رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕاپۆرتی یۆرۆمێدیتێریەن لەسەر بارودۆخی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: محەمەد دڵشاد

چاودێرەکانی ڕێکخراوی یۆرۆمێدیتێریەن بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایان کردووە چەندین پێشێلکاری بەرامبەر چەندان چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە، لەبەر ئەوەی لە خۆپیشانداندا بەشدارییان کردووە و گوایە “بیروڕاکانیان دژ بە سیاسەتی حوکمەتە”.

هەروەها ئەوەیشیان ڕوون کردووەتەوە کە بوونی گەندەڵی و دواکەوتنی مووچە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لە 18 ی ديسەمبەری2017دا، کە تێیدا خۆپیشاندەران داواکاریی دەستلەکارکێشانەوەی حوکمەت و کردنی چاکسازیی سەرانسەری و فراوانیان هەبووە، لە کاتێکدا قەیرانی دارایی باڵی بەسەر سەرجەم بوارەکانی ژیاندا کێشاوە و بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە ڕێژەی بێکاری و هەژاری، بە تایبەتی لە سەردەمی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، کە بارودۆخی سەختی بژێویی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی بەرەو دۆخێکی خراپتر برد.

هەر لە ڕیپۆرتەکەدا ئاماژە بەو پێشێلکارییانە کراوە کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرامبەر کاری ڕۆژنامەگەری بە ئامانجی لاوازکردنی ئازادیی دەربڕین کراوە، هەروەها ڕێگەگرتن لە ڕۆژنامەنووسان لە بەردەوامبوون لە کارەکانیان. بە تایبەتی لە کاتی قەیران و ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە دژی دەسەڵات، کە تەنها لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ٩٨ ‌‌حاڵەتی پێشێلکاری دژی ڕۆژنامەنووسان هەبوون. پێشێلکارییەکانیش وەک دەستبەسەرکردن و لێدان و هەڕەشەی کوشتن و قەدە‌‌‌غەکردنی پەخش بوون.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ چاودێرێکی یۆرۆمێدیتێریەن، پارێزەر خەتاب عومەر، کە پارێزەری چەندین کەیسی دەستبەسەرکراوان بووە لە هەرێم، دەڵێت: “هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای دهۆک هەندێک هاووڵاتییان دەستگیر کردووە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی یان بەبێ بوونی هیچ تۆمەتێک، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەشکەنجە دراون و هەڕەشەیان لێ کراوە، هەروەها هەندێکیان بە زۆرەملێ بەڵێننامەیان پێ واژۆ کراوە سەبارەت بە بڵاونەکردنەوەی هیچ زانیارییەک پەیوەست بەو ڕووداوانەی لەئارادایە و بەشدارینەکردن لە هیچ کار و چالاکییەکی مەدەنی سەبارەت بە داواکردنی مافاکانیان.”

هەروەها لە بارەی چالاکوان جەنگیر حسێن جەنگیرەوە، چاودێرەکەی یۆرۆمێدیتێریەن ڕای گەیاندووە: “لە بەرواری 21 ی ئۆگەستی 2020دا، هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو چالاکوانە و دەستگیر کرا، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە دژی هەبێت. ئەم ڕووداوە لە پاش تۆمارکردنی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بوو کە تێیدا بانگەشەی دەکرد بۆ خۆپیشاندان، کە لە هەمان ئەو ڕۆژەدا دەستگیر کرا. پاشان گواسترایەوە بۆ زیندانێکی تاکەکەسیی سەر بە ئاسایش و بارودۆخی ناجیگیر و قورس بوو، کە ئاویان پێ نەداوە و بەو هۆیەوە تووشی چەند گرفتێکی تەندروستی بووە لە گورچیلەیدا، هەروەها بەردەوام ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە و ٩ رۆژ درێژەی خایاندووە. هەموو ئەمانەش بە مەبەستی ددانپێدانانی بووە بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوەگێڕی، بەڵام ئەو هەر ڕەتی کردووەتەوە.”

ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە بارودۆخی زیندانەکان لە هەرێمی کوردستان، باس لەو کێشانە دەکات کە زیندانییەکان پێوەی دەناڵێنن، چونکە هیچ مەرجێکی سەلامەتیی گشتییان تێدا نییە، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا هیچ ڕێوشوێنێک نەگیراوەتە بەر، کە لەم کاتەدا زیاتر پێویستیی بە ڕێکاری خۆپارێزییە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە نێو زیندانییاندا.

هەروەها لە چاوپێکەوتنێکی تیمی یۆرۆمێدیتێریەن لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و چالاکوان هێمن مامەنددا، وتی کە ئەو لەسەر ڕەخنەگرتن لە ئەدای حوکمەتی هەرێم لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و دۆخی ئابووریی هەرێمەکە دەستگیر کراوە. لە ماوەی دەستگیرکردنیشیدا گواستراوەتەوە بۆ چەند بنکەیەکی ئەمنی کە کەمتەرخەمییان تێیدا بەدی کراوە لە ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکاندا.

هێمن مامەند وتیشی: “منیان گواستەوە بۆ زیندانی محەتە، لە لە ڕێگەی نێوان هەولێر – موسڵە. تێبینیم کرد هیچ ڕێکارێکی خۆپارێزی جێبەجێ ناکرێت، وەک بەکارهێنانی ماسک و پاکژکەرەوەکان. سەرەڕای ئەو قەرەباڵغییەی لە ناو ئوتۆمبیلی گواستنەوەکەدا بوو، لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ زۆر بڵاو بوو. لە پاش گەیشتنم بۆ بەندینخانە، خرامە ژوورێکەوە کە ڕووبەرەکەی ٥ بە ١٠ دەبوو و لەگەڵ  ٥٠ زیندانیی تردا بووم، کە لەسەر تاوانی کوشتن و دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژی گیرابوون. لەوێ بە هیچ شێوەیەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان نەدەبوون، بە شێوەیەک کە هەموو بەندکراوان هاوبەش بوون لە بەکارهێنانی یەک تەوالێت و بەبێ پێدانی هیچ پاکژکەرەوەیەک، هەروەها نەیاندەهێشت بچینە بەر تیشکی خۆر بۆ هەموو ماوەی دەستگیرکردنەکە.”

 سەبارەت بەم بارودۆخە، ڕاوێژکاری یاسایی یۆرۆمێدیتێریەن، تاڕیق لیواء وتی: “یاسا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و یاسا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، هەموو ئەو پێشێلکارییانە قەدە‌‌‌غە دەکات کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو خۆپیشاندانانەی بە ئاشتییانە کراون، ئەنجام دراون، ئیتر پێشێلکارییەکان پەیوەندییان بە کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕۆژنامەنووسانەوە هەبێت، یاخود ئازادیی بیروڕا، یان ئەوەی پەیوەندیی هەیە بە ئەشکەنجە و مامەڵەی توندوتیژەوە.”

لە ڕاپۆرتەکەی یۆرۆمێدیتێریەندا، بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوە کە چیتر چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان دەستگیر نەکرێن بەبێ بوونی تۆمەتی یاسایی، هەروەها ڕێز لە مافەکانیان بگیررێت لە خۆپێشاندانی ئاشتییانە و ئازادیی ڕادەربڕیندا. پاشان واز لە داخستنی ڕاگەیاندنەکان و دەستگیردنی کارمەندانی بێ بوونی بەڵگەی یاسایی بهێنن.

هەروەها لە ڕاگەیانراوەکەدا هاتووە کە دەبێت دەسەڵاتدارانی حوکمەتی هەرێمی کوردستانی عێراق گوێبیستی ناڕەزایەتییەکان بن و بە هانایەوە بچن، ئەویش لە ڕێگەی پلانێکی پراکتیکییەوە کە ئامانجی بەرەوپێشبردنی دۆخی ئابووریی هەرێم و بنبڕکردنی گەندەڵی بێت، کە لە زۆربەی دامودەزگا فەرمییەکاندا بوونی هەیە.

سەرچاوە (کلیک بکە)