رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەختەوەری: سەرمایەداری لە بەرامبەر مارکسیزم

Facebook
Twitter
LinkedIn

دیبەیتی نێوان سلاڤۆی ژیژەک و جۆردن پیتەرسن

وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران

پێشەکی

سڵاو، بەخێرهاتنێکی گەرم لەوانە دەکەین کە ئەمڕۆ لێرە لە شاری تۆرێنتۆ ئامادەن و ئەوانەی بەشێوەی ئۆنلاین بینەرمانن. وەک دەزانن هەموو کاتێک ئەوە ڕوونادات کە هۆڵێکی سێ هەزار کەسی و یەکێک لە گەورەترین هۆڵەکانی وڵات[ـی کەنەدا]، بۆ دیبەیتێکی ڕۆشنبیری پڕ ببێت. بەڵام ئەمەش ئێمە لەبەر ئەو [دیبەیتە] لێرەین، تکایە لەگەڵ مندا بەخێرهاتنی دکتۆر سلاڤۆی ژیژەک و دکتۆر جۆردن پیتەرسن بکەن.

ناساندنێکی کورت… بەبڕوای من لە ئێستادا هەندێک شت هەن کە گرنگتر و پێویستترن لە سەردەمی پەیمانی کاردانەوەیی پارتیزانی و لەناوبردنی گوتاری مەدەنی و بیرکردنەوەی ڕاستەقینە سەبارەت بە پرسیارە ئاڵۆز و سەختەکان. شتێک کە ئێمە ئەمشەو بەڵێنمانداوە لەم ئیڤێنتەدا ڕووبدات ئەوەیە کە تەواوی بەشداریکردنمان لە ژیانی فیکریدا، نەک تەنیا ڕوانگە و پێشمەرجی ڕووت لە قەڵەمڕەوی حەقیقەتدا کە لە ڕێگەی بەڵگە و ئارگومێنتە بەدەست دەهێندرێت. ئەم دوو فیگەرە گرنگە، کە هەردووکیان لەڕێگەی دیسیپلینی جیاوازەوە خاوەن بیرکردنەوە و ڕوانگەی خودی بیرکردنەوەن. هەردووکی زۆر بە سەختی دژی ئایدۆلۆجیاکان و میکانیزمەکانی دەسەڵاتن لەگەڵ ئەوەشدا هەردووکیان موفەکیری سیاسیی خاوەن ڕێباز نین. هەردووکیان بەشوێن پرسیارە بنەڕەتییەکانەوەن سەبارەت بە واتای ئازادی، حەقیقەت. وا دیارە ئەمشەو نەک بەتەنیا شاهێدی جیاوازییە گەورەکانی نێوانیان دەبین، بەڵکوو تەنانەت شاهێدی ڕازیبوونی هەردووکیان دەبین سەبارەت بە پرسیارە قووڵ [و بنەڕەتییەکان]. دکتۆر سلاڤۆی ژیژەک فەیلەسووفە، ئەو نەک یەک دانە بەڵکوو خاوەن دوو دکتۆرایە. یەکێکیان دکتۆرای فەلسەفەیە لە زانکۆی لوبیانا و ئەوی دیکە دکتۆرایە لە دەروونشیکاری لە زانکۆی پاریس هەشت. لە ئێستادا لە پەیمانگەی کۆمەڵناسی و فەلسەفە لە زانکۆی لوبیانا دکتۆرە و بەڕێوبەری ئێنستیتوی بێربیکە لە زەمینەی مرۆڤناسی لە زانکۆی لەندەن. زیاتر لە شەست کتێبی بڵاوکردۆتەوە و کە زۆرینەیان سەبارەت بە فەلسەفەی سەدەی نۆزدەهەم و سەدەی بیستەمن. تیۆریستێکی بەتوانایە و چەندین دەیەیە کەسایەتییەکی جیهانییە. بە هێزێکی دیالێکتیکانە هەموو جارێک دووبارە و دووبارە دەگەڕێتەوە [و دەردەکەوێتەوە] بۆ ئەوەی پرسیارە ڕادیکاڵەکانی سەبارەت بە ئازادیی هزری و هونەر بخاتەڕوو.

دکتۆر جۆردن پیتەرسن ئەکادیمیست و دەروونناسی کلینکییە و لەلایەن زانکۆی مەکگیڵەوە دکتۆرای پێبەخشراوە و دواتر لە زانکۆی هارڤارد پڕۆفیسۆری سایکۆلۆجی بووە و دواتر هاتۆتە زانکۆی تۆرێنتۆ. خاوەنی دوو کتێبی بڵاوکراوە و چەندین وتاری ئەکادیمییە. ڕیشەی بیرکردنەوەی پیتەرسن هەروەک دکتۆر ژیژەک پەیوەستە بە سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم: ئەو خوێندنەوەی بۆ نیچە، دۆستیۆڤسکی و لە هەمووی زیاتر کارڵ گوستاڤ یۆنگ کردووە. شێوەی لێکدانەوە و شیکاری یۆنگی بەکارهێناوە هەر لە ئەفسانە دێرینەکانەوە تا تۆتالیتاریزمی سەدەی بیستەم. کتێبی “١٢ وانە بۆ ژیان” لە کتێبە پڕفرۆشەکانی جیهانە و محازەرە و پۆدکاستەکانی لەلایەن ملیۆنان خەڵکەوە تەماشا دەکرێت.

هەم دکتۆر سلاڤۆی ژیژەک و هەم پیتەرسن لە نازناوی زانکۆیی و ئەکادیمیی خۆیان تێپەڕیون و هیوادارین ئەم دیبەیتە بتوانێت بەشێوەیەکی گشتی لە پرسیارە ئابوورییەکان تێپەڕێت؛ پرسیارگەلێک سەبارەت بە بەختەوەریی مرۆڤ جێگەی بگرێتەوە. کەواتە با دەستپێبکەین و بەڕێز دکتۆر جۆردن پیتەرسن بفەرمێت بۆ پێشکەشکردنی گوتارەکەی.

جۆردن پیتەرسن: زۆر سپاس بۆ ئەم بەخێرهاتنە گەرموگوڕ و پڕ جۆشوخرۆشەتان بۆ تەواوی ئەم ئیڤێنتە. لەڕاستیدا تا ئەو شوێنەی مومکین بوو خۆم بە کارەکانی سلاڤۆی ژیژەک ئاشناکرد، ئەوەش تەواو مومکین نەبوو چونکە ئەو کتێبی زۆری هەیە و بیرمەندێکی ڕەسەنە و ئەم ئیڤێنتەش زۆر بەخێرایی ڕێکخرا و لەبری ئەوە، ئەوەی ئەنجامم دا ئەو شتە بوو کە ناومناوە گەڕانەوە بۆ سەرچاوی هەموو کێشەکان کە بریتییە لە مانیفێستۆی کۆمۆنیزم و ئەوەی هەوڵمداوە ئەنجامی بدەم… چونکە بڕیارە سەبارەت بە مارکس  و مارکسیزم قسە بکەین، هەوڵمدا بیخوێنمەوە و بۆ خوێندنەوەی شتێکیش تەنیا دوای وشە و ماناکان ناکەویت بەڵکوو ڕستە و پەرەگرافەکان وەردەگریت و لەخۆت دەپرسیت ئایا ئەم قسانە ڕاست و دروستن؟ پێشم وایە زۆر بەدەگمەن شتێکم خوێندبێتەوە هێندەی مانیفێستۆی کۆمۆنیزم هەڵەی تێدا بووبێت.

