رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئەوەی پێویستە لە بارەی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری لە ئەمەریکا و کوردستان بیزانین

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئارام قادر کۆکۆیی

پێت سەیر نەبێت لەو کاتەدا دیموکراتەکانی باشوور خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان بوون و  پشتگیریکەر و بەرگریکەری مانەوەی سیستەمی کۆیلایەتی بوون دژ بە باکوورییە کۆماریخوازەکان. پاش جەنگیش سەڕەڕای ئەوەی کە کۆیلایەتی  لە ئەمەریکادا بە یاسا و دەستوور کۆتایی پێ هێنرا، بەڵام لە کۆمەڵگەدا درێژەی کێشا بە هۆی ئەو کەلێنەی لە سامان و ئاستی خۆێندەواریی سپیپێست و ڕەشپێستدا هەبوو.

هەفتەی ڕابردوو بەڕێز جێیک هێس لە بابەتێکدا بۆ کوردستان تایمز لەژێر ناوی ئەوەی پێویستە خوێنەری کورد دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمەریکا بیزانێ، تیشکی خستبووە سەر ئەو خۆپیشاندانانەی کە ئێستا لە ئەمەریکا بەڕێوە دەچن، بۆ ئەوەی بۆ خوێنەری کوردی ڕوون بکاتەوە کە هەنووکە چی لە ئەمەریکادا دەگوزەرێت؟ منیش لێرەوە و بەم بابەتە دەمەوێت شرۆڤە و ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر بدەم بەو خوێنەرە کوردانەی تامەزرۆی زانیاریی زیاترن لەسەر ڕەگەزپەرستیی (ڕێیسیزم) پۆلیس لە ئەمەریکا و ڕەگوڕێشەی ئەو توندوتییژیانەی بەرامبەر ڕەگەزەکانی تر هەم لە ئەمەریکا و هەم لە هەموو گۆشەیەکی ئەم دنیایەدا دەکرێن. سەرەتا بە چیرۆکی خودی قوربانییەکە دەست پێ دەکەم و پاشان باکگراوند و هۆکارەکانی ئەو ڕووداوگەلە و ئینجا دەیبەستمەوە بە کۆمەڵگەکەی خۆمان و هۆکار و نیشانەکانی ڕەیسیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگەی کوردیدا.

ڕۆژی ٢٥ی مایس هەر وەک ڕۆژانی دی، جۆرج فلۆید (George Floyd) سەردانی سوپەرمارکێتی کپ فوودس (Cup Foods) دەکات کە خاوەنەکەی محەمەد ئەبومەیلای بە ڕەگەز فەڵەستینییە، بۆ کڕینی پاکەتێک جگەرە. بەڵام پاش ئەوەی کاشێرە ١٧ ساڵەکە گومانی ئەوەی لێ دەکات کە ئەو ٢٠ دۆلارییەی پێی داوە ساختەیە، پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکات. لێکەوتەکانی ئەو پەیوەندییە و توندوتیژیی پۆلیس، پاش ٢٠ خولەک لە دەرچوونی جۆرج لە سوپەرمارکێتەکە بە شێوەیەکی تراژیدی کۆتایی بە ژیانی دێت.

