رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕاپۆرتی کۆمیتەی جیهانیی پارێزگاری لە ڕۆژنامەنووسان (CPJ) لەسەر دەستگیرکردنی شێروان شێروانی

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

ڕۆژی ٧ی ئەم مانگەدا، گرووپێکی ١٠ پۆلیسی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی شێروان شێروانی لە گوندی سەبیران کە دەکەوێتە پارێزگای هەولێر و دەستگیریان کرد. ئەم زانیارییەیش لە ڕاپۆرتێکی سەنتەری میترۆ بۆ مافی ڕۆژنامەوانان، هەروەها لێدوانەکانی ڕووگەش عیزەدین، کە هاوژینی شێروانە، وەرگیراوە.

شێروان بە بەردەوامی خەریکی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و لێدوان بووە دەربارەی مافەکانی مرۆڤ، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و کێشەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان. بەپێی گوتەی هاوژینەکەی، زۆرینەی نووسینەکانی شێروان لە وێبسایتێک و هەژماری فەیسبووکەکەی خۆیدا بڵاو دەکرانەوە،

ڕووگەشی هاوژینی شێروان پێی ڕاگەیاندین کە ٤ لەو پۆلیسانەی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان بۆ دەستگیرکردنی شێروان، ماسک و زرێپۆشیان پۆشیبوو. پۆلیسەکان لە سەعات ٤:٣٠ی دوانیوەڕۆ گەیشتبوونە ماڵەکە و دوو لاپتۆپ و تەواوی دەفتەرەکان و هەندێک سیدییشیان برد لەگەڵ خۆیاندا. ئەمەیش لە کاتێکدا کە دەمانچەیان لەسەر سەری شێروان داناوە و دواتریش دەستیان کەلەپچە کردووە. دوای کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانیش، شێروان بە زۆر دەخەنە نێو ئوتۆمبیلێکی جامڕەشەوە و دەڕۆن. ڕووگەش ڕای گەیاند کە پۆلیسەکان فەرمانێکیان پێ بووە بۆ دەستگیرکردنی شێروان، بەڵام نە لە فەرمانەکەدا و نە خۆیشیان بە ڕوونی ئەوەیان نەگوتووە کە هۆکاری دەستگیرکردنەکە چییە. ئەوەیشی ڕاگەیاند کە تا ئێستا نازانێت هاوژینەکەی لە چ شوێنێک دەستگیر کراوە و ئەو تۆمەتانەیش چین کە دراونەتە پاڵی.

ئێگناسیۆ میگێل دێلگادۆ، کە نوێنەری طێکخراوی سی پی جەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، داواکارییەکی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم کردووە و تێیدا گوتوویەتی: ”بەرپرسان لە دەستگیرکردنی شێروان شێروانی، پێویستە بەزووترین کات ئەو تۆمەتانە ڕابگەیەنن کە شێروانیی لەسەر دەستگیر کراوە. ئەگەر هیچ تۆمەتێکیشیان نەبێت، ئەوا پێویستە بە زووترین کات ئازادی بکەن.” هەروەها گوتوویشیەتی: ”ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیانەوێت بەپێی یاسا بجووڵێنەوە، ئەوا نابێت بە هیچ جۆرێک ڕۆژنامەوانان بەم ئاقارەدا بچن.”

لە ڕۆژەکانی پێش دەستگیرکردنیدا، شێروان پۆستی ڕەخنەیی لە هەژماری فەیسبووکەکەی خۆی دەکرد کە نزیکەی ١٠ هەزار فۆڵۆوەرسی هەیە. پۆستەکان ڕەخنە بوون لە دژی حکومەت، بە تایبەت سەرۆکی حکومەت کە مەسروور بارزانییە. هەروەها داوای لە شارەزایانی بواری یاسا دەکرد کە داوا لە دژی حکومەت تۆمار بکەن و لێپرسینەوە ئەنجام بدەن دەربارەی کوشتنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان. ڕێکخراوی سی پی جەی دوێنی گەڕانی بە هەژمارەکەی شێرواندا کرد، بەڵام ئەمڕۆ لە کاتی گەڕان بە دوای هەژمارەکەدا، نەدەتوانرا هەژمارەکە بدۆزرێتەوە و دواجار بە هەژمارێکی داخراو پیشان دەدرا. دوای پرسیارکردن لە هاوژینەکەی شێروان، دەرکەوت کە ئەویش هیچ زانیاریی نییە لەسەر ئەوەی کە بۆچی هەژمارەکە داخراوە.

ڕەحمان غەریب کە ڕێکخەری گشتیی سەنتەری میترۆیە بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەوانان، ڕای گەیاندووە کە شێروان دەکرێت بە یەکێک لە یاساکانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، یاخود یاسای تەشهیرکردن دەستگیر بکرێت و حوکم بدرێت. ئەگەر بە پشتبەستن بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی حوکم بدرێت، ئەوا پێدەچێت حوکمەکەی پێنج ساڵ زیندانی و بڕە پارەی ٥ ملیۆن دیناری عێراقی بێت. هەروەها ئەگەر پشت بە یاسای تەشهیرکردن بەسترا، ئەوا حوکمەکەی یەک ساڵ و بڕە پارەکەیش ١٠٠ هەزار دینار دەبێت.

شێروان شێروانی پێشتریش لە بەرواری ١٨/١/٢٠١٩ لە دهۆک دەستگیر کرابوو. ئەو کاتە بۆ ماوەی ٤٢ ڕۆژ لە زینداندا مایەوە بە تاوانی ئەوەی کە دژی ئاسایشی گشتی کاری کردووە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٢دا لەسەر بڵاوکردنەوەی دوو ڕاپۆرت کە تێیاندا باسی گەندەڵیی حکومەت دەکات، چەند ڕۆژێک دەستگیرکراوە.

دیندار زێباری، کە ڕێکخەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی ئەو ئیمەیڵەی ڕێکخراوی سی پی جەی نەداوەتەوە کە دەربارەی شێروان شێروانییە.

سەرچاوە: