رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە ئەفغانستانەوە: تۆ مافی ڕەخنەگرتنت نییە

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

پێشەکی

لە ڕۆژی ٢٩/٢/٢٠٢٠دا، هێزەکانی تاڵیبان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێککەوتنێکیان واژوو کرد، لەسەر ئەوەی کە ئەمەریکا هێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە لە ئەفغانستان و تاڵیبانیش هیچ هێرشێک نەکاتە سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکانی ژێردەستی خۆیدا. کشانەوەکەی ئەمەریکا ڕاستەوخۆ و خێرا نابێت، بەڵکو دوای چەند گفتوگۆیەک ئەنجام دەدرێت، لە نێوان و ئەمەریکییەکان و تاڵیباندا.

ئەمەریکا گوتوویەتی کە گفتوگۆکان لەپێناو پێدانی کۆمەڵێک مەرج دەبن بە تاڵیبان. مەرجەکانیش پەیوەندییان بە دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤەوە دەبێت بۆ هاووڵاتییە ئەفغانییەکان. بۆ نموونە مافی خوێندنی ژن و کچەکان، ئازادیی ڕادەربڕین و هێرشنەکردنە سەر خەڵکی سیڤیل.

لەپێناو ڕوودانی ئەمەیشدا، چەندین نوێنەری جیاواز پێویستە ئامادە بن لە دانیشتەکاندا. نوێنەرەکان بریتی دەبن لە نوێنەری ژن، نوێنەری قوربانییان و نوێنەری خەڵکی سیڤیل. دانیشتنەکانیش تا کاتێک بەردەوام دەبن کە دڵنیایی و متمانەیەکی تەواو دروست ببێت لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ تاڵیبان، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان. چونکە پێشتریش هەوڵی لەم جۆرە دراوە و لە خودی دەستووری وڵاتەکەیشدا چەندین خاڵی تێدایە کە باس لەم مافە سەرەتاییانەی مرۆڤ دەکات. بەڵام بوونی ئەو خاڵانە تەنها لەسەر پەڕەکان بوون و لە واقیعدا، بە باشی جێبەجێ نەکراون.

شایەنی باسە تاڵیبان هەر لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکانەوە کە هێزی گرتووەتە دەست، نموونەیەکی باڵا بووە لە پێشێلکردنی مافی ئەو مرۆڤانەی لەژێر سایەی خۆیدا دەژین. بە تایبەت لە ڕووی پەروەردەی کچان، ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی هەڵبژاردنی ئایینەوە. بەردەوامیش کوشتن و گرتن و سزادانی قورسی بەسەر خەڵکەکەیدا ئەنجام داوە. هەروەها لە دوای ئەوەیشی کە ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەریان و بەشی زۆری هێزەکەیان سنووردار دەکات، ئەوان هێشتا بەردەوامن لە سیاسەتی توندڕەوانەی خۆیان و تا ئێستایش، دانیان بە دەستووری نوێی وڵاتەکەدا نەناوە.

تا ناوەڕاستی ئەمساڵیش، تاڵیبان کۆنتڕۆڵی تەواوی چەندین ناوچەی ئەفغانستانی بە دەستەوەیە. لەو ناوچانەدا، خەڵکەکە ناچارن هەم بەپێی یاساکانی حکومەت بجووڵێنەوە، هەم بەپێی یاساکانی تاڵیبان. هەندێک ڕێکخراوی ناحکومیی وەک ئێن جی ئۆ کە ڕێکخراوێکی خێرخوازییە و لە لایەن خەڵکی وڵاتە جیاوازەکانەوە داهات بە دەست دەهێنێت، چەندین خزمەتگوزارییان بۆ ناوچەکانی ژێردەستی تاڵیبان دابین کردووە، بە تایبەت لە لایەنەکانی وەک پەروەردە و تەندروستی. بەڵام سەرکردەکانی تاڵیبان، زۆر دڵخۆش نین بەم خزمەتگوزارییانە و کێشەیان لەگەڵ چۆنیەتیی کارکردنی خزمەتگوزارییەکان هەیە. بۆ ئەمەیش ئەوان لە ڕێگەی پیرانی ناوچەکان و ئەنجوومەنە تایبەتەکانەوە پەیوەندی لەگەڵ ئێن جی ئۆ دەکەن، لەسەر چۆنیەتیی وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکان.

