نووسین: هاوار محەمەد
لە سكانداڵدا پەردە و ڕووناكى ڕۆڵى سەرەكییان هەیە. ئەو پەردەیەى كە دادراوەتەوە، هەڵدەماڵرێت، بەمەیش ڕووناكى دەكەوێتە سەر پشتەوەى پەردەكە. بەپێی بیۆنگ چوول-هان كۆمەڵگەى نوێ كۆمەڵگەى پەردەلادەرە و هیچ بەربەستێك لە بەردەم بڵاوبوونەوەى ڕووناكیدا ناهێڵێتەوە؛ ئەمەیش خاسیەتێكى ناسینەوەى كۆمەڵگەى شەفافیەتـە. پەردەلادان واتە شەفافیەت. شەفافیەت سڕینەوەى هەر نەرێنییەكە كە سنوورێك بۆ دەركەوتنى بەگوڕى گشت دادەنێت. چوول-هان لاى وایە ئەمە پارادایم گۆڕینە لە كۆمەڵگەى نەرێنێتییەوە بۆ كۆمەڵگەى ئەرێنێتی كە تێیدا چاو و وێنە بەبێ میدیۆم، تەماس لەگەڵ یەكتر دەگرن. هەموو ژیان دەبێت بە وێنە، هەموو وێنەكانیش تەنیا بۆ پیشاندان و بینینى ڕاستەوخۆ هەن، ئەمەیش ژیانى تایبەتى مرۆڤ لەنێو دەبات. ئایدیالۆژیاى پاش-ژیانى-تایبەتى بە ناوى شەفافیەتەوە دەیەوێت تەواوى پانتایى ژیانى تایبەتى بكەوێتە ژێر دەستییەوە، كە وا بڕیارە پەیوەندیى شەفافى لێ بكەوێتەوە[1]. لەم ژیانەدا هیچ نهێنییەك بوونى نەماوە، هەموو شتێك بۆ دەرەوە، ڕووت، بێ پەرێز، بێ جل نمایش كراوە، بەبێ هیچ ڕازێك[2]. دادانەوەی پەردە واتە نهێنى كە سەرچاوەى جوانى و شەرم و ڕوو و ژیانى تایبەتییە. وەختێك ئەم پەردەیە بە یەكجارى لادەبرێت بینین دەبێت بە زێدە-بینین، «زێدە-بینین[die Hypervisibilität] قێزەونە، لەبەر ئەوەی بێبەرییە لە نەرێنێتیى هەبوو لەو شتەى كە شاراوەیە، نابەردەست و نهێنییە»[3]. لە زێدە-بینین و نەبوونى نهێنیدا كۆمەڵگە دەبێتە پۆرنۆگرافى، واتە هەناوى قێزەونى مرۆڤەكانى تێدا دەردەكەوێت. بەم پێیە پەردە قێزەونییەك دەشارێتەوە. ئەم قێزەونییە دەبێت هەر شاراوە بێت، لە نەفیدا بمێنێتەوە، چونكە بە دەركەوتنەكەى عەترى شتەكان لەنێو دەبات:
«شەفافیەتی ناچاریی عەتری شتەکان، عەتری کات لەناو دەبات. شەفافیەت هیچ عەترێکی نییە. پەیوەندییە شەفافەکان، کە بۆ شتە پێناسەنەکراوەکان شوێنیان نییە، قێزەونن. کاردانەوە و بەتاڵبوونەوەی سۆزدارانەی ڕاستەوخۆش قێزەونە. لە لای پرۆست «چێژی بێ میدیۆم» توانای جوانبوونی نییە. جوانیی شتێک «تەنیا پاش ماوەیەک» بە دیار دەکەوێت، ئەویش لە بەر ڕۆشنایی شتێکی تردا، وەک بیرەوەرییەک»[4].
لەم تێگەیشتنەدا جوانى بە ڕووتى دەرناكەوێت، گەرنا لەوە دەكەوێت جوان بێت. جوانى سەرپۆشى هەیە.
بە بڕواى چوول-هان ئەم تاسەیە بۆ شەفافیەت لە سەدەى هەژدەدا، لە دانپێدانانەكانى ڕۆسۆدا دەردەكەوێت كە ئەو گوتارى حەقیقەتى دڵ، ڕووبەڕووى دیمەنسازیى شانۆیى دەكاتەوە. هەوڵى ڕۆسۆ بۆ ئەوەیە دڵ بكات بە شووشەیەك كە هەمووان حەقیقەتەكەى ببینین؛ دڵێك كە هیچ دیوێكى تاریكى نییە، هیچ دەمامكێكى نییە. بەم پێیە ڕۆسۆ پێش هەموو شتێك دژ بە شانۆ بووە وەك پانتایى كەوڵگۆڕین، ڕواڵەتسازى و لەخشتنەبردن كە شەفافیەتى نییە[5]. شانۆ بە لاى چوول-هانەوە بۆیە گرنگە چونكە پەردەى هەیە، پەردەیش ڕێ بە دەركەوتنى تەواو نادات، بەڵکوو پڕە لە دیمەن، دەمامك و ڕوخسار. لەو سەردەمەدا جیاوازییەكى بنچینەیى لەنێوان شانۆ و ژیانى ڕۆژانەدا نەبووە، خودى مۆدیش هەر شانۆیى بووە؛ هەر سوبێكتێك كۆمەڵێك دەمامكى هەبووە كە وەك دیمەنسازى چ لە فێستیڤاڵەكان و چ لەسەر شەقام بەكارى هێناون. شەفافیەت توندوتیژییەك بووە دژ بە ماسكەكان:
«دەکرێت لای ڕۆسۆ ئەوە ببینرێت کە ئەخلاقی شەفافیەتی تەواو، بە ناچاری ستەمکاری لێ دەکەوێتەوە. پڕۆژەی پاڵەوانانەی شەفافیەت – ويستى دڕاندنی پەردەکان، ڕۆشنكردنەوەى هەموو شت و تەراندنی تاریکی – دەبێتە مایەى توندوتیژى»[6].
چوول-هان ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە جیهانى دیجیتاڵیى ئەمڕۆ، تەنیا لە دەرخستنى حەقیقەتى دڵدا نەماوەتەوە كە لاى ڕۆسۆ فۆڕمى فەرمانێكى ئەخلاقیى هەبووە، بەڵکوو دیجیتاڵ، كە میدیۆمى شەفافیەتە، لەمڕۆدا بۆتە پیشاندانى ناكۆتاى جەستە و گۆشت و دەموچاو كە هیچ جۆرە فەرمانێكى ئەخلاقیى موتڵەق لەخۆ ناگرێت و هیچ میدیۆمێكى تیۆلۆژى-میتافیزیكى نییە. شەفافیەتى دیجیتاڵى هیچ جوانییەك پیشان نادات، چونكە خودى جوانى ئەوەیە كە ناكرێت بە شەفافى بكەوێتە ڕوو. كچان و كوڕانى یوتوبەر و سۆسیال میدیا، هەر جوانكارییەکیان كردبێت، جوان نین؛ ڕوخسار و لچولێوى بۆتۆكسكراویان قێزەون و پۆرنۆگرافییە. لە كۆمەڵگەى شەفافیەتى ئەمڕۆدا هیچ شتێك شوورەیى نییە.
