رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پڕۆژەی هونەریی ”مێیینە” و کاردانەوەکانی

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئا: ئازادبوون

دوای ئەوەی سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە لە مەراسیمێکی تایبەتدا، پڕۆژەی ”مێینە” بە خەڵک و میدیاکان ناسێنرا و هەر لە درەنگانی شەوی پێشترەوە تابلۆی پڕۆژەکە، کە کۆمەڵێکی زۆر لە جلوبەرگی ژنان بوو و لە شاڕێی سالمی سلێمانیدا نمایش کرابوو، ڕۆژی ٢٧\١١٠\٢٠٢٠ لەژێر چاودێریی پارێزگاری سلێمانی لا برا. ئەم بڕیارەیش لە کاتێکدا دەرچوو کە ناڕەزاییەتیەکی زۆر دروست بووبوو لە ناو خەڵکی شاردا دوای نمایشکردنی پڕۆژەکە. ناڕەزایەتییەکان سەرەتا لە ناو سۆشیال میدیاکاندا دەستیان پێ کرد و دواتر گوازرانەوە بۆ شوێنی نمایشی تابلۆکە. هەروەها چەندین گرتەڤیدیۆ و وێنە بڵاو بوونەتەوە کە تێیاندا کەسانێک هێرشی ڕاستەوخۆ دەکەنە سەر پڕۆژەکە و گڕی تێبەردەدەن. هەر ئەوەیش بووە هۆکاری ئەوەی کە دوای تەنها ڕۆژێک لە ناساندن نماییشکردنی، تەواوی جلوبەرگەکان لا ببرێن.

پڕۆژەی مێیینە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەتە لەگەڵ تارا عەبدولڵا، کە شێوەکارێکی لاوی شاری سلێمانییە. ئەم پڕۆژەیە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە کاری لەسەر دەکرێت و بۆ ئەنجامدانی، سەردانی زیاتر لە هەزار ژن و کچ کراوە کە توندوتیژییان لەگەڵدا کراوە. بۆ هەر سەردانێکیش، گوێ لە ژن و کچەکان گیراوە و دواتریش پارچەیەک لە جلوبەرگی تایبەتیان وەرگیراوە. ئەم کارەیش بەردەوام بووە و تا ئەنجامدەرانی پڕۆژەکە توانیویانە بە هەزاران پارچە جلوبەرگ کۆ بکەنەوە. دواتر تارا عەبدولڵا جلەکانی پێکەوە دووریوە تا بتوانێت بیانکات بە تابلۆیەکی هونەری و نمایشی بکات. دواجار تارا توانیویەتی ٤٨٠٠ مەتر لە جلوبەرگ پێکەوە بدوورێت و لە بەرواری ٢٦/١٠/٢٠٢٠دا نمایشی کرد و پڕۆژەکەیشی بە خەڵک ناساند.

نمایشکردنی کارەکەی تارا مایەی سەرسووڕمانێکی گەورە بوو بۆ تەواوی دانیشتوانی شاری سلێمانی و شارەکانی تری هەریم، بگرە تەواوی میدیا جیهانییەکان گرنگییان پێ دا. بە تایبەت کە تابلۆکە لە سەرەکیترین شەقامی شارەکە، کە شاڕێی سالمە، نمایش کرابوو و زۆرینەی خەڵک دەیانتوانی بیبینن. تابلۆکە لە سەرەتای پارکی نالییەوە بە ناوەڕاستی شەقامی سالمدا هەڵواسراوە و تاکو دەگاتە بینای دادگای سلێمانی درێژ دەبێتەوە. هەروەها بڕیار بوو کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ تابلۆکە بەسەر شەقامەکەدا بمێنێتەوە. نمایشکردنی پڕۆژەیەکی لەم جۆرە لە ناو شارەکەدا سەرسووڕمانێکی زۆری لە ناو خەڵکدا دروست کرد و هەر زوو کارەکە بووە جێی باسی خەڵک لە چین و توێژی جیاواز. بەڵام لە ناو باسەکاندا، بە ئاشکرا هەست بە ناڕەزاییەکی توند دەکرا، ئەمەیش سەرەڕای ئەوەی کە ناوەڕۆک و مەبەستی پڕۆژەکە لە هەمان ڕۆژدا بۆ خەڵک و میدیاکان ڕوون کراوەتەوە.

بەشی زۆری ناڕەزایەتییەکان لە لایەن ئەو تویژەی کۆمەڵگەوە بوو کە نزیکن لە ئایینی ئیسلامەوە. ئەمەیش بە ئاشکرا لە ناو سۆشیال میدیاکاندا دەبینرا و جگە لەوەیش، لە بەیانیی ڕۆژی دوای نمایشکردن و ناساندنی پڕۆژەکەدا، کۆمەڵێک ژن لە ناوەڕاستی شاردا نوێژی بەکۆمەڵ ئەنجام دەدەن، وەک کارداوانەیەک لە دژی پڕۆژەکە. هەموو ئەمانەیش لە کاتێکدا کە ناوەڕۆکی پڕۆژەکە دژایەتیی ئەو کەسانە دەکات کە ئازاری ژن دەدەن و بێڕێزی بەرامبەریان دەکەن. بەڵام لە ناو ناڕەزایەتییەکاندا ئەم خاڵە زۆر بە کەمی ڕەچاو دەکرێت و زۆرینەی ڕەخنەکان لە ئەنجامی سەرنج خستنەسەر ڕەهەندەکانی تری پڕۆژەکەیە. وەک ئەوەی کە “جلی ژێرەوەی ژن نابێت بەو شێوەیە نمایش بکرێت”، “ناشرینییەکانی کۆمەڵگە نابێت بەو جۆرە ئاشكرایە دەربخرێت” و چەندین ڕەهەندی دیکەیش”.

