رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دیموکراسی کۆتایی هاتووە، راپۆرتێک دەربارەی هەڕەشە نوێیەکانی ئەردۆگان بۆ سەر هەدەپە

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

ئەوە ئاشکرایە و هیچ نهێنییەکی تیا نییە، کە تورکیا چۆن ببوو بە رێگەی ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش کە دەچوون بۆ ناو خاکی سووریا. لایەنگرانی داعش لە سەرانسەری جیهانەوە دەیانویست پەیوەندی بە خەلافەتە ئیسلامییە نوێیەکە بکەن و بۆ ئەوەیش، پێویست بوو کە خۆیان بگەیننە ناو خاکی سووریا. تورکیا لە ماوەی دەسەڵاتی خەلافەکەدا، ببوو بەو رێگەیەی کە لایەنگرەکان دەیانگرتە بەر بۆ چوونە ناو سووریا و ئەمەیش بەشێوەیەک بوو کە دەوڵەتی تورکی چاوی خۆی لەم هاتوچۆیە کوێر کردبوو. هەر ئەم پەیوەندیە و کۆکردنەوەی ئەندامە زۆرەبوو کە وایکرد لە ماوەیەکی کەمدا خەلافەتەکە دەسەڵات بەسەر چەند ناوچەیەکی عێراق و سووریا بگرێت و لە ماوەی حوکمیشیدا، چەندین کەس بگرێت و بکوژێت و تەنانەت دووچاری دەستدرێژی جۆربەجۆریشیان بکاتەوە. بەدرێژایی ئەو ماوەیە تورکیا بێدەنگ بوو لە ئاست سوود وەرگرتنی خەلافەتەکە بۆ سنوورەکانی وڵاتەکەی، سەرەڕای ئەوەی کە چەندین کاری تیرۆرستی لەسەر سنوورەکان جێبەجێکراوە.

داعش توانی لە ماوەیەکی کەمدا بە دەیان هەزار کەس لە وڵاتە جیاوازەکانەوە هاوردەی ناوچەکانی ژێردەستی خۆی بکات و دەسەڵاتی خۆی پتەوتر بکات. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە چەندین لایەنی جیاواز ڕەخنەی توند لە تورکیا و بەتایبەت رەجەب تەیب ئەردۆگان بگرن، لەناویشیاندا کوردەکان کە هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ئەمریکادا بەستبوو لەکاتی جەنگی دژی داعش. ئەردۆگان بەوە تۆمەتبار دەکرا کە هاوکارێکی سەرەکی خەلافەتی داعش بووە. تەنانەت لەکاتی هێرشی چەکدارەکانی داعش بۆ سەر شاری کۆبانی، ئەردۆگان ڕایگەیاند کە هیواخوازە شارە کوردیەکە شکست بهێنێت لە جەنگەکەدا. ئەمەیش لەکاتێکدا کە چەکدارەکان زۆر لە نزیکی هێزە تورکیەکانەوە و چالاکییەکانی خۆیان بۆ شەڕی کۆبانی ئەنجام دەدا.

لە لێکۆڵینەوەیەکی دەیڤد فیلیپ کە سەرۆکی دامەزراوەی ئاشتییە لە پرۆگرامەکانی زانکۆی کۆڵۆمبیا، ئەوە ئاشكرا کراوە کە داعش هاوکاری سەربازی، ئابووری، تەندروستی پێگەیشتووە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە. تەنانەت ئەوەیشی ئاشکرا کردووە کە چەند چەکدارێکی ناو داعش براونەتە ناو هێزە تورکییەکان و خزمەتی تورکیا دەکەن. ئەم هەڵوێستەی تورکیایش یەکەم هەڵوێستی ئەو وڵاتە نییە بۆ پشتگیری کردن لە هێزە تیرۆرستییە جیهادییەکان و پێشتر هەر تورکیا پشتگیری لە هێزەکانی ئەل قاعیدە کردووە. پشتگیریکردنیش لە داعش هەوڵێکی دیکەی تورکیا بوو کە رێگری بکات لە بەردەوامبوونی شۆڕشی دیموکراتی سووریا و بەرژەوەندی وڵاتانی وەک ئێران و ڕووسیا بپارێزێت لەناو سووریادا.

شەڕی ناوخۆی سووریا وەک درێژێپێدەری ئەو چالاکیانە دەستی پێکرد کە بە بەهاری عەرەبی ناسرابوو. ئامانجی ئەم شەڕە لابردنی ئەو خێزانە دەسەڵاتدارە بوو کە بۆ ماوەی دەیان ساڵە حوکمی وڵاتەکە دەکەن و رێگە بە هیچ کەس و لایەنێکی دیکە ناکەن تا شوێنیان بگرنەوە. بەڵام ئەم جەنگە نەگەیشتە ئامانجی خۆی و بە هاوکاری تورکیا بۆ حکومەتی دەسەڵاتدار، سووریا بوو بە وڵاتێک کە جەنگێکی درێژ و بەردەوامی تیادا هەبێت و ببێت بە لانکەی دروستبوونی چەندین گروپی تیرۆرستی و مەترسیداری وەک داعش.

دوای جێگیربوونی داعش و دروستکردنی چەندین مەترسی جیاواز بۆ زۆرینەی وڵاتەکان، ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دا کە تەواوی سەرچاوە ئابوورییەکان لە داعش قەدەغە بکرێن کە بەهۆیانەوە خۆی بەهێز دەکات. ئەم کاردانەوەیە هەمان شێوەی ئەو کاردانەوەیە بووە کە لە یانزەی ئۆکتۆبەردا دژی چەکدارانی قاعیدە دروستبوو. ئەم رێگایە چارەسەرێکی باش دەبوو بۆ ئەوەی کە داعش وردەوردە بەرەو لاوازبوون بچێت و چیتر گەشەی زیاتر نەکات. بەڵام بەبێ تورکیا کە سەرچاوەی سەرەکی بوو بۆ داعش، پلانەکە ئەنجامی دڵخۆشکەری نەدەبوو. بەڵام ئەردۆگان و پارتەکەی بە هاوکاری پارتێکی تر بەناوی مەهەپەوە، بە سوود وەرگرتن لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاساییش یاسایەکی نوێیان زیاد کرد کە دەیانویست لە رێگایەوە بەرژەوەندییەکانی خۆیان فەراهەم بکەن. بەتایبەت لە ڕووی ئەوەی کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەتایبەت کوردەکان بکەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

لە ٢٧ی مانگی دوانزەی ساڵی پاردا، پەرلەمان تورکیا یاسایەکی نوێی دەرکرد، کە لە سەرەتادا وا دەردەکەوت یاساکە لەژێر چاودێری ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت. دواتر دەرکەوت کە یاساکە بۆ کۆنترۆڵ کردنی زیاتری خەڵکی سیڤیل و لایەنە نا حکومییەکانی وڵاتەکەیە. کە ئەمەیش دەسەڵاتێکی زیاتری تۆتالیتاری ئەردۆگان و حکومەتەکەی بۆ سەر خەڵکی تورکیا دروست دەکات و مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئازادی ڕا دەربڕین. یاساکە دەسەڵات دەدات بە وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە کە لە ئێستادا سولەیمان سۆیلوە و ئەندامی حیزبی ئاکەپەی ئەردۆگانە، تا بتوانێت هەر کەس و لایەنێک دەستگیر بکات و تۆمەتی کاری تیرۆستییان بداتە پاڵ. بۆ نموونە لە بڕگەی پانزەی یاساکەدا هاتووە کە وەزارەتی ناوخۆ دەتوانێت هەر کەسێک دەستگیر بکات و بڕیاری دادگایان بۆ دەربکات، ئەو کاتەی کە گومانی لەسەر کەسەکان بۆ دروست دەبێت لە ئەنجامدانی کاری تیرۆرستیدا. رێکخراوە نێودەوڵەتی و بە سەدان رێکخراوی ناوخۆی تورکیا بە توندی دژی سەپاندنی یاساکە وەستاون و پێیان وایە کە وشەی تیرۆریزم لەناو یاساکەدا تیرۆرستەکان ناگرێتەوە و زیاتر دوژمن و ڕکابەرە سیاسییەکانی ئەردۆگان دەگرێتەوە و یاساکە بۆ ئەو مەبەستەیش بەکار دەهێنرێت، نەک وەستانەوە لە دژی تیرۆریزم. مارک بێهرێنت کە سەرۆکی پرۆگرامەکانی ئەوروپا و یوراسیایە سەبارەت بە یاساکە ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەردۆگان ئەم یاسایەی بۆ سەپاندنی زیاتری دەسەڵاتی خۆی داڕشتووە و یاساکەیش مەترسی گەورە دروست دەکات بۆ سەر کۆمەڵگای تورکیا کە خۆیان ئێستایش ئازادیان لەژێر مەترسیدایە و بەهۆی ئەم یاسایەوە، ئازادییان دەکەوێتە ژێر مەترسی زیاتریشەوە.

