رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕێگریکردنی حکومەتە گەندەڵەکان لە ئازادیی ڕادەربڕین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ژیر دانا

فەزای مەجازی هەر لەگەڵ دروستبوون و گەشەکردنیدا، دەرفەتێکی هەمیشە بەردەست بووە بۆ تاکەکان، تا بتوانن ئەزموونێکی جیاواز لە ئەزموونی ژیانە واقعیەکەی خۆیان بە دەست بهێنن. لەو ئەزموونەدا، تاکەکان توانیویانە ببن بە خاوەنی چەندین دەستکەوتی جیاواز. هەر لە دروستکردنی کەسایەتییەکی نوێ کە جیاواز بێت لە کەسایەتیی ڕۆژانەی خۆیان، تا دەگات بە دەربڕین و گەیاندنی ئەو بیرکردنەوانەی کە ناتوانن لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا دەری ببڕن.

بێگومان چەندین ڕێگری جیاواز هەن کە وا لە مرۆڤەکان بکات، نەتوانن ئازادانە ڕای خۆیان دەرببڕن. دەستبەسەراکردنی میدیا لە لایەن سیاسەتمەدار و سەرمایەدارەکان ڕێگرییەکی گەورەیە لە بەردەم هەر کەسێکدا کە بیەوێت ڕای خۆی بە زۆرترین خەڵک بگەیەنێت. ئەمەیش جگە لەوەی کە لە زۆربەی وڵاتان حکومەت مافی دەستووریی هەیە کە ڕێگری بکات لە ڕادەربڕین بە چەند جۆرێکی جیاواز. فەزای مەجازی و بە تایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانن زەمینەیەک بخەنە بەردەست تاکەکان کە بتوانن ڕای خۆیانی تێدا دەرببڕن بەبێ هیچ تێچوویەک و ڕایەکەیشیان بە زۆرترین خەڵک بگات.

ڕاستە ئەمە ڕێگەچارەسەرە بۆ کێشەکانی خەڵک، بەڵام دەکرێت گەورەترین کێشە بێت بۆ ئەو حکومەتانەی کە دەربڕینی ڕای ئازاد، مەترسی لەسەر کار و دەسەڵاتیان دروست دەکات، هەر بۆیە سانسۆرکردن و ڕێگریکردن لە ناو فەزای مەزاجیدا، خەریکە دەبێت بە دیاردەیەکی ترسناک کە لە زۆربەی وڵاتاندا حکومەتە جیاوازەکان بە کاری دەهێنن و پێیان وایە کە لەم ڕێگایەوە دەتوانن دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن.

یاسای تایبەت بە سانسۆرکردنی ڕای خەڵک لە ناو ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕێژەیەکی زۆر لە وڵاتەکاندا هەیە. ئێران، سووریا، سعودیە، چین و کۆریای باکوور لە دیارترین ئەو وڵاتانەی کە ڕای خەڵکەکانیان لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سانسۆری لەسەرە. ئەوەیشی کە جێگای باسە ئەوەیە کە ئەو یاسایانەی بۆ ئەم مەبەستە بە کار دەهێنرێت، ڕوون و ڕەوان نین. ئەمەیش لەپێناو ئەو مەبەستەی کە حکومەتەکان نایانەوێت بە ئاشکرا دەری بخەن کە دەربڕینی ڕای ئازاد لە وڵاتەکانیاندا بە شێوازێکی دەستووری سانسۆری لەسەرە، بەڵکو دەیانەوێت کە هەمیشە وڵاتەکانیان وا دەربکەوێت دەربڕینی ڕای ئازاد هیچ ڕێگرییەکی لێ ناکرێت.

لە وڵاتێکی وەک ئێراندا سەرەڕای ئەوەی کە سانسۆر لەسەر تەواوی لایەنەکانی ژیان هەیە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش لەژێر چاودێرییەکی قورسدایە و چەندین کەس بە هۆی چالاکییەکانیانەوە لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گیراون و حوکمی قورس دراون. لە بڕگەیەکی دەستووردا دەقەکە بەم جۆرەیە: ”هاووڵاتییانی ئێران ڕێگەپێدراون کە ڕای ئازادی خۆیان دەرببڕن. بەڵام تەنها لەو کاتەی کە ڕایەکەیان هیچ ناکۆکییەکی نەبێت لەگەڵ یاسا بنەڕەتییەکانی ئیسلام یاخود مافی هاووڵاتییان کە یاسا دیاری دەکات ئەو ناکۆکییە بوونی هەیە یاخود نا.” ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لە دەقی دەستوورەکەدا ئاماژەی بۆ هیچ یاسایەکی دیاریکراو نەکردووە. هەر بۆیە حکومەت توانای ئەوەی هەیە کە یاسا بەو جۆرە بە کار بهێنێت کە خۆی دەیەوێت و تەواوی بیروڕا ئازادەکان سانسۆر بکات.

شایەنی باسە کە لە دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی پارەوە، خەڵکی ئێران تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردبوو بە چەکی سەرەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات و نەهێشتنی گەندەڵی، هەر بۆیە حکومەتی ئێران لە ئێستادا، زۆر زیاتر لە جاران چاودێریی خەڵک دەکات و ڕۆژانە چەندین کەس حوکم دەدرێن لەسەر ئەو بابەتە.

پێچەوانەی ئەم جۆرە سیاسەتە لەو وڵاتانە دەدۆزرێتەوە کە بەختەوەریی هاووڵاتییان تێیاندا فەراهەم کراوە. نموونەیش بۆ ئەوە وڵاتی نەرویجە کە لە بەشی زۆری ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لەسەر بابەتی ئازادیی ڕادەربڕین دەکرێن، وەک باشترین وڵات دەستنیشان دەکرێت.

لە وڵاتێکی وەکو نەرویجدا هیچ یاسایەک نییە ڕێگری لە هاووڵاتییانی خۆی بکات، ئازادانە ڕای خۆیان دەرببڕن. ئەمەیش بە هیچ جۆرێک نەبووەتە هۆی ئەوەی کە مەترسی بۆ سەر حکومەتی نەرویج دروست ببێت یاخود مافی گشتی پێشێل بکڕیت. کەواتە ئەو سیاسەتەی کە لە زۆربەی وڵاتاندا بۆ ڕێگریکردن لە دەربڕینی بیروڕای ئازاد بە کار دەهێنرێت، تەنها لە خزمەتی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و پێشێلکاردایە، نەک بە پێچەوانەوە

.

شایەنی باسە کە لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەی پەرلەمانی هەریێی کوردستاندا، پڕۆژەیاسای ڕێکخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامادە کرابوو، کە تێیدا کۆمەڵێک بڕگەی یاسایی نوێ پێشنیار کران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەربڕینی بیروڕا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. هەر لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان لەسەر ئەم بابەتە، ناڕەزاییەکی زۆر دروست بوو لە دژی پڕۆژە یاساکە. لە ئەنجامدا لە دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک و زۆربوونی ناڕەزایەتییەکان، ئەندامێکی لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمان ڕای گەیاند کە پڕۆژەیاساکە لە ئێستادا ڕەت کراوەتەوە و لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمانیشدا قسەی لەسەر ناکرێت.

بەپێی ڕای زۆرینەی چاودێران، ئەم هەڵوێستەی ئەندامانی پەرلەمان و لیژنەی ڕۆشنبیری، پیشاندەری نائاگاییە لەو دەرئەنجامانەی کە یاساگەلی لەم جۆرە لە وڵاتە گەندەڵەکان دروستی کردوون. یاساگەلێک کە جگە لە پاراستن و هێشتنەوەی دەسەڵات و حکومەتێکی گەندەڵکار و بەستنەوە و دەستەمۆکردنی خەڵک، هیچ بەرهەمێکی دیکەی نابێت. لەگەڵ ئەوەیشی کە کاردانەوەی خەڵک هێندە بەهێز بووە کە جێبەجێکردنی پڕۆژەیاساکە بۆ ماوەیەک ڕابگرێت، بەڵام هێشتا پێویستە کە خەڵک بە وریاییەکی زیاتر مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە هەوڵویستانەی حکومەت بکەن و نەهێڵن کە بەربەستیی زیاتر دروست ببێت لە بەردەم ئازادییاندا.

سەرچاوەکان (کلیکیان بکە):

١

٢

٣

٤

٥