رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

یوو ئێن داوا لە تورکیا دەکات لێکۆڵینەوە لەسەر توندوتیژییەکانی باکووری سووریا بکات

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

میشێل باچلێت کە بەرپرسی باڵای مافەکانی مرۆڤە لە یوو ئێن، داوایەکی ئاڕاستەی وڵاتی تورکیا کردووە کە بە زووترین کات لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام بدەن، سەبارەت بەو توندوتیژی و پێشێلکارییانەی کە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە بەرامبەر بە خەڵکی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت.

میشێل ئەوەیشی ڕاگەیاندووە کە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە پێشێلکارییەکی زۆریان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، بە تایبەت لە شارەکانی عەفرین، ڕەئسلعەین و تەلعەبیب. هێزەکانی تورکیایش کە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەیان کردووە، بەرپرسی هەموو ئەو تاوان و دەستدرێژییانەن کە بۆ سەر خەڵکەکە دەکرێت.

نووسینگەی مافی مرۆڤی یوو ئێن لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئەوەی ڕاگەیاندووە، کە ڕێژەی کوشتن، فڕاندن و ڕاگواستنی خەڵک بە شێوەیەکی ئێجگار زۆر لە زیادبووندا بووە لەم ماوانەی دواییدا. ئەمە جگە لە دەستگرتن بەسەر موڵکی تایبەتی خەڵک و داگیرکردنیان. قوربانییەکانیش ئەو کەسانەن کە هاوکاریی ئەو لایانەنە دەکەن کە دژەتورکن، یاخود خۆیان ڕەخنە دژی تورک دەگرن، یاخود تەنها ساماندارن و هێزە تورکییەکان دەیانەوێت سەرانەیان لێ وەربگرن.

میشێل باچلێت لێدوانەکەی بەم جۆرە بڵاو کردووەتەوە: ”ئەو خەڵکانەی کە لەو ناوچانە دەژین و مافەکانیان پێشێل کراوە، شایەنی ئەوەن کە بپارێزرێن و مافەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە. داوا لە تورکیا دەکەم کە بە زووترین کات دەست بکات بە لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو ڕووداوانەی کە ڕاستیبوونیان بۆ ئێمە سەلماوە و لە لایەن هێزە چەکدارە تورکییەکانەوە ئەنجام دراون. هەموو ئەمانەیش لە پاڵ ئەو تاوانانە کە لەژێر ناوی جەنگدا و بە هۆی جەنگەوە ئەنجام دراون لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە.”

مردنی خەڵکی سیڤیل و بێسەروشوێنەکان

نووسینگەی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی دەرخستووە، کە لە مانگی ١ی ئەمساڵەوە بەلایەنی کەمەوە ١١٦ دانیشتووی سیڤیل لەو ناوچانە کوژراون و نزیکەی ٤٦٣ بریندار کراون. بەشی زۆریان بەو چەکی تەقینەوانە مردوون کە بۆ جەنگەکە لە لایەن تورکیاوە بە کار هاتوون. لە ناو مردووەکانیشدا، ١٥ ژن و ٢٠ منداڵی کوڕ، لەگەڵ ٢ منداڵی کچی هەن.

جگە لە کوشتن، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە بێسەروشوێنکردنی چەندین هاووڵاتی دراوە. لە ناویشیاندا ژن و منداڵ، کە هەتاوەکو ئێستا چارەنووسی زۆرینەیان نەزانراوە.

لە هەمان کاتیشدا، لە هەموو ئەو شەڕانەی کە لە نێوان هێزە جیاوازەکانی ئەو ناوچانە دەکرێت لەسەر دەسەڵات، خەڵکی سیڤیل تێیدا دەبن بە قوربانی.

ئاماژەیش بەوە کراوە کە هێزە تورکییەکان، ماڵ و زەوی و خاوەندارێتییە تایبەتەکانی خەڵک تاڵان دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ پێویستییەکی جەنگییان بەو تاڵانکارییە هەبێت. بەشێکیش لە تاڵانکارییەکان لە کاتێکدا کراون، کە خاوەنەکان خۆیان ئامادەییان هەبووە و هێزەکان بە زەبری هێز تاڵانکارییەکەیان ئەنجام داوە.

سەرچاوەی ئاو وەکو چەکێکی ناو جەنگ

یەکێکی دیکە لەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبێتەوە، دەستگرتنە بەسەر پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا کە لە لایەن هێزەکانی تورکیا و سووریایشەوە بەردەوام وەکو چەک بە کار دەهێنرێن و لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر ئەو پێداویستییانەوە، خەڵکی ئەو ناوچەیە دەچەوسێننەوە.

ئەمەیش مەترسیی لەسەر ژیانی دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروست کردووە، بە تایبەت لە ئێستادا کە پەتا بڵاو بووەتەوە و خەڵکەکە پێویستیان بە خۆپاراستن هەیە.

میشێل باچلێت لە داواکارییەکەیدا ئاماژەی بەم بابەتەیش داوە و بەکارهێنانی پێداویستییەکانی وەک ئاو و کارەبا وەک چەکێکی جەنگ، وەک تاوانێکی گەورە وەسف دەکات لە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤدا.

سەرچاوە (کلیک بکە)