وەرگێڕانی: ژیر دانا
لەگەڵ ئەو بارودۆخە قورسەی کە بەردەوام لە ناوچەکانیان دەگوزەرێت، کوردەکانی ڕۆژاڤا خەریکی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێن کە لە تەواوی کۆمەڵگەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازە. ئەم کارەی کوردەکان سەرنجی خەڵکانێکی زۆری ڕاکێشاوە و هەندێکیان پێیان وایە کە ئەو ڕێگەیەی لە ڕۆژاڤا گیراوەتە بەر بۆ دروستکردنی کۆمەڵگە نوێیەکەیان، ڕێگەچارەسەرە بۆ دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی و دادپەروەرانە. کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای دادپەروەری دامەزرابێت و هیچ لایەنێکی دیاریکراو بوونی نەبێت کە حوکم بەسەر خەڵکدا بکات، بەڵکو ئەوەی حوکم دەکات و دەسەڵاتی لە دەستە، خەڵکەکان خۆیان بن. لە هەموویشی گرنگتر، ڕۆڵی بەرچاوی ژنە لەم خۆبەڕێوبەرییەدا.
کوردەکان خاوەنی مێژوویەکی تاڵن و بەردەوام کۆششیان لەپێناو گەیشتن بە مافەکانی خۆیاندا کردووە. لە ڕابردوودا لە ئەنجامی ململانێی بەڕیتانییەکان و فەڕەنسییەکان، خاکی کوردستان بەسەر وڵاتەکانی تورکیا، سووریا، عێراق و ئێراندا دابەش بوو. لە ناو ئەو وڵاتانەیشدا، تورکیا لە هەموان دڕندەترە بوو بەرامبەر بە کوردەکان و بەردەوام دژایەتیی کردوون. سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتییانەیش، کوردەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش و زیاتر لە ١١٠٠٠ قوربانییان لە جەنگەکەدا هەبووە. هەروەها هاوپەیمان و هاوکارێکی گەورەی هەموو ئەو هێزانە بووە کە دژی داعش شەڕیان کردووە، بە تایبەت هێزەکانی هاوپەیمانان. بەڵام دوای تەواوبوونی جەنگەکە، ئەمەریکا پشت لە کوردەکان دەکات و زۆر بە ئاسانی ناوچە کوردییەکان ڕادەستی هێزە داگیرکەرەکانی تورکیا و سووریا دەکات.
بەڵام دوور لەوەی کە چاوەڕێ دەکرا، ئەم پشتتێکردنە نەبووە هۆی ئەوەی کە ڕۆژاڤا شکست بهێنێت، بەڵکو ئەوان ئەو بارودۆخەیان وەکو دەرفەتێک وەرگرت و توانییان لە ڕێگەیەوە خۆبەڕێوبەرییەکی ناوازە دروست بکەن، سیستەمێک کە تایبەت بێت بە خۆیان و گۆڕانکاریی ڕادیکاڵانە لە تەواوی ژیانیاندا دروست بکات. ئەمەیش لە کاتێکدا کە ناوچەکانی دەوروبەر و نزیکی ڕۆژاڤا، ناوچەی پڕکێشەن. هەمیشە ناکۆکی و شەڕ لەو ناوچانە هەیە و سیستەمی بەڕێوەبردنەکانیشیان سیستەمێکی هەڕەمییە و لایەنی دەسەڵاتدار بە تەواوەتی دابڕاوە لە خەڵک. بەڵام ڕۆژاڤا پێچەوانەی هەموو ئەمانە سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی دروست کردووە، کە دەسەڵات تێیدا هەر خەڵکە و لایەنێکی دابڕاو نییە. وەک دەگوترێت، ”ڕۆژاڤا ئەنتیتێزی هەموو دەوروبەریەتی”.
گرنگترین و جەوهەریترین بەشی ئەم سیستەمە، کە وای کردووە ناوازە بێت، ئەو بناغەیەیە کە دیموکراسییەکی ڕاستەقینەی تێدا بەدی دەکرێت. بناغەکە بە جۆرێکە کە خەڵکی سیڤیل دەتوانن بەشداریی ڕاستەوخۆیان لەو بڕیارانەدا هەبێت کە دەدرێن، ئەمەیش بە هۆی ڕێکخستنی سیستەمەکەوە کە پشتی بە دروستکردنی کۆمۆنەی بچووک بەستووە. کۆمۆنە واتە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک خەڵک و نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵێک خەڵکی زۆرتر. کۆمۆنەکان لە ڕۆژاڤا ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ٤٠٠٠. هەروەها هەر کۆمۆنەیەک لە سنووری یەک بۆ سێ کۆڵان دروست دەکرێت. واتە هەر چەند کۆڵانێک پێکەوە کۆمۆنەیەکیان هەیە و لە ڕێگای ئەندامانی کۆمۆنەکەوە کە دانیشتوانی گەڕەکەکان خۆیانن، دەتوانن بەشداریی بڕیاردان بکەن. کۆمۆنەکان لە کاتی بڕیارداندا کۆ دەبنەوە و ڕووبەڕوو یەک دەبینن. دواتر هەر بڕیارێک یان پەیامێک هەبێت، دوای ڕێککەوتن لەسەری، دەگوازرێتەوە بە ئەنجوومەنی گشتی کە نوێنەری هەموو کۆمۆنەکانی تێدایە و بڕیاری کۆتایی لەوێوە دەدرێت. بڕیاری کۆتاییش تەنها جێبەجێکردن و جێبەجێنەکردنە. واتە هەموو بڕیارەکان لە بنەڕەتدا لە کۆمۆنەکانەوە بەرز دەکرێنەوە و هەر ئەوانن کە خۆیان بەڕێوە دەبەن، نەک ئەوەی کە ئەنجوومەنە گشتییەکە بەڕێوەیان ببات.
لە هەموو قۆناغێکی سیستەمەکەیشدا، تەواوی بڕیار و دەنگدانەکان دەبێت ئاشکرا بن بۆ هەموو خەڵک. هەروەها هەر قۆناغێک دوو کەسی تایبەتی هەیە کە چاودێریی دەنگدان و بڕیارەکان بکەن. مەرجیشە کە یەکێک لەو دوو کەسە ژن بێت. هەر کام لەو دوو کەسەیش بە ئاسانترین شێوە دەتوانرێت لەسەر کارەکانیان لا بچن و دوو کەسی دیکە شوێنیان بگرنەوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەوەیە کە بەشی زۆری کۆمۆنەکان لەو خەڵکانە پێک هاتوون کە کورد نین. واتە گوندە عەرەبەکان خاوەنی ژمارەیەک کۆمۆنەی زۆرن کە بەو هۆیەوە هەرگیز وەک کەمینە ناتوانرێت هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵدا بکرێت. ئەمە یەکێکە لە مەرجە بنەڕەتییەکانی سیستەمەکە کە هەوڵ بدات تەواوی کەمینە و لایەنە جیاوازەکان بە هەمان شێوەی لایەنە زۆرینەکان بتوانن خاوەنی کۆمۆنە و دەنگی تەواو بن بۆ بڕیاردان. ئەوان دەڵێن: ”سووریا هەمیشە ویستوویەتی کورد و عەرەب جیا بکاتەوە و یەکێکیان بەسەر ئەوی دیکەوە بکات بە دەسەڵاتدار. بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەم جیاکارییە دروست بکەین. ئەم خاکە خاکی هیچمان نییە بە تەنها و هەموان بە یەکسانی خاوەنیین.”
ئەگەر باسی هەر لایەنێکی ژیان بکەین لە ڕۆژاڤادا، بە ئاشکرا دەتوانین ئەوە ببینین کە چۆن توانیویەتی سیستەمە نوێیەکەی لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا بە کار بهێنێت. بۆ نموونە, لە ڕووی تەندروستییەوە، هەر کۆمۆنەیەک دوو کەس لە ناو خۆیدا تەرخان دەکات بۆ چاودێریکردنی تەندروستیی خەڵکی کۆمۆنەکە. واتە هەر کەسێک کێشەیەکی تەندروستیی هەبێت، پێش ئەوەی بیر لە چوون بۆ نەخۆشخانە و نۆڕینگەی تایبەت بکات، دەتوانێت لە ناو کۆمۆنەکەی خۆیدا چارەسەرێکی سەرەتایی وەربگرێت. بەم جۆرە هیچ فشارێک لەسەر نەخۆشخانەکان دروست نابێت و کەسیش ناچار نابێت پارە و کاتێکی زۆر تەرخان بکات بۆ چارەسەر و هەر لە ناو کۆمۆنەکەی خۆیدا دەتوانێت بە بەلاش چارەسەر وەربگرێت.
