رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

جیهان و کوردستان لە بەردەم داڕمانی کەشوهەوا و سەوزاییدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید ١٩) کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ملیۆنان خەڵک لە سەرتاسەری جیهاندا هەبوو و هێشتایش بەردەوامە، یەکێک لە شارەزایانی هەوا هۆشداریی داوە کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە داهاتوودا و دوای کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، زۆر لەو خراپتر دەبێت.

پیتەر دی مینۆکال، بەڕێوەبەری سەنتەری کەشوهەوا و ژیان لە شاری لامۆنت بۆ ڕۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێسی بەڕیتانی گوتوویەتی: ”چەندین مانگە وەک هەڕەشەیەک لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەڕوانین، بەڵام پێکوتەیەکی بۆ دەدۆزرێتەوە و کۆتایی دێت و دوای ساڵێک دەگەڕێینەوە باری ئاسایی، بەڵام لە دۆخی گۆڕانی کەشوهەوادا کێشەکە ئاڵۆزترە.”

لە بارەی ئەو پێشبینییانەی کە لە سەرەتای کەرەنتینەی گشتییەوە بۆ پاکبوونەوەی هەوا هەبوون، مینۆکاڵ گوتوویەتی: ”ڕاستە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ و داخرانی کارگەکانەوە کوالێتیی هەوا و ژینگە باشتر بوون و پاک بوونەتەوە، بەڵام ئەمە تەنها گۆڕانکارییەکی بچووکی دۆخێکە کە چەندین سەدەیە لەئارادایە، واتە دڵۆپێکە لە دەریایەکدا.”

بە بڕوای مینۆکال ”گۆڕانی کەشوهەوا وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوە کە لەپڕدا دەتەقێتەوە و لە ڕێی نەمانی ئاو و وەستانی بەرهەمهێنانی دەخڵودانەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر مرۆڤایەتی دەبێت” و تەنانەت ”ئەگەر بێتو لەمڕۆوە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی گازی کاربۆنیی زیانبەخشیش بوەستێنین، گەرمیی هەوا هەر ڕوو دەدات”.

لە پاڵ ئەم تێڕوانینانەیشدا، توێژینەوەیەکی نوێ دەری خستووە کە دووبارە گەشەکردنەوەی دارستانە سووتاوەکانی ئەمازۆن زۆر هێواشتر لەچاو جاراندا ڕوو دەدات. گەشەی هێواشیش ئاماژەیە بەوەی گۆی زەوی خەریکە بە هۆی چالاکییە مرۆییە زیانبەخشەکانەوە دەخنکێت.

هەروەها توێژینەوەکە هۆشداریی لەو بارەیەیشەوە داوە کە ”ئەگەر هەیە جیهان لە دۆزەخی کۆرۆنای نوێوە باز بداتە نێو دۆزەخی داڕمانی هەواوە، ئەگەر بێتو دەسەڵاتەکان ئابوورییەکانیان نەگۆڕن بە ئابووریی پاک و بە ئاڕاستەی پاککردنەوەی ژینگەدا کار نەکەن”.

لەگەڵ ئەم مەترسییانەی لەسەر کەشوهەوا و سەوزایی هەن، کێشەی ئاویش لە پاڵیاندایە. گۆی زەوی ٪٧٥ی بە ئاو داپۆشراوە، بەڵام ٪٩٧.٥ی ئەو ئاوە، ئاوی سوێرە و تەنها ٪٢.٥ی ئاوی پاکە، کە بۆ خواردنەوە دەشێت. لەە هەر ڕۆژێکیشدا و لە تەواوی جیهاندا، مرۆڤ بڕی ١٠ بلیۆن لیتر ئاوی پاک بە کار دەهێنێت.

بۆ نموونە هاووڵاتییەکی ئاسایی ئەمەریکی بڕی ١٠٠ بۆ ١٧٥ گاڵۆن ئاو لە ڕۆژێکدا بە کار دەهێنێت کە لەسەر ئاستی جیهانی دەکاتە بڕی ٤ ترلیۆن مەتر چوارگۆشەی ئاوی پاک لە ساڵیکدا.

کشتوکاڵیش بە تەنها ٪٧٥ بۆ ٪٩٠ی ئاوی پاکی هەرێمەکان بە کار دەهێنێت؛ یەک تەن گەنم پێویستی بە ١٠٠٠ تەن ئاو هەیە.

ئامارێکی ڕێکخراوی وۆڕلد کاونتسیش، بڕی کاتی ماوەی پێش کۆتاییهاتنی ئاوی سەر زەوی دەخەمڵێنێت و ڕای دەگەیەنێت: ”کاتی کۆتاییهاتنی ئاوی جیهان ماوەی ١٩ ساڵ و ٢٣٧ ڕۆژ و ١٢ سەعاتی ماوە.” ئەو خولەک و سەعاتانە بەردەوام لە بژاردندان و بە زوویی بەرەو تەواوبوون دەچن.

لە ئێستادا ئەم بۆچوونانە لە تەواوی جیهان و بە تایبەت و ئەورووپا و ئەمەریکادا هەن و هەمیشە چالاکوانان و ڕێکخراوەکان هۆشداری لە بارەی خراپتربوونی زەوی و لەناوچوونی ئامڕازە سروشتییەکانیەوە دەدەن. پاش فراوانتربوونی پیشەسازییە جیاوازەکان و گەشەسەندنی ناسیستەماتیکی کارگەکان و گەورەتربوونیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، لە پاڵیاندا سووتان و لەناوچوونی چەندین دارستان و جەنگەڵی گەورە و بڕینەوەی ملیارەها درەخت و ڕاوکردنی چەندین ئاژەڵی دەگمەن و پیسکردنی سەرچاوەکانی ئاو، وای لەو چالاکوان و ڕێکخراوانە کردووە هەرچی زووترە بەر بەو لێشاوە لە وێرانکردنی زەوی و ئاسمانەکان بگرن، بەڵام تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید ١٩) و وەستاندنی زۆرینە و بگرە تەواوی سێکتەرەکانی ژیان لە تەواوی جیهاندا، ئەو هەوڵانە و زۆر هەوڵی تریان پەک خست، بگرە ڤایرۆسەکەیش وەک نەهامەتییەکی گرانتر چووە پاڵ هۆکارە وێرانکەرەکانی تر.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتتر هەرێمی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستانیش لەم ماڵوێرانییە بەدەر نین. ساڵی پار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین دارستانی گەورەی بە هۆی سووتانەوە لە دەست دا، گەورەترین کێڵگەی درەختی زەیتوون لە ڕۆژئاوای کوردستان بەر هێرشەکانی سوپای تورکیا کەوتن، لە باکووری کوردستان ئەو شوێنانەی چاوەڕێی بەرهەمی مرۆیی و سروشتییان لێ دەکرێت، یان شەڕیان تێدایە، یاخود ڕووبەڕووی سیاسەتە فاشیستییەکانی تورکیا بوونەتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش جگە لەوەی دیسان سوپای تورکیا وەک هەمیشە بۆردومانی چیا و شوێنە سەوزەکانی دەکات و ناچار بە سووتانیان دەکات، لە ناو شارە گەورەکانی وەک سلێمانییشدا چیا و دەشتە سەوز و پڕ درەختەکان دەسووتێن. هەموو ئەمانەیش، لە هەموو پارچە و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بە دەستی ئەنقەست و مەبەستی سیاسی و ئابووری لێک دراونەتەوە و زۆرینەی ئەو چالاکوان و ڕێکخراوانەی قسەیان لەسەر کردووە، پێیان وابووە تەنها سەرمایەدار و سیاسییەکان سوود لەو کاولکارییەی سروشت دەبینن. دووبارە لە پاڵ هەموو ئەمانەدا، کۆرۆنای نوێ بوونی هەیە و خراپتر لە ئەورووپا و ئەمەریکا کاریگەریی دروست کردووە، هەر لە زوویشەوە نرخ و بەهای ئەو سامانە زۆرەی ئاو نەزانراوە کە خولەک بە خولەک پیستر دەکرێن و نرخی گلدانەوە و پارێزگاریکردنیان نازانرێت.

هەر وەک مینۆکال ئاماژەی پێ داوە، کۆڤید ١٩ تێدەپەڕێت و مرۆڤایەتی هێندە قۆناغەکانی زانستی تێپەڕاندووە کە پێکوتەیەک بۆ درێژەدان بە ژیان بدۆزێتەوە، بەڵام ئەوەی هەرگیزاوهەرگیز زانست ناتوانێت نوختەیەکی بۆ دروست بکات، جەنگەڵ و دارستان و چیا و دەشتە سەوزەکانن، کە بە نەمانیان پەیامی نەمانی هەوا و هەناسەی مرۆڤیان پێیە.

سەرچاوە (کلیک بکە)