رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیمانە لەگەڵ دەیڤد هارڤەی

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئیمپریالیزمی نوێ

سازدانی: هاری کرایسلەر
وەرگێڕانی: بابان ئەنوەر

-بەڕێز هارڤەی، پێدەچێت کتێبە نوێیەکەت بەناوی (ئیمپریالیزمی نوێ)، بەرئەنجامێکی لۆژیکیی پیشە ئەکادیمییەکەت بێت. من دڵنیام ئەو کەیسە کێشەیەکە بەدرێژایی کات بیرتلێکردۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی یەکەم کتێبی بڵاوکراوەتە لەسەر ئەم کەیسە، هاوکات گومانیش لەوەدا نییە تەواو پەیوەستە بەوەی ئەمڕۆ لە جیهاندا دەگوزەرێت. پێمان بڵێ چی تازە هەیە دەربارەی ئیمپریالیزمی نوێ؟
هارڤەی: ئەوە یەکێکە لەو کێشانەی دەمویست لە کتێبەکەدا چارەسەری بکەم. پێشم وانییە توانیبێتم چارەسەرێکی تەواوی بۆ بدۆزمەوە، بەڵکو هەموو ئەوەی کردوومە ناساندن و خستنەڕووی چەند شتێک بووە. دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بە یەکێک لەو شتانە بدەم؛ من ماوەیەکی درێژە قسەم لەسەر دینامیکیەتە جوگرافییەکانی کەڵەکەکردنی سەرمایە کردووە، یان ئەوەی ناومناوە گەشەسەندنە ناهاوسەنگە جوگرافییەکان، و چۆن ئەم پرۆسە وردانەی خولانەوەی سەرمایە لە پنتێک بۆ پنتێکی دیکەی دەوڵەت دەجوڵێن وەک هاوبەشییەک لە بونیادنانی بوارە (شوێنیی)ـە نوێیەکان و چڕکردنەوە جوگرافییەکان، تەنانەت ئەگەر لەناو چوارچێوەی خودی دەوڵەتەکەشدا بێت.
کاتێک دەڕوانیتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەبینیت بەشەکانی باکوری خۆرئاوا و ناوەندی خۆرئاوا لە ٥٠ ساڵی ڕبردوودا سەنتەری جوگرافیی هەموو شتێک بوون. بەڵام دواتر شتێکی دی ڕوویدا، ئەویش بریتیبوو لە ڕۆیشتنی خولانەوەی سەرمایە ڕووەو باشور و خۆرئاوا، بەم هۆیەشەوە دینامیکیەتێکی گۆڕاوی هێزە سیاسیەکان هاتەئاراوە. تا ئێستاش گرنگی بەو پرۆسە جوگرافیانە دەدەم کە لە ڕێگەیانەوە سەرمایەداری توانیوویەتی شێوازگەلی (لاندسکەیەپ/Landscape) دروستبکات (مەبەستی لە ڕووکاری دەرەکیی ڕوی زەوییە بە دیمەنی شارە جیاوازەکانەوە)، هەندێک کات گەلێک لە ڕووکارەکانی ئەم لاندسکەیپە تێکدەشکێندرێن و لە جێگەیان ڕووکاری جیاواز دروستدەکرێت. لە زۆرینەی بارەکاندا سەریکێشاوە بۆ بڵاوکردنەوەی هەژموون. لە سەدەی نۆزدەدا (بۆستن) ئەو پایتەختە بوو کە باڵی بەسەر زۆربەی شتەکاندا کێشابوو، پاشان پایتەختەکانی وەک (نیویۆرک) و (شیکاگۆ). کەواتە لەناوخۆی وڵاتیشدا ئەم شارانە جۆرێک لە پەیوەندی هەژمونیی پڕاکتیزەدەکەن.
کاتێک بە شێوەیەکی گشتی بیرم لە ئیمپریالیزم دەکردەوە، ویستم بیرۆکەی ئیمپریالیزم دابنێم وەک باکگراوندێک بۆ پرۆسەكانی شوێن و بەرهەمهێنان کە وەک دەرئەنجامێکی کەڵەکەکردنی سەرمایە پەیدادەبن. ئەمە ئەوەیە کە من دەمەوێت کاری تێدا بکەم.


-دەتوانیت ڕونکردنەوەی زیاترمان بدەیتێ دەربارەی ئایدیاکانت، کەڵەکەکردنی سەرمایەداری چی دەگەیەنێت؟ ڕێگەیەکمان نیشاندە بۆ تێگەیشتن لەمە؟
هارڤەی: سەرمایەدار پارەیەکی هەیە دەیخاتە بواری سەرمایەگوزارییەوە، کە لە کۆتاییدا پارەیەکی زیاتری بۆ دەهێنێتەوە. مەبەست لە کردەی کەڵەکەکردنی سەرمایە بریتییە لەو پارە زیادەیە. بەڵام دواتر کێشەیەک دەردەکەوێت کە بریتییە لەوەی سەرمایەدارەکان چی لەم پارە زیادەیە دەکەن کە لە کۆتایی سەرمایەگوزارییەکەدا بۆیان دەگەڕێتەوە؟ زۆربەی جار دیسان سەرمایەگوزاری دەکەنەوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی پارەی زیاتر. هەربۆیە لێرەدا پڕۆسەیەکی لۆژیکی لە کەڵەکەکردنی سەرمایەدا هەیە، کە گەلێک جار سەرمایەدارەکان لە ڕێگەی پارەوە دروستیدەکەن، گەلێک جاری تریش لە ڕێگەی پشتبەستن بە ئامڕازی دیکە وەک کڕین و پارەگۆڕینەوە و ڕێگەی دیکەی ئەو جۆرە ستراتیژیانە.
دینامیکیەتی کۆمەڵگەکەمان، کە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەدارییە، لە ڕێگەی هێزێکی پاڵنەرەوە بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە بە مەبەستی بەدیهێنانی قازانج وزەی پێدەدرێت، ئەم قازانجە بەو مانایە دێت کە پێویستە سیستەمەکە فراوانبێت لەبەرئەوەی دەبێت لە کۆتایی ساڵدا پارەیەکی گەلێک زیاتر لەو بڕە هەبێت کە لە سەرەتادا هەبوو. هەربۆیە دواجار دەگەینە ئەو بڕوایەی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ نمونە گەشەکردن ئاماژەیەکی گرنگی تەندروستیی سیستەمەکەیە. بۆیە سیستەمی سەرمایەداری ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە؛ یان گەشەکرد یان هەرەسهێنان، ئەمە ڕێک ئەو گەشەکردنەیە من باسمکرد، کە لە ڕاستیدا کەڵەکەکردنی سەرمایە بریتییە لە گەشەکردنی سەرمایە.