ئەم جیاکردنەوەیەی کە تاڵیبان دروستی کردووە، چەند پرسیارێکی گرنگ دەورووژێنێت. وەک ئەوەی کە ئایا ژیان چۆنە لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا؟ هەروەها مافەکانی مرۆڤ چیی لێ بەسەر دێت دوای ئەم ڕێککەوتنە نوێیە؟

بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، پشت بەستراوە بە ١٣٨ چاوپێکەوتنی جیاواز، لەگەڵ ١٢٠ کەسدا. کەسەکان پلە بەرز، فەرماندە و چەکداری تاڵیبانی تێدایە، لە پاڵ مامۆستا، دکتۆر و پیرانی ناوچەکان. هەروەها چاوپێکەوتنەکان لە سەرانسەری وڵات و لە ناوچەی جیاواز ئەنجام دراون لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠دا.

سەرنجی سەرەکیی ئەم ڕاپۆرتەیش، لەسەر دەرخستنی ئەو شێوازە ژیانەیە کە لەژێر سایەی تاڵیباندا بوونی هەیە. بە تایبەت لە ڕووی ئازادی و دەستەبەرکردنی مافەکانی وەک ڕادەربڕین و پەروەردەوە. هەروەها بەشی زۆری ڕاپۆرتەکە، لە ڕەخنە و نارەزایی خەڵک پێک هاتووە کە لە دژی دەسەڵاتدارانی تاڵیبان هەیانە، بە تایبەت دوای ئەوەی کە بابەتی ڕێککەوتنە نوێیەکەی ئەمەریکا دروست بوو، زۆرینەی چالاکوانەکان ترسی ئەوەیان هەبوو کە تاڵیبان ئەمە بە دەرفەتێک بزانێت زیاتر هەژموونی توندی خۆی بسەپێنێت و پێشێلکاریی زیاتر ئەنجام بدات. گرنگیی تایبەتیش دراوە بەو توندوتیژییانەی کە لە دادگا و زیندانەکاندا ئەنجام دەدرێن، بە تایبەت لە ڕووی سزادانی زیندانییان و لەسێدارەدانیانەوە. بەڵام سەرنج نەخراوەتە سەر ئەو هێرشانەی کە تاڵیبان بۆ سەر خەڵکی سیڤیل ئەنجامی دەدات، بەوپێیەی کە لە ڕاپۆرتەکانی تری هیومەن ڕایتس وۆچدا، ئەم بابەتە گرنگیی تایبەتی پێ دراوە.

پەروەردەی کچان و ژنان

دوای ساڵی ٢٠٠٢ و لەژیر سایەی حکومەتی ئەو کاتەدا، ژمارەی خوێندکارە کچەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە. نەک تەنها لە بواری پەروەردەدا، بەڵکو لەو کاتەدا ڕۆڵی ژن لە لایەنەکانی دیکەی ژیانیشدا، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی کە پێشتر وڵاتەکە بە ئەزموونی وەهادا تێنەپەڕیبوو. بەڵام ئەم ئەزموونە، تا سەر بەردەوام نەبوو. لە ساڵی ٢٠١٤ بە دواوە، ڕێژەی کچ کەمی کرد؛ هەم لە بواری پەروەردەدا، هەم لە کارکردنیشدا. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەو کاتەدا، توندوتیژی، مەترسی و هەڕەشەی بەردەوام ڕوویان لە زیادبوون دەکرد.

