رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

زیندانەکانی ئەمەریکا: لە شوێنگەی ڕێگریی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە بۆ ناوچەی سووری کۆرۆنای نوێ

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

لە ئێستادا زیندانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هۆی بڵاوبوونەوەیەکی زۆری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید ١٩) لە قاوشەکانیاندا، بەشێک لە زیندانییەکانیان ئازاد کردووە و خەریکن گفتوگۆ لە بارەی ئازادکردنی بەشێکی دیکەیان دەکەن.

لە زیندانی شارەکان و زیندانەکانی دەوڵەتدا، بە سەدان زیندانی و کارمەند تووشی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ بوون. نیویۆرک، کالیفۆرنیا و ئۆهایۆ لە یەکەمین ناوچەکان بوون ئەو زیندانییانەیان ئازاد کرد کە سزای سووکیان لەسەر بوو، پاشان شارەکانی دیکە بە دوایدا هەمان شتیان کرد چونکە تاکە ڕێگەی پاراستنی ژیانی زیندانییان بوو.

بە شێوەیەکی گشتی، زیندانەکان کەموکوڕیی پێداویستییە سەرەتاییەکانی پاکوخاوێنییان هەیەو خزمەتگوزاریی تەندروستییان زۆر کەمە. لە زیندانەکاندا ڕێگەی خۆپارێزی و دابڕانی کۆمەڵایەتی ئەستەمە، مەگەر لە زیندانی تاکەکەسیدا هەبێت، بەڵام ئەویش زیانی دەروونی وجەستەیی خۆی هەیە.

ئاشڵی ڕۆبن، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی سۆسیۆلۆژیی زانکۆی هاوای، کە خەریکی توێژینەوەیە لە بارەی زیندانەکانەوە، دەڵێت: ”زیندانە زۆر سەرەتاییەکانی ویلایەتە ئەمەریکییەکان بە شێوەیەک دروست کرابوون کە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان بکەن، بەڵام لە ئێستادا سەنتەری بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکانن.”

زیندانەکانی ئەمەریکا لە ڕابردوودا

یەکەم بەندینخانە گەورەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دەرئەنجامی کاردانەوەی زۆربوونی توندوتیژی لە گرتووخانەکانی سەردەمی کۆڵۆنیالیزمەوە بوو. گرتووخانەکانی سەردەمی کۆڵۆنیالیزم بەو جۆرەی ئێستا نەبوو کە ئێمە تێیدەگەین: شوێنی سزادانی مەودا درێژی کەسانێک لە بەرامبەر تاوانێکدا کە ئەنجامیان داوە. ئەم جۆرە لە زیندان داهێنانێکی نوێیە و مێژوویان لە ئەمەریکادا دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٨٠ و ١٩٧٠کان، دوای شۆڕشی ئەمەریکی.

لە پێشووتردا، ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕیتانیا پشتیان بە لەسێدارەدان و  سزای جەستەیی دەبەست بۆ سزادانی تاوانباران. گرتووخانەکانی ئەمەریکا و ئینگلتەرا لەو ماوەیەدا مەڵبەندی سزادان نەبوون، قەرزارەکان لەوێدا دەگیران تا قەرزەکەیان دەگەڕاندەوە، دەربەدەرەکان دەگیران تا کارێکیان دەدۆدزییەوە. تۆمەتبارەکانیش لە چاوەڕوانیی دادگاییدا زیندانی دەکران و تاوانبارەکانیش لە چاوەڕوانیی سزادا زیندانی دەکران یاخود تا ئەو کاتەی بڕی پارەی داواکراوی دادگایان دەدا.

بە شێوەیەکی گشتی، گرتووخانە سەرەتاییەکان بە مەبەستی زیندانیکردنی درێژمەودا دروست نەکرابوون، تەنانەت بۆ ئەو کەسانەیشی مانگێک یان زیاتر دەمانەوە، نالەبار بوو.

بونیادی هەیکەلی ئەم یەکانە زۆر جار لە لایەن کوێخای شارەوانی یاخود خەڵکی مەدەنییەوە ئامادە کرابوون کە زۆر جار پێشکەشكردنی ژوورێک بوو لە بەرامبەر کرێی مانگانەدا. گرتووخانەکان هەندێک جار ژوورێکی سەربەخۆ بوون لە تەنیشت مەیخانەیەکی شارەوە یان بینایەکی لە بەرد دروستکراو کە پەنجەرەکانی گیرابوون و یاخود ژوورێکی ژێرزەمینی بوون.

ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی

جۆن هاوارد، ئەرستۆکراتێکی بەڕیتانی کە بیرۆکەکانی کاریگەرییان لەسەر چاکسازی لە زیندانە ئەمەریکییەکاندا هەبووە، نیگەرانی بارودۆخی ژینی خەڵکی گرتوخانەکان بوو، چونکە بڵاوبونەوەی نەخۆشی، توندوتیژی و چەوساندنەوە بەردەوام مەترسییەکی سەرەکیی ناو ئەم گرتووخانانە بوون.

کاتێک بوو بە کوێخای شارەوانی، لە کتێبەکەیدا بە ناوی ”دۆخی گرتووخانەکان”، باس لەوە دەکات کە ناچار بووە بۆنی سرکە بکات تاکو خۆی لە بۆنی ناخۆشی گرتووخانەکە بپارێزێت لە کاتی سەردانیکردنیدا.

هەروەها هاوارد هۆشداریی لە بارەی ئەوەیشەوە داوە کە ”نەخۆشی تەنها لە نێو گرتووخانەکەدا بڵاو نابێتەوە، بەڵکو پەل دەکێشێت بۆ دەرەوە و ناو کۆمەڵگە”. دۆخێک بە نموونە دەهێنێتەوە کە تێیدا زیندانییەک لە گرتووخانەکەوە بەرەو دادگا دەبرێت و لە ماوەی ٤٠ سەعاتدا ٣٠٠ کەس کە لە دادگادا ئامادە بوون، بە ”تای زیندان” گیانیان لە دەست دابوو.

هەروەها لە کتێبەکەدا باسی لەو زیندانییانە کردووە کە دوای ئازادبوونیان گەڕاونەتەوە ماڵەوە و کەسانی ناوچەکەی خۆیان تووشی چەندین جۆری نەخۆشیی جۆراوجۆر کردووە.

بە بڕوای هاوارد، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، هاوشێوەی کردەی بڵاوبوونەوەی تاوانکردنە، بە جۆرێک هەرزەکاری گرتووخانەکان کە منداڵی ئەو کەسانە بوون بۆ قەرز گیرابوون، یان لە چاوەڕوانیی دادگادا بوون گوێبیستی چیرۆکە توندوتیژ و سەرکێشییەکانی گەورەکان دەبوون و کاتێک گەورە دەبوون، ئەوانیش تاوانباریان لێ دەردەچوو.

یەکەمین زیندانەکانی ئەمەریکا

کاتێک هاوارد ڕوونی کردەوە  گرتووخانەکان هەڕەشەن بۆ سەر ژیانی کۆمەڵگە، بنیامین ڕەش، فیزیاناس و چالاکوانی بەدەستهینانی سەربەخۆیی بۆ وڵاتەکەی کە فیلادیفیا بوو، بیرۆکە و پێشنیارەکانی هاواردی پێشکەشی ئەمەریکا کرد.

دوابەدوای خوێندنەوە و تێگەیشتنی کتێبەکەی هاوارد، چاکسازانی بواری زیندانی ئەمەریکا داوای جۆرێکی نوێی زیندانیان کرد کە قاوشەکانی تایبەت بە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و تاوان دروست کرابن.

هاوارد پێشنیاری کردبوو یەکەکان ئاڵوگۆڕی هەواییان هەبێت و ڕۆژانە پاک بکرێنەوە، جلوبەرگ و جێگەخەوەکان هەفتانە بگۆڕرێن، هەروەها ستافێکی تەندروستی و پزیشک هەبن کە ئاگاداری تەندروستیی زیندانییان بن.

                       پلانداڕشتنی هاوارد بۆ شێوازی زیندانەکان لە کتێبەکەیدا

هەروەها هاوارد پێشنیاری کرد ”دەبێت تاوانبارانی ژن لە تاوانبارانی پیاو و جیا بکرێنەوە و  تاوانبارە گەنجەکان لە گەورەکان جیا بکرێنەوە. قەرزارەکانیش لە تاوانبارە هەستیارەکان بە تەواوی جیا بکرێنەوە”.

داوای کردبوو زیندانییانیش لە قاوشەکاندا لە ڕێگەی خانەی تایبەتەوە جیا بکرێنەوە لە یەکتر و بە هیچ شێوەیەک قەرەباڵغی دروست نەکرێت. هەموو ئەمانە یارمەتیدەر بوون لە بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکاندا.

لە ساڵی ١٩٧٤دا فیلادیفیا یەکەم شار بوو بەگوێرەی کتێبەکەی هاوارد گۆڕانکاریی لە زیندانی شارەکەیدا کرد، کە یەکەم زیندانی دەوڵەت بوو و مۆدێلی ئەو زیندانە لە سەرتاسەری جیهاندا لە ئێستادا کاری پێ دەکرێت.

خزمەتگوزاریی تەندروستی لە زیندانەکانی ئەمڕۆی ئەمەریکادا

ئەمەریکا ماوەیەکی زۆرە لە بنەمای زیندان کە شوێنی پارێزگاریکردنی کۆمەڵگە و زیندانییانە، لای داوە. بەوپێیەی بە هۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و زۆربوونەوەی ڕێژەی تاوانباران و زیندانی، لەسەر هەمان مۆدێلی زیندان هەوڵی داوە جێگای زیندانییان بکاتەوە. ئەمەیش قەرەباڵغییەکی ئێجگار زۆری لە زیندانەکاندا ناوەتەوە و چیتر شوێنی سەلامەتیی زیندانییان نەماوە.

لە ساڵی ١٩٩٣دا بڕیارێک لە دادگاوە بۆ ٤٠ ویلایەت دەرچوو کە دەبوو قەرەباڵغیی زیندانەکانیان کەم بکەنەوە، ئەگەرنا ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبنەوە، سەرەڕای ئەوەی دانیشتوانی زیندانەکان هەر لە زیادبووندا بوو.

لە ساڵی ٢٠١١دا دادگا ڕای گەیاند کە بە هۆی زۆربوونی ڕێژەی زیندانییان و قەرەباڵغیی زیندانەکانەوە تەندروستیی زیندانییان لە مەترسیدایە و چەندین کەیسی مردن و کوشتن ڕوویان داوە.

ئێستایش لە هەلومەرجی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا هەمان کێشەی قەرەباڵغی و زۆریی ڕێژەی زیندانییان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەیەکی بەرچاوی ڤایرۆسەکە و ژیانی زیندانییان و کۆمەڵگەیش لە مەترسیدایە. ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی گفتوگۆ لە بارەی ئازادکردنی بەشێک لە زیندانییەکان ببێتە باسی سەرەکیی بەرپرسانی وڵاتەکە.

کارەساتی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ پیشانی دا کە دیوارەکانی زیندان، زیندانییان و کۆمەڵگە لە یەکتر جیا ناکاتەوە، بۆیە زەرورەتی چاکسازییەکی دیکە بۆ زیندانەکان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی زیندانەکان لە دوای کۆتاییهاتنی ڤایرۆسەکە لەئارادایە و بە گەڕانەوە بۆ ئامۆژگارییەکانی هاوارد، دەبێت زیندانەکان قەرەباڵغ نەبن تاکو ژیانی زیندانییان و کۆمەڵگە پارێزراو بێت.

سەرچاوە (کلیک بکە)