رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هێرشی ئازەربایجان و ئەرمینیا بۆ سەر خەڵکی سیڤیل

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

هیومن ڕایتس وۆچ لە نوێترین لێدوانی خۆیدا هۆشداری ئەوەیداوە کە هەردوو هێزی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەژێر سایەی یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافی مرۆڤ، پێویستە بە زووترین کات ئازاردانی خەڵکی سیڤیل بوەستێنن، لەو جەنگەی کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا ڕوویداوە لەسەر ناوچەی ناگۆرنۆ-کاراباخ. بەجۆرێک کە لە هیچ کام لە هێرشەکانیان، خەڵکی سیڤیل نەبن بە قوربانی و هیچ زیان و ئازارێکیان پێنەگات.

جەنگی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ناوچەی ناگۆرنۆ-کاراباخ لە مانگی نۆی ئەمساڵدا بەشێوەیەکی سەیر و لەناکاو دروستبوو. هێزەکانی ئەرمینیا کە ناوچەکەیان لەژێردەستە ڕایانگەیاند کە جەنگەکە لە هێرشی ئازارییەکانەوە دەستیپێکردووە، کە فەرمانی ڕاستەوخۆیان لە باکۆی پایتەختی وڵاتەکەوە پێبووە بۆ هێرشکردن. ئازەرییەکانیش ڕایدەگەینن کە هێرشەکەی ئەوان، وەڵامی هێرشێکی ئەرمینیەکان بووە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکە بدەن. لە ئێستادا هەردوو وڵات سوورن لەسەر شەڕکردن لەسەر ناوچەکە و هەردوو وڵاتیش گرتنی ئەو ناوچەیە، بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانن. تەواوی هەواڵەکانیش لەسەر ئەو جەنگە لە میدیاکانی هەردوو وڵاتەوە وەردەگیرێت کە میدیاکارانیان لە نزیک ناوچەی جەنگەکەوە هەواڵ و زانیارییەکان دەگوازنەوە.

هیو ویلیەمسن کە بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە ئەوروپا و ئاسیای ناوڕاست لە لێدوانکدا بەم جۆرە دواوە “هەردوو وڵات دەبێت باش بزانن کە لەکاتی هێرشی سەربازیدا بۆ سەر هەر شوێنێک، خەڵکی سیڤیل زیانی پێبگات یاخود ببێت بە قوربانی، پێشێلکاریە بەرامبەر بە یاسای نێودەوڵەتی بۆ مافی مرۆڤ و قبوڵکراو نییە. ئەم یاسایە ئەو لایەنەیش دەگرێتەوە کە هێرشی دەکرێتە سەر و نابێت بە هیچ جۆرێک زیان بە خەڵژی سیڤیل بگات.”

تا ئێستا چەندین ڕاپۆرتی جیاواز هەیە، لەسەر پێکدادانی هێزەکانی سووپا لەگەڵ خەڵکی سیڤیلدا لەو ناگۆرنۆ-کاراباخ. بەڵام ناتوانرێت ڕاپۆرتەکان بە تەواوەتی پشتڕاستبکرێنەوە. میدیاکانی ئازەربایجان تا ئێستا مردنی ١٠ خەڵکی سیڤیل و برینداربوونی ٣٠ کەسی دیکەی ڕاگەیاندووە. بەڵام ئاماژە بەوە نەدراوە کە ئەم ڕووداوانە بەهۆی سووپاوە بووبێتن یاخود نا. لە لایەنی ئەرمینیاشەوە ڕاگەیانراوە کە تا ئێستا ٨٠ سەرباز و ٥ خەڵکی سیڤیل گیانیان سپاردووە و ٣٠ کەسی دیکەیش بریندارن.

