رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەرەو جەنگی ئەلیکترۆنی

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

لە سەدەی ٢١دا، ئەستەمە بتوانین بەبێ هەبوونی ئینتەرنێت وێنای ژیانی خۆمان بکەین. ئینتەرنێت بۆ مرۆڤ لەم سەدەیەدا وەک نانخواردن و هەناسەدانی لێ هاتووە. لەم ڕۆژانەیشدا بواری ئەلیکترۆنی بووەتە کێبڕکێی نێوان وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات.

هێرشی ئەلیکترۆنی واتە ئامڕاز و تاکتیکی  گەیاندنی زۆرترین زیان بە بەرامبەرەکەت، بێ ئەوەی پێ بخەیتە سەر زەوییەکەی. جەنگی نهێنی لە نێوان وڵاتاندا، لە ڕێی سەربازانی ئەلیکترۆنییەوە دەکرێت، کە ژمارەیان دەگاتە ملیۆنان سەرباز و تەنها لە پشتی لاپتۆپەکانیانەوە و بێ تەقاندنی تاکە فیشەکێک، هێرش دەکەن. ئامانجیش لەم جۆرە هێرشانە، تێکشاندنی ژێرخانی وڵاتان و دزینی زانیاریی سەربازی و پیشەسازییە گرنگەکانە.

هێرشی ئەلیکترۆنی و سوودەکانی بۆ هێرشبەر

یەکێک لەو سوودانە ئەوەیە، پێویست ناکات چەندین کیلۆمەتر ببڕیت و چەندین سەعات بۆ دیاریکردنی ئامانجەکەت تەرخان بکەیت، بەڵکو ئامانجەکە لە نێوان لەپی دەستتدایە و لە هەر کوێیەکی جیهانیشدا بێت، دەتوانی بە کەمتر لە چرکەیەک بیدۆزیتەوە.

چۆن لە ڕێی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە زیان بە نەیارەکەت دەگەیەنیت؟

ئەو زانیارییانەی لە ڕێی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە بە دەستت دەگات، دەکرێت بە چەندین شێواز زیان بە بەرامبەرەکەت بگەیەنێت، ئەوانیش:

  • بڵاوکردنەوەی زانیارییەکە لە شێوەی پڕوپاگەندەدا.
  • بڵاوکردنەوە و ئاشکراکردنی نهێنییەکان بە شێوەی فەرمی.
  • دەتوانیت لە ڕێی ئەو زانیارییانەوە ترسگەلێک بڵاو بکەیتەوە کە هەموو وڵاتەکە بخاتە ترسەوە.
  • دزینی داتا و زانیارییە پیشەسازییەکانی وڵاتێک.
  • وەستاندنی تەواوی سیستمی ئەلیکترۆنیی وڵاتێک، کە دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ چەندین ماوە وەک وڵاتێکی کوێری لێ بێت و دەستیان بە هیچ زانیارییەک نەگات.

ئەمەریکا چۆن لە ڕێی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە تۆڵەی لە دەوڵەتی ئێران کردەوە؟

ساڵی ٢٠١٩ ئێران یەکێک لە فڕۆکە چاودێرییەکانی ئەمەریکای لە ئاسمانی حورموزدا تەقاندەوە، ئەو فڕۆکەیەیش فڕۆکەیەکی ئاسایی نەبوو لەو فڕۆکانەی ڕۆژانە بەرچاو دەکەون و بە ئاسماندا ڕەت دەبن، بەڵکو فڕۆکەیەکی چاودێریی جیهانی بوو لە جۆری هاوک ئاڕ کیو فۆڕ ئەی، کە نرخەکەی بەلایەنی کەمەوە ١٣١ ملیۆن دۆلار بوو.

بەڵام ئایا ئەمریکا چۆن وەڵامی دایەوە؟

خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە هێرشێکی مەیدانی بوو و بە بڕوای زۆر کەس دەبووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی سەربازی لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، بەڵام تڕەمپ بە جیهانی ڕاگەیاند کە ئەو جەنگە سەربازییەی بڕیار بوو بەرپای بکات، دەیوەستێنێت و لەجیاتیی ئەوە سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، بۆیە بڕیاری هێرشی ئەلیکترۆنیی بەسەر ئێراندا دا و ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییانەی ئێرانی کردە ئامانج کە کۆنتڕۆڵی ڕاکێت و مووشەکەکانی ئێران دەکات.

بە کورتی: هێرشێکی مەیدانی بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی ئەلیکترۆنی.

لە دوای ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕای گەیاند چەند هێرشێکی ئەلیکترۆنی لە لایەن ئێرانەوە ڕاگرتووە کە نەک هەر هەوڵی داوە زانیاریی ئاژانسەکانی دەوڵەت وەربگرێت، بەڵکو هێرشی کردووەتە سەر زانیاریی بازرگانیی وڵاتەکەیش.

هەروەها کۆریای باکووریش، کە هێزێکی سەربازیی گەورەی ئەلیکترۆنیی هەیە و ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە ٦٠٠٠ سەرباز، لە لایەن ئەمەریکاوە بەوە تۆمەتبار کراوە کە هێرشی ئەلیکترۆنی بە ناوی ”واناکرای”ی بە کار هێناوە، کە ئەو جۆرە هێرشە پێشتر بووەتە هۆی تێکشکاندنی سەدان هەزار ئامێری کۆمپیوتەری لە ١٥٠ شاری جیهاندا.

چینیش چەندین هێرشی ئەلیکترۆنیی کردووەتە سەر ئەمەریکا، لەوانە دزینی پلانەکانی دامەزراوەی چەکی ئەتۆمی بووە، کە هەموو ئەو ئامێرانەی ڕۆژانە بە کاریان دەهێنیت، وەک مۆبایلی زیرەک، تەلەڤیزیۆنی زیرەک، ئایپاد و کۆمپیوتەر، دەکرێت ڕۆژێک لە دژی تۆ بە کار بهێنرێن. بۆیە تاکە ڕێگەی خۆپاراستن ئەوەیە، زانیاری و داتا زۆر تایبەتییەکانت نەخەیتە ئامێرە زیرەکەکانەوە؛ چونکە جەنگی داهاتوو، هیی ئەلیکترۆنیاتە!