رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گفتوگۆی مەهاتما گاندی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان

Facebook
Twitter
LinkedIn

دەربارەی توندوتیژی، نا-توندوتیژی و دەوڵەت

وەرگێران: شادیار شۆڕش

عەبدولڵا ئۆجەلان: بەڕێز گاندی؛ ژن، ژیان، ئازادی- سڵاو لە کوردستانەوە.

مەهاتما گاندی: هەڤاڵ ئۆجەلان، نەمەستێ و زیندەباد لە هیندستانەوە.

عەبدولڵا ئۆجالان: زۆر سوپاس بۆ بەکارهێنانی وشەی هەڤاڵ. سەرنجم دا لە سڵاوەکەتدا وشەی زیندابادت بەکار هێنا، داخۆ ئەو وشەیە هیچ پەیوەندییەکی هەیە بە ئازادیی ژن و ژیانەوە؟ هەروەک ئەو چەمکەی لای ئێمە هەیە؛ ژن، ژیان، ئازادی؟

مەهاتما گاندی: ئەرێ وایە، کاتێک دەڵێم زیندا واتا تۆ هەر هەبیت و ژیانت بەردەوام بێت. ئەم دەستەواژەیە زۆربەی جووڵانەوەکانی هیندستان بەکاریان هێناوە و منیش بەم دواییە وا بەکاری دێنم. ئەگەر هەڵە نەبم وشەی ژیان کە بەکارت هێنا، وەک وشەی جیڤانی هیندییە کە واتای ژیانە، کەواتە وشەی ژن-یش لە کوردیدا واتای womenـە لە ئینگلیزیدا؟ ناوازەیە. کەوابێ سڵاوەکەی تۆ بە ژن دەستی پێکرد؟

عەبدولڵا ئۆجالان: بێ گومان وایە، ئەمەش لەو پێناوەی، بەبێ ژن، ژیان و ئازادی بوونی نییە. جا دەمەوێت شتێک باس بکەم، لەم ساڵە دوورودرێژانەی زینداندا لەو بارەیەوە شتێکم نووسیوە، لێ نازانم لە کام کتێبەمدایە، بەڵام نووسینەکە بەم شێوەوەیە؛ بەبێ بوونی یەکسانی جێندەری، هیوای ئازادی و یەکسانی واتای نابێت.  پێکهێنەرێکی هەرە جێگیر و گشتیگیریی بەدیموکراتیزەکردن، ئازادیی ژنە.

مەهاتما گاندی: وای!! دەزانیت پێم وایە من زۆر درەنگ کەوتووم لەوەی کە ژن وەک چەقی سوارژ بزانم، وەلێ تۆ بە تەواوەتی ڕاست دەبێژیت. بەڵام گوێ بگرە، ئەوەی دەمەوێت لەگەڵتدا گفوتوگۆی بکەم، مژاری توندوتیژی و نا-توندتیژییە. هەر لەبەر ئەمەشە ویستم پەیوەندیت پێوە بکەم، ئەوەش دەزانم کە کاتی تۆ سنووردارە بۆ پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی زیندانەکەت، بۆیە کونجکوڵ بووم دەربارەی ئەوەی….

عەبدولڵا ئۆجالان: ببوورە کە قسەت پێ دەبڕم بەڕێز گاندی، بەس تکایە دەکرێت ئەو وشەی سوارژە ڕوون بکەیتەوە کە بەکارت هێنا؟

مەهاتما گاندی: ئۆو، دەستەواژە هەرە دڵخوازەکەم. لە چەند شوێنێک و بە تایبەت لە کتێبێکی بچکۆلەمدا بە ناوی هیند سوارژ، ڕوونم کردووەتەوە. ڕاستەوخۆ ئەم دەستەواژەیە دۆخێکی ئاکاری-سیاسیی تاک و ئازادی و خۆبەڕێوەبەرییە؛ سەرنجی لەسەر ڕوونکردنەوەی پرسی هێزە، نەوەک لە حکوومەتدا، بەڵكوو لەنێو تاکەکاندا. سەرنج دەخاتە سەر توانای بەرخودان لە بەرانبەر دەسەڵاتی توندوتیژدا، ئەم دەستەواژەیە خۆویستانە جۆرێک لە گلدانەوە و میانڕەویمان تێدا دروست دەکات، لەو پێناوەی دڵنیایی بدەین کە مرۆڤانی تریش بتوانن خواستەکانیان بهێننە دی، هەروەها جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان ئەرک و مافەکانیشماندا دروست دەکات.

عەبدولڵا ئۆجالان: سەرنجڕاکێشە. لە کوردستان ئێمە هەوڵ دەدەین پابەند بین بە هەر یەک لە پرەنسیپەکانی بڕیاردانێکی خۆسەر لە لایەن هەر یەک لە کۆمۆنەوەکانەوە هاوشانی سەرنجدان لەسەر ئەو بەرپرسیارێتیانەی کە ژیانی هەرەوەزی دەیهێنێتە کایەوە، هاوکات ئافراندنی پێکبەندییەکی سنووربڕ کە زۆربەی نیشتیمانەکان بگرێتەوە کە وەک دەستەواژە ناوم ناوە کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی. بە ڕاستی وا بیر دەکەمەوە کە دەتوانین ئەمە وەک بنەما سەرەتاییەکانی خۆبەڕێوەبەری، لە لایەن خەڵکی جیهان خۆیانەوە دابنێین، لە هەرە لۆکاڵەوە بۆ هەرە گڵۆباڵ، دواتر ئەوەی دەکرێت بێتە کایەوە بریتییە لە یەکێتیی کۆنفیدڕاڵی دیموکراسیی جیهان، کە دەبێتە جێگرەوەی ڕێکخراوێکی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێکخراوێکی داگیرکراوی دەستی هیزە باڵاکانی دەوڵەت نەتەوەیە.

مەهاتاما گاندی: هممم. هەست ئەکەم لە شوێنێکدا باسم لە بازنە دوورگییەکان[1] کردووە کە ناوچەی بەرفراوانتری سوارژن کە بەندن بەو بڕیاردانانەوەی کە لەلایەن ڕێکخستنە کەسییە خۆسەرەکانەوە هاتوونەتە کایەوە، بەبێ بوونی هیچ هیرارشییەتێک. پێم وایە هەر کەس دەتوانێت خۆبەڕێوەبەرییەکی گڵۆباڵ لەسەر ئەم بنەمایە بونیاد بنێت. بەڵام دووبارە بانگەوازی پشتگیریکردنی ئایدیای فیداراسیۆنی نەتەوە ئازادەکان دەکەم. کە پێم وایە نزیکە لەوەی ئاشتیخوازییەکی گڵۆباڵ بهێنێتەوە کایەوە، هەرچەندە لەوانەیە زۆر ئەوەش ڕوون نەبێت کە دەکرێت ببێتە جێگرەوەیەک بۆ داگیرکارییە حکومەتیییەکانی دەوڵەت نەتەوە، بەبێ ئەوەی هێچ پێگەیەک بە خەڵکی جیهان ببخەشێت.

عەبدولڵا ئۆجالان: دەبێت گفتوگۆی هێزی دەوڵەت-نەتەوە بکەین کە پێم وایە یەکێکە لە بنەماکانی کۆڵۆنیالیزمی گڵۆباڵ. بەهەرحاڵ، حەزم لەو شێوە باسکردنەتە دەربارەی بازنە دوورگەییەکان. بە ڕاستی شاعیرانەیە، بەڵام تۆ وتت دەتەوێت دەربارەی ناتوندوتیژیی لەگەل مندا قسە بکەیت؟ منیش حەز دەکەم لەو بارەیەوە پرسیارت لێ بکەم، هەروەها هەندێک لە هزرینەکانی تۆم خوێندووەتەوە لە کتێبەکەی ستانلی وۆلپێرت؛ خواستی گاندی، ژیان و میراتی مەهاتما، کە پارێزەرەکانم کۆپییەکیان بۆ هێنام بۆ زیندان. سەرسام بووم بەو بۆچوونانەت.

مەهاتما گاندی: دەزانیت هەڤاڵ ئۆجەلان ژیانی ئێمە لێرە، لەم ژیانەی پاش مردنەدا لە دۆخی تۆ جیاوازترە، هەموو کتێبەکانی جیهان بەردەستن، بۆ زانیاریشیت مارتن لوسەر گینگ و عیسای مەسیحیش لێرەن، جا چەند شتێکیشم دەربارەی تەڤگەرە ئازاکەی تۆ خوێندووەتەوە. پێم بڵێ، پێم وایە ئایدۆلۆجیاکەت؛ نەتەوەی دیموکرات و کۆنفیدڕاڵیزم و کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژی کە خاڵی زۆر هاوبەشی هەیە لەگەڵ سوارژ بەو شێوەیە کە نابێت هیچ شوێنێکی بۆ توندوتیژی تێدا بێت. ئەدی باشە بۆ تەڤگەرەکەت سوپای هەیە، تەنانەت سوپای ژنانیش، داخۆ ئەمە دژیەکیی نییە.

عەبدوڵڵا ئۆجالان: دروستە، ئەمە تەنیا دیموکراسی نییە کە من سەرپێم خستووە، بەڵکوو ژنۆلۆژیشە، زانستی ئازادیی ژن، کە جەخت لەسەر ئاشتی و هارمۆنی دەکاتەوە لەگەڵ زەویدا. لێ پێم وایە پاراستنی ڕەوا یەکێکە لە هەرە گرنگترین پێداویستییەکان بۆ هەر گیانلەبەرێک بە مرۆڤیشەوە. تەنانەت باسم لەوەش کردووە زیاتر لە سوپایەک پاراستنی ڕەوا دەربارەی پاراستنی شوناسە کە پاراستنی هۆشیاریی سیاسی و بە دیموکراتیزەکردنە، بەڵام بەڕێز گاندی، توندوتیژی و هێزە سەربازییەکانی دەوڵەت ژیانی ئێمەی داگیر کردووە، ئەم ناوچەیە خودان بەستێنێکی مێژوویی بەرفراوانە لە ئەشکەنجەدان و توندوتیژی بە جینۆسایدی ئەرمەنی و ئاشووری و ڕۆم و گریک و چەندەها کۆمەڵكوژیی دیکە لە کوردستان. ڕێکارە بە ئەنقەستەکانی جینۆسایدی کولتووری لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە پەیڕەوی لێ کراوە. چەندەها ساڵ هەوڵمان دا، هەروەها لە زۆر دۆخدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەواندا بە واتا ئاشتیخوازەکەی.  تەنانەت لە چەندان دۆخدا ئاگربەستی تاکلایەنەمان ڕاگەیاندووە. لە دوای ماوەیەکی کورت، وەڵامەکەیان دەرکەوتووە کە ئەویش ئەوەیە هەرگیز ئەو جۆرە چارەسەرییانەیان بە لاوە گرنگ نەبووە. ئەوان ناتوانن لەگەڵ ئایدیای خۆسەری کوردی هەڵ بکەن، ئەگەرچی تەنانەت ڕەزامەند بووین بەوەی لەنێو سنووربەندییەکانی ئەوانیش بژین و داوای دەوڵەت یان وڵاتی خۆمان نەکردووە، لێ هیشتا تۆپبارانمان دەکەن و هەڤاڵانمان شەهید دەکەن و شەڕمان لەگەڵ دەکەن. لە دۆخێکی لەو جۆرەدا، بژاردەی ئەوەمان هەبوو بە هێزی خۆمان، پارێزگاری لە خۆمان بکەین، یان بمانسڕنەوە.

مەهاتما گاندی: بەڵام ئایا دڵنیایت کە هەلی تەواوەتیت داوە بۆ ئەوەی نا-توندوتیژیی بە تەواوەتی گوزارشت لە خۆی بکات؟ بڕوام وایە ئێوە کەسانێکن وا بە تەواوی ئامادەن بۆ نا-توندوتیژی و دەتوانن زاڵ بن بەسەر توندوتیژی هەرە قووڵی دەستدرێژیکران، بەڵام دۆخی ئامادەکاری بۆ ئەمە یەکجار گرنگە.

عەبدوڵڵا ئۆجالان: دەبێت دان بەوەدا بنێم بە تەواوەتی شارەزای چەمکی نا-توندوتیژیی تۆ نیم، زۆر بە بە باشیش نەمخوێندووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە پێویستە ئامادەکاری بۆ بکەم و لێی تێی بگەم و بیخوێنمەوە، جا ئەگەر قۆناغی بیرمەندی و گەشەسەندنی کولتووریی کۆمەڵگەکەمان بێت یان جۆرێک لە توندوتیژیی لادەرانەی دەوڵەت نەتەوە بێت، ئەوا دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە، واش دەردەکەوێت کە دژەهێز ئەو شتە بێت ئێمەی پاراستووە. بەردەوام ئێمە کار دەکەین لەسەر بونیادنانی هزرێک کە ڕەوایەتی بە توندوتیژی نادات، هزرێک بانگەشە بۆ ئاشتی و دووبارە بونیادنانەوە دەکات ئەمەش بە درێژایی پرۆسە ئاساییەکانی پەروەردەمان بە ڕوونی بوونی هەیە.

مەهاتما گاندی: دەتوانم لەوە تێبگەم. بۆ کۆمەڵگەیەک کە بیەوێت سەرپاکانە ئامادە بێت بۆ بەکارهێنانی نا-توندوتیژی وەک هۆیەکانی بەرخودان یاخود ساتیاگراها یان زاڵبوون بەسەر ئەو کەسانەی وا بەسەریدا دەسەپێنن، پێویستی بە ڕاهێنانێکی سەختی هزری و ڕۆحی هەیە. وێنای دەکەم دەکرێت کۆمەڵگەی کوردی کاتی پێویستی نەبووبێت بۆ ئەم ئامادەکارییە یان لە هەندێک دۆخیدا هاوشێوەی دۆخی هەنووکەیی تۆ؛ دۆخی سازیبوون لە کاتێکی دیاریکراودا کار نەکات.

لێ گوێبگرە، دەمەوێت ئەوەش ڕوون بکەمەوە کە مەبەستم لە نا-توندوتیژی ئەوە نییە کردەیەکی زۆردارانە بێت، بەڵکوو وەک پرەنسیبێکی بنەڕەتی قسەی لەبارەوە دەکەم. لە چەندان شیوەی جیاوازدا هەردەم باس لەوە دەکەم ئەگەر کێماسییەک هەبێت لە توانای ناتوندوتیژی و خود-بەرگریدا، نابێت هیچ شڵەژانێک لە هەمبەر بەکارهێنانی هۆیەکانی توندوتیژیدا هەبێت. بۆیە توندوتیژی بەرگریکردن لە خۆ، زۆر باشترە لە بێتوانایی، یان خۆبەدەستەوەدانی ترسنۆکانە. هەروەها ئەوەشم وتووە لە کاتێکدا دانیشتووان خۆیان بۆ ناتوندوتیژی و هاوکاری ئاشتیانە و دوور لە بەرژەوەندی دەکەن، ڕەنگە پێویستی بە هێزێکی چەکداری بچووک هەبێت. لەم واتایەدا سڵاو لە سەربازەکانتان دەکەم بە تایبەتی ژنان کە جەستەی خۆیان دەخەنە هێڵی پێشەوەی ئاگر، تەنێ لەو پێناوەی کە کۆمەڵگەکەتان هەلی ژیانێکی ئاشتیانەی هەبێت.

عەبدولڵا ئۆجالان: سوپاس بۆ تێگەیشتنت. دەزانیت، یەکجار حەز دەکەم تەڤگەری کوردی جارێک تۆ بانگهێشت بکات تاوەکوو پرەنسیپ و کردارەکانت دەربارەی نا-توندوتیژیی و سوارژ و رێبازەکەت هاوبەشی بکەیت لەگەڵیان. ببوورە ناتوانم هەموو ناوەکانم لە بیر بێت هەروەها ناوەڕۆکە قووڵەکانی تۆ دەربارەی  پرسە ژینگەییەکانی ئێمە، دەکرێت یارمەتیمان  بدات تاوەکوو پێداگیربین لەسەر نا-توندوتیژیی وەک لە توندوتیژیی، ناتوانم ئەوە بڵێم، بەڵام چەند دەیەک درەنگ کەوتووین لەوەی لە نزیکەوە لێت فێربین.

مەهاتما گاندی: منیش دڵخۆش دەبم بە سەردانیی کوردستان، ئەوەندەی دەزانم، ئێوەش کەم تا زۆر هەندێک ڕێباز پەیڕەو دەکەن کە نزیکە لەوەی منەوە، وەک هەندێک لە شێوەکانی ساتیاگرها کە قسەکردنە دەربارەی ڕاستی و هێز یان بڕواهێنان بە چەوسێنەر بە ڕاستی وەک خۆم ئەم شتانە لە مێژوودا لە کەسانی دیکە فێربووم؛ ڕاوەستە، تووڕە دەربکەوە، دواتر پێبکەنە. ڕاستییەکەی هەڤاڵ ئۆجالان وا بیر دەکەمەوە پێویستە لەپێناو ئازادبووندا بەڕۆژوو بم (واتا مانگرتن لە خواردن).

عەبدوڵڵا ئۆجالان: جێی شانازیمە. دەزانیت بەرێز گاندی لە ساڵی ٢٠١٩ رێنمایی چەند هەڤاڵێکم کرد لە وێنەی لەیلا گوڤەن کە پێداگریان لەسەر ئازادبوونی من دەکرد، دەبێت دەربارەی بەڕۆژووبوونەکەی تۆ توێژینەوە بکەن. بە تایبەت دەربارەی ئەوەی کە تەندروستی سایکۆلۆجی و دەروونی و جەستەیی مرۆڤەکان چۆن دەتوانێت بەرگەی ئەم جۆرە کارانە بگرێت کە یەکجار گرنگە بۆ کولتووری بەرخودانی سیاسەتی دیموکراتیک و چۆن بە خێرایی دەبێت ئەمە شوێنی خۆی بگرێت لەنێو بەستێنی بەرخودانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی. داخۆ ڕاست دەبێژم؟

مەهاتما گاندی: بەهود خوب- زۆر باشت وت. بە ڕاستی وایە، بۆ من بەڕۆژووبوون تاکتیکیی جیاکراوە نەبوو، بەڵكوو بەشێک بوو لە بەرخودانەکەمان، لێ جۆرێک لە کردەی خۆپاکژکردنەوەش بوو. بەردەوام ڕوونم کردووەتەوە کە بەڕۆژووبوون قەیرانێکی برسێتیی نییە یان کردەیەکی خۆسەپێنانە نییە، بەڵكوو دەربارەی بەرزکردنەوەی ئاگایی مۆڕاڵی دەستەجەمەعییە، ئەمەش ئامرازی هەرە بەهێزی نێو ئامرازەکانی ساتیاگراهایە. هەرگیز ئەمە بۆ جۆرێک لەخۆ بایبوون نییە و بە تووڕەیی و کاردانەوەوە نایەتە بوون، چونکە بۆ بڕوا پێ هێنانە نەوەکوو ناچارکردن، هەروەها لە کۆتاییدا کردەیەکەی نا-توندوتیژییە.

عەبدوڵڵا ئۆجالان: بەڕێز گاندی بە ڕاستی شانازییەکی گەورە بوو، پێم وایە ئێستا تێگەیشتم لەو مەبەستەی کە بۆچی تۆ بە مەهاتاما بانگ دەکرێیت، بە ڕاستی خودان ڕۆحێکی مەزنیت.

مەهاتما گاندی: هەڤاڵ ئۆجەلان تکایە وا بانگم مەکە، سادە بمبینە.

عەبدوڵڵا ئۆجالان: ببوورە، منیش هەمان هەستم هەیە، هەست بەوە دەکەم کاتێك پێم دەڵێن وێنەکەم لە هەموو کوردستان و شوێنەکانی دیکە بڵاو بۆتەوە. بەڵام ئێستا پاسەوانەکانی زیندانەکەم بانگم دەکەن، کاتەکەم بۆ پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە کۆتایی هات. لە دڵەوە هیواخوازم بە زوویی کاتێکی دیکەمان هەبێت دەمەوێت دەربارەی بیرسا و کردەکانی ترت قسەت لەگەڵ بکەم؛ بە تایبەتی دەربارەی ئەوەی ناوت ناوە ساتیاگراها.

مەهاتما گاندی: بەڵی بێ گومان، خەڵکەکەت هەوڵی سوارژ دەدەن. هەروەک هەوڵی دیموکراسی دەدەن لەسەر بنەمای تێزەکانی تۆ دەربارەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی. کە دەخوازم لێوەی فێر بم. هەوڵیش دەدەم زیاتر لەبارەی هەڤاڵە شەهیدەکانتەوە بزانم کە ناویان لێرە (مەبەستی ژیانی پاش مردنە) و لە هەموو شوێنێکی دیکە هەیە، بە تایبەت ئەو ژنانەی خۆیان بە سوپا کردووە، ناوازە دەبێ بتوانم گفتوگۆیان لەگەل بکەم دەربارەی توندوتیژی و نا-توندوتیژی. هیواش دەخوازم بتوانم بنەما و پرەنسیپەکانی تۆ دەربارەی دیموکراسی بگوازمەوە بۆ نێو ئەو بەرخودانەی لەپێناو ئازادیدا لە هیندستان وا دووبارە دێتە کایەوە. هەردوو گەلەکەمان لە ڕووبەڕووبوونەوەدان لەگەڵ ڕژێمە دەسەڵاتگەرەکان هەر بۆیە پێویستە هاوسۆزی یەکدی بن و لە یەکەوە فێر ببن.

عەبدوڵڵا ئۆجالان: بەم وشانە کۆتا سڵاوی خۆمت پێ‌ دەگەیەنم

ژن، ژیان، ئازادی و زینداباد

تێبینی: ئەم گفتوگۆیە خەیاڵییە و لەلایەن ئاشیش کۆتهاری (Ashish Kothari)  ژینگەپارێز و ئیکۆلۆژیستی هیندییەوە نووسراوە کە لەسەر ئاستی جیهان کەسایەتییەکی ناسراوە و چەندین چالاکی گەورەی لەپێناو ژینگەدا ڕێکخستووە.


[1] بازنە دوورگەییەکان وشەیەکە کە گاندی وەک مێتافۆرێک بۆ وەسفکردنی نەزمی کۆمەڵایەتی بەکاری دەهێنێت کە پێی وایە نەزمی کۆمەڵایەتی لەو بازنانەی نێو زەریاکانیش بەرفراوانترە کاتێک مرۆڤ بەردێک هەڵدەداتە زەریاوە.