رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هەرێمی کوردستان و جووڵانەوە جەماوەرییە یەک لە دوای یەکەکان

Facebook
Twitter
LinkedIn

لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ەوە، هەرێمی کوردستان لە ناو بازنەیەکی داخراودا خول دەخوات و لە تەواوی کایە سیاسی و ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەی نەناوە. هەرچەندە لە دوای ئەو جووڵانەوە گرنگەوە کە هێزی پێشمەرگە بە یارمەتیی سەرەکیی خەڵک دژ بە ڕژێمی فاشیستی بەعس کردی، هاووڵاتییانی هەرێم چەندین جووڵانەوەی تریان ڕێک خستووە و لە زۆر شوێندا هاوشێوەی ئەوەی ١٩٩١ بووە، بەڵام هیچیان گۆڕانکارییەکی پراکتیکییان نەهێناوەتە گۆڕێ.

گرنگترین جووڵانەوەکانی دوای ئەو سەردەمە، خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی ٢٠١١ بوو، کە سلێمانی چەقی بوو و زۆرینەی ناوچەکانی دیکەیشی گرتەوە. دوای چەندین ساڵ لە حوکمڕانیی کوردی، ١٧ی شوبات یەکەم زەبری گەورە و شۆکهێنەری خەڵک بوو بۆ دەسەڵات، کە خەڵک تێیدا دەیگوت ”ڕاستە کورد حوکممان دەکات و لە دەستی بەعس ڕزگارمان بووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە نادادی قبووڵ بکەین”. ڕاستە ساڵانی پێشتر پچڕ پچڕ خۆپیشاندان و جووڵانەوەی جیاواز جیاوازی ناڕەزاییدەربڕین دروست دەبوون، وەک خۆپیشاندانی خوێندکاران لە ساڵی ٢٠٠٤ و ساڵانی دواتریش و سووتاندنی مۆنیۆمێنتی هەڵەبجەی شەهید لە ساڵی ٢٠٠٧دا، بەڵام هەموو ئەمانە لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ و ڕۆژانی دواییدا کۆ بوونەوە و بوونە یەک پڕۆژە و ناڕەزایەتییەکان کامڵتر بوون.

لە دوای ١٧ی شوباتی ٢٠١١ەوە و بگرە ساڵانی پێشوویش، ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخی تەواوی کایەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی حکومەتە یەک لە دوای یەکە هاوشێوەکان بەرەو خراپی دەڕۆیشت، تا گەیشتە ئەوەی مووچە و قووتی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکەی ببڕێت و ئابوورییەکەی بچێتە ژێر سفر، هەموو ئەمانەیش لەپای ململانێی تاکڕەوانەیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق کە لە هیچ یەکێک لە باسوخواسەکانیاندا خەڵک سەنتەر نەبووە.

لە جووڵانەوە و خۆپیشاندانەکانی ساڵانی پێشوودا، خەڵک سەنتەری دروستکردنیان بوون و هەر خەڵکیش بەڕێوەی دەبردن، لە هەندێک وێستگەدا حیزبە سیاسییەکان خۆیان دەکردە خاوەنیان، بەڵام ئەوە لە زیهنی خەڵکدا چەسپابوو کە ئەمەی دەیکەن موڵکی خۆیانە. لە ئێستادا ئەم هاوکێشەیە بە پێچەوانەوەیە: حیزبی سیاسی جووڵانەوە ڕێک دەخات و خەڵک لە شوێنێکدا کۆ دەکاتەوە تا داوای مافەکانیان بکەن.

جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لەو کاتەوەی دروست بووە (٢٠١٧) چەندین خۆپیشاندانی لەم شێوەیەی دەست پێ کردووە. گوتاری سەرەکیی ئەوان دەنگهەڵبڕینە لە بەرامبەر ئەو نادادییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر خەڵک دەیکات. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، لەگەڵ ئەوەی ئێستا سەردەمێکی نوێتر و پێشکەوتووترە، هێشتا جووڵانەوە و خۆپیشاندانەکانی پێشوو کاریگەرییان زۆرتر بووە.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بە پەیامی ڤیدیۆیی کات و ڕۆژی خۆپیشاندانی دیاری کردووە و هەموو جارەکانیش چەند خاڵ و ئامانجێکی هاوبەشی هەبووە، کە زۆرینەیان هەر ئەوانەی ١٧ی شوباتن، بەڵام بە ڕای زۆرینە، ئەوەی جیاوازییە گەورەکەیە ئەوەیە کە پێشتر خەڵک خۆی ئاڕاستەی جووڵانەوەکانی دیاری دەکرد، ئێستا حیزب.

یەکێک لەو مامۆستایانەی لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە مووچەکەی کەم کراوەتەوە و چەندین مووچەی پاشەکەوت کراوە، دەڵێت: ”ئێمە لە ١٧ی شوباتدا زۆر زیاتر لە ئێستامان کرد. خوێنمان دا، شەهیدمان هەبوو. بەڵام ئێستا چی؟ نەوەی نوێ دەمانبات لە شوێنێکی داخراو بۆ چەند سەعاتێک کۆمان دەکاتەوە و هیچ ئەنجامێکی نییە. ئەمە مایەی ئەوپەڕی نائومێدییە.”

بە پێچەوانەی ئەم گوتانەوە، فەرمانبەرێک کە هەمان دۆخی هەیە دەڵێت: ”هەر چۆنێک بێت دەبێت ئەم جۆرە دەنگانە هەبێت و لە ناڕەزاییدەربڕین نەوەستین، چونکە بێدەنگی مانای مردنە. گرنگ نییە کێ ڕابەرایەتی دەکات، گرنگ ئەوەیە هەمیشە دەنگێکی ناڕەزا هەبێت و هەرگیز نەهێڵێت حکومەت بە ئاسانی بۆی دەربچێت.”

تەواوی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بەسەر دوو سەنگەردا دابەش بوون، کە ڕاکانیان هیی ئەم مامۆستا و فەرمانبەرەن: سەنگەرێکیان پێیان وایە حیزبەکان خەڵکفرۆشن و لە پێشوودا ناڕەزایی خەڵکیان بۆ پلە و پۆستی خۆیان قۆستووەتەوە و لە ئێستایشدا هەر جووڵەیەکیان هەبێت بۆ بەرژەوەندیی خۆیانە، سەنگەرەکەی تریشیان ئەوەی لای گرنگە بێدەنگنەبوون و ملکەچنەکردنە بۆ دەسەڵات لە ڕێگەی خۆپیشاندانی بەردەوامەوە، ئیتر کاردانەوە و ئەنجامەکان هەر چۆنێک بوون.