یەکەم شت بۆ من ئەوەیە وا دیار نییە کە نە مارکس و نە ئەنگڵز، خۆیان ڕووبەڕووی ئەو حەقیقەتە بنەماییە کردبێتەوە کە دەڵێ تەقریبەن هەموو ئایدیاکان هەڵەن، گرنگ نییە ئایدیای خۆت بێت یاخود ئایدیای کەسێکی دیکە ئەگەری هەڵەبوونیان هەیە تەنانەت ئەگەر ژیربێژی و زیرەکییەکەشی تووشی سەرسامیت بکات، یەکەم کاری تۆ ئەوەیە کە گریمانەی ئەوە بکەیت ئەگەری ئەوە هەیە ئەم ئایدیایە هەڵە بێت و دواتر بە هەرچی چەکێک هەیە هێرش بکەیتە سەریان و ببینی کە ئایا دەتوانن ڕزگاریان ببێت یاخود نا. ئەو شتەی کە لە مانیفێستۆی کۆمۆنیزمدا بۆم سەرنجڕاکێش بوو قسەیەکی یۆنگە سەبارەت بە بیرکردنەوەی ئاسایی، واتا بیرکردنەوەی کەسانێک کە فێرنەکراون بیربکەنەوە. یۆنگ دەڵێت بیرمەندی ئاسایی ئەندێشەیەکی بۆ دێت وەک دەرکەوتنی ئۆبێکتێک لە ژوورێکدا: بیرکردنەوە و ئەندێشەکە خۆی دەردەخات و ئەوانیش وەک حەقیقەت قبووڵی دەکەن و هەنگاوی دواتر نانێن کە بریتییە لە بیرکردنەوە لە بیرکردنەوە کە ئەوەش جەوهەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە. واتا خوێندنەوەی دەقێک و بیرلێکردنەوەی بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە، نەک بۆ ئەوەی دەقەکە لەناو ببەیت، بەڵکوو بۆ جیاکردنەوەی باشی و خراپییەکانی. لەکاتی خوێندنەوەی مانیفێستۆی کۆمۆنیزمدا هەوڵمدا باشییەکان لە خراپییەکان جیابکەمەوە و دەبێ ئەوەش بڵێم هەندێک باشیم تێدا دۆزییەوە بەڵام زۆربەی خراپە بوو. ئێستاش دەمەوێت هۆکارەکەی ڕوونبکەمەوە، هیوادارم بتوانم بە ماوەیەکی کەم ئەم کارە ئەنجام بدەم. بۆیە من لێرەدا هەوڵدەدەم هێڵێکی گشتیی ١٠ [ئایدیا]ـی بنەڕەتیی مانیفێستۆی کۆمۆنیزم بکێشم، ئەمانەش ئەو حەقیقەتانەن کە نووسەرانی کتێبەکە بەبێ بەڵگە و پرسیار کرد دەیخەنەڕوو و من لێرەدا هەوڵدەدەم بیانخەمە ژێر پرسیارەوە و پێتان بڵێم بۆچی پێموایە شایەنی پشتپێبەستن نییە. دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کە ئەم کتێبە ١٧٠ ساڵ لەمەوبەر نووسراوە و زەمەنێکی زۆری بەسەردا ڕۆیشتووە و لەو کاتەشەوە ئێمە زۆر شت لەبارەی سروشتی مرۆڤ، کۆمەڵگە، سیاسەت و ئابوورییەوە فێربووین. هەرچەندە هێشتا زۆر نهێنیی نەزاندراو ماونەتەوە بەڵام با وای دابنێین ئێمە ئێستا کەمێک ئاقڵترین – بە نیسبەت ئەو سەردەمەوە – بۆیە دەتوانین نووسەرانی کتێبەکە لە هەندێک هەڵە ببوورین، بەڵام ئەمە گرنگ نییە چونکە هێشتا لەلایەن زۆرێک لە ئەکادیمیستەکان وەک دەقی پیرۆز سەیر دەکرێت.

بیردۆزی یەکەم: ئەوەیە مێژوو بریتییە لە ململانێی ئابووریی چینەکان. با بۆ ساتێک بیر لەمە بکەینەوە، بەر لە هەرشتێک ئەم گریمانەیە داوای ئەوە دەکات کە مێژوو لە چاوی ئابوورییەوە بخوێندرێتەوە و پێموایە ئەم گریمانەیە مشتومڕئامێزە چونکە زۆر ئەنگێزەی دیکە هەبووە کە پاڵی بە مرۆڤەوە ناوە وەک لە ئابووری (بۆ نموونە لەبری ململانێی ئابووری، هاوکاریی ئابووری). کێشەیەکی دیکەی ئەم گریمانەیە ئەوەیە کە بەئەندازەی پێویست سەبارەت بە کێشە ڕاستەقینەکان ڕەشبینانە نییە، با قسەیەکیش بۆ شەیتان بکەین، بیرۆکەی ململانێی چینایەتی سەد لە سەد ڕاستە، بەڵام ئەو ئایدیایەی کە دەڵێت مێژوو ڕاست نییە، چونکە لە مێژوو قووڵترە، لەڕاستیدا خودی بایۆلۆجییە -چونکە هەموو ئۆرگانیزمەکان خۆیان بەشێوەیەکی هێرارشیانە خۆیان ڕێکدەخەن و یەکێک لە کێشەکانی هێرارشی ئەوەیە کە دەیەوێت لە هەموو دۆخەکاندا براوە بێت -. ئەمەش بە ڕوونی لە بیرکردنەوەی مارکسیستیدا هاتووە چونکە مارکس بڕوای وابوو لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریدا، سەرمایە دەکەوێتە دەستی کەمینەیەکی دیاریکراو و ئەوانیش سیستەمی چینایەتی و هێرارشیەت دەپارێزن. کێشەکە لەوەدایە کە ئەم ئەنگێزەی ململانێیە وەک فۆڕمێکی ئەبەدی تەماشا دەکەن، بەڵام ئەمە بەکەمگرتنی کێشەکەیە چونکە بناغەی کۆمەڵگا مرۆییەکان سەیر ناکەن و لەبری ئەوە سەیری بنەماکانی بوونی ململانێ دەکەن. ئێمە لە جیهانی ئاژەڵەکانیشدا لەسەر ئاستێکی گەورەدا ئەم تایبەتمەندییە دەبینین کە تەنیا پێکهاتەی مرۆیی بەو جۆرە نییە. ئەو ئایدیایەشی کە دەڵێت ململانێیەکی هێرارشیانە لەنێوان مرۆڤەکاندا هەیە، بەڵگە لەبەردەستە کە بەلایەنی کەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاخی بەردین. کەواتە ئەم جیاوازیی پێکهاتە چینایەتییە لەمێژینەیە بەتەواوەتی ناگەڕێتەوە بۆ سەرمایەداری، چونکە زۆر پێش کاپیتاڵیزم لە مێژووی دوورودرێژی مرۆڤایەتیدا بوونی هەبووە و تەنانەت لە مێژووی خودی مرۆڤیش کۆنترە. کەوایە پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی پەیوەندییەک لەنێوان ململانێی چینایەتی و سەرمایەداریدا دروست دەکەیت لە کاتێکدا کێشەی قووڵترمان هەیە. بەڵام شتێکی تر کە وا دیارە مرکس حسابی بۆ نەکردووە ئەوەیە کە جگە لە ململانێی ئابووری مرۆڤ لەپێناو زۆر شتی دیکەشدا ململانێی کردووە، تەنانەت ئەگەر بیشیخەیتە ناو ئایدیایەکی هێرارشیەتەوە. مرۆڤ ململانێی لەگەڵ خۆیدا کردووە، لەگەڵ هێزە شەڕانگێزەکەی ناخی خۆیدا، کە پاڵنەری شەڕ و خراپەی بووە ململانێی کردووە. هەروەها ئێمە هەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سروشتداین و ئەم لایەنە لای مارکس و مارکسیزم بەگشتی دەرناکەوێت وەک ئەوەی سروشت هەر بوونی نەبێت. یەکەم ململانێی مرۆڤ کە لەپێناو ژیانیدا تێکۆشاوە دژ بە جیهانی سروشتی دڕەندە و سەخت بووە و وا دەردەکەوێت لە تیۆرییەکانی مارکسدا ئەم ململانێیە بوونی نەبووبێت. کێشەکە ئەوە نییە مرۆڤ لە سیستەمێکی چینایەتیدا دەژی، نەخێر، ئێمە کێشەمان هەیە چونکە مرۆڤ برسی و تەنیایە و پێویستە بەردەوام هەوڵی چارەسەری ئەو کێشەیە بدەین. شتێک لە مانیفێستۆی کۆمۆنیزمدا دەرناکەوێت ئەوەیە کە دەشێت ڕێکخستنی چینایەتی تایبەتمەندیی پۆزەتیڤی هەبێت.

کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە مارکس گریمانەی ئەوەی کردبوو کە مێژوو پەیوەستە بە ململانێی چینایەتی لەنێوان بۆرژوازی و پڕۆلیتاریادا، ئەمەش کێشەیە چونکە هەروا ئاسان نییە هێلێک بکێشی و بڵێی کێ چەوسێنەرە و کێش چەوساوەیە لەبەرئەوەی هێڵێکی ڕوون و ئاشکرا بوونی نییە. لە سەروبەندی شۆڕشی ڕووسیدا ئەمە بووە هۆی سەرهەڵدانی کێشەیەکی گەورە، کاتێک دەڵێم کێشەیەکی گەورە مەبەستم کێشەیەکی مەزنە چونکە دەتوانن مرۆڤ بەسەر ناسنامەی بەش بەشدا دابەش بکەن و ئەمەش کارێکی ئاسانە. ئەم کێشە گەورەیەش دەکرێت بە نموونەی گولاک بهێنینەوە کە جووتیارانی یەکێتیی سۆڤیەت پێشووتر هەوڵیاندابوو لە ڕەعیەتبوون ڕزگاریان ببێت و هەندێک ئاسیشی ماددی دەستەبەر بکەن، یەک ملیۆن هەشتسەد هەزار کەسی لەم جۆرە دوورخرانەوە و ٤٠٠٠٠٠ هەزاریشیان لێ کوژرا، دواتر بەهۆی پێگەی بۆرژوازیبوونیان و وەرگرتنەوەی خاوەندارێتییە تایبەتەکانیان بووە هۆی مردنی ٦ ملیۆن ئۆکرانی لە ساڵانی ١٩٣٠ـییەکاندا. کەواتە ئایدیای ململانێی چینایەتی ئایدیایەکی خراپە، زۆر زۆریش خراپ. کاتێکیش ئەم جیاوازییە دروست دەکەیت و هەموو چاکە و باشەیەک دەخەیتە لای پڕۆلیتاریا  و هەموو خراپەکانیش لای بۆرژوا، هەر لەبەر ئەم هۆکارە من حەزم لە ناسنامەی گرووپی سیاسی نییە چونکە کاتێک خەڵکی بەسەردا دابەش دەکەیت زۆر بە ئاسانی دەتوانی هەموو خراپییەکانی جیهان بخەیتە پاڵ گرووپێک و هەموو چاکییەکانیش لای گرووپەکەی دیکە بن.  مارکس بڕوای بە ئایدیایەکی دیکەی شێتانە هەبوو ئەویش بریتییە لە “دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا”، واتا کێشەکە سەرمایەدارەکانن کە خاوەنی هەمووشتێک و ڕێگاکانی بەرهەمهێنانن و هەمووان دەچەسێننەوە (کرێکاران زیاتر). بۆیە کاتێک هەموو خراپەیەک دەخەیتە لایەک، ئەوە ڕوودەدات کە لە شۆڕشی ڕووسیادا ڕووی دا کە بریتی بوو لە شۆڕشێکی خوێناوی و بوونی هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی سڕییەوە.

گرفتێکی تر بریتییە لە ڕەخنە[ـی مارکس] لە قازانج، بەڵام کێشەی سوود و قازانج چییە؟ لە ڕوانگەی تیۆریی مارکسەوە قازانج بریتییە لە دزی – ڕاستە دەکرێت لە هەندێک هەلومەرجدا قازانج بریتی بێت لە دزی – بەڵام بەو مانایە نایەت کە هەمووکات قازانج بریتی بێت لە دزیکردن. خاوەنکارەکان هەندێک بەها دەبەخشنە کاری ئەندێشەیان یاخود توانا ئەبستراکتەکانیان بۆ ئەوەی کۆمپانیاکە بەڕێوە ببەن و گەشە بە بەرهەمهێنان بدەن، ئەگەر کەمێک قازانج بەدەستبهێنن ئەوا ئەوە دەبێتە دڵنیاییەک بۆ ئەو کاتانەی بە بیرلێکردنەوە لەم کارانە خەرجیان کردووە. دووەم شتیش ئەوەیە ئەگەر قازانج نەبێت چۆن گەشە دەکەیت؟ لە کارکردن و بەدەستهێنانی قازانج پێویستت بەهەندێک شت هەیە کە بەدەستهێنانی ئاسان نییە، وەک: دۆزینەوەی موشتەری، هەبوونی بیرۆکەیەکی باش، فرۆشی باش و ڕازیکردنی کڕیارەکان.

