رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وتووێژ لەگەڵ  دکتۆر بورهان أ. یاسین

Facebook
Twitter
LinkedIn

لە هەڵکەوتی سەد ساڵەی پەیماننامەی (لۆزان)

پ١- با سەرەتا لەسەر ڕێککەوتنامەی سیڤەر پرسیار بکەین، لە سیڤەردا ڕێککەوتن هەبوو کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا قەوارەیەکی سیاسی بۆ  کورد دابمەزرێنرێ، بۆچی ئەو قەوارە کوردییە دروست نەبوو، پاڵنەر و فاکتەرەکانی سەرکەوتنی ڕیککەوتنامەی لۆزان چیبوون؟

:وەڵام

سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین کە لە کاتێکدا لەم ڕۆژانەدا سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێپەڕ دەبێت، ئێوە پرسیاری یەکەمتان دەربارەی پەیماننامەی سیڤەرە، بەمەش دەتانەوێ لە هەمان دەرفەت و گفتوگۆدا بەیەکەوە باس لە هەردوو پەیماننامەی سیڤەر و لۆزان بکەین. لە رووی مێتودییەوە ئەم بەیەکەوە گرێدانە نەک هەر گرنگە، بەڵکووو زۆریش پێویستە: ١) ساڵانی دوای کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی (١٩١٨ تا ١٩٢٣) یەکێکە لە چرکەساتە هەرە دینامیکی و یەکلاکەرەوەکان لە مێژووی مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: ئەمە چرکەساتی لە قاڵبدانەوە و لە فۆڕمدانی ئەو ناوچەیە بوو. کورد لەم چرکەساتەدا “بەجێ ما،” و نەبوو بە سەرنشینی شەمەندەفەری بەدەوڵەتبوون! ئیـمڕۆش دوای سەد ساڵ، کورد لە هەمان ئەو قاڵب و فۆڕمەدا لە لایەن ژمارەیەک دەوڵەتەوە، بە گشتی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکەدا “دەستبەسەرە و بە بارمتە گیراوە”؛  ٢) هەردوو پەیماننامەکە بەشێکن لەوەی کە لە ڕووی مێژووییەوە پێی دەگوترێ “تەرتیباتی ئاشتی” (peace settlements) دوای جەنگی یەکەمی جیهانی کە لە ڕێککەوتنەکانی، ئاگربەست لە ساڵی ١٩١٨دا دەست پێ دەکات، بە کۆنفرانسی پاریس و سیڤەر و سان ریمۆدا تێپەڕ دەبێ و بە لۆزان کۆتایی دێت؛ ٣) بۆ هەردوو پەیماننامەکە ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ (١٩١٦) وەک “منداڵدان” وایە. بەم مانایەش گرنگی سایکس-پیکۆ لەوەدایە کە سایکس-پیکۆ ڕێککەوتنێکی سادە نییە، بەڵکوو لەوە زۆر زیاتر: ئەم ڕێککەوتنە جیهانبینی، نەخشەڕێگا و فەلسەفەی سیاسیی هێزە کۆڵۆنیالیستەکانە، بۆ شێوازی ئیدارەدانی دونیای دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بە دیاریکراویش دونیای دوای هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی. ئەوە زۆر گرنگ نییە کە نەخشەی سایکس-پیکۆ کتومت، وەک خۆی، جێبەجێ ناکرێ، بەڵکوو گرنگ ئەو نەخشەڕێگا و جیهانبینییەی پشتی ڕێککەوتنەکەیە، کە وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە کۆمەڵێک وێستەگەدا ئەزموون دەکرێ و لە دوا وێستگەشیدا، کە لۆزانە، کۆتایی بە دەوڵەتی عوسمانی دێت و سنوورەکانیش دیاری دەکرێن؛ ٤) کەم جار لە لێکۆڵینەوەی مێژووییدا ڕوو دەدات کە کەم یا زۆر، هەمان وەڵاممان بۆ دوو دانە پرسیار هەبێت. دوو پرسیارمان هەن کە ئەوانیش هۆکارەکانی شکستی پەیماننامەی سیڤەر لە لایەک، وە لە لایەکی ترەوە ئەو پێدراو و فاکتەرانەی ڕێگایان خۆش کرد بۆ سەرکەوتنی لۆزان، یا ڕاستتر بڵێین سەرکەوتنی تورکە ناسیۆنالیستەکان، بە سەرکردایەتیی مستەفا کەماڵ ئەتاتورک، لە لۆزان. (لە ڕاستیدا، جووڵانەوەی ناسیۆنالیستە تورکەکان، کە لە ساڵی ١٩١٩دا لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ سەری هەڵدا و هەر زووش ئەنکەرەی دەستنیشان کرد وەک پایتەختی جێگرەوە، هەر زوو دژایەتی خۆی بۆ پەیماننامەی سیڤەر ڕاگەیاند و پووچەڵکردنەوەی ئەم پەیماننامەیەی کرد بە یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی خۆی). بە واتایەکی تر ئەم دوو پرسیارە وەک دوو دیوی هەمان دراو وان، لە دیوێکەوە شکستی سیڤەر نووسراوە، بەڵام لە دیوەکەی تریان سەرکەوتنی لۆزان. دەکرێ وەڵامدانەوەی هەردوو پرسیارەکە لە یەک وەڵامدا کۆ بکرێتەوە، کە ئەویش تێگەیشتنێکی ورد و هەمەلایەن و فرەڕەهەندە بۆ کۆی ڕووداوەکانی دوای ڕاگەیاندنی سیڤەر (لە ١٠/٨/١٩٢٠) تا دەگاتە رۆژی ڕاگەیاندنی لۆزان، واتە ٢٤/٧/١٩٢٣؛ ٥) ئەگەر سیڤەر وەک ترۆپکێک و دەستکەوتێکی گەورەی ناسیۆنالیزمی کوردی (هەڵبەتە دوور لە هەموو ئەو سەرنجانەی کە لەسەر پەیماننامەی سیڤەر هەمانە)، ئەوا بێ گومان لۆزان کتومت دژەکەیەتی: لۆزان سەرکەوتنی ناسیۆنالیستە تورکەکانە، نەک هەر لە کۆتاییهێنان بە سیڤەر، بەڵکوو لە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیەک (واتە تورکیا) کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا دڵڕەقترین پڕۆژەی تواندنەوەی نەتەوەیی دژ بە کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا جێبەجێ کردووە. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو ئەو دەوڵەتە یەکێک بووە لە گەورەترین ڕێگرەکانی گەیشتنی کورد بە مافەکانی، تەنانەت لە بەشەکانی تری کوردستانیش، بە تایبەتی لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان.   

