رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان پشتیوانیی ئازادیی ڕادەربڕین دەکات

Facebook
Twitter
LinkedIn

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، کە دەنگیان دەخەنە پاڵ دەنگی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی ئازادی راگەیاندندا لە هەرێم.

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێم، لە لاپەڕەی فەرمی کونسوخانەکە لە فەیسبووک پەیامێکیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، کە دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردنی ئازادی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستاندا.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ سێشەممە، پاش ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا، پۆمپیۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر باسی لەوەکرد، “سوپاسی هەماهەنگی سەرۆکوەیزرانی هەرێم دەکەم” و جەختی لەوەشکردەوە، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی میدیای ئازاد لە عێراق و هەماهەنگییەکانیان لەژێر رۆشنایی رێککەوتننامەی ستراتیژی ئەمریکا – عێراقدا.

دواتریش مەسرور بارزانی لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “خۆشحاڵبووم لەگەڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا مایك پۆمپیۆ ئەمڕۆ جەختمان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و ئەمریکا کردەوە و باسمان له‌ گرنگی ھەبوونی رۆڵی ئەمریکا کرد لە‌ گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و کێشەکانی ناوچه‌كه‌دا.”

لەو بارەیەشەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیاندراوێکی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە بڵاوکردەوە.

هەر پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە بارەی داخستنی نوسینگەی کەناڵی ئێن ئاڕ تییەوە لە هەولێر رایگەیاند، کە بە بڕیاری ئەوان نوسینگەکە دانەخراوە و مەسرور بارزانی پێی راگەیاندوون، “رێز لە هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن بگیرێت و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان، بە ئازادانە کاری خۆیان ئەنجامبدەن.”

مایک پۆمپیۆ لە تویتەکەیدا باسی لە ئازادی کاری میدیایی و پاڵپشتیکردنی کردبوو، بەڵام لە راگەیاندراوەکەی حکومەتی هەرێمدا باس لە ئازادی کاری میدیایی نەکرابوو.

درەنگانی شەوی دووشەممە، هێزێکی ئەمنی چوونە سەر نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و داوایان لەو کارمەندانە کرد کە لەو کاتەدا لەوێ بوون خۆیان نوسیگەکە دابخەن، دواتریش شێروان عەوڵا بەرێوبەری گشتی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داخستنی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر پەیوندی بەوانەوە نییە و ئاگاداری نین و هەر بڕیارێک دەربکەن بۆ کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەردەکەن نەک نوسینگەکانی کەناڵەکە و بڕیارەکانی ئەوان گشتگیرە، وتیشی، “نوسینگەکان پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە هەیە، نەک بە وەزارەتی رۆشنبیری.”

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە رۆژی ٧ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بۆ ماوەی ھەفتەیەک راگەیاند، بەبێ ئەوەی ھیچ بڕیارێکی دادگا بۆ داخستنی بخرێتەڕوو و پێشتریش کەناڵەکە لە داخستنی ئاگاداربکرێتەوە، بەڵکو لە کاتژمێر ٢:٢٠ خولەکی شەودا هێزێک هەڵیکوتایە سەر کەناڵەکە و پەخشەکەی راگرت، ئەگەرچی وابڕیاربوو داخستنەکەی ئێن ئاڕ تی تەنیا بۆ هەفتەیەک بێت، بەڵام پاش تەواوبوونی هەفتەکەش بڕیاری داخستنەکە درێژکرایەوە.

لە پێشتریشدا، وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم بە دوو نووسراو کەناڵی ئێن ئاڕ تی ئاگادارکردبووەوە، کە تیایدا هاتبوو، “کێشە یاساییەکانیان چارەسەر بکەن و مۆڵەتی ساڵانەی کەناڵەکەیان نوێبکەنەوە و بڕی ٢٠٠ ملیۆن دینار بدەن لە بری نوێکردنەوەی ساڵانە و دەرهێنانی مۆڵەت”، ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێن ئاڕ تی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە تا سەرەتای مانگی رابردوو، مۆڵەتی یاسایی وەرگرتبوو، بەوەش هیچ کێشەیەک لە مۆڵەتەکەیدا نەبوو بە پێچەوانەی ئەوەی حکومەتی هەرێم داوای ٢٠٠ ملیۆن دینار قەرەبوو دەکات بەبیانوی بوونی کێشە لە مۆڵەتەکەیدا.

هەموو ئەمانەش لە کاتێکدان، لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (سی پی جەی) لە راپۆرتی ساڵانەیدا بڵاویکردەوە، نزیکەی ٣٠ رۆژنامەنوس لەسەرتاسەری جیهان لەساڵی ٢٠٢٠دا کوژراون، کە ئەوەش دوو هێندەی کوژرانی رۆژنامەنوسانە بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەڵام کوژرانی رۆژنامەنوسان لە جەنگدا کەمبووەتەوە.

لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (سی پی جەی) بڵاویکردووەتەوە، زۆرترین هاندەری کوشتنی رۆژنامەنووسان هاندەری تۆڵەکردنەوە بووە دژی ئەو کارانەی ئەنجامیانداوە و ٢١ رۆژنامەنووس بە هاندەری تۆڵە لێکردنەوە کوژراون، ئەمەش دوو ئەوەندە زیاترە لە ئاماری ساڵی رابردوو کە تەنها ١٠ رۆژنامەنووس بەوهۆیەوە کوژرابوون.

ئەوەش هاتووە، ئامارەکان لە ١ی کانونی دووەمەوە بۆ ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ هەژمارکراون و مەکسیك، ئەفغانستان، و فلیپین زۆرترین رۆژنامەنوسیان تیادا کوژراوە.

ئەو وڵاتانەی تریش کە رۆژنامەنوسانیان تێدا کوژراوە بریتین، لە هیندۆراس، عێراق، ئێران و نێجیریا.

باس لەوەشکراوە، لێکۆڵینەوە بەردەوامە لە کوشتنی ١٥ رۆژنامەنوسی دیکە، کە  هێشتا یەکلانەبووەتەوە بە بەهانەی کارەکانیان کوژرابن.

لەکاتێکدا ئەمساڵ ژمارەی کوژرانی رۆژنامەنوسان بەرزبووەتەوە، بەڵام لە سوریا کەمترین ژمارەی مردنی رۆژنامەنوسان تۆمارکراوە بەهۆی جەنگی وڵاتەکەوە، کە ئەویش سێ رۆژنامەنوسن و سەرجەمیان لە ئیدلیب بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی روسیاوە گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوە (کلیک بکە)