رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئازار لای دۆستۆیڤسکی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئەلیزابێس ئیواڵد

وەرگێڕان: فریاد حەسەن

دۆستۆیڤسکی لە لێکۆلینەوەی دووەمی پۆرفیری لەگەڵ ڕاسکۆڵینکۆڤ لە ڕۆمانی تاوان و سزادا ئەم بزووتنەوەیە دەخاتە ڕوو. لە ڕۆمانەکەدا ڕاسکۆڵینکۆف تاوانێک ئەنجام دەدات و لێکۆڵەر پۆرفیری ئەرکی چارەسەرکردنی تاوانەکەی لە ئەستۆ دەگرێت. نیکۆلای نیگارێکێشێکە کە کاری لەسەر ئەو شووقەیە دەکرد کە ئەو دوو ژنە تیایدا دەژیان، بە درۆ دان بەوەدا دەنێت کە تاوانەکەی ئەنجامداوە و ڕاسکۆڵینۆکڤیش پێی وایە لە ئەنجامدا هەرچۆنێک بێت دەتوانێت خۆی لە سزاکە بپارێزێت، بەڵام پۆرفیری بۆ ڕاسکۆڵینکۆڤی ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی گومانی لە قسەی نیگاركێشەكە هەیە:

         ئەو تیۆرییەی کە پێی وایە دەبێت مرۆڤ لە پێناو ئازاردا ئازار بچێژێت، لە ژیانی مارمێلادۆڤ و لە ڕۆمانەکەدا باسکراوە. سەرخۆشێک تەنیا بەهۆی ئەو حاڵەتە خراپەی کە خۆی بۆ خۆی دروستی دەکات، پێی وایە شایەنی بەزەیی و خۆشەویستیی خودایە. شانازی بە نائومێدیی و ئەو ئازارانەوە دەکات کە بەسەر خۆیدا دەیهێنێت. بە ئەستەم دەتوانرێت ئەم ڕەفتارە ناوببرێت بە خاکەڕایی و ڕووبەڕووبوونەوەیە، نزیکە لە ڕاستکردنەوەی خۆ. ئەو بابەتی گاڵتەجاڕیی هاوتەمەنەکانی خۆیەتی و تا لە کۆتاییشدا لە ڕووداوێکی خوێناوییدا لەسەر شەقام دەکوژرێت.

         ئەوانەی ئارەزوومەندانە ئازار دەچێژن و ئەوانەی ئازار بۆ ئامانجی پاککردنەوەی دڵ یاخود بۆ ڕزگارکردنی کەسێکی دیکەیە لەلایان (وەک ئەوەی لە سۆنیادا بۆ ڕاسکۆڵینکۆڤ دەیبینین) ڕوون و ئاشکرایە. ئەوانەی لە پێناو ئەوانی دیکەدا، یاخود لە پێناو هۆکارێکدا ئازار دەچێژن، پاڵەوانە ڕێزدارەکانن. و ئەوانەی خۆیان دەخەنە ژێر ئازارێکی بێ ئامانجەوە، گاڵتەجاڕێکی ناڕوون و لێڵن. دۆستۆیڤسکی لە شیکردنەوەی ئازار لەسەر زەوی، ئەو ئازارە بێ بایەخەی پەسەند نەکردووە، کە دەچێتە ناو سنووری ماسۆخیزمەوە. ئازار تەنیا کاتێک دەتوانێت شایستەی فەزیڵەت بێت کە ئامڕازێک بێت و بۆ ئامانجێکی بەرزتر خزمەتت بکات.

         ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بیروباوەڕی “وێنە” و “هاوشێوەبوون”، دەبێ بپرسین، لە ڕێگەی ئەو گۆڕانکارییەی کە باسمان کرد، مرۆڤ بە چ شێوەیەک دەتوانێت ئازارەکان تێپەڕێنێت؟ ڤلادیمێر ئێس سۆلۆڤ[1]، فەیلەسووف و شاعیری ئایینی ڕووسی، توانای مرۆڤی بۆ “گۆڕانکاریی” گەڕاندەوە. وتارەکانی لەسەر پەرستش بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە “مرۆڤێک کە بە خودایی کراوە و خودایەک کە لە ڕێگەی جەستەوە بە مرۆڤ کراوە” وەک دەستپێشخەری “ڕێنیسانسی ئایینی” ڕووسی دەستنیشان دەکرێت.

         سۆلۆڤیڤ پێی وایە کە جەهەر و ئەرکی ئایین بریتییە لە تێكەڵکردنی مرۆڤ لەگەڵ ئیلاهییاتدا. و بەپێی سۆلۆڤیڤ بەرجەستەبوونی خودا لەناو مرۆڤایەتیدا لە مەسیحدا گەیشتە کەماڵ بەڵام ئەم شێوەگۆڕینە شتێکی شاز و تایبەت نەبوو بە مەسیح. ئەو وا بیری دەکردەوە کە بەرجەستبوونی خودا لە مرۆڤدا “ڕێگەی ڕزگاربوونی هەموو مرۆڤایەتییە نەک تەنیا دیاردەیەکی تاقانە بێت و تایبەت بێت بە کەسێك”. خودا لەگەڵ مرۆڤی زیرەک و بە ئاگادا دەبێتە یەک، و ڕێگەی گۆڕانکاریی دروست دەکات.

         بۆ گەیشتن بە شێوەگۆڕین و گەیشتن بە ئامانجی “مێژووی گەردوونی” لە ڕێگەی (بەرجەستەبوونی بیرۆکەی خوداییانە لە جیهاندا) مرۆڤ دەبێت بتوانێت بە ئارەزووی خۆی لەگەڵ خودادا یەکانگیر ببێت. بۆ ئەوەی مرۆڤ سوودەکانی ئەو شێوەگۆڕینە بچنێتەوە و شایەنی ئەو سوودانە بێت، دەبێت خاوەنی (ویستی ئازاد) بێت. بێگومان ویستی ئازاد ڕێگەی توندوتیژی لە دڵی مرۆڤدا خۆش دەکات، و توانای ئەوەی مرۆڤەکانی دیکەی پێ ئازار بدات زیاد دەکات، بەڵام بۆ سۆلۆڤیڤ، (خۆشەویستی و ڕاستی بەهێزترن لە خراپە و هەڵە).

         تێگەیشتنی ئۆرسۆدۆکسی ڕووسیا لە کاریگەرییەکانی مردن و زیندووبوونەوەی مەسیح کەمێک جیاوازە لەو تێگەیشتنە نەریتییەی لە نەریتی لاتینی ڕۆژئاوادا هەیە. بەرجەستەبوونی خودا لە عیسای مەسیحدا ئامڕازێک بوو بۆ گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ دۆخی ڕاستەوقینە و مرۆڤانەی خۆی. لە مەسیحدا خودا و مرۆڤ یەکگرتوو بوون، خودا لە پێش مرۆڤایەتی و لەناو مرۆڤایەتیدا جەستە بوو. لە شێوەی مرۆڤێكدا توانی فێرکردنەکانی خۆی بڵاوبکاتەوە، و مرۆڤ لە ڕێگەی گرنگی کردەوە و گوتەکانیەوە ئایدیاڵێکی پێ بەخشرا کە پێویستە هەوڵی بۆ بدات. بەڵام گەورەترین دیاری ئەم خودا-مرۆڤە بۆ مرۆڤایەتی قوربانیدان و زیندووبوونەوەی بوو کە ئەمەش خۆی سەرپشک بوو لە هەڵبژاردنیدا. لەبەر ئەوەی کە عیسا هەم خودا بوو هەم مرۆڤ بوو، کڵێسای ئۆرسۆدۆکسی پێی وایە کە ئەو خاوەنی دوو ویستە، ویستێکی مرۆیی و ویستێکی خودایی. ئەمەش یەکگرتوویی کەسایەتی ئەو وەک خودا و مرۆڤ ناشێوێنێت، بەڵکو گەورەتری دەکات. بە ئازادی ویستی خۆی، بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیاریدا خۆی بکاتە قوربانی بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی، بەمەش بە تەواوی ویستی خۆی لەگەڵ ویستی خودادا تێکەڵ کرد. کالیستۆس لە ڕوونکردنەوەی ئەمەدا دەڵێت:

         (لەبەر خۆشەویستی جیهانی خوڵقاند، لەبەر خۆشەویستی لەناو ئەم جیهانەدا وەک مرۆڤێک هاتە بوون، لەبەر خۆشەویستی خۆی لەگەڵ هەموو ئازارەکانماندا هاوبەش کرد، لەبەر خۆشەویستی خۆی کردە قوربانی، چووە گەیتسامینی بۆ گەیاندنی سۆزی خۆی: (گیانم لە پێناو ئێوە بەخشی، کەس لێم وەرناگرێت، بەڵام خۆم دەیدەم (یوحەننا. ١٠: ١٥) خۆشەویستی ئەو ئامادەگیی هەبوو، بە ناچاریی نەبوو، کە ئەوی گەیاند بە مەرگی خۆی، بۆ سەرکەوتنی مەسیح لەسەر خاچ ڕەنگە ئەو وشانە بەکاربهێنین کە قەشەیەکی ڕووسی وتوویەتی… (ئازار هەموو شتێکی لەناوبردووە و تەنیا یەک شت ماوە، ئەویش خۆشەویستییە)).

         مرۆڤ دەبێت بەڕاستی ئارەزووی لێخۆشبوونی هەبێت؛ دەبێت پەشیمان بێتەوە لە گوناهەکانی و لە ڕووی ڕۆحی و دەروونییەوە ئازار بچێژێت بۆ ئەو کارانەی کە کردوویەتی، بەڵام بارگرانییەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو سووک بووە بەهۆی ئەو بەخششەی کە عیسا دای لە ڕێگەی خۆبەختکردنەکەیەوە. بەهۆی ئەو دیارییەوە، لە ڕووی تیۆرییەوە ئازارەکانی مرۆڤ هەرگیز ئەوەندە توندتیژانە نەبوو کە عیسا لەسەر خاچەکەی بەرگەی گرت. بە بێ‌سنوورییەکەی خۆی قەرزێکی دایەوە کە مرۆڤی سنووردار نەیدەتوانی. هەرچەندە نەریتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا تەنیا کەمێک جیاوازییان هەبوو دەربارەی تێگەیشتن لە مانای مەسیح، بەڵام ئەم جیاوازییانە هەبوون. و زانایانی تیۆلۆگیست ئاماژەیان پێکردووە.

