رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کەمیی خۆراک، ئەو قەیرانەی لە بیر کراوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

شارەزایان دەڵێن هەرگیز جیهان دووچاری قەیرانێکی لەم جۆرە نەبووەتەوە؛ ئەگەری هەیە ژمارەی ئەو کەسانەی دووچاری برسێتی دەبنەوە، دوو هێندە ببێت و لە کۆتایی ئەمساڵدا بگاتە ٢٦٥ ملیۆن کەس.

ڕاپۆرتێک کە لە لایەن ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکییەوە بڵاو کراوەتەوە، باس لەو قەیرانە تراژیدییە دەکات کە زۆرینەی دانیشتوانی جیهان پێوەی دەناڵێنن، کە ئەویش برسێتییە.

نایرۆبی گەورەترین ناوچەی هەژارنشینی پایتەختی کینیایە، ئێوارەیەک خەڵکی لە بێچارەییدا پەلاماری ئارد و زەیتی دابەشکراو دەدەن، کە ئەمەیش بووە هۆی برینداربوونی دەیان کەس و مردنی دوو کەس.

لە هیندستان، هەزاران کرێکار دوو جار لە ڕۆژێکدا سەرە دەبەستن بۆ وەرگرتنی نان و سەوزەی ئامادەکراو تاکو خۆیان لە برسێتی بپارێزن.

هەروەها بە درێژایی کۆڵۆمبیا خێزانە هەژارەکان لە بەلکۆنە و پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە ئاڵای سوور هەڵدەکەن، وەک نیشانەیەک بۆ ئاماژەدان بەوەی کە برسییانە.

پاولین کاروشی، دانیشتووی نایرۆبییە لە کیبریا، لە ماڵێکی دوو ژووریدا لەگەڵ دوو منداڵەکەی و چوار خزمی دیکەیدا دەژیی و بەم دواییانە کارەکەی لە دەست داوە، گوتی “هیچ پارەیەکمان نییە و پێویستمان بە مانەوەیە لە ژیاندا، ئەمەیش بەو مانایە دێت کە دەبێت زۆر کەمتر بخۆین لە جاران.”

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید ١٩) ملیۆنان هاووڵاتیی جیهانی دوچاری برسێتی کردووەتەوە، بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەرییەوە وای کردووە خەڵکی کارەکانیان لە دەست بدەن و هیچ داهاتێکیان نەبێت. ملیۆنان هاووڵاتی لە خەمی ئەوەدان چۆن بەشی مانەوەیان لە ژیاندا خۆراک دەست بخەن.

ڤایرۆسی دادپەروەری

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە لایەن خەڵکەوە بە “ڤایرۆسی دادپەروەری” ناوزەند دەکرێت، بەوپێیەی دەوڵەمەندان و هەژارانیش تووشی دەبن، بەڵام کە دواجار ئەوە شارە هەژارنشینەکانن کە لە کارەساتەکاندا دووچاری کارەساتی برسێتی دەبنەوە لە بەرامبەر دەوڵەمەندەکاندا. ئاشا جەعفەر، خۆبەخشێک کە لە نایرۆبی خواردن بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکات وتی “ڤایرۆسی کۆرۆنا پەردەی سەر جیاکاریی چینایەتی لا دا و دەری خست کە ئەم شارە چەند نایەکسانە.”

عارف حسێن، بەرپرسی ئابووری لە پرۆگرامی جیهانیی خۆراکی سەر بە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوە دا کە تا ئێستا ١٣٥ ملیۆن کەس دووچاری قەیرانی خۆراک بوونەتەوە، بەڵام ئێستا و بە هۆی ڤایرۆسەکەوە ئەگەری هەیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١٣٠ ملیۆنی دیکە زیاد بکات.

قەیرانێکی جیهانی

شارەزایان دەڵێن ئەم قەیرانی برسێتییە، جیهانییە و بە هۆی چەند فاکتەرێکی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتووەتە بوون. ئەوانیش وەک لەناکاو لەدەستدانی سەرچاوەی داهاتی ملیۆنان کەس کە خۆیان لە خۆیاندا دۆخی ژیانیان کەمدەرامەتانە بوو، هەروەها داڕووخان لە نرخی نەوتدا، کورتهێنانی بەرفراوانی دراو لە دەرئەنجامی نەمانی گەشتیار، نەمانی داهاتی کرێکارانی دوورەوڵات تا بینێرنەوە بۆ خێزانەکانیان، کێشە بەردەوامەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، توندوتیژی، ناجێگیریی دانیشتوان و کارەساتە مرۆییەکانیش.

هەر لە هۆندۆراسەوە بۆ ئەفریقای باشوور و بۆ هیندستان، ناڕەزایان بەرامبەر قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری هاتوونەتە دەنگ و ترسی خۆیان لەمەڕ برسێتییەوە خستووەتە ڕوو. ئێستا کە خوێندنگەکان داخراون، زیاد لە ٣٦٨ منداڵ بێبەش بوون لەو ژەمەخۆراکانەی لە خوێندنگەکانیان وەریان دەگرت و سەرچاوەی پڕۆتینیان بوو.

