رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

نوێترین راپۆرتی رێکخراوی CPT لەسەر هەرێمی کوردستان

Facebook
Twitter
LinkedIn

(لە ماڵپەڕی ستاندەردەوە وەرگیراوە)

من خۆم کەرەنتینە کردووە، نەک لە ترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵکو “بۆ ئەوەی وەکو براکەم بۆردوومان نەکرێم”. چیرۆکی (دلۆڤان شاھین)، کە ساڵی ڕابردوو لە لایەن ئاسایشی زاخۆ-وە دەستگیرکرا و دوای چەند مانگێک لە ئازادکردنیشی لە لایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە بەئامانج دەگیرێت و شەھیدکرێت.

ئەمەى خوارەوە نوێترین راپۆرتى ڕێکخراوی”CPT” بواری مافی مرۆڤە، لەسەر ئامار و داتای ورد سەبارەت بە بنکە و بارەگا سەربازی و ھەواڵگریەکانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان.

دلۆڤان شاهین، کە خەڵکی گوندی کەشانی سەر بە ناحیەی باتیفایە لە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، باوکی دوو منداڵ بوو، لە ناحیەی باتیفا دوکانداری دەکرد. لە ڕۆژی ٢٦ی تەمووزدا، دلۆڤان لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە بە ئامانج دەگیرێت و شەهید دەکرێت. ماوەیەک بەر لەو بۆردوومانە، دلۆڤان و فا‌ضل شاهین-ی برای، لە دوو کاتی جیاوازدا و بەبێ بڕیاری دادوەرلەلایەن ئاسایشەوە دەستگیردەکرێن و لە زینداندا مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵدا دەکرێت. وە لەدوای مەرگی دلۆڤانیش، ئاسایش هەڕەشە لە خێزان و کەسوکارەکەی دەکات بۆ ئەوەی باتیفا بەجێبهێڵن. لەهەمانکاتدا ڕێگری لە کەسوکاری دلۆڤان دەکەن بۆ ئیدانەکردنی شەهیدکردنی کوڕەکەیان و سەرزەنشتکردنی هەبوونی بنکە هەواڵگری و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا.

سەرباری سەرنج خستنە سەر قوربانیانی مەدەنی بۆردوومانە سنورییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا، لە هەمان کاتدا، ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر بارودۆخی نەخوازراوی ئەو خێزانانەی کە لەنزیک بنکە و بارەگاکانی تورکیادا ژیان بەسەر دەبەن.

باتیفا: لە ناوەندێکی گەشتیاری و بازرگانییەوە بۆ گۆڕەپانی شەڕ 

ناحیەی باتیفا دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای زاخۆیە لە پارێزگای دهۆک، تەنیا ٣٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاکەوە دوورە. ٧٨ گوند دەکەوێتە سنووری جوگرافیای ناحیەکەوە و لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانەوە ٢٧ گوند بەتەواوەتی چۆڵکراون و ناوچەکە بووەتە مەیدانی بەشێکی زۆر لە شەڕ و پێکدادانەکانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا.

 دڵشێر عبدالستار، بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە “سی پی تی” گووت:” ناوچەکەی ئێمە ناوچەیەکی دڵڕفێن و گەشتیارییە و ناوەندێکی گرنگی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق-ە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە، گەشتیاران ڕوو لە ناوچەکەمان ناکەن و وەک دەڤەرێکی سەلامەت بۆ گەشتیاری نایبینن. هەر لەساتی دەستپێکردنی یەکەمین بۆردوومانەوە تاوەکو ئێستا ٣٢ هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا، لە سنووری ناحیەی باتیفا و دەرکار لە زاخۆ شەهیدبوون و ١٠ هاووڵاتی دیكه‌ش برینداربوون.”

لەماوەی ڕابردوودا تورکیا دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەناوەکانی “چنگی هەڵۆ” و “چنگی پڵنگ” لە خاکی هەرێمی کوردستاندا ڕاگەیاند. لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەدا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، زۆربەی گوندەکانی دەروبەری ناحیەی باتیفا، ڕۆژانە بۆردوومان دەکرێن. سەرباری بۆردوومانەکان، هەڵمەتی سەربازی خاکڕەوی تورکیا ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی خستۆتە مەترسییەوە. لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە تاوەکو ئێستا، سوپای تورکیا ١٠ گوندی لە سنوری ناحیەی باتیفا داگیرکردووە. لەدوای ئەوەی دانیشتوانەکانیان بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە بۆ سەلامەتی گیانیان گوندەکانیان بەجێهێشت، لەئێستادا هەردوو گوندەکانی “پیر بلە” و “ئەبلەهێ” بەتەواوەتی چۆڵکراون.

دەوڵەتی تورکیا بۆ بەڕیوەبردن و ئەنجامدانی بەشێکی زۆر لە هێرش و دەستدرێژییە سەربازییەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا، ٣٧ بنکەی سەربازی و هەواڵگری دامەزراندووە. زۆرینەی بنکە و بارەگاکانی تورکیا بەقوڵایی زیاتر لە ٣٥ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان جێگیرکراون. بەشێکیان نزیکتریش لە ناوەندی ئاوایی و شارەکانی وەک دهۆک و زاخۆ و سۆراندا جێگیرکراون. ١٤ لەو بنکە سەربازییانە دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆکەوە. بەتەنیا لە سنوری ناحیەی باتیفا و قەزای زاخۆ٣ بنکەی سەربازی دەوڵەتی تورکیا هەیە بەناوەکانی “گرێ بییە، شێرت و گەلی زاخۆ”. وەهەروەها دوو بنکەی هەواڵگری دەزگای میت-یش، دانەیەکیان لە ناو ناحیەی باتیفا و دانەیەکی تریان لە ناوەندی قەزای زاخۆدا هەن. تورکیا لە بنکە و بارەگا نوێکانیەوە چەندان هێرشی بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە. لە ٢٠ی ئابدا سەربازانی تورک لە بارەگایەکی سەربازی دەوروبەری گوندی “شەپان”ەوە تەقە بەڕووی گوندەکەدا دەکەن و نەوزاد ڕەشید-ی تەمەن ٣٣ ساڵ بە سەختی بریندار دەکەن. لە ڕۆژی ٢١ی ئابدا، سەربازانی تورک لە بنکەیەکی سەربازی تورکیاوە لە سنوری ناحیەی باتیفا، هێرش دەکەنە سەر ٣ ماڵی مەدەنی و هەرسێ ماڵەکە دەتەقێننەوە.

شوێنی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا. ئەم نەخشەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە.


دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵ و بۆردوومانکردن

لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، “دلۆڤان شاهین عومەر”، لەلایەن ئاسایشی قەزای زاخۆ-وە پەیوەندی پێوە دەکرێت کە سەردانی دەزگای ئاسایش بکات لە قەزای زاخۆ، دوای ئەوەی کە دلۆڤان دەچێت بۆ بارەگای ئاسایش، هەر ئەوکاتە بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر دەکرێت و بۆماوەی ٢٥ ڕۆژ لە زینداندا دەهێڵدرێتەوە. کەسوکاری دلۆڤان بە “سی پی تی” یان ڕاگەیاند، کە دلۆڤان لە زینداندا ئەشکەنجەدراوە و لێیدراوە بۆ ئەوەی پەڕاوی دانپێدانان بە تاوان لە دژی خۆی واژۆ بکات. عومەر شاهین، برای دلۆڤان، بە “سی پی تی” گووت:” براکەی ئێمە بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیرکرابوو، تۆمەتی هاوکاریکردنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیان دایه‌پاڵ بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدانەبوو بۆ سەلماندنی ئەوە. دوای ئازادکردنیشی بەردەوام چاودێری دلۆڤان دەکرا. دلۆڤان نە داعش بوو، نە هێزی بێگانەی وڵاتانی هێنابووە سەر خاکی هەرێمی کوردستان تاوەکو بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و چاودێری بکرێت.”

لە دوای ئازادکردنی دلۆڤان، لە ڕۆژی ٢٤ی حوزەیراندا مەفرەزەیەکی ئاسایش هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی فاضل شاهین-ی برای دلۆڤان و دەستگیری دەکەن. فاضڵ بە “سی پی تی” گووت: “سەرەتا بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک دەستگیریان کردم و دواتر تۆمەتەکەیان گۆڕی و گوتیان تۆ پەیوەندیت لەگەڵ پەکەکەدا هەیە بۆیە دەستگیرمان کردوویت!. لەکاتێکدا من پێشمەرگەم و هیچ پەیوەندیەکم بە پەکەکەوە نییە. ١٩ ڕۆژ بە بەردەوامی ئەشکەنجەدرام و داوایان لێدەکردم دان بە تاوانێکدابنێم کە من نەمکردووە. ڕۆژانە بەدەست بەستراوی هەڵیاندەواسیم. بەشەق و بۆکس لێیاندەدام.” ئاسایش هەڕەشەی ئەوەی لە فاضڵ دەکەن، کە ئەگەر لەبەردەم دادوەردا، دان بە پەیوەندی نێوان خۆی و پەکەکەدا نەنێت ئەوا دەیکوژن.

لەدوای مانگێک و پێنج ڕۆژ لە دەستگیرکردنی فاضڵ، نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٦ی تەمووز، یەکێک لە خزمەکانی ماڵی دلۆڤان، تەلەفون بۆ دلۆڤان دەکات و پێیدەڵێت ئەمڕۆ فاضڵی براتان ئازاد دەکرێت. ماڵی دلۆڤان دەیانەوێت ئەو ڕۆژە هەموویان کۆببنەوە و بەخۆشی ئازادکردنی کوڕەکەیان ئێوارەخوانێک سازبکەن و شادی بگێڕن. پەیمان گەنجۆ، هاوژینی دلۆڤان، لە لێدوانێکدا بۆ “سی پی تی”، گوتی: “دوای بیستنی هەواڵی ئازادکردنی فاضڵ، داوام لە دلۆڤان کرد بچێت بۆ ماڵی دایکم لە ناحیەی سەرسنک کە ٤٥ کیلۆمەتر لە باتیفا-ەوە دوورە. بۆئەوەی دایکم بهێنێت بۆ باتیفا و ئەویش لە  ئاهەنگ و شادی ئەم ئێوارەیە لەگەڵمان بەشداربێت، کاتێک دلۆڤان دەگاتە گوندی “حەسەن پیرک” لە ناحیەی بامەڕنێ، چاوی بە هاوڕێیەکی خۆی دەکەوێت و لە قەراغی ڕێگاکە بۆ هەواڵپرسینی یەکتری دەوەستن. لەوکاتەدا، فڕۆکەیەکی جەنگی دەوڵەتی توکیا بۆردوومانی ئۆتۆمبێلەکەی دلۆڤان دەکات و لەئەنجامدا دلۆڤان و هاوڕێکەی بەناوی عەبدوڵڵا عومه‌ر شەهید دەبن. دلۆڤان تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو کە شەهیدکرا.

لە درێژەی قسەکانیدا پەیمان گەنجۆ، گووتی: “ناتوانم بیر لە ژیانی دوای دلۆڤان بکەمەوە. دلۆڤان لە دوای خۆی کچێکی ته‌مه‌ن ٤ ساڵ و کوڕێکی ٣ ساڵەی بەجێهێشتووە. سیپانی کوڕم لەوە تێناگات کە چی ڕوویداوە بەڵام بەردەوام دەگریت. نورای کچیشمان تائێستا پێی وایە باوکی لە دووکانەکەیەتی و نەگەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە، بەردەوام داوای باوکی دەکات.”


 ئازادکردنی فاضڵ و گەمارۆدانی ماڵی دلۆڤان لەلایەن ئاسایشەوە 

وەک بڕیار وابوو کە ڕۆژی ٢٦ی تەمووزدا، فاضڵ ئازادبکرێت، بەڵام سەرباری شەهید بوونی دلۆڤان ئەو ڕۆژە فاضڵ ئازادنەکرا. بۆیە لە سێیەم ڕۆژی پرسەی دلۆڤان دا، خزم وکەسوکاری دلۆڤان سەردانی ئاسایش و بەرپرسانی ناوچەکەیان دەکەن و داوای ئازادکردنی فاضڵ-یان لێدەکەن. لەژێر فشاری بنەماڵەکەیدا، فاضڵ لەڕۆژی ٢٨ی تەمووز ئازاد دەکرێت.

لەدوای نزیکەی مانگێک لە ئازادکردنی، فاضڵ بۆ “سی پی تی” گووتی : “لەئێستادا وەکو مردووێکی نەشاردراوە وام. کاریگەری ئەشکەنجە و ئازارەکانی زیندان بەسەر جەستەمەوە ماوە. براکەم بەبێ تاوان شەهیدکرا. من کارەکەمم لەدەستداوە و ناتوانم هیچ کارێکی تر بکەم. چونکە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی توکیاوە بەردەوام چاودێریمان لەسەرە. بۆیە لەماڵەوە خۆم کەرەنتین کردووە. نەک لەبەر مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵکو لەترسی بۆردوومان و فڕۆکەکانی تورکیا لە ماڵەوە نایەمە دەرەوە بۆئەوەی هەمان چارەنوسی برا شەهیدکراوەکەمم نەبێت.”

لە ڕۆژی ٣١ی تەمووز کە دەکاتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، خانەوادە و کەسوکار و هاوڕێیانی دلۆڤان، بڕیاردەدەن بە ڕێپێوان بچن بۆسەر گۆڕی کوڕەکەیان و وەک بەشێک لە کلتوری دێرینی کورد لەسەر گۆڕی کوڕە شەهیدەکەیان جەژنە پیرۆزە بکەن. بەڵام لەوکاتەدا ئاسایشی باتیفا، ڕێگەیان لێدەگرێت و ١٣ کەس لە هاوڕێیان و کەسوکاری دلۆڤان دەستگیردەکات. لەناو دەستگیرکراوەکاندا، پەیامنێری دوو دەزگای میدیایی ناوخۆییش هەبوون. عومەر شاهین، برای دلۆڤان، بە “سی پی تی” گووت: “لەدوای ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی ڕێپێوانەکە، هێزێکی ئەمنی گەورە لە دەوروبەری ماڵەکەمان جێگیرکرا و بە خانەوادەکەمان گوترا بۆ پاراستنی ئاسایشی بارەگای میتی تورک کە تەنیا ٢٥ مەتر لە ماڵەکەمانەوە دوورە و لە ساڵی ١٩٩٧ەوە لەوێ جێگیرکراوە، وا باشترە بەزووترین کات، ناحیەی باتیفا بە جێبهێڵین و لە شوێنێکی تر نیشتەجێببین. لە هەمانکاتدا ئەو پەنجەرەیەی کە لەسەربانی ماڵەکەمانەوە دەیڕوانییە کۆڵانی پشتەوەی ماڵەکەمان بە پلێتێکی ئاسنین قەپاتکرا.”

سەرەنجام، لەدوای چەندین گفتوگۆ و دانیشتن لە نێوان خێزان و خزم و کەسوکاری دلۆڤان لەگەڵ ئاسایشدا، ئاسایش بە مەرجی ئەوەی کە خێزانی دلۆڤان هیچ کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بنکە هەواڵگرییەکەی میت، لە باتیفا نەنوێنن، ڕێگە بە خێزانەکە دەدات کە لە باتیفا بمێننەوە. کەسوکاری دلۆڤان، بە “سی پی تی”یان گووت، کە ئاسایش بەردەوامە لە چاودێریکردنی جموجۆڵی ئەندامانی خێزانەکەیان.

مەترسییە بەردەوامەکان لەسەر خێزانی دلۆڤان

تیمی کوردستانی عێراقی “سی پی تی”، وەک ڕێکخراوێکی بواری مافی مرۆڤ کە لەساڵی ٢٠٠٧ەوە کار بۆ ئاشتی و پاراستنی ماف و ژیانی هاوڵاتیانی بە ئامانج گیراو لە لایەن سوپا و هێزی ئاسمانی تورکیاوە دەکات لە هەرێمی کوردستاندا، مەترسی جددی دەربارەی سەلامەتی گیانی ئەندامانی خێزانی دلۆڤان ڕادەگەیەنێت. مانەوەی بنکەی هەواڵگری میت، لەناو باتیفادا کە نزیکەی ٣٠ هەزار هاوڵاتی دانیشتووی ناحیەکەن، مەترسی جددیە بۆسەر سەلامەتی گیانی خێزان و کەسوکاری دلۆڤان. مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە دەریدەخات کە ئەرکی لە پێشینەیان بووەتە پاراستنی بنکە هەواڵگرییەکان و پشتیوانیکردنی هەڵمەتە سەربازییەکانی تورکیا لە جیاتی پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی کوردستانی عێراق. دەستگیرکردن بەبێ فەرمانی دادوەر و مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ زیندانیاندا کارێکی نایاساییە و سەرپێچیکردنە لە بەندەکانی ١١،١٠،٩،٥،٣ و ١٣-ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ. وەهەروەها لە ماددەی ٣٢٢ی یاسای سزادانی عێراقیدا بەڕوونی ئاماژە بەوە کراوە کە دەستگیرکردنی هاوڵاتیان بەبێ بڕیاری دادەوەر و ئەشکەنجەدانیان کارێکی نایاساییە و بکەرانی دەبێت سزابدرێن.

بارودۆخی نەخوازراو و مامەڵەی نادروست بەرامبەر بە دلۆڤان و فاضڵ و ئەندامانی تری خێزانەکەیان نیشاندەری ئەو دۆخە نالەبارەیە کە هاوڵاتیانی تری مەدەنی لەو شار و شارۆچکانەدا پێیدا تێپەڕدەبن کە لەلایەن بنکە سەربازی و هەوالگرییەکانی تورکیاوە داگیرکراون.

بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا، لەم بارەیەوە بۆ “سی پی تی” گووتی: “جموجۆڵە سەربازییەکانی تورکیا مەترسی جددیان بۆ سەر ژیان و بژێوی جوتیاران و گوندنشینانی سنوری ناحیەی باتیفا دروستکردووە. ئەوانەی دەبنە قوربانی شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا بەزۆری هاووڵاتیانی مەدەنی هەرێمی کوردستانی عێراقن. ئێمە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لە پێناو پاراستنی سیادەی عێراق هەڵوێستی جددی بنوێنن و فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ وەستاندنی بۆردوومانەکان. لە هەمانکاتدا داوا لە تورکیا و پەکەکە دەکەین کە بە گفتوگۆ و دیالۆگ کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن

ڕاسپاردەکان

“سی پی تی” بانگەواز لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە دڵنیایی بدات لە پاراستنی مافی سەلامەتی هاونیشتیمانیان و ڕەخساندنی دادگاییەکی دادپەروەرانە. وە ڕێگریبکات لە زۆرلێکردن و مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا. هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی “ناتۆ”  و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بۆ ڕێزگرتن لە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ وەستاندنی تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا، کە زیاتر لە سێ دەیەیە بەڕێوەدەچن. وە دەستپێشخەری بکەن بۆ چارەسەری ئاشتیانە لە نێوان تورکیا و هێزە چەکدارەکان، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ناکۆکی درێژخایەنی نێوانیان.