رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ناکۆکیی نێوان دۆستۆیڤسکی و چێرنەشێفسکی

Facebook
Twitter
LinkedIn

دژبەریی نێوان بەرەی ڕووسیا و بەرەی خۆرئاوا

سرووشتى مرۆڤ و جۆرى ئەو کۆمەڵگەیەى کە مرۆڤ بە لەبەرچاوگرتنى سرووشتى دەتوانێت و دەبێت تێیدا بژى، لە ناکۆکییەکانى دیکەى نێوان چێرنەشێفسکى و دۆستۆیڤسکییە. چێرنەشێفسکى لێرانەشدا بڕواى وایە کە شرۆڤەی زانستیی سرووشتى مرۆڤ و حسێبکاریی لۆژیکى، بۆ ئەوەی کە بەرژەوەندیی زیاتر لە چیدایە، ئێمە دەگەیەنێتە وەڵامێکى ڕاست و هەرگیز نابێت ئەوەمان بیر بچێت کە بەرژەوەندى و چێژى تایبەتی بۆ مرۆڤ لە هەموو شتێک گرنگترە؛ تەنانەت لەو کاتانەش کە کار بە چەمکگەلێکى خواپەسەندانە و مرۆڤدۆستانەش دەکات، هەر بەشوێن جۆرێک لە بەرژەوەندییەوەیە، گەرچى ماددیش نەبێت.

جێى باسە کە دۆستۆیڤسکیش پاش تێپەڕاندنى سەردەمى ترسناکى زیندان و تاراوگە، نەک بە شیکاریی زانستى، بەڵکە بە ئەزموونى کەسیی خۆى کەم تا زۆر دەربارەى هەندێک کەس هەر بەم ئەنجامە گەیشتووە، بەڵام دەڵێت بابەتەکە بەو جۆرەش سادە و ڕێسادار نییە کە چێرنەشێفسکى بیرى لێ دەکاتەوە؛ ئاخر خۆ مرۆڤ ئامێر نییە تا بتوانێت لە ڕێى ڕێسا و هاوکێشەوە بژى و هەڵبەتە هەندێک کات دەکرێت بە ویستى خۆى شوێن بەرژەوەندى نەکەوێت و ناتوانین بە شێوەیەکى یەکلاکەرەوە بڵێین لە بڕیاردان و هەڵبژاردندا بەرژەوەندیی کەسى تاکە پاڵنەرە. دۆستۆیڤسکى بڕواى وایە کە ناتوانرێت ئەوە لە بەرچاو نەگیرێت کە مرۆڤ پێویستیی بە دەربڕینێکى لەخۆبردووانەى هەستوسۆزە بەبێ ئەوەى لەم نێوەندەدا ڕەچاوى سوود بکرێت؛ چونکە ئەمە بەشێکى دانەبڕاوە لە سرووشتى مرۆڤ؛ بۆ نموونە، لە یادگارییەکانى یانەى مردوودا باس لە خەڵکانێکى مرۆڤدۆست دەکات کە هەموو ئەرکەکەیان ئەوەیە یارمەتیی لێقەوماو و بێدەرەتانەکان بدەن و زۆر بە ئاسانى چاو لە خۆیان و ئاسایش و بێوەییان دەپۆشن. بە بۆچوونى دۆستۆیڤسکى ناکرێت لە یەک کاتدا هەم بەشوێن بەرژەوەندییە کەسییەکانى خۆتەوە بیت و هەم بە ڕاستیش ئەوانى دیکەت خۆش بوێن؛ خۆشویستنى ڕاستەقینە ئەوەیە کە بێ ئەوەى بیر لە ئەنجامەکەى بکەیتەوە بەسەر خۆتدا ڕابووریت؛ ئەمەش بەشێکە لە سرووشتى مرۆڤ.

دۆستۆیڤسکى ترسى لەوە هەیە کە چێرنەشێفسکى ئەم ڕەهەندەى سرووشتى مرۆڤ لە بەرچاو ناگرێت، ئەویش نایەوێت لەژێر کاریگەریی بیرکردنەوە نامرۆڤانەکانى ئەودا، کۆمەڵگە بەرەو شوێنێک هەنگاو بنێت کە ئەم بەشەى سرووشتى مرۆیی بخاتە لاوە. بۆچوونەکانى دۆستۆیڤسکى و چێرنەشێفسکى دەربارەى ئەوەى کە سرووشتى مرۆڤ چەقە یان لۆژیک، جیاکاریی نێوان ڕوانگەى ئەوانە بۆ ڕووسیا و خۆرئاوا. چێرنەشێفسکى نایشارێتەوە کە بیرۆکەى لە بیرمەندانى ئەڵمانى و بە تایبەت فۆیرباخەوە وەرگرتووە و لەوەدا گومانى نییە کە یۆتۆپیاى خۆرئاوایی مرۆڤ دەگەیەنێتە بەختەوەرى. دۆستۆیڤسکى بڕواى بەوە نییە کە دەکرێت تێز و ئایدیا خۆرئاواییەکان بەبێ گۆڕانکارى و وەک خۆیان لە ڕووسیادا پەیڕەو بکرێن؛ چونکە ئەم کارە لەبەرچاونەگرتنى كۆمەڵە واقعیەتێكى ئامادەى نێو کۆمەڵگەى ڕووسیایە و هەوڵدانە بۆ گۆڕینى خەڵکى بۆ سکەگەلێکى ژەنگاوى کە دیار نییە کەى و لە کوێ لێدراون و سەر بە کام سەردەم و خاکن. لە ڕوانگەى دۆستۆیڤسکییەوە تاکە ڕێگەى جیهانیبوونى نەتەوەى ڕووس ئەوە نییە کە تێزە جیهانییەکان پەسەند بکات، بەڵکە زیادکردنى تایبەتمەندییەکانى کەسایەتیی جیاوازی ڕووسەکانە بۆ ئەو دیدگە و ڕایانە؛ بۆ نموونە بنەماى برایەتى و مرۆڤدۆستى. دۆستۆیڤسکى لێرانەیشدا ترسى لەوە هەیە کە نەکا چێرنەشێفسکى بتوانێت سەرنجى خەڵکى لەسەر خاکى پاکى ڕووسیا لا بدات و گەنجان بیریان بچێتەوە کە دەبێت چۆن ڕووس بن. هەرچۆنێک بووە، ئەم دووانە هەر یەکەو بە شێوازى خۆى لە چاکە و حەقیقەت تێدەگەیشتن.

دۆستۆیڤسکى تێگەیشتنێکى نەتەوەیی–دینیی هەبوو و ڕاى وا بوو کە خەڵکى ڕووس تاقانە هەڵگرى ئایدیاى گەورەى یەکیێتى و برایەتیی نەتەوەکانە، ئەوەش لە ڕێى مەسیحیەتى ڕاستى سڵاڤەوە و ئەمەش شتێکە تەنیا خەڵکى ڕووس هەستى پێ دەکات. بەڵام شۆڕشخوازانى دیموکرات بە ئاشکرا ماددیگەرا بوون و بە لاى ئەوانەوە بنەماى سەرەکى ئەوە بوو کە لایەنى ماددیی مرۆڤ بەرەو ئاستێکى شایەن هەڵبکشێنرێت و وەها پەرە بە هۆشیاریی مرۆڤ بدرێت کە بە جۆرێکى ڕاستەقینە دەرک بە ژیانى زیندوو –بەپێى لێکدانەوەى ئەوان– بکات. دۆستۆیڤسکى ئەم ڕێکارەى بە مردوو و چەپەڵ دەزانى و دەیگوت، مرۆڤى ڕووسى بە سرووشتى مێژوویی تایبەتى خۆیەوە هەرگیز ئەوە پەسەند ناکات. هەڵبەتە –هەر بەو جۆرەى کە مێژوو نیشانى دا– نەتەوەى ڕووس ئەوەى پەسەند کرد، گەرچى نە بەو جۆرەى کە شۆڕشخوازان بیریان لێ دەکردەوە و نە بەو چەشنەش کە دۆستۆیڤسكی گومانى بۆى دەچوو. دەبێت ئەوەشى بۆ زیاد بکەم ئەم ژیانە زیندووە –سەرەڕاى ئەو جیاوازییە گەورانەى كە لە لێكدانەوەی هەردوو بەرەدا هەبوون– لێوڕێژە لە ڕووداو و پێشهاتى پێشبینینەکراو و، دەکرێت پێچوپەناى وەهاى تێدا بێت کە نە بیروهۆشى پەیامهێنانەى دۆستۆیڤسکى پێى بزانێت و نە داهاتووبینانى کردەیی هاوشێوەی شۆرشخوازانى دیموکرات

بەشێک لە پێشەکیی ڕۆمانی یادداشتە ژێرزەمینییەکان

فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی

وەرگێڕان: کەیوان هەورامی