رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کافکاى نووسەر، کافکاى نەخۆش

Facebook
Twitter
LinkedIn

ویڵ ڕیس

وەرگێڕان: ئیکرام حەمە

     فرانز کافکا، چەند مانگێک پێش مردنى، یەکێک لە درەوشاوەترین و خەماویتریت چیرۆکەکانى نووسی. لە چیرۆکى کۆشکدا[1]، بوونەوەرێکى تەنیا، وەک مشکى کوێر، بۆ بەرگریکردن لە خۆى لە بەرانبەر بێگانەکاندا تەمەنى بۆ دروستکردنى خانوویەکى ژێرزەمینى و کوناوکون تەرخان کردووە. ئەو لە سەرەتاى چیرۆکەکەدا دەڵێت «من کۆشکەکەم تەواو کردووە و بە ڕوواڵەت سەرکەوتوو بووم». بەڵام دڵنیاییەکەى بە خێرایی لەرزۆک دەبێت: لە کوێوە بزانێت قایمکارییەکانى دەیپارێزن؟ چۆن دەتوانێت دڵنیا بێت؟

     کەسایەتىی نێو چیرۆکەکەى کافکا، جگە لە پارێزراوییەکى بێکەموکورتى، بە هیچ شتێک ڕازى نابێت و، لەم ڕووەوە نابێت هیچ شتێک پشتگوێ بخات. لە دنیاى بچووکى کۆشکدا، هەموو وردەکارییەکان گرنگن و «ئاماژە»یەکى بنەڕەتى مەترسییەکن کە بڕیارە بە زوویی ڕوو بدات. لە کۆتاییدا، ئەو دەنگێک دەبیستێت کە پێى وایە دەنگى ئاژەڵێکى هێرشبەرە. لە هەر شوێنێکدا دەوەستێت، دەنگەکە بە بەرزى یاخود توندییەکى هاوشێوە دەبیستێت. لە ئەنجامدا دەردەکەوێت سەرچاوەى دەنگەکە لەنێو جەستەى خودى خۆیدایە: ڕەنگە دەنگى لێدانەکانى دڵى یاخود دەنگى هەناسە نەوەستاوەکانییەتى؛ ژیان لەنێو بوونیدا دەنگى دێت و دادەمرکێتەوە، بەڵام ئەو نیگەرانى شتێکى دیکەیە.

     وا دەردەکەوێت چیرۆکى کۆشک لێکدانەوەیەکى وردەکارانە بێت لەبارەى ژیانى خودى کافکاوە. ئەو دوو دەیە پێش ئەوەى لە تەمەنى ٣٤ ساڵیدا تووشی نەخۆشیی سیل ببێت، نیگەرانى نەخۆشکەوتن بوو. ڕۆژە پشووەکانى لەنێو ئەو سەرچاوە ئاوییانەدا بەسەر دەبرد کە ئاوەکەى گەرم بوو، هەروەها زۆر جار ناوەڕۆکى ئەو نامانەى کە بۆ هاوڕێ و خۆشەویستەکانى دەنارد، لە پێڕستى نیشانەکانى نەخۆشییەکانى هێندە زیاتر نەبوو. کافکا هەموو ئەوانەى دەدایە پاڵ ئەو شتەى کە خۆى چەندان جار بە «لە نەخۆشیترسان» ناوى دەبرد، دۆخێک کە تیایدا، بە باوەڕى خۆى، ئەوى بە ژیانى ڕاهیبانەى نووسەرى گرفتار کردبوو.

     کافکا میراتگرى تێڕوانینێک بوو، کە لە سەردەمى ڕۆمانتیکەوە لایەنگرى بێشومارى هەبوو و، نووسەربوونى پەیوەندیدار بە جۆرێک لە لاوازى و نەخۆشبوونەوە دەزانى-بیرکردنەوەیەک کە دەتوانرێت ڕەگوڕیشەکانى تاکوو ڕۆبێرت بێرتۆن بگەڕێنرێتەوە دوواوە. بێرتۆن لە بەرهەمە کورت و(تەواونەکراو)ەکەیدا لەژێر ناوى ئاناتۆمیی خەمۆکی[2] (١٦٢١) گوتى «مالیخۆلیاى بێبنەماى لەنەخۆشیترسان» نەخۆشیی قوتابیانى زانکۆ و بیریارانە. کافکا لە ساڵى ١٩١٣دا لە نامەیەکدا بۆ کارڵ باوێر، واتە باوکى فیلیسى دەستگیرانى، نووسیویەتى «من مرۆڤێکى کەمدوو، گۆشەگیر، بەدڕەفتار، خۆپەرست، لە نەخۆشیترساو و بە ڕاستى کەسێکى نەخۆشم.» بەردەوام دەبێت و دەڵێت گرنگتر لەو شتانەش «من هیچ یەک لەو تایبەتمەندى و خەسڵەتانە بە خراپ نازانم».

     ئەو ڕۆژەى کافکا ئەو وشانەى بۆ بەڕێز باوێر نووسی، نامەکانى سۆرێن کیرکەگۆری خوێندبووەوە. ئەو بۆ ئەو ماسکەى کە بە خۆى ڕەواى دەبینى _ئەدیبێکى خۆپارێز و نەخۆش_ بە دواى سەرچاوەیەک بۆ ئیلهامەکانیدا دەگەڕا. کافکا دەیگوت لەنەخۆشیترسان بۆ کەسێک کە «هەموو بوونى پەیوەستە بە ئەدەبیاتەوە» خۆ لێ نەبوێردراوە. ئەم قسەیە بۆ گەنجێکى کارمەند کە لە فەرمانگەى بیمەى ڕووداوەکانى کرێکاراندا لە پادشایەتى بوهێم، کە دەکەوتە پراگ، کارى دەکرد و لەو کاتەدا تەنیا کۆمەڵەچیرۆکێکى قەبارەبچووکى چاپ کردبوو، کە چەند سەد نوسخەیەک زیاترى لێ نەفرۆشرا بوو، وەک قسەیەکى زێدەڕۆیانە دەردەکەوت. ئەو لە نامەکانیدا بۆ فیلیس، تەنانەت بوێریی زیاتریشی دەنواند: «هەموو بوونى من ئەدەبیاتە، هیچ شتێکى دیکە لە مندا نییە.»

     بەڵام لەنخۆشیترسانى کافکا بووبووە هۆى دروستبوونى ڕەهەندێکى سەرسامکەرى دیکەش: گرنگیدانى تایبەتى ئەو بە قوتابخانە و ڕەوتەکانى ڕێکى و تەندروستیی جەستەیی، کە لێکچوونێکى زۆری لەگەڵ مۆدێلەکانى «تەندروستی»ى ئەمڕۆدا هەبوو. ئەو لە سەرتاسەرى ژیانیدا لە باوەڕبوون بە شێواز و ڕێکارەکانى «لایبنسڕیفۆرم[3]»، بزووتنەوەیەکى فەرهەنگى کە لەنێو بۆرژوازە ئەڵمانیزوبانەکاندا خوازراو بوو، پەشیمان نەبووەوە. لایبنس ڕیفۆرمیستەکان، سەرەڕاى قبووڵکردنى پاکیزەیی و سروشت، پشتگیریی گیاخۆری، دەرمانە سروشتییەکان، پۆشاکى سادە، خۆدانەبەرخۆر و هەواى پاک و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان و تووتنیان دەکرد. لایبنسڕیفۆرم، هەموو ڕەهەندەکانى ژیانى ئەو کەسەى دەخستە ژێر کاریگەرییەوە کە هێندەى کافکا ئەم شێواز و تێڕوانینەى بە جددى وەردەگرت: مەحاڵ بوو هیچییەک لە وردەکارییەکانى پشتگوێ بخات.

     کافکا لە شەوى ٢٢ سێپتێمبەرى ساڵى ١٩١٢دا، گەیشتە ئەو شتەى کە بە یەکەمین سەرکەوتنى ئەدەبیی خۆى دەزانى. ئەو هەفتەیەک پاش ئاهەنگى لەدایکبوونى شەست ساڵیی باوکى، هێرمان، چیرۆکى حوکمى، کە شاکارێکە و بابەتى چیرۆکەکە دووفاقیی باوکانە[4] (خۆشویستن و لە هەمان کاتدا ڕقلێبوونى باوک) بوو، لە یەک ڕۆژدا نووسی. ئەو، لە ساتە خۆش و خۆلەبیرکردنەکانى پاش ئەم سەرکەوتنەدا، لە دەفتەرى یادگارییەکانیدا نووسیویەتى کە نووسین پێویستى بە «کردنەوەى تەواوى جەستە و زەین»ە. سەرنجدانى وردبینانەى کافکا لە جەستەى، ڕەنگە ڕێیەکى بە ئاڕاستەى تێگەیشتن لە چالاکیی نووسەرى ئەو، واتە شێوازە جیاوازەکەى لە گواستنەوەى نەخۆشی بۆ ئەدەبیات، خستبێتە بەردەستمان. بە بۆچوونى کافکا، لەنەخۆشیترسان نەک تەنیا جۆرە دۆخێکى زەینییە، بەڵکوو جۆرە تێڕوانینێکى بنەڕەتیشە بۆ جیهان کە تاک ژیان و پەیوەندییەکانى دەخاتە بەردەم لێکدانەوە و شیکردنەوەی ناکۆتاوە.

     کافکا هەر لە سەردەمى منداڵییەوە لەبارەى دۆخە جەستەییەکەیەوە متمانەبەخۆبوونى نەبوو، هەر کاتێک دەچوون بۆ مەلەکردن، ڕەنگبوو بە بینینى جەستە بەهەیبەتەکەى باوکى نەخۆش بکەوێت. تێڕوانینى کافکا لەبارەى خۆیەوە، کاتێک یەکلایی بووەوە بۆى، کە لە گەنجیدا «بەهۆى لاوازى یان زەعیفى»یەوە لە خزمەتى سەربازى بوێردرا.

     کافکا چەند ساڵێک دواتر بە فیلیسى گوت «من لاوازترین مرۆڤم کە تاکوو ئێستا بینیومە». هەروەها گوتبووى کە ئەم دۆخە جێى گرنگییە، چونکە ئەو «بە [دۆخى جەستەیی نەخۆشەکان]ى نەخۆشخانە نامۆ نییە». کافکا لە یەکێک لە سەردەمەکانى گەشبینیی خۆیدا، کتێبى هێز و چۆنییەتىی بەدەستهێنانى[5] (١٨٩٧)، لە نووسینى ئۆوگین ساندۆ، باوکى لەشجوانیی ئەمڕۆى کڕی. ساندۆ لە سەرتاسەرى ئەورووپادا مایەی هێزى پیاوانى لاواز و قەڵەو بوو، هەروەها لەنێو ڕیزى خوێنەرانیدا کەسانێکى وەک فێرناندۆ پێسوا، ویلیام باتلەر و تى. ئێس. ئیلیۆتیش دەبینران.

     کافکا بە درێژایی ژیانى چەندان جار سەرسامى مامۆستایان و قوتابخانەکانى تەندروستى بووبوو. ئەو هەندێک جار تەنیا بە چەرەس و توو خۆى تێر دەکرد و، بەپێى ڕێنماییەکانى هۆراس فیلچەر، چەند خولەکێک هەر یەک پارووی دەجووى. کافکا، بەو هیوایەى بە شێوەیەکى سروشتى خۆى لە نەخۆشی بپارێزێت، بەپێى ئامۆژگاریی چەند خاوەنبۆچوونێکى نەشارەزا، بە یەک کراسەوە لە زستانى سەختى پراگدا دەچووە دەرەوە و ژوورى نووستنەکەى گەرم نەدەکرد.

     بەڵام ئەو زیاتر لە هەمووان، سیستمى خۆراکیی گشتگیرانەى یۆرگن پیتەر مۆلەر، مامۆستاى دانیمارکیی بەژنڕێکى، بەدڵ بوو. ئەمڕۆکە مۆلەر هێندە ناسراو نییە، بەڵام لە سەرەتاکانى سەدەى بیستەمدا ئەستێرەیەکى جیهانى بوو. ناونیشانى کتێبە پڕفرۆشەکەى، کە کافکا بەردەوام نوسخەیەکى لە تەنیشت تەختەخەوەکەیدا هەبوو، ناوى شێوازى من: ١٥ خولەک وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا بۆ تەندروستى[6] (١٩٠٤) بوو. ئەو نوسخەیەى من لە بەردەستم ایە چاپى نوێى کتێبەکەیە و دەگەڕێتەوە بۆ دەیەى ١٩٣٠. مۆلەر دەیتوانى شانازى بەوەوە بکات کە تا ئەو کاتە کتێبەکەى بۆ ٢٦ زمان وەرگێڕدراوە و یەک ملیۆن و نیو نوسخەى لێ فرۆشراوە و، سەرکەوتوو بووە لەوەدا کە پشتیوانیی شازادەى وێڵز بەدەست بهێنێت. مۆلەر توانى لە ساڵى ١٩١٢دا شوێنەکەى بۆ لەندەن بگوازێتەوە و یانەیەکى بەشکۆ، سەرەتا لە دەوروبەری پیکادیلى و دواتر لە مەیدانى ترافالگاردا بکاتەوە (ئێستا بیناى ئەم یانەیە شوێنى کتێبفرۆشیی واتراستۆنزە).

     مۆلەر سەرمەشقێکى دوور لە زەین بوو بۆ کافکا. ئەو، کە بە پێشڕەوى ئەو نمایشانە دادەنرێت کە ئەمڕۆکە لە ڕیکلامەکاندا بەکار دێن، ڕۆژێک لە بەردەم کۆمەڵە کەسێکى زۆردا داواى لە کەسێک کردبوو عەرەبانەیەکى دەستیی پڕ لە بەرد بخاتە سەر سکى. لە زۆربەى وێنەکاندا لە کاتى خلیسکێنەى سەر بەفر بە جلى ژێرەوەوە یاخود لەکاتى مەلەکردن لە دەریاچە بەستووەکاندا دەردەکەوت. «سیستم یاخود شێواز»ەکەى مۆلەر لە کۆمەڵە ڕاهێنانێکى ئاسان پێکدەهات کە بە زۆری بۆ بەهێزکردنى ماسولکەکانى سک بوو، هەروەها پێشنیارگەلێکیشی لە پەیوەندیدا بە ڕەهەندە گشتییەکانى تەندروستى جەستەوە لەخۆ دەگرت. کافکا لە دەوروبەرى ساڵى ١٩١٠دا «شێواز»ەکەى مۆلەرى دەست پێ کرد و نزیکەى دە ساڵ لەسەرى بەردەوام بوو.

     مۆلەر لەو کەسانە بێزار بوو کە باوەڕیان وا بوو «ڕواڵەتى نەخۆشانە نیشانەیەکى بنبڕى سروشتى هونەرى و خەماوی»یە. لە ڕاستیدا مۆلەر بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ «هونەرمەندان و ئەهلى ئەدەب و زانست»ى کردبووە جێى گرنگیپێدانى خۆى و، ب ەشێوەیەکى پێداگرانە داواى لەو کەسانە دەکرد کە لە «جیهانى باڵادا» (واتە سەرقاڵى بابەتى ناماددین و گرنگى بە جەستە و تەندروستییان نادەن) دەگەڕێن، جەستە ماددییەکەشیان لەبیر نەکەن. کافکا، سەرەڕاى ئەوەى بە ڕوواڵەت دەیویست ماسکى کەسێک بپۆشێت کە تووشی لاوازیی دەماری بووە، فێرکارییەکەى مۆلەرى کردبووە شاژنى زەینىی خۆى. ئەو لە سەرەتاى پەیوەندییەکەى لەگەڵ فیلیسدا، بەم شێوەیە باس لە هۆکارى پەیڕەوکردنى شێوازەکەى مۆلەر دەکات: «شێوەى ژیانى من تەنیا بە شێوەیەکە… کە لەگەڵ نووسەرییەکەمدا باشتر بێتەوە. کات کەمە، تواناى من سنووردارە، فەرمانگە کابووسە و شوقەکەم قەرەباڵغە. گەر ژیانى خۆش و ئاسان بۆ مرۆڤ ڕێتێچوو نەبێت، پێویستە هەوڵ بدات لە ڕێگەى جوڵەگەلێکى لێزانانەوە هەڵبکات و بەردەوامى بە ڕێگەکەى بدات.»

     بەپێى بۆچوونى مۆلەر، هێزى جەستەیی تەنیا یەک ڕەهەند بوو لە واتایەکى ئاڵۆزتری تەندروستى. کتێبەکەى مۆلەر چەند خاڵێکى لەبارەى خواردن، خەو، پۆشاک، پلەى گەرمیی جەستە و هەروەها پێڕاگەیشتنى گونجاو بە ددان، دەم، گەروو، موو و پێیەکانەوە فێری کافکا کرد. گرنگتر لە هەمووى، خاوێنى و پاکیزەیی بوو: پێویستە پەنجەرەکان بە مەبەستى بڵاوکردنەوە و نەهێشتنى «هەڵم و هەواى نەخۆشیهێنەر» بە کراوەیی بهێڵرێتەوە و دەبوو لەو ١٥ خولەک کاتەى دیاری کراوە، چەند خولەکێک بۆ خۆشۆردن و شێلانى پێست تەرخان بکرێت. مۆلەر لەو باوەڕەدا بوو بەو هۆیەوە کە پێست سنوورى نێوان دەرەوە و ناوەوەیە، وەک گرنگترین «بەش یان ئەندام»ى جەستە دەژمێردرێت و پاکنەکردنەوەى خێرای شێ ژەهراوییەکان، وەک خۆکوژى وەهایە. مۆلەر باوەڕى وابوو تەندروستى هەڵبژاردەیەک نییە کە یەک جار بێت بۆ هەمیشە، بەڵکوو ئەرکێکى بەردەوامە کە خوازیاری گرنگیدانى بەردەوامە بە جەستە و ژینگەى دەوروبەر.

