رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی خوێندنی ئۆنلاین لەسەر خوێندکار و کۆمەڵگە

Facebook
Twitter
LinkedIn

فەرهاد سەعدی و لاوک ئەبوبەکر

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید ١٩) تەنگی بە جیهان هەڵچنیوە و بەبێ جیاوازی، تەواوی وڵاتەکانی گرتووەتەوە. عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە زیانەکانی ئەم ڤایرۆسە بێبەش نەبوون و بە هەمان شێوە تەواوی لایەنەکانی ژیان و کۆمەڵگەی گرتووەتەوە، کە کەرتی پەروەردە لە هەرە زەرەمەندەکانە.

لە هەرێمی کوردستان، خوێندنی وەرزی ٢٠١٩ – ٢٠٢٠ لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتدا ڕاگیرا و بڕیاری بەئەلیکترۆنیکردنی خوێندن درا و بە نیوەناچڵی جێبەجێ کرا، هەر بەم هۆیەشەوە وەزارەتی پەروەردە لە زۆربەی قۆناغەکانی خوێندندا، نمرەی خولی یەکەمی خوێندنیان کردە بنەما بۆ تەواوکردنی ئەو وەرزە، چونکە کەمترین خوێندکار و مامۆستا پێشوازییان لە ئەڵتەرناتیڤەکەی حکومەت کرد.

لە ئێستادا کە کاتی وەرزی نوێی خوێندنە، زۆربەی وڵاتان دەرگای خوێندنگەکانیان کردووەتەوە، تەنانەت ئەو وڵاتانەیش کە لە ماوەی ڕابردوو و ئێستایشدا ڤایرۆسەکەیان بنبڕ نەکردووە. لە چین، کە شوێنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە، تێیدا خوێندن ئاسایی بووەتەوە، چەند رۆژیک لەمەوبەریش لە ئێران هەمان شت ڕووی دا و لە زۆربەی وڵاتە ئەورووپییەکانیش خوێندن ئاساییە؛ هەڵبەت لە هەر یەکێک لە وڵاتەکان، بە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێنماییە تەندروستییە جیهانییەکان و خۆپارێزیی تەواوی خوێندکاران و مامۆستایانەوە ئەم بڕیارە دراوە.

لەگەڵ ئەم هەنگاوانەی حکومەتە جیاوازەکانی دنیادا، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وەرزی خوێندنی ٢٠٢٠ – ٢٠٢١ بە ئۆنلاین بێت، جگە لە پۆلی ١٢ی بنەڕەتی. ئەم بڕیارەیش لە کاتێکدایە کە چەندین ڕێگەی تر بۆ حکومەت پێشنیار کراوە، کە تێییاندا بە پابەندبوون و خۆپارێزیی تەواوەوە خوێندنگەکان بکرێنەوە، وەک بچووککردنەوەی پۆلەکان بۆ نیوە کە سێ ڕۆژ بە سێ ڕۆژ خوێندکاران دەوام بکەن، بەڵام دواجار حکومەت بڕیاری بەئەلیکترۆنیکردنەکەی دا.

بڕیارەکە کاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە، بەشێکی خوێندکاران و مامۆستایان پێیان وایە زیانی زۆر لە کەرتی پەروەردە و فێرکردن و ئاستی زانستیی خوێندکاران دەدات و درزێك دەخاتە نێوان خێزان و خوێندنگەوە، کە لە داهاتوودا لێکەوتەکانی دەردەکەون.

یەكێك لە هەنگاوەكانی چاكسازی لە بواری پەروەردە و فێركردندا، بەستنەوەی ئەم دامەزراوەیەیە بە خێزانەوە، چونكە خوێندنگە و خێزان دوو بنەمای سەرەكین لە دامەزراوەی كۆمەڵایەتیدا و یەكتر تەواو دەكەن و یەك ئامانجی هاوبەشیان هەیە، ئەویش پەرەپێدان و گەشەسەندنی مرۆییە لە كۆمەڵگەدا. پەروەردەكردنی منداڵ لە خێزانەوە دەست پێ دەكات، واتا سەرەتاكانی پەروەردە لە ناو خێزانەوە سەر هەڵدەدات، بەردەوامیی پەروەردەكردنیش بەبێ بوونی خوێندنگە وەك دامەزراوەیەكی پەروەردەیی و بەپێی سیستەمێكی دیاریكراو. واتا خوێندنگە ڕوویەكی دیكەی گەورەی دامەزراوەی كۆمەڵایەتییە لە پێگەیاندنی نەوە دوای نەوە و شوێنی دروستکردنی كەسایەتییەکی تەندروستە بۆ منداڵ. ئەمە بەو مانایە دێت، خوێندنگە تەواوكەری خێزانە لە پێشكەشكردنی خزمەتە پەروەردەییەكاندا، دوای تێركردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی قۆناغەكانی گەشەسەندنی جەستەیی، عەقڵی و كۆمەڵایەتی، تا دەگاتە پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی. بوونی ستراتیژییەکی هاوبەش و تەواوكەری یەكتر لە نێوان خێزان و خوێندنگەدا، هۆكارێكە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە و خودی تاكەكانی نێو ئەو كۆمەڵگەیەیش. ژیانی نێو خوێندنگەیش هەر چەند فراوانترە، بەڵام وەك خێزان كۆمەڵگەیەكی بچووكە، لە چوارچێوەی سیستەمێك و یاسادا ڕێك خراوە.

کاروان محەمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی لە یەکێک لە خوێندنگە ناحکومییەکان، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی فراوانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، پێی وایە کە زیانەکانی خوێندنی ئۆنلاین لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتیی خوێندکاران و خێزانەکانیان زۆر دەبێت و بۆ ماڵپەڕی ئازادبوون وتی: ”بەپێی یەکێک لە تیۆرییە پەروەردەییەکان، پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن (سۆسیۆ کولتووری) پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە و خوێندکار لە ڕێگەی بەکۆمەڵایەتیبوونەوە فێر دەبێت و پەروەردە دەکرێت. بەڵام ئەوەی لە خوێندنی ئۆنلایندا نییە، ئەوەیە کە خوێندکار بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتیی دەوروبەری نامێنێت، لە کەشی ناو خوێندنگە و پۆل دادەبڕێت، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی خوێندکار لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ڕاستەوخۆکانی لەگەڵ خوێندکاری دیکە و مامۆستا دادەبڕێت، ناتوانێت پەیوەندیی هاوڕێیانەی نوێ لەگەڵیاندا دروست بکات. ئەم خوێندکارە بە هۆی خوێندنی ئۆنلاینەوە، زیاتر کاتەکانی لە ماڵەوە و لەگەڵ خێزانەکەیدا بەسەر دەبات، لە هەموو چالاکییە گرووپییەکانی ناو خوێندنگە، گرووپە وەرزشییەکان، هونەرییەکان، زانستییەکان و… دادەبڕێت و کاریگەریی لەسەر کەسایەتیی داهاتووی خوێندکارەکە دەبێت. خوێندکارێک کە هەموو ئەوانەی نەبووە، ناتوانێت لە دۆخێکی ئاساییدا کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی هەبێت و تووشی زەحمەت و قورسی دەبێتەوە لە ئەگەری دروستبوونی هەر پەیوەندییەکدا.”

سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم هەلومەرجە، کاروان گوتی: ”مانەوەی خوێندکار بە درێژایی ڕۆژ و کاتەکانی لەگەڵ خێزانەکەیدا، وای لێ دەکات ئەم بەرچاوڕوونیی سەبارەت بە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازە کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی و ڕەگەزییەکان نەبێت، کە لە هەموو خوێندنگە و کۆمەڵگەیەکدا هەن. ئەمەیش کاریگەریی خراپی لەسەر خوێندکارەکە دەبێت کە لە داهاتوودا نەتوانێت جیاوازییەکان قبووڵ بکات و بەبێ کێشە و گرفت لەگەڵیاندا هەڵبکات.”

کاروان محەمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی

لە ڕووی زانستییشەوە، سنوور تەها بەم جۆرە باسی لە زیانەکانی ئەو جۆرە خوێندنە بۆ ماڵپەڕی ئازادبوون کرد: ”دەتوانین بڵێین خوێندنی ئۆنلاین زیانی زیاترە لە سوودەکانی. ئەگەر سەرەتا لە ڕووی فێربوونی وانەکانەوە سەیری بکەین، ئەوا خوێندنی ئۆنلاین لەگەڵ ڕێگەکانی وەرگرتنی زانیاری لە لایەن مرۆڤەوە ناگونجێ، کە بریتین لە ڕێگەکانی بیستن، بینین، بەرکەوتن، کە لە هەر مرۆڤەو ڕێگەیەکیان زیاتر زاڵە لەچاو دوانەکەی تردا، بەڵام هەموویان هاوکارن لەوەی چۆن ئێمە زانیارییەکان وەربگرین. بۆ نموونە هەیە زیاتر لە ڕێگەی بینینەوە دەتوانێت زانیارییەکان وەربگرێت، واتە ئەگەر مامۆستاکە نەبینێت و تەنها گوێی لە دەنگی بێ، زۆر بە زەحمەتتر دەتوانێت زانیارییەکە وەربگرێت، هەیە لە ڕێی بیستنەوە و هەیشە لە ڕێی بەرکەوتنەوە، کە پێی خۆشە مامۆستاکەی لێیەوە نزیک بێت، دەست بدات لە کتێبەکانیەوە، هەست بە نزیکی و دەستلێدان بکات، کە ئەگەر لێرەوە سەیرێکی خوێندنی ئۆنلاین بکەین، یەکێک یان دوان لەم ڕێگەیانەی تێدا نابێ، چونکە بە گشتی لە خوێندنی ئۆنلایندا خوێندکار ناتوانێت مامۆستاکەی ببینێ، لەبەر ئەوەی کامێراکە لەسەر کتێب و نووسینەکان دەبێت بە گشتی، بە دڵنیایی هیچ دەستلێدان و بەرکەوتێک بوونی نابێت، بۆیە لە دیوە فێرکارییەکەیدا، خوێندنی ئۆنلاین شکست دەهێنێت.”

بە هەمان شێوەی کاروان، سنووریش پێی وایە خوێندنی ئۆنلاین زیانی کۆمەڵایەتی و دەروونیی هەیە: ”ئەوەی دەمێنێتەوە، دیوە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکەی خوێندکارە، بە تایبەت بۆ قۆناغە سەرەتاییەکان، کە کاتێک منداڵێک دێتە خوێندنگە، بۆ پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوون گرنگە. ڕاستە ئەرکی ئاشکرای خوێندنگە فێرکردنی کۆمەڵێک زانستە، بەڵام ئەرکی شاراوەی ئەم دامەزراوەیەمان نابێت لە یاد بچێت، کە یارمەتیی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوونی منداڵ دەدات تا قۆناغە سەرەتاییەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی بە باشی ببڕێت، چونکە پێشتر، هەموو ئەوەی مناڵەکان تێکەڵی بوون، خێزان و خزمەکانی بووە کە ئیدی ئەوان بوون بە کەسانێکی ئاشنا بۆی. بەڵام لەمە بە دوا، پێویستە کەسانی نوێ بناسێت، کەسانێک کە پێشتر نەیبینیون، مناڵی هاوتەمەنی خۆی و مامۆستاکان بناسێت، لەم تێکەڵاوبوونەوەیە وردە وردە فێر دەبێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسانی تردا بکات و ئاشنایەتی لەگەڵ کۆدە کۆمەڵایەتییەکان پەیدا بکات و فێریان ببێت، چونکە ئەوە ڕوونە لامان کە منداڵێک تێکەڵ بە کۆمەڵگە نەبێت (کە تێکەڵبوونی منداڵ لەگەڵ کۆمەڵگە زیاتر لە ڕێی خوێندنگەوەیە و وایش باشترە لەوێوە بێت) ئەوا ئیدی مامەڵەکردن بۆی سەخت دەبێت و هەندێک جار لەوانەیە وەک گێلێک ببینرێت.”

بۆ پاساودانی ئەم ڕایەی، سنوور نموونەی فیلمی ”کاپتن فانتاستیک”ی هێنایەوە، کە تێیدا ”باوکێک منداڵەکانی نەناردووەتە خوێندنگە و پێکەوە دوور لە شارستانیەت دەژین، کاتێک دێنەوە ناو شار و شارستانیەت، ئەو منداڵانە چۆن وەک کەسێکی سەیر و نامۆ دەرەکەون لەگەڵ ئەو کەسانەی کە تێکەڵیان دەبن”. هەر بۆیە سنوور پێی وایە ”خوێندنی ئۆنلاین ئەم تێکەڵبوونە کۆمەڵایەتییە دەسەنێتەوە و دەکرێت منداڵەکان دووچاری هەموو ئەو شتانە ببن. لە ڕووە دەروونییەکەیشەوە، سنوور دەڵێت ”ئەمە کاریگەریی بۆ سەر ئاستی دەروونیی منداڵەکەیش هەیە، چونکە ئیدی ئاستی قسەکردنی باش نابێت، بە هۆی ئەوەی تەنها بە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی فێر دەکرێت کە ڕەنگە خوێندکارەکان لە قسەکردندا بەشدارییان نەبێت، یان کەمترین بەشدارییان هەبێت، بۆیە قسەکە هەر ئەوە نییە کە ناتوانرێت بە باشی تاقیکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی خوێندکار بکرێت، بەڵکو ئەوەیشە کە ئاستی قسەکردنی ئاسایی پێش ناکەوێت و دەکرێت بەرەو دواوەی ببات، چونکە گفتوگۆ لە نێوان خوێندکار و خوێندکار لە لایەک و مامۆستا و خوێندکار لە لایەکی تر لەئارادا نابێت. بیرمان نەچێت، خوێندکار فێری کاری گرووپ و پێکەوەیی نابێت، فێری گوێگرتن نابێت لەوانی تر، چونکە هەر خۆیەتی و بە تەنیایە، لەوانەیە هەر خەیاڵی بڕوات و چاوەڕوان بێت کەی وانەکە کۆتایی دێت. لە ڕاستیدا وانەی ئۆنلاین بۆ پۆلە سەرەتاییەکان هێندە هەڵە و چەوتیی زۆرە، بە چەند خولەکێک قسەکردن تەواو نابێت. ئەوەی سەیرە، ئەو عەقڵیەتەیە کە بڕیار لەسەر سیستەمێکی هاوشێوە دەدات بۆ ساڵێکی خوێندن!”

سنوور تەها، توێژەری کۆمەڵایەتی

بەدەر لەم کێشە ئەکادیمییانەی مامۆستایان باسیان دەکەن، زۆرینەی دایکان و باوکان و تەنانەت خوێندکارانیش ڕەخنەیان لەم ئەڵتەرناتیڤەی حکومەتی هەرێم هەیە، چونکە پێیان وایە ”بەشێک لە خوێندکاران پێویستییەکی تەواویان بە ژینگەی خوێندنگە هەیە، بە تایبەت خوێندکارانی ١ی سەرەتایی و خوێندکارە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و چەندان توێژی تر، چونکە ئەوان تەنها لە ڕێگەی ژینگەی خوێندنگەوە دەتوانن تێکەڵ بە کۆمەڵگە و دنیایەکی نوێ بن و کەسایەتییانی لەسەر بونیاد بنێن”. ئەمە جیا لەوەی وانە تەرفیهییەکانی وەک هونەر و وەرزش کە خوێندکارانی ئاستی بنەڕەتی ئارەزوویەکی زۆریان لێی هەیە و زۆرینەی توێژەران پێیان وایە ڕێگەی سەرەکییە بۆ کرانەوە و بونیادنانی کەسایەتییان، لە خوێندنی ئۆنلایندا هیچ حیسابێکی بۆ نەکراوە و نەخراوەتە بەرنامەوە و وەزارەتی پەروەردەیش هیچ قسەیەکی لەسەر نەکردووە.

دوای هەموو ئەم کاردانەوانە، لە ئێستا حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە لە پێداچوونەوەی بڕیارەکەیاندان و مامۆستایان و خوێندکاران پێیان وایە دەبێت بڕیارێکی تر بدەن، کە تێیدا هەم هەموان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پارێزراو بن، هەم ئایندەی زانستی و کۆمەڵایەتی و دەروونیی خوێندکاران ڕوون و ڕووناک بێت.