رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

جیاوازیی ترەمپ و بایدن لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە و ڕێکخراوەکاندا

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە ئەمریکا، ئەوەی زۆرترین سەرنجی دەخرایە سەر لەلایەن بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیەوە، بریتیبوو لە دۆخی ناوەوەی وڵات. بەڵام دۆخی دەرەوەیش و مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵی، بۆ هەریەک لە بەربژێرەکان گرینگی تایبەتی هەبووە. بەتایبەت مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە پێویستیان بە ئەمریکایە و پشتی پێدەبەستن. ئەوەی جێگای باسە ئەو جیاوازییە زۆرەیە لە سیاسەتی دەرەوەدا، کە لەنێوان هەردوو بەربژێری سەرەکی دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن هەبوو. چونکە مامەڵەکردنی هەریەک لەم بەربژێرانە لەگەڵ بابەتە گڵۆباڵیەکاندا، مامەڵەکردنێکە کە دەکرێت پێچەوانەی لایەنی بەرامبەربێت.

هەرچەندە جۆ بایدن پێشتر وەک سیناتۆرێک و دواتریش وەک جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ڕۆڵی خۆی هەبووە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا و چەندین کاری کردووە کە دەتوانرێت لێیان بکؤڵرێتەوە و سیاسەت و دنیابینی بایدنیان لەڕێگاوە ئاشکرابکرێت، بەڵام ئەوەی کە بایدن لەکاتی بانگەشەکردنەکانیدا سەرنجی لەسەری بوو، دەرخستنی پلانەکانی بوو بۆ داهاتوو کە چۆن مامەڵە لەگەڵ دەرەوەدا دەکات. ئەمەیش لەکاتێکدا کە ترەمپ سەرنجی زۆر لەسەر کارەکانی ڕابردوویبووە لە بانگەشەکردنەکەیدا. ئەویش بە بیانووی ئەوەی کە کارەکانی داهاتووی هەر درێژەپێدەری کارەکانی ڕابردووی دەبن.

لە خوارەوە پوختەی ئەو لێدوانە جیاوازانە دەنووسرێن کە ترەمپ و بایدن لەکاتی بانگەشەکردنیان، لەسەر سیاسەتی دەرەوەی خۆیان ئاشکرایانکردووە.

دەربارەی ستراتیجی هاوکاریکردنی دەرەوە لەلایەن ئەمریکاوە

سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای حوکمکردنیەوە بەجۆرێک بووە کە نەیویستووە هاوکارێکی باش و بەردەوامی وڵاتانی دەرەوەی ئەمریکا بێت. ئەو ئایدیایەکی تایبەتی هەیە لەم بارەیەوە کە بە “سەرەتا ئەمریکا” ناسراوە. ئەم ئایدیایە بە کورتی لەسەر ئەوەیە کە هەموو کارێک لەپیناو ئەمریکادا بکرێت و ئەگەر کارێک بەرژەوەندی ئەمریکای تیادا نەبێت، ئەوا کارێکی پێویست نییە. لە ساڵی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ بەم جۆرە دوا لە بەردەم لیژنەی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکاندا “لەمەودوا ئێمە تەنها و تەنها یارمەتی پێشکەشی ئەو لایەن و وڵاتانە دەکەین کە ڕێز لە ئەمریکا دەگرن، یاخود هاوڕێمانن.” نموونەیەک لەسەر ئەم بڕوایەی ترەمپ، ڕاگرتنی هاوکاری بوو بۆ ناوچەکانی گواتیمالا، هیندۆراس و ئێل سەلڤادۆر بە بیانووی ئەوەی کە نەیانتوانی ڕێگری لە کۆچبەری بکەن. ترەمپ بڕیاریدا کە ناردنی٤٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو ناوچەیە ڕابگرێت. دوای ماوەیەک ناچاربوو کە بڕیارەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و هاوکاریەکە بنێرێت، بەڵام تەنها بڕی ١٤٠ ملیۆن دۆلاری نارد. شایەنی باسە کە لەسەردەمی حوکمی ترەمپدا، ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکی ڕیفۆرم و چاکسازیەکی گەورەی لەخۆیدا ئەنجامداوە. ئەو چاکسازیە بەرز نرخێنراوە لە ڕوویەکی گشتیەوە و ڕێخۆشکەربووە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێەی هاوکاریکردن و چاککردنی چۆنیەتیەکەیشیان. بەڵام مارک گرین کە بەڕێوبەری پێشووی ئەو ئاژانسەیە لە ڵیدوانێکیدا ڕایگەیاندووە کە سەرۆک ترەمپ هیچ پەیوەندی و ڕۆڵێکی نەبووە لە چاکسازی و ڕیفۆرمەکەدا.

لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپدا، جۆ بایدن هەڵوێستێکی پێچەوانەی ڕاگەیاندووە دەربارەی سیاسەتی دەرەوە. ئەو دەڵێت ” ئێمە پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردن دەگەڕێنینەوە بۆ سەنتەری سیاسەتی دەرەوەمان.” ئەنتۆنی بلینکن کە ڕاوێشکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە لە کەمپیەن و بانگەشەکردنەکانی بایدندا ڕایگەیاندووە کە سیاسەتی بایدن ڕوون و ئاشكرایە لەو بارەیەوە، ئەو هاوکاری و پاڵپشتیکردن بە کلیلی سەرکەوتن دەزانێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاساییشی وڵاتان و ئەمریکا خۆیشی. مامەڵەکردنی بایدن لەگەڵ بابەتی کۆچبەریدا نموونەیەکی زۆرباش و سەلمێنەری ئەو ویستەی بایدنە. بەتایبەت کە لەو سەردەمەی کە جێگری سەرۆک بووە، بڕی ٧٥٠ ملیۆن دۆلاری لە ماوەی چوار ساڵدا وەک هاوکاریکردن تەرخانکردووە. هەروەها ٤ ملیار دۆلاری وەک چاکسازی لەو سەرچاوانە تەرخانکردووە، کە هۆکاری سەرەکی کۆچبەریبوون. بۆ نموونە هەژاری، گەندەڵی و توندوتیژی ناوچەکانی گواتیمالا، هیندۆراس و ئێل سەلڤادۆر کە سەرچاوەیەکی گەورەی کۆچبەرین.

دەربارەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی

لە مانگی چواری ئەمساڵدا کاتێک کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێژەیەکی زۆر تەشەنەی کرد و مەترسییەکەی گەورەببوو، ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکرد کە بڕە پارەی هاوکاریکردنی رێکخراوەکە لەلایەن ئەمریکاوە دەبڕێت. هۆکاری هەڕەشەکەیشی ئەوەبوو کە رێکخراوەکە زۆر پشت بە چین دەبەستێت و پێشی وابوو کە بەجۆرێک لە بەرژەوەندی چین کاردەکات. هەربۆیە هەڕەشەی دەکرد کە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا یان دەبێت پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتی چین بپچڕێنن، یاخود بەشە بودجەکەی ئەمریکایان دەبڕدرێت. دواتر لە مانگ حەوتدا بە فەرمی دەستیکرد بە پڕۆسەی کشاندنەوەی ئەمریکا لە ریکخراوەکە، بە بیانووی ئەوەی کە رێکخراوەکە لەژێردەستی وڵاتی چیندایە و خەریکە بارودۆخی جیهان بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبات لە پەیوەند بە ڕێنماییەکانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. لەبەر ئەوەیشی کە وڵاتی ئەمریکا لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی ئەو رێکخراوەیە بۆ داهات، کشانەوەی تەواوی ئەو وڵاتە کە نزیکەی نیو ساڵێ پێدەچێت مەترسی گەورە لەسەر کاری رێکخراوەکە و چالاکیە تەندروستیە جیهانیەکان دروستدەکات.