لایەنی ژینگە گرنگییەکی ئێجگار زۆری پێ دراوە و چەندین پڕۆژەی جیاواز سەرپێ خراون لەژێر ناوی ”با ڕۆژاڤا سەوز بکەینەوە”. بە تایبەت یارمەتییەکی زۆری گوندنشینەکان دەدرێت کە گرنگی بدەن بە کشتوکاڵ، لەپێناو زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و دروستبوونی سەوزاییەکی زۆر لە ناوچەکەدا.
سەرنجڕاکێشترین لایەن کە ڕۆژاڤا لە هەموو شوێنێکی دیکە جیا دەکاتەوە، گرنگیدانە بە ڕۆڵی ژن. هەتاوەکو ئێستایش زۆر کەس تێناگەن کە ژن لە ڕۆژاڤا چۆن دەتوانن ئەو پێگە بەهێز و هێزە زۆرەیان هەبێت، لە کاتێکدا کە چەند ساڵێکی کەم پێش ئێستا لەو ناوچانەدا ژن بە تۆمەتی شەرەف دەکوژران. ئەم ڕۆڵە گەورەیە لە ناو خودی سیستەمەکەوە سەرچاوە دەگرێت. لە ڕۆژاڤا یاساکان بەجۆرێکن کە ڕێگە بە هیچ کۆمۆنەیەک نادات ڕێژەی ژن لە ناویدا لە ٤٠٪ کەمتر بێت. هەروەها بەڕێوبردنی هەر کۆمیتەیەکیش دەبێت نیوەی ژن بێت. لە ئێستایشدا نزیکەی دوو لەسەر سێی کارە ئیدارییەکانی ڕۆژاڤا، ژن بەڕێوەی دەبەن. تەنانەت هەندێک یەکەی سەربازییش هەیە کە تەواوی ئەندامەکانی لە ژن پێک دێن. ئەمە لەوانەیە نموونەیەکی تاقانە بێت لە مێژوودا.
ئەمە گۆڕانکارییەکی تەواو چاوەڕێنەکراو بوو تا لەو ناوچەیەدا ڕوو بدات. ڕۆڵی ژن لە پێش دروستبوونی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاڤا تەواو سنووردار کرابوو. ئەرکەکانیان تەنها منداڵدروستکردن و ئیشکردنی ناوماڵ بوو. زۆربەی کچەکان لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە بە شوو دەدران. ئەم دیاردانە بە تایبەت لەناو عەرەبەکاندا زۆر باو بوو. ژن لەو ناوچانە ژیانیان هیچ نەبوو. بەڵام لە دوای ڕۆژاڤاوە، هەموو شت گۆڕا. ژنەکان لە ڕۆژاڤا نەک تەنها خاوەنی ژیانێکی ئازادن، بەڵکو ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە بەڕێوەبردندا، خاوەنی کاری خۆیانن و دەتوان ئەوەی دەیانەوێت ئەنجامی بدەن، هەروەها بە هیچ جۆرێکیش پێشێلکاریی مافەکانیان لە یاسا و دەستووردا نییە. بۆ نموونە، پێشتر هێنانی ٤ ژن لە لایەن ١ پیاوەوە بابەتێکی ئاسایی و یاساییش بوو، بەڵام ئێستا لە ڕۆژاڤا نایاساییە و ڕێگە نادرێت بە هیچ پیاوێک کە یەک ژن زیاتری هەبێت.
هەموو ئەم هۆکارانە وا دەکەن ڕۆژاڤا ببێت بە نموونەیەک بۆ هەموو کۆمەڵگە و ناوچەکانی دیکەی سەر زەوی. نموونەیەک کە توانای تێپەڕاندنی هەم سیستەمی وڵاتە دواکەوتووەکان کە خەڵکەکەی خاوەنی سەرەتاییترین مافەکان نین، لەگەڵ سیستەمی وڵاتە پێشکەوتووەکان کە کارەساتی گەورەی سروشتی و مرۆییش دروست دەکەن هەبێت.
سەرچاوە:
www.resilience.org/stories/2020-01-03/kurdist-rojava-a-social-model-for-our-future/