رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ژیان و ئازار

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئەلیزابێس ئیواڵد

وەرگێڕان: فریاد حەسەن

دۆستۆیڤسکی تیۆریی (بێتوانایی مرۆڤ) لە بەشێکی بیرکردنەوە سەرەتاییەکانی ڕاسکۆڵینکۆڤدا سەبارەت بە کوشتنی پیرەژنەکە بەکاردەهێنێت، ئەلیۆنا ئیڤانۆڤنا. لە کاتێکدا کە مەبەستە سەرەکییەکانی بۆ ئەم پڕۆسەی کوشتنە بە پێچەوانەوە ڕوون دەکاتەوە. [1] ڕاسکۆڵینکۆڤ لە سەرەتادا هۆکارەکەی بەوە دیاری دەکات کە مردنی ئەو پیرەژنە سوود بە هاوڵاتیانی سانت پترسبۆرگ دەگەیەنێت، بەم شێوەیە کردەوەکەی ڕاسکۆڵینکۆڤ ئازاری ئەوانی دیکە سووک دەکات. لەبەر ئەوەی ئەو فێڵی لەو هەژار و داماوانە کردووە کە مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، بۆیە دەکرێت کوشتنەکەی پاساو بێت. لەلایەکەوە پیرەژنێکی گەمژە، بێ بەها، دڵ پڕ لە ڕق و کین، نەخۆش و ترسناکمان هەیە، کە نازانین تا کەی دەژیەت و ئەگەری هەیە لە هەر حاڵەتێکدا بمرێت.

         (لەلایەکی دیکەوە ڕاسکۆڵینکۆڤ ئەوە دەبینێت کە ژیانی گەنجەکان چەندە بێ بەها بووە بەهۆی نەبوونی یارمەتی لەلایەن ئەوانی دیکەوە، دەکرێ لەسەر پارەی ناشتنی ئەو پیرەژنە یارمەتی سەد هەزار کەس بدرێت! ڕەنگە سەدان کەس، ڕەنگە هەزاران کەس بەهۆی ئەو پارەیەوە بکەونە سەر ڕێگەی ڕاست، ڕەنگە دەیان خێزان لە نەهامەتی و وێرانەیی و خراپەکاریی ڕزگاریان بوایە تەنیا بە پارەکەی ئەو.)

         کێشە ناوەکییەکانی ئەم پاساو و بە ئەقڵانیکردنە دیار و ئاشکرایە. ڕێژەی ئازاری هەر مرۆڤێک پەیوەستە بە خودی ئەو کەسە خۆیەوە، ئەوەی مرۆڤێک ناتوانێت بەرگەی بگرێت، ڕەنگە مرۆڤێکی دیکە زۆر بە بێباکانە ئەزموونی بکات. هیچ تەرازوویەک نییە کە پشتڕاستی بکاتەوە کە ئەو ئازارەی کە بەهۆی لێدانی تەورێکەوە بەسەر ئەلیۆنا ئیڤانۆڤنادا هاتووە، یەکسانە بە کۆی ئەو نەهامەتییانەی کە سەدان کەس تووشی بوونە بەهۆی ئەوەی ئەم ژنە فێلی لێ کردوون. هەروەها ئەو تەرازووەش ناتوانێت بزانێت کە ئەو هەزار چاکەیەی کە بە پارەکەی ئەو دابین دەکرێت، کەفارەتی ئازاری مردنی دەبێت. ئازاری نوێ ناتوانێت ئازاری پێشوو چارەسەر بکات. پیاوێکی بە ڕەوشت ناتوانێت بەختەوەری قبوڵ بکات لەسەر خوێنێک کە بە ناڕەوا دەڕژێت. 