بڵاوبوونەوەی کورتەڤیدیۆی دەستگیرکردن و گیانلەدەستدانی جۆرج فلۆید لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە لە لایەن ڕاگوزەرەکانی ئەو شەقامەوە گیرابوو، بوو بە هۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی بابەتی مامەڵەی زەبروزەنگ و توندوتیژیی پۆلیس و چەوساندنەوەی ڕەشپێستەکان لە ئەمەریکا. هەرچەندە نامەوێت وشەی ”ڕەشپێست” بە کار بهێنم بۆ جیاکردنەوەی ڕەگەزی کۆمەڵێک لە کۆمەڵێکی دیکە، بەڵام لە نێو ڕێزمانی کوردیدا هیچ وشەیەکی دیکە بە کار نەهێنراوە وەک ناسنامەیەک بۆ ئەم ڕەگەزە. بەکارهێنانی وشەی ڕەشپێست خۆی لە خۆیدا بە ناڕاستەخۆ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نەست هەیە و جیاکاری دروست دەکات. هۆکاری ئەوەی کە ئەم کەیسەی فلۆید بوو بە جێگەی سەرنجی ڕای گشتیی ئەمەریکا و جیهان و ئەو کاردانەوە گەورەیەی لێ کەوتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کوشتنی جۆرج فلۆید هاوکات بوو لە گەڵ ڕووداوێکی هاوشێوە لە ویلایەتی جۆرجیا کاتێک باوک و کۆرێکی سپیپێست نەوجەوانێکی وەرزشکاری ڕەشپێست دەکوژن بە ناوی ئماد ئاربیری (Ahumaud Arbery)، تەنها لەبەر ئەوەی گومانیان هەبوو لەوەی کە دز بێت. زۆربەی چاودێران پێیان وایە خۆپیشاندانەکانی ئێستا هاوشێوەی ئەو زنجیرەخۆپیشاندانانەن کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بە ڕێبەرایەتیی مارتن لۆتەر كینگ بە ڕێوە چوون، کە بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ١٩٦٠ ناو دەبرێت و گۆڕانکارییەکی گەورەی لە کۆمەڵگەی ئەمەریکی و جیهاندا کرد لە مامەڵەکردن لە گەڵ ڕەشپێستەکاندا.

لای هەندێک لە ئێمەی خوێنەری کورد، ئەو پرسیارە دروست دەبێت: بۆ لە وڵاتێکی ڕۆژئاوایی کە خۆی بە یەکێک لە پێشەنگەکانی مەدەنیەت دادەنێت، کۆمەڵە ڕووداوگەلێکی وەها نەخوازراو بەرامبەر ڕەگەزێکی دیاریکراو ڕوو دەدات؟ ئایا هێشتا چەوساندنەوەی چین یان توێژێکی دیاریکراو بوونی هەیە؟ هەندێکی دیکەمان پێمان وایە کە ئەمەریکا وڵاتێکی ڕەیسیستە و حکومەتەکان بەو فۆرمەی کە ئێستا هەن بە شێوەیەک لە شێوەکان سەرکوتکەرن. مادام ئەم ڕوداوە لە ئەمەریکا ڕووی داوە و زیاتر سەرنجەکان لەسەر ڕەیسیزمی پۆلیسە لە ئەمەریکا، دەبێت گێڕانەوەیەکی مێژوویی بۆ ئەم کولتوورە نەرێنییە بکەین و لە ڕەگوڕیشەی ورد ببینەوە.

ڕەشپێستە ئەمەریکییەکان و بە تایبەتی ئەوانەی بازرگانە ئەورووپییەکان لە کیشوەری ئەفریقا پێش کۆڵۆنیالیزم بە پارە و خشڵ و چەک لە پاشاکانی ئەفریقا دەیانکڕی و پاشانیش لە سەردەمی کۆڵۆنیالیزمدا بە زۆرەملێ بە کۆیلەیان دەگرتن و بۆ ئەمەریکایان دەگواستنەوە، دەفرۆشران بە خاوەنزەوییەکان بۆ ئەوەی لە کێڵگەکانی کەتان و قامیشی شەکردا کار بکەن. ئەم ترانس ئەتڵانتیک بازرگانییە بۆ ماوەی ٤٠٠ ساڵ درێژەی کێشا. سپیپێستەکان ئەگەر بە دوای خەونەکانیاندا بۆ پێکەوەنانی سامان ڕوویان لە دنیای نوێ دەکرد، ڕەشپێستەکان بۆ بێگاری و یارمەتیدانی سپیپێستەکان لە بەدەستهێنان ئەو خەونانەیاندا، بە زۆرەملی ڕەوانەی ئەم جیهانە نوێیە دەکران. تەنانەت هەندێکیان وەک کاڵا فڕێ درانە دەریاوە، کاتێک کەشتییەکان ڕووبەڕووی گەردەلوول دەبوونەوە، بۆ ئەوەی کێشی کەشتییەکە کەم ببێتەوە و کاپتن و سەرنشینانی ڕزگاریان ببێت. چوار سەدە لە کۆیلایەتی، تێروانینی نەرێنیی لە هزر و بیری سپیپێست و ڕەگەزەکانی دیکە بەرامبەر ڕەشپێستەکان، نەک هەر لە کۆمەڵگەی ئەمەریکیدا، بەڵکو لە تەواوی کۆمەڵگەکانی جیهاندا ڕەنگی داوەتەوە. بە ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لە نەستی تەواوی مرۆڤایەتی کردووە، کە ئەگەر مرۆڤێک سەرەڕای ئەوەی باوەڕی بە جیاکاری و نایەکسانی نییە، بەڵام لە نەستیدا وێنەیەکی نەرێنیی بۆ ئەو دۆخانە دەکات کە کەسێکی ڕەشپێستی تێوەدەگلێت. هەنووکەیش جار جار میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەزنەکێک دەدەنەوە بەم بیرۆکە و دیاردەیە. بەدەر لەو چوار سەدە کۆیلایەتییە، تا ئێستایش هەندێک میدیا ڕەشپێستەکان وەک تاوانبار، هەژار، کرێکار، یان کۆیلە وێنا دەکەن. ئەم هەستی جیاکارییە تەنها تایبەت نییە بە تەمەنێکی دیاریکراو یان ڕەگەزیکی دیاریکراو بەرامبەر ڕەشپێستەکان، ئەوەتا لە کەیسەکەی جۆرج فلۆیددا کاشێرەکە ١٧ ساڵە و خاوەنی سۆپەرمارکێتەکە کەسێکی ئەسمەری ڕۆژهەڵاتییە و لەبەر زوڵموزۆری ڕەگەزێکی دی پەناهەندەی ئەمەریکا بووە، یەکێک لە ئەفسەرە تاوانبارەکانیش بە ڕەگەز ئاسیاییە.

پرۆسەی سڕینەوەی ئەم کولتوورە نەرێنییە، زەمەنێکی دوورودرێژی دەوێت و هەر پەیوەندیی بە گۆڕینی یاساوە نییە، بەڵکو دەبێت پەروەردە و تێڕوانینی خەڵک بگۆڕرێت و هەوڵ بدرێت ئەو بۆشایی و کەلێنەی لە نێوان سامانی ڕەشپێستەکان و سپیپێستەکاندا دروست بووە، کەم بکرێتەوە. لە ئەمەریکا یەکەم هەنگاو بەو ئاڕاستەیە، شەڕی ناوخۆی نێوان باشووری و باکوورییەکانی لێ کەوتەوە. پێت سەیر نەبێت لەو کاتەدا دیموکراتەکانی باشوور خاوەنی زەوییە کشتوکاڵییەکان بوون و  پشتگیریکار و بەرگریکاری مانەوەی سیستەمی کۆیلایەتی بوون دژ بە باکوورییە کۆماریخوازەکان. پاش جەنگیش، سەڕەڕای ئەوەی کە کۆیلایەتی  لە ئەمەریکادا بە یاسا و دەستوور کۆتایی پێ هێنرا، بەڵام لە کۆمەڵگەدا درێژەی کێشا، بە هۆی ئەو کەلێنەی لە سامان و ئاستی خوێندەواریی سپیپێست و ڕەشپێستدا هەبوو. بۆ ڕەشپێستێکی تازە ئازادبوو لە کۆیلایەتی، کە خوێندەوار نەبوو و ماڵ و جێگەوڕێگە و سامانێکی ئەوتۆی نەبوو خێزانەکەی پێ بژیەنێت، ناچار بوو بە کرێیەکی کەم کار بۆ هەمان ئەو خاوەنزەوییە بکات کە پێشتر وەک کۆیلە کاری بۆ دەکرد. کەڵەکەکردنی سامان بۆ دەرچوون لە بازنەی هەژاری کاتێکی زۆری دەوێت. گەیشتنەوە بە خاوەنکار لە ڕووی سامانەوە، بە تایبەتی ئەگەر خاوەنزەوی نەبیت و وەک کرێکار لە کێڵگەیەکی کشتوکاڵیدا کار بکەیت، کاتی زۆری دەوێت. بە درێژایی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو هەوڵەکان بەردەوامن بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانە و بەرقەرارکردنی یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا، بەڵام بەربەستەکانیش زۆرن. هەندێک جار بڕیارەکان سەرەنجامی نەرێنییان هەیە، کاتیش یارمەتیدەر نییە بۆ سڕینەوەی ئەو کولتوورە و هەندێک جاریش دۆخە ئابووری و سیاسییەکان لەمپەڕ لە بەردەم کەمکردنەوە و پڕکردنەوەی ئەم کەلێنانەدا دروست دەکەن.

لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو، لە کاتی پووکانەوە و قەیرانی گەورەی ئابووریی سەدەدا، سەرۆک ڕۆزڤێڵت لە ڕێگەی کۆمەڵێک پرۆگرامی ئابوورییەوە هەوڵی دا خێزانە ئەمەریکییەکان لەو دۆخە سەختە ئابوورییە ڕزگار بکات و کەمێک بارگرانیی سەرشانیان سووک بکات و وڵات لەو قەیرانەی تێیکەوتووە ڕزگاری بێت. بەشێک لەو پرۆگرامە ئابوورییانە بریتی بوون لە یارمەتیدان و پاداشتکردنی هونەرمەندان، سۆشیاڵ سیکویرتی (خانەنشینی بۆ هەموان)، یاسای خانووبەرەی نیشتمانیی ساڵی ١٩٣٤ (National Housing Act) و… هرد. ئامانجی یاسای خانووبەرەی نیشتمانی ڕەخساندنی هەل بوو بۆ ئەو خێزانانەی کە خاوەنی دەرامەتێکی جێگیر بوون، بەڵام خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوون نەبوون، تا بتوانن ببن بە خاوەنی خانووی خۆیان لە ڕێگەی فەراهەمکردنی قەرزی ئاسانەوە. ئەم قەرزە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی قەرزوەرگر هەبوو تا لەسەر ئەو بنەمایە قەرزی بدرێتێ، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ داواکارەکان بکرێت و تەنها قەرز بدەن بەو داواکارانەی کە خۆیان لە دانەوی قەرزەکانیان ناشارنەوە، یان دوا ناکەون لە دانەوەی قەرزەکانیان، کۆمپانیای قەرزی خاوەن خانووەکان لە ساڵی ١٩٣٣دا دامەزرا (The Home Owners Loan Corporation). ئەم دامەزراوەیە شار و ناوچە نیشتەجێبووەکانی کرد بە چەند بازنەیەک و لەسەر ئاستی ڕەنگی بازنەکان بڕیار لەوە دەدرا ئایا دانیشتوانی ئەو شوێنە ئەگەر قەرزی خانووبەرەیان بدرێتی، توانای دانەوەی قەرزەکانیان هەیە یان نا. بۆ نموونە ئەو گەڕەک و شەقامانەی دەکەونە بازنەی سەوزەوە، واتە خەڵکەکەی دەرامەتێکی باشیان هەیە و خەڵکی بازرگانن، شین واتە دانیشتوانەکەی فەرمانبەرن و خەڵکی چینی مامناوەندی کۆمەڵگەن و ئەوانەن کە لەسەر مووچە دەژین، ناوچەی زەرد ئەو خەڵکانەی تێدا دەژین کە کاسبکارن و کاری دەستی دەکەن، ناوچەی سووریش ئەو گەڕەک و شەقامانەن کە دانیشتوانەکەی مەترسیی ئەوەیان لێ دەکرێت توانای دانەوەی قەرزیان نەبێت، زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیەیش خەڵکانی بێگانە و سپیپێستی هەژار و بە تایبەتییش ڕەشپێستن. هەرچەندە پاش ئەوە چەندین لێکۆڵینەوەی یەک لە دوای یەک سەلماندیان کە نیشتەجێبوونت لە ناوچەی سووردا مانای ئەوە ناگەیەنێت کە توانای دانەوەی قەرزی خانووبەرەت نەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە چارەنووست نووسراوە ناتوانیت بە ئاسانی قەرزی خانووبەرە وەربگریت و لە شوێنێکی شایستەدا بژییت. هەر ئەوەیشە کە جۆرج و محەمەدی لەو ناوچە سوورەی مینیاپڵسدا کۆ کردووەتەوە. لەبەر ئەگەری ئەوەی بانکەکان گرنگیی کەمتر بەم ناوچەیە دەدەن، خاوەنموڵکەکان موڵکەکانیان لەو ناوچەیە بە چۆڵی بە جێ دەهێڵن و هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی کەمتر لەو ناوچانەدا کار دەکەن و ڕێژەی تاوان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، لەم ناوچەیەدا زیاترە و بەها و نرخی خانووبەرە و موڵکیش کەمترە. بەم شێوەیە و بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ، تا ساڵی ١٩٦٨، سپیپێستەکان ناوچە سوورەکانیان بە جێ دەهێشت و دەیانگواستەوە بۆ ناوچە سەوز و شینەکان. نووسینگەکانی فرۆشتنی خانووبەرەیش جیاکارییان دەکرد لە نێوان سپیپێست و ڕەگەزەکانی دیکەدا؛ کە دەهاتە سەر فرۆشتنی خانوووبەرە و موڵک لەو ناوچانەدا، هەمیشە بە سوودی سپیپێستەکان (covenant) موڵکیان لەم ناوچانە بە ڕەشپێستەکان نەدەفرۆشت. کۆتایی شەستەکان کە مارتن لۆتەر کینگی ڕێبەری بزووتنەوەی مافی مەدەنیەت تیرۆر کرا، خۆپیشاندانی سەرتاسەری هاوشێوەی ئەوەی ئێستا، کۆنگرێسی ناچار کرد بە دەرکردنی یاسای دادپەروەری لە خانووبەرەدا (Fair Housing Act). بەپێی یاساکە هەموو کەس مافی  کڕینی خانووبەرەی هەیە، بێ جیاکاری لە ڕەگەز و ئایین و نەتەوەدا، هەروەها لە دەقی یاساکەدا بەڵێنی پاراستنی کرێنشین و خاوەن خانوو دراوە.  زەمەنی ئەم یاسایە کەمێک درەنگ بوو و بە درێژایی ئەم ٥٠ ساڵەی دوای دەرچوونی یاساکە، زۆر بە دەگمەن دەبینرێت خرابێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەتا دەنگی ناڕەزایی لە لایەن کڕیارێک یان کرێنشینێک بەرز نەبێتەوە، هەوڵی سەپاندن و جێبەجێکردنی نادرێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەو یاسایانەی کۆنگرێس،  زۆربەی ویلایەت و شارەکانیش لە ڕێگەی پرۆگرامی جیاوازەوە، وەک پرۆگرام و سیستمی ڤاوچەر، هەوڵی کەمکردنەوەی ئەم جیاکارییە دەدەن. هەرچەندە ئەمانە هەنگاوگەلێکی باشن، بەڵام کولتوورێکی ٥٠٠ ساڵە لە ماوەی چەند دەیەیەکدا کاڵ نابێتەوە. ئەم جیاکارییەی لە خاوەندارێتیی خانووبەرەدا هەیە، کۆمەڵگەی ئەمەریکیی کردووە بە دوو بەشەوە، بەشێکی خاوەنموڵک و لە ڕووی داراییەوە سەقامگیر و بەشێکی هەژار و بە ناڕاستەوخۆ بووەتە هۆی جیاکاریی ڕەگەزی لە نێوان سپیپێست و ڕەشپێستدا، چونکە زۆربەی سپیپێستەکان خاوەنی خانوون و زۆربەی ڕەشپێستەکانیش هەژار، هەروەها چەند فاکتەرێکی دیکە کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی ئەم جیاوازییە ڕەگەزییە هەیە، لەوانە:

١. سامان لە کۆمەڵگەی ئەمەریکیدا: هەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، واتە هەبوونی سامان و بناغەیەکە بۆ کەڵەکەبوونی سامانی زیاتر، چونکە دەتوانیت قەرزی زیاتری لە بانک پێ ڕابکێشیت. بەو هۆیەوە تەنانەت ئەو خێزانە سپیپێستانەی کە لە ڕووی ئاستی خوێندن و خوێندەواری و دەرامەتەوە لە خێزانە ڕەشپێستەکان باشتر نین، لە ڕووی هەبوونی سامانەوە زیاتر دڵنیاترن، بە هۆی ئەوەی خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی باشترن و لەو گەڕەک و شەقامانەدا دەژین کە ئاستی دەرامەتیان بەرزترە و هەلی دەرامەت و ئابووریی زیاتریان هەیە. بە درێژایی ٣٠ ساڵی ڕابردوو، ٩٨%ی قەرزی خانووبەرە بەو ناوچانە دراوە  کە لە ڕووی مەترسیی دانەوەی قەرزەوە پۆلێن کراون بە ناوچەی سەوز و شین و زەرد و تەنها ٢%ی ئاڕاستەی ناوچەی سوور کراوە. لەبەر ئەوە هێشتا ئەستەمە بۆ کەسێکی ڕەشپێست قەرزی خانووبەرە وەربگرێت تا ڕێژەی سامانەکەی زیاد بکات و لە بازنەی هەژاری ڕزگاری بێت.

دووەم: خوێندن و خوێندنگە: لە ئەمەریکا سەرچاوەی سەرەکیی خەرجی خوێندنگەکان لە ڕێگەی باجی خانووبەرەی ئەو ناوچانەیە کە خوێندنگەکەی لێ بونیاد نراوە. لەبەر ئەوەی نرخی موڵک و خانووبەرە لە ناوچەی سووردا کەمە، داهاتی باجی خانووبەرەیش کەمە و بەمەیش خەرجیی خوێندنگەکان لەم ناوچەیەدا بە بەراورد بە ناوچەکانی دی کەمترە و کەمیی سەرچاوەی داهات بۆ خەرجیی ئاستی خوێندن، خوێندواری و هۆشیاری لەم ناوچانەدا کەمتر کردووەتەوە  و کەسانی دانیشتوی ئەم ناوچەیە هەلی کاریان کەمترە. دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە نرخی موڵک و خانووبەرە زۆرە و گرانە، باجی زۆرتر دەدەن و باشترین خوێندنگە و باشترین مامۆستا و باشترین سەرچاوەیان لە بەردەستە بۆ پێگەیاندنی نەوەکانیان. سەرسام نەبیت ئەگەر ئەم جیاوازیی ڕەگەزی و نادادپەروەرییە لە هەلی کار و دەرامەتدا، لە نەوەیەکە و بۆ نەوەیەکی دی بگوازرێتەوە!

٣. تەندروستی: بە هۆی ماستەرپلانی شارەکانەوە، ئەگەری ئەوەی ئەوانەی لە ناوچە سوورەکاندا دەژین، زۆر زیاترە لەوەی کە لە نزیک شوێنە پیشەسازییەکانەوە بن، ئەم پیشەسازییانە پاشەڕۆکانیان مادەی ژەهراوییە و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر تەندروستیی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەبێت. ئەگەری ئەو سوپەرمارکێتانەی خواردن و شمەکی تازە و تەندروست دەفرۆشن، لەم گەڕەک و شەقامانەدا بکرێنەوە، زۆر کەمترە. زۆربەی ئەم گەڕەک و شەقامانەی ناوچەی سوور، ئاو و ئاوەڕۆیەکی باشیان نییە، زۆربەی بیناکانیان لە کەرەستەی وا دروست کراوە کە لە ڕووی تەندروستییەوە لەوانەیە سەلامەت نەبێت، وەک جۆر و کواڵیتیی بۆیاخی پەنجەرە و دەرگا و بەکارهێنانی قوڕقوشم. هەر لەبەر ئەوەیشە لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە خەڵکانێک کە لەم ناوچە سوورانەدا دەژین، ڕێژەی نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و تەنگەنەفەسی و دڵیان تێدا زیاترە، بە بەراورد بە ناوچەکانی کە.

٤. پۆلیس: لەبەر جیاکاری لە شوێنی نیشتەجێبوون و زیادەی بێکاری و کەمیی ئاستی خوێندن، بە شێوەیەکی نەخوازراو ڕێژەی تاوان لەم ناوچە سوورانەدا زۆرترە و لەبەر هەمان هۆکاریش گرتن و توندوتیژیی پۆلیس بە ڕێژەیەکی لە ڕادەبەدەر لەم ناوچانەدا ڕوو دەدەن. هەر وەک ئاماژەمان پێ دا، لەبەر ئەوەی زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچانە خەڵکانی ڕەشپێست و بێگانەن، هەر گرتنێک بە ناڕاستەوخۆ بووەتە هۆی دروستبوونی تێڕوانینێکی نەرێنی بەرامبەر ئەم دوو چینەی کۆمەڵگە، ئەگەر لە شوێنێکدا تاوانێک ڕووی دا، بە ناڕاستەوخۆ یەکەم گومانلێکراو کەسێکی ڕەشپێست یان بێگانەیە. هەرچەندە ئەم تێڕوانینە بەو شێوە زەقە نییە کە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لە نێو هاووڵاتییاندا بڵاو بکاتەوە، بەو هۆیەی بەپێی یاسا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەس تاوانبار نییە تا بە بەڵگە تاوانەکەی بەسەردا ساغ نەبێتەوە، بەڵام هێشتا ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا خۆیان بە دوور دەگرن لە بچووکترین کێشە کە لەوانەیە پێویست بە پۆلیس بکات، چونکە بە ناڕاستەوخۆ هەموو چاوەکان لەسەر ئەو دەبێت و دەبێت بە گومانلێکراوی سەرەکیی کەیسەکە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ڕەشپێستەکان متمانەیان بە پۆلیس نەماوە.

ئەم فاکتەرانە بوون بە هۆکاری دروستبوونی جیاکارییەکی سیستماتیکی و کاریگەریی لەسەر نەستی کۆمەڵگەکان کردووە، تا ڕادەیەک کە لەسەر هەلی کار لە نێوان ڕەش و سپی و بێگانە و خۆییدایە. هەردوو نووسەری کتێبی فریکۆنۆمیست (Freakonomics)، ستیڤن لڤیت و ستیڤن دوبنیر، لە یەکێک لە بەشەکانی کتێبەکەیاندا کە تەرخانیان کردووە بۆ باسکردنی ئەم بابەتە و خستنەڕووی لێکوڵینەوەیەک لەم دیاردەیە، بە یارمەتیی هاوکارەکانیان دوو سیڤیی هاوشێوەیان بۆ کۆمەڵێک هەلی کار بە دوو ناوی خوازراوەوە ناردووە، کە یەکێکیان ناوێکی باوی نێو ڕەشپێستەکانە، وەک جەمال، مارکویس و ڕاشون، ئەوی دیکەیان ناوێکی باوی سپیپێستەکانە، وەک جینیفەر، جەیمس و سمیس. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەی دەرخستووە سەرەڕای ئەوەی سیڤییەکان هاوشێوەن لە ئەزموون و خوێندن و کاراییدا، بەڵام ئەو سیڤییەی کە ناوە باوەکانی سپیپێستی لەسەرە، ئەگەری ئەوەی زیاترە بۆ چاوپێکەوتن بانگ بکرێت بە بەراورد بەو سیڤییەی کە ناوی باوی ڕەشپێستی لەسەرە.

ئەم جیاکاری و ڕەیسیزمە لە ڕۆژئاوا و بە تایبەتییش لە ئەمەریکا، زیاتر بووەتە جێگەی سەرنج و باسی لێوە دەکرێت، بە هۆی ئازادیی ڕۆژنامەوانی و سەربەستیی میدیاکان و تاکی هۆشیار و لێکوڵەرەوەی ڕاستگۆ و بێلایەن. بەڵام لە ڕۆژهەڵات و بە تایبەتییش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕەیسیزمێکی سیستەماتیک هەیە و باس ناکرێت و هەندێک جاریش وەک کولتوور شانازیی پێوە دەکرێت. نەتەوەی کورد کە تا ١٠٠ ساڵێکیش لەمەوبەر زۆربەمان چیانشین و کۆچەری بووین، هەمان هەلی کار و دەرامەت و کەڵەکەکردنی سامان و خوێندنمان بۆ نەڕەخساوە بە بەراورد بە نەتەوەکانی دیکە، وەک فارس و تورک و عەرەب، بە هاوتەریبش ئەو کەمینە نەتەوەیی و ئایینییانەی  کە لە ناو کورددا دەژین، هەمان هەلی کار و دەرامەت و سامان و خوێندن و تەنانەت پێگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی تاکێکی کوردیان نییە.