هەرچەندە تاڵیبان لە ئێستادا دەڵێت کە ڕێگری لە خوێندنی کچان ناکەن، بەڵام هیشتا لە زۆربەی ناوچەکانی ژێردەستیاندا، ڕێگریی توند دەکەن و ڕێگە بە کچان نادەن بخوێنن. بە تایبەت بۆ ئەو کچانەی کە دەگەنە تەمەنی هەرزەکاری و پێگەیشتن، دۆخەکە زۆر قورسترە. لە هەندێک گونددا، تەنها قوتابخانەی سەرەتایی بوونی هەیە کە کچان بتوانن تێیدا بخوێنن و قۆناغەکانی تر بوونیان نییە. هێزەکانی تاڵیبان، تەنانەت فشاریش دەخەنە سەر ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدایە. بۆ نموونە ئەگەر بزانن مامۆستایەک کەسێکی نزیکی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت وانە دەڵێتەوە، باجی لەسەر زیاد دەکەن. هەموو ئەمانەیش لە کاتێکدایە کە تاڵیبان بەردەوام وا دەری دەخەن کێشەیان لەگەڵ خوێندنی کچاندا نییە. ڕێکخراوی ئێن جی ئۆ بۆ ئەم مەبەستە، هەستاوە بە دابینکردنی چەند شوێنێکی بچووکی خوێندن، بۆ ئەو ناوچانەی کە قوتابخانەی پێویستی لێوە نزیک نییە.

بەرپرسانی تاڵیبان، لە کاتی باسکردنی ئەو ڕێگرییانەی کە لەسەر خوێندنی کچان دروست کراوە، بە جۆرێک بیانوو دەهێننەوە کە گوایە هۆکارەکە لایەنی ئاسایشە نەک ڕێگری. واتە بە هۆی کێشەی ئەمنیی ناوچەکانی ژێردەستی ئەوانەوە، ناتوانن ڕێگە بدەن کە قوتابخانەی پێویست هەبێت. لە لایەکی دیکەیشەوە ئەوە دەڵێن کە خەڵکەکەی ژێردەستیان خۆیان نایانەوێت کچەکانیان بخوێنن. ئەمەیش ڕاستییەکە و کێشەیەکی جیدیی خەڵکی ئەفغانە، بە تایبەت گوندنشینەکان، کە هەتا ئێستا، ڕێگری دەکەن لە خوێندنی کچەکانیان و یارمەتیدەری تاڵبیانن لەو ڕووەوە.

ئازادی ڕادەربڕێن و ڕێگرییە کۆمەڵایەتییەکان

لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا، میدیا ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگی هەیە لە ژیانی ئەفغانییەکاندا. بەڵام حکومەت چاودێرییەکی توندی کردووەتەوە سەر میدیاکاران و بەردەوام لەژێر هەڕەشە و توندوتیژیدان، کە لە لایەن دەسەڵاتدارەکان و میلیشیاکانی سەر بە دەسەڵاتەوە، ڕووبەڕوویان دەکرێتەوە.

لە ناوچەکانی سەر بە تاڵیبانیش، بەبێ ڕێگەپێدانی خاوەن دەسەڵاتەکان کەس ناتوانێت هیچ کارێکی میدیایی بکات. بەرپرسانی تاڵیبان ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کاری میدیاییدا نییە، تا ئەو شوێنەی کە هیچ سووکایەتی و بێڕێزییەک بە ئایینی ئیسلام نەکرێت. بەڵام چەندین کەیسی هەڕەشە بوونیان هەیە کە دەسەڵاتدارەکانی تاڵیبان لە دژی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران ئەنجامیان داوە، بە هۆی ڕاپۆرت و لێدوانە ڕەخنەییەکانیانەوە.

تەنانەت لە چەندین ناوچەی ژێردەستیاندا، تاڵیبان سەیرکردنی تەلەڤیزیۆنی لە خەڵکەکە قەدەغە کردووە و زۆر کەس ناچارن، بە نهێنی سەیری تەلەڤیزیۆن بکەن. تەنانەت بەکارهێنانی مۆبایلیش سنووردار کراوە.