         ئەخلاقی ئەم چیرۆکە نهێنییە لە بێتوانایی ڕاسکۆڵینکۆڤدایە؛ لە جێبەجێکردنی مەبەستە سەرەتاییەکانی خۆیدا. ئەو نەک هەر کەمتەرخەم دەبێت لە دابەشکردنی ئەو پارەیی کە دەیبات، بەڵکو ناچارە لە پڕۆسەکەدا خوشکی گرێبەستکارەکە، لیزاڤیتاش بکوژێت. پەیامەکە لێرەدا ڕوونە: مرۆڤ ناتوانێت بە گۆڕینی کۆمەڵگە ئازار و مەینەتی نەهێڵێت و ئەگەر هەوڵیش بدات، شکست دەهێنێت. ڕاسکۆڵینکۆڤ دەیەوێت میتافیزیکی کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئەخلاقیی چواردەورەکەی خۆی تێبپەڕێنێت، هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە ئایە مرۆڤێکی نائاساییە یاخود نا، و لەم پڕۆسەیەدا سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنێت. لەم بابەتەدا ڕاسکۆڵینکۆڤ وەک سۆسیالیست و کۆمۆنیستە تازەپێگەیشتووەکانی سەردەمی دۆستۆیڤسکی خۆی هەوڵدەدات خۆی بکاتە خودا، ئەرکێک کە هەرگیز نەیتوانیوە تیایدا سەرکەوتوو بێت.

         بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئازار مەرجی ژیانە لەسەر زەوی، بەهەشت، واتە ژیانێکی خاڵی لە ئازار، لەسەر زەوی نادۆزرێتەوە. سۆسیالیزم لە ڕێگەی چاکسازیی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی لابردنی نادادپەروەری و ئازارەکانی دەدا و دۆستۆیڤسکیش ئەمەی وەک (بورجی بابل)ی مۆدێرن سەیر دەکرد، هەوڵێک کە بەم جۆرە وەسفی دەکرد، {لەسەر زەویەوە ناچێت بۆ ئاسمان، بەڵکو دێت و دەیەوێت بەهەشت بهێنێتە خوارەوە بۆ سەر زەوی}. ئامانجی مێژووی مرۆڤ؛ دیالێکتیک نەبوو، وەک ئەوەی سۆسیالیستەکان دەیانگوت، بەڵکو گەردوونی بوو، ئامانجی گۆڕینی مرۆڤ بوو بۆ ئەوەی ببێتە خودی باڵای خۆی، بۆ بەرجەستەکردنی بیرۆکەی خوداییانە لە هەموو مرۆڤایەتیدا. هەرچەندە مەرج نییە دۆستۆیڤسکی پێی وابێت کە هەموو مرۆڤێک لەناو خۆیدا توانای گۆڕینی خودی خۆی هەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە نەیدەتوانی دان بەوەدا بنێت کە پێشکەوتنی چاکسازییەکان توانای دروستکردنی بەهەشتێکی زەمینییان هەیە، یاخود دەسەڵاتە دەرەکیی و داڕێژراوەکان دەتوانن مرۆڤایەتی یەک بخەن، ئەمە شتێک بوو کە دۆستۆیڤسکی باوەڕی پێی نەبوو.

         عیشقی دۆستۆیڤسکی بۆ ڕەهایەتی مەسیح لە پێش هەموو ئەو شتانەی ترەوە بوو کە سەرسامی بوو. ئەو پێی وا نەبوو کە ئەو ڕەهاییە لەلایەن مرۆڤەوە بەدەست بهێنرێت و بەمجۆرەش نەیدەتوانی قبوڵی ئەوە بکات کە چەمکی خودا بەرهەمی هۆشیاری مرۆڤ بێت. ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی گەشتێکە، پڕۆسەیەکی گەشەسەندنی بەردەوامە بەرەو ئایدیاڵێک، کە هەرگیز پێی ناگات. ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت ببێتە خودا، ئەوە زەویش نابێتە بەهەشت.

         هەرچەندە دۆستۆیڤسکی بۆ کەمکردنەوەی ئازار، خۆشەویستی کاتیی دانابوو، بەڵام دەیزانی کە بەهەشت لە کایەی کاتییدا بەدەست ناهێنرێت. نەیتوانی ئەو بیرۆکەیە قبوڵ بکات کە دەکرێت  کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای ئەقڵانی ئازارەکان تێکبشكین. بەم شێوەیە، نە ئەو ئۆرسۆدۆکسییە ڕووسییەی کە لە ژێر دەستیدا گەورە بوو و نە ئەو سۆسیالیستانەی کە پەیوەندییان پێوە کردووە، گەڕانەکانی دۆستۆیڤسکیان بۆ تێگەیشتن لە ئازار بە ئەنجام نەگەیاندووە. سەرەڕای بەشدارییەکی چڕ و پڕی لە هەردوو سیستەمەکەدا، بەڵام هەرگیز نەیتوانی لەسەر یەکێکیان جێگیر بێت. ڕەنگە هەرگیز، تەنانەت تا کۆتایی ژیانیشی، دۆستۆیڤسکی لەوە ڕازی نەبووبێت کە کێشەی ئازار لای مرۆڤ بە مرۆڤ، لە ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتیدا چارەسەر بکرێت.

ئازاری دەروونی بۆ بیرۆکەیەکی ئایینی: وەک بارگرانییەکی نەبڕاوەی نەزانراو

(بیهێنە بەرچاوت بەردێک بەقەد خانوویەکی گەورە، هەڵواسراوە، تۆش لە ژێر ئەو بەردەدایت، ئەگەر بکەوێت، ئەوە بەسەر تۆدا دەکەوێت، ئایە هەست بە ئازار دەکەیت؟ (شەیتانەکان)

         جێگەی سەرنجە کە باوەڕی سۆسیالیستی و مارکسیستی هەرگیز دانیان بە ئازاری دەروونیدا نەناوە و ئۆرسۆدۆکسی ڕووسیاش بە کەمترین شێوە ئەو کارەی کردووە. هەرچەندە بەشێکی زۆر لە نووسراوەکانی پەیوەستن بە توانای دۆستۆیڤسکی خۆیەوە بۆ وێناکردنی هۆشیاریی مرۆڤ و وردبینییەکەی لە وێناکردنی تێکچوونی دەروونییدا، بەڵام باسێکی جیددی و بەرفراوان لەسەر کارەکتەری ناو ڕۆمانەکانی نییە کە بیسەلمێنێت بەهۆی بیرۆکەیەکی ئایینییەوە ئازار دەچێژن. ئەم کارەکتەرانە بە گشتی تێڕوانین و پرسیاری چڕ و ڕادیکاڵیان هەیە و ئەم پرسیارانەش پەیوەندییان بە تێڕوانینی ئایینییەوە هەیە، کە بێگومان، هەرگیز وەڵامێکمان سەبارەت بەو پرسیارانە دەست ناکەوێت. خودی سروشتی ئەو پرسیارانە بێ وەڵامن – زانینی ئەوەی کە دوای مردن چی ڕوودەدات یان مەبەستەکانی خودا بۆ جیهان چییە لە دەرەوەی ویست و توانا و مەعریفەی مرۆڤەوەن.

         کارەکتەرەکان، بەتایبەتیش منداڵەکان، کە بە دەست کەسانی دیکەوە ئازار دەچێژن، بە دڵنیاییەوە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن؛ هەروەها ئەوانەی نەخۆشییەکیان هەیە، بە هەمان شێوە جێی سەرنجن لای خوێنەر، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز. بۆ ئەوانەی کە بە دەستی کەسانی دیکەوە ئازار دەچێژن، دەتوانین گەشبین بین: لەوانەیە بەسەر ئەشکەنجەدەرەکەیاندا زاڵ بن یاخود ڕزگاریان بێت، ڕەنگە هیوایەک هەبێت بۆ داهاتوویان. بەڵام ئەو کارەکتەرانەی کە بەهۆی چەمکێکی ئایینییەوە دەناڵێنن، هەرگیز پشوو نادەن و لە نەهامەتی ڕزگاریان نابێت. شەو و ڕۆژ ئازار دەچێژن بە هۆی بێتوانایی لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان. ئەو کارەکتەرە جیاوازانەی کە تووشی جۆرەکانی تری ئازار و مەینەتی دەبن، دەرئەنجامگەلێکی جیاواز لەبارەی ئەزموونەکانیانەوە دەدۆزنەوە: هەرچەندە هەندێکیان هیچ قەرەبووکردنەوەیەک لە ئازارەکانیان وەرناگرن، یاخود کۆتایی بە ئازارەکانیان نایەت. بەڵام هەندێکی دیکەیان چارەسەر یاخود بە ڕواڵەت دەکەونە بارودۆخێکی ئاشتییانەوە. بەڵام ئەوانەیان کە ئازارەکانی بەهۆی سروشتی دەروونیی ئایینییەوەیە، هیچ ئاشتییەک بەدەست ناهێنن؛ هەمیشە یان شێت دەبن یان هەوڵی خۆکوشتن دەدەن. ئەم کارەکتەرانە دەڵێن ئازاری عەقڵیی سەختترین جۆری ئازارە و بەتایبەتیش ئەوانەی کە لەبەر تیۆرێکی ئایینیی ڕادیکاڵ ئازار دەچێژن تووشی ئازارێک دەبن کە لەسەر زەوی چارەسەر ناکرێت. ڕەنگە بە هۆی نەبوونی تێڕوانینی سۆسیالیستیی سەبارەت بەم جۆرە ئازارە، و بێتوانایی باوەڕی ئۆرسۆدۆکسی لە ڕەچاوکردنی ئەم جۆرە ئازارەدا بە شێوەیەکی گونجاو، بتوانێت ئەوەمان بۆ ڕوون بکاتەوە کە دۆستۆیڤسکی تا ڕادەیەک ملكەچی ئەمەی دووەمیان بوو (باوەڕی ئۆرسۆدۆکسی). بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە بە تەواوی پابەند بێت بە یەکەمیانەوە (باوەڕی سۆسیالیستی).

         دۆستۆیڤسکی بەرگەی ئازارێکی زۆری گرت لەدوای ئەوەی لەلایەن تزار نیکۆلاسەوە بە مەرگ مەحکوم کرا، وەک لە بابەتی پێشووشدا باسمان کرد. دۆستۆیڤسکی بە فەرمی تاوانبار کرا لە پلانێکی تاوانکارییدا، و بڵاوکردنەوەی نامەیەکی تایبەت پڕ لە دەربڕینی بێڕێزی دژ بە کڵێسای ئۆرسۆدۆکس و دەسەڵاتی باڵا، و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی ئەدەبی لە دژی حکومەت. ئەو و چواردە زیندانی دیکەش سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو، دۆستۆیڤسکی لەو کاتەدا بە هاوڕێ بێدینەکەی دەڵێت: “ئێمە لەگەڵ مەسیح دەبین” بەڵام ڕێك پێش ئەوەی لە سێدارە بدرێن، تزار ڕایگەیاند کە ئازاد دەکرێن و سزای دەربەدەریی لە سیبڕیایان بەسەردا دەسەپێنرێت. سەرەڕای ئەوەی کە ژیانی ڕزگاریی بوو، بەڵام ئەو گفتوگۆیەی دۆستۆیڤسکی لە کاتی لە سێدارەداندا لەگەڵ هاوڕێکەیدا کردی، تا کۆتایی ژیانی ناڕەحەتی کرد.

         ئەو ئازارە دەروونییەی کە لە پێشبینیکردنی بارودۆخی سزای لە سێدارەدانەکەیدا تووشی بووبوو، لە ڕۆمانی (گەمژە)دا وێنای کردووە، ئەو کاتەی شازادە میشکین باس لە ئەزموونەکەی خۆی دەکات کە مەحکوم بە لە سێدارەدان دەکرێت بە گیلۆتین، مۆنۆلۆگەکەی میشکین ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە سزای لە سێدارەدان قێزەونترین تاوانە، کە مرۆڤ دەکرێ لەسەر تاوانێکی دیکە تووشی ببێت:

         (تاوانبارەکە پیاوێکی زیرەک بوو، چاونەترس بوو، بەهێز بوو، پێگەیشتوو بوو، ناوی لێگرۆس بوو. وە ئەمەتان پێ دەڵیم، جا باوەڕ بکەن یان نەیکەن، لە کاتی سەرکەوتن بەسەر پلیکانەکاندا دەگریا، ڕەنگی وەک کاغەز سپی ببوو. ئایە ئەمە شیاوە؟ ئایە ترسناک نییە؟ ئایە مرۆڤەکان بەهۆی ترسەوە دەگرین؟…. لەو ساتەدا چی بەسەر ڕۆحدا دێت؟ بەرەو چ دۆخێک دەچێت؟ ئەوە تووڕەییەکەو لە ڕۆحدایە، لەوە زیاتر هیچی تر نییە!)

         گوێگرەکەی لەو کاتەدا وەڵامی دەداتەوە، “ئەوە شتێکی باشە، ئازاری زۆر نییە. کاتێک سەرەکە لێ دەبێتەوە”… میشکینیش وەڵامی دەداتەوە:

         (تۆ تازە تێبینی ئەوەت کردووە، هەمووان هەمان تێبینی دەکەن و ئەم ئامێرە، گیلۆتین، بۆ ئەوە داهێنراوە. بەڵام ئەو کاتە شتێک هات بە خەیاڵمدا: چی ئەگەر لەوەش خراپتر بێت؟ بیربکەرەوە: ئەگەر بۆ نموونە ئەشکەنجە هەبێت، ئەوا ئازار، برین، ئازاری جەستەیی زیاتر دەبێت، وە هەموو ئەمانەش بە ئەشکەنجەکەی ناوەوەت سەرقاڵت دەکەن، بە جۆرێک کە ئازار دەچێژیت تا بەهۆی برینەکانتەوە دەمریت. لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک، ڕەنگە بەهێزترین ئازار لە برینەکاندا نەبێت، بەڵکو لە زانینی ئەوەوەیە کە دڵنیایت لە کاتژمێری داهاتوودا، یان لە دە خولەکی تردا، یانیش لە نیو خولەکدا، یان ئێستا، ڕێک ئەم چرکەیە، ڕۆحت لە جەستە دەچێتە دەرەوە و چیتر وەک مرۆڤ نامێنیتەوە و لەوەش دڵنیا دەبیت.)

         دۆستۆیڤسکی لە ڕێگەی ئارگۆمێنتەکەی میشکینەوە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە کوشتن بە سزای یاسایی ترسناکیەکەی بێئەندازەیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی هیچ هیوایەک نامێنێت. بۆ ئەمەش دوو نموونە دەهێنێتەوە: نموونەی پیاوێک کە لەلایەن دزەکانەوە هێرشی دەکرێتە سەر و سەربازێک لەبەردەم تۆپێکی تەقەکردندا. سەرەڕایی هەموو نموونەکانی دیکە، هەردوو پیاوەکە تا کۆتا چرکە هیوایان بەوە هەیە کە دەتوانن ڕزگاریان بێت هەر ئەم هیوایە وا دەکات (دە هێندە ئاسانتر بمرن). بەڵام مەحکوم بە مردن، دڵنیابوونە لەو ڕاستییەی کە تۆ چیتر ناژیت، نازانیت کە ئایە لەگەڵ مەسیحدایت یاخود هەر دەبیتە تۆزێک و بەس، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤێک بە تەواوی شێت بکات.

