رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە بەشەکانی کوردستان گرنگیی بە زمانی کوردی دەدرێت؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

عومەر شایان (تایبەت بە پۆرتاڵی رووداو)

مێژووی زمانی دایک

مێژووی زمانی دایک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952و پاش سەربەخۆیی هیندستان لە ساڵی 1946. دوای ئەوەی پاکستان لە هیندستان جیابووەوە کە ئەو کاتە ویلایەتی بەنگلادیش بەشێکی لکێنراوبوو بە پاکستانەوە. زمانی ئۆردوو زمانی فەرمی هەردوو بەشی روژهەڵات و رۆژئاوای پاکستان بوو. بەشی رۆژهەڵاتی ئەو کاتی پاکستان بەنگالی بوون و ناچارکرا بوون کە زمانی ئوردوو بەکار بێنن لە هەموو بوارەکانی ژیانییاندا.

ساڵی 1952 ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی یەکزمانی ناڕەزاییان دەربڕی، 11 کەس بەدەستی ھێزە ئەمنییەکانی پاکستان کوژران و، ساڵی 1956 دەوڵەت بەناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.

رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 1999 رۆژی 21 ی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانی زمانی دایک ناساند و، ئەو رۆژەی وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ قوربانیانی بەنگلادیش بە رۆژی زمانی دایک دیاریکرا.

ساڵی 2000 بۆ یەکەمجار یادی ئەم رۆژە مێژوویی و جیھانییە کرایەوە. یۆنسکۆ ھۆکاری ھەڵبژاردنی رۆژێکی جیھانی بۆ زمانی دایک، بۆ ھاوکاریکردنی فرەچەشنی و فرەڕەنگی زمان و کولتوورەکان گەڕاندەوە.

لە جیهان 6 هەزار زمان هەن

لە جیھاندا 6 ھەزار و 700زمان ھەن، زۆریان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە، بەھۆی ئەوەی پیتی نووسینیان نییە و تەنھا لە قسەکردندا بەکاردێن، 200 بۆ 500 زمانیش مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە، بەھۆی ئەوەی ناتوانن خۆیان لەبەردەم تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکان رابگرن جگە لەو گرووپ و نەتەوانەی ژێردەستن و دەکەونە ژێر کاریگەری نەتەوەی سەردەست. زمانە زیندووەكانی جیهان بریتین لە:

– زمانی ماندراین          955 ملیۆن کەس

– زمانی ئیسپانی          405 ملیۆن کەس

– زمانی ئینگلیزی        360 ملیۆن کەس

– زمانی هیندی            310 ملیۆن کەس

– زمانی عەرەبی         295 ملیۆن کەس

– زمانی کوردی

– لە پلەی 59مین زمانی جیهانە

– 21 ملیۆن کەس بەکاریدێنن

– 0.31% ی دانیشتووانی جیهان

بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک قسەیان پێدەکەن، لەنێویشیاندا زمانی ماندراین کە زمانی چینییەکانە 955 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و لە ریزبەندی یەکەم زمانی جیهانی دایە،  لەدوای ئەویش زمانی ئیسپانی دێت کە 405 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و زمانی ئینگلیزیش 360 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن، هەرچی زمانی کوردیشە بەپێی ریزبەندی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی لەریزبەندی 59یەمین زمانی جیهاندایە و 21 ملیۆن کەس بەکاریدێنن، کە دەکاتە  0.31% ی دانیشتووانی جیهان.

زار و شێوەزارەکانی زمانی کوردی

زمانی کوردی پێنج زاری سەرەکی هەیە و هەر زارێکیش لە چەند شێوەزارێک پێکهاتوون کە بەمشێوەیەن:

شێوەزارەکانی گۆرانی: هەورامی، کەندولەیی، باجەلانی  

شێوەزارەکانی زازاکی: زازاکی سەروو (دێرسیم)، زازاکی ناوەند (ئامەد)، زازاکی خواروو (رووها)

شێوەزارەکانی کورمانجیی سەروو: سەرحەدی، بادینی، بۆتانی، رۆژئاوایی

شێوەزارەکانی کورمانجیی خواروو: کەلهوڕی، فەیلی، کرماشانی

شێوەزارەکانی کورمانجیی ناوەند: سۆرانی، موکری، سلێمانی، گەرمیانی و ئەردەڵانی

دۆخی زمانی کوردی لە پارچەکانی کوردستان و ئەو وڵاتانەی کوردی تێدا دەژین

کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان زمانەکەی کەوتووەتە ژێر کاریگەری زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی ئەوەش ئەنجامی دابەشکردنیەتی بەسەر چوار وڵاتدا و دەیان و سەتان وشەی بیانی هاتوونەتە نێو ئەو زمانە. نوێترینیشیان قسەی گەنج و منداڵانە بە تێکەڵاوی لە نێوان وشەی ئینگلیزی و کوردی و خەریکە سۆشیاڵمیدیاش کاریگەری نەرێنی گەورە دەخاتە سەر زمانێک کە هەزاران ساڵە شووناسی نەتەوەیەکە و ئامرازێکی سەرەکی مانەوەیەتی.

ئێستا لە جیهاندا شه‌ش هه‌زار و 700 زمانی زیندوو هەن و لە ماوەی 70 ساڵی رابردووش نزیكه‌ی 200 زمان له‌ناوچوون، خۆ ئەگەر ئێمەش بەخۆ نەکەوین مەترسی لەنێوچوونی زمانەکان هەیە.

چۆن زمانی دایک دەبووژێتەوە ؟ کێ دەیبووژێنێتەوە ؟ کێ بەرپرسە لە تێکەڵابوون و هەژموون و کاریگەریی زمانی دیکە بەسەر زمانی کوردی؟ چۆن رێگەی لێدەگرین، چۆن دەتوانین زمانێکی پێوەر و ستاندارد و یەکگرتوومان هەبێت ؟ 

 سادق ئەحمەد عوسمان، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئەکادیمیای نیشتمانیی زمانی کوردی لەبارەی دۆخی زمانی کوردی و مەترسییەکانی لەسەر زمانی کوردی لە باشووری کوردستان وەڵامی ئەم پرسیارانەی دایەوە. 

بۆچوونی منداڵانی کورد لەسەر خوێندنی کوردی لە قوتابخانەکان 

رووداو لە منداڵانی چوار بەشی کوردستانی پرسیوە کە دەیەوێ بە چ زمانێک قسە بکەن. منداڵێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێ؛ حەزی دەکرد لە پۆلی یەک بە کوردی بخوێنێت ئاوا ئاسانتر لە وانەکان دەگات. بەڵام منداڵێکی باکووری کوردستان دەڵێ؛ پێیخۆشە بە تورکی بخوێنێت چونکە مامۆستاکەی قوتابخانە گوتوویەتی کوردی باش نییە بۆ خوێندن. لە باشووری کوردستانیش کە خوێندنی قوتابخانە بە کوردییە بەشێک لە منداڵان حەز دەکەن بە ئینگلیزی بخوێنن.

بەساڵاچووان لەبارەی دۆخی زمانی کوردی و رێگەکانی بەهێزکردنی زمانی کوردی بۆچوونی جیاوازیان هەیە. هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستان دەڵێ؛ ئەگەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوردی لەژێر کاریگەری فارسییە لە باشووری کوردستان لە ژێر کاریگەریی عەرەبی دایە. 

هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستانیش گلەیی لە گەنجان دەکات بەوەی کە ئێستا گرنگی بە زمانی کوردی نادەن، بەڵام هاونیشتمانییەکی بەتەمەن لە رۆژئاوای کوردستان خۆشحاڵە لەوەی لە قوتابخانەکان منداڵ فێری نووسین و خوێندنی کوردی دەکرێن.

زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان

لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا دان بە مافی زمانی و پەروەردەیی پێکهاتە نەتەوەییەکان نەنراوە، بۆیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک کەوتووەتەسەر شانی چالاکڤانانی خۆبەخش. ئەوان خۆیان دەخەنە بەردەم گوشاری هێزە ئەمنی و سەربازییەکان. بە پارەی خۆیان یان هاوکاریی خەڵک پێداویستییەکانی خوێندن دەکڕن و بە زەحمەتی زۆر، شوێن بۆ بەڕێوەبردنی کۆرسەکان دەدۆزنەوە. 

لە زانکۆی سنە، بەشی تایبەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی هەیە، بەڵام لە هیچ زانکۆیەکی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەی دڵخوازیش وانەی زمانی کوردی ناخوێندرێت. لە زنکۆی پەیام نووری مەریوان ساڵانی پێش کۆرسی زمانی کوردی بەڕێوەدەچوو، بەڵام رێگە نەدرا لەوە زیاتر بەرەو پێش بچێت.

ساڵ بە ساڵ وشیاری کۆمەڵگە لەبارەی پێویستیی فێربوونی زمانی دایک دەچێتەسەر. بەشێک لە خێزانەکان بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، منداڵەکانیان دەنێرنە پۆلەکانی فێرکردنی زمانی کوردی. بەگوتەی مامۆستاکانیان، منداڵان دوای فێربوونی زمانی دایک، باوەڕی زیاتریان بە خۆیان و تواناکانیان دەبێ.

زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان

بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، هەدەپە کەمپینێکی بۆ فێربوونی زمانی کوردی لەنێو رێکخستنەکانی خۆی راگەیاندووە. ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەم رۆژی کەمپینەکە دەبێت و لە قۆناخی یەکەمدا هاوسەرۆکانی هەدەپە و 200 کەس لە ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی ژنان، بەرپرسان و پەرلەمانتارانیان بەشداری کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی دەکەن. 

سالم کاپلان، گوتەبێژی کۆمسیۆنی بەدواداچوونی نەخشەڕێگەی فێربوونی زمانی کوردی لەنێو رێکخستنەکانی هەدەپە رایگەیاند، رەخنەی زۆر ئاراستەمان کراوە لەبارەی بابەتی گەشەپێدان و گرنگینەدان بە زمانی کوردی لەنێو رێکخستنەکانی هەدەپە. لەسەر ئەم بنەمایە لە چەند مانگی رابردوودا بەبڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەو کۆمسیۆنە دامەزرا.

کۆمسیۆنەکە لە 10 ئەندام پێکهاتووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی، ئەندامێکی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار، چوار پەرلەمانتار و چوار راوێژکار کۆمیسیۆنەکە بەڕێوە دەبەن و بەرنامە و کارنامەی تایبەتیان داڕشتووە. ئەمڕۆ کە رۆژی جیهانیی زمانی دایکە، کەمپینی فێربوون و بەهێزکردن و گەشەپێدانی زمانی کوردی لە رێگەی خولەکانەوە کە لە چوار ئاست پێکدێت. دەستیپێکردووە. 

سالم کاپڵان ئاماژەی بەوەدا کەمپینەکە تەواوی رێکخستنەکانی هەدەپە دەگرێتەوە، وانەکان بە ئۆنڵاین لەلایەن مامۆستایانی شارەزا بۆ شێوەزارەکانی کرمانجی و زازاکی دەگوترێنەوە. 

گوتەبێژی کۆمسیۆنی بەدواداچوونی نەخشەڕێگەی فێربوونی زمانی کوردی لەنێو رێکخستنەکانی هەدەپە روونیکردەوە، زمانی کوردی مەترسی لەنێوچوونی لەسەرە و دەسەڵات پاکتاوی زمان دەکات و ئێمەش بەهەستیارییەوە پێداگیری لەسەر ئەم بابەتە دەکەین و بەبڕیاری سەرکردایەتیی هەدەپە لەمەودوا خەبات  بۆ گەشەسەندن و گشتگیرکردنی زیاتری زمانی کوردی دەکرێت. 

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی شوبات رۆژی جیهانی زمانی دایکە. لە تورکیا و باکووری کوردستان کە نزیکەی 20 ملیۆن کورد دەژین،  لەلایەن پلاتفۆرمی زمانی کوردی، تۆڕی زمان و کولتووری کوردی و حەرەکەتی زمانی کوردی “حەزکورد” و دامەزراوەکانی دیکەی زمانی کوردی،  کەمپینێکی واژۆ کۆکردنەوە بە ئامانجی ئەوەی زمانی کوردی بکرێتە زمانی پەروەردە و دووەمین زمانی فەرمی لە تورکیا، دەستیپێکردووە.  

پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” داوا دەکات زمانی کوردی بکرێتە زمانی فەرمی و زمانی پەروەردە لە تورکیا. ئیمام تاشچیئەر پەرلەمانتارانی هەدەپەی ئامەد رۆژی 19ی شوباتی 2021 لە دانیشتنی پەرلەماندا بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایک گوتارێکی بە زمانی کوردی پێشکەشکرد.  تاشچیئەر ئاماژەی بەوەدا، چیدیکە دژایەتیکردنی زمانی کوردی قبوڵ ناکرێ و داوای کرد زمانی کوردی لە تورکیا بکرێتە فەرمی. 

کێشەی کورد لە تورکیا فرە رەهەندە و لە پاڵ کێشەی ناسنامە، ئەمنی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی، کێشەی قەدەخەکردنی زمانی کوری یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان.

بەگوێرەی ماددەی 42ی دەستووری تورکیا “تورکی” زمانی دایکی سەرجەم هاووڵاتییانی تورکیایە و بە پشتبەستن بەو ماددەیە بێجگە لە تورکی، خوێندن بە هەموو زمانێکی دیکە لەو وڵاتەدا قەدەخەیە.   

لە تورکیا گفتوگۆکان لەسەر بەکارهێنانی زمانی دایک و ئەو پێشنیازانەی لەبارەی سیاسەتی پەروەردە بۆ زمانی دایک دەخرێنەڕ‌وو، لەسەر زمانی کوردی چڕ دەکرێنەوە کە لە دوای تورکی دووەمین زمانە زۆرترین کەس قسەی پێدەکەن و لە چوارچێوەی ئەمنییەت و ئاسایشدا باس لە بەکارهێنانی زمانی کوردی دەکرێت.  

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بەشی پڕۆژە زانستییەکانی زانکۆی بۆغازئیچی ئیستەنبووڵ و وەقفی پەروەردەی دایک و منداڵ کە لە ساڵی 2020 لە پارێزگاکانی ئامەد و وان لە باکووری کوردستان و شاری ئیستەنبووڵی تورکیا کراون و زیاتر لە 5 ملیۆن کوردی لێ دەژین، 81%ـی مامۆستایانی باخچەی ساوایان و قۆناخی سەرەتایی دەڵێن منداڵانی کورد زمانی تورکی بەباشی نازانن و ئەوەش بە گەورەترین کۆسپ لە بەردەم فێربونی خوێندن و نووسینی تورکی هەژمار دەکەن.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی دیکە کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی زانکۆی باهچەشەهیری ئیستەنبووڵ ئامادەکراوە، 46%ی ئەو هاووڵاتییانەی تورکیا کە زمانی دایکیان کوردییە، قۆناخی سەرەتایی خوێندنیان تەواو نەکردووە. 

راوەست، کە سەنتەرێکی توێژینەوەی کوردییە لە ئامەد، لە ئەیلوولی ساڵی 2019دا راپرسییەکی لە هەندێک ناوچەی باکووری کوردستان لەبارەی بەکارهێنانی زمانی کوردی کرد. لە راپرسییەکەدا بۆچوونی 600 کورد وەرگیرابوو و تەنیا 18%یان رایانگەیاندبوو دەتوانن بە کوردی قسە بکەن، بخوێننەوە و بنووسن. هەر بە گوێرەی راپرسییەکە، تەنیا 44%یان ئاماژەیان بەوەکردبوو دەتوانن بە زمانی دایکی خۆیان قسە بکەن.   

لە تورکیا و باکووری کوردستان تادێت رێژەی قسەنەکردن بە زمانی کوردی هەڵدەکشێت و ئێستا 60%ی کوردی باکوور بە زمانی دایکیان قسە ناکەن. هەرچەندە لە باکووری کوردستان چەند کۆمەڵەیەکی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی کراونەتەوە، بەڵام هێشتا نەبوونەتە فریادرەسی رزگارکردنی زمانی کوردی لە لەناوچوون.

لە سیستەمی پەروەردەی تورکیادا،  تورکی تاکە زمانی فەرمی خوێندنە. هەرچەندە لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرێت، بەڵام بەهۆکاری جیاواز پرۆسەکە بە فەرمیش نەبێ، بە کردەیی راگیراوە.

یەکێک لەو هۆکارانە دانەمەزراندنی مامۆستای زمانی کوردییە بەگوێرەی پێویست. بەهۆی نەبوونی مامۆستا قوتابیان لە شوێنی زمانی کوردی وانەیەکی دیکەی هەڵدەبژێرن. لە سەرەتاکاندا لە ساڵی 2012 لەبەر نەبوونی مامۆستا کە بەکالۆریۆسی لە زمانی کوردیدا هەبێت، مامۆستای کوردی بە گرێبەست وەردەگیرا. بۆیەکەمینجار لە ساڵی 2014 دەست بە دامەزراندنی مامۆستای دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی کرا.

لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا وەزارەتی پەروەردەی تورکیا تەنیا یەکجار داتاکانی خواستی لەسەر وانەی زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە. بەگوێرەی ئەو داتایانە لە ساڵی خوێندنی 2015-2016دا لە تورکیا و باکووری کوردستان 77 هەزار و 931 قوتابی وانەی زمانی کوردیان هەڵبژاردووە، لەوانە 71 هەزار و 616 قوتابی وانەی شێوەزاری کرمانجی و 6 هەزار و 315 قوتابیش وانەی شێوەزاری زازاکییان هەڵبژاردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 59 مامۆستای کوردی لە تورکیا دامەزراون کە 48ی کرمانجی و 11ی زازاکین. 

بەشێكی زۆری ئەو مامۆستایانە بە بیانووی نەبوونی خواست، وانەی زمانی کوردی ناڵێنەوە و بۆ ساڵی 2020-2021 ـیش وەزارەتی پەروەردەی تورکیا هیچ مامۆستایەکی زمانی کوردی دانەمەزراندووە. 

لە باکووری کوردستان لە ساڵی 2011 دا بەشی خوێندنی زمان و کولتووری کوردی لە زانکۆی ئارتوکڵوی مێردین کرایەوە، دواتر هەمان بەش لە زانکۆکانی  ئامەد، چەولیگ، مووش و وان کرانەوە. 

سەرچاوە (کلیک بکە)