شایەنی باسە کە هەم تارا عەبدولڵا و هەم ئەندامانی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت پڕۆژەکە و ناوەڕۆکی پڕۆژەکەیان ناساندووە و هەوڵی تەواوی خۆیان داوە کە ئامانجی پڕۆژەکە لای هەموان ڕوون بێت. بە تایبەت کە ڕێکخراوی ناوبراو کاری بەردەوامی هەبووە لەسەر هەمان بابەت کە توندوتیژی دژی ژنانە و ئەم پڕۆژەیە، یەکەم کاری نییە. بەڵام هێشتا خەڵک ئامادەیی ئەوەیان نەبووە کە پڕۆژەکە وەک خۆی قبووڵ بکەن و بە هۆی ئەو تێڕوانینەی کە خۆیان هەیانبووە بۆ پڕۆژەکە، دژایەتییان کردووە تا ئەو ڕادەیەی کە گڕی تێبەربدەن. هەرچەندە پێشتر چەندین کاری لەم جۆرە و بەم ناوەڕۆکە ئەنجام دراون، بەڵام دەکرێت هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم دژایەتییە زۆرەی خەڵک کە گەیشتە ڕادەی سووتاندن، بگەڕێتەوە بۆ ئەو کاریگەرییە گەورە و بەهیزەی کە پڕۆژەکە لەسەر خەڵک هەیبووە. ئەمەیش دەرخەری توانای تارایە کە چۆن بە کۆنسێپتێکی چەندبارە، کارێک دەکات کە کاریگەرییەکی بەهێزی هەبێت و دەرئەنجام و کاردانەوەی نوێی لێ بکەوێتەوە.

هەرچەندە کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر بەم پڕۆژەیە جێی باسی زۆرە، بەڵام کاردانەوەیەکی نوێ نییە و بەردەوام لەم جۆرە کاردانەوانە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە دەبینرێن. بە تایبەت لەو پرسانەی کە بە جۆرێک تێڕوانینی ئایینی کاریگەریی لەسەریان هەیە. ئەمەیش دەرخەری ئەوەیە کە خەڵک بە جۆرێک هەستیارن لە بەرامبەر ئەو پرسانەدا، کە ئامادە بن بابەتێکی گرنگی وەک توندوتیژیی دژی ژن بکەن بە بابەتێکی لاوەکی و مەبەست و دیدگاکەی خۆیان بکەنە شوێنی. دەکرێت ئەمە هۆکارێکی سەرەکی بێت بۆ هەبوون و زۆربوونی بەردەوامیی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا. هەروەها پیشاندەری ئەو ڕاستییە بێت کە زۆرینەی خەڵک بیرکردنەوەیان چۆنە لەسەر ئەم پرسانە و چەندێک ئامادەییان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی. وەک لە ناو سۆشیال میدیاکاندا دەبینرا، دژایەتیکردنی پڕۆژەکە لە لایەن زۆرینەی چین و توێژەکانەوە بوو. هەر لە تەمەنەوە تا دەگات بە ئاستی ڕۆشنبیری. بێگومان لە پاڵ ئەوانەیشدا کاردانەوەی پێچەوانەیش دەبینرا و ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵکیش پشتگیریی توندیان لە پڕۆژەکە دەکرد، بە تایبەت توێژی گەنجان و هونەرمەندان. بەڵام دواجار بە هۆی زۆریی لایەنە دژەکەوە و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر بارودۆخی گشتیی شارەکە، بڕیار درا کە تابلۆکە لە پێش وادەی خۆی لا ببرێت.

لابردنەکە بە ئاگاداریی ڕێکخەرانی پڕۆژەکە بووە و پارێزگاری سلێمانی بڕیاری لێ داوە. تارا عەبدوکڵا دوای لابردنی تابلۆکەی لە لێدوانێکیدا ڕای گەیاندووە کە خۆیان داوای لابردنیان کردووە و ئامانجیان ئەوەیە کە هیچ پشێوییەک لە ناوشاردا دروست نەبێت و مەترسی نەکەوێت سەر شۆفێرانی شاڕێی سالم بە هۆی پڕۆژەکەوە. ئەوەیشی وتووە کە چاوەڕوانی کاردانەوەی لەم جۆرە بوون و ئامادەکارییشیان بۆ ئەوە کردووە کە پێش تەواوبوونی ماوەی خۆی، واتە پێش دوو ڕۆژ تابلۆکە لا ببەن. تارا ئەمەی گەڕاندووەتەوە بۆ گەورەیی ئەو کاریگەرییەی کە کارەکەی هەیبووە و بە کاریگەرییەکی ئەرێنیی باسی لێوە کردووە، بە جۆرێک کە دەرخستنی ئەو ڕووە توندەی خەڵک گرنگ بێت و ئەگەر کارێکی هونەری بتوانێت سەرکەوتوو بێت لەو دەرخستنە، ئەوا کارێکی باشە و ئامانجێکی باشیشی پێکاوە. شایەنی باسە کە تارا و ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت ڕایان گەیاندووە کە هەمان پڕۆژە، چەند قۆناغێکی تری هەیە و لە ماوەی داهاتوودا، کاری هاوشێوە لە ناوشاری سلێمانیدا دەبینرێن.

سەرچاوە: