رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چەمکی ئازار لە نێوان ئۆرسۆدۆکس و سۆسیالیزم و دۆستۆیڤسکیدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئەلیزابێس ئیواڵد

وەرگێڕان: فریاد حەسەن

لە کارەکتەرەکانی دۆستۆیڤسکیدا زۆرجار گۆڕانکارییەک ڕوودەدات، بەڵام دواتر دەردەکەوێت کە ئەو پڕۆسەی گۆڕانکارییە پڕۆسەیەکی تەواو نییە بەو شێوەیەی لەسەرەوە (لە بەشی یەکەم و دووەمدا) باسکراوە. ڕاسکۆڵینکۆڤ لە کۆتایی ڕۆمانی (تاوان و سزا)دا ئەزموونی گۆڕانکارییەکی خێرا دەکات، بەڵام ئەم گۆڕانکارییەش بە شێوەیەکی بەرچاو قبوڵکراو نییە. لە کاتێکدا کە لە زینداندایە، ئەو کتێبە پیرۆزە دەبات کە سۆنیا پێی داوە و شەوانە دەست دەکات بە خوێندنەوەی. ڕۆژێک لە ناکاو لە ئامادەبوونی سۆنیا خۆیدا، گۆڕانکارییەکی ڕوون بەسەر ڕاسکۆڵینکۆڤدا دێت:

         (چۆن ڕوویدا نەیدەزانی، بەڵام وا دیار بوو شتێک دەستی بەسەردا گرت، دەستی کرد بە گریان و باوەشی بە ئەژنۆکانیدا کرد، سۆنیا یەکەم جار زۆر ترسا، بازێکی دا و بە سامەوە سەیرێکی کرد. بەڵام لە هەمان ساتدا تێگەیشت ڕووناکییەکی شادی بێکۆتایی هاتە ناو چاوەکانیەوە. ئەو دەیزانی و گومانی نەبوو کە ئەو لە هەموو شتێک زیاتر خۆشی دەوێت و دواجار ئەو ساتە هاتووە، ئەوان دەیانویست قسە بکەن، بەڵام نەیانتوانی، فرمێسک لە چاوەکانیدا قەتیس ببوو. هەردووکیان ڕەنگیان زەرد هەڵگەڕا و لەڕ بوون، بەڵام ئەو دەموچاوە زەردهەڵگەڕاو و نەخۆشانە لەگەڵ سەرهەڵدانی داهاتوویەکی نوێ، زیندووبوونەوەیەکی تەواو بەرەو ژیانێکی نوێ، گەشاوە بوون. بە عیشق ژیانەوە، دڵی هەریەکەیان سەرچاوەی ژیانێکی بێکۆتایی بۆ دڵی ئەوی دیکەیانی هەڵگرتبوو.) (تاوان و سزا)

         دوای ئەوەی دۆستۆیڤسکی زۆر بە وردی پەرەی بە کارەکتەری ڕاسکۆڵینکۆڤ داوە، بەڵام سەختە ئەو گۆڕانکارییە لەناکاوە قبوڵ بکرێت وەک ئەوەی تەنیا لە بڕگەیەکی کۆتایی ڕۆمانەکەدا باسکراوە. هەرچەندە گۆڕانکاریی بەسەر دڵیدا هاتووە، بەڵام ئەقڵ و مێشکی نەگۆڕاوە. پێش کۆتایی ڕۆمانەکە بە ڕوونی ئەوەی خستووەتە ڕوو کە ڕاسکۆڵینکۆڤ هەمان ئەو چوارچێوە دەروونییە کە لەگەڵ باقی ڕۆمانەکەدا یەکدەگرێتەوە؛ لای خۆی دەهێڵێتەوە.

         (لە دڵی خۆیدا وتی: بۆچی کردەوەکەم ئەوەندە سامناکە؟ لەبەرئەوەی تاوان بووە؟ مانای تاوان چییە؟ ویژدانم ئاسوودەیە. بێگومان تاوانێکی یاسایی بووە. بێگومان یاسا شکا و خوێن ڕژا. باشە، سزام بدە بەپێی یاسا و تەواو. بێگومان لەو بارودۆخەدا زۆرێک لە بەخشەرانی مرۆڤایەتی کە دەسەڵاتیان بۆ خۆیان برد لەبری ئەوەی بە میرات وەری بگرن دەبوو لە یەکەم هەنگاویاندا سزا بدرانایە. بەڵام ئەو پیاوانە سەرکەوتوو بوون و بۆیە ڕاستیان دەکرد، بەڵام من نەمکرد و مافی ئەوەم نەبوو ئەو هەنگاوە بنێم). (تاوان و سزا)

         شێوەگۆڕینەکەی ڕاسکۆڵینکۆڤ قایلکەر نییە، لەبەرئەوەی ناتەواوە. گۆڕانی تەواوەتی ئەقڵ و دڵ و ڕۆح نییە. ئەوە پیشان دەدات کە ئەو جۆرە گۆڕانکارییە بۆ هەموو مرۆڤێک شیاو نییە و ڕەنگە لەم ژیانەدا بەدی نەهێنرێت.

         شایەنی باسە کە گۆڕانکارییەکەی دڵی ڕاسکۆڵینکۆڤ لە ئەنجامی خۆشەویستییەکەی بۆ سۆنیا دروست بووە. سۆنیا وەکو کەسایەتییەکی مەسیحیی، ڕێبەرێکە بۆ ڕاسکۆڵینکۆڤ و ڕێگەی بۆ خۆش دەکات تا بارودۆخی خۆی بگۆڕێت. سۆز و خۆشەویستیی ئەو بۆ سۆنیا هێزی پێ دەدات بۆ ئەوەی زاڵبێت بەسەر ئەو ئازارانەی لە زینداندا دەیچێژێت. خۆشەویستیی زەمینیی بۆ مرۆڤ چارەسەری ڕاستەقینەی ئازارە زەمینییەکەیە.

         دۆستۆیڤسکی پشتگیرییەکی زۆر لە نموونەی مەسیح دەکات، تەنانەت ئەگەر مەسیح لە دەرەوەی حەقیقەتیش بێت، ئەوە هێشتا دڵخۆشە بە مەسیحییبوون. سەرسامە بە هیومانیزمی ئایدیۆلۆژیای مەسیح و میتۆدۆلۆژیاکەی. ئاماژە بەوەش دەکات کە هەرچەندە؛ ڕەنگە ئازارەکانی بەتەواوەتی قەرەبوو نەکرێنەوە، بەڵام بە فیڕۆ ناچن. ئەو ئازارەی کە مرۆڤ دەیچێژێت وا دەکات هەست بە هاوژیانیی بکرێت. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، سۆنیا داوای لە ڕاسکۆڵینکۆڤ نەکرد کە دەستی بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە و داوای لێخۆشبوون بکات، بەڵکو ویستی داوای لێبوردن لەو زەوییە بکات کە تیایدا دەژی:

         (لەناکاو قسەکانی سۆنیای بیرکەوتەوە: “بڕۆ سەر شەقامەکە، کڕنوش بۆ خەڵک ببە، زەوی ماچ بکە، چونکە تۆش گوناهت لە دژی کردووە، بە دەنگی بەرز بە هەموو جیهان بڵێ (من بکوژم)…” ئەمەی بە شتێکی شیاو هاتە بەرچاو، وەک ئەوە وابوو پریشکێک ئاگر لە ڕۆحیدا هەڵگیرسابێت و ڕۆشنی بکاتەوە، بە تەواوی هێواش بووەوە و فرمێسک لە چاوەکانیەوە قەتیس مان. لە شوێنی خۆیدا کەوتە سەر زەوی.. لە ناوڕاستی گۆڕەپانەکەدا ئەژنۆی خستە سەر زەوی و کڕنوشی بۆ زەوی برد و بە خۆشبەختییەوە زەوییە پیسەکەی ماچ دەکرد). (تاوان و سزا)

         دۆستۆیڤسکی هەرگیز بە ڕوونی بیروباوەڕەکانی خۆی بە شێوەیەکی دیاریکراو باس ناکات. هەرگیز ناڵێت گەڕاندنەوەی دوای ژیان ئەگەری هەیە، بەڵام ناشڵێت کە مەحاڵە. ئەو لە ڕێگەی کارەکتەرەکانیەوە هەردوو ئەگەرەکە دەخاتە ڕوو، هەرچەندە ئەو لایەنەی کە گومانی لە گەڕانەوەی دوای مردن هەیە هەمیشە زیاتر زاڵە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە قەرەبووکردنەوەی ئازارەکان مەحاڵە و هەوڵی مرۆڤ لەسەر زەوی بۆ ئەوەی (شێوەگۆڕین) لە خۆیدا بکات و هەوڵی (بوونە-خودا) بدات ئەگەری نییە. دۆستۆیڤسکی بە شێوەیەکی جێگیر قسە لەسەر “ئێرە” و لە ‘ئێستا”دا دەکات، خۆشەویستی مرۆڤەکان دەتوانێت ئازارە زەمینییەکان کەم بکاتەوە. بەم شێوەیە لە کڵێسا جیادەبێتەوە و بناغەی تەواوی باوەڕەکەی لەسەر مەسیحێک هەڵناچنێت کە هەم خودایە و هەم مرۆڤە، بەڵکو لەسەر مەسیحێک هەڵیدەچنێت کە تەنیا مرۆڤە.

سەرکۆنەکردنی چەمکسازیی سۆسیالیستیی دەربارەی ئازار لەلایەن دۆستۆیڤسکیەوە

         (پێشمەرجی سەرەکی بنەمای هەموو کارەکانی دۆستۆیڤسکی ئەوەیە کە {مرۆڤ ئەگەر هەموو هەوڵێکیش بدات}  شانشینی خودای پێ بەدەست ناهێنرێت لێرە؛ لەسەر زەوی)

         سەرەڕای خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بۆ دیوە جوانەکەی مەسیح، دۆستۆیڤسکی لە تەمەنی گەنجیدا تووشی ئازارێکی گوماناویی بوو، لە ماوەی ساڵانی ١٨٤٠دا، خۆی بە ئەندامانی بازنەی فەلسەفەی سیاسیی بەستەوە کە بێباوەڕییەکی ڕادیکاڵی لێکەوتەوە. توێژەران ئەم ساڵانەیان وەک هەندێک لە گێژاوترین ساڵەکانی ژیانی دۆستۆیڤسکی دەستنیشان کردووە. لە ماوەی ساڵانی ١٨٤٠دا، کۆمەڵێک کەس کە خۆیان بە (یۆتۆپیای ڕووسیای سۆسیالیستی) ناودەبرد، هەفتانە لە ماڵی بوتاشێڤیچ پێتراشێڤسکی، باسی پرسە پەیوەندیدار و هاوچەرخەکانیان دەکرد و کتێبی قەدەغەکراویان دەخوێندەوە. هەر لەم قۆناغەدا بوو کە دۆستۆیڤسکی بەر بیرمەندانی وەک لۆدفیک فۆیەرباخ و شتراوس و فریدریک هیگڵ کەوت. ئەم گرووپە کە (بازنەی پێتراشێڤسکی) داهێنا، تێڕوانینێکی یەکسانیان نەبوو سەبارەت بە چارەسەری سیاسیی یان کۆمەڵایەتی بۆ ڕووسیا، بەڵام ئەندامەکانی ئەم گرووپە هەموویان سووکایەتیان بە سیاسەتە خۆسەپێنەکەی تزار دەکرد. لە کۆتایشدا دۆستۆیڤسکی پەیوەندی بە گرووپێکی بچووکترەوە کرد، کە هەر لێکەوتەی بازنەی پێتراشێڤسکی بوو، بەڵام ناوی بازنەی دورۆڤ بوو، کە تیایدا دۆستۆیڤسکی ڕاسپێردرا وتار و پڕوپاگەندەی سۆسیالیستی بنووسێت.