یەکێک لە سەیروسەمەرەترین بەشەکانی مانیفێستۆی کۆمۆنیزم، ئەو شوێنەیە کە مارکس و ئەنگڵز ددانی پێدا دەنێن کە هەرگیز سیستەمی بەرهەمهێنانێک بوونی نەبووە لە مێژووی جیهانا بەرهەمهێنەرتر و کاڵادروستکەرتر بوو بێت وەک سەرمایەداری. خودی ئەمە لەناو مانیفێستۆی کۆمۆنیزمدا دۆکۆمێنت کراوە و ئەگەر سیستەمێک بتوانێت هێندە بەخێرایی کاڵا بۆ هەمووان بەرهەم بهێنێت هیچ لۆجیکێکی تێدا نییە کە ئەم سیستەمە فڕی بدەیت. لەڕاستیدا مارکس بیرمەندێکی نارسیست بوو، مارکس و ئەنگڵز دوو کەسی زۆر زیرەک بوون، بەڵام کاتێک مارکس بیری دەکردەوە و خەیاڵی دەکرد پێی وابوو مادەم بیری لە شتێک کردۆتەوە کەواتە ڕاستە، هەرگیز بیری لە قۆناغی دواتر نەکردۆتەوە و لەخۆی بپرسێت کە چی دەبێت هەموو ئەمانە هەڵە بن، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بیرمەند و بیرکەرەوەی کۆمەڵناسییانە بریتییە لەوەی هەمیشە گریمانەی ئەوە بکات کە دەشێت چەند ئایدیایەکی بنچینەیی هەبێت و هەڵە بێت. لەو چەند خولەکەی ماومە دەمەوێ باسی شتێک بکەم. مارکس دەیگوت لەناو سیستەمی کاپیتاڵیزمدا دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر دەبێ و هەژاریش هەژارتر دەبێت و نایاکەسانی بەردەوامی بەخۆی دەدات. یەکەم شت کە دەمەوێ باسی بکەم ئەوەیە ئێمە نازانین سیستەمی ئابووریی مرۆڤ بەبێ نایەکسانی چۆن دەبێت، هیچ کەسێک لە زاڵبوون بەسەر نایەکسانیدا سەرکەوتوو نەبووە بە خودی کۆمۆنیستەکانیشەوە، چونکە فۆڕمی نایەکسانی بەردەوام خۆی دەگۆڕێت. ڕاستە سیستەمی کاپیتاڵیزم نایەکسانی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام سەرمایەداری سامانیش بەرهەم دەهێنێت لە کاتێکدا هەموو سیستەمەکانی تر تەنیا نایەکسانی بەرهەم دەهێنن. لێرەدا هەندێک داتای بازاڕی ئازادم لەبەردەستدایە لە ساڵی ١٨٠٠ـەوە بۆ ساڵی ٢٠١٧: داهاتی کرێکار چل ئەوەندەی پێشووتر زیادی کردووە و شانزدە هێندەی تر داهاتی کرێکاری ناکارامە زیادی کردووە، بۆیە لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراوانە سامان و داهاتی هەموو کەسێک بەرزبۆتەوە، ئەوەش نەک بەتەنیا ڕێژەیەکی کەمی چەند کەسێک لە سەرەوە، هەژارەکان لە ئێستادا زووتر دەوڵەمەند دەبن وەک لە هەر قۆناغێکی دیکەی مێژوودا. کەواتە ڕەنگە ڕاست بێت کە دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن، بەڵام لەژێر سیستەمی سەرمایەداریدا هەژارەکان هەژارتر نابن، بەڵکوو هەژارەکانیش دەوڵەمەند دەبن.

سلاڤۆی ژیژەک: سەرەتا ئاماژەیەکی کورتی ناساندن. نازانم بە چ شێوەیەکی ئایرۆنیانە باسی ئەوە بکەم کە چۆن من و پیتەرسۆن – بەژداربووانی ئەم دوێلی سەدەیە – لەلایەن کۆمەڵگەی ئەکادیمییە ڕەسمییەکانەوە پەراوێز خراوین. بڕیارە من لێرەدا بەرگری لە بەرەی لیبڕاڵە چەپەکان بکەم لەبەرامبەر نیۆ کۆنزەرڤاتیڤەکان، بەڵام لەڕاستیدا زۆرترین هێرشەکان بۆ سەر من لەلایەن لیبڕاڵە چەپەکانەوەیە. لەبیرتان بێت ڕەخنەگرتم لە +LGBT ئایدۆلۆژی چ هەرایەکی نایەوە. کەواتە با لە بیرلێکردنەوە لە ناونیشانی دیبەیتەکەوە دەستپێبکەم: بەختەوەری، کۆمۆنیزم، سەرمایەداری… هەموو ئەمانە دەتوانم لە نموونەیەکدا بهێنمەوە: چینی ئەمڕۆ. چین لە چەند دەیەی ڕابردوودا دەشێت بگوترێت گەورەترین چیرۆکی سەرکەوتنی ئابوورییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. سەدان ملیۆن کەس لە هەژارییەوە هاتنە ناو چینی ناوەڕاستەوە، چۆن چین ئەم سەرکەوتنەی بەدەستهێنا؟ چەپی سەدەی بیستەم خۆی لە بەرامبەر دوو بنچینەی مۆدێرنە پێناسە دەکرد: دەسەڵاتی کاپیتاڵیزم لەگەڵ ململانێی بازاڕە تووندەکەی و دەسەڵاتی دەوڵەتی تۆتالیتاری بیرۆکراتی. چینی ئەمڕۆ هەردوو تایبەتمەندییەکەی لە خۆدا کۆکردۆتەوە: فۆڕمی دەسەڵاتی تۆتالیتاری و دەوڵەتی سەرمایەداریی دڕندە. گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەوان ئەم کارە لەژێر ناونیشانی دڵخۆشیی زۆربەی خەڵک ئەنجام دەدەن. چین ئاماژە بۆ کۆمۆنیزم ناکات تا شەرعیەت بەم شێوازی فەرمانڕەواییەی بدات، بەڵکوو وێنا کۆنەکەی کۆنفۆشیۆس سەبارەت بە هارمۆنیەتی کۆمەڵگە بە باشتر دەزانن. بەڵام ئایا چینییەکان بە بوونی ئەمە دڵخۆشتر و بەختەوەرترن؟ سەرەڕای ئەوەی دالایلاماش بوودیزمی تیبتی بە چەمکی خۆرئاوایی دادەنێت، هەندێک شتی وەک گەڕان بەدوای بەختەوەری دوورکەوتنەوە لە ئازار، بەختەوەری وەک ئەمانجی ژیانمان وێنەیەکی کێشەدارە. ئەگەر ئێمە شتێک لە دەروونشیکارییەوە فێربووبین ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ لە لەناوبردنی خۆشبەختی و بەختەوەری زۆر کارامەین. خۆشبەختی وێنەیەکی سەرلێشێواوانەیە کە لەسەر بنەمای بێتوانایی و نائامادەیی سوبێک لەبەرامبەر زنجیرەی ئارەزووەکانی. لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئێمە وای دەنوێنین کە ئارەزووی شتگەلێک دەکەین کە بەڕاستی هیچ مەیل و ئارەزوویەکمان بۆی نییە، کەواتە لە کۆتاییدا خراپترین شت بەسەرماندا بێت بریتییە لە بەدەستهێنانی ئەو شتەی بەشێوەیەکی ڕەسمی مەیل و ئارەزووی دەکەین. من ئەوەم قبووڵە کە ژیانی ئازادی و شکۆی مرۆڤ تەنیا لە گەڕان بەدوای بەختەوەریدا پێکنایەت، گرنگ نییە تا چەندین ڕوحانیەتی پێببەخشین یاخود هەوڵ بدەین ماتەوزەکانی دەروونمان واقیعی بکەینەوە. بەڵکوو پێویستە هەندێک هۆکاری واتادار لەودیو کێشمەکێشی زیندوومانەوەی چیژبەخش بدۆزینەوە. هەرچۆنێک بێت پێمخۆشە لێرەدا شتێک زیاد بکەم. یەکەم؛ مادەم لە سەردەمی مۆدێرن دەژین ناتوانین هەروا بەسادەیی بگەڕێینەوە بۆ دەسەڵات و بەمجۆرە کار و ئەرکێک بۆخۆمان دروست بکەین. مۆدێرنیتە واتا بەڵێ پێویستە بارەکە هەڵبگرین بەڵام بارەکە بریتییە لە خودی ئازادی، ئێمە بەرپرسیاری بارەکانمانین، ئێمە نەک بەتەنیا بۆمان نییە هۆکاری بێ بەها بۆ ئەنجامنەدانی ئەرکەکانمان بهێنینەوە، بەڵکوو خودی ئەرکیش نابێ بەهانە بۆخۆی بهێنێتەوە. ئێمە هەندێک ئامرازی ئامانجی باڵا نین، کاتێک هێزێکی سوونتەی دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات ئیتر گەڕانەوە بۆی ئەستەمە. گەڕانەوەکانی ئەمڕۆ بریتین لە ساختەکاریی پۆستمۆدێرن. ئایا دۆناڵد ترەمپ نوێنەری بەها سوونەتییەکانە؟ نەخێر، کۆنزەرڤاتیڤیزمەکەی نواندنێکی پۆستمۆدێرنانەیە. بەمجۆرە دەکرێت بگوترێت ترامپ پۆستمۆدێرنیستترین سەرۆککۆمارە. بیرمەندە کۆنزەرڤاتیڤەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕەگ و ڕیشەی قەیرانەکانمان بریتییە لە پشتنەبەستنمان بە هەندێک بەهای بەرز یاخود ترانسێندێنتاڵی خودایی. ئەگەر واز لە خۆمان بهێنین و هەموو شتێک لەڕوانگەی دۆخی مێژوویی و ڕێژەییەوە بخوێنینەوە، ئەوا هیچ شتێک لە چاوپۆشین ڕێگریمان لێناکات. زیاد لە سەدەیەک لەمەوبەر دۆستۆیۆڤسکی لە کتێبی (برایانی کارامازۆڤ) سەبارەت بە مەترسیی ئەخلاقی نیهلیزمی بێخودا ئاگاداریی دابوو: ئەگەر خودا بوونی نەبێت، ئەوا هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە. فەیلەسووفی فەڕەنسی ئەندرێ گریتزمان قسەکەی دۆستۆیۆڤسکیی وەرگرت و بۆ هێرشەکانی یانزەی سێپتێمبەری بەکارهێنا و کتێبێکی بەناونیشانی “دۆستۆیۆڤسکی/ مانهانتن” نووسی. ئەو زۆر بەهەڵەدا چوو، چونکە وانەی تیرۆریزمی ئەمڕۆ ئەمەیە: ئەگەر خودایەک بوونی هەبێت ئەوا هەمووشتێک، تەنانەت تەقینەوەی بینایەک کە هەزاران کەسی بێتاوانی تێدایە ڕێگەپێدراوە، کەسانێک ڕاستەوخۆ کردارێک بەناوی خوداوە ئەنجام دەدەن. هەمان بابەت و ئامانجیش بۆ کۆمۆنیزمی ستالینیستیی بێخودا بەوجۆرەیە. ئەوان بەڵگەی باڵای ئەوەن کە هەمووشتێک بۆ ئەوان ڕێگەپێدراوە، چونکە ئەوان ڕاستەوخۆ خۆیان بە نوێنەری پێشکەوتنی زەڕوورەتی مێژوویی خودایی بەرەو کۆمۆنیزم دادەنا. ئەمە کێشەی گەورەی ئایدۆلۆجیاکانە: چۆن کەسانێکی باش بکەین بە کەسانێکی خراپ.

دووەم: بەڵێ پێویستە بارەکە هەڵگرین و ئازارەکانی ئەم بارەش قبووڵ بکەین، بەڵام لێرەدا مەترسییەک سەرهەڵدەدات، ئەویش ئەو شتەیە کە من دەیڵێم: ئاشقی ڕەنج و ئازارەکانت مەبە. هەرگیز ڕەنجەکانت وەک بەڵگە و سەنەد authentic مەبینە. دەشێت دەستبەرداربوون لە چیژ بەئاسانی بگۆڕێت بۆ خودی چێژی دەستبەرداربوون، بۆ نموونە لیبراڵە سپیپێستە چەپەکان حەزدەکەن گاڵتە بە کولتوور و ئەورووپا-سەنتەریزمەکەنیان بکەن.