-لە کتێبەکەتدا باس لەوە دەکەیت کە گرنگە جیاوازی بکەین لەنێوان “لۆژیکی هەرێمیی هێز” و “لۆژیکی سەرمایەداریی هێز”. بەڵام ئێستا شتێکی دژبەری ئەوە دەڵێیت، دەربارەی کارلێکی نێوان ئەو لۆژیکەی هاوبەشە لە پڕۆسەی فروانکردنی بواری شوێنیی لە لایەک و پێویستیی سەرمایەداری بۆ دۆزینەوەی شوێنی نوێ بەمەبەستی بەدەستهێنای قازانجی زیاتر لەلایەکی دیکە.
هارڤەی: من بەشێوەیەکی سادە و لۆکاڵی و لەسەر ئاستی ویلایەتێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا تەماشای ئەمە ناکەم، لە مەودای سەرۆک شارەوانییەکدا، بۆ نموونە لە (بالتیمۆر)، کە تێیدا پڕۆسەی لەپیشەسازی-داماڵین(Deindustrialization) بەردەوامە و سەرمایەی لەبەردەڕوات. ئایا ئەو سەرۆک شارەوانییەی بەرپرسە لەو زەوییە چی بکات؟ ئایا هەر ئەوەندە بڵێت ئۆکەی کێشەیەکی ئەوتۆ نییە؟ یان ئایا سەرمایەدارەکان دەڵێن “پێویستە لەسەرمان سەرمایەی نوێ بهێنینە ناو ئەم شارەوە”؟ لۆژیکی هەرێمیی پەیوەستە بە هەوڵی بەردەوامیپێدانی تەندروستی و خۆشگوزەرانی بوارە تایبەتییەکەی لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم بزوتنەوە بەهێزەی جوڵەی سەرمایە، لە چەپ و ڕاستەوە لە ناوەڕاست و هەموو شوێنێکەوە. ئەگەر پیشەسازیی ستیل و پیشەسازیی دروستکردنی کەشتی هەرەسبهێنن، ئەو کەسەی بەرپرسی ئەو ناوچەیەیە کە ئەم هەرەسهێنانە تێیدا ڕویداوە، چی بکات؟ لەوانەیە بڵێت “زۆرباشە، ئەو شوێنانەی ئەم پیشەسازیانە تێیدا هەرەسیهێناوە لەو شارە یان ناوچەیەدا، دەکرێت ببنە جێیەک بۆ بەستنی کۆنفڕانسەکان، یاخود ناوەندی گەشتیاریی و مۆزەخانە، یان هەرشتێک لەو بابەتانە”. هەربۆیە لۆژیکی هەرێمیی بەشێوەیەکی گەورە پەیوەستە بە هەوڵی بەردەوامیپێدانی تەندروستی و خۆشگوزەرانی (شوێن/Place) و (فەزا/Space)ی تایبەت لە چوارچێوەی ئەم ئایدیایەدا کە زەحمەتە بۆ هەر کەسێک بتوانێت کۆنترۆڵی بکات، لەبەرئەوەی سەرمایەدارەکان بڕیاریانداوە پارەکانیان لێرە دابنێن و لە جێیەکی دیکە سەرمایەگوزاری بکەن (بە مانایەکی دی سەرمایەگوزاری لە کەرتی دیکەی نوێی جێگرەوەدا بکەن). لەبەرئەوە تۆ ناتوانیت ڕێگری لەو سەرمایەدارانە بکەیت ئەگەر ئامڕازی بەهێز و ئۆرگانیزەکراوی کۆنترۆڵکردنت نەبێت، کە بێگومان بەشێکی زۆری ئەو ئامڕازانە نادیارن.


-تۆ چەمکێکی دیکەت هەیە دەمەوێت زیاتر بۆمان ڕونکەیتەوە، کە لەڕاستیدا بۆتە چەمکێکی سێنتراڵ لە ئەرگومێنتەکانی نێو کتێبەکەتدا، ئەویش بریتییە لە جیاکارییکردن لەنێوان “کەڵەکەکردنی سەرمایە بەهۆی بەرهەمهێنانێکی بەرفراوانکراو” لەگەڵ “کەڵەکەکردن بەهۆی کەڵەکەکردنی سەرمایەی سەرەتایی(Primitive)”. یان ئەوەی تۆ ناوتناوە کەڵەکەکردن بەهۆی لەموڵکایەتی-داماڵین(Dispossession). دەکرێت بە ڕونکردنەوەی ئەم چەمکانە هاوکاریمان بکەیت؟
هارڤەی: کەڵەکەکردنی سەرمایە بەهۆی لە موڵکایەتی داماڵین پەیوەستە بە ڕووتکردنەوەی کەسێک لە موڵک و مافەکانی. لە شێوازە ترادیشناڵەکەدا مافی هاوبەرامبەر و یەکسان لە موڵکداریی گشتیدا هەیە، یەکێک لەو ڕێگایانەی کە دەتوانیت بەهۆیەوە ئەو موڵکایەتییە وەربگریت بریتییە لە بەتایبەتیکردن(privatizing)[بەتایبەتیکردنی ئەو موڵکە گشتییە]. هەر بۆنموونە لەم ساڵانەی دوایدا بەتایبەتیکردنی ئاو بەرچاودەکەوێت. لەشێوازە ترادیشناڵەکەدا[لە خاوەندارێتیی گشتیدا] هەموو کەس دەتوانێت ئاو بەدەستبهێنێت، بەڵام کاتێک بەتایبەتیدەکرێت، ئەوا ئینسان بۆئەوەی بڕێک لەو ئاوە بەدەستبهێنێت دەبێت پارە بدات. هەروەک چۆن دەبینین زۆرێک لە دامودەزگاکانی پەروەردە و فێرکردن بەهۆی تەمویل نەکردنی کەرتی گشتییەوە بەتایبەتی کراون، بەمشێوەیە خەڵکانی زیاتر و زیاتر ناچارن کاربکەن بۆ هەنگاونان بەرەو کەرتی تایبەت. لە ئێستادا دەبینین دەرکەوتەکانی ئەو ئاڕاستەیە بەرەو کەرتی تەندروستییش دێت. ئەوەی لێرەدا لێی دەدوێین بریتییە لە لێسەندنەوەی مافە گەردوونی و سەرەتاییەکان و کارکردن بۆ بەتایبەتیکردنیان. هەربۆیە لەم دۆخەدا بەرپرسیارێتییەکانت تایبەتی دەبنەوە بە ئاڕاستەی خۆت لەبری ئەوەی دەوڵەت ئەو بەرپرسیاریەتیانە هەڵبگرێت. یەکێک لەو پڕۆژانەی لەم بوارەدا دەیبینین بریتییە لە بەتایبەتیکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی. دەکرێت ئەم بابەتەیان زۆر گشتی(Generous) نەبێت [واتە بابەتێکی پسپۆڕییە و هەموو کەس بە فیعلی کاری تێدا ناکات]، بەڵام بابەتێکی جیهانییە و دەکرێت هەر کەسێک بەشێک بێت لێی. ئەوەی ئێستا باسیدەکەین بریتییە لەمە “ئەوەی نایەتە بوون؛ بەتایبەتیی بکە”، بێگومان ئەمەش بەو مانایە دێت کە هەموو خەڵکی جیهان سەرمایەگوزاری لە پارەی خانەنشینییەکەیاندا بکەن، واتا ڕۆیشتنی پارەیەکی زیاتر بۆ واڵ ستریت. کەواتە ئەمە ڕێک ئەوەیە کە من بە (تایبەتیکردن بەهۆی لەموڵکایەتی-داماڵینی دۆخە تایبەتییەکەمان) ناوی دەبەم.
گەلێک شت تائێستا لە ڕووداندان، بۆنموونە بڕوانە لەو ڕێگەیەی کە لێیەوە دەست بەسەر زەوییەکاندا دەگیرێت، هەروەها بڕوانە لە چۆنییەتی لەناوبردنی بزوتنەوە جووتیارییەکان بەهۆی ئەو کارانەی دەوڵەت پێیانهەڵدەستێت. چەندین شتی لەم جۆرە لە سەرتاسەری جیهاندا ڕوودەدەن، کاتێک لە هەندێک شوێندا خەڵکانێک لەسەر حسابی کەسانی دیکە کەڵەکەدەکرێن(واتە لەڕێگەی دەرکردنیان لەشوێنەکانی خۆیان و پڕکردنەوەی جێگەکانیان بە کەسانی دیکە).


-لەم ڕووەوە نموونەیەکی گرنگ هەیە، دەربارەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا، هەروەک بۆنموونە لە نەیجیریا دەیکەن، کۆمپانیاکە هەڵدەستێت بە داگیرکردنی زەوییەکە و لەبەرامبەردا دۆخێک دێنێتە ئاراوە کە دەبێتەهۆی وێرانکردنی ژیان لەو جێیە.
هارڤەی: بەڵێ ئەمە دروستە. بڕوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە چی شێوەیەک ژیانی گوندیی مەکسیکی وێرانکردووە، دوای ئەوەی کە حکومەتی مەکسیکی دەستیکردووە بە هەڵگرتنی سەرجەم چەشنەکانی پاریزگاری لە خاوەندارێتیی دەستەجەمعی لە کۆمەڵگە گوندنشینەکاندا و کاری لەسەر بەتایبەتیکردنی زەوی کردووە. هاوکات دۆخیکی دیکە هەیە کە بریتییە لە لەناوبردنی ژیانی جووتیاران لەڕێگەی فۆڕمێکی تایبەت لە پرۆسەى ئابووری و سیاسی.


-کاتێک لەمڕۆدا قسە لەسەر ئیمپراتۆریەت و ئیمپریالیزم دەکەین، ئەوا قسە لەسەر ویلایەت یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەین. کەواتە چۆن دەتوانین هەڵسەنگاندنێکی تایبەتی بکەین بۆ سەرمایەداریی ئەم وڵاتە و ئەو پرۆسانەى کە پشتیان پێدەبەستێت لە بواری کارکردندا، لەودەمەی ڕۆڵی ئێمە لە جیهاندا فۆڕمێکی نوێی وەرگرتووە؟ لە وانەبێژییەکەی دوێنێتدا (دەربارەی ئیمپراتۆریەت و ئیمپریالیزمی ئەمڕۆ) لەسەر بەداراییکردنی(Financialization) سەرمایەداریی ئەمریکی قسەتکرد.
هارڤەی: قسەکردن دەربارەی هەژموونی دارایی بەسەر جیهانەوە کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بەرقەرارە، هەنگاوێکی تایبەتییە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لەپێناو کارکردن لەسەر پاڵپشتی و هێنانەپێشەوەی سەرمایەداریی دارایی دژ بە سەرمایەداریی پیشەسازی و سەرمایەداریی بەرهەمهێنان. بەتایبەتی ئەم دوو جۆرە سەرمایەدارییە وەدەرنراون بۆ دەرەوەی وڵات، نەک بە تەواوەتی، بەڵکو زۆرینەیان گواستراونەتەوە بەرەو باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، و بێگومان بەشێکی بەرەو ئەوروپاش. لەبەرئەوەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یاریکەرێکی سەرەکی و بەهەژموونی بواری بەرهەمهێنانی جیهانی نییە. بەڵام لەبەرامبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتدەبەستێت بە گۆشەنیگایەک کە جەخت لەوە دەکاتەوە بێهەژموونیی ئەمریکا لەم بوارەدا هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، چونکە ئەو[ئەمریکا] هەمیشە خاوەنی هێزی داراییە، کە لەمیانەی هەشتاکان و نەوەدەکاندا ئەم هێزەی لەخزمەت بەرژەوەندییەکانیدا بەکارهێناوە، بەشیوەیەکی تایبەتی، لەهەمان کاتدا کاری لەسەر کۆکردنەوەی سامانێکی گەورە کردووە بەهۆی ئەم ستراتیژییە بەداراییکردنە تایبەتەوە. ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین گەیشتنە بە کۆتایی، بەتایبەت دوای دەرکەوتەکانی کورتهێنان لە بودجەی ئەمریکادا، کورتهێنانی بانکیی لە ئەمریکا، کەواتە ئەگەر ئەمریکا وڵاتێکی قەرزدەر نەبێت، ئەوا هەمیشە هەستیاردەبێت بەرامبەر ئەو وڵاتانەی کۆنترۆڵی بابەتی قەرزیان بەدەستەوەیە، ئەمە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆسەر هەژموونی ئەمریکا دادەنرێت.


– لە دۆخێکی لاوازیی لەم چەشنەدا چۆن بتوانین هەڵسەنگاندن بۆ بەهای پێداگریی نوێ لەسەر هەرێمێتی/ قەلەمڕەویی(territoriality) بکەین؟ بەتایبەتی لە کاتێکدا کە نیوکۆنزێرڤاتیڤەکان لەئێستادا ڕابەرایەتیی باڵی ڕاستڕەو دەکەن و وادیارە هاژووتنی ئەم باڵە بەو ڕێڕەوەیە کە تۆ پێی دەڵێیت لۆژیکی هەرێمێتی. ئەوان سەرکردەی دەوڵەتێکن لە دۆخێکی تەواو جیاواز لە دۆخی سەرۆک شارەوانییەکەی بالتیمۆر. ئەم ناکۆکیانە چین، و بۆچی سەرچاوەی نوێ گرنگە؟ ئەوە هەر بەتەنها ئەو لاوازییەیە کە باستکرد؟
هارڤەی: ئەم پرسیارە لوغزێکی گەورەی هەڵگرتووە، پێم وایە دەتوانین تەنها چەند پێشبینییەکی لەسەر بخەینەڕوو. خەمڵاندنی تایبەتیی من ئەوەیە کە ئەو وەرچەرخانەی لە شێوازی تێڕوانینی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ جیهان ڕوویداوە و وایکردووە ڕوانگەیەکی زیاتر هەرێمێتی(قەڵەمڕەویی) هەبێت بەهۆی هەژموونیەوە لەسەر عێراق، بریتییە لە پارادۆکسێکی گەورە لە مێژووی سیاسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. جۆرێکی نوێی پڕاکتیزەکردنی ئیمپریالیزم نیشان دەدات، کە ماوەی سەد ساڵە ویلایەتە یەکگرتووەکان شوێن ئەو سیاسەتە نەکەوتووە. ئەم سیاسەتە ئەمریکای گەڕاندەوە بۆ سەردەمی مەکینلی(Mckinley) و ئەوەی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا ڕوویدا. لەبەرئەوە ئەو پرسیارە گەورەیەی کە دەبێت لێرەدا بیکەین ئەمەیە: بۆچی ئەم وەرچەرخانە بەرەو مۆدێلی هەرێمیی ڕوویدا؟ و بۆچی ئەم وەرچەرخانە ڕوەو میلیتاریزەکردن بوو؟ لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بەتەواوی شتێکی تازە نییە، لەبەرئەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکی هەتاوەکو ئێستاش یەکێکە لە لایەنە گرنگەکانی پڕاکتیزەکردنی ئیمپریالیزمی ئەمریکی، بەڵام ئەوەی تازەیە بەکارهێنانییەتی بەشێوەیەكی تەواو ناوازە. تاڕادەیەکیش بابەتێکی جیاوازترە لەوەی وەک شێوەیەک لە شێوەکانی شەڕی بەرگری(Defensive) لە ڤێتنام لێیبڕاونرێت کە ئاڕاستەکراوە بەرەو شەڕی هێرشبەریی(Offensive) و جڵەوگیریی(Preventive)، لەپێناو هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی هەرێمیی، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە سیاسەتی جیهانیدا تازەیە. شتێکی تازەیە بەشێوەیەکی دیاریکراو.
تێگەیشتنی تایبەتی من بەرامبەر ئەم پرسە ئەمەیە: ڕوانگەی نیوکۆنزێرڤاتیڤەکان کە ئەم سیاسەتە ئارستەدەکەن، بەشێوەیەکی زۆر گەورە گرنگیدەدات بە درێژەپێدانی دەسەڵات و سیستەمەکەیان، ئەوەش گرنگە لایان کە ئەم دەسەڵاتەیان لە سەرکەوتنەکانی پێشوترەوە بەدەستنەهێناوە، بەڵکو بەهۆی میکانیزمە داراییەکانەوە یان بەهۆی توانای بەرهەمهێنانەوە، یان تەنانەت بەهۆی میکانیزمەکانی قایلکردنی کولتوورییەوە، کە لە پێشتردا خاوەنی ئەم میکانیزمە بوون. لەبەرئەوە هێزی سەربازیی بە بەرزکەرەوەی سەرەکی ئەم هێزە دادەنرێت، هاوکات بەدڵنیاییەوە کارێکی باش نییە لە سنووری بڵاوکردنەوەی هێزی قەبارە گەورە، بەو پێیەی هێزی سەربازیی تائێستاش پەیوەندیی هەیە بە لۆژیکی هەرێمییەوە، هەربۆیە گەڕانەوە بۆ میلیتاریزەکردن، دەتگەڕێنێتەوە بۆ پڕۆسەی باڵادەستکردنی هەرێمیی. پێموانییە ئەوە هاوتەریب بێت لەگەڵ پراکتیزەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی، هەروەها دڵنیاشنیم کە تا داهاتوویەکی دوور بەردەوام بێت. پێدەچێت لەبری ئەوە شتێکی دیکە پیادەبکەن، کە دواتر یارمەتیدەریان بێت لە دۆزینەوەی ئەوەی دەیانەوێت. لەبەرئەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان داگیرکردنی عێراق، شکستێکی ئاشکرا بوو، ئەگەر بە ڕاستی کەیسەکە بەم جۆرە بێت، ئەوا پێویستە لەسەریان دووبارە داڕشتنەوەیەکی هەرێمی بکەن بۆ پراکتیزەکردنی ئیمپریالیزمی ئەمریکی، ئەمەش دەکرێت بە گەڕانەوە بێت بۆ هەندێک لەو کارکردنانەی لە هەشتاکان و نەوەدەکاندا باڵادەستبوون، ئەگەر بتوانن ئەوەش بکەن. بەڵام جارێکی دیکە وادیارە تائێستا کێشەکە بریتییە لە لاوازی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕووی دامودەزگا داراییەکانەوە، هەروەها لەڕووی توانای بەرهەمهێنانیشەوە.


