رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هودا شەعراوی: فێمینیستێک لە هەناوی کۆنەپارێزییەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

لە سەرەتای سەدەی ٢٠دا، شەپۆلێکی چاوەڕێنەکراوی فێمینیستی جیهانی گرتەوە و لە میسڕ لە لایەن ژنێکی مەزنەوە ڕابەرایەتی کرا. هەر وڵاتێک ژنێکی ڕابەری ناوداری هەیە و میسڕیش هودا شەعراویی هەیە. هودا چالاکوانێکی دژەداگیرکاری و فێمینیستێکی ناودارە، لە ڕێی کارەکانیەوە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە ئاستی وڵاتەکەیدا لەسەر پرسی ژنان بە دەست هێناوە. ئەمەیش لە کاتێکدا کە بیروڕاکانی گوێیان لێ نەدەگیرا و خەڵکی لە دژی دەوەستانەوە، بەڵام هودا بەردەوام بوو و لەپێناو ئەو ئایدیایانەدا جەنگا کە بڕوای پێیان بوو. بە بڕوای هودا میسڕ دەیتوانی لەوە باشتر بێت کە هەیە.

هودا ١٤٠ ساڵ بەر لە ئێستا، لە خێزانێکی دەوڵەمەند، لە ٢٣ی حوزەیرانی ساڵی ١٨٧٩ و لە شاری مینا، پێش داگیرکردنی میسڕ لە لایەن بەڕیتانییەکانەوە هاتووەتە دنیاوە. هودا لە قاهیرە گەورە بووە، وەک ژنێکی بۆرژوا دەبوو لە شوقەیەکی گۆشەگیردا دوور لە چاوی پیاوان بژیی و لە کاتی چوونەدەرەوەدا پەچە ببەستێت.

هودا لە حەرەمی میسڕدا خوێندوویەتی، بەڵام کاتێک درکی بەوە کرد بێبەش بووە لەو خوێندنەی براکەی وەری دەگرێت، تووشی بێهیوایی دەبێت و لە یاداشتی ژیاننامەکەیدا بە ناوی ”ساڵانی ژین لە حەرەم: یاداشتەکانی فێمینیستێکی میسڕی”، دەنووسێت: ”ڕقم لە مێیینەبوونم دەبووەوە، چونکە مێیینەبوونم ڕێگر بوو لەوەی ئەو خوێندنە بە دەست بهێنم کە ئارەزووم دەکرد و نەمدەتوانی ئەو ئازادییەم هەبێت کە تامەزرۆی بووم.”

هودا لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا بەبێ خواستی خۆی لە کوڕی مامەکەی، ئەلشەعراوی مارە کرا، کە تەمەنی ٤٠ ساڵ بوو و هاوسەریشی هەبوو. هودا دەیگێڕێتەوە کە هەستی دەکرد بەوەی ناچارە ڕازی بێت بەو هاوسەرگیرییە، تاکو نەبێتە مایەی شەرمەزاری بۆ خێزانەکەی. هاوسەرەکەی بۆ ماوەی حەوت ساڵ لەگەڵ هاوسەری یەکەمیدا مایەوە و لەو ماوەیەدا هودا خەریکی خۆپەروەردەکردن بوو. تاکو لە ساڵی ١٩٠٠دا لەگەڵ هاتەوە لای و کچ و کوڕێکیان بوو.

لە ساڵانی دواییدا، هودا لەگەل عەلی، کە دامەزرێنەری پارتی وەفد بوو و بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستیی میسڕی بوو، بوون بە دوو فیگەری کۆمەڵایەتی و سیاسیی دیاری سەرەتاکانی سەدەی ٢٠.

لە ناسیونالیزمەوە بۆ فێمینیزم

ژیانی چالاکوانیی هودا ساڵی ١٩٠٨، دەستی پێ کرد، ئەویش کاتێک بەشدار بوو لە پێکهێنانی ڕێکخراوی مرۆیی سێکۆلار کە لە لایەن ژنانی میسڕییەوە بەڕێوە دەبرا، کە پێداویستیی تەندروستییان بۆ ژنان و منداڵان دابین دەکرد. دوای چەندین ساڵ و لە ساڵی ١٩١٤دا، یەکەی پەروەردەیی ژنانی میسڕیی دامەزراند و لە هەمان ساڵدا بۆ یەکەم جار سەردانی ئەورووپای کرد.

لە سەرەتادا هودا پشتی بە ئایینی ئیسلام دەبەست بۆ دابینکردنی مافی زیاتری ژنان، هەر بۆیە پەیڕەوی فێمینیستیی ئیسلامیی دەکرد، بەڵام بەپێی تێپەڕبوونی کات هودا چاونەترستر بوو و لە ساڵی ١٩١٩دا یارمەتیدەر بوو لە سەرپێخستنی یەکەمین و بەرفراوانترین ناڕەزایەتیی ژنان دژ بە داگیرکاری، کە پێی دەوترا ”یەکگرتنی ژنانی پەچەبەسەر” لە شەقامەکانی قاهیرە. ساڵیک دواتر  کۆمیتەی ژنانی وەفدی دامەزراند و خۆی وەک سەرکرەی کۆمیتەکە خزمەتی دەکرد.

