رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە گوێ لە ڕەخنەگرەکان بگرێت نەک دەستگیریان بکات

Facebook
Twitter
LinkedIn

بێلکیس ویڵی

وەرگێڕانی: ژیر دانا

دوای کارکردن بۆ ماوەی چوار ساڵ لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و چاودێریکردنی بارودۆخی ژیان، بە ئاشکرا سەرنجی ئەوەم دەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام خۆی وەک نموونەیەک دەردەخات لە بەرچاو حکومەتی ناوەندی لە بەغداد، کاتێک کە باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکرا. ئەمە ئەو پرسیارە دروست دەکات کە ئایا ئەو جیاوازییە گەورەیە هەیە لە نێوان و هەرێم و بەغداد لە دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤدا، یاخود نا. هەر بۆیە بڕیارم دا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێم بکەم و لەوێ لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدەم لەسەر دەستدرێژی لە هەرێمدا. لە کاتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکەدا، حکومەتی هەرێم وا دەری دەخست کە کەیسی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ هەیە، بەڵام بە هیچ جۆرێک دۆخەکە وەکو دۆخی بەغداد نییە و زۆر باشترە. بەڵام ئاشکرا بوو کە لە هەرێمدا پێشێلکارییەکی زۆر بەرامبەر بە مافی ئازادیی ڕادەڕبڕین و بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە قسە لە دژی حکومەتی هەرێم دەکەن، هەیە.

بە هەمان شێوەی حکومەتی بەغداد، حکومەتی هەرێمیش بڕگەیەکی دەستوور بە کار دەهێنێت لەو کاتانەی کە کەسێک ڕەخنە لە حکومەتەکە دەگرێت. لەگەڵ ئەوەی کە دەستوورەکە کۆنە، لە هەمان کاتیشدا بۆ زۆربەی کەیسەکان ناڕوونە. بە جۆرێک کە هەر کەس قسە دژی حکومەت بکات، ئەوا بە ئاسانترین شێوە دەتوانرێت فەرمانی دەستبەسەرکردنی ئەو کەسە دەربچێت بە بیانووی ”تەشهیر”ەوە، بەبێ ئەوەی پێش دەرچوونی فەرمانی گرتنەکە پشت بە ڕاستی و دروستیی تۆمەتەکە ببەسترێت و تەنها لایەنی داواکار کە لێرەدا حکومەتە، دەتوانێت داوا تۆمار بکات و فەرمانی گرتنی کەسەکە دەربکات.

لە ١٥\٦ی ئەمساڵدا، ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی لەژێر ناونیشانی ”هەر کاتێک بمانەوێت دەتوانین دەستگیرت بکەین: ڕای ئازاد لە عێراق لەژێر مەترسیدایە” بڵاو کردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین لە عێراقدا خراوەتە ڕوو، کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و دۆخێکی چەند نالەباری هەیە و چەندین کەیسی ناڕەوا هەن. هەروەها بەشێکی زۆری کەیسەکانیش لە ناو هەرێمی کوردستاندان. ئەو کەیسانە دەرخەری ئەوەن کە لە هەرێمدا ڕای ئازاد و مافی ئازادیی ڕادەربڕین لە مەترسییەکی گەورەدایە. یەکێک لە کەیسەکان کەیسی مامۆستایەکی شاری دهۆک بوو بەناوی بەدەل ئەبوبەکر. ئەو مامۆستایە پێی ڕاگەیاندین کە دوای ئەوەی بەشداریی خۆپیشاندانێکی کردبوو لە شارەدێی شیلادزێ، کە ١٠٠ کیلۆمەتر لە دهۆکەوە دوورە، ئاسایشی شارەکە دەستگیریان کردووە بە بیانووی ئەوەی ”دژی حکومەت کاری کردووە”. بەدەل وتی کە ئاساییشەکان پێیان وتووە ”ئەگەر بە دڵت نییە، هەرێم جێ بهێڵە”.

دەستگیرکردنەکە بە پشتبەستن بووە بە بڕگەی ١٥٦ی یاسای سزادانی عێراقی، کە هەمان یاسا لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت. ئەو بڕگەیە لەسەر سەرپێچیکردنە لە دژی حکومەت، یاخود ئاسایشی گشتی. هەرچەندە بەدەل پێی ڕاگەیاندوون ئەو ”بە هیچ جۆرێک بەشداریی خۆپیشاندانی لەو جۆرەی نەکردووە”، بەڵام ئاسایش گوێیان بۆ نەگرتووە و ناچاریان کردووە بەڵێننامە پڕ بکاتەوە، کە ”بە هیچ جۆرێک بەشداریی هیچ چالاکییەک نەکاتەوە، کە لە دژی حکومەت بکرێت”. دوای ئەوەیش بۆ ماوەی سێ هەفتە زیندانی کرا.

جگە لە بەکارهێنانی یاسای سزادانی عێراقی بۆ ڕێگەگرتن لە دەربڕینی ڕای ئازاد، حکومەتی هەرێمی کوردستان یاساکانی تایبەت بە خۆیشی بە کار دەهێنێت بۆ هەمان مەبەست. لە ناویاندا یاساکانی ڕۆژنامەوانی و یاساکانی خراپ بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندییەکان. ئەم یاسایە بەکارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت بە گشتی دەگرێتەوە و ڕێگری لە هەر کەسێک دەکات کە ئەم ئامێرانە بە کار بهێنێت بۆ هەڕەشەکردن، بڵاوکردنەوەی زانیاری، بڵاوکردنەوەی وێنە و بابەتی کەسی، هەروەها هەر زانیارییەکی تر کە تایبەت بێت بە کەسەکە و گشتی نەبێت. تەنانەت ئەگەر زانیارییەکە ڕاستیش بێت.

ڕێبوار کاکەیی، کە بەرپرسی لقی هەولێری دامەزراوەی میدیایی نالیایە، پێی ڕاگەیاندین لە بەرواری ١٦/١/٢٠١٩دا دەستگیرییان کردووە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لە میدیاکەیانەوە، کە لە ساڵی پێشوودا بڵاوکراوەتەوە. ڕاپۆرتەکە لەسەر یاساشکاندن بوو لە لایەن دوو کۆمپانیای گەورەی دەرمانەوە، کە سیاسەتمەدارەکانی هەرێم خاوەندارێتیی دەکەن. حکومەت ڕێبواریان دەستگیر کرد بە پشتبەستن بە یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرە پەیوەندییەکان، لەسەر داواکاریی خاوەنی کۆمپانیاکان. هەرچەندە دادوەر ڕێبواری ئازاد کرد، بەڵام دوای ماوەیەک کەسێکی تر لە هەمان تۆڕی میدیایی لەسەر هەمان ڕاپۆرت، دەستگیر کرایەوە.

ئیبراهیم، کەسێکە کە داوای لێ کردین ناوی تەواوی نەنووسین. ئەو ڕۆژێک بە مۆبایلەکەی ئەو دیمەنانە وێنە دەگرێت کە تێیاندا شاردەێی شیلادزێ لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆمبباران دەکرێت. ئەم ڕووداوە بەشێکە لەو زنجیرە هێرشانەی کە تورکیا بەردەوام ئەنجامیان دەدات و بە هۆیانەوە ٦ کەسی سیڤیل گیانیان سپاردبوو و خەڵک بۆ ماوەیەکی زۆر خۆپیشاندانیان لە دژ ئەنجام دابوو. ئیبراهیم گرتەی یەکێک لە بۆمببارانەکانی بڵاو کردبووەوە و بە هۆیەوە دەستگیر کرا، بە پشتبەستن بە یاسای سزادانی عێراقی بۆ کۆکردنەوە و بەکارهێنانی بەڵگە دژی حکومەت، هەروەها یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە پەیوەندییەکانیش، چونکە مۆبایلەکەی بە کار هێنابوو بەبێ ئەوەی مۆڵەتی وێنەگرتنی وەرگرتبێت. ئەو کەیسە هێشتا کراوەیە و هەتاوەکو ئیستایش ڕوون نەکراوەتەوە کە دەبوو ئیبراهیم مۆڵەت لە کێ وەربگرێت بۆ تۆمارکردنی ئەو گرتانە.

ئامانج بەکر، ڕۆژنامەنووسێکە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا ئاسایش بەبێ هیچ تۆمەتێکی فەرمی دەستگیریان کرد، تەنها بە بیانووی بڵاوکردنەوەی وتارێک لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا. هێزەکانی ئاسایش دوای هێشتنەوەی لە زیندان بۆ ماوەی ڕۆژێک، ناچاریان کرد بەڵێننامەیەک پڕ بکاتەوە کە چیتر هیچ بابەتێک لەسەر هێرشەکانی تورکیا نەنووسێت. دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامەکە، ئامانجیان ئازاد کرد. دوای مانگێک، ئاسایش دووبارە دەستگیریان کردەوە بەبێ تۆمەتی فەرمی، هەروەها ڕۆژێکی تر لە زیندان هێشتیانەوە. ئامانج وتی کە ”بەردەوام چاودێرییان کردووم و گرتنی ئەم جارەیش بە هۆی ئەوە بووە کە من بەردەوام بووم لە نووسین لەسەر هێرشەکانی تورکیا”.

