رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

زارا محەمەدی و دۆزێکی هەمیشە زیندوو

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ژیر دانا

لە مانگی ٥ی ساڵی ڕابردوودا، زارا محەمەدی، مامۆستا و چالاکوانی کورد لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کورستان دەستگیر کرا. تاوانەکەی زارا، وتنەوەی وانەی زمانی کوردی بوو بە منداڵە خوێندکارەکانی سنە و گوندەکانی دەوروبەری. لە ماوەی گرتنیدا، زارا مامەڵەیەکی توندی لەگەڵ کرابوو و بە هۆی ئەشکەنجە و فشاری بەردەوامەوە، ناچار کرابوو کە دانپێدانانی ناڕاست پێشکەش بکات. ماوەی دەستبەسەربوونیشی تا مانگی ١٢ی هەمان ساڵی خایاند و لەو کاتەدا، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەن ئازاد کرا، بەڵام کەیسەکەی هەر بە کراوەیی مایەوە. تا دواجار لە بەرواری٢٠٢٠/٠٧/١٤ لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە پێی ڕاگەیەندرا، سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی وەرگرتووە.

زارای تەمەن ٢٨ ساڵ، لەدایکبووی گوندی سەراوڵەی شاری دێولانی سەر بە پارێزگای سنەیە. ئەو بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دەبێت، خۆبەخشانە وانەی فێربوونی زمانی کوردی بە منداڵی شار و ناوچە کوردییەکان دەڵێتەوە. بەشی زۆری کارەکانی زارا، لە ڕێگەی ڕێکخراوی نۆژینەوە بووە، کە زارا خۆی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی و لە ماوەی پێشوویشدا، بە سەرۆکی ڕێکخراوەکە هەڵبژێرابوو. ڕێکخراوی نۆژین ماوەی ١٠ ساڵ دەبێت دامەزراوە و ئامانجی بڵاوکردنەوە و فێرکردنی زمانی کوردییە لە ناو شارە کوردنشینەکاندا.

دەستبەسەرکردنی زارا و حوکمدانی، تاکە هەوڵی حکومەتی ئێران نییە بۆ قڕکردنی ئەو هەوڵانەی کە لە خزمەتی زمانی کوردیدان. لە پێشتردا، زارا و ڕێکخراوەکەیشی چەندین جار تۆمەتیان ئاڕاستە کراوە و هەوڵی وەستاندنی کارەکانیان دراوە. چەندین کەیسی دەستگیرکردن و ئازاردان و تەنانەت کوشتنیش هەن بەرامبەر بە کەسانی وەک زارا. فەرزاد کەمانگەر یەکێکە لە نموونەی ئەو کەسانەی کە بە هۆی وتنەی وانەی زمانی کوردییەوە، ساڵی٢٠١٠ لە سێدارە دراوە.

دوای دەرچوونی بڕیاری ١٠ ساڵ زیندانییەکەی زارا، دەنگدانەوەیەکی زۆری دروست کرد لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا. ڕێکخراوی نۆژین، سەرەڕای ئەوەی کە فشارێکی زۆر کەوتووەتە سەریان و حکومەتی ئێران ڕێگریی لە زۆربەی کار و چالاکییەکانیان کردووە، بەڵام بەردەوام لێدوان لەسەر دۆخی زارا بڵاو دەکەنەوە و داوا لە ڕێکخراوەکانی دیکە و خەڵک دەکەن کە لەسەر کەیسەکەی زارا بێنە دەنگ. هەروەها پلانی ئەوەیشیان داناوە لە وەرزی نوێی کارکردنیاندا لە پاڵ فێرکردنی زمانی کوردی، سەرنجێکی زۆریان لەسەر داکۆکیکردن لە زارا بێت.