لە بەرامبەردا جۆ بایدن لە ڕێگای هەژماری تویتەرەکەی خۆیەوە بەڵێن و سوێندی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا بکاتەوە بە بەشێک لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئەگەر وەکو سەرۆک هەڵبژێردرا، یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی کار لەسەر ئەم بەڵێنەی بکات. هەروەها ڕاگەیاند کە بە زوویی پاڵپشتیە ماددیەکانی ئەمریکا، دەگەڕێنێتەوە بۆ رێکخراوەکە و بڕیارەکەی ترەمپ بە تەواوەتی هەڵدەوەشێنێتەوە. بایدن لە بانگەشەکردنەکەیدا بەجۆرێک باسی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوە جیهانیەکانی تری کردووە، کە کارکردنیان زۆرباش و تەواو نییە، بەڵکو پێویستی بە چاکسازی گەورە و باشترکردنە. هەر لەبەر ئەو هۆکارەیش ئەو پێی باشە کە ئەمریکا بەردەوامبێت لە هاوکاریکردن و بەڕێوەبردنی ئەم رێکخراوانە تا ببێت بە هۆکارێک تا کارکردنیان باشترببێت و چاکسازی گەورەیان تیادا بکرێت. بەڵام بەپێی شیکردنەوەی ڕاوێشکارێکی بایدن بێت بۆ ئەم لێدوانانە، بایدن مەبەستی ئەوە نییە کە پێویستە ئەمریکا وەک سەرەکیترین و گەورەترین سەرچاوەی داهاتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەردەوامبێت.

دەربارەی یارمەتیدانی وڵاتانی تر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

حکومەتەکی دۆناڵد ترەمپ هاوکاری چەندین وڵاتی کردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەتایبەت لەڕێگای ناردنی کەلوپەلی پیویست بۆیان. هەروەها دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارە ئەمریکیەکان بڕی ٥٠٨ ملیۆن دۆلاریان پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. هەروەها رێکخراوە ئەمریکیەکانیش یارمەتی نزیکەی ١٠٠ وڵاتی جیاوازیانداوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا. بەڵام ترەمپ خۆی ڕەتیکردووەتەوە کە ببێت بە بەشێک کۆڤاکس، کە پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتیە بۆ دروستکردنی ڤاکسینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە بەشداریکردنی چەندین وڵات و لایەنی جیاواز. ترەمپ بەشداریکردنی لە کۆڤاکسدا ڕەتکردووەتەوە بەهۆی پەیوەندی پڕۆژەکە بە رێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە. بەۆێی لێدوانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بێت، پڕۆژەی کۆڤاکس سوودێکی زۆری هەیە لە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ڤاکسینی ڤایرۆسەکە. بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە هەژارن و ناتوانن بە ئاسانی دەستیان پێی بگات لەکاتی دروستبوونیدا. بەڵام ترەمپ نەیویستووە ببێت بە بەشێک لەم پڕۆژەیە و لەجێی ئەوە تەواوی ووزە و توانای خۆی لە بەرەوپێشبردنی کۆمپانیاکانی ناوخۆی ئەمریکا بەکارهێناوە، تا خۆی ببێت بە خاوەنی ڤاکسینەکە.

جۆ بایدن لە وتارەکەی مانگی سێیدا، ئەوەی ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەتەنیا هەرگیز ناتوانێت چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات. هەربۆیە لەجێی ئەوەی کە باوەڕ بە شتێکی مەحاڵ بکات و کاری بۆ بکات، پیویستە ئەمریکا هاوکاری بەشەکانی تری جیهان بێت کە کار لەسەر هەمان بابەت دەکەن. بایدن لە پلانەکەی خۆیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کاری لەسەر ئەوە کردووە کە ئاژانسی پەیوەندیە نێودەوڵەتەکانی ئەمریکا بەشێک بێت لە یارمەتیە جیهانیەکان و بەتایبەتیش یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی کە هەژارن. هەروەها لە پلانیدایە کە دووبارە پڕۆژەیەکی تایبەت بە ئاژانسی پەیوەندیە نێودەوڵتیەکان سەرپێبخاتەوە و بەهێزیشی بکات، کە تایبەتە بە کارکردن لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی. ئەم پڕۆژەیە سێ مانگ پێش دەرکەوتنی کۆرۆنا لە وڵاتی چین، لەلایەن ترەمپەوە وەستێنرا. بەڵام بایدن لە پلانیدایە کە دووبارە بیخاتەوە سەر کارکردن. شایەنی باسە کە بادین لە هیچ شوێنێکدا بە ڕاستەوخۆیی باسی ئەوەی نەکردووە کە ئەمریکا بکات بە بەشێک لە کۆڤاکس.

دەربارەی گۆڕانی کەشوهەوا

ترەمپ ئەو ڕاستیە زانستیە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە چالاکیە پیشەسازیەکانی مرۆڤ و سووتاندنی زیاتری سووتەمەنی، هۆکاری سەرەکین بۆ زیاتر گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی مەترسیداری کەشوهەوا. ساڵی ڕابردوو ئەو بە فەرمی لە رێککەوتنی پاریس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا کشایەوە، بە بیانووی ئەوەی کە رێککەوتنەکە خەرجیەکی زۆری خستووەتە سەر ئەمریکا. وە بە زیانی بەردەوامی ئەمریکا بەهۆی پڕۆژەکەوە، وڵاتانی تری بەشداربوو قازانجدەکەن. بەشداریکردنی ئەمریکا لە رێککەوتنەکەدا بە فەرمی لە ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنەکانەوە کۆتاییدێت. هەروەها ترەمپ بەشە بودجەی کەوشوهەوای سەوزی بڕیوە و ئەو یاسایەشی کشاندووەتەوە کە ڕێگری لە زۆر بەکارهێنانی خەڵوزی بەردین دەکات.

جۆ بایدن پلانێکی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و لەو پلانەدا، نزیکەی ٢ ملیار دۆلاری بۆ تەرخان دەکرێت. وە بەڵێنیشیداوە کە ئەمریکا بکاتەوە بە بەشێک لە رێککەوتنی پاریز بۆ گۆڕانی کەشوهەوا کە تیایدا وڵاتان کار لەسەر ئەوە دەکەن بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی سنوورداربکەن. هەروەها بەڵێنی ئەوەیشی داوە کە بەشە بودجەی کەشوهەوای سەوز بگەڕێنێتەوە، کە بەهۆی کارەکانیەوە وڵاتە ئاست مامناوەند و نزمەکان دەتوانن بەباشی ڕووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە.

دەربارەی پاراستنی مافی ئافرەت و ئەو توندوتیژیانەی کە بەهۆی ڕەگەزەوە ئەنجامدەدرێن

هەموو ئەندامانی پارتی کۆماری لە ئەمریکا ڕۆناڵد ڕەیگنەوە تا دەگات بە دۆناڵد ترەمپ، بەردەوام کاریان بە یاسای مەکسیکۆ سیتی کردووە، کە یاسایەکە ڕێگە دەگرێت لەوەی حکومەتی ئەمریکا هیچ هاوکارییەکی ئەو رێکخراوە نا حکومیانە بکات کە کارکردنیان پەیوەندی بە لەباربردنی منداڵەوە هەیە. لە سەردەمی حکومڕانی ترەمپدا نەک هاوکاری ماددی ئەو شوێنانە نەکراوە لەناو ئەمریکا، بەڵکو ئەگەر رێکخراوێکی جیهانیش کاری لەسەر لەباربردنی منداڵ کردبێت ئەمریکا هاوکاری نەکردووە.

لە بەرامبەردا جۆ بایدن بەڵێنی ئەوەیداوە کە کۆتایی بە یاسای مەکسیکۆ سیتی بهێنێت. ئەمەیش لەکاتێکدا کە ڕەخنەگران دەڵێن بایدن ڕابردوویەکی نییە کە هاوتابێت لەگەڵ ئەم بەڵێنەیدا. مەبەستی ڕەخنەگران لە هەڵوێستێکی بایدنە کە زوو دەنگیدابوو لە لە بەرژەوەندی یاسایەکی دیکە، کە ئەو یاسایەیش هەر پەیوەندی بە دژایەتیکردنی لەباربردنەوە هەبووە. دواتر بایدن چەند کارێکی کردووە لە بەرژەوەندی نەهێشتنی توندوتیژی جێندەری. ئەو لە ساڵی ١٩٩٤دا یەکێک بووە لە سپۆنسەرانی پلاتفۆرمی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان. وە بەڵێ ئەوەیشی داوە کە پلاتفۆرمی هاوشێوە دەستپێبکاتەوە ئەگەر دۆخەکە لە دژی ژنان هەر بەو جۆرە بەردەوامبێت.