لە ٦/٣ی ئەمساڵدا، کەسێک لە فەیسبووک بابەتێک بڵاو دەکاتەوە لەسەر ئەو ناکۆکییەی کە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستاندا هەیە. دوای بڵاوبوونەوەی بابەتەکە، کەسێکی نەناسراو پەیوەندی بە خاوەنی بابەتەکەوە دەکات، پێی دەڵێت کە ”پێویستە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە بابەتانە بە هەموو شێوەیەک بوەستێنێت، ئەگینا بێسەروشوێن دەکرێت”. دواتر لە ڕۆژی ١٩\٣دا، هەمان کەس بابەتێکی تر بڵاو دەکاتەوە لەسەر ئەو پلانە داگیرکارییەی کە تورکیا هەیەتی بۆ هەرێمی کوردستان. ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی بابەتەکە، بە هەمان شێوەی جاری پێشوو پەیوەندیی پێوە دەکرێت و هەڕەشەی لێ دەکرێت.

گۆران دیبەگەیی، کە پارێزەری ڕۆژنامەنووس هێمن مامەندە، باسی کەیسەکەی هێمنی بۆ کردین. بەپێی قسەکانی گۆران، هەموو ڕووداوەکەی هێمن لەوەوە دروست بوو کە لە بەرواری ٢٣/٣ لە فەیسبووک، بابەتێکی بڵاو کردبووەوە و نووسیبووی ”ئەگەر حکومەت بەردەوام بێت لە بە زۆر هێشتنەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان بە بیانووی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەپێناو نەدانی مووچەدا، ئەوا خەڵک یاساکان دەشکێنن”. بۆ ڕۆژی دواتر پۆلیس هێمن دەگرن و حوکمی ١٣ ڕۆژ زیندانیی بەسەردا دەدرێت. دوای ئەوەی کە ئازادی دەکەن، بۆ ڕۆژی دوایی ڕاستەوخۆ دەیگرنەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە لە داواکاریی دەستگیرکردنەکەیدا، پۆلیسەکان ناوی خۆیان نەنووسیبوو. یاسای بەکارهێنراو لەم بابەتەدا، دووبارە یاسای سزادانی عێراقی و خراپ بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندییەکان بوو. هەروەها تاوانەکەیش بریتی بوو لە هاندانی خەڵک بۆ شکاندنی خۆپارێزی و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر هێزەکانی پۆلیس. دواجار هێمن لە ٢٦\٤ ئازاد کرا، بەڵام کەیسەکەی هەتاوەکو ئێستایش بە کراوەیی ماوەتەوە.

ئەمانەی باسمان کردن، تەنها ئەو کەسانە بوون کە ئێمە توانیمان قسەیان لەگەڵدا بکەین و لێدوانی ڕاستەوخۆیان لێ وەربگرین، بەڵام لە ڕاستیدا کەیسەکان زۆر لەمە زیاترن و جگە لە هەڕەشەکردن و دەستگیرکردنی ناڕەوا، کەیسی کوشتنیش لەم هەرێمەدا هەبووە. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە سەلامەت نییە کە بەرپرسەکانی باسی دەکەن و خۆیان بەراوردی بەغداد دەکەن، بەڵکو هەرێمیش بەردەوام ڕێگری لە ئازادیی ڕادەڕبڕینی خەڵک دەکات کاتێک کە ڕاکان دژی حکومەت و سیاسەتی حکومەت بێت. ئەگەر حکومەتی هەرێم دەیەوێت خۆی جیا بکاتەوە لە بەغداد و بە هەمان شێوەی ئەوان نموونەی دەسەڵاتێکی خراپ نەبێت بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ، پێویستە لەجیاتیی دەستگیرکردنی ڕەخنەگرەکانی، گوێیان لێ بگرێت.

سەرچاوە:

https://www.hrw.org/news/2020/06/15/krg-needs-listen-critics-not-arrest-them