کۆبەندی ژنان دەتوانن لە باشووری کوردستان لە پەیوەند بەم بابەتەوە، داوایان کرد کەمپینێک ڕابگەیەنرێت کە تێیدا خەڵک و ڕێکخراوەکان، یاداشتێکی هاوبەش بنووسن و ئاڕاستەی کونسوڵخانەی ئێرانی بکەن بۆ ئازادکردنی زارا. دواجار لە بەرواری ٢٠٢٠/٠٨/٢٠ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، کەمپینەکەیان ڕاگەیاند و سوپاسی هەموو ئەو خەڵک و ڕێکخراوانەیان کرد کە بەشدار بوون لە کەمپینەکەدا.

هەر لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا، زیاد لە ١٠٠ دادوەر و پارێزەر و شارەزای بواری یاسا، پێکەوە داوایەکیان ئاڕاستەی لایەنی نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان کرد بە مافی مرۆڤ. ئامانجی داواکەیشیان ئازادکردنی زارا و هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەیەتی. جگە لەوەیش، هەوڵ دەدەن بە هاوکاریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان فشار لەسەر حکومەتی ئێران دروست بکەن کە چیتر ڕێگر نەبێت لە بەرامبەر بڵاوکردنەوە و فێرکردنی زمانی کوردی.

جگە لە ناوخۆی کوردستان، لە دەرەوەیش و لە لایەن چەندین لایەنی جیاوازەوە دەنگی ناڕەزایی، بەرامبەر بە بڕیارەکەی حکومەتی ئێران لە دژی زارا محەمەدی بەرز کراوەتەوە. حەیدەر خەزری کە مامۆستای یاریدەدەرە لە زانکۆی سەنتراڵ فلۆریدا، ڕاپۆرتێکی لە ماڵپەڕی ئۆپن دیموکراسی بڵاو کردووەتەوە. لەو ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بە دۆخی زارا کراوە هەر لە هەڕەشە و فشارەکانی سەری، تا دەگات بە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەکانیشی. ئەوەیش کە جێگای سەرنجە لە ڕاپۆرتەکەدا، بەستنەوەی بابەتەکەی زارایە بە پلانێکی درێژخایەنی حکومەتی ئێرانەوە، بۆ سڕینەوە و پاکتاوکردنی کولتوور و زمانی کەمینەکان. ئاماژەیشی بەوە داوە کە زۆرینەی ئەو کەسانەی بەشدارن لە کۆمەڵکوشتن و پاکتاوکردنی کەمینەکان، هێشتا لە ناو حکومەتدا پۆست و پلەی باڵایان هەیە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییش دوای ڕووداوەکە هەڵوێستی هەبووە و پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی بە داواکاری گشتیی پارێزگای سنە کردووە. لەو پەیامەدا، ئازادکردنی بێ مەرجی زارای داوا کراوە و ئاماژەیش بە چەندین پێشێلکاری و سەپاندنی زانیاریی هەڵە کراوە لەسەر زارا. بە تایبەت ئەو تۆمەتانەی کە دەزگا ئەمنییەکان داویانەتە پاڵ زارا کە گوایە جیا لە کاری ڕێکخراوەیی، پەیوەندیی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکاندا هەبووە و خەریکی کار و چالاکیی دژ بە حکومەت بووە. هەروەها بە هۆی نەبوونی هیچ زانیارییەک لەسەر باری تەندروستیی زارا و دڵنیابوونیش لەوەی کە ئەشکەنجە دراوە، داوا لە حکومەتی ئێران کراوە کە بە زووترین کات ڕێگە بە خانەوادەی زارا بدەن تا کچەکەیان ببینن و لە باری تەندروستیی دڵنیا بن. لە ئێستایشدا شوێنی زارا ئاشکرا نییە و گومانیش دەکرێت کە حکومەت بە زەبری ئەشکەنجە، لێدوانی هەڵە لە زارا وەربگرێت تا کەیسەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و زارا ئازاد نەکرێت.

سەرچاوە (کلیک بکە):

١

٢