هەروەها هەر لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا، جیاکارییەکی زەق دەبینرێت لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێ، شارنشین و لادێنشیندا. ئێستا بە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگە داخراوەکانەوە (Gated Communities)، ئەوەی کە لێرە پێی دەوترێت ”گوند” و ”سیتی”یەکان، ئەم جیاکارییە تۆختر بووەتەوە؛ لە جێی ئەوەی هەوڵ بدرێت کاڵتر بکرێتەوە، وەک ئەوەی لە دەرەوە هەوڵی بۆ دەدرێت و هەیە. ئەم کۆمەڵگە داخراوانەی ئێرە ئاسایشی تایبەت و خوێندنگەی تایبەت و خزمەتگوزاریی تایبەتیان هەیە. لە کاتێکدا گەڕەک و شەقامەکانی دیکە پشتگوێ خراون، یان گرنگییەکی ئەوتۆیان پێ نەدراوە. بۆ نموونە، دریم سیتی و گوندی ئینگلیزی لە هەولێر، ئاسایش و بازاڕ و ئاو و ئاوەڕۆی تایبەت بە خۆی هەیە، لە کاتێکدا گەڕەک و کۆڵانەکانی دیکەی هەولێر بێ ئاوەڕۆن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی لەم گەڕەکانەدا زیاترە. لە سلێمانییش بە هەمان شێوە، گوندەکان هێزی ئاسایشی تایبەت بە خۆیان هەیە، دوورترن لە ناوچە پیشەسازییەکان و کارەبا و ئاوی بەردەوامیان هەیە، لە کاتێکدا گەڕەکەکانی دیکە لەو جۆرە خزمەتگوزارییانە بێبەشن. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئاستی ژیان لە ناو ئەو کۆمەڵگە داخراو و گوندانەدا بهێنرێتە خوارەوە بۆ ئاستی گەڕەک و شەقامەکانی دی، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدرێت  ئاستی ژیانی دانیشتوانی ئەو گەڕەک و شەقامە پەراوێزخراوانە بەرز بکرێتەوە بۆ ئاستی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی کۆمەڵگە داخراوەکان.

ئەم جیاکارییە تەنها گوند و سیتییەکان بەرامبەر بە گەڕەک و شەقامەکان قەتیس نەماوە و بەدی ناکرێت، بەڵکو لە تێڕوانین و مامەڵەکردنی تاکەکانی کومەڵگەی کوردی بەرامبەر یەکتر و بەرامبەر ئایین و ئایینزاکان و نەتەوە و کەمەنەتەوەکانی دیدا بەدی دەکرێت. بۆ نموونە، وەک خانمێک سەرپۆشێکی سپی بدە بە سەرتدا و بۆ کارێک ڕوو لە دامەزراوەیەکی حکومی یان تایبەت بکە، بزانە مامەڵەیان چۆنە لەگەڵتدا، پاشان هەمان کار تاقی بکەرەوە، بەڵام ئەم جارەیان بە شێوازێکی دی خۆت بپۆشە. یان وەک پیاوێک تەنها تاکشەرواڵێک لە پێ بکە و هەوڵی مامەڵەی ئوتۆمبیلێکی گرانبەها یان خانوویەک بکە لەو کۆمەڵگە داخراوانەدا، بزانە چۆن لە لایەن نووسینگەکان یان خاوەنی پێشانگەکانەوە دەست بە ڕووتەوە دەنڕێت، یاخود بە شێوازێکی دی وەڵام دەدرێیتەوە، بە بەراورد بە یەکێکی ”پۆشتە”. تەنانەت لە هەلی کاریشدا جیاکاری هەیە لە نێوان ڕەگەزی مێ و نێردا.

لەبەر ئەوە ئێمە نەک هەر دەبێت جەخت لەسەر نەهێشتنی ئەو جیاکارییەی لە جیهاندا لە نێوان سپیپێست و ڕەشپێستدا هەیە  بکەین، بەڵکو دەبێت هەوڵ بۆ کاڵکردنەوەی ئەو هێڵە کێشراوانە بدەین کە کۆمەڵگەکەمان بۆ جیاکاری لە نێوان چین و توێژەکاندا کێشاونی، ئەویش لە ڕێگەی یاسا و پەروەردە و هۆشیارکردنەوەی تاکەکانەوە.