 ژاک لاکان شتێکی پارادۆکسییانەی نووسیوە بەڵام بە تەواوەتی ڕاستە: تەنانەت ئەگەر مێردێکی دڵپیسیش بە خەڵک بڵێ ژنەکەی لەگەڵ پیاوی تر دەخەوێت، تەنانەت ئەگەر قسەکەشی ڕاست بێت بەڵام بێگومان دڵپیسییەکەی نەخۆشییە. دڵپیسیی ئەو تەنیا ڕێگەیەکە بتوانێت ناسنامەی خۆی بپارێزێت. بەو جۆرە دەتوانرێت بگوترێت تەنانەت ئەگەر ئەوەی نازییەکان سەبارەت بە جوولەکەکان دەیانگوت ئەوان ئەڵمانیایان چەوساندۆتەوە و بوونەتە هۆی کێشە بۆ ئەڵمانیا و کچی ئەڵمانی دەفریوێنن، ئەگەر ئەم قسانەشیان ڕاست بێت (کە بێگومان ڕاست نییە)، ئەوا هێشتا  دژە-سامییەکەیان وەک نەخۆشی دەمێنێتەوە چونکە هۆکاری ڕاستەقینەی پێویستیی دژە-جوولەکەی نازی لەبەرچاو ناگرێت. لە خەیاڵی نازییەکاندا کۆمەڵگە بریتییە لە ئۆرگانێکی گشت و هارمۆنی و هەماهەنگی  بۆیە هەر هاتنەناوەیەکی دەرەکی دەبێتە هۆکاری جیاکاری و دوژمنایەتی. بابەتی ئەمڕۆ لە ئەورووپا دەربارەی پۆپۆلیستە دژە کۆچبەرەکانە، کە هۆکارەکەی بەشێکە لە سەرمایەداریی جیهانی ئەمڕۆ. سەرەڕای ئەوەی زۆر هەواڵ دەربارەی خراپە و کێشەی پەنابەرەکان بڵاو دەکرێتەوە، ئەگەر زۆربەشیان ڕاست بن، ئەوا چیرۆکی پۆپۆلیستەکان درۆن. لە دژە جوولەکەییدا ئێمە لە گێڕانەوەی چیرۆک نزیک بووینەوە، هیتلەر گەورەترین حیکایەتخوانی سەدەی بیستەم بوو، لە ساڵانی ١٩٢٠ـدا زۆربەی ئەڵمانییەکان بەهۆی شکستی سەربازی و قەیرانی ئابوورییەوە تووشی سەرلێشێوان بوون، هەربۆیە هیتلەر چیرۆکێکی خستەڕوو کە وای پیشان دا هۆکاری هەموو کێشە و دەردیسەرییەکانمان بریتین لە جوولەکە، ئەمە ئەو شتەیە کە دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە، ئێمە سەبارەت بە خۆمان چیرۆک دەگێڕینەوە تا بتوانین ئەزموونێکی واتادارمان لە ژیانی خۆماندا هەبێت. سەرەڕای ئەوەی ئەمە بەس نییە، یەکێک لە حیکمەتە گەمژانەکان – شتێکە کە زۆر گەمژانەیە – بریتییە لە: دوژمن کەسێکە کە تۆ چیرۆکەکەیت نەبیستووە. بەڕاست؟ ئایا ئێوە ئامادەن ئەوەتان قبووڵ بێت کە هیتلەر دوژمنمانە چونکە چیرۆکەکەیمان نەبیستووە! ئەزموونێک کە لە ژیانی دەروونیمان هەمانە، چیرۆکێک کە خۆمان دەربارەی خۆمانی دەگێڕینەوە تا بتوانین مانایەک بەو شتانە ببەخشین کە ئەنجامیان دەدەین، ئایدۆلۆژیاش بریتییە لەمە… کە لە بنەڕەتەوە درۆیە. حەقیقەت لەدەرەوەی ئەو کردارانەوەیە کە ئێمە ئەنجامی دەدەین. بەهەمان شێوەی ئەو دەغدەغەی ڕاستڕەو سەبارەت بە کولتووری مارکسیزم هەیەتی، دەبێتە هۆی ڕەتکردنەوەی ئەو حەقیقەتەی فینۆمینۆیەی ڕەخنەی لێدەگرن دەرئەنجامی چیرۆکی مارکسیزمی کولتوورییە: داڕمانی ئەخلاق، سێکسی بێ پرەنسیپ، هێدۆنیزمی مەسرەفگەرا و…هتد. هەموو ئەمانە بەرئەنجامی داینامیکی ناوەکیی کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکانە. پێمخۆشە ئاماژە بە نموونەیەکی کلاسیکی بکەم: کتێبەکەی دانیاڵ بێل بەناوی “دژبەیەکییەکانی کولتووری سەرمایەداری” کە لە ساڵی ١٩٧٦ نووسیویەتی کە نووسەرەکەی بانگەشەی ئەوە دەکات کە پاڵنەرە بێسنوورەکانی سەرمایەداریی مۆدێرن لەناو ڕەگوڕیشەی ئێتیکی پڕۆتیستاندا دامەزراوە. بێڵ لە پێشەکییەکی تازەی کتێبەکەیدا ڕوانگەیەکی تر سەبارەت بە کۆمەڵگە هاوچەرخەکانی خۆرئاوا پێشکەش دەکات، ئەوە پیشان دەدات کە چەندە ڕووبەڕووی هەڵە کولتوورییەکانی سەدەی بیستویەکەم ببینەوە لێرەوەیە: گەڕانەوە بۆ کولتوور یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانەوەی کاپیتاڵیزم و بەکاڵاییکردنی خودی ژیانی کولتوور. پێموایە مارکسیزمی کولتووری هەمان ڕۆڵی ئەو چیرۆکی جوولەکەیە دەگێڕێت کە دژە یەهوودییەکان دەیانگێڕایەوە.

من بە قووڵی ستایشی ئەندێشەی پەرەسەندن[ـی داروینی] دەکەم، بێگومان ئێمە بوونێکی سروشتین و دی ئێن ئەیەکەمان وەک دەزانین، ڕەنگە هەڵە بم، لە سەدا نەودونۆ لەگەڵ هەندێک جۆری مەیموون هاوبەشە، ئەمەش واتایەکی هەیە. بەڵام سروشت سیستەمێکی جێگری هێرارشیەت نییە بەڵکوو شتێکی بێلێکدانەوەیە، هاوشێوەی خواردنی فەڕەنسی گەشە دەکات. بنچینەی زۆرێک لە خواردن و خواردنەوە فەڕەنسییەکان ئەوەیە: کاتێک فەڕەنسییەکان ویستویانە خواردن یاخود خواردنەوەیەکی ستاندارد بەرهەم بهێنن و شتێکیان بەهەڵە ئەنجام داوە، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوتووە ئەم هەڵەیە دەشێت هەڵبگێڕێتەوە و ببێت بە سەرکەوتن. پەنیریان بەشێوەی ئاسایی دروست دەکرد بەڵام پەنیرەکە گەنیو و بۆنێکی ناخۆشی لێوە هات، فەڕەنسییەکان بەخۆیان گوت ئەمە پەنیری ڕەسەنی فەڕەنسییە. شەرابیان بەشێوە ئاساییەکە دروست دەکرد و لەکاتی ترشاندنەکە هەندێک هەڵەیان ئەنجام دا و بووە هۆی ئەوەی دەست بکەن بە بەرهەمهێنانی شامپانیا. من نامەوێ لێرەدا نووکتە بگێڕمەوە، بەڵام شتەکان بەو جۆرەن و وانەکەی دەروونشیکاریش سەبارەت بە کارکردی سێکسواڵیتەمان لەوەوە دێت. بێگومان غەریزەی سێکسی بەهۆی بایۆلۆجییەوە خەسڵەت و تایبەتمەندیی وەرگرتووە، بەڵام سەیرکە ئێمەی مرۆڤ چیمان لێ دروست کردووە، لە سنووری جووتبوونی وەرزانە کورت نەکراوەتەوە، بەڵکوو دەشێت بۆ وەسواسیی هەمیشەیی بگۆڕێت.