      لە پرسیارەکەتاندا دەڵێن “لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا قەوارەیەکی سیاسی بۆ کورد دابمەزرێنرێ.” لە ڕاستیدا، بە پێی ئەو نەخشەیەی کە لە کۆنفرانسی سیڤەردا بۆ ئەو “قەوارە” دیاری کرابوو، ئەو قەوارەیە تەنیا لەسەر بەشێک لەو خاکە پێک دەهات کە ئێستا پێی دەگوترێ باکووری کوردستان.

لەوەش ئەولاتر، گرنگە ئەوەش بزانرێ کە تەنانەت، بە پێی پەیماننامەی سیڤەر، بەشێک لەو خاکەی کە باکوری کوردستان بوو، وەبەر ئەو دەوڵەتە دەکەوت کە بڕیار بوو بۆ ئەرمەنەکانی ئەنادۆڵ دابمەزرێنرێ. بەم مانایەش پەیماننامەی سیڤەر، یا ڕاستتر بڵێین بەندەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ لە بەشی سێیەمی ئەو پەیماننامەیە، کە بۆ کوردستان تەرخان کرابوو، کۆمەڵێک ئەگەر و گرێکوێرەی لەخۆ گرتبوو کە هەموویان دەهاتنە سەر ڕێگای جێبەجێکردنی ئەو بەشەی پەیماننامە کە تایبەت بوو بە کوردستان: لە قۆناغی یەکەمدا، لە ماوەی ساڵێکدا، قەوارەکە  ئۆتۆنۆمی دەبێت، دواتر، دوای زۆر ئەگەر و پەناوپێچ، دەکرا ئەو ئۆتۆنۆمییە ببێ بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی نیشتمانی خۆی… سەرەڕای ئەم سەرنجانە لەسەر سیڤەر، گرنگیی ئەو پەیماننامەیە لەوەدایە کە یەکەم و دوایین بەڵگەنامە و ڕێککەوتنی نێودەوڵەتییە کە دان بە قەوارەیەکی کوردیدا دەنێت و ڕەوایەتی پێ دەدات لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە. هەر لەبەر ئەوەش زۆربەی نووسەرانی بواری لێکۆڵینەوەی کوردۆلۆژی کۆکن لەسەر ئەوەی کە سیڤەر “خاڵێکی بۆ گەڕانەوەی” وا (point of reference)ێکی ئێجگار گرنگە بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی. لە بەرانبەردا، زۆر کەم شت هەیە، ئەگەر ئەسڵەن شتێک هەبێ، بە ڕادەی پەیماننامەی سیڤەر، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەو ڕادەیە حزووری هەبووبێ لە ڕۆح و حاڵەتی دەروونیی ناسیۆنالیزمی تورکیدا. ئەم حزورە بووە بە “کۆدەرد” (syndrome) و گرێ لە قووڵایی دەروونیی ناسیۆنالیزمی تورکیدا. لە لۆژیکی ئەم کۆدەرد و گرێیەدا، لە هەر کات و جێگایەک باسی دۆزی کورد کرا یا ناوی کورد یا کوردستان هێنرا، بە تایبەتی لە لایەن دەوڵەت و دامەزراوە ڕۆژئاواییەکانەوە، ئەوا سیڤەر بە توندی ئامادە دەبێ و دەبێتە هۆی شڵەژانی دەروونی ناسیۆنالیستە تورکەکان، لە ئاستی فەرمی و نافەرمیدا.

بەڵام بۆ وەڵامی ئەوەی کە “ئایا بۆ کوردستانی سەربەخۆ” دروست نەبوو، وە بە واتایەکی دیکە ئەو گۆڕاو و پێدراوانە چی بوون وایانکرد کە پەیماننامەی سیڤەر شکست بهێنێ و لە بەرانبەریشدا لۆزان سەر بکەوێ، پێویستیمان بەوەیە لە هەموو ئاستەکانی سیاسەت و ئەو هاوکێشە ستراتیژیی ئیقلیمی و جیهانییانەی کە لە ماوەی سێ ساڵی نێوان سیڤەر و لۆزاندا هاتنە کایەوە، بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە:

١-) ڕۆڵی جووڵانەوەی ناسیۆنالیستە تورکەکان بە سەرکردایەتی ئەتاتورک لە شکستپێهێنانی سیڤەردا:

هەر وەک گوترا، ئەم جووڵانەوەیە هەر لە سەرەتادا، کە پەیماننامەی سیڤەر ڕاگەیاندرا، سەرسەختانە دوژمنایەتیی خۆی بۆ ڕاگەیاند. . . بە تایبەتی پێنج پێدراو و گۆڕاو پێگەی ئەم جووڵانەوەیەی بەهێزتر کرد، تا ڕادەی ئەوەی ئەم جووڵانەوەیە توانی ئاڕاستەی سیاسی و ستراتیجی هێزە کۆلۆنیالیستەکان بگۆڕێ، وە بەرهەمی ئەم گۆڕانکارییە لە کۆنفرانسی لۆزاندا بە لوتکە گەیشت و کۆتایی بە سیڤەر هات: أ- سەرکەوتنەکانی ئەم جووڵانەوەیە دژی ئەرمێنیا (دواتر ئەرمێنیای سۆڤیاتی) وە مۆرکردنی ڕێککەوتنی ئەلێکساندرۆپۆل لە ١٧ی نۆڤێمبەری١٩٢٠دا لەگەڵ ئەو وڵاتە. بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە، ئەرمێنیا دەستبەرداری بیرۆکەی ئەرمێنیای گەورە بوو، واتە بە یەکجاری دەستی لە “یەکگرتنەوە” لەگەڵ “ئەرمێنیای ئەنادۆڵ” هەڵگرت؛ ب- سەرکەوتنی جووڵانەوەکە بەسەر یۆنانییەکاندا لە پاییزی ١٩٢٢دا. ئەم سەرکەوتنە لە زۆر ڕووەوە یەکلاکەرەوە بوو؛ ج- ڕێککەوتنی جووڵانەوەکە لەگەڵ حکوومەتی بەلشەفی لە بەهاری ١٩٢١دا. ئەم ڕێککەوتنە بووە هۆکارێکی گرنگ لە بەهێزکردنی پێگەی دیپلۆماسی جووڵانەوەکە و دواجار گۆڕینی هەڵوێستی بەریتانیا، فەڕەنسا و ئیتالیا بەرانبەر کۆی مەسەلە پەیوەندیدارەکان بە دواڕۆژی ئەنادۆڵ؛ د- ناسیۆنالیستە تورکەکان توانیان لە کۆنفرانسی لەندەن (لە شوباتی ١٩٢١)دا خۆیان وەک نوێنەری “تورکیا” بسەپێنن، لە بەرانبەردا نوێنەری دەوڵەتیی عوسمانی کۆنفرانسەکەی جێهێشت، بەمەش ناسیۆنالیستە تورکەکان پێگەی خۆیا جێگیر کرد وەک جێگرەوەی حکوومەتی عوسمانی لە ئیستانبۆڵ؛ ح- پڕۆژەی ئەتاتۆرک لە دامەزراندنی دەوڵەتێک تەنیا لەسەر خاکی ئەنادۆڵ، وە دەست هەڵگرتن لە هەموو ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێشتر لەژێر ڕکێفی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون (جگە لە ویلایەتی موسڵ)، یەکانگیر بوو لەگەڵ دیزاین و ستراتیجی هێزە کۆڵۆنیالیستەکان، چونکە دەوڵەتێکی ئەوها زەمانەتێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ خواستی ئەو هێزانە بۆ لەگۆڕنانی یەکجارەکی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. هەروەها ئەم دەوڵەتە (واتە تورکیا) جێگرەوەیەکی باش دەبوو وەک بەربەست لەنێوان سۆڤیەت لە لایەک و ناوچەی بەرژەوەندییەکانی ئەو هێزە کۆڵۆنیالیستانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛

٢) دوودڵی و ناکۆکی لەنێوان هێزە سەرەکییەکاندا (بەریتانیا، فەڕەنسا و ئیتالیا) لە مەسەلە پەیوەندیدارەکان بە چارەنووسی دەوڵەتیی عوسمانییەوە.

لە ڕاستیدا، هەر لە کاتی گفتوگۆکانی کۆنفرانسی لەندەن (شوباتی ١٩٢١) فەڕەنسا و ئیتالیا ئامادەبوون أ- دەستبەرداری سیڤەر ببن؛ ب- دەستبەرداری “پشکەکانی خۆیان لە خاکی ئەنادۆڵ” ببن و ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتەکەی تورکە ناسیۆنالیستەکان بکەن.

٣) ڕاستییە مێژووییەکە ئەوەیە کە ئەو دیزاینەی لەناو پەیماننامەی سیڤەردا بۆ کوردستان  کێشرابوو زیاتر دەربڕی ئەو یەکانگیرییە بوو کە لەو چرکەساتەدا لەنێوان خەونی بەدەوڵەتبوونی کورد لە لایەک و بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکانی ئەو کاتە، بە کۆمەڵێک هۆکار، فەراهەم بوو. . . بەهەرحاڵ تەمەنی ئەم یەکانگیربوونە لەنێوان خەونی کوردان لە لایەک و بەرژەوەندییەکانی زلهێزە براوەکانی ئەو کاتە یەکجار کورت بوو، تەنانەت ئەو یەکانگیربوونە بەشی ئەوەشی نەکرد هەنگاوێکیش لە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی پەیماننامەی سیڤەر بهاوێژرێ. دواجار لە لۆزاندا نەک هەر ئەم یەکانگیربوونە نەما، بەڵکوو جێگرەوەکەی، یا ڕاستتر بڵێین دژەکەی، یەکانگیربوون بوو لەنێوان بەرژەوەندی وڵاتە کۆڵۆنیالیستەکان لە لایەک و خواست و بەرژەوەندییەکانی ناسیۆنالیستە تورکەکان لە لایەکی تر، بوو بە ئەمری واقیع.

