رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وەک پەیکەرەکانیان، تارماییشیان تێک دەشکێنرێت؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

لە ماوەی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی سەرتاسەری جیهان دژ بە ڕەگەزپەرستی، بەشێک لە ناڕەزایانی شاری بریستڵ لە باشووری ئینگلتەرا، پەیکەری ئێدوارد کوڵتنیان تێک شکاند، کە بازرگانێکی کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدە بوو و بەشێکی زۆری سەروەتەکەی لە ڕێی بازرگانیکردن بە کۆیلەکانەوە بە دەست هێنابوو. پەیکەرەکە لە ساڵی ١٩٨٥ەوە لە شاری بریستڵ دروست کراوە و تا ئەم ماوەیەیش مابووەوە. لە بریستڵ کە چەندین ئاستی ڕۆشنبیریی جیاوازی تێدا دەژین، هەبوونی ئەو پەیکەرە بێزارکەر بوو، هەر بۆیە لە گەرمەی ناڕەزایەتییەکاندا پەیکەرەکە داگیرا و فڕێ درایە ناو دەریاوە.

ڕەنگە ئەم دیمەنە بمانگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ی بەغداد، کە کازم جەبووری بە چەکووشێک کێشای بە پەیکەرەکەی سەدام حسێندا و بووە هۆی هاندانی خەڵکی تا پەیکەرەکە بخەنە خوارەوە و بیشکێنن، ئەمەیش وەک سیمبولێک بۆ هیوا و سەرکەوتنی عێراقییەکان. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئەو هەموو ڕقە چییە کە بەرامبەر بە پەیکەرێک دەردەبڕرێت؟ ئایا بە شکاندن و ڕووخاندنی پەیکەرێک کەسایەتییەکە و مێژووەکە کۆتایی پێ دێت؟ ئەی چی لە بارەی ئەو وێنانەی کەسایەتییەکە کە لە سەری خەڵکیدا ماونەتەوە و هێشتایش بە درێژایی شەقامەکانی ناوچەکە لە خۆپەخشکردنەوەدان؟

ئایا بە ڕووخانی پەیکەرەکە، ئایدیۆلۆژیاکەیش نامێنێت؟

بۆ ماوەی چەندین سەدە ڕێکخراوە دیکتاتۆری و سەربازییەکان وڵاتەکانی ئەم ناوچەیەیان بەڕێوە بردووە  و سەرکردەکانیان لە گشت گۆشەیەکی وڵاتەکەدا یادەوەریی خۆیان بە وێنە و پەیکەر جێ هێشتووە. ڕۆڵی ئەم مۆنۆمێنتانە پاراستنی چەمکی پاڵەوانێتییە و چەسپاندنیەتی لە یادەوەریی خەڵکیدا. هەر بۆیە لە ناوچەکەدا هەڵمەتێکی بەرفراوان دەبینین، بە تایبەت لە دوای بەهاری عەرەبییەوە، کە ئەویش لێکردنەوە و دڕاندنی وێنەی سەر شەقامەکان و مەیدانە گشتییەکانە لەپێناو پووچەڵکردنەوەی ئەو چەمکانە.

ساڵی ٢٠١١، ناڕەزایان وێنەی حوسنی موبارەک، سەرۆکی ئەو کاتەی میسڕیان لە باکووری شاری ئەسکەندەرییە دڕاند و بووە هاندەرێک بۆ گەرمبوونی شۆڕش دوای چەند هەفتەیەک حوسنی موبارەک دەستی لە کار کێشایەوە و دیکتاتۆرێکی دیکە جێگەی گرتەوە.

دوای چەند مانگێک و لە هەمان ساڵ و لە مانگی ئابدا، لە لیبیا ڕووداوێکی هاوشێوە ڕووی دا، کاتێک ناڕەزایانی لیبی دایان بەسەر بارەگای موعەمەر قەزافیدا لە تەڕابلوس، سەری یەکێک لەو پەیکەرانەیان لێ کردەوە کە هاوشێوەی قەزافی بوو و پەیکەرێکی دیاری دیکەشیان ڕووخاند کە مشتەکۆڵەیەکی ئاڵتوونی بوو و فڕۆکەیەکی جەنگیی دەگوشی. بە دوو مانگ دوای ئەوە قەزافی کوژرا و لیبیا کەوتە گێژاوی ململانێ و ئاژاوە سیاسییەکانەوە.

هەروەها لە ساڵی ٢٠١٣دا، ناڕەزایانی سووریا لە شاری ڕەقە، پەیکەری سەرۆکی پێشووی سووریا، حافز ئەسەدیان ڕووخاند، کە باوکی سەرۆکی ئێستا، بەشار ئەسەدە. بەڵام سەربازانی دەوڵەتی ئیسلامی هەر زوو شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و سەرۆک ئەسەد لە پێگەکەی خۆیدا مایەوە. بۆیە دووبارە دەپرسینەوە، ئایا تێکشکاندنی پەیکەری سەرکردە دیکتاتۆرەکان توانیویەتی ببێتە هۆی تێکشکاندن و کۆتاییپێهێنانی ئایدۆلۆژیا و سیستمەکەی؟

بەشێکی زۆری ویلایەتەکانی ئەمەریکا ڕێکاری یاسایی و ڕێگرییان داناوە بەرامبەر بە شکاندن و تێکدانی یادەوەرییە کۆنفیدڕاڵییەکانی لەو ماوەیەدا ڕوویان داوە، بە هۆکاری ئەوەی ”ئەم کردارانە مێژووی نەتەوەیەک دەسڕنەوە”، لە دەرئەنجامی تەقەکردن لە کەنیسەی چارلستۆن لە ساڵی ٢٠١٥دا، بەشێکی زۆری شارەکانی ئەمەریکا شوێنپێ و یادەوەرییەکانی موڵکی گشتیی تایبەت بە دەوڵەتی کۆنفیدڕاڵی ئەمەریکایان سڕییەوە.

هەڵمەتەکانی لابردنی یادەوەرییەکان لەو باوەڕەوە سەرچاوەی گرتبوو کە یادەورییەکان بەڕێوەبەرایەتیی سپیپێستەکان بە پیرۆز دەکەن و نمایندەی دەوڵەتێکی خیانەتکار دەکەن کە بنەمای سەرەکیی کارکردنی، بەردەوامیدان و بەرفراوانکردنی ڕق و کینە بوو. ڕەنگە ئەم بیروباوەڕە لەوەوە سەرچاوە بگرێ کە بەشێکی زۆر سەرکردەکانی لەم شوێنپێ کۆنفیدڕاڵییانە لە سەردەمی یاساکانی جیم کرو (١٨٧٧ – ١٩٦٤) بونیاد نراون، نەک وەک یادەوەرییەک، بەڵکو لەپێناو ترساندنی ئەو ئەمەریکییانەی بە بنەڕەت ئەفریقین و لەپێناو سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەگەزی سپیپێستدا. لە بەرامبەردا، بە پێچەوانەی شەپۆلی ڕەخنەگرتنی شکاندنی پەیکەرەکان، بەبڕوای ئەنجوومەنی مێژوویی ئەمەریکا، خستنەخوارەوەی یەکێک لە پەیکەرە دێرینەکان سڕینەوەی مێژوو نییە، بەڵکو گۆڕینی ئاڕاستەی ئەو مێژووەیە.

ڕووخاندنی سیمبولە مێژووییەکان دەبنە هۆی دروستکردن یان ڕووخاندنی ئایدۆلۆژیا و فیکری مێژوو؟

یەکێک لە بازرگانەکانی ئاسەوارە دێرینەکان، پارچەیەکی لە پەیکەرەکەی سەدام حسێن کڕییەوە، کە تەمەنی ١٤ ساڵ بوو و پارچەکە قاچی چەپی ئەو دیکتاتۆرە بوو. لەو ڕۆژەدا کە پەیکەرەکە شکێنرا، زۆر کەس چوون پارچە پارچەیان کرد تا بۆ سوودی مادی بە کاری بێنن. هەر ئەو کاتە کەسێک سەرە لێکراوەکەی سەدام حسێن دەکات بە عەرەبانەکەیەوە و لەگەڵ خۆیدا دەیبات.

لەگەڵ ئەو هەقیقەتەدا کە پەیکەرەکان ئاسەوارێکی مێژوویین، دەبێت ئەوەمان بیر بێت کە بەدەر نین لە سیمبول و کۆدی ئایدیۆلۆژی کە دەتوانن کاریگەری لەسەر نەوەکان دابنێن. کاتێک سەرکردەیەکی دیکتاتۆر شار بە وێنە و پەیکەری خۆی پڕ دەکاتەوە، مانای بەپیرۆزکردنی کەسایەتیی خۆیەتی و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی وێنەوە بوونی خۆی لە هزر و بیری تاکەکانی کۆمەڵگەدا قایمتر بکات. هەر بۆیە لێرەدا ئەو پەیکەرە هیچ نییە جگە لە پڕۆژەیەکی سیاسیی دیکتاتۆر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چاوی هاووڵاتییان. لە هەمان کاتیشدا شکاندنی پەیکەرێک بە دەستکەوتێکی گەورەی شۆڕش هەژمار ناکرێت و تەنها بەشێکە لە ئامڕازەکانی بەرەنگاری و هاندان بۆ بەردەوامیی شۆڕش. ئەوەی دەبێتە دەستکەوت، بەدەستهێنانی ئەو داخوازییە ڕیشەییانەن کە هاووڵاتییان هەیانە.

سەرچاوە (کلیک بکە)