رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

داواکاریی رێکخراوەکان بۆ ئازادکردنی چالاکوانەکانی عێراق

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

شەش رێکخراوی نێودەوڵەتی لە پەیامێکی هاوبەشدا داواکاری ئەوەیان لە حکومەتی عێراق کردووە کە بەزووترین کات ئەو چالاکوان و خۆپیشاندەرانە ئازادبکرێن کە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردووە و داوای مافە ڕەواکانی خۆیانیان کردووە.

دوای ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە خۆپیشاندانی بەردەوام لە وڵاتی عێراق دەستیپێکردووە، چەندین پێشێلکاری زۆر بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدراون لەلایەن حکومەتی عێراق بەرامبەر بە خۆپیشاندەران. پێشێلکارییەکان بریتین لە ڕفاندن و کەشتن و دەستگیرکردنی چەندین چالاکوان، ڕۆژنامەنووس، پارێزەر و خەڵکی مەدەنی کە بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردووە. لەپای ئەم هەڵوێستەی حکومەتی عێراق، رێکخراوە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان هەڵوێستەکەیان وەک مەترسییەکی گەورە بەرامبەر بە مافی ئازادی ڕادەربڕین لەقەڵەمدا و لەم دواییانەدا لە پەیامێکی هاوبەشدا کۆمەڵێک رێکخراو داوای پیاچوونەوە بە کەیسی دەستگیرکراوەکان و پاراستنی مافە ڕەواکانیان دەکەن. وە سەرنجی سەرەکی داواکارییەکە لەسەر ئەو کەیسانەیە کە تیایدا کەسانێک فەرمانی لەسێدارەدان و کوشتنیان بۆ دەرچووە بەبێ ئەوەی بە پڕۆسەیەکی دادگایی ڕەوایانەدا تێپەڕببن و تاوانەکەیشیان تەنها دەربڕینی ڕای خۆیان و داواکردنی مافەکانیان بووە بە شێوەیەکی ئاشتیانە.

لە بەرواوری ٢٠٢٠/٧/٦ چوار ماتۆڕسواری نەناسراو بەشێوەیەکی دڕندانە تەقەیان لە دکتۆر هیشام ئەلهاشمی کرد لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا و کوشتوویانە، لە ناوچەی زەیونەی و بەغدادی پایتەخت. هیشام ئەلهاشمی ڕۆژنامەنووس و یەکێک لە چالاکوانەکانی بواری یاسایە. لەڕێگای چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆوە ئەوە بڵاوکرایەوە کە دکتۆر هیشام پێشتریش چەندین جار هەڕەشەی لێکراوە پێش تیرۆرکردنەکەی. بەتایبەت دوای ئەوەی کە بەردەوام لە کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆن دەردەکەوت و ڕەخنەی لە هێزە میلیشیاکانی ناو عێراق دەگرت.

لە پانزەی نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە بکوژانی دکتۆری هیشام لەناو سنووری عێراق نەماون. ئەمەیش دوای ئەوەی کە ماتۆڕەکان دەدۆزرێنەوە و دووان لە هێرشکەرە نەناسراوەکان دەناسرێنەوە. حکومەت دوای ئەم ئاشکرابوونە ئەوەی ڕاگەیاند کە پارتێکی سیاسی بکوژەکانی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کردووە بەبێ ئەوەی ناوی پارتەکە بهێنێت.

لە دووی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا، حەوت شارەزای بواری مافەکانی مرۆڤ داوای لێکۆڵینەوەیان کرد لە کەیسی کوشتنی دوو ژنە چالاکوانی عێراقی، کە کاریان لەسەر مافەکانی مرۆڤ دەکرد. هەر لەو ساڵەدا چەکدارێکی نەناسراو دکتۆرێک و چالاکوانێکی بەناوی ڕەحیم یەعقوب تیرۆرکرد دوای ئەوەی کە ئەو دکتۆرە داوای رێگەپێدانی کردبوو بۆ ئافرەتان تا بتوانن لە شوێنە گشتییەکاندا راهێنانی وەرزشی ئەنجامبدەن.

هەر لە هەمان مانگدا چالاکوانێکی دیکە بەناوی لودیا ڕیمۆن ئەلبەرتی کە کار لەسەر مافەکانی ژنان و پاراستنی ژینگە دەکات لە هەوڵێکی تیرۆرستیدا تەقەی لێکرا و کوژرا. شارەزایانی بواری مافی مرۆڤ بە توندی ئیدانەی ئەم ڕووداوانەی عێراق دەکەن و ئاماژە بەوەدەکەن کە نەبوونی یاسا بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و سزادانی پێشێلکاراوان وادەکەن کە ئەم ڕووداوانە بەردەوامبن.

لە هەرێمی کوردستانیش دۆخەکە بەهەمان شێوەیە و حکومەت بەردەوام چالاکوانەکان دەکاتە ئامانج لەو کاتەی کە خەریکی چالاکین. بەشێکی زۆری چالاکوان و ڕۆژنامەنووسەکانی هەرێم بەردەوام هەڕەشەیان لێدەکرێت بەهۆی ئەوەی کە لەڕێگای چالاکی مەیدانی یاخود میدیاییەوە داوای مافی خۆیان دەکەن. لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە دەیان چالاکوان ڕۆژنامەنووس لە ەهرێم دەستگیرکراون، کە زۆربەیان ڕەخنەیان لە خراپی باری گوزەران گرتووە و داوای گۆڕانکارییان کردووە لە سیستەمی حوکمڕانیدا. بەشێک لە دەستگیرکراوەکان دوای ماوەیەک ئازادکراون. بەڵام زۆرینەیان هێشتا بە دەستگیرکراوی و هەندێکیشیان بێسەروشوێن ماونەتەوە.

حکومەتی عێراق و هەرێمشکستیان هێناوە لەوەی کە یاسا نێودەوڵەتی و یاساکانی ناو دەستووری خۆشیان پەیڕەوبکەن بۆ پاراستنی مافی چالاکوان، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و خۆپیشاندەران. هەرچەندە دەسەڵاتداران و لەناویشیاندا موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەدەم ئەو کەیسانەوە دەچن، بەڵام هێشتا هەوڵەکان شکستخواردوون و مافی تاکەکانی عێراق پێشێلدەکرێت.

سەرچاوە (کلیک بکە)