٤-) سیاسەتی بەریتانیا بەرانبەر بە کورد پڕ بوو لە دژایەتی و ناجێگیری: دواجار دەبووایە بەریتانیا لەنێوان پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی سیڤەر لە لایەک و بەدەستهێنانی ویلایەتی موسڵ لە لایەکی دیکەوە یەکێیان هەڵبژێرێ: بەریتانیا ویلایەتی موسڵی هەڵبژارد! کاتێک کە هەموو قسە و باسەکانی ناو کۆنفرانسی لۆزان دەخوێنینەوە دەبینین چەندە بەدەستهێنانی ویلایەتی موسڵ بۆ بەریتانیا گرنگ بوو. بەم واتایەش لەو باس و خواسانەدا بە وردی دەردەکەوێ کە چۆن چارەنووسی کوردانی ئەنادۆڵ دەبێتە شتێکی فەرامۆشکراو بۆ بەریتانییەکان، وە لە بەرانبەریشدا چۆن چارەنووسی کوردانی ویلایەتی موسڵ دەبێتە چەقی باس و پێداگری، نەک بەو مانایەی داوای بەدەوڵەتبوون بۆ کوردانی ویلایەتەکە بکات، بەڵکوو ئەو پێداگرییە تەنیا بەشی ئەوە بکات کە سۆزی ئەو کوردانە بۆ لای بەریتانییەکان ڕابکێشێ بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو لە داهاتوودا چارەنووسی ویلایەتەکە بە “ڕیفراندەم” یەکلا کرایەوە ئەوا لایەنگیری کوردەکانی ویلایەتەکە مسۆگەر بکرێ بۆ بوون بە بەشێک لە دەوڵەتە تازەدامەزراوەکەی عێراق، کە هەڵبەتە ئەو کاتە مونتەدەبەیەکی بەریتانی بوو.

پ٢ – بەرێزتان ئەزانن  لەم رۆژانەدا یادی سەد ساڵەی ڕێککەوتننامەی لۆزان دەکرێتەوە، ئەو ڕێککەوتنە چییە  و پاڵنەر و هۆکاری ڕیککەوتنەکە چیبوو؟

وەڵام: ئەمساڵ، رێک لە ٢٤-٧-٢٠٢٣، سەد ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی پەیماننامەی مێژوویی لۆزاندا تێپەڕ دەبێ. ئەم پەیماننامەیە بەرهەمی یەکێک لە درێژترین کۆنفرانسەکان لە مێژووی مۆدێرن بووە: ئەم کۆنفرانسە لە پیایزی ١٩٢٢دا دەستی بە کارەکانی کرد، بەڵام لە هاوینی ١٩٢٣دا کۆتایی هات، هەڵبەتە بە ناوبڕێکەوە (لە زستانی ١٩٢٢-١٩٢٣). کۆنفرانسی لۆزان لەنێوان براوەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی (بە تایبەتی بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتالیا و یۆنان) لە لایەک، وە نوێنەری دەسەڵاتی تورکە ناسیۆنالیستەکان لە لایەکی ترەوە. هەر لە سەرەتادا کۆنفرانسەکە بە جۆرێک لە هاوسەنگی، لەنێوان لایەنەکانی براوەی جەنگ لە لایەک و تورکە ناسیۆنالیستەکان لە لایەکی ترەوە، دەستی پێکرد، چونکە کۆنفرانسەکە لەسەر خاکی هیچ یەکێک لە دەوڵەتە براوەکانی جەنگ نەبەسترا بەڵکوو لە لۆزان، لەسەر خاکی وڵاتێکی بێلایەن، واتە سوێسرا. (تەنانەت ناسیۆنالیستە تورکەکان لە سەرەتادا خوازیاری ئەوە بوون کە کۆنفرانسەکە لەسەر خاکی ئەنادۆڵ ببەسترێ). ئەمەش بۆ خۆی هێمایەکی گرنگ بوو کە ئیتر دەوڵەتە براوەکانی جەنگ چیتر لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی (دۆڕاوی جەنگی یەکەمی جیهانی)دا دانانیشن بەڵکوو لەگەڵ لایەنێک دادەنیشن کە براوەی شەڕە لە بەرانبەر یۆنانییەکان و ئەرمەنەکان وە هەروەها ئەم لایەنە کۆمەڵێک دەستکەوتی دیپلۆماسی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە و هەوڵیش دەدات “وەک براوە” لە کۆنفرانسەکەدا مامەڵە بکات.

      دەرەنجام: دەسەڵاتی تورکە ناسیۆنالیستەکان، بە سەرۆکایەتی ئەتاتورک، براوەی بێ سێ و دووی کۆنفرانسی لۆزان بوون، چونکە توانیان “شکستی دەوڵەتی عوسمانی بگۆڕن بە سەرکەوتن و سەرکەوتنی کوردیش لە سیڤەر بکەن بە شکست،” ئەمەش بۆ خۆی دەرەنجامێکی یەکجار سەرنجڕاکێش و گرنگە.

پ٣-  ئایا  ڕێککەوتنامەکە چووە بواری پراکتیکەوە، دەرهاویشتەکانی بۆ کورد و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییبون، ئایا ئەوە ڕاستە کە ئەم ڕێککەوتنە دوای سەد ساڵ هەڵدەوەشێتەوە؟

:وەڵام

لە هەر سێ گۆشەبینینی کوردستانی، تورکی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، پەیماننامەی لۆزان ڕووداوێکی گرنگ و مێژووییە:

یەکەم، لە دیدی کوردستانییەوە: ١) ئەم ڕووداوە بە مانای یەکلابوونەوەی دابەشبوونی کوردستان، ناسراو بە کوردستانی عوسمانی بۆ سێ بەش (باکور، باشور، رۆژئاوا) بوو، ئەگەرچی مەسەلەی ویلایەتی موسڵی عوسمانی، لەو کۆنفرانسەدا یەکلا نەکرایەوە، بەمەش دیاریکردنی سنوورەکانی نێوان عێراق و تورکیا بۆ ١٩٢٥-١٩٢٦ دواخرا. بەڵام ئەم ویلایەتە، وەک ئەمری واقع، هەر زوو لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی و دواتر دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، کەوتبووە ژێر رکێفی عێراق وەک مونتەدەبەی بەریتانی؛ ٢) لۆزان کۆتاییهاتنی پەیماننامەی سیڤەر بوو، ئەو پەیماننامەیەی کە بڕیار بوو خەونی کورد لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستانی، بەڵام سنووردار، بەرجەستە بکات. ئەم ڕووداوە بوو بە سەرەتایەک بۆ ڕەوتی مێژوویی کوردایەتی لە سەد ساڵی ڕابردوودا، بە تایبەتی لە شێوازی ململانێ لەنێوان دوو ئاڕاستەدا، ڕەوتی سەربەخۆیی لە لایەک و ڕەوتی “ئۆتۆنۆمی و فەرماڕەوایی خۆماڵی” لە لایەکی دیکەوە. ڕەوتی دووەمیان لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بە روونی بوو بە ڕەوتێکی باڵادەست؛ ٣) سەرکەوتنی ناسیۆنالیستە تورکەکان لە کۆنفرانسی لۆزاندا و دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا، بووە سەرەتای ڕاستییەکی تاڵ لە مێژووی کورددا: هەر لە سەرەتای هاتنەکایەی ئەم دەوڵەتەوە دوو دانە ڕاستی تاڵ و گرنگ دەرکەوتن: أ- ئەم دەوڵەتە لەسەر پرەنسیپی یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت، یەک سەروەری دابەش نەکراو، یەک کولتوور و یەک زمانی ڕەسمی (واتە تورکی)، دڵڕەقترین و مەترسیدارترین بەرنامە و پڕۆژەی توانەوە و ئینکاری نەتەوەیی بەرانبەر بە کورد ڕاگەیاند؛ ب- ئەم دەوڵەتە هەر لە سەرەتاوە دوژمنایەتیی خۆی بۆ هەر ماف و پێشوەچوونێکی سیاسییانەی کورد لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا ڕاگەیاند، وە لە سەد ساڵی ڕابردووشدا تا توانیویەتی ئەم مەبەستەی خۆی بە کردار سەلماندووە؛ ج- بوونی گەورەترین بەشی کوردستان (لە ڕووی خاک و دانیشتوانەوە) لە ناو سنوورەکانی تورکیادا گاریگەریی فرەلایەنی لەسەر تەواوی دۆزی کورد جێهێشتووە، لە ئێستاشدا هەر وەهایە.

دووەم، لە دیدی دەوڵەتی تورکیاوە، ئەم پەیماننامەیە: ١) بوو بە سەرەتای دەوڵەتێکی نوێ، واتە کۆماری تورکیا، کە هەر زوو وەک دەوڵەتێکی “زلهێزی ئیقلیمی” دەرکەوت و بوو بەشێک لە هاوکێشەیەکی ئیقلیمی فراوان، وە دواتر جیهانیش؛ ٢) بە دیدی دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتە (واتە ئەتاتورک)، پەیماننامەی لۆزان “ئەو بەڵگەنامەیەیە کە دەریدەخات هەموو ئەو هەوڵانەی سەدان ساڵە دەدرێن وە دەخوازرا لە ڕێگای سیڤەرەوە بگەن بە ئامانجی وردوخاشکردنی نەتەوەی تورک، بێواتا کۆتاییان هات. ئەمە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بێوێنە بوو لە مێژووی دەوڵەتی عوسمانیدا؛” ٣) پەیماننامەی لۆزان فاکتەرێکی زۆر گرنگ بوو لە کۆتاییهێنان بە ئیمپراتۆریی چەند سەد ساڵەی عوسمانی و لەگەڵیشیدا کۆتاییهێنان بە، ئەوەی لە مێژوودا بە “مەسەلەی ڕۆژهەڵات” (eastern question) ناسراوە. مەسەلەی ڕۆژهەڵاتیش کۆی ئەو ناجێگیرییە دیپلۆماسی و ئابوورییە بوو کە دەوڵەتی عوسمانی لە کۆتایی سەدەی هەژدەمەوە تا کۆتایی تەمەنی تیایا ئەژیا، وە ئەم ناجێگرییەوە ببووە هۆی کاردانەوە و دەستوەردانی جۆراوجۆری ئەو کاتەی زلهێزەکان لەو دەوڵەتەدا؛ ٤) لە پەیماننامەی لۆزاندا شتێک ڕوویدا کە یەکەمجار لە مێژوودا ڕووی داوە: دەوڵەتی عوسمانی یەکێک بوو لە دۆڕاوە سەرەکییەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی، بەڵام لە ڕێگای پەیماننامەی لۆزانەوە دۆڕاوی جەنگ گۆڕدرا بە براوە. ئەگەر سیڤەر سیمبۆل و هێمای دۆڕاوی دەوڵەتی عوسمانی بووبێت، ئەوا بێگومان لۆزان وەک هێما و جەختکەرەوەی سەرکەوتن دەردەکەوێ.

سێیەم، لە گۆشەبینینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە: ١) لۆزان بوو بە وێستگەیەکی یەکجار گرنگ لە سەرهەڵدان و بەرجەستەبوونی سیستمێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم ناوچەیە چیتر لە سیستمی “ئیمپراتۆری” کۆندا نەمایەوە، بەڵکوو پێی نایە قۆناغێکی نوێ لە سیستەمی سیاسی، واتە سیستمی دەوڵەت-نەتەوە، دەوڵەتی مۆدێرن؛ ٢) ئەم پەیماننامەیە، لە ئاستی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بوو بە دەربڕی ئەو ڕاستییەی کە سیستمی نوێی جیهانی تەنیا بەرهەمی سیاسەت و جیهانبینی هێزە کۆڵۆنیالیستە رۆژئاواییەکان نییە، بەڵکوو ناسیۆنالیزمی لۆکاڵیش دەورێکی گرنگ، تەنانەت یەکلاکەرەوەش، دەبینێ، هەڵبەتە مەبەستیش بە ڕادەی یەکەم ناسیۆنالیزمی تورکییە، کە ڕۆڵێکی گرنگی بینی، بە تایبەتی لە ڕێگای لۆزانەوە، لە کۆتاییهێنان بە سیستمی ئیمپراتۆری و بەرجەستەکردنی سەرەتاکانی دەوڵەتی مۆدێرن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ٣) پەیماننامەی لۆزان هێڵی یەکلاکەرەوەیە لەنێوان دوو جۆر لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی ئەو ناوچەیە لە هاوکێشەی جیهانیدا: پێشتر جیهانی رۆژئاوا زیاتر لە ڕێگای ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە مامەڵەی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرد، بەڵام دوای لۆزان ئیتر دەوڵەت-نەتەوە، بە تایبەتیش لە حاڵەتی ناوچەی کڕۆکی دەوڵەتی عوسمانی، لە ڕێگای تورکیاوە ئەو مامەڵەیە کرا