         لەم قۆناغەی ژیانی دۆستۆیڤسکیدا، ڤاساریۆن بێلینسکی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دۆستۆیڤسکی هەبووە، دۆستۆیڤسکی خۆی لەبارەی بێلینسکیەوە نووسیویەتی: (وەکو سۆسیالیستێک، بە پلەی یەکەم دەبوو ئایینی مەسیحیی لەناو ببات…  ئەو دەیزانی کە شۆڕش پێویستی بەوەیە لە بێباوەڕییەوە دەست پێ بکات…. وەکو سۆسیالیستێک، ئەرکی ئەوە بوو کە فێرکارییەکانی مەسیح لەناو ببات و، بە چاکەیەکی هەڵە و نەزانانە ناوی ببات، مەحکوم بە زانستی مۆدێرن و بنەما ئابوورییەکانەوە.) ئەم هەستانە، لەگەڵ ئەو شیکردنەوانەی ئازار کە لەلایەن سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکانەوە پێشکەش دەکران، لە دواتردا وای لە دۆستۆیڤسکی کرد کە بە شێوەیەکی خراپ هێرش بکاتە سەری. ئەمە دەیسەلمێنێت کە (سۆسیالیزم) دووەم سیستەمی بیروباوەڕە، لەدوای ئۆرسۆدۆکسی ڕووسیاوە، کە دۆستۆیڤسکی لە ڕوونکردنەوە و چارەسەرکردنی ئازاردا، بۆی دەگەڕێتەوە. بەڵام هێشتا ئۆرسۆدۆکسی ڕووسیا، فەلسەفەیەک بوو کە ئەو لە نزیکەوە پێی ئاشنا بوو. لە گەڕان بەدوای ئەوەی کە چۆن دۆستۆیڤسکی لەگەڵ ئەم بیرمەندە سۆسیالیسییانەدا هاوڕا نەبوو و بەرهەڵستی کردوون، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دۆستۆیڤسکی پێی وا بووە کە ئەوان (سۆسیالیستەکان) نازانن هۆکار و پاساوی ئازارەکان چییە.

         هەرچەندە دۆستۆیڤسکی لە گەنجیدا بۆ ماوەیەک سەرسامی ئەوان بوو، بەڵام کاتێک دەچێتە تەمەنەوە بە توندی دژی دیدگا سۆسیالیستییەکانە. یۆتۆپیای سۆسیالیستی لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا پشتگیری لەو بەها توندڕەوانەی دژە ئایینی نەدەکرد کە زۆرێک لە ئەندامەکانی پێوەی پەیوەست بوون. ئەم شەپۆلی سۆسیالیستییە کە لە فەڕەنساوە سەرچاوەیان گرتبوو، سەرنجیان لەسەر فێرکارییەکانی ئینجیل بوو، و ئامانجیان دامەزراندنی نەزمێکی کۆمەڵایەتی نوێ بوو لە ڕێگەی بنەما ڕەسەنەکانی مەسیحەوە، کە پێیان وابوو کڵێسا خراپ بەکاری هێناوە. جۆزێف فرانک، لێکۆڵەری دۆستۆیڤسکی، دەربارەی تێڕوانینە سەرەتاییەکانی سەبارەت بە مەسیح دەڵێت:

(سۆسیالیستە یۆتۆپیاییەکان، مەسیحیان وەک کەسایەتییەکی ئیلاهیی دەبینی کە هاتبوو بۆ ئەوەی ئەو یاسایانە دابنێت کە ژیانی زەمینی لە جیهانی نوێدا بەڕێوە دەبەن و فێرکارییەکانی کە لە سەدەکانی چەواشەکاری ڕزگاریان بوو، دواجار دەبوو بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. مەسیحیەتی نوێی سۆسیالیزمی یۆتۆپیایی لەسەر بنەمای دژایەتی نێوان ئایینی ڕاستەقینەی مەسیح و ئایینی هیوا و ڕووناکی، باوەڕبوون بە دەسەڵاتەکانی مرۆڤ و هەروەها بە چاکەی خودا ئایینێکی درۆیینەی ترساو بوو و نەفرەتی هەمیشەیی کە فێرکارییەکانی مەسیحی شێواند، سۆسیالیزم دژایەتییەکی توندی کڵێسای دەکرد و بە سەرچاوەی نەزانی و تاریکیی دادەنا.)

         لەم وەسفەی سەرەوە ئەو هۆکارەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بۆچی لە سەرەتادا سەرسامی بۆ ئەو ئایدیۆلۆژیایە سەرنجی ڕاکێشا. وەک لە بەشی پێشوودا ڕوونیشکرایەوە، مەرج نییە لاهوتگەراییە (خوداناسیی) تایبەتەکەی دۆستۆیڤسکی بە تەواوی لەگەڵ دۆگمای کڵێسادا بگونجێت. بەم پێیە مرۆڤ دەکرێت لەو تێڕوانینە تێبگات کە پێی وایە مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی ئەخلاقی بێگەردی مەسیحەوە کۆمەڵگە باشتر بکات. ئەمە بوو کە سەرنجی دۆستۆیڤسکی ڕاکێشابوو.

