رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەڕەشە بۆ سەر ژیانی تاک

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

ئایا تا چەند گرنگە کە تاک لە ڕووی دەروونی و ئاستی هۆشیارییەوە پێگەیشتوو بێت، پێش ئەوەی نغرۆی جیهانی بێفیلتەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت؟ ئایا بیروڕای خەڵکی گشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا چەندێک کاریگەرییان لەسەر گەنجانی نەوەی ئێستا هەیە؟ ئایا بیروڕاکانمان لە بونیادنانی کەسایەتیماندا و تا چەندێک ئەو بیروڕایانەمان کاریگەرن بەو بابەتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرچاومان دەکەون؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە دەبێت لەگەڵ شەپۆلی بەهێزی دنیای تەکنەلۆژیادا لە خۆمانیان بکەین.

سەرەتا بەوە دەست پێ دەکەین کە دیجیتاڵ میدیا بە گشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی، لەمڕۆدا وەک شەپۆلێکی بەرفراوان بڵاو بوونەتەوە و پێداویستییەکی گرنگی هەر تاکێکن لە سەرتاسەری جیهاندا. بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان %٣٧ی دانیشتوانی زەوی پێک دەهێنن. ئەم شەپۆلە گەیشتووەتە باشووری کوردستانیش و خەڵکی گشت تەمەنەکان بە گەنج و پیر، نوێخواز و کۆنەپارێزانەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە کار دەهێنن و سەرچاوەیەکی سەرەکییانە، هەم بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی ناوخۆ و دەرەوە، هەم بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان بە خەڵکی ناوخۆ و دەرەوە، کە بەم جۆرە بەرفراوانەیش ئەم تۆڕە جیهانییە بە کار دەهێنرێت، بێگومان دەبێتە جێگەی سەرنج و قسەکردن لەسەر هەندێک لەو لایەنە نەرێنییانەی کە ڕووبەڕووی خەڵکی دەبنەوە، لەم ڕاپۆرتەدا بە دیاریکراوی هەوڵ دەدەین سەبارەت بە کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر منداڵان و بیرکردنەوەی داهێنەرانەی گەنجان بنووسین.

لەمڕۆدا منداڵان لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو شوێن و بەشێکی ژیانیاندا بوونی هەیە. ئەو کاریگەرییەیشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هزر و بیری ئەواندا دەیکات، بابەتێکە کە دەبێت بە جیدی ئاوڕی لێ بدرێتەوە. تاکە شتێک کە ڕوونە، ئەوەیە کە منداڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەر ئەو زانیاری و بابەتانە دەکەون کە بە باش و خراپەوە دەکرێت کاریگەری لەسەریان جێ بهێڵێت و تەنانەت بۆ داهاتووییەکی دووریش ئەو کاریگەرییانە بمێننەوە.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تێپەڕبوونی چەند ساڵێک بە شێوەیەکی پێشبینینەکراو گەشەسەندنێکی ئێجگار زۆری بە خۆیەوە بینی، کە هیچ کەسێک چاوەڕێی نەکردبوو بەو جۆرەی لێ بێت. خەڵکی ئەمەی وەک هەلێک قۆستەوە بۆ خۆدەربڕین و گەیاندنی بیروڕاکانی خۆیان و بیروڕاکان سنووری شار و وڵاتەکانیان تێپەڕاند. تا وای لە خەڵک کرد هەست بکەن دەنگیان دەبیسترێت و تەنیا نین.

لەگەڵ پەیدابوونی فۆرمی نوێی بەرنامەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئارەزووی خەڵکیش بۆ دەربڕینی زیاتری خۆیان گەشەی کرد تا گەیشتە ئەوەی هەموان دەبێت لەگەڵ ترێند و مۆدێلە جیاوازەکاندا خۆیان بگونجێنن. هەموو ئەمانەیش لە ڕێگەی پلاتفۆرمە جیاوازەکانی وەک یووتیوب، تویتەر، ئینستاگرام و فەیسبووک. هەر بۆیە ئێستا ئایدیاکان بە یەک کلیک دەتوانن زۆر بە خێرایی بڵاو ببنەوە.

کاتێک بیرۆکەی تاکەکان بەردەوام لەسەر ئاستێکی سادە و ئاسایی ستایش دەکرێت، تاک چۆن دەتوانێت کەسایەتییەک بۆ خۆی بونیاد بنێت؟ بڵاوبوونەوەی ئەو ئایدیا زۆر و بڵاوانە وا دەکات تاک بە ڕادەیەکی زیاد لە پێویست ستایش و پێزانین وەربگرێت، لە کاتێکدا ئەرکێکی قورس و جیاوازیشی بە جێ نەگەیاندبێت، ئەمەیش ڕاستەوخۆ کار لەسەر داهاتووی نەوەکان دەکات لە توانای داهێنان و بونیادناندا. هەروەها دەبێتە هۆکار بۆ دروستکردنی وەهم لای هەر تاکێک بەوەی کە بیرۆکەکەی ڕەسەنە و هەڵقوڵاوی زادەی خۆیەتی.

ئەبیجیت ناسکەری نووسەر، لە کتێبەکەیدا بە ناوی ”هەقیقەتی ئەرک” (Mission Reality) دەنووسێت: ”ئەگەر خوازیاری بەرژەوەندی و تەندروستیی جیهانی بین، هەم لەسەر ئاستی تاک و هەم لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، ئەوا مەنهەجەکانی ئاگایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت بە شێوەیەکی ئەکادیمی و ناچاری لە خوێندنگە و کۆمپانیا فەرمییەکاندا بخوێنرێت.”

سەرچاوە:

https://medium.com/predict/social-media-is-killing-individualism-d374d3d6a576

https://ideas.repec.org/h/tkp/mklp14/1183-1190.html