێویستە لە هەمبەر ئەو سروشتەدا ڕێنوێنیم بکەن. یان گەر پێت باشە، ئەوانە کاریگەریگەلێکی ناگرنگی بەرایین لە سروشت و وامان لێدەکەن بەو شێوەیەی کە هەین شوێنی خودی سروشت بکەوین. وە تەنها لەوە پەشیمانم کە هەرگیز بە تەواوەتی دانم بە هێزی ڕەهایی سروشتدا نەناوە و داوای لێخۆشبوونیشم تەنیا ئاڕاستەی دژ بەو کردە شەرمەزارانەیە کە ئەنجامم داون بەهۆی ئەو هێز و خراپانەی لەناو خۆت و بە تایبەتیش لە خۆمدا بوونیان هەن، لە کاتێکدا سروشت خۆی ئەمانەی بە من بەخشی کە بۆ خزمەتی ئەو بەکاریان بهێنم. من هەندێک جار بەرهەڵستی سروشتم دەکرد، وە لە ناخی دڵمەوە لەو کردەیەم پەشیمانم. من لە لایەن مەزهەبە بێهوودەکانی ئێوەوە کوێر کرابووم لە پێناو شەڕکردن دژ بە خراپێتی ئارەزووگەلێک کە لە بنەڕەتەوە لەناو مندا شکۆفەیان داوە و ڕیشاژۆ ببوون لە لایەن هێزێک گەورەتر لە ئایین و ئیلهامبەخش ببوو  بەبێ یەزدان. ئێستا بۆ ئەمانە داوای لێخۆشبوون دەکەم. لە کاتێکدا کە توانای بەدەستگەیشتنی  شتگەلێکی زۆرم هەبوو بۆ ئەوەی چێژم پێبدەن، بەڵام تەنیا شتە بچووکەکانم هەڵدەبژارد. ئەمە هۆکارە ڕاستەقینەکەی پەشیمانبوونمە؛ تکایە لێم تێبگە و بیریش مەکەوە کە شتێکی زیاتر لێرەدا بوونی هەبێت.

قەشە: تۆ بەم بیرۆکە و هەڵانەتەوە کەوتوویتە چ ڕێگایەک! بەو شتەی پێی دەڵێن لۆژیک زۆر چەواشەکراویت! دەبێ ڕێز لە هێزی ئافرێنەرێک بگریت کە ئەو جیهانەی ئافراندووە! درک بەوە ناکەیت کە هەموو ئەو بەدبەختی و ناکامییەی  تەنگیان بە چارەنووست هەڵچنیوە لە ماهیەتدا ئەنجامی هەمان ئەو سروشتەیە کە جەنابت وەک هێزێکی ئەبەد و سازێنەر ناوت هێنا؟

پیاوەکە:  پێموایە کە بیرکردنەوە و ڕاو بۆچوونت چەشنی سەرت خاڵی و بەتاڵە. هیوادارم تۆزێک داناتر و ڕاستیتر بدوێی، ئەگینا بهێڵە با بمرم لە بێدەنگیدا. مەبەستت چییە لە “ئافرێنەر”؟ چی لە “سروشتی هەڵخەڵەتێنەر” یان ویستی ئازاد تێگەیشتوویت؟

قەشە: “ئافرێنەر” گەورەی ئەم گەردوونەیە. هەر شتێک کە ئافرێندراوە لە لایەن ئەوەوە بووە، هەموو شتێک بە دەستەکانی ئەو دروستکراون، هەموو ئەفرێندراوەکانیش کاردەستی ئەو هێزە ئەبەدییەی ئەون و بەڵگەیەکن بۆ مەزنی ئەو.

پیاوەکە: چاکە، کەوایە لە ڕاستیدا ئەکرێ پیاوێکی زۆر گەورە بێت! گەر ئەمە ڕاست بێت، پێم بڵێ بۆچی ئەو پیاوەی تۆ کە زۆر بەهێز و مەزنە لە هەمان کاتدا شتێکی ئافراندووە بە ناوی سروشتی “لادەر” کە خۆت ئاماژەت پێدا.

قەشە: دەی ئەگەر ویستی ئازاد نەبووبا، ئەوا مرۆڤەکان چ شتێکیتریان دەبوو بۆ شایستەیەتی و ژیان؟ چ شایستەیەتییەک لەو تاقیکردنەوەیەدا بوونی دەبوو، گەر لەم ژیانەی ئێستاماندا شتێک نەبا و گونجاندنێک نەبووبا بۆ جیاکردنەوەی چاکە و فەرامۆشکردنی خەراپە؟

پیاوەکە: کەواتە خوداکەت تاقیکردنەوەیەکی داناوە تاکو ئەو جیهانە لە ڕێگەی “ویست”ەوە جیاواز بکات و مرۆڤ لەخشتە بەرێت و تاقی بکاتەوە. ئایا ئەو پێشتر ئافرێندراوەکەی خۆی باش نەدەناسی؟ ئەی دەرەنجام و کۆتایییەکەشی نەدەزانی؟

قەشە: بێ شک ئافرێندراوەکانی خۆی دەناسی. بەڵام لەپاڵ ئەوەش، دەیویست بە شایستەیی و مەیلی خۆیان شتە باشەکان هەڵبژێرن.

پیاوەکە: بەڵام لەبەر چی؟ ئەو هەر لە سەرەتاوە دەیزانی کە ئافرێندراوەکانی چ شتانێک هەڵدەبژێرن و بەدوای چی دەکەون – وەک خۆت دەڵێی هێزێکی نائاسایی هەیە – هەموو شتێکیش (ئێمە) لەژێر هێزی ئەودایە، من دەڵێم هەر بە ڕاست خۆی ئەو شتانەی بۆ ئێمە هەڵبژاردووە؟

قەشە: کێ دەتوانێت لەو گرنگیی و سەرلێدەرنەکراویانەی خودا تێبگات کە بە مرۆڤی بەخشیوە؟ تەنانەت چ کەسێک هەیە لەو شتە دیارانەی بەرچاویشمان بە تەواوی بگات؟

پیاوەکە: کەسێک کە شتەکان بە سادەیی دەبینێت، بە تایبەت یەکێك کە سەیری فرەیی هۆکارەکان ناکات و لێیان ورد نابێتەوە تا دەرەنجامەکان بە نامۆیی و نەزانراوی ببینێت. تۆ بۆچی پێویستت بە قورسایی دووەم شت هەیە لە کاتێکدا ناتوانی یەکەمیان ڕوون بکەیتەوە؟ گەر ئێمە دان بەوەدا بنێین کە سروشت هەموو ئەو شتانەی درووستکردووە و ئافرێنەری ئەو شتانەیە کە تۆ خستتە پاڵ خوداکەت، بۆچی تۆ پێداگری لەسەر ئەوەی لە دەستێک و خوایەک بگەڕێیت؟ وە هۆکاری ئەوەیشی کە لەو شتانە تێناگەیت لەوانەیە سادەترین شت بێت لێرەدا. فیزیا بخوێنە و باشتر لە سروشت تێدەگەیت؛ فێربە بە سادەیی و بێ گرێ و گۆڵ بیر بکەیتەوە، ئەو هزرە بێبەڵگە و نەسەلمێندراوانە فڕێبدە و هیچ پێویستیت بەو خوایەی خۆت نابێت.

قەشە: گوناهکاری بەدبەخت! من وا تێگەیشتبووم کە هەر وەک کەسێکیت کە بیروباوەڕی مەسیحییەت قبووڵ ناکات، وامزانی وەک سوسینییەکانیت[i]. بەڵام لەودەمەوە وا ئێستا دەبینم تۆ بێباوەڕێکیت کە دڵ و ناخت بەرانبەر ئەو بەڵگە بێکۆتا و ڕەسەنانەی ڕۆژانە بوونی ئافرێنەرمان بۆ دەسەلمێنن، داخراوە. چیتر نامەوێت بەو گوتنانەم خاڵێکی تر زیاد بکەم. بینایی ناتوانرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ کەسێک کە خۆی کوێرە.

پیاوەکە: بە دڵنیاییەوە، بەڵام کەسێک کە خۆی پەڕۆی نابینایی دەدات بەسەر چاوەکانیدا و دەیبەستێتەوە، ئایا لەو کەسە کوێرتر نییە کە دەیەوێت ئەم پەڕۆیە لاببات؟ تۆ کوێرانە شتەکان دووبارە دەکەیتەوە، ئەقڵ بە درۆ دەخەیتەوە، چەندان ڕوونکردنەوە دەدەیت. لە کاتێکدا من ئەم شتانە تێکدەشکێنم بۆ ئەوەی ئاسانتریان بکەمەوە. تۆ هەڵە لەسەر هەڵە هەڵدەچنیت، بەڵام من ڕووبەڕوویان دەبمەوە، دەی ئێستا کامەمان کوێرین؟

قەشە: کەواتە تۆ بڕوات بە خودا نییە؟

پیاوەکە: نەخێر، ئەمەش لەبەر چەند شتێکی زۆر سادە: مەحاڵە باوەڕ بە شتێک بهێنیت کە تێینەگەیت. لە هەمووشتێکدا دەبێت هاوسەنگییەکی بەرچاو و دیار بوونی هەبێت لەنێوان تێگەیشتن و باوەڕدا. تێگەیشتن دۆخێکی سەرەتایی باوەڕە. کاتێک هیچ تێگەیشتنێک نەبێت، ئەوا هەر زوو باوەڕ دەمرێت و لەرزۆک دەبێت وە ئەوانەیشی تێناگەن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە باوەڕیان هەیە ئەوا دووڕوون و ڕاست ناکەن. لەبەر ئەوە من دژ بەو قسەیەت دەوەستمەوە کە دەڵێیت بڕوام بە خوادایەک هەیە کە ڕێگەمان پێدەدات مۆسیقا بژەنین، چونکە تۆ نە دەتوانی بوونی ئەو دەرخەی و پیشانی بدەیت و نە توانستی ئەوەشت هەیە پێناسی سروشتی ئەو خودایە بکەیت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە خودی خۆت لەو خوایە تێنەگەیشتوویت و تا لەوەش تێنەگەیت ناتوانیت بێی لە تەکم ئامادەییت هەبێت و بە ئاڕگیۆمێنتی دانایییانە قسەم لەگەڵ بکەی. یان با بڵێین بە شێوەیەکی تر، هەر شتێک کە لەودیو سنووری ئەقڵی مرۆڤە، ئەوا یان وەهمە یان نموونەیەکی زیاد-لە خۆ-گەورەکراوە، لەم نێوەندەشدا خوداکەت هەر کام لە یەکەم(وەهم)یان بێت یان دووەم(زیاد-لە خۆ-گەورەکراوە)یان بێت، ئەوا پێویستە من ببم بە شێتێک کە بڕوا بە یەکەمیان بهێنم و وە گەمژە و نەفامیش بم گەر بڕوا بە دووەمیان بهێنم. بۆم بسەلمێنە کە شت نەجووڵاو و بەرزەفت نەکراوە، ئەوا منیش پێت دەڵێم ئافرێنەر. پێم بڵێ خودی سروشت بۆ خۆی بەس نییە، وە منیش زۆر خۆشنوودانە پێت دەڵێم مادام کە وایە، ئەوا پێویستە ئافرێنەرێکی هەبێت و پێی بدەین. بەڵام تاکو دەتوانی ئەوە بکەیت، من یەک ئینچیش لاری و پاشگەزبوونەوە نانوێنم. من تەنها بە بەڵگە ڕازی دەبم، وە بەڵگەش تەنیا بە هەست و هەستەوەرەکانمان دەسەلمێندرێن، گەر بەڵگەکە ڕۆیشتە ئەودیو سنووری هەستەکانمان، هێزی ئەوەم نابێت باوەڕی پێ بهێنم. بڕوام بە خۆر هەیە چونکە دەتوانم بیبینم. من ئەوە وەک نێوەند و چەقی سروشت دەبینم کە گشت ئەو شتانەی شیاوی سووتاندنن و سووتێنەرن، کۆدەبنەوە لە تەک یەک. ئەمانە خۆشحاڵم دەکەن بەڵام هەرگیز سەراسیمە و چاوداپچڕیویان نەکردووم. ئەمە دیاردەی فیزیایە. چەشنی ڕوودانی هەورەتریشقەیەکە، کە خۆی شتێک نییە تا وامان لێبکات پێوەی وێڵبین و تێیبگەین. پێویست دەکات زیاتر بڵێم؟ دەتوانی خوای خۆت دروستبکەیت و لە سەرووی هەموو ئەو دیاردە و شتگەلانە دایبنێیت، بەڵام ئایا ئەمە بەرەو پنتێکی دوورتر و بەرەو پێشترم دەبات؟ ئایا پێویست ناکات بەشێوەیەکی هاوسەنگ و بێ جیاوازی لە کرێکارێک تێبگەم و بۆ کارەکەیشی بەهەمان شێوە؟ وەک ئەوەی دەیبینم، تۆ هیچ یارمەتیێکی ئەوهات نەدام بە دروستکردنی ئەو وەهمەی خۆت. خۆت شپرزە و ماندوو کرد، بەڵام هزری منت ڕۆشن نەکردەوە، هەر لەبەر ئەوە جگە لە ڕق و کینە، بە هیچ شتێکیتر قەرزارت نیم. خوداکەت ماشێنێکی دروستکراوی خەیاڵەکانتە کە دروستتکردووە بۆ خزمەت بە مەرامە کەسیییەکانی خۆت، بەمشێوەیە بەپێی ڕا و بۆچوونتان شتی دەدەنە پاڵ. بەڵام دەبێت ئەوە ببینیت کە ئێستاکە ئەو هزر و قسانەت هەمووی فڕێدەدەم چونکە بە ڕاستی ئەوەی بەدوایدا وێڵبووم و دەمویست، پێت نەگووتم، هیچ شانسێکی ترت بۆ هێشتمەوە؟ لە ئێستادا، ئەو ڕۆحە لاواز و بێهێزەم تەنیا پێویستی بە ئاشتیی و فەلسەفە هەیە: بۆچی کۆمەڵە ئارگۆمێنتێکی فێڵاوی بەکاردەهێنی کە ئەمانترسێنێت؟ لەوانەشە قسەکانت شتەکان شپرزە بکات، بەڵام ناواخن و چیەتییان ناگۆڕێت. ڕۆحم بەو شێوەیەیە کە سروشت دەیەوێت، ئەمەش گرنگێتیی ئەو بەشانە دەردەخات کە سروشت پێی باشە و لە منی چاندوون بە هاوتایی مەبەست و پێداویستییەکانی. ئێستا لەوەتەی سروشت هەیە، چەند پێویستی بە خراپە هەبووە ئەوەندەش پێویستی بە باشە هەیە، ئەویش منی بەرەو ئاڕاستەی یەکەم برد، چونکە پێیوابوو ئەمە گونجاوەکەیە، وە کاتێکیش پێویستی بە دووەم هەبوو، منی بە کۆمەڵە ئارەزووێک بارگاوی کرد، کە ڕاستەوڕاست قبووڵم کردن و شوێنیان کەوتم بەبێ دوودڵی. سەبارەت بە هۆکاری ناتەبایی و دژیەکی ئێمەی مرۆڤیش لە هەمبەر یەکتری، لەبری ڕێسای سروشت و تێگەیشتن لێیان، بۆ هیچ شتێکیتر مەگەڕێ. ئەگەر بشتەوێ ئەو کەتوارەی سروشت ڕوونبکەیتەوە، ئەوا سەیری سەرووتر لە خۆی و پێداویستییەکانی مەکە.

قەشە: کەواتە هەموو شتێکی ئەم جیهانە پێویستییە؟

پیاوەکە: بەدڵنیاییەوە.

قەشە: باشە گەر هەمووی پێویستیی بێت، دەبێت هێزێکیش بەسەر ئەم هەموو شتە پێویستییەوە هەبێت؟

پیاوەکە: کێ گوتوویەتی کە نییە؟

قەشە: بەڵام گەر ئەو دەستە زێدە بەهێز و لێزانانە نەبن، چ شتێک و چ کەسێک توانای ئافراندنی ئەو هێزانەی هەیە؟

پیاوەکە: هەر باروت نییە بە سروشتی (جەبر) دەتەقێتەوە کاتێک بەهۆی ئاگرەوە هەڵدەگیرسێ؟

قەشە: بەڵێ.

پیاوەکە: دەی باشە دانایی و لێزانیی ئەمە لە کوێدایە؟

قەشە: هیچ دانایێک لێرەدا نییە.

پیاوەکە: دەوجا بزانە، ئەکرێ و شتێکی گونجاوە کە شتگەلێگ بوونیان هەبێت و پێویستییێک بن و لە هەمان کاتیشدا بەشێوەیەکی دانایانە دروستنەکرابن، وە ئەمەش ئەو بیرۆکەیە بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە بەتەواوی دەشێ هەموو شتێک لە بەراییترین هۆکارەوە هاتبێت وە لەم هۆکارەشدا نە لۆژیک بوونی هەبووبێت وە نە داناییش.

قەشە: ئەتەوێ بەرەو کوێ بڕۆی؟

پیاوەکە: دەمەوێ ئەوەت بۆ بسەلمێنم ئەکرێ هەموو شتێک کە هەیە هەر ئەوەبێت و ئەوەی ئەشیبینی هەر ئەمەیە، بەبێ ئەوەی هۆکارگەلێکی ئەقڵانی و مەبەستداری بۆ ڕیزکەی؛ ئەو دەرەنجامە سروشتیانە بەهۆی هۆکارگەلی سروشتییەوە دروستبوونە، وە تا ئەمانەش بەڵگەبن، پێویست بەوە ناکات بڕۆی بەدوای ڕەسەنێتی هێزێکی سەرو-سروشت بگەڕێین و ئەو هێز و هۆکارەی بدەینە پاڵ کەسێکی وەک خوداکەت، کە پێشووتریش هێندەی تێبینیم کردبێت، داوای ڕوونکردەوەمان سەبارەت بە شتەکان لێدەکات, لە کاتێکدا خۆی ئامادەیی ئەوەی نییە هیچمان بۆ ڕوونبکاتەوە؛ هەر لەبەر ئەمەشە دواجار خودا وەک بکەرمەندێک شێوەی وەرگرتووە کە خزمەتی بە هیچ مەرامێکی سوودبەخش نەکردووە، لەم ڕەوشەدا تەواو ئامادەنەبوو و زیادەشە؛ وە کاتێکیش کە شتێک گرنگی و چییەتی نەمينێ و زیادەبێت، ئەوا بەهایشی نامێنێت، وە کاتێک کە بەهاشی نەما، ئەوا دەبێت بە “هیچ”، کەواتە بۆ قەناعەتپێهێنانی خۆم کە ئەو خودایەی تۆ جگە لە وەهمێک هیچی تر نییە، جگە لەو قسە و ئەرگومێنتانەی خۆم کە پێم وایە <خودا خزمەتی بە هیچ شتێک نەکردووە و سوودی نەبووە> کە بەهۆی مەعریفەوە بەدەستمهێناون، پێویستم بە هیچی تر نییە.

قەشە: گەر ئەمە هەڵوێست و باوەڕت بێت، پێموانییە هیچ هۆکارێکی تر لێرە هەبێت کە سەبارەت بە ئایین گفتوگۆت لەگەڵ بکەم.

پیاوەکە: ئەسڵەن بۆ ئەیکەی؟ هیچ شتێک لای من لەوە گاڵتەئامێزتر نییە کاتێک دەبینم خەڵکی چۆن خۆیان لەناو پانتاییەکی خەیاڵیی و گەمژەیی نقووم دەکەن لەناو ئاییندا (بەهۆی ئایینەوە) — وە ڕەفتارگەلی ئاوا قێزەون کە دەبنە سەرچاوەی زنجیرەیەک کردەی ناشرین، سەرەڕای قێزەونێتیشیان، بۆ من، هەمیشە جێی پرسیار و بیرکردنەوە بوونە و منیان کپکردووە لە قسە کردن. ئەم وەڵامەم بە ڕاشکاوی بدەرەوە، وە پێش هەموو شتێکیش، با وەڵامەکەت خودیی نەبێت و خۆ-دڵخوازانە وەڵام مەدەرەوە! گەر من کەسێکی ئەوەندە لاوازبام و ئاسانانە ڕێگەم دابا باوەڕم پێبهێنن بەو مەزهەبە گاڵتەجاڕ و گەمژانەتان کە بەشێوەیەکی زۆر مەزن هەوڵی هەبوونی بوونێک دەسەلمێنن کە ئایینی کردووەتە پێویستی و بنەڕەتێک، ئەوا چ شێوە یان چ مەزهەبێکت پیشان دەدام و ئامۆژگاریت دەکردم بۆ چوونە ناوی؟ ئایا ڕێنوێنیت دەکردم بۆ هزر و نموونە باڵا و نامۆکانی کۆنفۆشیۆس یان پووچێتییەکەی بڕاهما؟ یان پێویستە لە بەرانبەر مارە گەورەکەی نیگرۆ بچەمێمەوە، یانیش مانگ و ئەستێرەکانی خەڵکە کاسۆلیکەکانی پێڕۆ، یان خودای سووپاکەی موسا؟ کامە گروپ و خێڵی موحەممەدت پێ باشە تا بچمە پاڵیان؟ کامە مەزهەبی مەسیحیەتت پێ لە گشتیان باشترە؟ بە وردی و هۆشیاریییەوە بیربکەرەوە پێش ئەوەی وەڵامم بدەیتەوە.

قەشە: دەکرێت هیچ گومانێک لە پشت ئەو وەڵامانەی منەوە هەبێت؟

پیاوەکە: دەی بەڵام ئەمە وەڵامێکی خود-ویستانەیە.

قەشە: بەتەواوی نا، بەپێی ئامۆژگاری باوەڕەکەی من بێت، هێندەی خۆم تۆم خۆشدەوێ.

پیاوەکە: تۆ بەم گوتنە هەڵانەتەوە، ئەو تۆزقاڵە خۆشەویستییەش کەمتر دەکەیتەوە.

قەشە: بەڵام چ کەسێک ئەکرێ ئەوەندە کوێر بێت بەرانبەر پەرجووەکانی یەزدانی ڕزگارکەرمان؟

پیاوەکە: کەسێک کە زۆر بە باشی ئەو یەزدانە بناسێت، وە وەک هەڵخەڵەتێنەرترین کەس و قێزەوەنترین فێڵ-ئافرێنەر سەیری بکات.

قەشە: ئەی خودا، تۆ گوێت لە هەموو شتێکە و هێشتاش بێدەنگیت هەڵبژاردووە، بۆچی بەو دەنگە پڕ هێز و بروسکەئاسایەت قسە ناکەیت!

پیاوەکە: بێگومان دەنگی نییە، هیچ دەنگێکی ئەو خوایەت نییە و نابیسترێت، چونکە ناتوانێت بێتە دەنگ یان لەبەرئەوەی زۆر زرنگ و وردە یاخود هەر هۆکارێکی تر کە تۆ پێت باشە بۆ سەلماندنی بوونێك کە من بە “ئاکار” ئاماژەی پێ ئەکەم. یان گەر هۆکارێکی ترت پێ باش بێت و هاوتا بێت لەگەڵ بیرو باوەڕت. هیچ کەس قسە ناکات، گەر ئەو خودایەی تۆ باوەڕت پێی هەیە و بوونی هەبێت، ئەوا خۆی هەوڵی ڕازیکردنمان نادات بە ڕێگاگەلێکی گەمژانە و گاڵتەجاڕ وەک ئەوەی عیساکەت ئەنجامیدا.

قەشە: ئەی چی دەربارەی پێغەمبەران؟ موعجیزەکان، شەهیدەکان؟ ئایا ئەمانە گشتیان بەڵگە نین؟

پیاوەکە: بەمشێوەیە و زۆر بە سادەیی، دەتەوێت سەلماندنی شتێك قبووڵ بکەم کە خۆی هێشتا نەسەلمێندراوە؟ چۆن بڕوا بە بەڵگەیەک بکەم کە خۆی پێویستی بە بەڵگە هەیە؟ بۆ باوەڕهێنانیش بە بوونی پەیامبەران، ئەوا پێویستە تەواو دڵنیابم لەو شتانەیان کە خەڵکی دەربارەیان دەڵێن. لەو کاتەوەی پەیامبەران بوونەتە بەشێکی مێژوو، هیچ هێز و کاریگەریێکیان بەسەر منەوە نەبووە، تەنها وەک ڕاستییە مێژوویییەکانی دیکە لێم ڕوانیوون، کە ئەوانیش سێیەکیان گومانیان لەسەرە دەربارەی ڕاستی و ڕوودانیان. ئەگەر ڕەچاوی هەندێک شتی دیکەش بکەم، وەک ئەوەی ئەو زانیارییەی لە لایەن مێژوونووسانەوە نووسراون، بەپێی مەبەست و بەرژەوەندی کەسیی خۆیان نووسیویانە، ئەوا ئەو کات بەتەواوی مافی ئەوەم هەیە لە هەمووشتێکیان بەگومان بم. پاشان، کێ دەتوانێ لەوە خاترجەمم بکاتەوە کە پەیامبەرێتی دوای ڕووداوەکان ڕووینەداوە؟ تەنها بۆ شلۆقنەکردنی دۆخی دەسەڵات و بەرژەوەندی، وەک ئەو قسانەی “ساتە خۆشەکان لەژێر سێبەری پاشایەکی دادوەرەوەیە” یان “ئەو زستانە سارد دەبێت”. کەواتە گەر شتەکان بەم شێوەیە بن، ئەوا چۆن پەیامبەران، کە خۆیان پێویستیان بە سەلماندن هەیە، دەسەلمێندرێن؟ وە کاتێکیش باس لە پەرجوو دەکەن، ئەوا وەک پەیامبەر و پێشگۆیییەکانیان لێی دەڕوانم و هیچیتر. ساختەچی و فێڵبازەکان باس لە پەرجوو دەکەن، وە بەداخەوە گەمژەکانیش بڕوایان پێدەکەن. بۆ تەواو دڵنیابوون لە هەبوونی پەرجوو، ئەوا دەبێت تەواو دڵنیابین لەوەی کە ئەو ڕووداوانەی ڕوویانداوە کە تۆ پێی دەڵێیت پەرجوو، بە پێچەوانەی یاسای سروشتەوە بووبن، چونکە تەنها ئەو شتانەی لە یاسای سروشت لادەدەن پێیان دەگوترێت پەرجوو. جا لێرەش کێ بەتەواوی و وردی لەبارەی دەستپێک و کۆتایی سروشت دەزانێ؟ کێ لە هەموو یاساکانی گەیشتووە؟ بۆ ئەوەی بە شتێک بڵێی پەرجوو، هەموو ئەوەی پێویستە بریتییە لە کەسێکی فێڵباز و کۆمەڵە خەڵکێکی گەوج، یەکیان فێڵ دەکات و بانگەشە دەکات، ئەوانی تریش بڕوا دەهێنن. هیچ شتێک و ڕوونکردنەوەیەکی تر لێرەدا نییە بۆ گەڕان بەدوای ڕەسەنێتی پەرجوو. بەدرێژایی مێژوو، ئەوانەی ویستوویانە ئایین و مەزهەبی نوێ دابنێن هەمیشە بەدوای دروستکردنی پەرجوو بوونە لە ئەندێشەی خەڵکدا، وە زۆر بە باشیش کۆمەڵە گەوجێک هەبوونە و بڕوایان بەم گاڵتەجاڕییە هێناوە. عیساکەی تۆ شتێکی زیاتری لە ئاپۆلۆنیۆسی تایانا ئەنجام نەدا، کەچی هەرگیزیش بە مێشکی هیچ کەسێکدا نەهاتبوو کە بە ئاپۆلۆنیۆ بڵێن “خودا”. سەبارەت بە شەهیدەکانیش یان ئەوانەی بەهۆی بیروبۆچوونی ئێوەوە کوژراون، ئەوا بەڵگەیەکی لاواز و لەرزۆکە بۆ سەلماندن. سۆزێکی بەهێز و سەرگەرمی و کەلەڕەقیی بەسن بۆ دروستکردنی “شەهید” وە گەر کۆمەڵەیەکی دی هاتن و هەروەك ئێوە خەڵکیان فریودا و شەهیدیان کرد، ئەوا هەردووکتان لای من وەک یەکن و جیاوازیتان نابێت، هەردووکتان ناتەواو و هەڵەن. هاوڕێی ئازیزم، گەر ئەو قسەیە ڕاستبا کە ئەو خودایەی وا تۆ بانگەشەی بۆ ئەکەی بوونی هەیە، ئایا پێویستی بە پەرجوو، شەهید و پەیامبەر دەبوو بۆ بنیاتنانی شانشینەکەی خۆی؟ یان ئەگەر وەک ئەوەی تۆ ئەیڵێیت گەر ناخی مرۆڤ شوێنی شتە مەبەستدارەکانی تایبەت بە خودایە کە دروستی کردوون، ئەوا ناخی خۆمان خۆی نەدەبووە لانەی ئەو شتانە؟ خۆی نەدەبووە بەربەست بەرانبەر ئارەزووەکان؟ گەر ئەم یاسا و ڕێسا دادپەروەرە لای خودایەک هەبایە، ئەوا لە هەموو شوێنێک و کەسێک و شتێکدا بوونی دەبوو. ئەوکات هەموو مرۆڤێک خاوەن یەک و بیروڕا تیڕوانین دەبوودە ربارەی خودایەک کە توانای بە ئێمە بەخشیوە. ئەوکات هەموویان پێکەوە یەک خودایان خۆشدەویست، هەموویان بە سۆزەوە خزمەتیان دەکرد، وە شتێکی مەحاڵیش دەبوو گەر لە پەرستش و ڕێسای ئەو لایان دابا چون وەک ئەوە دەبوو کە ڕێسای ئافرێنەرەکەیان ڕەتبکەنەوە. بەڵام لەبری ئەمانە، چیم دۆزییەوە بە درێژایی ئەم جیهانە؟ هەر گروپە و خودایەك، وە هەر خودایەک و پەرستنێک، هێندەی فراوانی خەیاڵی خەڵک ڕێگەی پەرستن هەیە. تۆ پێتوایە ئەو هەموو ڕێگە و بیرە جیاوازانە کە من خۆیشم ناتوانم لێکیان جودا بکەمەوە، تەنها دروستکراوی یەک خودایە؟ نەخێر جەنابی قەشە. تۆ بەم شێوازە زیاتر ئازاری خوداکەی خۆت دەدەیت، بەم پیشاندانەت. بهێڵە با بە تەواوی نکۆڵی لە بوونی بکەم، بە هەموو شێوەیەك. گەر هەر بە ڕاستیش ئەو خوایە بوونی هەبێت، ئەوا ئێستا هێندەی بە گوتنە گەمژانەییەکانی تۆوە بێئومێد و لێوبەبارە، هێندە بە بێباوەڕیی من غەمبار نییە. سەیرکە جەنابی قەشە! عیساکەت باشتر نەبوو لە محەممەد، محەممەدیش باشتر نەبوو لە موسا، وە هەرسێکیشیان بە ئەندازەی کۆنفۆشیۆس باش و باڵا نەبوون، چونکە هەرچۆنبێت، کۆنفۆشیۆس ژمارەیەك بنەمای زۆر گرنگی داڕشتووە بۆ ژیان لە کاتێکدا سیانەکەی تر هیچیان نەکرد جگە لە قسەی پووچ. خۆیان و هاوشێوەی خۆیان فێڵباز و ساختەکارن، لای مرۆڤی ژیر و زرنگیش ئەمانە گەمژەن، بەڵام لای جەماوەریش جێی متمانەن، وە بێ شک دەبێت ئەمانە ڕووبەڕووی سزا ببنەوە.

قەشە: بەداخەوە ئەمە تەنیا بۆ یەکێکیان ڕاستە.

پیاوەکە: بەڵێ، بۆ ئەوەیان کە لە گشتیان زیاتر شایەنییەتی. ئەو (عیسا)یە کەسێکی سەر بە کێشە بوو، بووە هۆکاری چەندان کێشە، بە خراپی دەجووڵایەوە، وە زۆر بە خراپی شتەکانی ئەنجام دەدا. خۆیشی کەسێکی باش نەبوو، وە کردەکانیشی زۆر ترسناک بوون. ئەو بەتەواوی دەیزانی کە چۆن خەڵکی هەڵبخەڵەتێنێت و گەمژەیان بکات، کە ئەمە بەتەواوی کارێکی خراپ و هەڵە بوو لە شانشینی ئۆرشەلیمی ئەوکات. بەهۆی ئەو کارە قێزەوەنانەیەوە ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی لەو چەشنە بووەوە و شایەنی سزاکەی بوو. لابردنی ئەو کارێکی زۆر باش و دادوەرانە بوو. پێموایە ئەمە یەکەمجار بوو کە یاسایێکی توندی لەو جۆرەم پێ گونجاو بووبێت بەرانبەر بە بوونەوەرێک، هەروەک چۆن “تێمیس” (خوداوەندی داد و ئاشتی لە ئەفسانەی یۆناندا) لە پێناو سەقامگیری و ئاشتی و یەکسانی دێتە وەڵام. ئەگینا من زۆر ئارام و بە سۆزم بەرانبەر توندوتیژی، من هەموو هەڵە و تاوانەکان لەبیر دەکەم، جگە لەو هەڵانەی کە کێشە بۆ سیستەم و ئارامی دەسەڵات دروست دەکەن. من بە تەواوی ڕێز لە پاشا و دەسەڵاتەکەیان دەگرم. بەڵام هەر خەڵکێكیش وڵاتەکەی خۆی خۆشنەویست، ئەوا پاشاکەیان شایستەی ژیان و زیندوومانەوە نییە.

قەشە: بەڵام ئەی تۆ پێتوانییە دوای ئەم ژیانە شتێکی تر هەبێت؟ زۆر زەحمەتە هزرت بەوەدا بشکێتەوە کە دوای ئەم ژیانەش داهاتووێکی تر بوونی هەیە، مەبەستم ئەوەیە زۆر ئاساییە کە بیر لە ژیانی دوای ئەم ژیانەمان بکەینەوە باشە؟ بیرکردنەوە لە ژیانێك کە سزایێکی ئازاردەری بۆ ئەوانە هەبێت کە خراپەیان کردووە و بە خراپی ژیاون، وە پاداشتێکی جاویدانی و مەزنیش بۆ ئەوانەی بە باشی و پاکی ژیاون، هەرگیز هیچ چەمک و بیرکردنەوەیەک لەوە باشتر و بە ماناتر هەیە بۆ بیرلێکردنەوە، ئایا لەوە باشترت بینیوە ؟

پیاوەکە: بەڵێ هاوڕێی ئازیزم، ئەویش چەمکی “هیچ”ە! ئەو چەمکە هەرگیز نەبووە هۆی ترساندنم، بەڵکوو ئاسوودەبەخشی کردووم و زۆر ڕاستگۆیانەیە. هەموو وەڵامەکانی تر وەک ئەوانەی پاداشت و سزا کاردەست و دروستکراوی خۆبەزلزانی و ساختەکارێتی پیاوە ئایینییەکانە. بەڵام ئەو چەمکی “هیچ”ە دەرەنجامی بیرکردنەوە و تێڕوانینی ئاقڵمەندانەی خۆم بووە لە ژیان. بەهەرحاڵ، “هیچێتیی” نە ترسناکە و نە ڕەهاشە. ئەرێ ئەوە هەر پڕۆسە بێکۆتاکەی سروشت نییە کە هەمیشە خۆی دووبارە نوێ دەکاتەوە و شتگەل دەئافرێنێتەوە؟ ناتوانم ئەوە ببینم؟ هیچشتێک نامرێت، هیچشتێك لەسەر ئەم زەویە لەناو ناچێت. ئەمڕۆ پیاوێك، بەیانی کرمێك، دوو بەیانی باڵندەیەك؛ ئەمە گەر بەڵگەی ئەبەدیی و بێکۆتایی ژیان نەبێت ئەی چییە؟ بۆچی و چۆن تۆ پێتوایە پێویستە پاداشت بکرێم بەهۆی چەند کردە و باوەڕێکەوە کە خۆم خاوەنیان نیم و توانستی منیانی تیا نییە وەک “باشبوون” و “پاکیەتیی”، وە سزاش بدرێم بەهۆی چەند شتێکەوە کە توانای کۆنتڕۆڵ کردنیانم نەبووە وەک “ئەنجامدانی تاوان” و “شوێنکەوتن بەدوای ئارەزوو”، ئەمە هەرگیز شتێکی دادوەرانە نییە ئەی وانییە؟ چۆن دەیسەلمێنی خوداکەت باشە لە کاتێکدا ئەو چەمک و تێهزرینە گومان لەسەر باشێتییەکەی دروستدەکات؟ یانی تەنیا لەبەر چێژوەرگرتن لە ئازاردانی من، منی دروستکردووە؟ وە سزاشم دەدات بەس بەهۆی ئەوەی بە هەڵە شتگەلم هەڵبژاردووە؟ لە هەمان کاتدا ویست و هەڵبژاردنی ئازادیشی لە من وەرگرتووەتەوە؟

قەشە: بەڵام تۆ ئازادیت لە هەڵبژاردنیان.

پیاوەکە: ڕاستە گەر بە ڕووکەشیانە بڕوانی ئەوا ئازادم، بەڵام ئەوە تەنیا کاتێک ڕاستە کە دەتانەويت بەو بیر و باوەڕەتانەوە دادگاییم بکەن، بەڵام گەر بە وردی بیری لێبکەیتەوە ئازاد نیم. چەمک و بیرۆکەی “ویستی ئازاد” دروستکراوە تەنیا بۆ یارمەتیدانی شکۆی ئایین، دەتانەوێت بەو چەمکە مانایەك بەو باوەڕە پووچانەتان بدەن. هیچ مرۆڤێك هەیە کە ڕێگای خۆپاراستن لە تاوانی زانیبێت و هێشتا سووربێت لە ئەنجامدانی تاوان و ئەنجامیشی بدات؟ گەر خەڵکی توانای خۆپاراستن و فەرامۆشکردنی خراپەیان هەیە، ئەی بۆچی خراپە هەڵدەبژێرن و ئەنجامی دەدەن؟ ئێمە لە لایەن هێزێکەوە ئاڕاستە دەکرێین و توانای ڕووبەڕوو بوونەوە و لادانمان لە بەرانبەری نییە، هیچ هەڵبژاردەیەکمان پێنادات، تەنها لەسەر هەمان ڕەوگەین و بە ناچاری هەنگاو دەنێین، بەبێ هیچ هەلێکیش بۆ گۆڕانکاری، تەنانەت توانستی یەک چرکەشمان نییە بۆ لادان لەو هێزە. سروشت تەنها ئەو چاکانە دەبینێت کە خزمەت بە مەبەستەکەی دەکەن، وە بە هەمان شێوە، هیچ خراپەیەکیش نییە کە سروشت مەبەست و هۆکاری بۆ دانەنێت. هەموو شتێك لە خزمەتکردنێکی جەبریی دایە لەژێر فەرمانی “سروشت”. کارزانیی و باشیەتی سروشت لەوەدایە کە هاوسەنگییەکی لەنێوان چاکە و خراپە داناوە و ڕیشاژۆی کردووە. بەڵام ئەکرێت ئێمە بە تاوانبار دابنرێین لەکاتێکدا ئەو ئێمەی لەسەر ئاڕاستەیەک داناوە و جەبراندوویەتی بەوەی لەسەری بەردەوامبین؟ چەشنی زەردەواڵەیەک کە کونێکت لێ دەکاتەوە و پێوەت دەدات.

قەشە: کەواتە ئەمە مانای ئەوەیە قێزەوەنترین تاوانەکانیش نابنە مایەی ترساندنمان؟

پیاوەکە: من ئەوەم نەگووت. کاتێك یاسا دێتە دەنگ وە دادپەروەریش سزا دەبەخشێتە خراپە، ئەمە بەسە بۆ ئەوەی وامان لێبکات حەز بە کردەی خراپە نەکەین و خۆمانی لێ بپارێزین. بەڵام، بەداخەوە، نابێت دوای ئەم کردە هەڵانە هەست بە پەشیمانیێکی بێکۆتا و بێمەبەست لە هەڵەکانمان بکەین، پێویستە ئەوەی ڕوویداوە قبووڵی بکەین و لە پەشیمانیدا نەژین. پەشیمانی بێسوودە، چونکە لە ئەنجامدانی خراپە نامانوەستێنێت، وە نادروستیشە چونکە ناتوانێت هەڵەکان ڕاست کاتەوە. شتێکی گەوجانەیە کە خۆمان بدەینە دەست “پەشیمانی”، وە گەوجانەتریشە کاتێك ترس بۆ خۆمان دروستدەکەین لەوەی کە دوای ئەم ژیانە سزا دەدرێین لەکاتێکدا لەم ژیانە توانیومانە لەبیری بکەین و بیری لێنەکەینەوە. پێویست ناکات لە ڕوودانی شتێك بترسین کە ڕوونادات. بەهیچ شێوەیەك نامەوێت کەس بەم گوتنانەم وا بیربکاتەوە کە من هانی کردەی تاوانکاری دەدەم و لەگەڵ ئەنجامدانیانم! بە دڵنیاییەوە دەبێت هەموو شتێك بکەین و بتوانین خۆمان لە خراپە دوورخەینەوە- بەڵام پێویستە لە ڕێگەی بیرکردنەوە و لۆژیکەوە ڕەتیکەینەوە نەک لەڕێگەی هەستکردن بە ترسێکی بێ هۆکار و بێ مەبەست کە بەرەو هیچ پنتێکمان نابات، وە ئەم کاریگەرییانە کار لە کەسێک ناکات کە بە هۆشیاری بیرکردنەوە بەکاردێنێت. بەڵێ “بیرکردنەوە”. تەنیا بیرکردنەوەیێکی عەقڵانی دەتوانێ لەوە ئاگادارمان بکاتەوە کە ئەنجامدانی کردەی خراپە بەرانبەر ئەوانی تر نابێتە مایەی خۆشحاڵیی و ئاسوودەییمان، وە پێویستە دڵ و دەروونمان وامان لێبکات کە دڵخۆشکردنی ئەوانی تر گەورەترین چێژێکە سروشت بە ئێمەی بەخشیوە. کۆی ئاکاری مرۆڤایەتی لەم چەند وشەیە پێکدێت: هەوڵی دڵخۆشکردنی خەڵك بدە بە هەمان ئەو شێوەیەی پێت باشە وا دڵخۆش بکرێیت. وە کارێکیش بەرانبەر هیچ کەس ئەنجام مەدە کە خۆت ناتەوێ هیچکەس بەرانبەرت هەمان کار ئەنجام بدات. هاوەڵی ئازیزم، ئەوانە تاکە بنەمان کە پێویستە شوێنیان بکەوین. هیچ پێویستیش بە خودا و ئایین ناکات تا لەو بنەمایانە تێبگەیت: ئەوەی بۆ تێگەیشتن لێیان پێویستە تەنیا دڵێکی میهرەبانە. ئەی پیاوی ئایینی، هەستدەکەم ئیتر ناتوانم بەردەوام بم، وا خەریکە هێزم تیا نامێنێت. واز لە دەمارگیری و چەقبەستوویی بێنە، مرۆڤبە، میهرەبانبە، خۆت وابەستەی هیچ ترس و هیوایێك مەکە. واز لە خودا و ئایین بهێنە کە خزمەتیان بە هیچ شتێك نەکردووە جگە لە خستنی شمشێر نەبێت بۆ ناو دەستی مرۆڤەکان ئەویش بۆ کوشتن و لەناوبردنی یەکتر. تەنیا ناوی ئەو خودا ترسناك و تۆقێنەرانە لەگەڵ باوەڕەکانیان بە ئەندازەیەك جەنگیان ناوەتەوە و خوێنیان ڕشتووە کە گەورەتر بووە لە هەموو جەنگ و کارەساتەکانی تری سەر زەوی. واز لە بیرکردنەوەش سەبارەت بە جیهانی دواتر بهێنە، چونکە هیچ شتێك بوونی نییە. بەڵام هەرگیز واز لە چێژ مەهێنە کە خۆشنوودیی بۆ خۆت و ئەوانی تر دەهێنێت. ئەوە تاکە ڕێگایە سروشت بە مرۆڤی بەخشیوە تاکوو توانا و مانای ژیانکردنمان لا زیاتر بکات. هاوڕێی ئازیزم، چێژ و ئارەزوو گەورەترین گەنجینەن کە تا ئێستا خاوەنیان بوومە. بەدرێژایی ژیانم نموونە و ڕەمزەکانیانم لا خۆشەویست بوون و بیرم لێیان کردووەتەوە و جێی ڕێزلێگرتن بوون، دەمەوێت ساتەکانی کۆتاییشم لە ئامێز و ئاسوودەیی چێژ و ئارەزوودا بەسەر بەرم. لەو ژوورەی تەنیشتم شەش ئافرەتی زۆر جوانی لێیە، جوانتر و درەوشاوەترن لە تیرێژی ڕۆژ. هەموویانم بۆ ئەو ساتە هەڵگرتبوو. بچۆ ئەوەی دڵخوازتە هەڵیبژێرە و لە ئامێزی سنگیان ئاسوودەیی وەدەست بخە، وەک خۆم واز لە بیروباوەڕی پووچ بهێنە، خۆتبە، چیتر خۆت وەک کەسێکیش دەرمەخە کە بەڕاستی خۆت نەبیت و دووڕوو دەرکەویت.

*********

پیاوەکە بانگی ئافرەتەکانی کرد، ئافرەتەکانیش هاتنە ژوورەوە، وە لە ئامێزی ئافرەتەکاندا قەشەکە گۆڕدرا، گۆڕدرا بەهۆی سروشت، سروشتی لادەر، چونکە نەیتوانی ڕوونیبکاتەوە مەبەست چییە لە “سروشتی لادەر”.


[i] مەزهەبی سۆسینیزم بیرۆکەی دوو کەسی ئیتاڵی دژە باو بوو بەناوی لێڵیۆس سۆسینۆس (١٥٢٥-١٥٦٢) و کوڕبراکەی بەناوی فاوستس. دواتر وەک مەزهەبێكی جیاوازی کریستیانی لێهات، کە سیانەی مەسیحیەت (باوک، کوڕ ڕۆحی پیرۆز)، قوربانیکردن، و هەرشتێک کە ئەقڵانیەت قبووڵی نەکات ڕەتدەکاتەوە، پێیانوایە عیسا هەرگیز بانگەشەی بوونی خۆی وەک خوایەک، نەکردووە.

سەرچاوە

https://www.google.com/url?sa=t&rct=j&q=&esrc=s&source=web&cd=&cad=rja&uact=8&ved=2ahUKEwjpq5G7l92DAxWz9rsIHd6JAuEQFnoECAkQAQ&url=https%3A%2F%2Feupraxsofia.files.wordpress.com%2F2008%2F01%2Fmarquis-de-sade-dialog-between-a-priest-and-a-dying-man.pdf&usg=AOvVaw1pICQKP2-_NDgNANL5kwGQ&opi=89978449