         بەڵام هاتنی ئەم فەلسەفە کۆمەڵایەتییە سیاسییە بۆ ڕووسیا لە سەرەتای ساڵانی ١٨٤٠ەکانەوە، بیرۆکەی زۆر ڕادیکاڵتری بەدوای خۆیدا هێنا، کە چەند ئەندامێکی ئەو گرووپە؛ کە تازە پێکهاتبوو، بوونە داکۆکیکارێکی توند. بۆ نموونە هەوڵیان دەدا لە بەرهەمەکانی شتراوس و فۆیەرباخدا کایە ئیلاهیەکە دابەزێننە خوارەوە بۆسەر زەوی. (ژیانی مەسیح)ی شتراوس کە پەیمانی نوێی وەک تێكەڵەیەکی مێژوویی و ئەفسانەیی خستە ژێر شیکاریی عەقڵانییەوە، لە کۆتاییدا بووە ڕەنگدانەوەی ئامانجەکانی کۆمەڵگەی جوولەکەکانی سەردەمی مەسیح. (مەسیحیان بەو جۆرە وێنا دەکرد کە تەنیا یەکێکە لەو کەسە زۆرانەی کە خۆیان بە پێغەمبەر ناوزەند دەکرد لەو قۆناغەدا). جەوهەری مەسیحیەت لەلای فۆیەرباخ ئەوەبوو کە هەوڵی دەدا لاهوت بگۆڕێت بۆ ئەنترۆپۆلۆژیا بەو بانگەشەیەی کە خودا تەنیا پێشبینییەکی هۆشیاریی مرۆڤە. ئەو دەیگوت کاتێک مرۆڤ شتەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ خودا، لە ڕاستیدا دووپاتکردنەوە لەبارەی خۆیەوە دەکات. بە بڕوای فۆیەرباخ کارەساتەکانی مێژوو دەکرێت بەهۆی مەیلی بینینی خودا لەلایەن مرۆڤەوە ببینرێت، وەک چۆن خۆ تەرخانکردن بۆ خودا وای کرد مرۆڤەکان پابەند نەبن بە مرۆڤەکانی دیکەوە. بەم بیرۆکەیە دەکرێت، ئەرکی مرۆڤایەتی لە ئێستادا ئەوە بێت کە هەموو ئەو سیفەتانە لە تراسندێنت (بەرزە وێنە- نموونەیی-دەرەئەقڵ-بابەتێکی نائەزموونی) وەربگرێتەوە کە لە ڕاستیدا هی مرۆڤایەتی بوون، و لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا لەسەر زەوی بەدیبهێنێت.

 ئەم بیرۆکانە لەگەڵ بانگەشە پێشکەوتووەکانی بیرمەندانی هاوچەرخ دەبنە ڕوونکردنەوەی ئایدیایەکی کردەیی. لە ساڵی ١٨٤٤دا کاڕڵ مارکس دەربارەی فۆیەرباخ وتی: (براوەی ڕاستەقینەی ئەندێشەی پێشوو). ئەو پەرەی بە فەلسەفەکەی فۆیەرباخ دا و پێی وابوو ئەگەر خودا و ئاسمان پێشبینی و تێڕوانینی مرۆڤایەتی بن، ئەوا دەتوانرێت بەهەشت لەسەر زەوی بەدی بهێنرێت. ئەو دەیگوت کە دەبێ کۆمەڵگە سەرلەنوێ لەڕێگەی عەقڵەوە دابڕێژرێتەوە و، بۆ ئەمەش، دەستیکرد بە داڕشتنی حیزبێکی کۆمۆنیستی بۆ ئەڵمانیا و لەکاتی شۆڕشەکاندا کە ساڵی ١٨٤٨ ڕوویاندا، بەسەر ئەوروپادا بڵاوبوونەوە. کۆمۆنیزم جەختی لەسەر یەکسانی و دامەزراندنی پەیوەندی کاری هاوسەنگ و گەڕاندەوەی بیری مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەکردەوە. سیاسەتەکەی لەسەر سۆسیالیزم بونیادنابوو، وەک هەنگاوێک بەرەو ئامانجی (بەدیهێنانی مرۆڤایەتییەکی کامڵ).

         مارکس لە بانگەشەکانیدا بۆ چاکسازی سیاسیی و کۆمەڵایەتی؛ پاساوێکی نائاینی بۆ چەمکی ئازار دانا. مارکسیستەکان ئازاریان وەک ئامڕازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێک (ئازادی ئابووری و کۆمەڵایەتی) سەیر دەکرد. ئەوان هانی چینە کۆمەڵایەتییە نزمەکانیان دەدا بۆ ڕاپەڕین بەناوی یەکسانی و ڕایانگەیاند کە خەباتی پڕۆلیتاریا مەرجێکی پێویستە بۆ چاکسازی کۆمەڵگە؛ خەبات و ئازار و وەک بەرهەمی هەڵنەهاتووی دیالێکتیکی مێژوویی سەیر دەکرا. لەو شوێنانەی کە دۆستۆیڤسکی ئازاری خەڵک بە شتێکی دڵتەزێن دەزانێت، مارکسیستەکان وەک ئاماژەیەک بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش دەیانبینی. بەڵام لە کۆتاییدا بە ڕۆحی برایەتی و یەکسانی کە سۆسیالیزمی لێوە هەڵقوڵابوو، ئەو سەردەمە زێڕینەی کە بە هاتنی دەهاتە ئاراوە، ئازارەکانی خەڵکی لە جیهاندا کەم دەکاتەوە.

         ئەوە ئەوانی دیکە بوون لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ئەم بیرۆکانەیان لە وەرگرت و ئاشنای دۆستۆیڤسکیشیان کرد. کاریگەری بێلینسکی لەسەر ئەو گەنجە بیست و چوار ساڵە حاشا هەڵنەگر بوو، چونکە وەکو ڕەخنەگرێکی ئەدەبی، ناوبانگی (گۆگۆلی داهاتوو)ی بە دۆستۆیڤسکی بەخشی. بەڵام لە ساڵانی دواتردا دۆستۆیڤسکی لەبارەت بێلینسکیەوە گوتی (ئەو ڕاهێنەرێکی ئایدیۆلۆژییە و بەرپرسیارە لەوەی کە منی بەرەو سیبڕیا برد).

         بێلینسکی ئیلهامی لە نووسینەکانی فۆیەرباخ و شتراوس وەرگرتبوو هەرچەندە دۆستۆیڤسکی لە سەرەتادا بێلینسکی وەکو ڕاهێنەرێک دەبینی، بەڵام لە دواتردا گومانی لە ڕیشەیی ئایدیۆلۆژی بێلینسکی کرد و لە کۆتاییشدا تووشی کێشە بوون. فرانک، لە ژیاننامەی دۆستۆیڤسکیدا دیالۆگێکی نێوان ئەم دوانە کورت دەکاتەوە و سەرەتای گومانەکانی دۆستۆیڤسکی لە بێلینسکی دەخاتە ڕوو:

         (بەڵام، ئایە دەزانیت، ئەو (بێلینسکی) ئێوارەیەک هاوار دەکات و دەڵێت: ئایە دەزانیت کە مەحاڵە مرۆڤ تاوانبار بکرێت و دواتریش وای لێ بکرێت باجەکەی بدات؟ کاتێک کۆمەڵگە ئەوەندە بە خراپی ڕێکخراوە، ئیتر مرۆڤ ناتوانێت خۆی لە ئەنجامدانی تاوانەکان بپارێزێت، کاتێک لە ڕووی ئابوورییەوە پاڵدەنرێتەوە ناو تاوانەوە، گەمژەیی و دڕندەیەتییە داوای ئەوەی لێ بکرێت بەپێی یاساکانی سروشت بجوڵێتەوە… گفتوگۆکە دەچێتە سەر کەسایەتی مەسیح، دۆستۆیڤسکی دەڵێت: بەڕاستی دەستم لێ دەدات بۆئەوەی تەماشای بکەم. بێلینسکی بە تووڕەییەوە هاوارێک دەکات و پێی دەبڕێت. هەرجارێک باسی مەسیح دەکەم دەموچاوی دەگۆڕێت وەک ئەوەی دەست بە گریان بکات، بەڵێ باوەڕکە. لەناکاو ڕووی لە من کردەوە و گوتی: (باوەڕم پێ بکە ئەگەر مەسیحەکەت، لە ڕۆژگاری ئێمەدا لەدایک ببوایە، ئەوە هەر زۆر بە سادەیی لەبەردەم زانستی هاوچەرخ و بزووتنەوە هاوچەرخە مرۆییەکاندا لەناو دەچوو.)