         لە ئایینی مەسیحییەتی ڕۆژهەڵاتییدا بیرۆکەی زیندووبوونەوە زاڵە کە ئەویش جەژنی ئیستەرە. لە کاتێکدا لە ئایینی ڕۆمانی کاسۆلیکی و پڕۆتستانیزمدا پێدەچێت لە خاچدان  و ئازارەکانی مەسیح جێگەی سەرنجی سەرەکی بێت. (وێر)

         ئۆرسۆدۆکسی ڕووسیا زیاتر سەرنجی خستە سەر سەرکەوتنەکانی مەسیح بەسەر ئەو ئازارەدا و “شێوەگۆڕینی ڕۆحی مرۆڤ”. ئەمەش بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە کە ئازارەکانی مەسیح یاخود ئازاری مرۆڤایەتی چاوپۆشی لێ دەکرێت. ئەوە لە ڕێگەی ئازارەکانییەوە بوو کە مەسیح خۆی لەگەڵ دۆخی نالەباری مرۆڤایەتییدا هاوتا کردەوە و لە هەمان کاتدا مرۆڤایەتی ڕزگار کرد. ئەم کردارە ئەڤینە خۆنەویستانەیە ڕێگە بە هەموو مرۆڤێک دەدات کە بگۆڕێت و زیندوو ببێتەوە و سەرکەوتوو بێت. وەک چۆن ئەو ئازارەکانی بۆ بەرژەوەندی ئەوانی دیکە قبوڵ کردووە، مرۆڤیش دەبێت بە هەمان شێوە هاومرۆڤەکانی دیکەی خۆشبوێت، و لە پێناویاندا ئازار بچێژێت. لە ڕێگەی ئەم کردە خاكەڕاییانەوەیە کە مرۆڤ، دروستکراوی خودا، دەتوانێت شێوەی خۆی بگۆڕێت بۆ خودا.

         ئەم ڕێسا ئۆرسۆدۆکسییانە سەبارەت بە ویستی ئازاد و بەرپرسیارێتی گشتگیریی لە گوناه و شێوەگۆڕین لەناو ڕۆمان و کارەکتەرە جیاوازەکانی دۆستۆیڤسکیدا ڕەنگدانەوەی هەیە. وەکو بینیمان، دەبێت ویستی ئازاد هەبێت بۆ ئەوەی مرۆڤ لە خودادا یەکانگیر ببێت و شایەنی خۆشەویستی خودا بێت و لە کۆتاییدا بەسەر ئازارەکانیدا زاڵ بێت. بەڵام ئەمە بۆ ئیڤان کارامازۆڤ گرفتێکی گەورەیە. ئەو ئازارەی کە مرۆڤە بێتاوانەکان بە هۆی کەسانی دیکەوە دەیچێژن دەگەڕێتەوە بۆ بیروباوەڕی ویستی ئازاد. لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕاهیب ئەڵیوشای برای، دەپرسێت:

         (وەڵامم بەرەوە، وای دابنێ کە تۆ ئەندازیاری بینای چارەنووسی مرۆڤیت، بەو ئامانجەی کە لە کۆتاییدا بەختەوەریان بکەیت و شادی و هێمنایەتیان بدەیتێ، بەڵام بۆ ئەوە دەبێت بە ناچاری و بە شێوەیەکی زەرووری بوونەوەرێکی چکۆلە ئازار بدەیت، ئەو منداڵە چکۆڵەی بە مست لە سنگی خۆی دەدا، و بیناکەت لەسەر بناغەی فرمێسکێکی بێ وەڵام بەرز بکەیتەوە، وەڵامم بەرەوە، ئایە ڕازی دەبیت ببیتە ئەندازیاری بینای چارەنووس بەم مەرجانە؟ (برایانی کارامازۆڤ- بەرگی یەکەم، بەندی دووەم، کتێبی پێنجەم، بەشی چوارەم)

         تەنانەت ئەڵیوشای ڕاهیب و مەسیحیی لە وەڵامدا دەڵێت نەخێر ناتوانێت، ئیڤان بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە ترسناکانەی کە لەسەر دەستی مرۆڤ ڕوودەدەن. ئەو کۆرپانەی کە فڕێ دەدرێن، ئەو منداڵانەی بە فرمانی ئاغاکانیان دەدرێنە دەم سەگ، ئەم چیرۆکانە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی مێژوویین و لەسەر دەستی ئەو مرۆڤانەیە کە ویستی ئازادیان هەیە. مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی بگۆڕێت، و زیاتر لە خودا بچێت لە ڕێگەی ناسینی خۆی و دراوسێکەیەوە، دەبێت هێزی ویستی ئازادی هەبێت. ئیڤان دان بەوەدا دەنێت کە توانای بڕیاردانی هۆشیارانە بۆ خۆی مەرجێکە بۆ توانای بەختەوەری مرۆڤ، بەڵام هەر ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی چەندین ڕووداوی ترسناکی دیکە، سوودەکانی هاوسەنگ نین لەگەڵ زیانەکانیدا. دڵخۆشی چەند کەسێک شایەنی ئەوە نییە منداڵێکی بێتاوان فرمێسک بڕێژێت بێ بەرامبەر. ئیڤان بەرپەرچی ناتەواویی دروستکراوانی خودا دەداتەوە.

         بەڵام پێویستە ئاماژە بەوەش بکڕێت کە ئیڤان تەنیا توانای ئەوەی هەیە سەیری (پرسی خراپە) بکات بەبێ ئەوەی دان بە (پرسی چاکە)دا بنێت. ئیڤان بە قووڵی سەرقاڵی ئەو ئازار و نەهامەتییەیە کە مرۆڤ خوڵقاندوویەتی، بەڵام هەرگیز دان بە نهێنی ویژداندا نانێت، کە توانستی خۆنەویستانەیە لە مرۆڤدا. مرۆڤ تەنیا لە ڕەقی دڵی پێک نەهاتووە، بەڵکو بناغەیەکی پێدەدرێت کە لەسەری چاکە یاخود خراپە هەڵدەبژێرێت. لە زۆر حاڵەتدا ئیڤان ڕاست دەکات؛ مرۆڤ ڕێگە بچووکترەکە هەڵدەبژێرێت، تایبەتمەندییەکەی خۆی دەشێوێنێت بە خۆخستنە ژێر باری ئازار یان سەپاندنی بەسەر کەسانی دیکەدا. بەڵام لە شوێنەکانی دیکەدا مرۆڤ بە بەزەییەوە سەیری هاومرۆڤەکانی دەکات، نەهامەتیی دراوسێکەی دەگرێتە ئەستۆی خۆی و بەو هۆیەوە ئازاری ئەو کەم دەکاتەوە. لێرەدایە کە هاوشێوەی خودا بەدەست دێت.

         هاوشێوەیی-بوون تەنیا لە ڕێگەی کردەی بە مەبەستەوە دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت، ئۆرسۆدۆکسی بانگەشەی (ژیانکردن لە سێیینە)دا دەکات، کە پراکتیزەکردنی نوێژە لە ڕێگەی کردارەوە. لە کڵێسای ئۆرسۆدۆکسیدا:

         (پێش ئەوەی باوەڕەکە لە نیایشی ئێوخاریستۆدا بخوێنینەوە (نیایش – ڕێوڕەسمی ئایینی ئۆرسۆدۆکسی)، ئەم وشانە دەڵێین: “با یەکترمان خۆشبوێت، بۆ ئەوەی بە یەک بیرکردنەوە دان بە باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆزدا بنێین، سێیینە یەکە و دابەشنەکراوە.” سەرنج بدە وشەی (بۆ ئەوەی) کە دانپێدانانی ڕاستەقینەی باوەڕە بە سێینەی پیرۆز، تەنیا لەلایەن ئەو کەسانەوە دەتوانرێت بکرێت کە هاوشێوەی سێیینەن، خۆشەویستییان بەرامبەر یەکتر هەیە. هەربۆیە ناتوانم باوەڕم بەوە هەبێت ئەگەر مرۆڤێک بۆ ڕزگارکردنی دراوسێەکەی ئەرک نەکێشێت و ڕزگاریشی ببێت. کاریگەرییە پراکتیکییەکانی باوەڕی سێینەی پیرۆزیش بەم شێوەیەیە، ژیانکردن لە سێیینەشدا مانای ئەوەیە).

         ئەم هەستەش لەلایەن باوکە زۆسیما لە ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤدا ڕەنگدانەوەی هەیە، لە ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی چەسپاندنی ئیمانی مرۆڤ: بە ئەزموونی خۆشەویستی چالاک. هەوڵبە چالاکانە و ماندوونەناسانە دراوسێکانت خۆشبوێت، تا زیاتر سەرکەوتوو بیت لە خۆشەویستیدا زیاتر باوەڕت بە بوونی خودا و نەمری ڕۆحت دەبێت. و ئەگەر لە خۆشەویستی دراوسێکەتدا بگەیتە خۆنەویستییەکی تەواو، ئەوا بێگومان باوەڕەکەت دەچەسپێت و دەتوانیت بچیتە ناو ڕۆحتەوە، ئەمەش تاقیکراوەتەوە و مسۆگەرە.

         ئەلیوشا کارامازۆڤ ئەو هەڵوێستانە بەرجەستە دەکات کە لەم بەیاننامەیەدا دەربڕدراوە، ئەو تەواوکەری ئیڤانی برایەتی. هەرچەندە دۆستۆیڤسکی هەوڵی دابوو شازادە میشکین لەسەر وێنەی مەسیح دروست بکات، بەڵام ئەوە ئەلیوشا کارامازۆڤی ڕۆمانەکەی دواتریەتی کە زیاتر لە کەسایەتیی مەسیحەوە نزیکەوە. لە کاتێکدا ئیڤان دەنگێکی ناڕازییە سەبارەت بە ئازار، ئەلیوشاش لە بیروباوەڕەکانیدا چالاکە، ئەو ژیانێکی خۆشەویستانە و خاكەڕاییانە دەژی کە لە ڕێگەیەوە ڕەنگە ئازارەکانی مرۆڤ کەمتر بکاتەوە. لە گوناهی ئەوانی دیکە خۆشدەبێت و دڵخۆشە بە شادیی ئەوانی دیکەش. بە نزیکەیی لە هەر دیمەنێکدا کە کارەکتەرێک بەرەو پێشچوونێکی دەروونی هەیە، ئەلیوشا بەشدارە لە دیالۆگەکانی ئەو دیمەندا.

         (لە هەر شوێنێک چاکبوونەوە و خۆقبوڵکردن و لێخۆشبوون ڕووبدات، لە ڕیگەی خزمەتەکانی ئەلیوشاوە ئەوە دەکرێت، ئەو تەنیا گوێ لە دانپێدانانی باوک و برا و ئازارچەشتووەکانی دیکەی ناو ڕۆمانەکە ناگرێت، بەڵکو لە گرێ و لاوازییەکانیشیان تێدەگات.) (ئیدنۆپۆلۆس).

         هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا داوا لە ئەلیوشا دەکرێت کە ئەو دەیرە بەجێبهێڵێت کە تیایدا دەمێنێتەوە. باوکە زۆسیما باوەڕی پێ دەهێنێت کە شوێنەکەی ئەو جیهانە، لەوێ سوودی زۆرتری دەبێت بۆ ئەنجامدانی کارە چاکەکان نەک لە ژیانێکی تەنیاییدا و وەک ڕاهبێک خۆی قەتیس بکات. لە ناو باوکە زۆسیمادا تیۆری هەڵەی گەردوونیی دەدەزۆینەوە، ئەو ئەو باوەڕە دەخاتە ڕوو کە تەنیا لە ڕێگەی هەستێکی دڵسۆزانەی خاوەن بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەر هەموو مرۆڤەکان دەتوانین خۆشەویستیییەکی خۆنەویستانە دەرک پێ بکەین. “تەنیا ئەو کاتە دڵمان بۆ ئەڤینێک دەچێت کە بێکۆتا و گەردوونییە و هیچ تێربوونێک ناناسێت. ئەو کاتە هەر یەکێک لە ئێمە بە خۆشەویستی دەتوانین هەموو جیهان بەدەست بهێنین و بە فرمێسک گوناهەکانی جیهان بشۆین.” (برایانی کارامازۆڤ)

         دۆستۆیڤسکی چوار ساڵ پێشتر لە ڕۆمانی تاوان و سزادا و لە کارەکتەری سۆنیادا هەمان ئەو خۆشەویستییە خۆنەویستانەیەی دروست کردووە. ڕەنگە بتوانین بڵێین کە گرنگی کارەکتەرەکەی ئەو وا دەکات کە ببێتە پاڵەوانی ڕۆمانەکە؛ مرۆڤدۆستی و ئایینپەروەری ئەو هیچ سنوورێک نازانێت. خۆی بە ژیانێکی لەشفرۆشانەوە دەبەستێتەوە بۆ خاتری خێزانە نەدارەکەی، بە هەمان شێوە ڕاسکۆڵینکۆڤ رزگار دەکات و بەڵێنی پێ دەدات لە ڕۆیشتنیدا بۆ سیڕبیا. ئەو یاریدەدەری گۆڕینی ئایینەکەیەتی، چیرۆکی لازاراوسی لە کتێبی پیرۆزەوە بۆ دەخوێنێتەوە و فەرمانی پێ دەکات کە زەوی (ڕووسیای دایک) ماچ بکات بۆ ئەوەی داوای لێخۆشبوونی لێ بکات. ئەو ئاوێنەیەکی تەواوی قوربانیدانانەی مەسیحە.

هێشتا ئەم هێزەی لە ئەڤینی مەسیحییەتدا هەیە؛ ئیڤان کارامازۆڤ تێر ناکات، تا لە کۆتایی ڕۆمانەکەشدا تووشی تێکچوونی دەروونی دەبێت. خوێنەر لەوانەیە وا بزانێت کە ئیڤان کارامازۆڤەکانی جیهان مەحکوومن بە نامۆبوون و بە عەقڵانیکردنی ئازارەکان کە بە نالەری جیهان و مرۆڤایەتی بۆیان دەبێتە هۆی شێتیی، “کە ئەمەش ڕێگەیەکە و باشترە نەگیرێتە بەر”. بەڵام تێكچوونی ئیڤان ڕەوایەتی پرسیار و تاوانباریی جیهان ناشڵەژێنێت. ئەمەش بەو مانایە نایەت کە ئارگۆمێنتە زارەکییەکەی ئەو کەمتر سوودی هەیە لەو ئارگۆمێنتەی کە ئەلیوشا لە ڕێگەی کردەوەوە دەیکات. ئیڤان کارەکتەرێکی ڕازیکەرە، ئەو پیاوە تووڕە و یاخییەیە کە خودا ڕەت ناکاتەوە، بەڵکو ئەو جیهانە ڕەت دەکاتەوە کە خودا دروستی کردووە. سۆز و تووڕەییەکەی ئەو زۆر لە ڕۆحانیەت و کەمتەرخەمییەکەی ئەلیوشا سەرنج ڕاکێشترە. ئەو هەستە پڕ گومان و پرسیارئامێزەی ئیڤان بە ئاسانی بە کردەوەکانی ئەلیوشا دانامرکێنەوە، ڕاستە خۆشەویستیی و بەزەیی سیفەتێکی دانەبڕاون بۆ ژیانێکی یەکانگیرانە لەگەڵ خودادا، ڕەنگە ئەم خۆشەویستیی و بەزەییە بۆ ماوەیەک نەهامەتییەکان کەم بکەنەوە بەڵام ناتوانن بۆ هەمیشە بیوەستێنن. ئیڤان لە کۆتایی یاخیبوون و سەرکێشییەکانیدا بە بوێرییەوە دەڵێت: (هیچ مرۆڤێک ناتوانێت تۆڵەکردنەوەیەکی گەردوونی بسازێنێت)

         دۆستۆیڤسکی لە نامەیەکیدا لەبارەی مەسیحەوە دەڵێت: (ئەم باوەڕە لە ڕادەبەدەر سادەیە، من باوەڕم وایە هیچ شتێک خۆشەویستتر و قووڵتر و هاوسۆزتر و عەقڵانیتر و مرۆڤانەتر و کامڵتر نییە لە مەسیح. من بەم خۆشەویستییەی خۆمەوە دەڵێم نەک هیچ کەسێک وەکو ئەو نییە، بەڵکو هیچ کەسێکیش ناتوانێت وەک ئەو بێت. تەنانەت زیاتریش دەڵێم: ئەگەر کەسێک بۆم بسەلمێنێت کە مەسیح لە دەرەوەی حەقیقەتە و، لەڕاستیدا حەقیقەت لەدەرەوەی مەسیحە؛ ئەوە من پێـم باشە لەگەڵ مەسیحدا بمێنمەوە نەک لەگەڵ حەقیقەتدا).

         هەر ئەم باوەڕە لە ڕێگەی شاتۆڤەوە دەبینینەوە، ئەو پیاوەی لە ڕۆمانی شەیتانەکاندا زۆر بە نائومێدییەوە دەیەوێت باوەڕ بە خودا بکات، لە کاتی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ پاڵەوانی ڕۆمانەکە “نیکۆلای ڤسڤۆڵۆدۆڤیچ”دا دەڵێت: (بەڵام ئایە ئەوە تۆ نەبوویت کە پێت وتم ئەگەر لە ڕووی بیرکارییەوە بۆت بسەلمێنرێت کە حەقیقەتێک لە دەرەوەی مەسیحدا بوونی هەیە، ئەوە هێشتا پێت باشە لەگەڵ مەسیحدا بمێنیتەوە نەک لەگەڵ ئەو حەقیقەتەدا؟) دۆستۆیڤسکی بە ڕوونی مەسیحی وەک دادپەروەرترین و کامڵترین مرۆڤ دەبینی لەناو خۆشەویستییە قوربانییدارەکەیدا. بەڵام کاتێک ئەگەری ئەوەی دانا کە مەسیح “لە دەرەوەی حەقیقەت بێت”، ئەوەی خۆی لە پەروەردەی ئۆرسۆدۆکسی جیاکردووە، چونکە بۆچوونێکی ئاوها بە بیدعە دادەنرێت.

         دۆستۆیڤسکی بە گریمانەکردنی ئەوەی کە مەسیح لە دەرەوەی حەقیقەتە، ڕێگە بۆ ئەو ئەگەرە خۆشدەکات کە هیچ قەرەبووکردنەوە و چارەسەرێکی گەردوونی و کۆتایی نییە بۆ ئازار. ئەم قسەیە وای لێدەکات کە خودی دۆستۆیڤسکی لە گومانەکەی کارەکتەری ئیڤان نزیکی بکاتەوە. ڕاستە مەسیح بە ئازار و نەهامەتییەکدا تێپەڕی کە هیچ مرۆڤێکی دیکە ناتوانێت ئەو ئازارە بچێژێتەوە، بۆ ئەوەی قەرەبووی گوناهی ڕەسەن بکاتەوە کە ئێستا کۆی مرۆڤایەتی دەناڵێنێت بەدەستیەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئازاری مەسیح قەرەبووی فرمێسکی کچە پێنج ساڵانەکە ناکاتەوە. تەنانەت دۆستۆیڤسکی لە نامەیەکی پێشتریدا دان بەوەدا دەنێت: (دان بەوەدا دەنێم کە منداڵێکم لە هەمان تەمەندا، منداڵێکی بێباوەڕی و پڕ لە گومان هەتا ئەم کاتە و (دڵنیام) هەتا ئەو کاتەش کە دەمرم. ئەم تینوێتییەی من بۆ ئیمان چ ئازارێکی سامناک بوو، هەتا ئارگۆمێنتی زیاتر هەبێت، رۆحم زیاتر گڕ دەگرێت). ئەو بەڕاستی دەیەوێت باوەڕ بە خودا بهێنێت، بەڵام هێشتا پڕە لە گومان. مەسیح بۆ ئەو ئایدیاڵێکی جوانە، کە هەموو مرۆڤێک دەبێت هەوڵ بدات لە ئەو بچێت، وەک چۆن مەسیح جیهانی خۆشویست دەبێت هەموو مرۆڤێکیش جیهانی خۆشبوێت. بەڵام ڕەنگە مەسیح بە تەنیا دواین بڕیاری چارەنووسساز و ڕزگارکەری مرۆڤایەتی نەبێت لە ئازار.

         بۆ ئەمەش دوو هۆکار هەیە. یەکەمیان؛ وەکو ئیڤان ئاشکرای دەکات، ڕەنگە کەس نەتوانێت قەرەبووی کۆی ئازاری مرۆڤایەتی بداتەوە. تەنانەت کوڕی خوداش. هەرچەندە مەسیح نموونەیەکی باڵای خۆشەویستییە. بەڵام مافی ئەوەی نییە کەفارەتی هەموو گوناهەکانی مرۆڤایەتی بدات. کەس هێزی لێخۆشبوون یاخود توانای داوای لێبووردنی نییە بۆ ئەو ئازارانەی کە چەشتوویەتی، ئیڤان لە گفتوگۆ لەگەڵ براکەیدا بە وردی باسی ئەمە دەکات:

         (ئەلیوشا کفر ناکەم! دەشزانم چ قیامەتێک هەڵدەستێ، کاتێک ئەوەی لە زەوی و ئاسمانە لە سروودێکی ئایینییدا تێکدەهاڵێن و ئەوەی ژیاوە و دەژی بە دەنگی بەرز هاوار دەکات: “خودایە، تۆ دلۆڤانی، چونکە ڕێگەکانت ڕوون و ئاشکران”. کاتێک ئەو دایکە، ئەو ڕمووزنە دڵڕەقە لە باوەش دەگرێت کە منداڵەکەی کردووەتە خواردنی سەگەل و هەرسێکیان وێکڕا بە چاوی فرمێسکاوییەوە هاوار دەکەن: (خودایە تۆ دلۆڤانی) هەڵبەت ئەو کاتە مرۆڤ تاجی ماریفەت لەسەر دەنێ و هەموو شتێک ئاشکرا دەبێت، بەڵام شتێک ئازارم دەدا و ئەویش ئەوەیە کە ناتوانم ئەو هاوسەنگییە قبوڵ بکەم، هەتا لەسەر ئەو دنیایەش بژیم، پەلەی ئەوەمە توانا و هێزی خۆم هەڵسەنگێنم، بڕوانە ئالیوشا ڕەنگە لە ڕاستیدا ئەو شتە ڕووبدات بەڵام لەوانەیە من تا ئەو کاتە نەمێنم، تاکو کوڕەکەم هەڵتەکێنم و چاوم پێی بکەوێت، منیش ڕەنگە بە دیتنی ئەو دایکەی کە ئەشکەنجەگەری کوڕەکەی لە باوەش دەگرێ، لەگەڵ هەمووان هاوار بکەم “خودا تۆ دلۆڤانی” بەڵام لەو کاتەدا نامەوێ دەنگ هەڵبڕم، هەتا دەرفەتم ماوە پەلەی ئەوەم دەبێ خۆم بپارێزم و بە گشتی چاوپۆشی لە هاوسەنگیی گەورەتر بکەم، تەواوی ئەو هاوارانە بە فرمێسکی ئەو منداڵە ئازار چەشتووە نابێ، کە بە مشتە چکۆلەکانی لە سنگی خۆی دەدا و لەو مەبالە بۆگەنەدا بە فرمێسکە ڕوونەکانی لە خودا دەپاڕایەوە (خودای خۆشەویست و دلۆڤان) چونکە ئەو فرمێسکانە بە هیچ شتێک قەرەبوو ناکرێنەوە. دەبێ ئەو فرمێسکانە قەرەبوو بکرێنەوە ئەگیان دادپەروەری و هاوسەنگی هیچ سوودێکی نابێ. بەڵام چۆن؟ چۆنمان ئەو فرمێسکانە بۆ قەرەبوو دەکرێنەوە؟ بڵێی ئەو کارەمان بۆ بکرێ؟ بۆ تۆڵەکردنەوەی ئەو فرمێسکانە؟ بەڵام من چ کارم بە تۆڵەکردنەوەی ئەو فرمێسکانەیە؟ من کارم بەسەر دۆزەخی زاڵمانەوە چییە؟ دۆزەخ بە کاری چی دێت؟ دۆزەخ بە کاری چی دێت، لەبەر ئەوەی ئەو منداڵانە ئازاری خۆیان چەشتووە؟ ئەی ئەگەر دۆزەخێک لە ئارادا نەبێت، دادپەروەریی و هاوسەنگی دەبێ بە چی؟  دەمەوێ لێبووردە بم، دەمەوێ ئامێزم بکەمەوە بۆ باوەش، نامەوێ ئازاری زیاتر بچێژم. ئەگەر ئازاری منداڵان ئەو ئەشکەنجانە زیاد بکات کە قەرەبوو کردنەوەیان پێویستە، ئەو کاتە ناڕەزایەتی دەردەبڕم و دەڵێم حەقیقەت بایەخی ئەو تاوانەی نییە. ناشمەوێت ئەو دایکە لەو زاڵمە ببورێت کە منداڵەکەی بە زیندوویی کردە خۆراکی سەگەل، هەقی نییە لێی ببورێ! لێی گەڕێ ئەگەر پێی خۆشە لەبەر دڵی خۆی لێی خۆشبێ. لێی گەڕێ با لەبەر ئازاری بێ سنوور و سووتانی جەرگی دایکانەی خۆی لەو زاڵمە ئەشکەنجەدەرە خۆش بێ، بەڵام هەقی ئەوەی نییە ئازاری منداڵە ئەشکەنجەدراوەکەی ببەخشێ، تەنانەت ئەگەر منداڵەکەش لەو ئەشکەنجەدەرە ببورێ. دایکی هەقی نییە لێی ببوورێ، ئەگەر واشبێ، ئەگەر ئەوان نەوێرن لەو زوڵمانە خۆشبن، دادپەروەری و هاوسەنگی چی بەسەر دێ؟ بڵێی لە سەرانسەری جیهاندا کەسێک هەبێ هەقی لێبوردنی هەبێ و بتوانێ لە تاوانبار خۆشبێ؟ من دادپەروریم ناوێ، ئەو هاوسەنگییەم بۆچییە؟! لەبەر دڵسۆزی بۆ مرۆڤایەتی ئەوەم ناوێ.) (برایانی کارامازۆڤ- بەرگی یەکەم، بەندی دووەم، کتێبی پێنجەم، بەشی چوارەم)

         هێزی ئەم ئارگۆمێنتە لە نێوان تیۆریی ئایینیی (هاوسەنگی؛ کە لە ئەنجامی قوربانیدانەکەی مەسیحە) و ناڕەحەتی سروشتی مرۆڤە لە دۆخی نالەباری ستەملێکراو و ئازارچەشتووەکاندا. هەربۆیە هاوسەنگییەک بوونی نامێنێت بەرامبەر ئەو ئازارانەی ڕۆژانە مرۆڤەکان دەیچێژن.

         هۆکاری دووەم، ڕەنگە هەرگیز نەگاتە ئەنجام، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بێ توانایی هەر مرۆڤێک لە گۆڕینی ویستی خۆی بە تەواوی بۆ ئەوەی لەگەڵ ویستی خودادا ببێت بە یەک. ئایە دەکرێت مرۆڤی ئاسایی بە تەواوی ئەو گۆڕانکارییە ئایینیی و ڕۆحییە بکات کە مەسیح کردوویەتی؟ پڕۆسەی شێوەگۆڕین وەک لە هاگیۆگرافی و ئەدەبیاتی ڕووسیدا وێنای کراوە بەم شێوەیە جەختی لەسەر دەکرێتەوە: دڵ یان ویستی مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ یەکانگیر بوون لەگەڵ ویستی خودادا، و پاشان ئەقڵی مرۆڤیش بەدوایدا دێت. ئەمەش لەو قسانەی مەسیحەوە دێت کە دەڵێت: (بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیرکردنەوەتەوە یەزدانت خۆشبوێت – مەتتا ٢٢:٣٧) بێگومان گۆڕانکاریی بەبێ ئازار نابێت، بەڵام ئەم بانگەوازە بۆ بەخوداکردنی مرۆڤ کارێکی ئاسان نییە. ئایە هەموو مرۆڤێک دەتوانێت پەرە بە وێنەی خودا بدات لەناو خۆیدا تا بەرزترین قۆناغ؟


[1] – هەرچەندە سۆلۆڤ ٣٢ ساڵ لە دۆستۆیڤسکی بچووکتر بوو، بەڵام ئەو دووانە هاوڕێیەکی نزیکی یەکتر بوون، بە شێوەیەکی گشتی زۆرینەی توێژەر و لێکۆڵەران پێیان وایە کە سۆلۆڤ ئیلهامبەخشی دۆستۆیڤسکی بووە بۆ کارەکاتەرەکانی (ئاڵیوشا) و (ئیڤان کارامازۆڤ).