رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دۆخی ژنان لە عەفرین و کاردانەوەی پەرلەمانی تورکیا

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا کە لە سێشەممەی ڕابردوودا ئەنجامدرا، مەولود چاوشۆغلوی وەزیری دەرەوەی حکومەتی تورکیا بانگهێشتی ناو پەرلەمان کرابوو. لەناو کۆبوونەوەکەدا تولەی حاتەمگولەری کە شارەزای بواری یاسا و پەرلەمانتاری پارتی هەدەپەیە، پرسیاری دۆخی ژنە کوردەکانی باکووری سوریای لە چاوشۆغلو کرد. پرسیارەکەی ئەو پەرلەمانتارە لەسەر ئەوە بوو کە ئایا وەزیر ئاگاداری ئەو دەنگۆیانەیە، کە دەڵێن ژنە کوردەکانی باکووری سوریا لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێن، دەگیرێن و وەکو کۆیلەی سێکس لە لیبیا و شوێنەکانی دیکە دەفرۆشرێن.

سەرچاوەی ئەم پرسیارەیش دەگەڕێتەوە بۆ قسەکردنی ڕزگاربووەکانی سوریا کە چۆن باسی بارودۆخی خۆیان و ناوچەکەیان دەکەن. ئەو ڕزگاربووانە لەناو نەخۆشخانەکانی شاری عەفریندان کە پڕن لە جەستەی ئەو ئافرەتە مردوو و ڕفێندراوانەی کە تۆمەتی تیرۆرستبوونیان دراوەتە پاڵ. دۆخی ئەم ژنانە بووە بە سەردێڕی هەواڵی زۆرینەی ڕۆژنامەکان و پەرلەمانتارەکەی هەدەپەیش پرسیاری ئەوەی لە چاوشۆغلو کرد کە ئایا ئاگاداری ئەم دەنگۆیانەیە و تا چەندێک بەدواداچوونی بۆیان کردووە.

“ئایا تۆ لێکۆڵینەوەت لە کەیسی ئەو کچ و ژنانە کردووە کە خەڵکی عەفرینن و وەکو کۆیلە نێردراون بۆ لیبیا؟ ئایا حکومەتەکەی تۆ ئاگای لەو دەستدرێژییە سێکسییە بەردەوامەنە هەیە کە دەکرێنە سەر ئەو کچ و ژنانە لەناو کامپ و زیندانەکاندا؟ ئایا هەنگاوی پێویستتان گرتووەتە بەر بۆ ڕێگەگرتن لە پێشێلکاری زیاتر بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ؟ ئایا ئامادەیی ئەوەت تیایە کە لەگەڵ رێکخراوە نێودەڵەتییەکاندا پێکەوە ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە ببنەوە؟” ئەمە ئەو پرسیارانە بوون کە تولەی ڕووبەڕووی مەولود چاوشۆغڵو کردبوو.

تولەی حاتەمگولەری یەکەمین ئافرەتی یاساناسە کە ئەم پرسە بباتە ناو پەرلەمانی تورکیاوە. تولەی بە پرسیارەکانی ئەو بەرپرسیارێتیەی دەرخست کە لەسەر شانی حکومەت و بەرپرسان و تورکیایە لە بەرامبەر بەو دۆخەی کە لە باکووری سوریا دروستبووە و لایەنی تاوانباریش لایەنێکە کە هەر لەلایەن تورکیا خۆیەوە پشتگیری دەکرێت. تاوانەکان زۆرن و بەشی زۆریشیان، بەرامبەر بە کچان و ژنان ئەنجام دەدرێن. جگە لە ئەشکەنجەدانی ئافرەتەکان، زۆرینەیان دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتەسەر و لەلایەن چەکدارە میلیشیا و بەرپرسەکانەوە لاقە دەکرێن. ئەم دۆخەیش کە ژنانی باکووری سوریا تێیکەوتوون، هەمان ئەو دۆخەیە کە شەش ساڵ پێش ئێستا ژنە ئێزدیەکان لە شەنگال و سینجار تێیکەوتبوون و تاوانەکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجام دەدران. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دەوروبەر بێدەنگن لەئاست ئەو تاوان و پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە ژنە کوردەکان ئەنجامدەدرێن.

بەپێی ئەو لێدوانە جیاوازانەی کە لەسەر بابەتەکە کۆکراونەتەوە، بە سەدان ئافرەت ڕفێنراون و براونەتە ناو سنووری تورکیاوە. لەوێشەوە وەکو کۆیلەی سێکس فرۆشراون بە وڵاتانی وەک لیبیا و قەتەر. ئەمەیش لەکاتێکدا کە تورکیا و قەتەر بەناوی هاوکاریکردنەوە، نەخۆشخانەیان لەناو عەفریندا کردووەتەوە.

لە ساڵی ڕابردووەوە، رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، بەردەوام هۆشداری ئەو مەترسیە دەدەن کە لەسەر ژیانی کچان و ژنانی عەفرینە. هەتا ئێستا نزیکەی ١٠٠٠ ئافرەت بە ونبوو لە قەڵەم دراون لەو کاتەوەی کە تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی دەستپێکردووە لە ناوچەکە دژی یەپەگە. خوودی ئەو ئۆپەراسیۆنەیش لەلایەن لایەنە نێودەوڵەتییە جیاوازەکانەوە ئیدانە کراوە و وەکو هەوڵێکی تورکیا سەیرکراوە کە بۆ سەپاندنی بەزۆری هێز لەناوچەکەدا دەیدات. دەبێت ئاماژە بەوەیش بکرێت کە یەپەگە لەچاوی تورکیاوە تیرۆرستە و بەشێکە لە پەکەکە. ئەمەیش بیانووی سەرەکی تورکیایە بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەردەوام بۆ سەر ناوچەکە و بڵاوکردنەوەی هێزەکانی.

لە مانگی دووی ساڵی ٢٠١٩ یو ئێن ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا باسی لە دۆخی مافەکانی مرۆڤ دەکرد لە ناوچەکانی باکووری سوریا و بەتایبەت عەفرین. لە ڕاپۆرتەکەدا بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکرێت کە چۆن ‌یزە چەکدارەکان بەشێوەیەکی توند مامەڵە لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە دەکەن و چەندین کەیسی ئەشکەنجەدان و فڕاندن لەو ناوچانەدا بوونیان هەیە. وە ئاماژە بەوەیش کراوە کە زۆرینەی قوربانیەکان ئەو کەسانەن کە بە ڕەچەڵەک کوردن، یاخود ئەو کەسانەی کە چالاکوانن و ڕەخنەیان لە هێز و گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە گرتووە.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەیشدا کە لەلایەن نووسینگەی ئەمریکی بۆ چاودێری ئۆپەراسیۆنەکان کە لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەو و تاوان و پێشێلکاریانە کراوە کە بەرامبەر بە دانیشتووانی باکووری سوریا ئەنجامدەدرێن و هەروەها ئاماژەیش بەوە کراوە کە تاوانەکان لەلایەن ئەو هێزانەوە ئەنجامدەدرێن کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێن.

سەرچاوە (کلیک بکە)