رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

هەرێمی کوردستان لە نێوان فۆڕمە کۆن و نوێیەکانی ناڕەزایەتیدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

بە درێژایی شارستانییەتە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی، ناڕەزایەتیی جەماوەری یەکێک بووە لە فۆڕمە هەرە گرنگەکانی گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی و دروستکردنی گۆڕانکاری. دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێی داخوازی و فشارەکانی جەماوەرەوە ناچار بە گۆڕینی سیاسەتی بەڕێوەبردنی کراوە یاخود لەسەر کورسییەکەی هێنراوەتە خوارەوە. ئێستا و پاش تێپەڕبوونی دەیەیەک لە شارستانیەت و دوای هاتنی چەندین نەوەی نوێ، ناڕەزایەتییەکانی جیهان فۆڕمی جیاواز وەردەگرن و داخوازیی جەماوەریش بۆ ئاستێکی بەرزتر دەڕوات. لێرەدا پرسیار ئەوە: ئایا کاریگەرترین فۆڕمی ناڕەزایەتی دەبێت چی بێت؟ بۆ ئەمەیش ناڕەزایەتیی وڵاتانی جیهان بە نموونە دەهێنینەوە و پاشان دەپرسین بۆچی لە هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتییەکان فۆڕمی جیاواز و کاریگەر لە خۆی ناگرێت؟

شۆڕشەکانی ڕابردوو

سەد ساڵ بەر لە ئێستا و لە ساڵی ١٩١٧دا، شۆڕشی ئۆکتۆبەر، کە بە شۆڕشی بەلشەڤیکی یان ئۆکتۆبەری سوور ناسراوە، لە ڕووسیا لە لایەن حیزبی بۆلشەڤیکەوە بە ڕابەرایەتیی ڤلادیمێر لینین بەرپا بوو. ئەم شۆڕشە جەماوەرییە، سیستەمی سۆسیالیستی و دەسەڵاتی سۆڤیەتی، کە دەکاتە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی کرێکاران و جووتیارانی لە ناو خاکی یەکێتیی سۆڤیەتدا چەسپاند. میکانیزمی سەرکەوتنی شۆڕشەکە چەکداری و جەماوەری بوو دژ بە سیستەمی حوکمڕانی و حکومەتی بۆرژوا.

دوای ساڵانێک لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە وڵاتە جیاوازەکانی دیکە، ڕاپەڕینی ئایاری خوێندکارانی فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٦٨دا سەری هەڵدا، کە تیشکخستنە سەر کولتووری کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی بوو و خوێندکارانەوە دەستی پێ کرد و پاڵپشتیی چەندین بیرمەندی ئەو سەردەمەی وەک تیۆدۆر ئەدۆرنۆ، یۆرگن هابەرماز، هێربەرت مارکۆزە و ژان پۆڵ سارتەری بە دەست هێنا. خوێندکاران ڕژانە سەر شەقامەکان و چەندین فۆڕمی جیاوازیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و گۆڕینی سیستمی کۆنەپارێزی ئەوکات بە کار هێنا، لەوانە وتاردان، موزیک، خوێندنەوەی شیعر و نووسینی دروشمی  ڕادیکاڵانە لەسەر دیوارەکان. تا بووە هۆی ئەوەی ڕاپەڕینەکە فۆڕمێکی فراوانتر وەربگرێت و چینی کرێکارانیش هاتنە پاڵی و چەند وڵاتێکی تریشی گرتەوە، وەک ئەڵمانیا.

دیسان ساڵانێکی پڕ لە کێشمەکێشم و گۆڕنی دەسەڵاتە سیاسییەکان هاتن و چوون و بەهاری عەرەبی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ و سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١١دا سەری هەڵدا، ئەویش لە دوای ئەوەی پۆلیسی شارەوانیی یەکێک لە شارەکانی تونس ناهێڵن گەنجێکی میوەفرۆش بە ناوی محەمەد بوعەزیزی، عەرەبانەکەی لەسەر شەقام ڕابگرێت و کارەکەی بکات و دواتر بوعەزیزی وەک ناڕەزایەتییەک خۆی دەسووتێنێت. ئەمە کاردانەوەیەکی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتەوە و خەڵک لە ڕێی هاشتاگێکی هاوبەشەوە خۆیان ڕێک خست و لە وڵاتە جیاوازەکانی نیشتمانی عەرەبی ڕژانە سەر شەقامەکان و دەستیان بەسەر زۆرینەی شوێنە گرنگەکانی حکومەتدا گرت. تا بووە هۆی ئەوەی زەینەلعابدین بن عەلی، سەرۆککۆماری تونس لە وڵات هەڵهات و دادگای تونسیش بڕیاری ٢٠٧ ساڵ زیندانی و ٢١٨ ملیۆن دیناری تونسیی وەک پێبژاردن بەسەردا سەپاند. پاشان ئەم شەپۆلە وڵاتەکانی میسڕ و لیبیا و سووریایشی گرتەوە و بە ئاستی جیاواز جیاواز کاریگەریی خۆی بە جێ هێشت.

میکانیزمەکانی ناڕەزایەتی لە سەردەمە جیاوازەکاندا

فۆڕمی ناڕەزایەتییەکان بەپێی شوێن و سەردەم گۆڕانی بەسەردا دێ و هەمان فۆڕمی سەردەمێک ناتوانێت لە سەردەمێکی دیکەدا هێندەی سەردەمەکەی خۆی کاریگەری دابنێت.

کاتێک مەزڵووم دۆگان لە زیندانی ئامەد وەک ئاکتێکی بەرەنگاری لە نەورۆزی ١٩٨٢دا دژ بە دەسەڵاتی فاشیی تورکیا خۆی سووتاند، توانیی ببێتە هێزێکی بەرفراوان بۆ  خۆڕاگریی هەڤاڵانی. خۆسووتاندنەکەی مەزڵووم فۆڕمێکی پڕ مانا و هونەرییانەی هەبوو، بەڵام ئێستا کاتێک گەنجێک بە هەر هۆکارێک خۆی دەسووتێنێت، نەک هەر ناتوانێت هەمان مۆرکی سیاسی و بەرەنگاری وەربگرێت، بەڵکو وەک ڕووداوێکی زۆر سادە و ڕووکەشی تێدەپەڕێت.

لە سەردەمی نازییەکاندا، سۆفی شۆڵی خوێندکار، بەیاننامەی هۆشیاری و هاندان بۆ بەرەنگاری بە خوێندنگەکەیدا بڵاودەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی سزای کوشتنی بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام بۆ هەمیشە ناو و ئاکتی ئەو خوێندکارە وەک سیمبولێکی ناڕەزایی و هاندەر بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە، بەلام لە ئێستادا ئازادیی ڕادەربڕین هەرچەندە ڕووکەشیش بێت، هێشتا ئەو زەمینەیەی فەراهەم نەکردووە کە کردەیەکی هاوشێوە بتوانێت هەمان کاریگەریی سەردەمەکەی خۆی هەبێت.

هۆکاری لەدەستدانی کاریگەریی میکانیزمەکانیش بۆ بەرەوپێشچوونی سەردەم و هاتنەکایەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دەگەڕێتەوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی تا ڕادەیەک خەڵک بتوانێت بە ڕێگایەکی ئاسانتر ئەوەی دەیەوێت بیڵێت و هەر زوویش ببێتە بیروڕایەکی پاسیڤ.

بەم دواییانە و دوای کوژرانی جۆرج فلۆیدی ڕەشپێست لە لایەن پۆلیسێکەوە لە شاری مینیاپولیسی سەر بە ویلایەتی مینیسوتای ئەمەریکا، چەندین ڕێپێوان و ناڕەزایەتیی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و جگە لەوەیش، لە وڵاتانی ترەوە بە شێوازی جیاواز پشتگیری بۆ ئەو دۆزە دەردەبڕرێت. هاووڵاتییان چەندی فۆڕمی جیاوازی ناڕەزایەتی وەک شکاندنی پەیکەر و سووتاندنی بنکەکانی پۆلیس و هونەری سەرشەقامیان بە کار هێنا و هەر هاووڵاتییەک لە جێی خۆیەوە بەهرە و توانای خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی ناڕەزایەتییەکان بە کار دەهێنا، بەڵام لە هەمان کاتدا هەواڵی کوژرانی گەنجێکی باکووری کوردستان بە هۆی گوێگرتن لە گۆرانیی کوردییەوە بڵاو بووەوە و هیچ ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی لێ نەکەوتەوە. لە کاتێکدا هەردوو ڕووداوە لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستین و شایەنی ڕووخاندنی ئەو سیستمە فاشیستەن کە ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیایە بەرهەم دەهێنێت.

لێرەدا دەپرسین، بۆچی لە هەرێمی کوردستان چەوساندنەوە و کارەساتە گەورەکان ناتوانن ناڕەزایەتیی جەماوەری بەر بنەمای بیرکردنەوە و داخوازیی ڕیشەیی سەرپێ بخەن؟ دەکرێت وەڵامدانەوەی ئەوە لەوەدا کورت بکەینەوە کە میکانیزمێکی نوێی دەربڕینی ناڕەزایەتی بوونی نییە و خەڵک لە هاتنەسەر شەقامەکان بێزار بوون و بە ئاکتێکی دووبارە و سواوی دەبینن، هەروەها تەکنەلۆژیا دەربڕینی ناڕەزایتیی ئاسان کردووە و وای کردووە کە هەر تاکێک بۆ ئەوەی بزانرێت کە ناڕەزایە، بە نووسینێکی کورت ئەرکەکە لەسەر خۆی لا ببات. نوێترین نموونەیش ئەو هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی هاشتاگە بوو، کە لە بەرامبەر ناڕوونیی خەرجکردنی ٤٠٠ ملیار دینار لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە گیرایە بەر و هەر زوو خامۆش بووەوە و فۆڕمی تری ناڕەزایەتیی بە دوای خۆیدا نەهێنا و میکانیزمی دیکە بۆ یەکلابوونەوەی کەیسەکە نەگیرایە بەر.