         دۆستۆیڤسکی بەهۆی تێوەگلانی لەگەڵ ئەم گرووپانەدا دەستگیرکرا، لەکاتێکدا هەرگیز لەگەڵیاندا هاوڕا نەبووە. تەقینەی شۆڕشە سیاسییەکان لە ساڵی ١٨٤٨دا، کە لە سەرانسەری ئەوروپادا بڵاوبووەوە و لە کۆتاییشدا لەلایەن ڕیفۆرمخوازان و لیبڕاڵەکانەوە چەند حکومەتێکی پاوانخواز و کۆنەپەرست ڕووخان. لە ئەنجامدا تزار لە ترسدا، گروپە توندڕەوە جیاوازەکانی کۆکردەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا کردن، لە ناو ئەو گروپانەدا گروپی پێتراشێڤسکی و دورۆڤیش هەبوون. وە لە ئەنجامدا دۆستۆیڤسکی سزای چوار ساڵ بێگانەکاری لە سیبڕیای بەسەردا سەپێندرا و ئەو کاتەش کە گەڕایەوە بۆ پترسبۆرگ کۆتایی بە هەموو جۆرە پەیوەندییەک هێنا لەگەڵ ئەو گرووپانەدا.

         هەرچەندە دۆستۆیڤسکی لە گەنجیدا لە چالاکییە سۆسیالیستییەکاندا بەشداری کردووە، بەڵام لە پاش گەڕانەوەی لە سیڕبیاوە هەرگیز نەیتوانی ڕازی بێت بەو بیرۆکە ڕادیکاڵانەی کە فۆیەرباخ و مارکس بەرەوپێشیان دەبرد و هاوڕێکانی خۆی بە جۆش و خرۆشەوە دەیانگرتە خۆ. دۆستۆیڤسکی هەرگیز قسەکانی فۆیەرباخی قبوڵ نەدەکرد؛ خودا پێشبینی مرۆڤ نەبوو، بەڵکو مرۆڤ پێویست بوو خۆی ئامادە بکات تا ببێتە خودا، مەسیح ئەو ئارکیتایپە بوو کە دەبێت مرۆڤ هەوڵی کۆپیکردنی بدات، لە کاتێکدا هەرگیز ناتوانێت بەتەواوی لەسەر زەوی ئەو دووبارە بکاتەوە. خۆشەویستی خاکەڕایانەی مرۆڤ وەک ئەوەی مەسیح فەرمانی پێ کردبوو، مەحاڵ بوو، بێتوانایی مرۆڤ بۆ ئەوەی لە ڕووی ڕۆحی یان ئەخلاقییەوە تەواو بێت، ڕێگری دەکات لە بەخشینی هەموو خۆی (خودەکەی) بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد. وەک لە بابەت و بەشی پێشووشدا ڕوونکرایەوە.

         ئەویش بە هەمان شێوە نەیدەتوانی بۆچوونەکانی مارکس سەبارەت بە ئازار وەک پێویستییەکی مێژوویی و بارودۆخێکی حەتمی ژینگەی مرۆڤ قبوڵ بکات، نەشدەکرا بە سادەیی وەک بەرهەمی نەهامەتییەکانی کۆمەڵگە ڕوون ببێتەوە. ڕەزومیهن لە وتارێکدا سەبارەت بە تاوان لە ڕۆمانی (تاوان و سزا)دا، پرسیارێکی زۆر ورد دەکات؛ “پیاوێکی چل ساڵان دەستدرێژی دەکاتە سەر منداڵێکی دە ساڵان، ئایە ژینگە بووە هۆی ئەوە کە بچێتە ئەوێ؟ نادادپەروەرییە. ئابووری و لایەنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ناتوانن حساب بۆ هەموو خراپەکانی مرۆڤایەتی بکەن، ئەگەر ئێمە ئازارێکی ترسناکانەی منداڵێکی بێتاوان بە عەقڵانی بکەین بەوەی کە بەرهەمی بارودۆخی ئابوورییە، نادادپەروەرانەیە، ئەمەش ئەو ڕاستییەیە کە دۆستۆیڤسکی لە ڕۆمانەکانی دوای سیبڕیاوە بەرهەمی هێناون و ڕوونی کردووەتەوە. ئازاردەرانی تراژیدی ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی بەرهەمی خەیاڵی ئەو نین، بەڵکو ئەو ئیلهامی لە وتاری ناو ڕۆژنامەکانی ئەو کاتەی خۆی وەرگرتووە. ئەو منداڵەی لە سکی دایکی دەردەهێنرێت، ئەو منداڵە پێنج ساڵانەی کە شەودا دەکرێتە دەرەوە، ئەو کوڕەی لەلایەن سەگەکانی خاوەن ماڵەکەیەوە کەوڵ دەکرێت. ناکرێت ئەمانە بە مێژووی خەباتی چینایەتییەوە ببەسترێتەوە، لۆژیکی نییە. ئەگەر ئەمەیش بوایە، ئاسوودەیی ئەمە لەکوێدایە؟! ئایە دەکرێت من ئازارم چەشتبێت بۆ ئەوەی من لەگەڵ کردەوە خراپەکان و ئازارەکانمدا، ببمە هۆی پیتاندنی هاوسەنگی داهاتووی کەسێک؟.

         لەبەرئەوە؛ ژینگەی مرۆڤ بە زەرورەت ئازار نییە، لێرەوە دەردەکەوێت کە مرۆڤ ناتوانێت لە ڕێگەی چاکسازی لە ژینگەدا، لە ڕووی ئابووری یاخود سیاسییەوە، ئازارەکان بنبڕ بکات، بیرکردنەوەکانی دۆستۆیڤسکی لە وەڵامی ڕازومیهن سەبارەت بە پرسیارێکی پۆرفیری ئاشکرایە لەبارەی ئەوەی کە ئایە (شتێک هەیە بەناوی تاوان؟):

         (سەرەتا لە عەقیدەی سۆسیالیستییەوە دەستی پێکرد، تۆ عەقیدەی ئەوان دەزانیت؛ (دۆکترین، باوەڕی چەسپیو) تاوان ناڕەزایەتییەکە بەرامبەر بە نائاسایی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی و هیچی تر نییە، هیچ هۆکارێکی تری نییە…. لای ئەوان هەموو شتێک کاریگەریی ژینگەیە و هیچی تر.. سروشتی مرۆڤ لەبەرچاو ناگیرێت، ئەسڵەن وایدادەنێن کە بوونی نییە! ئەوان دان بەوەدا نانێن کە مرۆڤایەتی بە پڕۆسەیەکی ژیانی مێژووییدا گەشە دەکات، دواجار دەبێتە کۆمەڵگەیەکی ئاسایی، بەڵام ئەوان پێیان وایە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کە لە هەندێک هۆکاری ماتماتیکییەوە هاتووەتە ئاراوە، بڕیارە هەموو مرۆڤایەتی بە جارێک ڕێکبخات و بیکاتە دادپەروەر و بێ گوناهـ لە چرکەیەکدا، تەنانەت خێراتر لە هەر پڕۆسەیەکی زیندووتر!.) (دۆستۆیڤسکی – تاوان و سزا)

         لەم قسەیەدا ڕەزومیهین ڕوونی دەکاتە کە مرۆڤ ناتوانێت کۆمەڵێک ڕێسا بەڕێوەببات و یۆتۆپیایەک دروست بکات، چونکە مرۆڤ بە تەنیا عەقڵ نییە (عەقڵانی نییە)، ئەو هەست و سۆزانەی کە ڕۆژانە مرۆڤ ئەزموونی دەکات و بەری دەکەوێت وا دەکات کە ئەم کارە مەحاڵ بێت. وەک لە کۆتا بابەتدا ئاماژەی پێکرا، دۆستۆیڤسکی گومانی هەبوو کە هەموو مرۆڤەکان بتوانن خۆیان وەک مەسیح لێ بکەن و خۆیان بگۆڕن، ئەستەمە بتوانن بە شێوەیەکی چالاک؛ ویست (ئیرادە)ی خۆیان بگۆڕن بۆ ئەوەی بەتەواوی هاوشێوە بن لەگەڵ ویستی خودادا، وەک لە بەشی پێشوودا بەڵگەمان لەسەر هێنایەوە و ڕوونمان کردەوە. بە هەمان شێوە گومانی هەبوو کە هەموو مرۆڤەکان بتوانن پابەند بن بە کۆمەڵێک بنەمای تایبەت و لۆژیکیی لە هەموو کاتێکدا. بەم شێوەیە ڕەنگە وا گریمانە بکرێت کە دۆستۆیڤسکی سەرەڕای خۆشویستنی بۆ مرۆڤایەتی بە گشتی، متمانەی بە تواناکانی مرۆڤ وەک تاکێک نەبووە.