رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هێشتا شێروان شێروانی بێسەروشوێنە

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئا: ئازادبوون

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی لە لایەن هیزەکانی ئاسایشەوە، هەواڵی چالاکوانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس، شێروان شێروانی لای خێزان و پارێزەرەکەی دیار نییە. بە هۆی ئەم بێسەروشوێنبوونەی شێروانەوە، کۆمەڵێک لە ئەندامپەرلەمانانی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق، کەمپەینێکیان بۆ ئازادکردنی شێروان و ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی تر دەست پێ کرد، کە لە ناوچەی بادینان لەم ماوەیەی دواییدا بە هۆی چالاکییەکانیانەوە دەستگیر و بێسەروشوێن کراون.

سەرکەوت شەمسەدینی ئەندامپەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ پێگەی پەرەگراف بەم جۆرە دوا: “لە قۆناغی یەکەمی کەمپەینەکەماندا، ئامانجمان هۆشیارکردنەوەی ئەندامپەرلەمانەکانی دیکە بوو. بەوپێیەی کە بەشێکی زۆریان ئاگاداری ئەو هەواڵانە نین. لە قۆناغی دووەمدا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیمان ڕێک خست و ئامانجمانە کە لە قۆناغەکانی دواییدا، داوایەکی فەرمی پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران بکەین، کە تێیدا ئاماژە درابێت بەو پێشێلکارییەی کە بەرامبەر بە مافەکانی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان کراوە.”

شێروان شێروانی لە بەرواری ٧\١٠\٢٠٢٠ لە ماڵەکەی خۆی لە شاری هەولێر دەستگیر کرا. هەرێم ڕەفعەت کە پارێزەری شێروانە، بەم جۆرە بۆ پێگەی پەرەگراف دوا: “تەواوی ڕێکارە یاساییەکانمان ئەنجام داوە سەبارەت بە دۆسیەکەی. بەڵام تاکو ئێستا نە خۆیمان بینیوە، نە توانیویشمانە بەڵگەنامەکانی دۆسیەکەی ببینین. هەتاوەکو ئێستایش نازانین لە کوێیە و هەر هەوڵێکیشمان دابێت بۆ بینینی، ئاکامی نەبووە.”

ڕووگەش عیزەدین کە هاوژینی شێروانە، وتی: “ئێمە نازانین لە چ شوێنێکە. نایشزانین کە تاوانەکەی چییە و لەسەر چی دەستگیر کراوە.” هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند کە بەپێی قسەکانی پارێزەرەکەی شێروان بێت، ئاسایشی هەولێر پێیان ڕاگەیاندووە کە شێروان لای ئەوان نییە. دادوەریش لە سەرەتادا وتوویەتی کە لە ناو هەولێردایە، بەڵام ئێستا دەڵێت لە دهۆکە. ئەم دوو ڕۆژەی دواییش وتوویانە لە دهۆکیش نەماوە.

سێ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی، دیندار زێباری کە رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانە، شێروان شێروانیی بەوە تۆمەتبار کرد کە داهات و پشتگیریی وەرگرتووە تا پشێوی دروست بکات و هێرشی بەردەوام بکاتە سەر لایەنە حکومییەکان، لەپێناو ئەوەی کە خۆپیشاندانەکان بەرەو ئاقارێکی توندڕەوانە ببات. هەروەها هەڕەشە لە دادوەر و بەرپرسان بکات.

پارێزەرەکەی شێروانی بەم جۆرە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە: “ئێمە هیچ زانیارییەکمان نییە، لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە بۆ شێروان شێروانی هەڵبەستراون.” هەروەها هاوژینەکەی شێروان تۆمەتەکەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی بە تۆمەتێکی بێبنەما ناساند. هەروەها ڕایشی گەیاند کە تەواوی ئەو تۆمەتانە، بۆ شاردنەوەی ئەو کارە قێزەونەی خۆیانە کە چۆن هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی ئێمە.

هەروەها ڕووگەش ئەوەی ڕاگەیاند کە دیندار زێباری لە لێدوانەکەیدا وتوویەتی شێروان لە دهۆک دەستگیر کراوە. بەڵام ئەوە ڕاست نییە و شێروان لە ماڵەکەی خۆماندا دەستگیر کرا. لە سەروو ئەو بابەتەیشەوە، ڕووگەش دڵنیابوونی خۆی دەرخست بەرامبەر بەوەی کە هاوژینەکەی هیچ دانپێدانانێک ئەنجام نادات لەسەر کارێک کە ئەنجامی نەدابێت.

هەر سەبارەت بەو کەمپینەی کە لە پەرلەمانی عێراقدا ڕێک خرابوو، سەرکەوت شەمسەدین ڕای گەیاند کە “ئێمە دەستکراوەین لەسەر ئەوەی کە بابەتەکە بگەیەنین بە دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤ و دەری بخەین کە چۆن مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا پێشێل دەکرێن. هەروەها خەریکی ئامادەکردنی بابەتێکی ترین دەربارەی ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە ئازارگەیاندن بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان.”