بۆچی من خۆمم بەم ناوە نەفرەتلێکراوەی کۆمۆنزیمەوە لکاندووە؟ لە کاتێکدا دەزانم و ددانی پێدادەنێم پڕۆژەی کۆمۆنیزمی سەدەی بیستەم شکستی هێنا، بەڵام چۆن شکستی هێنا؟ تێکەڵبوونی بە تاوانی ترسناک. کاپیتاڵیزم سەرکەوت. بەڵام بانگەشەکەی من ئەوەیە (کە دەتوانین قسەی لەسەر بکەین)، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا سەرمایەداریی جیهانیی ئەمڕۆ لەناوخۆیدا هێندە دوژمنایەتیی هەڵگرتووە کە ڕێگریی لێبکات لەوەی خۆی بەرهەمبهێنێتەوە. پێموایە ئەم هێزەی دژایەتییە بوونی هەیە. هەڕەشەی کارەساتی ئیکۆلۆجیانە بەرهەمی گەشەی تەکنۆلۆژیی زانستییە… بەتایبەت لە بایۆجینەتیکدا. هەموو ئەو هێزە دژانە ئەو شتانەن کە مارکس پێی دەگوت کۆمۆن. واتا جەوهەری بوونی کۆمەڵایەتیمان. سەرەتا کۆمۆنی سروشتی لەلایەن پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی کەشوهەوا لەژێر مەترسیدایە. با لێرەدا وردتر ببمەوە. من زۆر باش ئاگاداری ئەوەم کە چەندە پڕۆژە و شیکارییەکان لەم زەمینەیەدا نادڵنیان، کاتێک دڵنیادەبینەوە لێی کە ئیتر زۆر درەنگ بووە.

هەربۆیە من هیچ گەشبینییەکی پووچ بە جددی وەرناگرم، کاتێک کەسێک دەیەوێت بڕوام پێ بهێنێت کە سەرەڕای هەموو کێشەکان هێشتا ڕووناکییەک لەوسەری تونێلەکەوە هەیە، ڕاستەوخۆ وەڵامەکەم ئەمەیە: ڕاستە، ئەویش ڕەنگە شەمەندەفەرێکی دیکە بێت بەرەو ڕوومان بێت.

جۆردن پیتەرسن: لە ڕاستیدا دکتۆر ژیژەک بە جۆرێکی زۆر ئاڵۆز باسەکەی کردووە کە من بەهیچ شێوەیەک ناتوانم وەڵامی بدەمەوە.

سلاڤۆی ژیژەک: ڕاستە، خۆم هەر ویستم ئەم کارە بکەم…

جۆردن پیتەرسن: من لە قسەکانی تۆدا تەنیا گوێبیستی ڕەخنەگرتن بووم لە کاپیتاڵیزم بەڵام هیچ بەرگرییەکی ڕاستەقینەم لە مارکسیزم نەبینی. هەربۆیە من لە پێشەکیدا سەرنجم لەسەر ناونیشانەکە بوو: خۆشبەختی، مارکسیزم، کاپیتاڵیزم، بەڵام بەرێز ژیژەک زیاتر جەختی لەسەر خۆشبەختی و کاپیتاڵیزم بوو. ئەمەش بۆ من جێی سەرسووڕمانە وەک لەوەی کە گریمانەم دەکرد چاوەڕێی پشتگیریکردنێکی سوونەتیی مارکسیزیمیم دەکرد، هەر بۆیە بەشی یەکەمی قسەکەمم بۆ ڕەخنەگرتن لە مارکسیزم تەرخان کرد.

دکتۆر ژیژەک باسی کێشەکانی کاپیتاڵیزمی کرد، لەڕاستیدا من زۆر باش ئاگاداری ئەو کێشانەم، لەڕاستیدا من بەرگریم لە کاپیتاڵیزم نەدەکرد بەڵکوو بە بەراورد بە مارکسیزم بەرگریم لێ دەکرد و ئەمەش دوو شتی جیاوازە. چونکە وەک وینیستۆن چەرچڵ دەڵێت دیموکراسی خراپترین جۆری حکومەتە و لەچاو هەموو جۆرە سیستەمەکانی دیکەی حکومڕانی باشترینە. ڕەنگە بتوانین هەمان شت سەبارەت بە کاپیتاڵیزم بڵێین، کە خراپترین ڕێکخستنی ئابوورییە بەڵام باشترین سیستەمی ئابووریشە کە تا ئێستا تاقیمان کردبێتەوە.  شتێکی دیکە ئەوەیە لەڕاستیدا من لە دکتۆر ژیژەکەوە گوێم لە هیچ ئەڵتەرناتیڤێک نەبوو، سەرەڕای ئەوەی هیچ بەرگرییەکی لە مارکسیزم نەکرد، دیسان پرسیارەکە بۆ من ئەوەیە کوا ئەڵتەرناتیڤ؟

سلاڤۆی ژیژەک: دەمەوێت بە کورتی ئاماژە بە هەندێک شت بدەم. سەرەتا سەبارەت بە بەختەوەری، جۆردن پێم بڵێ ئایا من خەون نابینم؟ زۆر باش لەبیرمە چەند ساڵێک لەمەوبەر ئامار و ڕاپرسییەکی جیهانی ئەنجامدرا و گفتوگۆ لەگەڵ خەڵک کرا لە وڵاتی جیاواز جیاوازدا کە ئایا هەست بە بەختەوەری و دڵخۆشی دەکەن لە ژیانیاندا. شۆکەکە ئەوەبوو هەندێک وڵاتی ئەسەکندەناڤی کە ئێمە بە بەهەشتی سۆشیال دیموکراتی دادەنێین ئاستی دڵخۆشییان زۆر نزم بوو لە کاتێکدا بەنگلادیش نزیک بوو لە بەرزترین ئاست (دەزانم ئەم لۆجیکە سنووردارە و بڕوام بەو قسە بێمانایانە نییە کە دەڵێت هەژارەکان دڵخۆشن)، مەبەستی من لەم ئارگومێنتە ئەوەیە کە خودی دڵخۆشی کێشەسازە. با نموونەیەک بهێنمەوە کە ڕەنگە بەلاتەوە سەرنج ڕاکێش بێت، لە دوای دەستتێوەردانی یەکێتیی سۆڤیەت لە چیکۆسلۆڤاکیا لە ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ـکان. سەرەتا بۆ بەختەوەری نابێت دیموکراسیی زۆرت هەبێت چونکە باری بەرپرسیارێتی دەهێنێت، بەختەوەری واتا کەسێکی دیکە هەیە لەبری تۆ بەرپرسیارێتییەکان دەگرێتە ئەستۆ و هەموو لۆمەکان دەخەیتە ملی ئەو. کاتێک لە چیکۆسلۆڤاکیا باران و تۆڤانێک دەبوو وەک نووکتەیەک دەیانگوت ئۆهـ ئەم کۆمۆنیستە دیسان گوویان کردە کەشوهەواوە (ئەمە یەکێکە لە دۆخەکانی بەختەوەری). دۆخێکی تر کە وردترە، کە دەتوانین سەردەمی تاریکی چیکۆسلۆڤاکیا بە نموونە بهێنینەوە، کە ژیان [لەدوای یەکێتیی سۆڤیەت] بەشێوەیەکی ڕێژەییانە زۆر باش بوو بەڵام پێرفێکت نەبوو، بۆ نموونە هەموو کاتێک گۆشت هەبوو بەڵام ڕەنگە لە مانگێکدا جارێک گۆشت نەبووبێت، ئەمەش هۆکارێکی باش بوو کە بەبیر خۆتی بهێنیتەوە جاران چەندە دڵخۆشتر بووی [سەرەڕای ئەوەی کە کەمتر گۆشت هەبوو]. ئەزانی سۆڤیەت لە پۆڵەندا ڕووخا، خەڵکی پۆڵندا دەیانگوت چ بەهشتێکە، ئەو کەسەی کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە وڵاتەکەدا ڕێگەپێنەدراو بوو ئێستاکە لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنی بەدەست هێناوە کێ ئەمەی بە خەیاڵدا دەهات؟ بەڵام موعجیزەی ڕاستەقینە بۆ من ئەوە بوو چوار ساڵ دواتر بەشێوەیەکی دیموکراسییانە کۆمۆنیستەکانی پیشوو هاتنەوە سەر دەسەڵات. من ئەمە وەک ئارگومێنتێک بۆ بەرگریکردن لەوان ئەمە ناهێنمەوە بەڵکوو دەمەوێت باسی سروشتی گەندەڵییانەی خۆشبەختی بکە.

سەبارەت بەو پێشەکییەی کە تۆ پێشکەشت کرد کە مانیفێستۆکەت بەو شێوەیە سادە کردەوە، هەرچەندە شێتانەشە بەڵام لە زۆر خاڵدا من هاوڕاتم، هەرچەندە ئارگومێنتێکی ئاڵۆزە بەڵام مارکس تیۆرییەکی باشی سەبارەت بە چۆنییەتی بوونی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی نەبووە. ئایدیاکەی ئەو بەسادەیی سەبارەت بە نەمانی ململانێی چینایەتی بووە، بەجۆرێک لە جۆرەکانیش خەیاڵێکی تێکنۆکراتیی لە مێشکدا هەبووە. مارکس بەشێکی لە کتێبی “ڕەخنەی پڕۆگرامی گۆتە” هەیە کە ڕاستەوخۆ دەربارەی کێشەی یەکسانی قسە دەکات و بەتەواوەتی وەک کەسێکی بۆرژوا یەکسانی ڕەت دەکاتەوە و زۆر زۆر بە ئاشکراش ئەم کارە دەکات. بۆ ئەو کۆمۆنیزمیش جۆرێک لە هێرارشیەت بووە بەڵام لەسەر بنەمای سەرمایەداری دانەمەزراوە.

لەڕاستیدا بەگشتی مارکسیستەکان گەشبینییەکی ئەنسۆپۆلۆجیی گەمژانەیان هەیە، پێیان وایە هەر کاپیتاڵیزم لەناوچوو هەمووان دڵخۆش دەبن. لەڕاستیدا من زۆر لەوە ڕەشبینترم، من بڕوام بە باشیی مرۆڤ نییە و هەرگیز خراپەی مرۆڤ بە کەم ناگرم. ئێمە لە سلۆڤینیا چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشمان هەیە: جارێک خوا دەچێتە لای جووتیارێک پێی دەڵێت هەرچیت بووێت بۆت دەکەم بەڵام چی شتێکم بۆ تۆ کرد دووقات بۆ دراوسێکەشتی دەکەم، دەزانی جووتیارە سلۆڤینییەکە دەڵێت چی؟ “زۆر باشە، چاوێکم دەربهێنە.” ئێمە لەم دۆخەداین و بەکەمی مەزانە، وا دیارە هیچ ڕێگەچارەیەکی سادە و ڕوون لەئارادا نییە.

جۆردن پیتەرسن: لەڕاستیدا سێ پرسیارم هەیە، کە دوو دانەیان بەتەواوەتی پەیوەندیی بە بابەتەکەوە نییە. هەرچەندە دڵنیا نیم کە پرسیارێکی دادپەروەرانە بێت، تۆ سەیروسەمەرەترین مارکسیستی کە گفتوگۆم لەگەڵدا کردبێت، هەڵبەتە ئەمە سووکایەتی نییە چونکە بەر لە هەرشتێک تۆ کارەکتەرێکیت و ئەمەش نیشانەی ڕەسەنایەتییە. پرسیارەکەم ئەوەیە… بۆ من وا دەردەکەوێت کە ناوبانگی تۆ زیاتر وەک پشتگیریکەرێکی مارکسیزم یاخود بەرەی چەپ بڵاو بۆتەوە، کە ڕەنگە من بەهەڵە بیستبێتم، سەرەڕای ڕەسەنێتی لە ئەندێشەی تۆدا بۆچی بانگەشەی مارکسیزم دەکەیت و ناڵێیت ژیژەکیزم؟

سلاڤۆی ژیژەک: لە کتێبەکانمدا بەشێوەیەکی سیستەماتیکی ڕەخنەم لە زۆرێک لە مارکسیستە سوونەتییەکان گرتووە، بەڵام دەزانی من هێشتا لە چی شتێکدا ستایشی مارکس دەکەم؟ هەڵبەتە ئەو مانیفێستۆی کۆمۆنیستە سادەیەیە نا، بەڵکوو کتێبی “ڕەخنەی ئابووریی سیاسی: سەرمایە” دەستکەوتێکی گەورەیە سەبارەت بە وەسفی داینامیکی کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکان. شتێکی دیکە ئەوەیە کە زۆر حەز دەکەم بەشێوەیەکی پارادۆکسیانە ئاماژەی بۆ بکەم گەڕانەوەی مارکسە بۆ هیگڵ، لەڕاستیدا من زیاتر خۆم بە هیگڵی دادەنێم. هیگڵ زیاتر کراوەیە، ترسناکیی مارکس بۆ من لەوەدایە کە ئێمە لە خاڵێکی سفرداین بەڵام دەرفەتێک هەیە کە هەمووشتێک هەڵگەڕێتەوە بۆ ئازادیی کۆمەڵگە و مەترسیەکە لێرەدا بەئامرازکردنی خودە. حیزبی کۆمۆنیستی زانایەکە کە یاساکانی مێژوو دەزانێت و دوای دەکەوێت، ئەمەش کارەساتە. بەڵام بۆ هیگڵ ئەم جۆرە بابەتە بەتەواوەتی قەدەغەیە. لای هیگڵ پێگەیەکی لەو جۆرە بوونی نییە کە بزانیت چی دەکەیت و ئەنجامەکان بەکوێ دەگەن، هیگڵ لە پێشەکیی کتێبی مێژووی فەلسەفەدا زۆر بەڕوونی گوتویەتی کە باڵندەی مێنریڤا سەر لە ئێوارە دەخوێنێت[1]، کەواتە فەلسەفە کاتێک دەتوانێت بۆشایی کۆمەڵگە بقۆزێتەوە کە هەموو شتێک کۆتایی پێهاتووە، فەلسەفە ناتوانێت داهاتوو ببینێت.

سەرچاوە:


[1] مەبەستی هیگڵ لێرەدا ئەوەیە فەلسەفە کاتێک دەست پێدەکات کە ڕووداوەکان تەواو بوون و فەلسەفە دەست بە بیرکردەوە دەکات لە ڕووداوەکان.