بەرگریكردنى چوول-هان لە شانۆ بەرانبەر دنیاى دیجیتاڵ لەوێوەیە كە شانۆ پەردەى هەیە. دنیاى نوێ پەردەكەى لادراوە. لابردنى پەردە لە بنەڕەتدا واتە كەوتنەڕووى سكانداڵ كە مایەى شەرمە. شوورەیى، كە لە زمانى كوردیدا هاومانایەكى دیكەى سكانداڵە، بە واتاى پەردەلابردنە لەسەر شتێكى داپۆشراو كە بۆ دەرخستن ناشێت. بەڵام بە پێچەوانەوە، دنیاى نوێ پەردەكەى لابراوە و هیچ كەسیش شەرم ناكات و تەریق نابێتەوە، هەر بەو جۆرەى ئەكتەرێكى پۆرنۆگرافى هەست بە شوورەیى ناكات لەو سێكسە ڕووتەى كە بە بەرچاوى جیهانەوە دەیكات. گەر وابێت دەتوانین لە ڕوانگەى چوول-هانەوە ئەنجامگیرى ئەوە بكەین كە شارستانییەت گەیشتۆتە قۆناغێك خەریكى هەڵوەشاندنەوەى چەپاندنە، بە پێچەوانەى فرۆیدیزمەوە كە وەك دێریدا شرۆڤەى كردووە، تێیدا “چەپاندن قابیلى چەپاندن نییە”، تەنانەت لێرە و لەوێ خۆپیشاندان بۆ ڕەوایەتیدان بە پەیوەندیى مەحرەم دەكرێت، لە كاتێكدا بڕیار نەبوو لە دواى سەرهەڵدانى شارستانییەت و لە پاش ڕووداوى باوككوژییەوە، ئەمە ڕوو بدات. ئەم ئارەزووە دەبوو هەر لە تاریكیدا و لەژێر پەردەدا بمابایەتەوە، خۆ ئەگەر پەردەى لەسەر لابدرایە، ئەوا تەنیا لە شانۆى ئۆدیپیدا وەك سكانداڵ نمایش دەكرا.
چوول-هان نۆستالژیاى دیالەكتیكى هەیە، بەڵام ئەوەى ئەو لە شانۆدا نایەوێت سەرنجى بدات ئەوەیە كە لە ڕووى دیالەكتیكییەوە شانۆ تەنیا پەردە نییە، بەڵکوو هەر خۆى پەردەلادانیشە؛ ئەم دوو جووڵەیە لە شانۆى ئۆدیپیدا دیالەكتیكى فەزاحەت پێكدێنن كە ئارەزووە نەستییەكانى كوڕە دوورخراوەكەى لایۆسى تێدا دەكەونە ڕوو. گى دیبوور وەك دیالەكتیكستێك خۆى لە كتێبى كۆمەڵگەى نمایشدا بە ڕوونى دانى پێدا دەنێت كە دیالەكتیك میتۆدى فەزحكردنـە:
«خستنەڕووى تیۆرى دیالەكتیكى، هەر لە ستایلى خۆیدا، بۆ زمانى باو و بۆ ئەو زەوقانەى كە ئەم زمانە دروستی كردوون، پەردەهەڵماڵ و وەڕەسكەرانەیە [a scandal and abomination]»[7].
فرۆیدیش خۆى پەردەیەكى چەند هەزار ساڵە لەسەر نەست هەڵدەماڵێت و خۆى ناوى دەنێت “برین”، یان تراوما (هەروەك دەركەوتنى ڕووتى دواى گوناهى یەكەم)، بەمەیش دەستى شارستانییەت/مرۆڤایەتیى كەشف كرد. بەڵام چوول-هان نایەوێت پەردەلادان وەك زەروورەتێكى دیالەكتیكیى خودى شانۆ ببینێت كە بەبێ لابردنى پەردە مەحاڵە ئەكتەرەكان دەربكەون؛ پاساوى ئەو بۆ ئەمە ئەوەیە کە لەپشتى پەردەوە، پەردەى تر هەیە، ئەم پەردەیەى تر ماسكى خودى ئەكتەرەكانە لەسەر ستەیج. ماسك ڕوخسارى كارەكتەرەكانى داپۆشیوە، بەمەیش دەرفەتى ئەوە نادات ڕوخسار ڕووت بێت. ئەم ماسكە كلاسیكییە لاى بنیامین ناوى خەرمانە[ئاورا]یە و لاى لێڤیناس ناوى “ترانسێندنتاڵ”ـە. كاتێك ڕوخسار ڕووت دەبێتەوە، دەگۆرڕێت بۆ دەموچاوێك كە تەنیا بەهاى پیشاندانى هەیە:
«سەردەمی فەیسبووک و فۆتۆشۆپ “ڕوخساری مرۆیی[Menschenantlitz]” دەگۆڕێت تەنیا بۆ دەموچاوێک کە هەموو بەهاكەى وا لە پیشاندانەکەیدا. دەموچاو[Das face] واتە ئەو سیمایە[ Gesicht]ـی کە “بەبێ خەرمانەکەی” پیشاندراوە. ئەمە هەمان فۆڕمی کاڵایی “ڕوخساری مرۆییە”. دەموچاو کە تەنیا سەتحێک[surface] بێت، شەفافترە لەو سيما يان ڕوخسارەی کە لە ڕوانگەی ئیمانوێل لیڤیناسەوە شوێنێکە كە باڵانشینیى ئەویترى تێدا دەركەوێت»[8] (ئیتالیكەكان هى چوول-هانن).
كارەكتەرەكان لە شانۆدا ماسكپۆشن، ماسك ڕێگرە لەوەى ڕوخسارى مرۆیى بگۆڕێت بۆ سەتحێكى شەفاف. بەم پێیە چوول-هان لابردنى پەردە وەك شەفافیەتى كۆمەڵگەى ئەرێنى، نەك وەك فەزاحەتىكۆمەڵگەى نەرێنى، لێك دەداتەوە. فەزاحەت پەیوەستە بە شەرم، ئازار، ویستى دووبارە داپۆشینەوە؛ بەڵام شەفافیەت هەڵپەیە بۆ زێدە-پیشاندانى بێ داپۆشینەوەى پشتى پەردە. ڕاستییەکەی لابردنى پەردە، شەفافیەت نییە، سكانداڵە؛ گەر كۆمەڵگەى ئەمڕۆ شەفاف بێت، ئەوا كۆمەڵگەى پێشتر فەزاحەتویست بوو.
لەگەڵ ئەم شیكارییەشدا دەتوانین سەرنج لەوە بدەین كە مامەڵەى چوول-هان لەگەڵ “پشتى پەردە”دا پارادۆكسیكاڵە: لە لایەك پێى وایە جوانى بریتییە لەوەى كە لە ژێر سەرپۆشى خۆیدا دەمێنێتەوە؛ ئەوەیە كە دەرناكەوێت. جوانى نهێنییەكە لەودیوى پەردەوە، لە لایەکی ترەوە پێی وایە ئەم پشتى پەردەیە وەختێك دەكەوێتە ڕوو، قێزەونە؛ ئەوەى لە پشتى پەردەوە جوان بوو، بەبێ پەردە جانەوەرێكى ناشیرینە كە باخى جیهانى پێ دەژاكێت. بەم واتایە ئەوەى لە تاریكیدایە جوانە، ئەگەر قێزەونیش بێت؛ ئەوەى لە ڕووناكیدایە دزێوە، تەنانەت ئەگەر خودى جوانییش بێت، وەك خۆى دەڵێت، دەركەوتن هەر خۆى بە جەوهەر قێزەونە. وا دیارە ئەم دەرەنجامە دوولایەنە دژ بە دەرەنجامێكى دوولایەنەى دیكە بێت وا ئاگامبێن لە كتێبى ڕووتییەكاندا خستوویەتییە ڕوو. ئاگامبێن پێی وایە لە لایەك “جوانى مەیلى لە دەركەوتن”ـە و “ناشاردرێتەوە”، لە لایەکی ترەوە كاتێك جوانى دەردەكەوێت تەواو پووچ و بێ قووڵاییە؛ هیچ نهێنیەكى هەڵنەگرتووە، ڕووتییەكە بێ پۆشاك كە ناكرێت بە ئەفسوون [ڕوخسارێك كە ئاوراى هەبێت] وەسف بكرێت. بۆ چوول هان جوانى مەیلى لە شاراوەییە و ئاوراى هەیە. بەڵام ئەگەر پەردەكەى لەسەر لابچێت و ئاوراكەى بڕەوێتەوە، ئەوا دزێوە، ئەمەیش پتر لەوەى فەزاحەت بێت شەفافیەتە. ئەو بۆ ڕوونكردنەوەى ئەم دوو لایەنە دوو چەمك لە ڕۆلان بارت قەرز دەكات كە بارت بۆ وێنەى فۆتۆگرافى بەرهەمى هێناون. یەكەمیان وێنەى فرەچین[punctum] [پەنكتوم]ـە كە «وەك درزێك، پچڕانێك خۆى دەخاتە ڕوو. شوێنێك بە چڕى و تەوژمى بەرزەوە دروست دەكات كە شتێكى پێناسەنەكراو [Undefinierbares] تێیدا نیشتەجێ دەبێت؛ شتێك كە هیچ شەفافیەتێكى نییە»[9] (ئیتالیكەكان هی چوول-هانن). دووەمیان وێنەى تاكچین[studium] [ستۆدیوم]: «ئەوانەى لووس و شەفافن و هیچ جۆرە پچڕان یان تەمومژێكیان تێدا نییە»[10]. چوول-هان شانۆ بە پەنكتوم و سینەما بە ستۆدیوم پێناسە دەكات. شانۆ فەزاى بەرهەمهێنانى جوانییە لە پشتى پەردەوە؛ ئەمەیش ئەو ئەفسوونەیە كە بەرەو نهێنییەكان ڕامان دەكێشێت. سینەما بە پێچەوانەوە، زنجیرە وێنەى بەردەوامە كە دەرفەتى ڕاوەستان و ڕامان بۆ بینەر ناهێڵێتەوە؛ جۆرێك چێژەنیگاى مەسرەفكەر و تێرنەخۆرە بەبێ قووڵبوونەوە؛ تەنیا سەتحێكى تاكچینە كە چیتر پێویستى بە هێرمینۆتیكا [ى ناوەكى] نییە. لەم ڕووەوە سینەما بە پۆرنۆگرافیكردنى بینراوەكانە؛ نمایشێكى پۆست هێرمینۆتیكە بەبێ ژێستـەكان.
من لە بڕگەكانى دواتردا ئاڵۆزییەك دەخەمە نێو ئەم ڕوانگە یەكدیوەى چوول-هانەوە؛ هەوڵ دەدەم سەرلەبەرى پرسى سكانداڵ و پەردە، شانۆ و سینەما، بە جۆرێكی تر دابڕێژمەوە. لەمەدا بە تەواوى لە مانا بەرتەسكەكانى زاراوەكان دوور دەكەومەوە و بەرەو دەرەوە بە لاڕێیاندا دەبەم، واتە ئەو میتۆدەى پەیڕەوى دەكەم، پتر هێرمینۆتیكاى دەرەكىیە بۆ تێپەڕین لە هێرمینۆتیكاى ناوەكى. لەم میتۆدەدا ڕاڤەكار چیتر بەدواى مانا ناوەكییەكانى چەمكێك، تێكستێك، واقیعێكدا ناگەڕێت؛ بەڵکوو لە پەیوەندیی لەگەڵ دەرەوەدا هەر یەكەیان دادەڕێژێتەوە؛ لێرەدا كردەى ڕاڤە دەبێتە شكاندنى چوارچێوە ماناییەكانى چەمك/تێكست/واقیع تاوەکوو بەسەر “با” نەناسراوەكاندا بكرێنەوە. بەم جۆرە هێرمینۆتیكاى دەرەكى فرەییسازییە لە مانادا، گۆڕینى وێنەیە بۆ زڕەوێنە كە هیچ سەرچاوەیەكى ئەسڵیى نییە، حزوور-غیابى ئەویترە لە بەردەم شوناسدا. هێرمینۆتیكاى دەرەكى ئینفیساڵـە؛ واتە گەیاندنى چەند سنوورە بە یەكترى بەبێ ئەوەى ببین بە یەك؛ تەنیا جومگەیەكى ئاڵۆزكاو پێكدێنن كە بە جومگەى ترەوە دەبەسترێتەوە. ئەمە پێى دەوترێت تۆڕ. لێرەدا من ئەم میتۆدە بە شێوەی خۆم لەسەر چەمكى سكانداڵ تاقى دەكەمەوە.
ئەم وتارە بەشێكە لەم كتیبەى خوارەوە:
هاوار محەمەد: ڕووتى- لە شەرمى تیۆلۆژییەوە بۆ بێشەرمیى پۆرنۆگرافى، ڕێكخراوى ئازادبوون، سلێمانى، 2023.