ئەو یاسا تازانەی کە بۆ رێکخراوە نا حکومییەکان دەرکراون بەشێکیان تایبەتن بە زیادکردنی ئەو فشار و ستەمە بەردەوامەی کە لەلایەن تورکیاوە بەرامبەر بە کوردەکان ئەنجام دەدرێت هاوکاری ئەو جۆرە لە سیاسەتکردن دەکات. بێگومان مەبەستیش لە کوردەکان تەنها کوردەکانی ناو سنووری وڵاتی تورکیا نییە. چونکە وەک ئاشکرایە تورکیا بەردەوام هەڵمەتی رەگەزپەرستانە لە بەرامبەر بە تەواوی کوردەکان دەنوێنێت و پێشلکارییان بەرامبەر ئەنجام دەدات. ئەوەیش لەلایەن هەمووانە ئاشکرایە کە چۆن تورکیا لەدوای داعشەوە هەوڵی پاکتاوی رەگەزی کوردەکانی داوە لە باکوور و رۆهەڵاتی سووریا. بەشێکی زۆر لەم هەڵمەتانەی تورکیا دژ بە کوردەکان، بە یارمەتی گروپە جیهادییە میلیشیاکان دەکرێت. ئەوەیش جگە لەو هێرشە بەردەوامانەی کە لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانیەوە دەخرێنە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە بیانووی شەڕکردن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، کە گروپێکی چەکدارییە و تاکە شوێنن کە بۆ ماوەیەکی درێژە لە دژی ستەمکارییەکان بەرامبەر بە گەلی کورد جەنگی راستەوخۆیان لەگەڵ حکومەتی تورکیا راگەیاندووە. تورکیا بەردەوام بۆردومانی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم دەکات و بووەتە هۆی ئەوەی کە چەندین خێزان ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن، جگە لە هێرشی زەمینی بەردەوام و داگیرکاری کە بە ئاشکرا پێشێلکاریی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

تورکیا و حکومەتەکەی ئەردۆگان سوودیان لەوە وەرگرتووە کە ئەندامی ناتۆن و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکایش ناتوانن هیچ بکەن لە ئاست ئەم چالاکیانەی تورکیا، لەکاتێکدا کە پەکەکە بە تیرۆرست ناسراون و تەواوی چالاکیەکانی تورکیایش وەکو هێرش بۆ سەر پەکەکە دەردەخرێن. لەکاتێکدا تەنها هێرش بۆ سەر پەکەکە نییە و جەنگێگە لە دژی رەگەز و شووناسی کوردەکان. ئەم جەنگەی تورکیایش دژی کوردەکان مێژوویەکی درێژی هەیە و ئەردۆگان و ژێردەستەکانیشی، درێژە پێدەری ئەو مێژووەن. پێویستە ئاماژەیش بەوە بکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٥ کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدرا، پارتی هەدەپە کە پارتی کوردەکانە توانی رێژەیەکی بەرچاو دەنگ کۆبکاتەوە و بەشێکی دەنگەکانیشی لەلایەن ئەو کەسانەوە بۆ بێت کە کورد نین و ئامادەی پشتگیری کوردەکان بکەن. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە ئەردۆگان چەندین هەڵمەت دژی ئەو پارتە ئەنجام بدات و لەو ساڵەوە بە چەندین ئەندام و ئەندام پەرلەمانی پارتەکەی زیندان کردووە و تۆمەتی تیرۆرستبوونیان دەداتە پاڵ. یاسا تازەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئەم جۆرە سیاسەتەی ئەردۆگان دژی کوردەکان دەبێت و هاندەرێک دەبێت بۆ زیادکردنی پێشێلکارییەکانی ئەردۆگان بەرامبەر بە مافی کوردەکان.

لەدوای ئەو ناڕەزایەتییانەی کە بەرامبەر بە یاسا نوێیەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان دەرکراوە، نزیکترین و گەورەترین هاوپەیمانی ئەردۆگان کە پارتی مەهەپەیە و لەلایەن دەولەت بەهچەلییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، داوای زیادکردنی فشاری کردووە بۆ سەر ئەندامانی هەدەپە و کۆتایی هێنان بە پارتەکە. شایەنی باسە کە مێژوویەکی درێژ هەیە لە پشت راگرتنی هەر کوردێک کە کاری سیاسی بکات. پێشتر لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠٠٣ دوو پارتی دیکەی کوردی کاروبارەکانیان راگیراوە لەلایەن حکومەتی تورکیەوە.

مەهەپە بە شێوەیەکی زۆر رەگەزپەرستانە لە ئیستادا مامەڵە دەکات و هەر درێژە پێدەری هەمان مێژووە. ئەو پارتە رۆڵێکی گەورەی هەبووە لەو سیاسەتە توندڕەوانەی کە بەرامبەر بە کوردەکان هەبووە و تەنانەت ڕۆڵی لە کوشتنی چەندین سیاسی کوردا هەبووە. دەبێت ئەوەیش بزانرێت کە مەهەپە دڵنیایە لەوەی کە دادگای باڵای تورکیا پشتگیری لە داواکارییەکەی و راگرتنی هەدەپە دەکات. بەتایبەت دوای ئەوەی کە هەدەپە نوێنەری زۆرینەی کوردەکانەوە و دەنگێکی زۆری هەیە. لە بەرامبەریشدا، مەهەپە سەرەڕای ئەوەی کە هاوپەیمانی ئەکەپەیە، دەنگێکی زۆری لەدەستداوە. بەتایبەت لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥دا. ئەم لەدەستدانی دەنگەیش وایکرد کە زۆرینەی خەڵک داوای دەستلەکارکێشانەوە بەهچەلی بکەن، کە لە ساڵی ١٩٩٧ەوە سەرۆکایەتی پارتەکە دەکات.

لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥دا هەدەپە و ئەردۆگان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. بەڵام ئەو زۆرینەیە بەتەنها بەس نەبوو بۆ ئەوەی کە ئەردۆگان یەکێک لە ئامانجە لەمێژینەکانی خۆی و پارتەکەی جێبەجێ بکات، کە گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی تورکیا بوو بۆ سیستەمێکی کۆماری. هەرچەندە ئەو دەنگەی هێنای بەس نەبوو بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧دا بە هاوکاری مەهەپە کارەکەی ئەنجامدا لە پڕۆسەیەک کە جێگای پرسیارە و گومان لە ڕەوایەتی پڕۆسەکەدا هەیە.

هەرچەندە بەشێکی لە دەنگەکانی پارتەکەی ئەردۆگان لەلایەن کوردەکانەوە دراوە، بەڵام لە ئێستادا ئەردۆگان و پارتەکەی بە ئاشكرا و بە راستەوخۆیی دژایەتی کوردەکان دەکەن و بە شێوازێکی رەگەزپەرستانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن. ئەکەپە ئەم کارانە بە هاوکاری مەهەپە ئەنجام دەدات، سەرەڕای ئەوەی کە دوو پارتەکە جیاوازییەکی ئایدۆلۆژی زۆر لەنێوانیاندا هەیە و هەر یەکەیشیان خاوەنی ئەزموونێکی مێژوویی جیاوازە لەوەی دیکە. بەڵام دژایەتی کردنی کوردەکان، هەردوو پارتەکەی یەکخستووە و وای کردووە کە پێکەوە کار بکەن. هەردوو پارتەکە دوو پارتی پارێزگاری ڕاستڕەون. بەڵام ئەکەپە خۆی بە پارتێکی ئیسلامی دەناسێنێت و پەیوەندییەکی بەهێزی بە ئیخوان موسلیمینەوە هەیە، لە بەرامبەریشدا مەهەپە خۆی بە پارتێکی تەواو نەتەوەیی دەناسێنێت و پێناسەیەکی جیاوازی بۆ ئیسلام هەیە، کە تیایدا تورکی بوون کراوە بە بنەڕەت لەجیاتی موسوڵمانبوون. هەردوو پارتەکە لەپێناو بەهێز کردنی دەسەڵاتی خۆیاندا و گەیشتن بە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان، بوون بە هاوپەیمانی یەک و هەردوو پێکەوە دژی کوردەکان سیاسەت دەکەن بە شێوەیەکی رەگەزپەرستانە. لەم هاوپەیمانێتیەشدا ئەکەپە ڕۆڵی سەرەکی هەیە و ئەردۆگانیش کەسی یەکەمە، کە بەردەوام خەریکی فراوان کردنی مەودای دەسەڵاتەکانییەتی.

یاسا نوێیەکانی تورکیا لەسەر رێکخراوە نا حکومییەکان و ئەو فشارە زۆرەی کە لەسەر هەدەپە دروستیدەکات، شایەنی سەرسوڕمان نییە. بەڵکو ئەوە بە ئاشکرایی هەنگاوی داهاتووی تورکیا بووە بەرەو بە ئۆتۆریتارکردنی دەسەڵاتی خۆی. هەتا ئەو کاتەیشی کە جیهان بێدەنگ بمێنێت لە ئاست ئەم جۆرە سیاسەت و پێشێلکارییە، تورکیا بەردەوام دەبێت و نزیکتر دەبێتەوە لە نەهێشتنی یەکجارەکی دیموکراسی لە وڵاتەکە.

سەرچاوە: