رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

چەمکی ئازار لە کڵێسەی ئۆرسۆدۆکس و کۆمەڵگەی ڕووسییدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئەلیزابێس ئیواڵد

وەرگێڕان: فریاد حەسەن

پێشەکی

خوێنەرانی دۆستۆیڤسکی هەمیشە بەر کۆمەڵێک لە دووبارەبوونەوە دەکەون. لەبەر ئەوەی دووبارەکردنەوەیەکی زۆر ورد لە بەرهەمەکانیدا هەن، کە ئەم دووبارەکردنەوانەش سروشتێکی تاریک و نائارامیان لەناو خۆیاندا هەڵگرتووە. دۆستۆیڤسکی زۆرجار بۆ چیرۆکەکانی (گێڕانەوە مێژووییەکان، یاخود بابەتی ناو ڕۆژنامەکانی بەکارهێناوە) و لەم ڕێگەیەوە ئازارێکی ترسناکی لەناو بەرهەمە جیاوازەکانی خۆیدا کۆکردووەتەوە و خوڵقاندووە. باسکردنی پیاوێک کە دەبێتە بکوژی ژن لە ڕۆمانی (گەمژە)دا. یاخود ئەشکەنجەدان و کوشتنی پیرێژنێک لە ڕۆمانی تاوان و سزادا. دۆستۆیڤسکی لە بەرهەمەکانیدا مامەڵەی لەگەڵ زۆر پرسی جیاوازدا کردووە. بەڵام پرسی (ئازار) بابەتێکە کە دۆستۆیڤسکی بە بەردەوامی سەروکاری لەگەڵدا هەبووە و لەگەڵیدا ژیاوە. کارەکتەرەکانی ئەو لە دژی دوو دامەزراوەی ئایدیۆلۆژی کە هەوڵیان دەدا پاساو بۆ ئازار بهێننەوە قسەیان کردووە و هۆکارەکانی ئەمەش گەلێک زۆرن.

         دۆستۆیڤسکی لە نزیکەوە ئاشنای دوو فەلسەفەی سەرەکی بوو، ئەوانیش: فەلسەفەی مەسیحییەتی ئۆرسۆدۆکسی و یۆتۆپیای سۆسیالیزم بوون. کە هەریەکەیان تێگەیشتن و پاساوی تایبەت و وردی خۆیان هەبووە بۆ ئازار و هەردووکیان ڕێگە چارەسەری تایبەت بە خۆیان بۆ دیاری دەکرد. بەڵام کاتێک لێکۆڵینەوە لە بەرهەمەکانی دەکەین، ئەو گومانە لە مێشکی خوێنەراندا دروست دەبێت کە ئایە دۆستۆیڤسکی پابەند بووە بە هیچ کام لەم دووانەوە؟. بە دڵنیاییەوە دۆستۆیڤسکی زیاتر لە کۆنسێپتە مەسیحییەکانەوە نزیک بووە و بەرهەمەکانی بە ئاشکرا دژی ئەو بنەما و بیروباوەڕانە قسە دەکەن کە سۆسیالیزم پشتگیریی دەکردن. بەڵام لە هەمان کاتیشدا دۆستۆیڤسکی بە گشتی مەسیحییەتی ئۆرسۆدۆکسی ڕووسی قبوڵ نەدەکرد. دۆستۆیڤسکی لە ڕۆمانەکانیدا جەختی لەسەر گرنگی بەها مرۆییەکان و خۆشەویستی مەسیحییانە کردووەتەوە، بەڵام بە پێچەوانەی ئۆرسۆدۆکسە نەریتییەکەوە. ئەو جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئازار نهێنییەکە ڕەنگە هیچ شتێکی ئەم گەردوونە نەتوانێت قەرەبووی بکاتەوە.

         هەروەها تیشکی دەخستە سەر دۆخی نالەباری مرۆڤ کە چۆن لە ڕووی دەروونییەوە ئازار دەچێژێت. هەندێک لە کارەکتەرەکانی بە هۆی بیروباوەڕە ئایینییەکەیانەوە ئازار دەچێژن. ئەو کارەکتەرانەیشی بیر لە هەندێک تیۆریی تایبەت دەکەنەوە و ئەمەش بێ بەزەییانەش ئازاریان دەدات و بێتواناشن لە چارەسەرکردنیدا. جێگای سەرنجە کە نە ئۆرسۆدۆکس و نە سۆسیالزم بە شێوەیەک کە جێگەی ڕەزامەندی بێت وەڵامی ئەم جۆرە ئازارەیان لا نەبوو.

ئەم لێکۆڵینەوەیەی ئێمەش بە پشت بەستن بە ڕۆمانەکانی، تیشک دەخاتە سەر تێڕوانینی دۆستۆیڤسکی سەبارەت بە ئازار. بێگومان خوێنەر هەرگیز ناتوانێت ئایدیۆلۆژیای کارەکتەرێک هەڵبژێرێت و بیسەپێنێت بەسەر تەواوی ڕۆمانەکەدا (ئەمە ئەو شتە بوو کە دۆستۆیڤسکی خۆی باوەڕی پێی هەبوو). بەرهەمەکانی ئەو چەندین تێڕوانینی جیاواز لە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینییە جۆراوجۆرەکان دەخەنە ڕوو، کە ئەمانەش لە ڕێگەی ئایدیای کارەکتەرەکانییەوە ئاشکرا دەکرێن. ئەوەش ڕوونە کە نووسەر بە چڕی بیری لە چەندین لایەنی جیاوازی هەر پرسێک کردووەتەوە کە دەیخاتە ڕوو و لە ناو ئارگۆمێنتەکاندا کارەکتەرە جیاوازەکانی دۆستۆیڤسکی ئەم لایەنە جیاوازانە پێشکەش دەکەن، بەڵام بێگومان ئارگۆمێنتی هەندێک لە کارەکتەرەکان لە ئەوانی دیکە گرنگترن، ئەمانەش ئەو ئارگۆمێنتانەن کە خوێنەر پێی وایە لە بیروباوەڕەکانی دۆستۆیڤسکی خۆیەوە نزیکترن.

         بەڵام شتێک هەیە کە ئەویش ڕوونە، دۆستۆیڤسکی بە درێژایی ژیانی لە تێڕوانینەکانیدا قەلەق بوو، لە نێوان ئەڤینی جیاوازیی مەسیحی ئۆرسۆدۆکسیی و بێزاری لە مامەڵەی خراپی چینە کۆمەڵایەتییەکەی خوارەوەی ڕووسیادا گیری خواردبوو. لە ناو ئەم دوو بیروباوەڕەدا بانگەشەی بۆ خۆشەویستیی مەسیحیانە دەکرد بۆ کەمکردنەوەی ئازار، بەڵام بەبێ ئەوەی بەڵێنی گەڕانەوەی ژیانێک بدات لە دوای مردنەوە. هەتا کۆتایی ژیانی، دۆستۆیڤسکی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە (لە ڕێگەی گڕی گومانەوە گەیشتووەوە ئیمان).بەڵام ئەو لە کۆمەڵێک تێڕوانینی تایبەت بە خۆیەوە گەیشتبوو بە مانای ئازار، نەک لە لاهوتێکی تایبەت یاخود ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە.

         کارەکتەرەکانی دۆستۆیڤسکی زۆرکات تێڕوانینێک سەبارەت بە ئازار دەخەنە ڕوو کە بەم شێوەیەیە: دەتوانرێت ئازار بە خۆشەویستییەکی بەردەوام و خۆنەویستانەی نێوان مرۆڤەکان چارەسەر بکرێت، هەروەها هەوڵی بەردەوامی مرۆڤەکان بۆ گۆڕینی خۆیان تا پڕ ببن لە خۆشەویستی و ئەڤین، بەبێ ئیگۆ، کامڵ لە ڕووی ئەخلاقییەوە، ئەم تێگەیشتنەش بە تەواوی لەسەر زەوی بەدەست ناهێنرێت، وە بە پێی ئەوەی کە ئازار هەیە ڕەنگە قەرەبووکردنەوەی لەسەر زەوی یان ژیانی دوای مردندا نەدۆزرێتەوە، بۆ نموونە ئازاری سروشتێکی دەروونیی-ئایینیی.

         هەرچەندە زۆرجار چیرۆکەکانی زۆر غەمگینانەن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەکرێت گەشەپێدەریش بن، قبوڵکردنی ئازار وەک مەرجی ژیان جەخت لەسەر گرنگی ژیانکردن دەکاتەوە وەکو گەشتێکی بێ کۆتایی، هەندێک جار هێندەی گەڕان بە دوای وەڵامەکەدا گرنگە، ڕەنگە خودی وەڵامەکە هێندە گرنگ نەبێت، تاکە ڕاستییەک کە دۆستۆیڤسکی سەبارەت بە ئازار ئاشکرای کرد ئەوە بوو کە “ئازار نهێنییە” {MYSTERY} {ئاڵۆزە}.

دۆستۆیڤسکی و ئۆرسۆدۆکسی ڕوسیا؛ پەیوەندییەکی ئاڵۆز

(مەسیحیەت بۆ دۆستۆیڤسکی پەیوەندی بە زەوی و مرۆڤەوە هەیە. پرسیاری خودا بۆ دۆستۆیڤسکی پرسیارێکی مرۆییە، پرسیاری مرۆڤیش پرسیارێکی خوداییە.)

         لە ناو ئەو سەرچاوە بێشومارانەی کە کاریگەرییان لەسەر تێگەیشتنی دۆستۆیڤسکی بۆ ئازار هەبووە، گومانی تێدا نییە کە پەروەردە مەسیحییەکەی ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە. دۆستۆیڤسکی لە کڵێسای ئۆرسۆدۆکسی ڕووسیا و لە ناو خێزانێکی ئایینپەروەردا گەورە بووە، بەتایبەتی دایکی کە خواپەرستێکی توند بوو. ئەوە دایکی بوو کە فێری خوێندنەوە و نووسینی کرد لە ڕێگەی پەیمانی کۆن و نوێوە. دۆستۆیڤسکی باسی لەوە کردووە کە چۆن لە سەرەتی ژیانیدا بەهۆی ڕووداوی ناو ژیانی پایەپیرۆزەکانی مەسیحییەتەوە خەیاڵاتی گەشەی کردووە، کە شێوازی زاهیدانە و بەزەیی و ئازار و خاكەڕاییان لەسەر بنەمای خودی مەسیح بووە. هەرچەندە ئەمانە بۆ دۆستۆیڤسکی کاریگەرییان هەبووە و ئیلهام بەخشن بوون، بەڵام دۆستۆیڤسکی بەهۆی دۆخی نالەباری ژیان و ڕواڵەتبینیی مرۆڤەوە تووشی ئازار دەبوو.

         مرۆڤ هەر ئەوەندەی چەند دێڕێک لە دەمی ئیڤان کارامازۆڤەوە بخوێنێتەوە بەسە بۆ ئەوەی لە ناڕەحەتی نووسەرەکەی تێبگات، ئازار کێشەیەکی ئەبستراکت نەبوو کە بە عەقڵانی بکات، بەڵکو خراپییەکی بەرجەستەییانە بوو کە دۆستۆیڤسکی هەوڵی دەدا لێی تێبگات. لە ڕۆمانەکانیدا مرۆڤ بەر لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەکەوێت دەربارەی ئازار. هەروەک چۆن نووسەرێک دەڵێت: (ئازارچەشتوو هەمیشە چاوی لە بەهەشتە، ئەو شوێنەی کە خودا لەناو بێدەنگیدا لێی دانیشتووە.)

         بۆ شیکارییکردنی هەندێک چەمک لای دۆستۆیڤسکی، بە نموونە “خراپە”، پێویستە بەدواداچوون بۆ تێگەیشتنی ئۆرسۆدۆکسییانە بکرێت دەربارەی خراپە و چۆنیەتییەکەی. دۆستۆیڤسکی لە کڵێسادا بە شێوازێکی جیاواز لە ئازاری مرۆڤ نزیک بووەوە. لەو شوێنەی کە ئۆرسۆدۆکس هەوڵدەدات ئازار ڕوون بکاتەوە، بەڵێنی ڕزگاربوونێکی هەمیشەیی لەو ئازارە و تێپەڕاندنی دەدات، بەڵام لەولاوە دۆستۆیڤسکی دێت و پرسی ئازارمان بۆ شیدەکاتەوە بەبێ ئەوەی چارەسەرێکی دیاریکراوی بۆ دابین بکات. ئەو پێی وابوو کە گەورەترین بەخششێک مرۆڤ بتوانێت بیبەخشێت ئەوەیە کە دراوسێکەی خۆی خۆشبوێت و ئازارەکانی ئەو وەک ئازارەکانی خۆی ببینێت و بچێژێت، بە ئەمجاندانی ئەم کارە مرۆڤ دەتوانێت باری مرۆڤە هاوشانەکەی خۆی کەم بکاتەوە و ڕزگاربوونێکی کاتیی پێ ببەخشێت. بەڵام لە ڕێگەی کارەکتەرەکانییەوە گومانەکانی خۆی سەبارەت بە بوونی ژیانێکی دیکە لە دوای مردن ئاشکرا دەکات، دۆستۆیڤسکی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە مەسیحییەکی ئۆرسۆدۆکسیی دڵسۆزە، بەڵام لە نووسینەکانیدا ئەوە نیشان دەدات کە ڕەنگە هیچ ڕێگەیەکی ڕاستەقینە بوونی نەبێت تا لە دوای ئەم ژیانەوە قەرەبووی ئازارەکانی مرۆڤایەتی بکاتەوە. بە جێهێشتنی ئەم پرسیارەش بەبێ وەڵام، جەخت لەوە ڕاستییە دەکاتەوە کە “ئازار نهێنییەکە و ڕەنگە لە گەردووندا هیچ چارەسەرێکی نەبێت.” بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئاماژە بە خۆشەویستییەکی کاتیی و زەمینیی دەکات وەک چارەسەرێکی کاتیی.

         کڵێسای ئۆرسۆدۆکسی ڕووسیا، کە دۆستۆیڤسکی تێیدا پەروەردە بووە، بە جۆرێک خراپە دەبینێت کە لە چەند هێزێکەوە سەرچاوەی گرتووە و لەو ڕێگەیەوە گەشە دەکات. یەکەم شیکردنەوە بۆ خراپە سەرچاوەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ سروشتی دۆخی کەوتووی (شکستخواردووی) مرۆڤ و فریشتە یاخیبووەکان. سەبارەت بەوەی دووەمیان (فریشتە یاخیبووەکان) قەشە کالیستۆت وێر لە کتێبی (ڕێگای ئۆرسۆدۆکس)دا دەڵێت: “بۆ ئۆرسۆدۆکسەکان، کەوتنی فریشتەکان چیرۆکێکی وێنەیی نییە بەڵکو ڕاستییەکەی ڕۆحییە.” هەرچەندە دەربارەی شەڕی نێوان خودا و فریشتەکان لە کتێبە پیرۆزەکاندا زۆر کەم باسکراوە، چونکە چیرۆکێکە خزمەت بە ڕوونکردنەوەی بوونی خراپە دەکات. پاساو بۆ ئەو خراپەیە ناهێنێتەوە کە مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا دەیسەپێنێت. بەڵکو گریمانەی ئەوە دەکات کە کەوتنی فریشتەکان بناغەیەکی دامەزراندووە و لە ڕێگەیەوە خراپەکاریی لەسەر زەوی پەرە دەسەنێت و سەرهەڵدەدات.

         {یەکەم: جگە لەو خراپەیەی کە ئێمەی مرۆڤ بە شێوەیەکی تایبەتی (شەخسی) بەپرسیارین لێی، لە گەردووندا هێزگەلێکی زۆر هەن کە ئیرادەیان دەگۆڕێت بۆ خراپە، ئەم هێزانە مرۆڤ نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەسیین (personal)، بوونی ئەم هێزە شەیتانیانە گریمانە یاخود ئەفسانە نین، بەڵکو…. بابەتێکی ئەزموونیی ڕاستەوخۆیە. دووەم: بوونی هێزە ڕۆحییە کەوتووەکان یارمەتیدەرمانە تا تێبگەین بۆچی لە خاڵێکی کاتیدا، کە بە ڕواڵەت پێش دروستکردنی مرۆڤە، دەبێ جیهانێکی تێکچوو و بێ کەڵک و دڕندانە بدۆزرێتەوە. سێیەم: یاخیبوونی فریشتەکان بە فراوانی ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە کە خراپە لە خوارەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە سەرەوە، خراپە لە ماددەوە سەرچاوە ناگرێت بەڵکو لە ڕۆحەوە سەرچاوە دەگرێت. خراپە… (هیچ نییە)، بوونەوەرێک یاخود ماددەیەکی هەبوو نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی هەڵەیە بەرامبەر بەو شتەی کە خۆی لە خۆیدا باش و چاکە.} – (قەشە کالیستۆس وێر، ڕێگەی ئۆرسۆدۆکس)

         لەناو ئەم شیکردنەوەیەی کەوتنی فریشە یاخیبووەکاندا چەندین پرس هەن کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن. یەکەم: تێڕوانین سەبارەت بەو جیهانەی کە مرۆڤی تیادا لەدایک بووە، لە سەرەتاوە کەموکووڕی هەیە. “پشێوی” و “توندوتیژی” لە سروشتدا هەن و بەرپرسیارن لەو نادادپەروەرییە بێشوومارەی کە هەیە. منداڵەکان بە کەمئەندامی لەدایک دەبن، پلێتە تەکتۆنییەکان تەواوی شارەکان دەلەرزێنن و لەناویان دەبەن، نەخۆشییە ترسناکەکان کە دەتوانن تەواوی گەلان بسڕنەوە. بوونی ئەم بەدبەختییە سروشتییانە جێگەی ڕەتکردنەوەیە. دۆستۆیڤسکی خۆی قوربانیی نەخۆشیی سەرئێشە بوو، ئەو حاڵەتە دەمارییە توندە زۆرجار دەکرێت کوشندە بێت بۆ مرۆڤ. زۆرێک لە کارەکتەری ناو ڕۆمانەکانیشی بە هەمان شێوە سروشت ستەمی لێکردوون: شازادە میشکین (لە گەمژەدا) وەکو دۆستۆیڤسکی دووچاری سەرئێشە و فێ لێهاتنە. ئیپۆلێت (لە گەمژەدا) و کاترینا ئیڤانۆڤا (لە تاوان و سزادا) تووشی نەخۆشی سیل دەبێت. ماریا تیمۆفیێڤنا (لە شەیتانەکاندا) لە ڕووی جەستەییەوە پەککەوتەیە. ئایە دۆستۆیڤسکی خۆی، ئەم کەمئەندامێتییەی دەگەڕاندەوە بۆ بنەمای فریشتە کەوتووەکان یاخود نا، ئەمە نازانرێت، و خۆیشی هەرگیز بە تایبەتی دان بەو شتەدا نانێت. هەرچەندە کە دەگاتە سەرەی ئەوان، بە بەزەییەوە لەسەریان دەنوسێت، بەڵام تووشبوانی ئەم خراپە زەمینییانە خەمی سەرەکی ئەو نەبوون، دۆستۆیڤسکی سەرنجی لەسەر ئەو توندوتیژییە بوو کە مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا دەیسەپاند و بەکاری دەهێنا.

         وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئۆرسۆدۆکس جەخت لەسەر ئەو باوەڕە دەکاتەوە کە خراپە (هیچ شتێک نییە)، و تەنیا نەبوونی “چاکە”یە. جیهان لە بنەڕەتدا خۆی چاکە، بەڵام بۆشایی هەیە و لەم بۆشاییەشدا خراپە دەردەکەوێت، بەڵام ئەم خراپە و گوناهـە بەو شێوەیەی کە ئێمە پێناسەی دەکەین “بوونی نییە” یاخود “ماددی” نییە. بەڵام دۆخی نالەباری کارەکتەرەکانی دۆستۆیڤسکی پێچەوانەی ئەمە دەخەنە ڕوو. ئەمەش دەکرێت لەناو یەکێک لە گوتەکانی ئیڤان کارامازۆڤ لە (برایانی کارامازۆڤ)دا ببینرێت، کاتێک باس لە کچێک دەکات کە لەلایەن دایک و باوکیەوە ئەشکەنجە دەدرێت. دۆستۆیڤسکی ئەم چیرۆکەی لە دۆسیەیەکی ڕاستەقینەی دادگاوە وەرگرتووە:

         (ئەو کچە بەستەزمانە پێنج ساڵانەیە، دایک و باوکە خاوەن فەرهەنگەکەی بە هەموو شێوەیەک ئازاری دەدەن، لێیدەدەن، بە قامچی هەڵیدەتیزێنن، بەبێ هیچ بنۆسێک هێندەی لێ ڕەبا دەدەن و سیخورمەی تێدەکوتن و بە شەق تێی هەڵدەدەن هەموو گیانی وەک کەوکەمانە شین و ڕەش هەڵدەگێڕن. پاشان لەوەش زیاتر شووڵی لێ هەڵدەکێشن و لە کاتی سەرما و بەستەڵەکدا دەیکەنە نێو مەبال و دەرگای لەسەر دادەخەن، چونکە داوای لێ نەدەکردن شەوانەش لەو ئاودەستەی بێننە دەرێ، (پێیان وایە منداڵێکی پێنج ساڵان کە وەک فریشتە خەو دەیباتەوە، دەکرێ فێر بێت و لە خەو ڕاپەڕێت و داخوازییەکی هەبێت) میز و پیسایی بە سەروچاویدا دەکەن و ناچاری دەکەن بیخوات، دایکیشی، ئەرێ دایکیشی ئەو کارەی لەگەڵ کردووە. جا بیهێنە بەرچاوی خۆت دایکێکی ئاوا، زوڕە زووڕی منداڵە زیندانی و بەستەزمانەکەی لە نێو ئاودەستەوە بگاتە گوێی و خەوی لێ بکەوێت! سەرت لەوە دەردەچێت کە بوونەوەرێکی چکۆلە، کە تەنانەت لەوە ناگات چ بەڵایەکیان بەسەردا هێناوە، لەو شوێنە پیسەدا، لەو ئاودەستە سارد و تاریکەدا بە دەستە چکۆلەکانی لە سینگە پڕ ژانەکەی خۆی دەدات و فرمێسکە زوڵاڵ و بێ ڕقەکەی پێشکەش بە خودای ئەڤین و دلۆڤان دەکات تاوەکو ئاگای لێی بێت؟ (برایانی کارامازۆڤ – بەرگی یەکەم، بەندی دووەم، کتێبی پێنجەم، بەشی چوارەم)

       ئەستەمە بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم خراپە نامرۆییە تەنیا لە نەبوونی “چاکە”ەوە سەریهەڵدابێت بتوانێت دۆستۆیڤسکی ڕازی بکات. “هیچ” دەتوانێت کاریگەریی زۆری بێت؛ دەتوانێت بێکردەوەیی شایەتحاڵی کوشتنێک بێت، کەسێک کە “هیچ شتێک” ناکات. هەربۆیە ئەم ڕوونکردنەوە ئۆرسۆدۆکسییانەیە بۆ خراپە بە تەواوی بەس نییە. ئەو خراپەیەی کە دۆستۆیڤسکی باسی دەکات “هیچ” نییە، بەڵکو ئامادەگییەکی سەرسەختی هەیە. ڕاستە لە کاتی بەڵا و خراپەدا، چاکە بە تەواوی بوونی نییە. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە خراپە تەنیا نائامادەگیی چاکە و بۆشاییەک بێت. دۆستۆیڤسکی لەم گێڕانەوەیەدا جەوهەری خراپە دیاری دەکات و لە کارەکتەرەکانیشیدا ڕووخساری پێ دەبەخشێت. ناوهێنانی خراپە بە “هیچ” تێگەیشتمان سەبارەت بە کاریگەریی لەسەر مرۆڤ و جیهان بەتەواوی دەشێوێنێت.

         لە کاتێکدا بەشی یەکەمی ئەم لێکدانەوە ئۆرسۆدۆکسییە سەبارەت بە خراپە، تێکچوونی جیهان دەگەڕێنێتەوە بۆ فریشتە کەوتووەکان، بەشی دووەم لێکۆڵینەوە لە بەشداریکردنی مرۆڤ دەکات، چونکە تەنیا فریشتە یاخیبووەکان نەبوون کە کەوتنە خوارەوە، بەڵکو مرۆڤیش بوو. لێرەدایە کە دەبێت مافی ئیرادەی ئازادانەی مرۆڤ هەڵسەنگێندرێت.

         (مرۆڤ دێتە جیهانێکەوە کە بەهۆی کەوتنی فریشتەکانەوە پیس بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا هیچ شتێک مرۆڤی ناچار نەکردووە گوناهـ بکات. حەوا لەلایەن مارەکەوە تووشی وەسوەسە بوو سەبارەت بە درەختەکە، بەڵام ئازاد بوو لەوەی کە پێشنیارەکەی ڕەت بکاتەوە. “گوناهی ڕەسەن”ی ئەو و ئادەم بریتی بوو لە کردەوەیەکی هۆشیارانە لە نافەرمانی، ڕەتکردنەوەی بە ئەنقەستی خۆشەویستی خودا، وەرچەرخانێکی ئازادانە لە خوداوە بۆ خود.) برایانی کارامازۆڤ

         مرۆڤ کەوت، چونکە ئەو ویستە ئازادەی کە خودا لە کردەیەکدا پێی بەخشی بوو، شێواندی. بەهۆی ئەم تاوانە ڕەسەنەوە، تەواوی مرۆڤایەتی سزا دراوە. هەر لەبەر هەمان ئەو ویستە ئازادەیە کە مرۆڤ بەردەوام دەبێت لە دوورکەوتنەوەی لە خودا. ئەم کەنداوەش هەمیشە لە گەورەبووندایە. مرۆڤ گوناهـ لە دژی خودا و هاوشانییەکانی خۆی (هاومرۆڤەکانی) دەکات. بەڵام لە نەریتی ئۆرسۆدۆکسیدا باوەڕی “ویستی ئازاد” باوەڕێکی پێویستە. – تەنیا بە ویستی ئازاد مرۆڤ دەتوانێت شایەنی خۆشەویستی خودا بێت و لە ڕووی ئەخلاقییەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت-  چ بە شێوەیەکی نەرێنی و بە چ شێوەیەکی ئەرێنی دەربارەی ئەو کارانەی کە دەیکات. مرۆڤ بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت، پێویستە بە پێی ویستی خۆی قبوڵی خودا و خۆشەویستییەکەی بکات و ئەمەش تەنیا کاتێک بەدی دێت کە بەتوانێت بە ویستی ئازادانەی خۆی ئەو کارە بکات.

         ویستی ئازاد ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە ڕێسای کڵێسای ئۆرسۆدۆکسیی ڕووسیادا کە ئەویش بریتییە لە شێوەگۆڕینی کۆتایی، یاخود بوونە پیرۆز (کردەیەک بەرەو ئیلاهیی بوون بتبات) (deification). نەریتی ئۆرسۆدکسی ڕووسیا پەرە بە ئیسکاتۆلۆژیای وەدیهاتوو دەدات، کە مرۆڤ لە ڕێگەی تێڕامان (meditation)ی هۆشیارانەوە لەگەڵ خودادا ئاوێزان دەبێت. وەکو چۆن خودا لە کایەی زەمینیدا بە مرۆڤ کراوە، ئەوە دەتوانرێت مرۆڤیش لێرە و لە ئێستادا بە خودا بکرێت.[1] باوکانی پیرۆز لە سەدەی هەشتەمی زایینییدا دەبارەی “وێنە” و باوەڕی “هاوشێوەبوون” بە وردی دواون. ئەوان پێیان وایە کە جەوهەرێکی ئیلاهیی لەناو مرۆڤدا هەیە، کە دەتوانرێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی دروستی ویستی ئازادەوە کامڵ بکرێت. “وێنە”ی خودا توانای گەشەسەندنی ڕۆحییە، ئەم وێنەیە لە سروشتی هەموو مرۆڤێکدا هەیە، “هەرچەندە بە شێوەیەکی خراپیش بژین، ئەوە وێنەی خودایی لەناویاندا تەمومژاویی و توێکڵدار دەبێت، بەڵام ئەم وێنەیەی خودا لەناو مرۆڤدا هەرگیز بە تەواوی لەناوناچێت”. لە کاتێکدا “وێنەکە” نوێنەرایەتی “ژیان لە خودادا” دەکات. هاوشێوەیی یاخود هاوشێوەبوون” بریتییە لە وەدیهاتنی ئەو جۆرە شتانە. کاتێک مرۆڤ “هاوشێوەبوون” بەدەست دەهێنێت، ئەوا لە هاوبەشیی تەواودایە لەگەڵ خودا و یەکە لەگەڵ خودادا.

         ئەم بیروباوەڕە دەبێت بە شێوەکەی لۆژیکی پێشگریمانەی ویستی ئازاد بکات. مرۆڤ بە ویستی خودا لەدایک نابێت، بەڵکو بانگکراوە بۆ ئەوەی ویستی خۆی بکاتە ویستی خودا. مەسیح نموونەیەکی تەواوی ئەم بانگێشتەیە. هەرچەندە لە مەسیحدا ویستی جیاوازی مرۆیی و خودایی هەن، بەڵام ئەم دووانە لە ئەودا توانیان بە تەواوی یەکبگرن. ویستی خودا هەرگیز بە تەواوی لەگەڵ ویستی مرۆڤدا یەک ناگرێت (جگە لەناو مەسیحدا نەبێت)، بەڵام ئەمە ئەو ئایدیاڵەشە کە مرۆڤ دەبێت هەوڵی بۆ بدات.

         لە نەریتی ئۆرسۆدۆکسیدا، ئەم پڕۆسەی شێوەگۆڕینە پەیوەندی نەک تەنیا لەگەڵ خودا، بەڵکو لەگەڵ مرۆڤیشدا دەگەیەنێت. داوا لە مرۆڤ دەکرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی خۆشەویستییەوە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکە ببەستێت “بینینی جیهان لە چاوی یەکتریەوە”. بەوەی کە ئاسوودە بیت بە سەرکەوتنی مرۆڤەکانی دیکە و خەم بۆ ئازاری مرۆڤەکانی دیکە بخۆیت. مرۆڤ لە ڕێگەی کردەی هۆشیارانەی خۆشەویستیی و بەزەییەوەیە کە دەتوانێت بگات بە قۆناغی (هاوشێوەبوون) لەگەڵ خودا. ئەمە کارێکی ئاسان نییە، ئەگەر مرۆڤ بەڕاستی مرۆڤەکانی دیکەی خۆشبوێت ئەوە ئازاری ئەوانی دیکە وەک ئازاری خۆی دەبینێت. ئەگەر مرۆڤ بیەوێت لەگەڵ خودادا پەیوەندی ببەستێت ئەوە دەبێت هەر مرۆڤێک بە تەنیا تەواوی مرۆڤایەتی خۆشبوێت و ئازاری ئەوان لەگەڵ خۆیدا هاوبەش بکات.

         ئەم باوەڕە قەرەبووی ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە ناڕەوایە هەموو مرۆڤایەتی بەرپرسیار بێت لە (گوناهی ڕەسەن) کە لەلایەن یەک مرۆڤەوە ئەنجام دراوە. مرۆڤایەتی لەسەر سەرپێچی یەک مرۆڤ سزا دەدرێت، چونکە مرۆڤ واتای وابەستبوونە بەیەکترییەوە. هەموو کردارێک کاردانەوەی هەیە و و “هیچ مرۆڤێک تەنیا و سەربەخۆ نییە” کاتێک مرۆڤێک ئازار دەچێژێت دەبێت هەمووان لەگەڵیدا ئازار بچێژن و بەم شێوەیە ئازارەکانی کەم بکەنەوە. ڕەنگە کۆی مرۆڤایەتی بە تایبەتی بەرپرسیار نەبێت لە گوناهەکانی پیاوێکی دیکە، بەڵام “بە جۆرێک هەمیشە تیایدا بەشدارە”. سزایەکی گەردوونی بە خۆشەویستییەکی گەردوونی بەرپەرچ و وەڵام دەدرێتەوە.

         لە ڕووسیای سەردەمی دۆستۆیڤسکیدا، دۆکتیرینی “وێنە” و هاوشێوەبوون” دۆخێکی ناسیۆنالیستیانەی پێگەیاند. چینی ناوڕاست و کرێکارانی ئەو سەردەمە ڕۆژانە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ژێڕ کاریگەریی کڵێسای ئۆرسۆدۆکسی ڕووسیادا بوون و لە کڵێسا جیا نەکرابوونەوە. هەر لەم کاریگەرییە گەورەیەوە لەسەر ڕووسەکان چەمک و نموونەی باو لەناو هاوڵاتییاندا سەریان هەڵدا، کە خۆیان وەک نەتەوەیەکی ئایینپەروەری ناوازە ناساند، ئەوان پێیان وابوو نەک بەشێک لە خودا لە رۆحی مرۆڤ بە گشتیدا هەیە، بەڵکو لە زۆر بارودۆخدا ئەمە تایبەتە بە گەلی ڕووسیا. ئیتر لێرەوە بیرۆکەی (ڕووسیای پیرۆز) هاتە ئاراوە.

         (ئەم بیرۆکەی ڕاستودرووستیە لە مرۆڤە سادەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە حەقیقەتی خودا دەبینن و هەستی پێ دەکەن و خاکەڕایانە ئازارەکان دەخەنە سەر شانی خۆیان. (ڕووسیای پیرۆز) هێشتا ئایدیاڵێکە کە هەڵگری ناسیۆنالیزمێکی تایبەتیی کڵێسایە، نەوەکو ناسیۆنالیزمێکی تەسک، بەڵکو زیاتر بانگەشە بۆ باوەڕێکی تایبەتی ڕووسیا دەکات. کە نوێنەرایەتی خۆبەخشییەکی نیشتیمانی دەکات بۆ ئەوانەی کە پیرۆزن). (ڤاسیلی زێنکۆڤسکی)

         دیدگای ناسیۆنالیستی (ڕووسیای پیرۆز) تیۆرییەکانی جەماوەری ڕووسیای لەخۆگرتبوو، کە قەبووڵکردنی زەوی و ژیان بوو وەک خۆی، لەگەڵ گەڕان بۆ حەقیقەتی خودایی. ئەمەش لەگەڵ خاکەڕاییەکدا یەکیدەگرتەوە کە پێویستی بە قوربانیدانی خۆ (خود) هەبوو. ئازار بوو بە ئایدیاڵێک، خەباتێک کە مرۆڤ ئامادە بوو وەک بارێک لە ڕێگەی بەرەو حەقیقەتدا وەریگرێت. بە شێوەیەکی باو باوەڕیان وابوو کە کاتێک ئازار دەچێژیت تەنیا نیت، کاتێک ئازار دەچێژیت مەسیح لەگەڵتە، کاتێک ئازار دەچێژیت نزیکتریت لە مەسیح (کە ئەم تێڕوانینەش لەلایەن کڵێسای ئۆرسۆدۆکسییەوە بنیاتنرابوو).

         ئەم خووگرتنە بە ئازارەوە لە دۆگمای کڵێساشدا هەبوو، جۆرێک لە قەشە هەبوو کە تایبەت بوون بە ئۆرسۆدۆکسی ڕووسی و پێیان دەگوترا “هەڵگرانی ئازار”:

         (ئەمانە نەک تەنیا لەبەر باوەڕەکەیان کوژراون، بەڵکو وەک چۆن مەسیح مردنی قبوڵ کردووە ئەمانیش ئاوها قبوڵیان کردووە، واتە بەبێ بەرەنگاربوونەوە. لە یەکەمینەکانی ئەم قەشە ڕووسیانەش دوو بران، کە ئەوانیش بۆریسی گەورە و گلێب”ن، مردنیان لەسەر دەستی سڤیاتۆپۆلکی برایان قبوڵ کرد. ئەوان دەیانزانی کە دەکوژرێن بەڵام نەیاندەویست بەرەنگاری ببنەوە. دەیانتوانی خۆیان لە مردن بپارێزن بەڵام بڕیاریاندا لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا هاوشێوەی مەسیح بکەن.) (ئیلینا ڤاڵکۆڤا: چیرۆکی ڕزگاریی لە ئەدەبیاتی ڕووسیدا)

         یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە ئازار بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکیدا دەبینرێن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئامادەگییە چڕەی چەمکی ئازار لەناو کڵێسەی ئۆرسۆدۆکسی و کۆمەڵگەی ڕووسیدا.

         ئاماژە بەوەش کراوە کە دۆستۆیڤسکی بەتایبەتی ئارەزووی لە گرووپێکی کۆنەپەرستانە بووە کە پێشتر سەر بە کڵێسای ئۆرسۆدۆکسی بووە، ستیڤن کاسیدی، نووسەری کتێبی (ئایینی دۆستۆیڤسکی) دەڵێت:          (دۆستۆیڤسکی دووبارە و سێبارە دەگەڕایەوە بۆ دیارترینی گرووپە کۆنەپەرستەکان، ڕاسکۆڵینیکییەکان بوون، کە بە ئینگلیزی پێیان دەگوترێت باوەڕمەندانی کۆن، ئەم گرووپە لە سەدەی حەڤدەیەمدا سەری هەڵدا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو چاکسازییانەی لە دەقە ئایینیەکاندا دەکرا ناسران. بەم شێوەیە ڕاسکۆڵینییکییەکان بە پاکیزە ئایینییەکان ناسران، ئەو هەڵوێستانەی ئەوان بۆ ئازار لەبەر باوەڕەکەیان پێدەچێت کاریگەریی لەسەر خەیاڵی دۆستۆیڤسکی و خەیاڵی جەماوەری ڕووسیاش هەبووبێت. بۆ نموونە ڕاسکۆڵینییکییەکان لە کۆتایی سەدەی حەڤدەیەمدا بەوە ناسران کە بە کۆمەڵ خۆیان دەسووتاند.) (کاسیدی: ئایینی دۆستۆ


[1] – بە پێی ڕوونکردنەوەکانی وێر، کۆمەڵێک ڕەخنەی جدیی هەن سەبارەت بەوەی کە مرۆڤ دەبێتە خودا یاخود یاوەری خودا، ئەندێشەی ئۆرسۆدۆکسی ڕووسیا پێشنیاری بەشداریکردن دەکات لەگەڵ خودادا، ئەو داوا دەکات لەگەڵ خودادا بگەینە یەکێتی، نەوەک تێکەڵبوون.