جۆن سوینەن، بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوەی پلاندانانی خۆراکی لە واشینتۆن گوتی “هێشتا کورتهێنانی خۆراک قەیرانێکی جیهانی نییە بە هۆی کارەساتەکەوە، بەڵام کێشە لۆجیستیکەکانی کشتوکاڵکردن و هەناردە و هاوردەکردنی خۆراک، وڵاتە هەژارنشینەکان دووچاری ئەم قەیرانە دەکاتەوە، بە تایبەت ئەو ناوچانەی پشتیان بە هاوردەکردن بەستووە.”

ئەو چینەی زۆرترین زیانی پێ دەگات  

ئەگەر بێتو  گۆڕانێکی گەورە لە نرخی خۆراکدا نەکرێت، ئەگەری زۆرە دۆخی ئاسایشی خۆراک بۆ چینی هەژار لە سەرتاسەری جیهاندا بەرەو خراپی بڕوات. ئەمە بە تایبەت بۆ ئابووریی وڵاتانی وەک سوودان و زیمبابوی ڕاستە، چونکە لە پێش کارەساتەکەیشەوە لە ململانێدا بوو، یاخود ئێران کە بە شێوەیەکی بەربڵاو داهاتی نەوتی بۆ تەمویلکردنی کەرەستەی خۆراکی و دەرمان بە کار دەهێنا.

باستاردۆی ٢٥ ساڵ کە چاودێرێکی ئەمنییە، نیگارانی خۆی لەبەڕ دۆخەکەوە دەربڕی و گوتی “خەریکین ئەو کەرەستانە دەفرۆشین کە لە ماڵەوە بە کاری ناهێنین، تا بتوانین بیدەین بە خۆراک.”

سەدان کرێکاری کۆچبەر کە لە شاری نیودێلهی بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆوە گیریان خواردبوو، ناچار بوون لە ژێر سێبەری پردێکدا دابنیشن و چاوەڕێی گەیشتنی خۆراک بکەن. سەرەڕای ئەوەیشی حکومەتی دێلهی چێشتخانەی تایبەتی بە ئامادەکردنی شۆربا کردووەتەوە، کرێکاران هێشتا بە دەست برسێتییەوە دەناڵێنن.  

هاووڵاتییەک بە ناوی سینغ، کە چاوەڕوانی یەکەم ژەمی بوو لە ڕۆژەکەدا، گوتی “لەجیاتیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، برسێتی دەمانکوژێت.” هەروەها گوتیشی کە شەرم دەکات بۆ خواردن بپاڕێتەوە، بەڵام هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەی نییە. “قەدەغەی هاتوچۆ  پێ بەسەر کەرامەتماندا دەنێت.”

پەنابەران و ئەو کەسانەی لە ناوچە پڕ ململانێکاندا دەژین، بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆ و ڕێکارەکانی خۆپارێزییەوە، خۆراکی پێویستیان پێ ناگات و زیاتر ئەگەری دووچاربوون بە برسێتییان هەیە. کۆرت جۆزێم، جێگری سەرۆکی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا گوتی “کاریگەریی ڕێکارە تەندروستییەکان زیاد لە خودی ڤایرۆسەکە زیانی هەبووە.”

بەشێکی ئاوارەکانی ئیدلیب دەڵێن کە خۆیان ناونووس کردووە و بەڵێنی وەرگرتنی خۆراکیان پێ دراوە، بەڵام هیچیان بە دەست نەگەیشتووە، بە بۆچوونی ئەوان گەر دۆخەکە بەو جۆرە بەردەوام بێت، ئەوا دەبێت چاوەڕێی شەپۆلێکی برسێتی گەورە بکەن.

ئیجرائاتەکانی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی خۆراک

لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم کارەساتە گەورەیە، هەندێک لە دەوڵەتەکان نرخ لەسەر خۆراک جێگیر دەکەن، خۆراک دەگەیەنن و پلان بۆ ناردنی پارە بۆ ماڵە هەژارەکان دادەنێن. هێشتایش لە چەندین کۆمەڵگەدا خەڵکی هەژار هیچیان بە دەست ناگات لە لایەن دەوڵەتەوە، بۆیە هاونیشتیمانیانی کۆمەڵگەی مەدەنی خۆیان لە ڕێگەی کاری خێرخوازییەوە پارە بۆ خێزانە هەژارەکان کۆ دەکەنەوە و بۆیان دەدەن بە خۆراک.

لە سەردانێکی ئاشا جەعفەر لەگەڵ کۆمەڵێک خۆبەخش بۆ کیبریا، کە پێداویستیی وەک شەکر، ئارد، برنج و پێداویستیی ژنانەیان بۆ چەند خێزانێک دابین کرد، جەحفەر گوتی کە ئەو سەردانییەی لە دوای بیستنی ئەو چیرۆکانەوە بوو کە لە لایەن خێزانە هەژارنشینەکانەوە دەیبیست لە بارەی کەمدەرامەتی و برسێتییانەوە.

گەیاندنی خواردنەکان تا ئێستا بۆ ٥٠٠ سەرخێزان بووە، بەڵام ئاماژەیشی بەوە دا کە ئەو بڕە تەنها دڵۆپێکە لە ڕووبارێکدا.

سەرچاوە: