رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کاردانەوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دوای تەقینەوەکەی بەیروت

Facebook
Twitter
LinkedIn

وەرگێڕانی: ژیر دانا

ڕۆژی ٤\٨\٢٠٢٠ تەقینەوەیەکی گەورە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان ڕووی دا و نزیکەی ١٥٠ مردوو و زیاد لە ٤٠٠٠ برینداری لێ کەوتەوە. ڕاستەوخۆ دوای تەقینەوەکە، ڤیدیۆی ڕووداوەکە بە ناو ئینتەرنێتدا بڵاو کرایەوە و دەنگۆیەکی گەورەی لە دوای خۆی دروست کرد. ڕووداوەکە لە بەندەری شارەکە ڕووی داوە و هۆکارەکەیشی تا ئێستا دەگەڕێنرێتەوە بۆ گڕگرتنی کۆگایەکی یاریی ئاگرین.

بەرپرسانی وڵاتەکە لێدوانی جیاوازیان داوە لەسەر ڕووداوەکە. داواکاریی گشتی ڕای گەیاندووە کە لیکۆڵینەوە دەستی پێ کردووە لەسەر هۆکاری ڕووداوەکە و هەر کەس بە هەر جۆرێک لە ڕووداوەکە بەرپرسیار بێت، قورسترین سزا دەدرێت. میشێل عەونیی سەرۆکی وڵاتیش ڕای گەیاندووە کە هۆکارەکە تەنها کۆگای یارییە ئاگرینەکان بووە و خەمباریی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی کە کۆگایەکی لەو جۆرە بە باشی نەپارێزراوە. هەروەها سێ ڕۆژ ماتەمی گشتیی لە وڵاتدا ڕاگەیاند  و بڕی ١٠٠ ملیار لیرەی لوبنانی، واتە نزیکەی ٦٦ ملیۆن دۆلاری بۆ قەرەبووی زیانەکان تەرخان کرد.

سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە ڕووداوەکەی بە کارەساتێکی گەورە باس کرد، کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد هەیە تا هەموو ئەوانە بدۆزرێنەوە کە لە ڕووداوەکە بەرپرسن. هەروەها باسی کۆگای یارییە ئاگرینەکانیشی کردووە، بەڵام ڕای گەیاند هێشتا زووە بڕیار بدرێت و پێویستە لێکۆڵینەوە بەردەوام بێت.

زانیارییەکان دەری دەخەن کە تەقینەوەکە بە ڕێژەیەک گەورە بووە، لە دووریی ٢٤٠ کیلۆمەترەوە و لە دوورگەی قوبڕس دەنگی بیستراوە. زیانەکان تا ئێستایش لە زیادبووندان، چەندین کەس مردوون و زۆر کەسیش بە سەختی بریندار بوون. هەروەها ژمارەیەکی زۆر گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بوونەتەوە کە تێیاندا لاشەی قوربانییەکان و ئەو خەڵکانە دەبینرێن کە لە ژێر ماڵە ڕووخاو و گڕگرتووەکاندا گیریان خواردووە و داوای یارمەتی دەکەن. شایەنی باسە لوبنان لە ئێستادا بە دۆخێکی ئێجگار خراپی ئابووریدا تێدەپەڕێت و لە قەیرانێکی بەردەوامدایە، بۆیە تا ئێستا نازانرێت ڕێکاری قەرەبووکردنەوەی زیانەکان چۆن دەکرێن و لوبنان چۆن ئەو قەرەبووەی پێ دابین دەکرێت.

یەکێک لە شایەتحاڵەکان بەم جۆرە باسی ڕووداوەکەی کرد: ”سەرەتا تەنها ئاگرم بینی و نەمزانی چی بووە. دواتر کە چوومە ژوورەوە کاس بووم و توانای بیستنم بۆ چەند چرکەیەک بە تەواوەتی لە دەست دا. لەناکاو تەواوی شووشەی ماڵ و ئوتۆمبیلەکان شکان. هەموو شوێنەکە بوو بە پارچە شووشە. خەڵکەکان خەمی خزم و کەسەکانیان بوو و دەیانویست پەیوەندییان لەگەڵدا بکەن. کەس نەیدەزانی کێ زیندووە و کێ مردووە. جاران ئەگەر تەقینەوەیەک ببوایە، تەنها خەمی یەک ناوچەمان بوو. بەڵام ئەم جارە هەموو بەیروت کەوتبووە مەترسییەوە.”

ڕاستەوخۆ دوای تەقینەوەکە، سوپا چوونە سەر ناوچەکە و پارێزگارییان لێ دەکرد. هەروەها هەر کەس دەیویست بچێتە نزیک بەندەرەکەوە، لە لایەن سوپاوە پێی گوتراوە نابێت بچێت و ترسی تەقینەوەی دووەم لەئارادایە. بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە دەیانوست بچنە شوێنی ڕووداوەکە، ڕۆژنامەنووسەکان بوون. سونیڤا ڕۆز کە ڕۆژنامەنووسە، بەم جۆرە باسی ڕووداوەکانی کرد: ”نزیک ئێوارە بوو کە ڕووداوەکە ڕووی دابوو و ئێمە دەمانویست بچینە شوێنی تەقینەوەکە. بەیروت تەواو وێران ببوو. شەقامەکان هەمووی پارچە خشت و بلۆکی شکاو بوون. بینایەک نەمابوو کە بە نەڕووخاوی مابێتەوە. هەموو بستێک وردەشووشەی پەنجەرەکان بوو، کە گەیشتینە نزیک بەندەرەکە، سوپا تەواوی ناوچەکەی گرتبوو. ڕێگەیان نەدەدا کەس نزیک ببێتەوە، بەو بیانووەی کە ئەگەری تەقینەوەیەکی  تر لەئارادایە. دوکەڵە ڕەشەکە ئاسمانی بەر نەدەدا. لاشەی مردوو بە درێژایی تەواوی شەقامەکان کەوتبوون. شوێنێک نەمابوو خوێنی بریندار و کوژراوەکانی پێوە نەبێت. پیرێژنێکی ٨٦ ساڵم بینی کە لە ماڵەکەی ڕای کردبووە دەرەوە و هانای بۆ دکتۆر بردبوو. دکتۆرەکە لەسەر شەقامەکە دەیویست چارەی بکات. ئوتۆمبیلەکان بە پاشماوەی بینا ڕووخاوەکان تێک شکابوون. خانووە کۆنەکان بەردی گەورە گەورەیان لێ بووبووەوە و هیچ شوێنێکی نەڕووخاویان پێوە نەمابوو. هیچ شووشەیەک بە ساغی دەرنەچووبوو. تەنانەت لە دووریی ٢ کیلۆمەتریشەوە لە شوێنی تەقینەوەکەوە، ڕووی هیچ بیانییەک بە ساغی نەمابووەوە.”

ئەمۆنیۆمی نایترەیت ناوی ئەو مادەیەیە کە بووەتە هۆی دروستبوونی تەقینەوەکە. ئەم مادەیە دوو سوودی سەرەکیی هەیە: یەکەمیان بەکارهێنانیەتی لە کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی، دووەمیشیان بۆ دروستکردنی تەقەمەنی. ئەمۆنیۆمی نایترەیت گڕگرتوویەکی زۆر بەهێزە و هەر کاتێک ئاگری بەر بکەوێت دەتەقێتەوە و ئاگر دروست دەکات. جیا لەوەیش گازێکی ژەهراوی بە ناوی ئۆکسیدی نایترۆجین دروست دەکات. لەبەر ئەوەی بەم جۆرە گڕگرتووە، ئەمۆنیۆمی نایترەیت پێویستە لە شوێنی تایبەتدا هەڵبگیرێت. ئەو شوێنە تایبەتە دەبێت دژەگڕگرتن بێت و هیچ سەرچاوەیەکی ئاگرکەوتنەوەیشی تێدا نەبێت. هەروەها پێویستە هیچ بۆرییەک و دەرچەیەک لە ناو ئەو شوێنەدا نەبێت کە مادەیەکی تێدا هەڵدەگیرێت.

دوای ڕووداوەکە و بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکان، حەسەن دیابی سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوایەکی فەرمیی لە تەواوی وڵاتانی جیهان کرد کە بە هانای لوبنانەوە و بێن و یارمەتییان بدەن. بە تایبەت کە دۆخی لوبنان پێش ڕووداوەکە ناسەقامگیر بووە و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هیچ کارەساتێکی نەبووە.

بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی بەڕیتانیا، دوای بینینی گرتە ڤیدیۆکان بەم جۆرە هاتە دەنگ: ”وێنەکان و ڤیدیۆکان منیان شۆک کردووە. لە ئێستادا تەواوی بیر و نزام بۆ ئەم ڕووداوە نەخوازراوەیە. بەڕیتانیا ئامادەیە هاوکاریی لوبنان بکات. بە تایبەت هاوکاریی ئەو هاووڵاتییە بەڕیتانییانەی کە بەرکەوتەی ڕووداوەکەن.”

لە ئەمەریکا مایک پۆمپیۆ هاوخەمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و ئامادەیی بۆ هەر هاوکارییەک پیشان دا کە خەڵکی لوبنان پێویستیان بێت. بەڵام سەرۆک ترەمپ لە پاڵ هاوخەمییەکەیدا، ڕووداوەکەی بە هێرش وەسف کردووە کە دەستێکی تێدا هەیە و بە مەبەست ئەنجام دراوە.

فەڕەنسا ڕاستەوخۆ ئامادەیی خۆی پیشان دا بۆ هاوکاریکردن و دەستیشی کردووە بە ناردنی هاوکارییەکانی. سعودیە و ئێرانیش ڕایان گەیاند ئامادەی هەر جۆرە هاوکارییەکن.

ئیسرائیل ڕای گەیاند کە هاوکاری لە پێدوایستییە تەندروستییەکان و مرۆییەکانی لوبناندا دەکات.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕای گەیاند کە تەقینەوەکە لە ناو باڵوێزخانەکەیانەوە هەست پێ کراوە و لە ناو قوربانییانیشدا هاووڵاتیی ئەڵمانی هەیە.

شایەنی باسە پێش ئەم ڕووداوە، لوبنان لە دۆخێکی نالەباردا بووە و چەندین قەیران و ململانێی نێوان خەڵک و دەسەڵات لە وڵاتەکەدا بوونیان هەبووە. ئەم دۆخەیش بەرئەنجامی ئەو کێشانەیە کە خەڵکی لوبنان بۆیان دروست بووە و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی ناوخۆی وڵاتەکە، کە لە ساڵی ١٩٧٥ەوە دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٩٠دا کۆتایی هات.

بەشی زۆری کێشەکان بریتین لە نەبوونی مافە سەرەتاییەکانی خەڵک. بێکارەبایی و نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە و چەندین شتی تریش کە خەڵکی لوبنان بە دەستیەوە دەناڵێنن. ئەوانەیشی کە بەرپرسن، دەسەڵاتدارە کەمینەکەی وڵاتن، کە بە درێژایی دەسەڵاتیان سامانی نەتەوە بۆ خزمەتی خۆیان بە کار دەهێنن و هیچ چاکسازییەک ئەنجام نادەن کە دۆخی خەڵک باشتر بکات.

لەم دواییانەیشدا، کێشەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل زیادی کردووە و هێزەکانی حیزبولڵا چەندین جار ویستوویانە سنووری ناوچەکانی ئیسرائیل تێبپەڕێنن. بەڵام ئیسرائیل ڕەتی کردەوە هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکەوە هەبێت.

سەرچاوە (کلیک بکە)