-هەروەها جەختت لە گرنگی پەیوەندییەکی دینامیکیی کردەوە لەنێوان لۆژیکی ناوخۆیی و لۆژیکی دەرەکی، کە ئەویش پەیوەستە بەوەی لێردا دەیڵێیت.
هارڤەی: باری ناوخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە چۆنیيەتی ڕوودانی شتەکان لە دەرەوە. بەپێچەوانەشەوە، ئەوەی لە دەرەوە ڕوودەدات دەبێتە سەرچاوەیەکی کاریگەر لەسەر ناوخۆی ئەمریکا. ئێستا من زۆر گرنگی بەم بابەتە دەدەم، دەربڕینێکی بەناوبانگی (هانا ئارێنت) هەیە دەڵێت؛ ئەو دەوڵەتەی لە دەرەوە ئیمپراتۆر بێت، واتە لەناوخۆدا ستەمکارە. کاتێک دەبینین کارەکانی ئەمریکا لە دەرەوە میلیتاریزەکراون، هاوکات هەوڵگەلێک دەبینین بەرەو میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگەی ئەمریکی لەناوخۆدا. لەمبارەیەوە ساتێکی ناوازەی (جۆرج بۆش) هەیە، کاتێک هەڵدەستێت بە ناساندنی داواکاريی گشتی (ئاشکرۆفت) دەڵێت: “ئەمە یەکێکە لە جەنەڕاڵەکان، خۆم دەپرسم بۆچی بە جەنەڕاڵ ناویدەبەین؟ زۆرباشە، من پێموایە هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئێستا هەموومان لەناو کایەی سەربازییداین”.
ئەم ئاڕاستەیەی لەسەر میلیتاریزەکردنی ژیانی سیاسيی ئەمریکا ڕاوەستاوە، بارێکی تۆقێنەرە. بێگومان جەنگی دژ بە تیرۆر و ترس لە تیرۆر بۆتە یەکێک لە ڕێگەکان بۆ پاساودانەوەی ئەو میلیتاریزەکردنەی لە ناوخۆ و دەرەوەدا سەرپێخراوە. هەربۆیە من تاڕادەیەک توڕەم دەربارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو ترسە بۆ ئامانجی سیاسيی تایبەت لەپێناو بڵاوکردنەوەی سیستەم و دەسەڵات لە ناوخۆ و دەرەوەدا.


-تامەزرۆم بۆ زانینی بیرکردنەوەکانت دەربارەی ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لە گشت ئەم بابەتانەدا. وەک ئاماژەت پێدا ئەمریکا بەجۆرێک لە جۆرەکان شکستیهێناوە لە پڕۆسەی پێکەوەگرێدانی تەکنەلۆژیا لەگەڵ بەرهەمهێنان، کە ئەم شکستە بەتەواوی لێرەدا ئەکچواڵیزە بووە، بەڵام لە لایەنی پێکەوەگرێدانی تەکنەلۆژیا لەگەڵ بوارە میلیتارییەکاندا، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لە فەراهەمکردنی ئەو مەرجانەی ئەمریکای کردۆتە پۆلیسێکی ژمارە یەک لە جیهاندا بە ڕێگەیەکی نوێی کاریگەر لە بواری میلیتاریدا، بەبێ ئەوەی زەروریی بێت کە ڕێگەیەکی سیاسی بگرێتەبەر. دەتوانیت بۆچونی خۆت بڵێیت گەر پێتوایە پەیوەندییەک هەیە لەنێوانیاندا.
هارڤەی: دوو شت هەیە: یەکەمیان، یەکێک لەو مەیدانانەی کە هێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەن هەژموونێکی زۆرە تێیدا، بریتییە لە داهێنانە تەکنەلۆژییەکان. زۆرێک لە داهێنانەکانیش پەیوەندیدارن بە لایەنی میلیتارییەوە. نزیکەی ٥٠%ی کاروبارەکانی پەیوەست بە توێژینەوە و پەرەپێدان لەنێو خاکی ئەمریکادا ئەنجامدەدرێن. لەبەرئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا سەنتەری داهێنانی تەکنەلۆژییە لە جیهاندا. بەڵام کێشە گەورەکە بریتییە لەوەی ئەم داهێنانە تەکنەلۆژییانە لەناوخۆدا بەکارناهێنێت، بەڵکو زۆرینەیان لە دەرەوە بەکاردەبرێن. ژاپۆنی و چینییەکان و خەڵکی سەنگافۆرە گەلێک کارامەن لە وەرگرتنی تەکنەلۆژیا ئەمریکییەکان، بە پێدانی مافی داهێنەر، بەڵام دواتر ئەم داهێنانانە لە بەرژەوەندی سیستەمی بەرهەمهێنانی تایبەت بەخۆیان بەکاردەهێنن، تەنانەت ئەو سوودەی لە بواری تەکنەلۆژییەوە بەدەستدێت- جگە لەو پارەیەی بەهۆی خولانەوەی پارەی کرێوە دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بەهۆی بەدەستخستنی مەرجەکانی کارکردنەوە دەدرێت بە ئەمریکا- مەرج نییە لە چوارچێوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بمێنێتەوە.
دووەمیان، لە بوارە میلیتارییەکەدا کێشەیەکی ڕاستەقینە دەبینین: لە ڕووە تەکنەلۆژییەکەوە ئێستا ئەمریکا دەتوانێت لە بەرزایی ٣٠ هەزار پێوە هەژموونیی خۆی بەسەر هەموو شتێکدا بسەپێنێت. بەڵام ئەگەر تۆ لە داگیرکردنی وڵاتێکی وەک عێراقدا بیت لەسەر زەوییەوە، ئەوا سەپاندنی هەژموون بەسەر جیهاندا لە بەرزایی ٣٠ هەزار پێوە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەتەنها، بەکارهێنانێکی ئەوتۆی نییە. پێویستت بە هێزێکی زەمینيی زەبەلاح هەیە. ئەمریکا کار بۆ پاراستن و لەدەستنەدانی هێزە زەمینییەکانی دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی دروستکردنی هێزی میلیشیای بەکرێگیراو دەدات، بە پێدانی پارە بە چەکدارە پۆڵەندییەکان بۆئەوەی ئامادەییان هەبێت، هەروەها پارە دەدات بە ٢٠ کەس لە لیتوانیا و ئیستۆنیا و جێگەی دیکە بۆئەوەی لەشوێنی مەبەست ئامادەبن. بەمەش کار لەسەر دروستکردنی سوپایەکی بەکرێگیراو دەکات، چونکە-ئەگەر دەڕبرینەکە دروست بێت- خاوەنی هێزی پێویست نییە لەسەر زەوی. لەڕاستیدا ئێستا دەبینین ماندوبوون و زیانلێکەوتنێکی گەورە بە هێزە سەربازییەکانییەوە دیارە، کە بۆتە کێشەیەکی جەوهەریی و هەرگیز ناتوانێت بە جەختکردنەوە لەسەر سوودبەخشیی هێزە تەکنەلۆژییەکەی چارەسەری بکات.


-لەلایەک مشتومڕ و ئاماژەکانت تایبەتبوون بە سنوورەکانی ئیمپریالیزمی نوێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەلایەکی دیکەوە ڕوانگەی دژە کۆڵۆنیال، لەوێشەوە بەئاڕاستەی سەرمایەداریی ئەمریکی کە بەرەو بەداراییکردنی(financialization) ئەو دامودەزگایانە دەڕوات کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. دەخوازم پرسیارێکت لێبکەم پەیوەست بە پێکهاتەی دژبەر و ئۆپۆزسیۆن[دژبەری ئەو سیاسەتانەی ئەمریکا]. تۆ وەک مارکسیستێک پێدەچێت هەستیار بیت بەرامبەر ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەی کە وردەوردە لە هەندێک شوێنی تایبەتدا لە هەڵکشاندان، وەک دەرئەنجامێکی ڕزگاربوونی خەڵک لە کۆتوبەندی ئەو پڕۆسانە. بە بۆچوونی تۆ ئەو زەمینە سیاسییە بنەڕەتییە چییە کە گونجاوبێت بۆ خوڵقاندنی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەی ئیمپریالیزمی ئەمریکی؟
هارڤەی: گەلێک ڕێگە هەن بۆ ڕێکخستنی ئۆپۆزسیۆن، بەهیچ جۆرێکیش زەڕوری نییە ئەو ڕێگەیە زاڵبکرێت کە من بە باشتری دەزانم. لە سەرتاسەری جیهاندا گەلێک ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەیی هەن دژ بە هەژموونی جیهانیی ئەمریکا، هەندێکیش لەوانە دەستیانکردووە بە هاندان بۆ بەستنی هاوپەیمانێتیي ڕاستەقینە و دڵنایەکەرەوە لەنێوان ئەو هێزانەی بە شێوەیەکی گەورە بەرهەڵستکاری کردەوەکانی ئەمریکان لە سەرتاسەری جیهاندا. دەبینیت ئەم بابەتە لەنێو هاوپەیمانەکاندا لە زیادبووندایە، وەک ئەوەی لەنێوان بەرازیل و هیندستان و چین و ڕوسیادا هەیە و خەریکە دەبێتە هاوپەیمانێتییەکی نیشتیمانی. بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین بریتییە لە بوونی زۆنی ئۆپۆزسیۆنیی لەسەر ئاستی وڵاتێک، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا کە لەسەر ئاستێکی جیهانیین، بەگشتی پێموانییە ئەوەی دەیکەن کارێکی پێشکەوتنخوازانە بێت. من لە چەند ڕێچکەیەکەوە پێموایە کارێکی پاشکشەخوازانەیە، هەروەک پێموایە ترسناکیشە. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا، ئۆپۆزسیۆنێکی هاوپەیمانیی گەلێک بەهێز هەیە لەنێوان ڕوسیا، چین، هیندستان، بەڕازیل، دژ بە ئەمریکا، یاخود دژ بە ئەوروپا، کە لەلای من وەک جەنگێکی جیهانی سەخت وەهایە، ناخوازم لێکەوتەکانی[لێکەوتە سلبییەکان] پەرەبسەنێت، بەڵام پێموایە بەو جۆرە دەبێت.
هەروەها چەندین فۆڕمی دیکەی ئۆپۆزسیۆن هەن لەسەر ئاستی لۆکاڵی. وەک باڵێکی بزوتنەوەی دژە جیهانگیری، جیهانگیریى جێگرەوە، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، جەخت لەوەدەکاتەوە هەموو ڕێگەچارەکان لەسەر ئاسی لۆکاڵی هەن و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی لۆکاڵی دەدات. لە هەندێک دۆخدا دەکرێت ئەم هێزانە سوودبەخشبن، بەوپێیەی دەکرێت ئەو ڕێگەچارە لۆکاڵییانە درێژبکرێنەوە بۆ دەرەوە و گشتگیر ببن، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر خەڵک ڕێگەیەکیان دۆزییەوە بەرەو پێکەوانانی شتێک بۆ کارکردن لە چوارچێوەی شوێنێکی تایبەت و بە ڕێگەیەکی تایبەت. گەلێک ئەزموون هەیە لەنێوان ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەم ئاستەدا. بەڵام ئەوەی تائێستا دڕدۆنگم دەکات بریتییە لە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی گشتگیری یەکگرتوو لەگەڵ نائامادەیی پلانێکی باش، کە دژ بەو دۆخە بێت لەسەرئاستی جیهانی و لۆکاڵی دەگوزەرێت. بۆنموونە تووشی سەرسوڕمان دەبم کاتێک دەزانم بڕێکی زۆر نیگەرانی و بێزاری لەنێو ئەمریکادا هەیە دەربارەی زۆر شت، وەک بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن، چاودێریی تەندروستی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ژێرخانێکی شکستخواردوو، بەڵام سەرەڕای ئەوانە تائێستا بزوتنەوەیەکی سیاسی بوونی نییە کە بتوانێت ئەم بیرۆکانە لەخۆبگرێت و بڵێت کە پێویستە بەشێکبن لە سیاسەتێکی پێشکەوتنخوازانەی نوێ لەم وڵاتەدا، و هەر کەسێکیش دێتە سەر دەسەڵات پێویستە ئەم پرسانە چارەسەر بکات.
دەبینم دیموکراتەکان دەستیانکردووە بە چارەسەرکردنی ئەم پرسانە، لەبەرئەوەنا کە ئەوەیان دەوێت، بەڵکو بەهۆی فشاری بنکەی میللی لەسەریان بۆ ئەنجامدانی. بەڵام پێموانییە بتوانن توڕەیی گەشەسەندووی نێو گروپە گەورەکانی دانیشتووان کەمبکەنەوە سەبارەت بەو لایەنانەی پەیوەستە بە ژیانیانەوە، وەک کێشەکانی چاودێریی تەندروستی و کێشەی دڵنیایی(تأمین) و نەبوونی سەرچاوەی دەرامەت لەنێو ئەو سامانە گەورەیەی لەلایەن پلۆتۆکراسەکان (دەوڵەتمەدارە دەوڵەمەندەکان) و چینە باڵاکانەوە کەڵەکەکراوە.


– چی پێناسەیەکت هەیە بۆ ئەم دۆخە؟ ئایا بریتییە لە شکستی دەزگاکانی ڕاگەیاندن؟ یان ئایا شتێک هەیە لەنێو جیهانی پۆستمۆدێرندا، کە بەهۆیەوە خەڵک دەستەوەستان دەبن لە دروستکردنی پەیوەندییەک، کە بۆ بزاوتنیان بە ئاڕاستەی ئەکتی سیاسی زەرورییە؟
هارڤەی: هەموو ئەوانەی سەرەوەیە. کردەی ڕێکخستنەوەی ئەو شتانەیە کە دەکرێت پێکەوە بێن. جەختکردنەوەیە لەسەر کێشە تایبەتەکان، بۆنموونە مافی نێربازەکان، بزوتنەوەکانی ژنان، وە هەموو ئەو بابەتانە، لەگەڵئەوەی من پێموایە زۆر گرنگن و دەمەوێت پشتگیرییان لێبکەم، بەڵام ئەگەر کێشەکان بەتەنها بریتیبن لەمانە، ئەوا شتەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەش بەش دەبن. ئیدی دەبێتە بارێکی ترسناک، بۆنموونە بیهێنە پێشچاوت بڕیاربدرێت هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستبێت بە پشتگیریکردن یان پشتگیری نەکردنی تۆ بۆ (هاوسەرگیری نێربازەکان)! سەرەڕای ئەوە بەئاشکرا دیارە چۆن ئەم شتانە وەک بەشێک لە ئامرازە سیاسییەکان بەکاردەهێنرێن بۆ مانەوەی حیزبەکان لە دەسەڵاتدا. هەربۆیە من گەلێک پەیوەستم بەم بابەتەوە.
دوای ئەوە بەڵێ بێگومان دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە. کاڵبوونەوەی گوتاری گشتی (Public discourse) تەواو ئازاردەرە بۆ من. سەرەڕای ئەوەی ئێستا میدیا بەرپرسەکان کارناکەن بۆ وروژاندن و چارەسەرکردنی کێشەکان و پرسیارە ئاڵۆزەکان بە ڕێگەیەکی بەرپرسانە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی ئەو بارودۆخەی لە تەواوی جیهاندا دەگوزەرێت سادە و ئاسان دەکرێتەوە تا ئەو ڕادەیەی بریتیبێت لە هاوارکردنی (تیم ئۆرێلی) بەسەر (ئەیڵ فرانکن)دا، یان بەپێچەوانەوە*. لەبەرئەوە پێدەچێت ڕێگەیەک نەبێت بەهۆیەوە بتوانین دانیشین و بەشێوەیەکی هۆشیارانە گفتوگۆبکەین دەربارەی دۆزینەوەی ئەو ڕێگەیەی کە پێویستە پێیدا بڕۆین و چۆنیەتی ڕێکردن تێیدا. هەر کاتێک هەوڵدەدەیت گفتوگۆیەکی هۆشیارانە بکەیت، ئەوا دەچیتە دەرەوە لەو بازنە داخراوە بەردەوامیپێدراوەی بۆتە گەمەیەک بۆ بێناوەڕۆککردنی یەکتر و هاوارکردن بەسەر یەکتردا. میدیا هەمیشە دەستی هەیە لەم تاوانەدا، چونکە بۆتە ئاوێنەیەک بۆ پیشاندانی ئەو گفتوگۆیە. لەڕاستیدا ئەم پرۆسەیە هەوڵێکە بۆ بێنرخکردنی گوتاری گشتی، لەپێناو پیشاندانی دیمەنێک لە گفتوگۆی بەتاڵی یەکتربەزێن(گلادیاتۆرانە) لەنێو ئەو ستۆدیۆیەی گفتوگۆکەی تێدا ئەنجامدەدرێت.
هەروەها ڕاستییەکی دیکە هەیە کە بریتییە لە نەبوونی فۆڕمێکی دامودەزگایی (institutional). ئەمە گوزارشتە لە شکستی سیستمی حیزبایەتی لەم وڵاتە[ئەمریکا]، هاوکات دەرخەری ڕاستییەکیشە کە هەردوو حیزبەکە[دیموکرات و کۆماریی] چاوبەرەوژێری سەرمایەیەکی گەورەن تایبەت بەو پارانەی هیچکامیان لە کێشەی چینایەتییدا بەکاریناهێنن، دەشڵێن “بەڵێ جەنگێکی چینایەتی هەیە، بەڵێ کێشەی چینایەتی هەیە، پێویستە لەسەرمان رووبەڕووی ئەم پرسە ببینەوە وەک کێشەیەکی چینایەتی بە تێپەڕین لە هێڵە رەگەزییەکان(Race)، بە تێپەڕین لە هێڵە جێندەرییەکان، بە تێپەڕین لە هێڵی ئاڕاستە سێکسوالیتەکان. ئەمەیە کێشەی چینایەتی، پێویستە لەسەرمان سیاسەتێکی چینایەتی پەیڕەوبکەین کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیداربێت بە وڵاتەوە”.


