رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کاردانەوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان لە بەرامبەر دەستگیرکردنی چالاکوانانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا

Facebook
Twitter
LinkedIn

ژیر دانا و لاوک ئەبوبەکر

لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، خۆپیشاندانێکی گەورە لە عێراق دەستی پێ کردووە. هۆکاری ئەو خۆپیشاندانە بریتییە لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی ڕێژەی بێکاری و بەردەوامیی گەندەڵیی دەسەڵاتداران و جێبەجێنەکردنی داوا ڕەواکانی خەڵک. لە ڕاپۆرتێکدا یو ئێن هەوڵی ئەوەی داوە کە ڕێژە و چۆنیەتیی ئەو توندوتیژییانەی دەسەڵاتدارانی عێراق دەربخات کە لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامی داوە.

بەشێک لەو کەسانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا وەک بەرپرسیاری توندوتیژی و کوشتنی خۆپیشاندەران ئاماژەیان پێ کراوە، بە توندی دژی ڕاپۆرتەکە وەستاونەتەوە و بە هۆکاری دروستکردنی ئاژاوە لەقەڵەمی دەدەن. بە جۆرێک کە خودی ڕاپۆرتەکە بۆ هاندانی زیاتری خەڵک و دروستکردنی هەڵەتێگەیشتن ئامادە کراوە، نەک بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان.

نووسەری ڕاپۆرتەکە سەبارەت بەم پرسە دەڵێت: “مەسەلەی بێدەنگکردنی چالاکوانان و شاردنەوەی هەوڵەکانیان، بابەتێکی زۆر هەستیار و گرنگە. لەوانەیە ئەم کارە ئاسایی دەربکەوێت، بەڵام پێشێلکردنی مافی ڕادەربڕین، کێشەیەکی جیدییە و دەبێت هەموان بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.”

بەگوێرەی زیاتر لە ٩٠٠ چاوپێکەوتن کە یو ئێن لە عێراق لەگەڵ ڕۆژنامەنووس، چالاکوان، سیڤیل، شایەتحاڵ و خۆپیشاندەران ئەنجامی داوە، ئەوە دەرکەوتووە کە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا مانگی ٤، نزیکەی ٤٨٧ قوربانی و ٧٧١٥ بریندار هەن.

ڕاپۆرتەکە سەرنجی خستووەتەوە سەر ئەو ڕێگەیانەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران گیراونەتە بەر، بە تایبەت لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتەوە، لەگەڵ ئەو هێزە بێناسنامانەی کە چەکدار بوون و هەمیشە ئامادەییان هەبووە ڕێگری لە خۆپیشاندەران بکەن.

هەروەها پێویستە ئاماژە بەو خۆپیشاندەرانەیش بکرێت کە دەستبەسەر کراون و بەشێکی زۆریان، بریندار و نەخۆشن و پێویستیان بە چاودێریی تەندروستییە.

لەگەڵ هەموو ئەم ئامارانەیشدا، یو ئێن هێشتا دڵنیایە لەوەی کە ژمارەی سەر لاپەڕەکان، زۆر کەمترە لەو ژمارانەی کە لە ڕاستیدا بوونیان هەیە.

شایەنی باسە، هەمان کێشە لە هەرێمی کوردستانیش بوونی هەیە. بە تایبەت لەم ماوانەی دواییدا هێرشێکی بەردەوام هەیە بۆ سەر چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لە لایەن دەسەڵاتەوە؛ بە دەیان کەس دەستگیر کراون، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک. ئەمەیش وای کردووە کە چەندین ڕێکخراو بێنە دەنگ و ئیمزا کۆ بکەنەوە لە دژی ئەو هێرشانەی کە دەسەڵاتی هەرێم بۆ سەر مافی ئازادیی ڕادەربڕێن ئەنجامی دەدات.

رێکخراوەکان لە هەرێم، بە بڵاوکردنەوەی چەند ڕاگەیەنراو و ڕاپۆرتێک، بەشی زۆری ئەو وردەکارییانەیان دەرخستووە، لەسەر ئەو هەڵمەتەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم دژی ڕای ئازاد دەیگرنە بەر. لەو ڕاگەیەنراو و ڕاپۆرتانەدا جیا لە دەرخستنی ئەو مەترسییەی کە بۆ سەر ڕای ئازاد هەیە، باسی دۆخی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە دەستگیرکراوەکان کراوە، بە جۆرێک کە مامەڵەیەکی ئێجگار خراپیان لەگەڵدا دەکرێت و ڕێگرییش لە کەسوکاریان دەکرێت هیچ پەیوەندییەکان لەگەڵ ببەست. هەروەها چەند بەڵگەیەک هەیە لەسەر ئەوەی کە زیندانیکراوان ئەشکەنجە دەدرێن و چاودێریی تەندروستییان ناکرێت. ئەوانەیشی کە ئازاد دەکرێن، بەڵێننامەیان پێ پڕ دەکرێتەوە کە هیچ جۆرە چالاکییەکی دژ بە دەسەڵات ئەنجام نەدەن. هەموو ئەم زانیارییانە لە بەیاننامەیەکدا لە لایەن چالاکوانانی هەرێمەوە بڵاو کراوەتەوە و ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە.

جیا لە رێکخراوەکانی هەرێم، لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەرەوەیش، ئاگاداری ئەم دۆخەن و هەندێکیان هاتوونەتە دەنگ. لقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کۆمیتەی جیهانیی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (سی پی جەی) کەمپینێکی نوێیان ڕاگەیاندووە، بە ناوی ”ئەوان ون بوون، بەڵام لە بیر نەکراون” کە تێیدا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکرێت کە بە هۆی دەربڕینی ڕای خۆیان لە دژی دەسەڵاتەوە بێسەروشوێن کراون. عێراق و سووریا پشکی گەورەیان هەیە لەم بابەتەدا. هەروەها دوای ئەوەی کە ڕۆژنامەنووسێکی سەر بە تۆڕی میدیایی ئێن ئاڕ تی لە لقی دهۆکی تۆڕەکە، لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کرا، سی پی جەی هەڵوێستی بەرامبەر بەم ڕووداوە هەبووە و داوای لە حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم کردووە کە بەبێ مەرج ڕۆژنامەنووسەکە ئازاد بکەن.

مافی ڕادەربڕین، بە چەندین جۆری جیاواز ڕێگریی لێ دەکرێت. هەر لە سانسۆر خستنەسەر و چاودێریکردنی هیڵەکانی ئینتەرنێت، تا دەگات بە گرتنی ئەو ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانەی کە بە ئاشکرا، نووسین و چالاکییان لە دژی دەسەڵات هەیە.

نووسەری ڕاپۆرتەکە ئەوە ڕادەگەیەنێت، کە عێراقییەکان دەچەوسێنرێنەوە و دەگیرێن و دەیشکوژرێن. ئەمەیش پێشێلکردنی هەموو ئەو پڕەنسیپ و مافانەیە کە هەر تاکێک هەیەتی پەیوەند بە ئازادیی ڕادەربڕینەوە.

شایەنی باسە کە لە کاتی دەستبەکاربوونی حکومەتە نوێیەکەی عێراقەوە، چەند کارێک کراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کیشانە، بۆ نموونە سەردانکردنی قوربانییان و قەرەبووکردنەوەیان، بەڵام یو ئێن پێی وایە کە هێشتا کاری زۆر ماوە ئەنجام بدرێت، تا مافی ئازادیی ڕادەربڕێن بە تەواوەتی بەرقەرار بکرێت.

سەرچاوە (کلیک بکە):

١

٢