ئەوەی کە لە ساڵانی دواییدا دەسەڵاتدارانی تورکیا، زۆر بە تایبەتی سەرۆکی ئەو وڵاتە (رەجەب تەیب ئەردۆغان) جار دوای جار دووپاتیان کردۆتەوە کە ئیتر “دوای سەد ساڵ لۆزان کۆتایی دێت” و ویلایەتی موسلیش “دەگەڕێنینەوە” بۆ وڵاتی دایک، واتە تورکیا، جێگای سەرنج و تێڕامانە.

هەڵوەشانەوەی پەیماننامەی لۆزان، هەڵبەتە بە دیدی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی تورکیا، بە مانای هەڵوەشانەوەی بنەماکانی ئەو واقیعە دێت کە لەو پەیماننامەیەدا کەوتەوە. ئەگەرچی دەکرێت بەشێک لەو بانگەشەیە وەک بەکاربردن (ئیستهلاک)ی سیاسی ناوخۆیی تورکیا تەماشا بکرێت، بۆ نموونە پڕۆپاگاندەی هەڵبژاردن، بەڵام دەشکرێت وەک خەونێکی ئیمپراتۆری و خواستی فراوانخوازیش تەماشا بکرێت. ئەوەش گرنگە بڵێین ئەم خەونی ئیمپراتۆرییە لە کاتێکدا دێت دوو زلهێزی ئیقلیمی و جیهانی دیکە (ڕوسیا و ئێران) بە کاریگەری هەمان “خەونی ئیمپراتۆری: چاویان لە فراوانخوازییە”!

      لە لایەکی ترەوە ئەگەرچی ستەمی هەرە گەورە لە دەرەنجامی لۆزان، لە ئاستی باکوری کوردستان و کوردستانی گەورەدا، بەر کورد کەوتووە، بەڵام بە هەمان ڕادە لایەنە کوردییەکان گوزارەشیان لە گۆشەبینینی کوردستانییانە نەکردووە ڕوو لە پەیماننامەی لۆزان و سەد ساڵەی ئەو پەیماننامەیە و چارەنووسی. بە تایبەتی جێگای سەرنجە کە هێزە سیاسییەکان و دەسەڵاتی سیاسی لە باشوری کوردستاندا، لە بەرانبەر ئەو هەموو بانگەشە و ئاماژانەی تورکیا لە مەڕ “گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ تورکیا،” بێدەنگییەکی سەرسووڕهێنەریان هەڵبژاردووە: ئەم بێدەنگییە جێگای نیشانەی گومان و نیشانەی پرسیاری جددین! ئەم بێدەنگییە لە کاتێکدایە کە هەر باسکردنێک لە چارەنووسی ئەو ناوچەیەی کە پێشتر ویلایەتی موسڵی عوسمانی بوو ڕێک باسکردنە لە چارەنووسی باشوری کوردستان.

      ئەوەی ڕاستی بێت لە هیچ جێگایەکی هەر ١٤٣ بەندەکانی پەیماننامەی لۆزان، لە پڕۆتۆکۆڵە لکێندراوەکان بە پەیماننامەکەوە، تەنانەت لە ڕێکەوتنی نێوان تورکیا و عێراق (ناسراو بە ڕێککەوتنی ئەنکەرە، بۆ دیارکردنی سنوور، لە ساڵی ١٩٢٦) باسی کۆتاییهاتنی لۆزان یا “گەڕانەوەی” ویلایەتی موسڵ بۆ تورکیا نەکراوە.

سوپاستان دەکەم، سوپاس بۆ ئەم دەرفەت و بەسەرکردنەوەیەتان؛ سەرکەوتوو بن

سەرچاوە: هەڤپەیڤینی هەفتەنامەی هاوڵاتی ژمارە (2027) (26-7-2023) چوارشەمە