سەرکەوت ئەمەیشی ڕاگەیاند لە بارەی کەمپەینەکەیانەوە: “پشتگیریکردنی کەمپینەکە و ئەو هەوڵانەی کە بۆ ئازادکردن و بەدەنگەوەچوونی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسەکانی پارێزگای دهۆک، لە لایەن تەواوی پەرلەمانتارانی پارتە جیاوازەکان بووە، جگە لە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ڕووگەش عیزەدین لە بارەی چۆنێتیی دەستگیکردنەکەی شێروانە دەڵێت: ”هێزەکانی ئاساییش زۆر توندوتیژ نەبوون لە کاتی دەستگیرکردنی شێرواندا، بەڵام هەر کە هاتوونەتە نێو ماڵەکە، چێشتخانەکەیان بەسەر یەکدا تێک داوە و پێیان وتووە کە بێدەنگ دابنیشێت و هیچ قسە نەکات.” ئەوەیشی ڕاگەیاند کە فەرمانی دەستگیرکردنێکی پیشان دراوەکە بە خەتی عەرەبی نووسراوە و ناوی دادوەرێکیشی لەسەر بووە. بەڵام هیچ تۆمەتێکی لەسەر نەبووە. بە قسەی ڕووگەش هێزەکان بە شەش ئوتۆمبیل هاتبوون، دوانیان ئوتۆمبیلی ئاساییش و دوانیش حکومی و دوانەکەی دیکەیش تایبەتی.

هەرێم ڕەفعەت عەبدولڵای پارێزەری شێروان ئەوەیشی ڕاگەیاند کە “دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس کارێکی یاسایی نییە. شێوازە یاساییەکەی ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووسەکە تۆمەتێکی هەبێت و لە لایەن دادوەرەوە بانگهێشتی دادگا بکرێت. هەروەها ئەگەر دەستگیر کرا، دەبێت بە ئاگاداری پارێزەرەکەی بێت. بەڵام شێروان بێسەروشوێنە و هیچ کام لەم ڕێکارە یاساییانەی بۆ جێبەجێ نەکراوە”. هەروەها وتی: “شوێنی دەستگیرکراو دەبێت هەمیشە ئاشكرا بێت. تەواوی لێکۆڵینەوەکانیش کە لەگەڵیدا دەکرێت، دەبێت بە ئامادەیی پارێزەرەکەی بێت. هەروەها خێزانی دەستگیرکراو دەبێت هۆکاری دەستگیرکردنەکە بزانن، هەروەها شوێنی دەستگیرکردنەکەیش. بەڵام ئێمە هێشتا هیچ زانیارییەکمان پێ نەدراوە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە.”

لە دوای دەستگیرکردنی شیروان شێروانییەوە، چەندین کەمپیەنی جیاواز لە لایەن مامۆستایان و چالاکوانان ئەنجام دراون بۆ ئیدانەکردنی ئەو کارە. بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی پەرەگراف، تەنها لە  مانگی هەشتدا نزیکەی ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە ناوچەی بادینان دەستگیر کراون. بەپێی قسەی گەنجانی دهۆک بێت تەواوی دەستگیرکردنەکان بە شێوازێکی زۆرەملێ و توند بوون، هەروەها هێزەکانی پۆلیس هیچ فەرمانێکیان پێ نەبووە بۆ ئەو دەستگیکردنانە.

ئەیهان سەعید کە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێکی شاری دهۆکە، بەم جۆرە لەسەر باتەکە دوا: “ئەوەی ڕوو دەدات گرتنی ناڕەوا و بێبنەمایە. بە دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی جیاواز دەستگیر کراون، بەبێ بوونی هیچ فەرمانێکی یاسایی گرتنیان.”

بەپێی زانیارییە دەستکەوتووەکان بێت ئاسایشی پارێزگای دهۆک بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی بەردەوام لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان دەکات. بە تایبەتی ئەوانەی کە لە ناو سۆشیال میدیاکاندا چالاکن و هانی خەڵک دەدەن کە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

ناوچەی بادینان چالاکونی جیاواز و نزیک لە هەر پارتێکی سیاسیی هەرێمەکەی تێدایە، بەڵام دەسەڵاتی ناوچەکە بە تەواوەتی لەژێر دەستی تاکە پارتێکدایە کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە تەواوی هەڵبژاردنەکاندا، ئەو پارتە دەبێتە خاوەنی زۆرترین دەنگی ناوچەکە و پارتە ڕکابەرەکانی بە جیاوازییەکی زۆرەوە لێی دوورن.

سەرچاوە (کلیک بکە)