         میشکین کۆتایی بە مۆنۆلۆگەکەی دەهێنێت و دەڵێت: (مەسیح باسی ئەم ئازار و ترسناکییەی کردووە). دۆستۆیڤسکی بە تەواوی ئاشنای کتێبی پیرۆز بووە، بێگومان چیرۆکی عیسا لە گێتسمانیای پێش لە خاچدانی دەزانی، کە دەڵێت: (زۆر دڵتەنگم و خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشکم لەگەڵ بگرن.) (مزگێنی بەپێی نووسینی مەتتا-٢٦/٣٨)

         وەک باسکرا، دۆستۆیڤسکی لەبەر چەند هۆکارێک مەسیحی لە بەرزترین ئاستدا داناوە و ئەویش لەبەر ئەوەی ئەو ئازارە دەروونییەی لە ترسی مردنەوە بۆی دروست بوو کاتێک زانی دەبێ بمرێت، ئەمەشی لەگەڵ مەسیحدا هاوبەش کرد، چونکە ئەویش (دەیزانی) کە دەبێ بمرێت. ئەم ئارگۆمێنتەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتە کە ئازاری مەسیح شەقاربوونی پشتی و دڕکەکانی دەستی و بزمارەکانی دەستی نەبوون، بەڵکو ئەو ئازارە دەروونییە ترسناکە بوو لە بەرامبەر مردندا، ئەوەی کە ئەو دەبێت بمرێت، پێشکەشی کراوە و “جێهێڵراوە”. ئەگەر دۆستۆیڤسکی وەک كڵێسەی ئۆرسۆدۆکسی پێی وابووبێت کە مەسیح زۆرترین ئازاری چەشتووە، لەبەر ئەوەیە کە پێی وابوو کە ئازاری دەروونی ئەو، فۆڕمی کۆتایی ئازار و گەورەترین ئازار بووە. بەڵام لە هیچ شوێنێکی دیکەی کتێبی پیرۆزدا دان بەم ڕاستییەدا نانرێت. لە کاتێکدا دەبێت وا دابنرێت کە مەسیح لە ڕووی دەروونیە ئازاری چەشتووە، بەڵام باوەڕەکەی بەهێزتر بووە لە ئازارە دەروونییەکانی. بەو متمانەیەی کە ڕزگاری دەبێت، ملکەچی ئەو ئازارە بوو. کەواتە چی، ئەگەر هەندێک کەس ئازارە دەروونییەکانیان بەهێزتر بێت لە ئیمانەکەیان؟!

هەروەک پێشتر باسمان کرد، ئیڤان کارامازۆڤ یەکێکە لەو نموونانەی پیاوێک کە بیرۆکەیەکی ئایینی قورسی لەسەرە و بە دڵنیاییەوە ئازارەکانی لە ئیمانەکەی بەهێزترە. هیچ شتێکیش نییە کە بتوانێت ئەمە بگۆڕێت، تەنانەت ئیڤان خۆی لەم بابەتەدا دان بەوەدا دەنێت کە لەگەڵ “شەیتان” گفتوگۆ دەکات (بەڵام ئەوەی زیاتر ئەگەری هەیە ئەوەیە کە تووشی نەخۆشییەکی هاوشێوەی شیزۆفرینیا بێت): “ئیمان بە زۆر بە کەڵکی چی دێت؟” ئەو ململانێ لەگەڵ بیرۆکەیەدا دەکات کە خودا جیهانێکی پڕ لە ئازار و نەهامەتیی دروست کردووە، وە ناتوانێت لە هیچ شتێک تێ بگات کە چارەسەری ئەمە بکات، و ئازارەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم چەمکە لە کۆتاییدا شێتی دەکات.

         کارەکتەری ئیپۆلێت لە ڕۆمانی (گەمژە)دا، کە بەهۆی نەخۆشییەوە دەمرێت، هەندێک شتی لەلای خودا و مرۆڤایەتی پێ قبوڵ ناکرێت. تەنیا دوو هەفتەی لە ژیاندا ماوە. بە تووڕییەوە مامەڵە لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەکات لەبەر لاوازی مرۆڤ بەرامبەر بە ژیان. لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەکی پارادۆکس ئارەزووی ئەوە دەکات ژیانی کۆتایی بێت و بە ڕقەوە بەرامبەر خودا دەڵێت: (ئایە ناکرێ هەر بە سادەیی من تەواو ببم؟ بەبێ ئەوەی ستایش بکەم، ئاخر بەڕاستی من نامەوێت دوو هەفتەی دیکە چاوەڕێ بکەم تا دەمرم؟!..) ناتوانێت لەوە تێبگات کە زۆرێک لە مرۆڤەکان شکست دەهێنن لە تێگەیشتن لە نهێنی ژیان، و ئەو، کە ژیانێکی کەمی لە بەردەمدا ماوە، تاکە کەسە کە توانای دەرککردنی ئەو نهێنییەی هەیە، بەڵام ئیتر کاتێکی بۆ نەماوەتەوە تا سوودی لێ ببینێت، لەبری ئەوەی تا دوو هەفتە چاوەڕێی مردن بکات وەک ئەوەی خودا پلانی بۆ داناوە، بڕیار دەدات کە ژیانی بخاتە دەستی خۆیەوە. هەربۆیە ئیپۆلێت هەوڵی خۆکوشتن دەدات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت.

         هەروەها کارەکتەر کیریلۆڤی ناو ڕۆمانی (شەیتانەکان) بەهۆی بیرۆکەیەکی ئایینیی گەورەوە ئازار دەچێژێت، ئەویش وەسوەسەی سروشتی خودایە. ئەو گریمانەی ئەوە دەکات کە خودا بە هۆی تونای ڕەفتار و ئیرادەیەوە دەتوانرێ پێناسە بکرێت، و دەڵێت ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بە تەواویی بە ویستی خۆی مامەڵە بکات، ئەوا دەبێتە خودا، بۆ ئەمەش تاکە کردەی ڕاستەقینەی ئیرادەی خود، خۆکوشتنە بۆ ئەو مەبەستە. بۆیە تاکە ڕێگە بۆ سەلماندن یان پووچەڵکردنەوەی تیۆرەکەی ئەوەیە کە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت ئەمەش دەیباتە ناو جەنجاڵییەکی گەورەوە. هەربۆیە دان بەوەدا دەنێت: (ناتوانم بیر لە شتێکی دیکە بکەمەوە، هەموو ژیانم بیرم لە یەک شت کردووەتەوە. تەواوی ژیانم ئازار دراوم لەلایەن خوداوە.) تە لە کۆتاییدا بە ڕاستی خۆی دەکوژێت.

         ئەو مرۆڤانە کارەساتبار و تراژیدین، بەهۆی لاوازیی یاخود بەهۆی خراپییەوە نییە کە ئازار دەچێژن، وەکو ئەوانەی ئازاری جەستەییان هەیە. گرفتی ئەوان ئارگۆمێنتە لە دژی خودا، یان سەبارەت بە جیهانەی کە دروستی کردووە، یان ئەو قەدەر و پلانەی کە بۆ هەر مرۆڤێک هەیەتی، یان سەبارەت بە سروشتی میتافیزیکییەکەی. ئەم چەمکانە، کە سروشتێکی ئایینییان هەیە، ئازاربەخشن، چونکە لە جیهانی مەجازیی، فانی، و مادییدا وەڵامیان نادرێتەوە. ئەم کارەکتەرانەی ئەوەندە بە بیرکردنەوە و بیرۆکەکانیانەوە سەرقاڵن، و لە هەمان کاتیشدا کە بێتوانان لە چارەسەرکردنیدا، وا دەکات بە تەواوی دەروونیان تێک بشكێت. خودا هەرگیز وەڵامی ئەو ئیدیعانەیە ناداتەوە کە ئەوان دژی دەیکەن، بۆیە ئازارەکانیان بێکۆتایە، و ناتوانێت ئەنجامێکی لەباری بۆ بەدەستبهێنرێت. ئەمەش وایان لێ دەکات ببنە خەمۆکیترین و بێهیواترین کارەکتەر، و ئەگەری داهاتوویەکی گەشیان لێسەندراوەتەوە، و بە ئازارێکی دەروونییەوە دەناڵێنن کە لەسەر زەوی چارەسەر نابێت.

دەرئەنجام

         دۆستۆیڤسکی ئازاری وەک ڕاستییەکی میتافیزیکی قبوڵ کرد و هەرگیز نەیتوانی پشتگوێی بخات. لە فێرکارییەکانی ئایینەکەیدا و لە فەلسەفەی هاوڕێ شۆڕشگێڕەکانیدا بەدوای وەڵامدا دەگەڕا. بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی پێ ببەخشن. ئۆرسۆدۆکسی ڕووسی کوێرانە پشتی بە نهێنی هاوئاهەنگی شاراوە بەستبوو، و زۆر باوەڕیان بە توانای هەر مرۆڤێک هەبوو کە (ئیرادەی ئازاد)ی خۆی بەکاربهێنێت بۆ گۆڕینی خۆی بە شێوەیەکی دروست. بنەماکانی سۆسیالیزمیش بە هەڵە بوونی ئازاریان بۆ ژینگەی مرۆڤ تەرخان کردووە و بەم شێوەیەش بە هەڵە ویستوویانە کۆمەڵگە بگۆڕن بۆ بنبڕکردنی ئازار. جگە لەوەش، هیچ کام لەم دوو عەقیدەیە بە ڕادەیەکی پێویست قسەیان لەگەڵ ئازاردراوترین ئازاربەخشانی ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی نەکرد. کە ئەویش ئازارە دەروونییەکان بوو.

         ئایدیۆلۆژیای دۆستۆیڤسکی سەبارەت بە ئازار، وەک لە ڕێگەی کارەکتەری ناو ڕۆمانەکانییەوە دەردەکەوێت، فرە ڕەهەندە. ئازار، بابەتێکی کۆمەڵایەتی و کاتی و سۆزداریی و ئەخلاقیە، کە نەدەکرا بە شێوەیەکی ئیمانی و بە شێوەیەکی ئەقڵانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەو ڕێنوێنی مرۆڤی کرد بەوەی کە سەیری مەسیح بکەن و تا بتوانن خۆیان بگۆڕن، بەڵام ئەمە مەرجێکی مسۆگەر نەبوو لەلای ئەو. مەسیح خۆشەویستییەکی بێسنووری لە مرۆڤەوە بۆ هاوڕێکانی دانا، بەڵام دۆستۆیڤسکی متمانەی بەوە نەبوو کە هەموو مرۆڤێک بتوانێت ئەوە بکات.

         شایەنی باسە کە دۆستۆیڤسکی بایەخێکی زۆر دەدا بە ژیان، نەک بەبێ ئازار، بەڵکو بە ئازاریشەوە بایەخێکی زۆری هەبوو بۆ ئەو. ئەوە حەقیقەتێکە لەلای ئەو کە ئازار بارودۆخێکی ژیانە و مرۆڤ لە ژیاندا ئەزموونی ئازار دەکات. ئەمە شتێکی حاشا هەڵنەگرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دۆستۆیڤسکی (بوون)ی لە پێش (ئازار)ەوە دادەنا.

         ئازار هەرگیز لە ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتیدا بە تەواوی ڕوون نەبووەتەوە، هەربۆیە تەنیا دەبێت بەرگەی بگیرێت و لێی بکۆڵرێتەوە، لە ڕاستیدا، ئازار، دیاریی ژیانە. ئەخلاقی دۆستۆیڤسکیش لەم حاڵەتەدا بەم شێوەیەیە: (مرۆڤ دەبێت لە ژیاندا ئازار بچێژێت، بەڵام مرۆڤ (ژیان)ی هەیە، و ئەمەش لە هەموو شتێک گرنگترە.)


[1]– لە ڕۆمانی تاوان سزادا ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو، ئەو ژنەی نەکوشتووە تاوەکو سوودێک بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت، بەڵکو وەکو ئایدیاڵێك ئەوی کوشتووە.