دەربارەی کۆچبەران

لە سەردەمی حوکمڕانی ترەمپدا، ڕێژەی کۆچبەران لە ئەمریکا ساڵ بە ساڵ بەرو کەمبوون ڕؤیشتووە. لە ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ٤٥٠٠٠ کۆچبەر تۆمارکراون. دواتر لە ساڵی ٢٠١٩ کەمبووەتەوە بۆ ١٨٠٠٠ و ساڵی دواترشی بووە بە ١٥٠٠٠. ئەو لە لێدوانێکیدا لە ساڵی ٢٠١٩ ئەوەی ڕاگەیاند بە جەماوەرەکەی کە ڕێژەی هاتنی کۆچبەرانی بە ٨٥٪ کەمکردووەتەوە. هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند کە پلانەکانی بایدن دەبنەوە هۆی ئەوەی کە ڕادیکالیزمی ئیسلامی زیاتر تەشەنە بکات لەناو ئەمریکدا.

جۆ بایدن بەڵێنی ئەوەیداوە کە ساڵانە ڕێژەی وەرگرتنی کۆچبەران بۆ ١٢٥٠٠٠ کەس بەرز بکاتەوە. وە لە پلانیشیدایە کە بەپێی تێپەڕبوونی کات ڕێژەکە بەرزتربکاتەوە. بەڵام شارەزایان پێیان وایە کە ئەم پلانەی بایدن سەرناگرێت و ناتوانێت لە اموەیەکی کەمدا بگات بەو ڕێژە بەرزە. بەتایبەت دوای ئەوەی کە ئەم چەند ساڵە ترەمپ کاری زۆر کردووە لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەکە. هەروەها بایدن بەڵێنی ئەوەیشی داوە کە قەدەغەکردنی وەرگرتنی موسوڵمانەکانی حەوت وڵاتی (ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان، سووریا و یەمەن) کە ترەمپ داینابوو، هەڵبوەشێنێتەوە.

دەربارەی ناردنی پارەی هاوکاری بۆ دەرەوە

وەکو سەرۆکێک، دۆناڵد ترەمپ بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە ئەو بڕە پارەیە کەم بکاتەوە کە ئەمریکا وەکو هاوکاری بۆ دەرەوەی وڵاتی دەنێرێت. بەڵام بەهۆی دژوەستانەوەی گۆنگرێس بەرامبەر بە بڕیارەکەی، ڕێژەی هاوکاریەکە هەر لە ئاستێکی ماوەتەوە. هەروەها بەردەوام ویستوویەتی ئەو بڕە پارەی ببڕێت کە ئەمریکا دەینارد بۆ پڕۆگرامی دژوەستانەوەی نەخۆشی ئایدز. کە پڕۆگرامێک بوو لە سەردەمەی جۆرج دەبلیو بوشەوە دەستیپێکردووە و کار لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز دەکات بە جیهاندا. لەجیاتی ئەوە ترەمپ پارەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدزدا خەرجکردووە لەناو ئەمریکا خۆیدا. هەرچەندە کۆنگرێس لەم بابەتیشدا دژی ترەمپ وەستاوەتەوە و نەیهێشتووە کە بەشە بودجەی ئەو پڕۆگرامە کەم بکات، بەڵام لەدوای هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپەوە جێبەجێکارای پڕۆگرامەکە بەردەوام هەوڵی ئەوەیانداوە کە سەرچاوەی ماددی دیکەیان دەستبکەوێت لە شوێنی حکومەتی ئەمریکا.

لە بەرامبەردا بایدن لە کەمپەینەکانیدا ڕایگەیاندووە ڕیژەی ئەو هاوکاریانە زیاد دەکات کە ئەمریکا بۆ دەرەوەی خۆی دەیاننێرێت. تەنانەت ئەگەر هاوکاریکردنەکە پەیوەندی بە قەرەبووی زیانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بێت. وە بایدن بەڵێنی ئەوەیداوە کە دووبارە پڕۆگرامی دژوەستانەوەی ئایدزی دەبووژێنێتەوە و بودجەی بۆ تەرخاندەکات. هەروەها پڕۆگرامەکەیشی بە یەکێک لە سەرکەوتووترین هەنگاوەکانی ئەمریکا وەسفکردووە.

سەرچاوە:

سەرچاوە (کلیک بکە