     بەرنامەى ڕۆژانەى کافکا لەژێر کاریگەریی شێوازەکەى مۆلەردا بوو. بەیانیان پێش کاتژمێر هەشت دەگەیشتە فەرمانگە و نزیکى عەسر دەگەڕایەوە ماڵەوە، نانى نیوەڕۆى دەخوارد و کەمێک دەخەوت. دواتر بەو جۆرەى مۆلەر داینابوو، بۆ ماوەى ١٠ خولەک «بە ڕووتى لە بەردەم پەنجەرەیەکى کراوەدا» ڕاهێنانى ئاسانى دەکرد، دەچووە دەرەوە بۆ پیاسەى عەسرانە و دواتر نانى ئێوارەى دەخوارد. نزیکى کاتژمێر ١٠ى شەو، دەستى بە کارى ڕۆژانەى ڕاستەقینەى دەکرد و تاکوو نزیک خۆرهەڵهاتن دەینووسی. «دواتر دیسانەوە، بەو جۆرەى باسم کرد، بەڵام بە خۆپاراستن لە فشار و پەستانى زۆر، ڕاهێنانێکى ئاسانم دەکرد و خۆمم دەشۆرد، دواتر بە زۆری لەگەڵ کێوێک ئازار لە دڵدا و جوڵانى ماسولکەکانى سکدا دەخەوتم».

     گەر ئەوەى کافکا دەیڵێت ڕاست بێت، ئەو سووڕى ڕۆژانەى سەرەوە، ڕۆڵێکى بنەڕەتیی لە بزۆکیی بێوێنەى ئەو سەردەمەى ئەودا گێڕاوە. کافکا لە کۆتاییەکانى ساڵى ١٩١٢دا، لە ماوەى چەند هەفتەیەکدا، کورتەچیرۆکى حوکم، چەند وەرزێک لە ڕۆمانى ئەمریکا[7] و لە مانگى نۆڤەمبەرەوە تاکوو مانگى دیسەمبەر، ڕۆمانى بەدگۆڕانى نووسی کە چیرۆکێکى سەرسامکەرە لەبارەى گۆڕانى جەستەوە. بیرۆکەى سەرەکیی چیرۆکەکە، لە یەکێک لە سەردەمە بێخەوییەکانیدا، کاتێک کە لەسەر تەختەخەوەکەى ڕاکشابوو، بە مێشکیدا هات. ئەو گوتوویەتى کە «حەزێکى خۆلێنەبوێردراوم هەست پێ کرد بۆ ئەوەى خۆم بخەمە نێویەوە».

     لە دەستپێکى بەدگۆڕاندا، گریگۆر سامساى بازاڕدۆز ناتوانێت لە شوێنى کارەکەیدا ئامادە بێت. ئەو، کە لەپڕ بۆ قالۆنچەیەک گۆڕاوە، وەک چاوەڕێ دەکرێت، گێژ و پەرێشانە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە هاتنى سەرپەرشت و پزیشکى بیمە دەترسێت، کە گریگۆر دەزانێت بە خۆنەخۆشخستن تۆمەتباری دەکەن. سەرکار یاخود خاوەنکارەکانى گریگۆر لەو باوەڕەدان کە نەخۆشەکان «خۆیان لە ئیشکردن دەدزنەوە» و پێویستە «بەهۆى تێبینییەکانى ئیشەوە» بەسەر نەخۆشییە درۆینەکانیاندا «زاڵ ببن».

     مۆلەریش لەو باوەڕەدا بوو کە «نەخۆشی بە زۆری خەتاى خودى تاکە» و باسی لەو زیانە زۆرانەى کە لە خاوەن کارەکان دەدرێت و هەروەها کۆمەڵگەى کرێکارانیشی دەکرد، کە خوویان بەوەوە گرتووە گرنگى بە تەندروستییان نەدەن و، بەهۆى ئەو نەخۆشییانەوە کە بە دەستى خۆیان تووشی بوون، نەچنە شوێنى کارەکانیان. نەخۆشەکان مەحکوم بووبوون بە «تەڵەکەبازى».

     کافکا، کە وەک کارمەندێکى فەرمانگەى بیمە ڕەنج و ئازارى کرێکارانى بە دەست خاوەن کارەکانەوە دەبینى، دەیزانى دەشێ ئەم تێڕوانینە چەندە مەترسیدار بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، وێناکردنى ئەوەى بەرپرسیارێتى دەتوانێت ئازادى لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، سەرنجڕاکێش بوو بۆی: ئەگەر نەخۆشی هەڵبژاردەیەک بووایە، کەواتە تاک بە ئاسانى دەیتوانى بڵێت «نامەوێت». کافکا جارێک گلەیی لەوە کردبوو کە تەندروستییەکەى «فریودەر»ە، «تەنانەت خۆیشم فریو دەدات». کتێبەکەى مۆلەر مژدەى بەدگۆڕانێکى تەواوەتى دەدا: گەر کافکا پەیڕەوى لە بنەماکانى بکردایە، جەستەى «لە کوێخایەکى نائارامەوە دەبووە کۆیلەیەکى گوێڕایەڵ و شایستە».

     لە ڕوواڵەتدا وەها دەردەکەوت پەیوەستبوونى دوودڵییەکانی کافکا بە تەندروستى جەستەییەوە و تایبەتمەندییە گۆشەگیرییەکەى، پێویستییان بە یەکدى بوو. لە هاوینى ساڵى ١٩١٢دا، ئەو لەگەڵ فیلیسدا لە شوقەى ماکس برود، هاوڕێ هاوبەشەکەیان کە دواتر بووە خاوەن ڕاسپاردەى ئەدەبیی کافکا، یەکتریان ناسی.

     فیلیس سکرتێرەیەکى گەنج و بەرزەفڕ بوو کە لە بەرلین دەژیا. ئەو خزمێکى دوورى خێزانى برود بوو، کە لە ڕێى ماڵى خوشکەکەیەوە لە بوداپێست دیدارى لەگەڵ خزمەکانیدا هەبوو. کافکا، پێنج هەفتە پاش یەکەم دیدارى لەگەڵ فیلیسدا، نامەى بۆ نووسی و بەم شێوەیە نامەگۆڕینەوە دوورودرێژ و بە گشتى بەردەوامەکانیان دەستى پێ کرد. کافکا بۆ ئەوى نووسی «هەر یەک لە نامەکانت، هەرچەندەش کورت بێت، لاى من وەک نامەیەکى ناکۆتا دەردەکەوێت. لە سەرەتاوە تاکوو کۆتاییەکەى دەخوێنمەوە، دواتر لە سەرەتاوە دەست پێ دەکەمەوە و بەم شێوەیە چەندان جار دەیخوێنمەوە.»

     هاوینى دواتر، کافکا لە نامەیەکى دوورودرێژدا خوازبێنى فیلیسی کرد. نامەیەکى سەیر بوو کە بەشی زۆری لە پێڕستێکى درێژ لەو هۆکارانە پێکهاتبوو کە دەبوو فیلیس پێشنیارى هاوسەرگیرییەکەى ئەوى ڕەت بکردایەتەوە. ئەگەرى هەبوو فیلیس  لەبری ئەو «زەبرە بێشومار»انەى کە لە ژیان لەگەڵ کافکادا دەبووە نسیبی، «پیاوێکى نەخۆش، لاواز، گۆشەگیر، کەمدوو، خەمۆک، سارد و بێهیوا» بەدەست بهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا فیلیس  ڕازى بوو.

     ئەم ڕووداوە بۆ کافکا دەستپێکى سەردەمێکى قەیراناوى بوو. ئەو بە ڕاستى دەیویست هاوسەرگیری لەگەڵ فیلیسدا بکات، بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە لە هەمان کاتدا نەیدەویست هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکات و، ئەم دوو ویستەش دژیەیک و جیاواز بوون. هەمان ئەو گرنگیدانە تاقەتپڕووکێنەى کە بە تەندروستیی جەستەیی دەدا، گۆڕابوو بۆ لێپرسینەوەیەکى کۆتایینەهاتوو لە پەیوەندیدا بە دەستگیراندارییەکەیەوە. ئەو نووسیویەتى «هەموو شتێک بە خێرایی تۆوى گومان لە دڵمدا دەچێنێت» هەموو شتێکى بچووک دەبووە شەپۆلى زنجیرگەلێک لە گومانگەلى ناکۆتا.

     کافکا پەناى بردە بەر دەفتەرى یادگارییەکانى و «پوختەیەک لە هەموو هۆکارە پاڵپشتیکار و ڕەتکەرەوەکانى هاوسەرگیرییەکەى» نووسی و «بێتوانایی لە بەرگەگرتنى تەنیایی و سەڵتیدا» لەگەڵ دڵخۆشیی ژیانى هاوبەش «کە بە بەهاى نووسەربوونى» کۆتایی دەهات، هەڵسەنگاند.

     نیگەرانییەکانى کافکا لە هەمان ڕۆژەکانى سەرەتاى پەیوەندییەکەیاندا بە شێوەیەکى دووبارەبووەوە لە جەستەى خۆى، واوەتر دەچوو و گەیشتبووە جەستەى فیلیسش. کافکا بەردەوام لە سەرئێشەکانى فیلیسى دەپرسییەوە و ئەوى هەم بەهۆى بەجددیوەرنەگرتنى سەرئێشەکانى و هەم بەهۆى شێوە ژیانە «بێزارکەرەکەى» سەرزەنشت دەکرد. ئەو تکاى لە فیلیس  کرد دەست بە شێوازەکەى مۆلەر بکات و پێشنیاری بۆ کرد تاکوو پاراوانێکى (هاوشێوەى پەردەى جیاکەرەوەیە لەنێو پانتاییەکى زۆردا بۆ ئەوەى بکرێتە دوو بەش یان زیاتر) بۆ بکڕێت بۆ ئەوەى هەردووکیان بتوانن بەپێى ڕێساکان وەرزش بکەن. چەند ڕۆژێکیش پێش ئەوەى نێوانیان تێک بدەن، لە نامەکانیدا بۆ فیلیس  باسی خێزانە گیاخۆرەکەى داهاتوویانى کردبوو. ئەو بە هاندانى فیلیس  بۆ پەیڕەوکردنى سیستمە خۆراکییەکانى، دەیویست ئەو بۆ نێو کۆشکە بچووکەکەى خۆى بانگهێشت بکات. کافکا هیوادار بوو ئەوان پێکەوە، بەڵام بە تەواوەتى بەپێى ڕێساکانى خۆى، بژین و ئەو بتوانێت لە یەک کاتدا هەم لە هەموو باشییەکانى تەنیایی و هەم لە هاودەمى بەهرەمەند بێت.

     کافکا و فیلیس  لە حوزەیرانى ساڵى ١٩١٤دا بە شێوەیەکى فەرمى هاوسەرگیرییان کرد. کۆبوونەوەیەکى خێزانى ڕێکخرا و خێزانى کافکا و باوێر لە بەرلین کۆبوونەوە. ئەو ڕۆژە کافکا لە دۆخێکى خەماویدا بوو. لە دەفتەرى یادەوەرییەکانیدا نووسیویەتى: «وەک تاوانبارەکان دەست و قاچەکانم لە زنجیردا بوون. گەر لە سوچێکدا قوفڵ و زنجیری ڕاستەقینەیان بکردمایە… مەحاڵ بوو لەوە خراپتر بێت. ڕێوڕەسمى دەستگیرانداریم بوو، هەمووان هەوڵیان دەدا بمهێننەوە سەر خۆم، بەڵام کاتێک سەرکەوتوو نەبوون، هەوڵیان دا بە هەمان شێوە بەرگەم بگرن».

     زەبری دواتر کاتێک بەری کەوت کە ئەو و فیلیس  ڕۆشتبوون بۆ کڕینى کەلوپەلى ناوماڵ. کافکا لە هەڵبژاردە پڕ لە باقوبریق و بۆرژوازییەکانى دەستگیرانەکەى، کە دژ بە بنەماکانى مینیماڵستیی لایبنسڕیفۆرم بوو، زۆر نیگەران و بێتاقەت بوو. ئەو دوو ساڵ دواتر نووسیویەتى: «زیاتر لە هەموویان کەوانتەرى جلوبەرگەکە… نیگەرانى کردم»، هاوشێوەى «کێلى گۆڕ» بوو. ئایا بە ڕاستى کاتێک چووبوونە نێو دوکانەکەوە، ئەو دەنگێکى هەڕەشەئامێزى بیستبوو، دەنگى زەنگى کەنیسە لە کاتى بەخاکسپاردنى مردوودا؟

     کافکا سازشى نەدەکرد: کەلوپەلى ناو ماڵیش، وەک هەموو شتەکانى دیکە، بنەماى خۆیان هەبوو. نابێت هیچ شتێک لە پێویستى زیاتر بێت. دروشمى ئەو، وەک هەمیشە، «پاکیزەیی» بوو. کەوانتەرەکان، تابلۆکان، بەتانییەکان، گوڵە نایلۆنەکان و فەرش و قاڵییەکان، هەموویان لە بەرچاوى کافکادا نەک تەنیا شڕوشیتاڵ بوون، بەڵکوو «زبڵ» بوون.

     کافکا دوو هەفتە پاش ئەم ئاهەنگانە، نامەیەکى بۆ هاوڕێکەى فیلیس، گێرتە بلوخ، نووسی و هەوڵیدا هۆکارى هەڵسوکەوتە سەیر و «سەرسەختییەکەى» ڕوون بکاتەوە. ئەو گوتى: «ناچارم هەموو شتێک بدەمە پاڵ لاوازییە جەستەییەکەم». «گەر بەهێزتر و تەندروستتر بوومایە، بەسەر هەموو کێشەکانمدا زاڵ دەبووم». لەو حاڵەتەدا لە پەیوەندییەکەى لەگەڵ فیلیس دا «دڵنیا» دەبووەوە؛ دەکرێت بگوترێت «لە هەموو دنیا دڵنیا دەبووەوە». بەڵام ئەو لەو کاتەدا تەنیا لە یەک شت دڵنیا بوو: ئەویش ئەوە بوو کە «بێ گومان» تووشبووى «لەنەخۆشیترسانێکى گەورەم کە وەها ڕەگوڕیشەى بێشومار و قووڵى لە بوونمدا چەقاندووە کە ژیان و مردنم پەیوەستە پێیەوە».

     ئەم قسەیە ئەوە پیشان دەدات کە «لەنەخۆشیترسان»ى کافکا شتێک بوو لە سەروو ترس لە نەخۆشییەوە. ئەو لە ڕێگەى ئەوەوە واتاى بە جیهانى خۆى بە هەموو وردەکارییەکانییەوە، دەبەخشی. مەحاڵ بوو هیچ  شتێک بە ڕوون بزانرێت، دەبوو لێکۆڵینەوەى ورد لە هەموو شتێک بکرێت و لە گۆشەنیگاى جیاوازەوە لێى بڕوانرێت. هەموو شتێکى بچووک یاخود گەورە، بەرئەنجامى لێکدانەوە زەینییە هەمەلایەنە و سەختگیرانەکان بوو.

     کافکا ڕاستەوخۆ دواى ئەوەى نامەى بۆ گێرتە نووسی، بۆ بەرلین بانگ کرا؛ گوایە گێرتە و فیلیس  پێکەوە قسەیان کردبوو. فیلیس، کە بڕیاری جیابوونەوەى دابوو، لەگەڵ خوشکەکەى و گێرتەدا لە هۆتێل ئاسکانیشر هوف چاوى بە کافکا کەوت. کافکا لەو دیدارەدا زەلیلییەکى بەئازارى ئەزموون کرد، برینێک کە ساڕێژکردنى ئاسان نەبوو. ئەو لە یادەوەرییەکانیدا لەژێر ناوى «دادگایی»دا باسی ئەو دیدارەى کردووە.

     کافکا پاش گەڕانەوەى بۆ پراگ، لە ماڵە چۆڵەکەى خوشکەکەیدا نیشتەجێ بوو. ڕۆژێک پێش ئەوە، جەنگى جیهانیی یەکەم لە ئەورووپادا کڵپەى سەندبوو. ئەو بۆ یەکەم جار لە تەمەنیدا بە تەنیا دەژیا. کافکا دەستى بە «تەنیایی و خەڵوەتى ڕەها» گەیشتبوو، جگە لە دەنگێک کە بێدەنگ نەدەبوو: زۆربڵێیی و ژاوەژاوى دوایینەهاتووى دراوسێکان. ئەو لە یادەوەرییەکانیدا نووسیویەتى: «بڕیار بوو مانگى داهاتوو هاوسەرگیری بکەم. ئەو پەندە کە دەڵێت هەر کارێک بکەیت دەبێت بەرگەى ئازارەکەشی بگریت، ئازارم دەدات».

     کافکا بە درێژایی چەند مانگى داهاتوو لەپشت مێزى کارەکەیەوە دانیشت، بۆ ئەوەى بە باشی لە دەرئەنجامەکانى بڕیارەکەى تێبگات. ئەو لەو خانووە سارد و چۆڵەدا، کە دوور بوو لەو جیهانە ڕوو لە ڕووخانەى دەرەوە، جارێکى دیکە پەرژایە سەر کارى دوورودرێژى پێداچوونەوە. تاکوو کاتژمێر پێنج، شەش یاخود حەوتى بەیانى، بەردەوامى بە نووسین دەدا و دەستى بە نووسینى ئەو ڕۆمانە کرد کە دواتر ناوى لێ نرا دادگایی[8] (هەرچەندە ئەم بەرهەمەش، وەک چیرۆکى کۆشک، بە تەواونەکراوى مایەوە و ماکس برود، دواى مردنى کافکا لە ساڵى ١٩٢٤، ڕێکی خست و چاپى کرد.)

     دادگایی چیرۆکى پیاوێک بە ناوى جۆزێف ک. دەگێڕێتەوە، کە بە تاوانێکى ناڕوون تۆمەتبار کراوە. لێکۆڵەرێکى بێگانە بە شێوەیەکى بێبەزەییانە ئەشکەنجەى دەدات و ئەویش لە تاوانەکەى بێئاگایە و لە کۆتاییدا لە سێدارەى دەدات. ئەوەى لە هەموو شتێک زیاتر بۆ ئەو بەرگەنەگیراوە، هەمان ئەو بێئاگاییە ناچارییەیە و، لەو ڕووەشەوە بێواتایی تۆمەتەکەى دژی: تاوانى ک. چییە؟

     لەو ڕووەوە کە ئەم دۆخە لە سەروو بەرگەگریی ک. دایە، ڕوو لە نووسین دەکات. لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا بڕیار دەدات بارودۆخى خۆى بنووسێتەوە «کۆى ژیانى مرۆڤ، بە بچووکترین کردە و ڕووداوەوە، دەبێت بەبیر بێتەوە و پێویستە لە هەموو گۆشەنیگایەکەوە بە ڕوونى دەرببڕدرێت و لێکۆڵینەوەى لێ بکرێت». ک. دەزانێت ئەم کارە ڕەوتێکى ئێجگار دوورودرێژ، «کارێکى بە نزیکەیی بێکۆتا» دەبێت. هەر بۆیە گەر لە ژوورى کارەکەیدا دەرفەتى نەبووایە، کە زۆر ڕێتێچوو بوو، دەبوو شەو لە ماڵەوە بینووسێتەوە. لە ڕاستیدا پێویست نەبوو تاک «سروشتێکى پەرێشان و دوودڵ»ى هەبێت تاکوو بە جۆرێک لە خۆبەدەستەوەدان و ڕەزامەندییەوە لەم کارە بڕوانێت و پێى وابێت «تەواوکردنى ئەم باسکردنە لە بارودۆخ و حاڵى خۆی، مەحاڵێکى ڕووتە»؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەست بە کارى کۆتایینەهاتووى لەخۆڕوانین دەکات.

     بەڕێز ک. بیر لە بێبەریبوون لە تاوان ناکاتەوە. هیواى ڕاستەقینەى ئەو دۆزینەوەى تاوانێکە بۆ ئەوەى سزاکەى پاساو بدات و، لە ڕێگەى واتابەخشینەوە پێى، بیکاتە شتێکى بەرگەگیراو، بەڵام ئەو هەرگیز بەو ئاگاییە ناگات. هیچ یەک لە پاڵەوانەکانى چیرۆکەکانى کافکا بەو ئاگاییە ناگەن. ئەو لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا، لەخۆڕا و بێمەبەست، «وەک سەگ» دەمرێت.

     کافکا نووسینى دادگایی وەستاند بۆ ئەوەى کورتەچیرۆکێک بە هەمان ناوەڕۆکەوە، بە ناوى گروپى سزادەرانەوە[9] بنووسێت. لەم چیرۆکەدا، «سزادەران» بە شێوەیەکى هەڕەمەکى کەسێک بۆ لە سێدارەدان هەڵدەبژێرن و دەیخەنە نێو ئۆتۆمبیلێکەوە، کە لەوێدا تاوانەکانیان لەسەر جەستەیان دەکوتن. ئەفسەرى چاودێر لەو باوەڕەدایە کەسی سزادراو بە مەرگ «کاتێک دەقى بڕیارەکە بە جەستەیەوە دەکوترێت، سزاکەى خۆى بە باشی دەزانێت». بەم شێوەیە سزادراوان بە شێوەیەکى کارەساتبار بەڵام ئاگایانە دەمرن. بەڵام ئەفسەرەکە، کە دەچێتە نێو ئۆتۆمبیلەکە، لەم مردنە واتادارە بێبەش دەبێت؛ تەنیا «مردنە، نایاب و سادە».

     کافکا پاش ماوەیەک لە جیابوونەوەى لە فیلیس، لە کۆتاییدا پەیوەندییەکەى لەگەڵیدا، بە جۆشوخرۆشێکى کەمترەوە، دەستی پێکردەوە. ئەوان دووبارە هاوسەرگیرییان کرد. دواتر لە ساڵى ١٩١٧دا کەوتە بەر یەکەمین هێرشی سیل. دیمەنێکى سامناک بوو: سەرەتاى شەو ڕۆشتە جێخەوەکەیەوە، بەڵام لە نیوەشەودا خوێن گەرووى گرت و بە حاڵەتێک لە خنکان خەبەری بووەوە. بەدەم لەتربردنەوە ڕۆشتە لاى دەستشۆرەکە و دواتر بەرەو لاى پەنجەرەکە ڕۆشت. لەوێوە دەیتوانى کۆشکى سەر گردەکە ببینێت. بەڵام هێشتا خوێن لە گەروویدا بوو.

     کەم کەم خەریکبوو ڕۆژ دەبووەوە، کە کافکا گەڕایەوە سەر تەختەخەوەکەى، بێگومان ئەمە بۆ ئەو بابەتێکى سەیر نەبوو. سەیر ئەوە بوو بە ئاسانى خەوى لێکەوت. سەرلەبەیانى خزمەتکارەکە هات و کاتێک بارودۆخەکەى بینى گوتى «جەنابی دکتۆر، ماوەیەکى زۆر بەرگە ناگریت». لەگەڵ ئەوەشدا، کافکا دواى چەندان مانگ هەستى بە ئارامى دەکرد. لە هەموو کاتێکى دیکە باشتر خەوتبوو. ماوەیەک پاش ئەم ڕووداوە، پەیوەندییەکەى لەگەڵ فیلیس دا پچڕاند و کۆتایی بە پێنج ساڵ دوودڵى و ناجێگیری هێنا. بەڵام ماوەیەکى زۆر تێنەپەڕى دیسانەوە هاوسەرگیری کردەوە. ئەم جارە نەخۆشێکى سیلاوی بە ناوى یولى وریتسکى هێنایە نێو پێڕستى هەوڵە دوایینەهاتووەکانى بۆ تێگەیشتن لەو شتەى دەیویست.

     بە شێوەیەکى گشتى ئەو کەسانەى مۆرى «لەنەخۆشیترسان»یان لێ دراوە، کاتێک تووشی نەخۆشییەکى ڕاستەقینە دەبن،  هەست دەکەن تۆمەتێکیان لەسەر هەڵگیراوە و نەخۆشییەکە دەری خستووە ئەوان لە بنەڕەتدا لەنەخۆشیترساو نەبوون («گوتبووم کە نەخۆشم»). لەم ڕووەوە، لە ڕوانگەى هەندێک کەسەوە نەخۆشی _هەرچەندەش تاقەتپڕووکێن بێت_ ڕەنگە مایەى ئارامى بێت، چونکە مۆری کۆتاییە لەسەر سووڕى ناکۆتایی لێکدانەوە لەنەخۆشیترساوانەکان. کاتێک ئالیس جەیمز (خوشکى ویلیامى فەیلەسووف و هێنریی نووسەر) تووشی شێرپەنجەى مەمک بوو، لە کاردانەوەیدا، ئەو دۆخەى وەک «نایابترین ساتى ژیان و، لە ڕاستیدا، تەنیا ساتێک کە تێپەڕینى تەمەن وەک ژیان دەردەکەوێت» ناو برد.

     بەڵام هۆکارى ئارامیی کافکا ئەوە نەبوو. خوێنبەربوونى سییەکانى جۆرێک بەدگۆڕانى، لە نەخۆشیی خەیاڵییەوە[10] بۆ نەخۆشیی ڕاستەقینە، لەودا دروست کردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت تا ئەو کاتەش خۆى بە لەنەخۆشیترساو دەزانى. ئەو لەو باوەڕەدا بوو کە «گۆڕانە بێشوومارەکان» نەخۆشییە خەیاڵییەکانى ئەو ساڵانەیان زیاتر کردووە تاکوو ئەوەى «لە دەرئەنجامدا بە نەخۆشییەکى ڕاستەقینە کۆتایی هاتووە». دەیگوت ئەم «نەخۆشییەى سییەکانم هیچ نییە جگە لە سەڕڕێژبوون و ڕژانى نەخۆشییە زەینییەکەم.»

     کافکا چەند ساڵێک پێش ئەوە بە فیلیسى گوتبوو، ئەو کەسانەى تووشی سەرئێشە دەبن، نابێت بەدواى چارەسەرەوە بن، بەڵکوو پێویستە بە وردى چاو بە هەموو ژیانیاندا بخشێننەوە «بۆ ئەوەى بزانن سەرچاوەى سەرئێشەکەیان لە کوێدایە». کافکا لە مۆلەرەوە ئەم وانەیە فێر بووبوو: نەخۆشی خەتاى خودى کەسەکەیە. ئەو لە نەخۆشخانەى نەخۆشانى سیلدا، بەسەر کێوەکانى تاتراوە، چاوى بە ژیانیدا دەخشاندەوە بۆ ئەوەى ڕەگوڕیشە شاراوەکانى نەخۆشییەکەى بدۆزێتەوە. سزاکە ڕوون بوو، ئەو تەنیا دەبوو بزانێت تاوانەکەى چییە.

     کافکا بۆچوونى جیاوازى لەبارەى سەرچاوەى نەخۆشییەکەیەوە هەبوو، بەڵام هۆکارە پەسەندکراوەکەى ئەوە بوو کە نیو دەیە گومان و دوودڵى لەبارەى خۆشەویستى و عەشقى بۆ فیلیس، بووبووە هۆى ئەوەى ئەو تووشی سیل ببێت: مێشکى گوتبووى «ناکرێ بەو جۆرە بەردەوام بیت» و پێنج ساڵ دواتر سییەکانى وەڵامیان دابووەوە کە بۆ خزمەتکردن ئامادەن. نەخۆشییە خەیاڵى و ڕاستەقینەکانى کافکا لە پانتایی یەک لێکدانەوەدا بوون: هەردووکیان دەرکەوتەى سمبولیانەى دۆخى ڕۆحى ئەو بوون و لەو ڕووەوە دەیانتوانى ببنە هەوێنى لێکدانەوەى جۆراوجۆر. ڕەنگە کاتێک ئەو گوتى «هەموو بوونم ئەدەبیاتە» مەبەستى هەر ئەمە بووبێت. کافکا بەردەوام نەخۆشیی وەک جۆرێک خوازە تەماشا دەکرد، تاکوو ئەو کاتەى گیانى سپارد و کارى لەنەخۆشیترساوانەى خوێندنەوەى جەستە و زەینى بە تەواونەکراوى مایەوە.

ئەم وتارە ویڵ ڕیس نووسیویەتى و لە ٢٥ى مارچى ٢٠٢٢دا لەژێر ناونیشانى «Kafka the hypochondriac» لە وێبسایتى ئایۆن بڵاوی کردووەتەوە و بۆ یەکەم جار لەژێر ناوى «کافکاى نووسەر، کافکاى نەخۆش»دا لە ژمارە بیستوچوارى وەرزنامەى تەرجومانى زانستە مرۆییەکاندا بە وەرگێڕانى عیرفان قادرى بڵاو بووەتەوە. وێبسایتى تەرجومان ئەم وتارەى لە ٦ى نۆڤەمبەرى ٢٠٢٢ بە هەمان ناونیشان بڵاو کردووەتەوە.   


[1] . The Burrow

[2] . Anatomy of Melancholy

[3] . Lebensreform

[4] . Paternal ambivalence

[5] . Strength and How to Obtain it

[6] . My System: 15 Minutes Work a day for Health’s Sake

[7] . Amerika

[8] . The Trial

[9] . In the Penal Colony

[10] . Le malade imaginare: ناوى شانۆنامەیەکى مولێرى فەڕەنسییە.