رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دۆخی ئاوارەکانی عێراق لە دوای داخستنی کامپەکانەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا 

هەر لە سەرەتای هاتنی چەکدارانی داعش و دەستپێکردنی هێرشەکانیان، کەسانێکی زۆر ناچاربوون شوێنەکانی خۆیان بەجێبهێڵن و ئاوارەی شار و ناوچەکانی تر بن. بەشی زۆری ئەم کەسانە بەناچاری لە کامپی تایبەت ماونەتەوە کە لەژێر چاودێری حکومەتدا بوون. ئێستا کە چەکدارانی داعش ناوچەکانی ژێردەستی خۆیان لەدەستداوە و دەسەڵاتیان نەماوە، حکومەت دەیەوێت تەواوی کامپەکان دابخات و ئاوارەکانیش ڕەوانەی شوێنەکانی خۆیان بکاتەوە. بەڵام ئاوارەکان هێشتا ترسییان لە گەڕانەوە هەیە.

توقە عەبدوڵا و خێزانەکەی یەکێکن لەو چەندین ئاوارەیەی کە بۆ ماوەی سێ ساڵە لەدوای داخستنی هەر کامپێك، دەچن بەرەو کامپێکی تر، بەو هیوایەی کە بتوانن کاتێکی زیاتر بە سەلامەتی بمێننەوە و بگەن بەو ڕۆژەی کە توانای گەڕانەوەیان هەبێت بۆ ماڵ و خاکەکەی خۆیان بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان هەبێت.

ئەو تەمەنی تەنها چواردە ساڵ بوو ئەو کاتەی کە چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەکەیان و باوکی ناچاربوو هەموو خێزانەکە کۆبکاتەوە و لەو ناوچانە دووریانبخاتەوە. توقە لەپێش هاتنی داعشدا چەندین هەڵبژاردنی زۆری لەبەردەەستدا بوو بۆ ئەوەی کە داهاتووییەکی باش هەڵبژێرێت. بەڵام لە ئێستادا، هەڵبژاردنەکانی زۆر نین و هەرشتێک بکات بە ناچاری دەیکات. ئەو پێشتر لە ساڵی ٢٠١٧دا لە یەکێک لە هێرشی چەکدارانی داعش باوکی و براکانی لەدەستدا. دوات لەدەستدانی باوک و براکانی لەگەڵ ئەندامانی تری خێزانەکەی و ڕزگاربووەکانی دیکەدا توانیان خۆیان بگەیەننە یەکێک لە کامپەکان.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی داخستنی کامپەکانی کرد و ئەوەی ڕاگەیاند کە ئاوارەکان پێویستە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. بەڵام زۆرینەی ئاوارەکان هێشتا لە سەلامەت ناوچەکانی خۆیان دەترسن و گومانیان لەوە هەیە کە چەکدارانی داعش جارێکی تر نەبنەوە بۆ مەترسی لەسەر سەلامەتییان. بۆیە بەردەوام گەڕانەوە ڕەتدەکەنەوە. توقە عەبدوڵا یەکێکە لە نموونەی ئەو ئاوارانەی کە نایەوێت بگەڕێتەوە. ئەو لەو کاتەی کە لە کامپی ئەلجەددەی ١ نیشتەجێبوو و کامپەکەی فەرمانی داخستنی بۆ دەرکرا، لەجیاتی ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکەی خۆی لەگەڵ دایک و نەنک و خوشک و برا بچووکەکانی ڕۆیشتن بەرەو کامپی ئەلجەدەی ٥. توقە لە لێدوانێکیدا وتی “ئەگەر کامپەکان دابخرێن، ئێمە هیچ شوێنێکمان نامێنێت ڕووی تێبکەین.”

حکومەتی بەغداد دەڵێت کە لەو ٤٧ کامپەی کە لە عێراقدا هەیە جگە لەناو هەرێمی کوردستان، هەستاون بە داخستنی هەموو کامپەکان جگە لە سێ دانەیان. وە ڕاشیانگەیاندووە کە دەیانەوێت لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەو سێ کامپەیش دابخەن و زیاتر دوای نەخەن. بەڵام هێشتا دیار نییە کە ئەو ٢٦ کامپەی ناو هەرێمی کوردستان کەی دادەخرێن.

لە دوایین هەڵمەتی داخستنی کامپەکاندا، ئاوارەیەک بەناوی ئەحمەد خەلیف لەگەڵ خێزانەکەیدا ناچاربوون کە شوێنی خۆیان بگوازنەوە بۆ کامپی ئەلجەدە ٥، لەکاتێکدا کە ئەم کامپە نوێیە تەنها ١٥ کیلۆمەتر لە ناوچەی نیشتەجێبوونەکەیان دوورە. ئەحمەدلەلێدوانێکیدا وتی “ئەگەر کامپی جەدە دابخرێت، هیچ شوێنمان نابێت بۆی بچین. تاکە ڕێگا لەبەردەممان خۆکوشتنە.”

نەجم ئەلجبوری پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند کە بەشێکی خێزانە ئاوارەکانی دەستی داعش بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان. ئەوەیشی ڕاگەیاند کە بەشێک لە خێزانەکان هەتا ئیستا گەڕانەوە ڕەتدەکەنەوە و هۆکارەکەیشی بۆ بوونی چەند کێشەیەک لەنێوان سەرۆک عەشیرەتەکان و ئاوارەکاندا دەگێڕێتەوە. بەپێی قسەکانی نەجم ئەلجبوری بێت تا ئیستا نزیکەی ١٠٠٠ خێزان بە ئاوارەیی ماونەتەوە و نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناو ناوچەکانی خۆیان.

لە نزیک ناوچەی گەیارەوە کە کامپەکانی ئەلجەدەی تیادا دروستکرابوو، عەبدولکەریم وەجعە یەکێکە لەو سەرۆک عەشیرەتانەی کە بڕیاریان لەسەر چارەنووسی ئاوارەکان داوە لەوەی کە ڕێگە بە گەڕانەوەیان بدرێت یاخود نا. ئەم بڕیارە لە ساڵی ٢٠١٦ دەرچوو کاتێک کە سەرۆک عەشیرەتەکان کۆبوونەوە و بڕیاری ئەوەیاندا کە ڕێگە بە هیچ کەسێک نەدەن بگەڕێتەوە بۆ زێد و ناوچەی خۆی ئەگەر خزم و کەسە نزیکەکانی بووبێتن بە بەشێک لە چەکدارانی داعش و هاوکاری ئەوانیان کردبێت. ئەحمەد خلێف لەبەر ئەوەی کە لە کاتی دەسەڵاتی داعشدا بەردەوامبووە لە کارەکەی خۆی و کاری تاکسی کردووە، گومانی ئەوەی لەسەر دروستبووە کە نزیکایەتی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیدا هەبووبێت و لەبەر ئەو نزیکایەتییە ڕێگە بە کارکردنی درابێت. وە سێ کوڕەکەیشی لەئێستادا لە زینداندان بەهۆی تۆمەتی ئەوەی کە پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیدا هەبووە.

حوسێن عەلی کە کوڕی پارێزگاری نەینەوا و بەرپرسی کەیسەکەی ئەحمەد خلێفە لە لیدوانێکدا لەسەر کەیسەکە وتی “دەمانەوێت هەموو خێزانەکان بەزووترین کات بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. بەڵام ئێمە ناتوانین گرەنتی سەلامەتی هیچ کەسێک بکەین.” ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بەشێکی خێزانەکان بەبێ ئەوەی هیچ گومانێکی متمانە پێکراویشیان لەسەربێت، دژواری زۆر دەخرێتە ناو کاروبارەکانیانەوە، بەتایبەت لەکاتی جێبەجێکردنی کاروباری حکومی. بەتایبەت لە دەرهێنانەوەی بەڵگەی هاولاتیبوون و ڕەگەزنامە. توقە عەبدوڵا ڕایگەیاند کە لەگەڵ خێزانەکەیدا ناچارن ئەو بەشە خواردنە بفرۆشن کە لەناو کامپەکەیاندا پێیان دەدرێت، لەپیناو ئەوەی کە پارەی پێویست بۆ دەرهێنانەوەی بەڵگانەمەکانیان دەستبکەوێت.

پارێزگاری نەینەوا خەمخۆری حکومەتی ڕاگەیاند بۆ ئەم باسە و ئاماژەی بەوەدا کە دەیانەوێت بەزووترین کات خێزانە دابڕاوەکان یەک بخەنەوە و یارمەتیان بدەن تا بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ زێد و ناوچەکانی خۆیان.

سەرچاوە (کلیک بکە)