-دەخوازم بۆچوونی خۆت بڵێیت سەبارەت بە ڕۆڵی حکومەتی تۆنی بلێر و وڵاتە ڕاستەقینەکەت(بەریتانیا) پەیوەست بە ئیمپریالیزمی نوێوە، چونکە حکومەتەکەی پارتی کرێکاران کە بلێر سەرکردایەتی دەکات، لە ئێستادا بۆتە ئامڕازێک بۆ بەدیهێنانی ئامنجەکانی ئەمریکا. هەڵسەنگاندنی تۆ چییە بۆ ئەم بارودۆخە و چی دەگەیەنێت بە بۆچونی تۆ؟
هارڤەی: ئەم پەیوەندییە [ئەمریکا-بەریتانیا] مێژووییەکی درێژی هەیە. دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی سویس لەساڵی ١٩٥٦ کاتێک بەریتانیا بەتەنها چووە شەڕەکەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەستا بە سزادانی و پێیگوت “وەرە دەرەوە لەوێ، وەرە دەرەوە لە میسر”، لەوە بەدواوە بەریتانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو خۆیان پەیوەستکرد بە سیاسەتی دەرەکی ئەمریکاوە. ئیدی هەمیشە دوودڵ بوون لە هاویشتنی هەنگاوێک کە دژ بە سیاستەی دەرەکی ئەمریکا بێت. لەبەرئەوە ئەم جۆرە پەیوەندییە هاوبەندییە[دەتوانین بڵێین پاشکۆیەتی بۆ بەریتانیا] مێژوویەکی کۆنی هەیە.
جگە لەوەش بیرمان نەچێت ئەمریکییەکان و بەریتانییەکان پێکەوە هەستان بە پڕۆسەی پاراستنی ئاسمانی عێراق لەساڵانی نەوەدەکان (کە ئەودەم بە ناوچەی دژە فڕین ناسرابوو)، بەوەش درێژەیاندا بە زۆنی فڕینی ئازاد. بەریتانیا لەماوەی سەرۆکایەتیى کلینتۆندا بەشێوەیەکی چڕ ئامادەیی هەبوو لە عێراقدا. کاتێکیش بۆش هاتەسەر دەسەڵات و ئەو پۆستەی وەرگرت، بژاردەیەکی قورس هاتە بەردەم بەریتانییەکان. وەک دەزانیت یەکێک لە شتە گرنگەکانی ئەودەمە بریتیبوو لە ڕێگریکردنی فەڕەنسا لە بەشداریکردنی پڕۆسە سەربازییەکان، هەربۆیە گەلێک زەحمەت بوو بۆ بەریتانیا کە بڵێت “ئێمە لەدەرەوەی بازنەی ئەو پڕۆسە سەربازییەین”.
بەریتانییەکان ئەوەشیان دەزانی کە بۆش بەڕادەیەکی زۆر سیاسییەکی قینهەڵگر و تۆڵەسێنە، ئەگەر لێی جودابیتەوە، رووبەڕووی تەنگەژەیەکی ڕاستەقینە دەبیتەوە. ئەمریکا دەیتوانی کێشەی ڕاستەقینە بۆ بەریتانیا بخوڵقینێت، بەتایبەت لە ئێرلەندای باکور. لێرەدا تێبینی دەکەین یەکێک لەو هۆکارانەی کە لە ئیسپانیا پاڵی بە “ئەزنار”ەوە نا بۆ هەنگاونان لە پرۆسەی بەشداریکردن لە جەنگدا بریتییبوو لە ناساندنی ڕێکخراوی ئیتای جوداییخواز(ETA) وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەلایەن ئەمریکاوە. لەبەرئەوە ئەمریکا لە دۆخێکدایە توانای خوڵقاندنی کێشەی هەیە بۆ ئەو حکومەتانە بە هەر ڕێگەیەک بێت، بەریتانیاش ئەمەی ناهەوێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە بلێر بە ڕێگە میسیانیکەکەیەوە، بەشێوەیەکی ڕاستەقینە باوەڕی بە جۆرێکی دیکەی مومارەسەی ئیمپریالیزم هەبوو لەلایەن ئەمریکاوە. بەشێوازێکی ناوازە وەها بابەتێکم کەشفکردووە، کاتێک بلێر لەبەردەم کۆنگرێسدا وتەیەک پێشکەشدەکات، جەخت لەوە دەکاتەوە کە “ئێمە قسە لەسەر بەها ئەمریکییەکان ناکەین، بەڵکو قسە لەسەر بەهاگەلی یونیڤێرساڵ دەکەین، بەجۆرێکیش قسە لەو بەهایانە ناکەین کە ئیمتیازێکی تایبەتییان هەبێت”. لەبەرئەوە پێموایە بلێر هەوڵدەدات چەمکێکی ئیمپریالیزمی جیهانییتر (cosmopolitan imperialism) فۆرمولەبکات، لەبەرامبەر ئەو ئیمپریالیزمە نیشتیمانییەی (nationalism imperialism) لە ئەمریکا بەهۆی ئیدارەی جۆرج بۆشەوە دروستبووە، کە دەیگوت “بەها ئەمریکییەکان، بەهاگەلی باڵان. هەموو کەسێک لە جیهاندا دەخوازێت ئەمریکیی بێت، هەموو کەسێک لەوباوەڕەدایە کە ئێمە قەڵای ئازادیین” بۆش ئەم قسانەی دەکرد. لە کاتێکدا بلێر دەیگوت “نەخێر، ئەوە پرسە ڕاستەقینەکە نییە”.
هەربۆیە پێموایە بلێر لەو بڕوایەدابوو کە ڕێگەیەک لە ڕێگەکان دەتوانێت پاڵ بە بۆشەوە بنێت بۆ جۆرێکی جیاوازتری پڕاکتیکی ئیمپریالیستی، کە کەمتر نیشتیمانی بێت و زیاتر جیهانی بێت. ئێمە ئەم بابەتەمان بینی لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییەدا کە ئاماژە بەوەدەدات بلێر ئەو کەسە بوو پاڵی بە بۆشەوە نا بۆ داڕشنی شتێک لە بابەتی نەخشەڕێگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چارەسەرکردنی ململانێی فەلەستین-ئیسرائیل. لەوباوەڕەدا نەبووم کە ئیدارەی بۆش بە شێوەیەکی ئاسایی ئەمە بکات. بەڵام کارەکەی کرد چونکە بەریتانییەکان پاڵیان پێوەنا بۆ کردنی، ئەوانیش پێویستبوو لەسەریان شتێک بکەن لەسەر ڕێڕەوی ئەو هێڵە. دەبێت لەژێر ڕۆشنایی ئەم هەلومەرجەدا لە بارودۆخی بەریتانیای پەیوەندیدار بەم بابەتەوە تێبگەین.


-دەتوانم گریمانەی ئەوە بکەم کە بەڕێگەیەک لە ڕێگەکان بۆش وەک میدیۆمێک لەگەڵ ئەوروپییەکان دەڕوانێتە بەریتانیا.
هارڤەی: زۆرباشە دەتوانم بڵێم بەڵێ گومانی ئەوە دەکەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم کارەی نەدەکرد گەر ببوایەتە هۆی زیاتر بەدوژمنکردنی بەریتانیا بەرامبەر ئەوروپا. بەڵام لەم دواییانەدا بەریتانیا هەوڵدەدات بە گەڕانەوەیەکی کەم بۆ ڕیزی ئەوروپا سەرکەوتنێک بەدەستبهێنێت، چونکە هەستی بەوە کردبوو کە لە چوارچێوەی ئەوروپادا کەنارگیرخراوە.


سەرچاوە: سایتی سۆسیالیزمی ئەنتەرناسیۆنال

وەرگیراوە لە:

وێبسایتی پلاتفۆڕمی دابڕان