رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار و کاریگەرییەکانی بەسەر ژیانی خەڵکەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ژیر دانا

ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکە، گۆڕانکارییەکی زۆر لە بازاڕی دراو و نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی دروستبووە. گۆڕانکارییەکان بەجۆرێکبوون کە نرخی دۆلار لەناکاو و لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. بەجۆرێک کە دۆلار لە نرخە ئاساییەکەی خۆی کە ١٢٠ بۆ ١٢٥ هەزار دینارە بەرامبەر بە ١٠٠ دۆلار، گۆڕدرا بۆ نزیکەی ١٤٧ هەزار دینار. ئەم گۆڕانکاریە لەناکاوە پشێوییەکی زۆری لەناو بازاڕی دراودا دروستکرد و دواتریش پشێوییەکە گوازرایەوە بۆ بازاڕ و کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر ژیانی خەڵکیەوە هەبوو. کاریگەرییەکانیش کاریگەری نەرێنین و بەهۆیانەوە، هاونیشتیمانیانی پارێزگا جیاوازەکانی عێراق زۆرینەی زەرەرمەند دەبن.

ئەم گۆڕانکارییە لە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینا، بۆ بڕیارێکی بانقی ناوەندی عێراق دەگەڕێتەوە کە تیایدا ویستی ئەوەی هەیە نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی ١٤٥٠ دیناری عێراقی بێت. هۆکاری ئەم بڕیارەی بانقی ناوەندی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکانی بودجەی عێراق دەگەڕێتەوە و بانقی ناوەندی دەیەوێت لەڕێگای ئەم بەرزکردنەوەیەی نرخی دۆلار، کورتهێنانەکان پڕبکاتەوە. هەرچەندە بڕیارەکە بە تەواوەتی نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ڕاستەوخۆ لەدوای بیستنی ناوەڕۆکی بڕیارەکە لەلایەن هاونیشتیمانیانەوە، پشێویەکی زۆر دروستبووە و وایکردووە کە نرخی دۆلار لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بەردەوامدابێت. پشێویەکە تا ئاستێک ڕۆیشتووە کە ئەو کەسانەیشی کارێکی گرینگیان بە دۆلار نییە، پەنا ببەنەوە بەر گۆڕینەوەی دۆلارەکانیان بە دینار یاخود بە پێچەوانەوە. ئەمەیش بۆ ڕێگەگرتن لەو زیانەی کە بەهۆی ئەم گۆڕانکاریەوە دووچاریان دەبێت یاخود دەستکەوتنی قازانجێکی کاتی و قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە پێش ئەوەی کە نرخەکە بە تەواوەتی جێگیر بکرێت.

کاردانەوەی خەڵک هۆکاری سەرەکین بۆ گەورەبوونی پشێویەکە. بەڵام ئەوەی کە مەترسیەکی سەرەکیە و هەمووان چاوەڕێیڕوودانی دەکەن، بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی شتومەکی هاوردەکراوە. ئەمەیش لەکاتێکدا کە بەرزبوونەوەکە لە ئێستاوە ڕوویداوە و نرخی زۆرینەی کەلوپەلەکانی ناو بازاڕ و دەرەوەی بازاڕ گۆڕنکاریان بەسەردا هاتووە. بەڵام ئەوەی کە جێگەی مەترسیە جێگیربوونی دۆلارە لەم ئاستەی خۆیدا و بەردەوامبوونی ئەم بەرزکردنەوەی نرخەیە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرانیەکی ترسناک کە خەڵکی هەژار زەرەرمەندی ڕاستەوخۆ دەبن بەهۆیەوە، بەوپێیەی کە بەشی زۆری کاڵا بەکارهێنراوەکان هاوردەی دەرەوەن و بە دۆلار دەکڕدرێن.

بانقی ناوەندی لە وەڵامی ئەو مەترسی گرانبوونەوەی کە بەهۆی ئەم بڕیارەیانەوە بەڕێگاوەیە، ئەوەی ڕاگەیاندووە کە بڕیارەکە دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی بەرهەمی ناوخۆ و وادەکات کە بازرگانان و فرۆشیاران پەنا ببەنەوە بەر بەرهەمی ناوخۆ بەوپێیەی کە بە دینار مامەڵەیان پێوە دەکرێت. بەڵام شارەزایانی بواری ئابووری ڕایەکی پێچەوانەیان هەیە و پێیان وایە کە بڕیارەکە بەهەمان شێوەی بەرهەمی دەرەوە، زیانی گەورەی بۆ بەرهەمی ناوەوەیش دەبێت. زیانەکەیش بەهۆی ئەوەوە دروستدەبێت کە زۆرینەی ئەو پێداویستی و کەلوپەلانەی کە جووتیاران و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ بەکاری دەهێنن بۆ بەرهەمهێنانەکانی خۆیان، هاوردەکراوی دەرەوەن و ئەوانیش بە دۆلار مامەڵەیان پێوەکراوە. ئەمەیش وادەکات کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی هەبێت و نرخی ئەویش بەرزببێتەوە.

ئەوەی کە تا ئێستا پێشنیارکراوە بۆ مامەڵەکردنێکی دروست لەگەڵ ئەم بارودۆخە، ئەوەیە کە خەڵکی مامەڵەی خۆیان بە دۆلار کەمبکەنەوە و حکومەتیش، پلانێکی خێرا جێبەجێبکات و هەوڵی دەرکردنی ڕێنماییبدات لەسەر جێگیرکردنی نرخەکانی ناوبازاڕ ڕێگەگرتن لە بەرزبوونەوەیان. پێشنیاری یەکەم کە ڕووبەڕووی خەڵک کراوەتەوە لەلایەن ئەو کەسانەوە کراوە کە لەناو بازاڕی دراودا کاردەکەن و لەم چەند ڕۆژەدا ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە بەشی زۆری ناجێگیرییەکە بەهۆی شاڵاوی لەناکاوی خەڵک دروستبووە بۆ گۆڕینی پارەکانیان، لەکاتێکدا کە بەشی زۆریان پێویستیان بەمە نییە و مامەڵەی ڕۆژانە بە دۆلار ناکەن. بۆیە پێشنیار دەکەن کە خەڵک تا جێگیربوونی بارودۆخەکە واز لە گۆڕینی پارەکانیان بهێنن تەنها لەکاتی پێویستدا نەبێت. پێشنیاری دووەمیش کە ئاڕاستەی حکومەت کراوە لەلایەن شارەزایانی ئابووریەوەیە. شارەزایان هۆشداری ئەوە دەدەن کە دۆخی بازاڕ بەرەو تێکچوونی زیاتر دەچێت و زیانێکی گەورەتر لەسەر خەڵک دروستدەبێت ئەگەر حوکومەت خۆی کۆنترۆڵی نرخ و بەرزبوونەوەکان نەکات. هەموو ئەمانەیش لەکاتێکدا کە هەم خەڵک و هەم شارەزایانیش داوای هەڵوەشاندندەوە و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکەی بانقی ناوەندی دەکەن و پێیان وایە کە هێشتنەوەی نرخی دۆلاری لە ئاستی پێشتریدا، تاکە چارەسەرە بۆ دروستنەبوونی هیچ قەیرانێک.

سەرچاوەکان (کلیک بکە):

١

٢

٣