لە دوای ساڵانێک لە ناڕەزایەتی، لە ساڵی ١٩٢٢دا بەڕیتانیا سەربەخۆیی ژنانی میسڕی ڕاگەیاند، سەرەڕای بەشداریی بەرفراوانی ژنان لە ململانێکانی سەربەخۆییدا، هێشتا ژنانی میسڕ بۆیان نەبوو لەسەر هەمان مێزی کۆبوونەوە لەگەل پیاوان دابنیشن لە کاتی گتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتی بەڕیتانیادا.

هودا لە نامەیەکدا بۆ سەعد زەغلول، سەرۆکی پارتی وەفد و سەرۆکوەزیرانی میسڕ دەنووسێت: ”هەڵوێستێکی زۆر نادادپەروەرانەیە کە وەفدی میسڕی کە ساڵانێکە بۆ سەربەخۆیی و مافەکانی هاووڵاتییانی میسڕ کار دەکات، نیوەی دانیشتوانی شارەکەی کە ژنانن، بێبەش بکات لە بەدەستهێنانی ئەم سەربەخۆییە.”

لە کاتێکدا هودا و پیاوان لەسەر هەمان مێزی گفتوگۆ دانەنیشتن، پەیوەندییە کراوەکانیان لە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی میسڕیدا خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی وڵاتەکەدا. لە دوای مردنی هاوسەرەکەی لە ساڵی ١٩٢٣دا، چالاکییەکانی هودا ئاڕاستەیەکی جیاوازیان وەرگرت، ئەویش لە چالاکوانێکی دژەداگیرکارییەوە بۆ چالاکوانی ماف و یەکسانییەکانی ژنان.

لابردنی پەچە

هودا دامەزرێنەر و سەرکردەی یەکەم یەکەی فێمینیستیی میسڕی بوو لە ساڵی ١٩٢٣دا. ڕێکخراوەکە کاری بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان دەکرد لە ڕێی کارکردن لەسەر کێشە سەرەکییەکانی ژنان و لە ڕێی چاکسازی لە یاسا کەسییەکانی میسڕدا، هەروەها فراوانکردنی بواری خوێندن و بەخشینی هەل بە ژنان تاکو بخوێنن.

لە هەمان ساڵدا، یەکێک لە هەرە دیارترین ناڕەزایەتییەکانی ژیانی ئەنجام دا. لە دوای گەڕانەوەی لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی ململانێکانی ژنان لە ڕۆما، لە دەرەوەی شەمەندەفەرێک لە وێستگەیەکی قاهیرە وەستا و پەچەکەی لا برد و هانی ژنانی دیکەی دا هەمان شت بکەن.

سێسا ناباراوی، هاوڕێیەکی هودا، لە کاتی گێڕانەوەی کارەکەی هودادا دەنووسێت: ”ناکرێت لە ڕۆما بڵێیت من ئازادم و کاتێک دەگەڕێیتەوە میسڕ پەچە ببەستیت.”

لە ساڵانی دوایی ژیانیاندا، هودا و هاوڕێکانی چەندین شەپۆلی ناڕەزایەتییان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان ئەنجام دا. ناباراوی لەو بارەیەوە دەنووسێت: ”لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٣دا، ئێمە تەمەنی ١٦ ساڵیمان وەک تەمەنێکی گونجاو بۆ هاوسەرگیریی کچان دەستنیشان کرد، ساڵی ١٩٢٤ یەکەم خوێندنگەی ئامادەییمان بۆ ژنان بونیاد نا، ساڵی ١٩٣٣ مەڕاسیمی یەکەمین خولی ژنانی دەرچووی زانکۆمان ئەنجام دا.”

هودا ساڵی ١٩٤٧ و لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا بە هۆی کۆلێراوە گیانی لە دەست دا. لە دوای مردنی، جەمال عەبدولناسڕ، سەرۆکی ئەوکاتی میسڕ، ئەو بزووتنەوەی ژنانەی کۆتایی پێ هێنا کە هودا سەرپێی خستبوو. بە داخەوە، ئەو دەستکەوتانەی هودا بۆ یەکسانیی جێندەری لە ساڵانی بیستەکان و سییەکاندا بە دەستی هێنابوون، قۆناغ بە قۆناغ بەرەودوا دەکشانەوە، بێگومان ئەوەیش بە هۆی دەسەڵاتی ئۆتۆکراتیی چەندساڵەی میسڕ و بەم دواییەیش سەرهەڵدانی ئیسلامیی سیاسیی توندڕەو.

سەرچاوە (کلیک بکە(