کۆنتڕۆڵکردنی لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی ژیان، هەر لە سەرەتای نەوەدەکانەوە کە تاڵیبان تێیدا باڵادەست بوو، هەتا ئێستا بەردەوامە. ئەو کاتە تاڵیبان یاسایەکی تایبەتیان هەبووو بە ناوی “خراپی و چاکی” کە بە هۆیەوە کۆنتڕۆڵی بەشی زۆری لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی خەڵکیان دەکرد. بۆ نموونە پۆشینی جلوبەرگ، درێژیی ڕیش، ئامادەبوون لە نوێژی هەینی و دواتریش بەکارهێنانی مۆبایل.

دەسەڵاتدارانی حکومەت ئەوەیان بە هیومەن ڕایتس وۆچ ڕاگەیاندووە، کە ئەو یاسایانە هێشتا ماون، بە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ شێوازی ژیانی خەڵکەکەدا دەگونجێن. بەڵام لە هەمان کاتدا، هەر هەمان دەسەڵاتداران هانی مەلا و ئیمامی مزگەوتەکانیان داوە، کە خەڵکی لەسەر ئەو شێوازە ژیانە بهێڵنەوە و دەرچوون لێی، بە تاوان و گوناح بناسێنن.

هەرچەندە لە چەند شوێنێکی جیاوازی وڵاتەکە، خەڵکەکە لە دژی ئەم کۆنتڕۆڵکردنی لایەنە کۆمەڵایەتییانەی ژیانیان ڕەت کردووەتەوە و دژی وەستاون، بەڵام هەردوو حکومەت و تاڵیبانیش هێشتا بەردەوام لەسەر سەپاندنی ئەم جۆرە ژیانە و ڕاگرتنی هەر کەسێک کە دژی بێت.

سزای پەیوەندیکردن لەگەڵ حکومەتدا

کێشەیەکی گەورەی دیکەی تاڵیبان، سزادانی ئەو کەسانەیە کە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتدا دەبەستن، جا پەیوەندییەکە هەر شتێک بێت گرنگ نییە. تاکە هۆکار بۆ ڕێگەدانی تاڵیبان، پەیوەندیکردنە بۆ بابەتی ناسنامە و ڕەگەزنامەی هاووڵاتییان.

چەکدارەکان هەمیشە هەڕەشە لە دانیشتون دەکەن کە نابێت بە هیچ جۆرێک پەیوەندی لەگەڵ حکومەت ببەستن. تەنانەت ئەگەر بزانن کە هاووڵاتییەکانی ئەمان لە خاڵە پشکنینەکانی حکومەتدا دەوەستن، دواتر بە توندی سزایان دەدەن. لەم دواییانەدا دانیشتوویەکی ناوچەی وەرداک، خۆراکی بۆ سەربازەکانی حکومەت بردبوو، دواتر چەکدارەکانی تاڵیبان هەڕەشەی سزادانی قورسیان لێ کردبوو، پێیان گوتبوو “تۆ مافی ڕەخنەگرتنت نییە”.

هەندێک جار کە کەسێک پەیوەندییەک لەگەڵ حکومەتی ئەفغانیدا دەکات، تاڵیبان بۆ تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیری دەکەن و دواتریش بە هەمان تۆمەت حوکمی دەدەن. ئەو دەسەڵاتە ئۆتۆنۆمییەیشی کە تاڵیبان هەیەتی، ڕێگەی پێ دەدات کە لە ناوچەکانی ژێردەستی خۆیدا هەر جۆرە سزایەک کە بیەوێت، بەسەر خەڵکەکەدا بیسەپێنێت.

ژنان لەو بابەتەیشدا، گەورەترین قوربانین. لە ناو دادگاکانی سەر بە ناوچەکانی تاڵیبان، مافەکانی ژن جیاوازییەکی زۆریان هەیە، لە بەرامبەر بە مافەکانی پیاو. هەرچەندە ژن و پیاویش سزای قامچیلێدان دەیانگرێتەوە، بەڵام بۆ ژن سزاکە زۆر توندترە و هۆکاری سەپاندنی سزایەکەیش، زۆر زیاترە.

سەرچاوە (کلیک بکە)