هەردوو وڵات لە ئیستادا دۆخی جەنگیان ڕاگەیاندووە و تەواوی لایەنەکانی ژیان لە وڵاتەکەدا، بۆ بەرژەوەندی جەنگەکە تەرخانکراون. ئازەربایجان قەدەغەکردنی هاتوچۆی ڕاگەیاندووە لەدوای کاتژمێر ٩ی شەوەوە. وە هێڵەکانی ئینتەرنێتی سنووردارکردووە و دەستیشی بەسەر هەموو ئەو خزمەتگوزاریانەدا گرتووە کە چات و پەیوەندیان تێدا دەکرێت. هەردوو وڵاتیش ڕێگری دەکەن لەوەی کە هیچ هەواڵێک لەسەر جەنگەکە بەبێ بوونی بەڵگەی ڕاستەقینە دروستببێت.

لە ئێستادا گرینگترین بابەت ئەوەیە کە هەردوو وڵات یاسا نێودەوڵەتیەکان بزانن دەربارەی مافەکانی مرۆڤ. بەتایبەت لەو ڕووەی کە پیویستە لەکاتی جەنگدا سەرباز و خەڵکی سیڤیل بەباشی لەیەکتری جیابکرێنەوە و هیچ هێرش زیانێک نەچێتە سەر خەڵکی سیڤیل. هەروەها ئامرازی سووپا و ئامرازی خەڵژیش بەهەمان شێوە جیابکرێنەوە و زیان بە ئامرازی و کەلوپەلی سیڤیل نەگەیەنرێت. چونکە قەدەغەیە کە لەپێناو بەرژەوەندی لایەنێکدا هێرش بۆ سەر خەڵکی بێلایەن ئەنجامبدرێت.

سەرەتای دروسبوونی گرژی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتا ساڵەکانی حوکمڕانی یەکێتی سۆڤیەت. پێشتر ناگۆرنۆ-کاراباخ کە زۆربەی دانیشتووانەکەی بەڕەگەز ئەرمەنی بوون، بەشێک بوو لە سنووری ئازەربایجان.  بەڵام لە کۆتاکانی سەردەمی سۆڤیەت ئەرمینیا ویستی کە ناوچەکە بکاتەوە سەر سنووری خۆی. هەربۆیە جەنگێک لەنیوان سووپای هەردوو وڵاتدا ڕوویدا و دواجار لە ساڵی ١٩٩٤ کۆتایی بە جەنگی نێوانیان هات و ئەرمینیا ٧ ناوچەی ئەوکاتەی ئازەربایجانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. دواتریش پشتێنەیەکی سەربازی لە دەوروبەری ناگۆرنۆ-کارابخ دروستکرد لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە دەکەونە نێوانی ئەرمینیا و ناگۆرنۆ-کاراباخەوە.

لەو کاتەدا بە دەیان هەزار کەس مردن و ملیۆنان کەسیش ناچارکران کە ماڵ و خاکەکەی خۆیان جێبهێڵن. بەشێک لە ئازەرییەکان چوونە ناو ئەرمینیا و بەشێکیش لە ئەرمینیەکان، چوونە ناو ئازەربایجانەوە. لەو کاتەدا هیومن ڕایتس وۆچ ڕاگەیاند کە لە جەنگەکەدا، پێشێلکارییەکی تەواو ئەنجامدراوە بەرامبەر بە یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، لە هەموو ڕووەکانیەوە.

ناگۆرنۆ-کاراباخ لە ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆیی ڕاگەیاند. بەڵام نە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و نە لەلایەن ریکخراوە نێودەوڵەتیەکانیشەوە دانی پیادانەنرا. ئەو هێزەی کە ناوچەکەی کەوتە ژێردەست سەر بە ئەرمینیایە و لەلایەن ئەوەوە پشتگیری سیاسی و ئابووری دەکرێت.

لە ساڵی ١٩٩٤ەوە، ڕێگری بەردەوام هەبووە لەوەی کە سووپاکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا بجەنگن لەسەر ناگۆرنۆ-کاراباخ. بەڵام ڕێگرییەکە هێشتا نەیتوانیوە کە بە تەواوەتی پێکدادان لەنیوان سووپاکاندا نەهێڵێت و چەندجارێک، ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویداوە. وە بەردەوامیش زیان و ڕووداوی نەخوازراو هەبووە.

سەرچاوە:

سەرچاوە (کلیک بکە)