رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پەیوەندییەکانی درام و شانۆ لە قۆناغی پۆستمۆدێرندا

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕان: فریاد حەسەن

پێشەکی

ئەو مێژوویەی کە لە بەردەستماندایە سەبارەت بە شانۆ پەیوەستە بە بوون و سەرهەڵدانی (دراماتیک)ەوە لە شانۆدا. بەو واتایەی مێژووی شانۆ بە شێوە ئەکادیمی و زاراوەییەکەی لەو کاتەوە نووسراوەتەوە کە دراماتیک لە شانۆدا دەستی پێکرد، ئەمەش دەمانبات بەرەو تێڕوانینێکی جیاوازتر، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە سەروکارمان لەگەڵ دراماتیک لەناو شانۆدا هەبووە نەک لەگەڵ خودی شانۆدا. زیاتر لە ٢٤٠٠ ساڵ شانۆ خۆی پەیوەست کردبوو بە دراماتیکەوە، بە جۆرێک وای لێهاتبوو هەر دیمەنێک دراماتیکیی نەبوایە، ئەوە شانۆییش نەبوو. بەم پێیەش شانۆی پۆستمۆدێرن و پۆستدراماتیک لە هەوڵی گەڕانەوەی شانۆدان بۆ ئەو شوێن و جەوهەری کە لێیەوە سەری هەڵداوە، ئەویش ڕیتواڵە. هەڵبەت ئەم گەڕانەوەیەش تەنیا گەڕانەوەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو گەڕانەوەیەکی تەواو ڕادیکاڵانەیە. یەکێک لە هەنگاوە گەورەکانی شانۆی پۆستمۆدێرن دوورکەوتنەوەیەتی لە دراماتیکیی، هەڵبەت ئەم هەنگاوەش بە شێوەیەکی جددیی لەلایەن برێختەوە نراوە و کاری لەسەر کراوە کە ئێمە لەم زنجیرە وەرگێڕانەدا دوو بەشی تەواومان بۆ شانۆی داستانیی برێخت تەرخان کرد.

         لەگەڵ دابڕینی شانۆ لە دراما، تەواوی لایەن و پێکهاتەکانی دیکە لە شانۆدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، مەبەست لەم گۆڕانکارییەش گۆڕانکاریی خودی پێکهاتەکان نییە، بەڵکو گۆڕانکارییە لەناو جەوهەری پێکهاتەکاندا، کە پراکتیزەکاران کاری تیادا دەکەن. لەگەڵ دوورخستنەوەی دراما لە شانۆ، “تێکست و ئەکتەر و جەستە و دەنگ و دونیابینی دەرهێنەر و گوتاری نمایش و سینۆگرافیا و تەواوی پێکهاتە وردەکانی دیکەی شانۆ” گۆڕانکاریی بەخۆیانەوە دەبینن.

         لە لایەکی دیکەشەوە شانۆی پۆستمۆدێرن نەک هەر وەکو کردەی پراکتیکی، بەڵکو وەکو بابەتێکیش بۆ تێگەیشتن هەرگیز ئاسان نەبووە، هەتاوەکو ئەمڕۆش بینەری نمایشە پۆستمۆدێرنەکان و خوێنەری بابەتە پۆستمۆدێرنەکان ناگەنە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە چەمکە کلتووریی و شانۆیی و زانستییەکان. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەگەر بمانەوێت لە شانۆی پۆستمۆدێرن تێبگەین پێویستە تەواوی ئەو بنەما و ڕێسایانەی پێشتر هەمانبووە سەبارەت بە شانۆ و پێکهاتەکانی هەڵبوەشێنین و سەرلەنوێ پێناسەیان بکەینەوە. هەر ئەمەشە لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە گرفتی زۆری بۆ بینەری نمایشە پۆستمۆدێرنەکان دروست کردووە. هەر بۆ نموونە ئەگەر یەکێک لەو خاڵانە وەربگرین چ لە ڕووی زاراوە و چ لە ڕووی مانا و ئەرک و مافیشەوە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، ئەویش (ئەکتەر)ە، ئێمە لە شانۆی پۆستمۆدێرندا چیتر ئەکتەرمان نامێنێت وەک ئەوەی پێشتر مامەڵەی لەگەڵ دەکرا و ئەرکەکانی خۆی بەجێ دەگەیاندا، بەڵکو ئیتر “پێرفۆرمەر”مان، جیاوازیی ئەکتەر و پێرفۆرمەریش ئێجگار زۆرە، بەتایبەتی لە ڕووی گوتار و پەیامەکەیانەوە. هەربۆیە بۆ تێگەیشتن بۆ لە شانۆی پۆستمۆدێرن پێویستمان بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ورد هەیە، هەتا بتوانین بناغەیەکی ڕوون و پتەو بۆ ئەو شانۆ نوێیە بنیات بنێین.

داستانسازیی – پیتەر سیزۆندی و ڕۆڵان پارت

شانۆی مۆدێرن بە شێوەیەکی جەوهەریی یەکێکە لە مۆدێلە بەسەرچووەکانی دراما لەناو لایەنە گرنگەکانی شانۆدا، هەر وەکچۆن پیتەر سیزۆندیش تێبینی ئەمەی کردبوو، بەڵام ئەمە پرسیارێک دروست دەکات، ئەوەیش ئەوەی کە چ شتێک جێگەی دراما دەگرێتەوە؟ وەڵامە کلاسیکییەکەی سیزۆندی بریتی بوو لە “تیۆریەزەکردنی فۆڕمی نوێی دەقەکان”، کە ئەمەش لە شتێکەوە سەری هەڵدابوو کە ئەو بە “قەیرانی دراما” وەسفی کردبوو و یەکێک لە بوو لە جۆرەکانی (داستانسازیی)، بەم شێوەیە شانۆی داستانی کردە کلیلێکی گشتگیر بۆ تێگەیشتن. بەڵام ئەم وەڵامە بە تەنیا بەس نییە. سیزۆندی هەر لە سەرەتاوە گوتبووی:

         (بەو پێیەی بەرهەمە شانۆییە مۆدێرنەکان لەناو خودی دراما و دوور لە دراماوە گەشە دەکەن، ئەوا دەبێت ئەم گەشەکردنەش بە یارمەتی چەمکێکی جیاواز ڕەچاو بکرێت، ئەو چەمکەش کە لێرەدا یارمەتیمان دەدات (داستان)ە،  (داستان) تایبەتمەندیی پێکهاتەی هاوبەشی ئەڵقەکان، چیرۆک و ڕۆمان و ژانرەکانی دیکە دیاری دەکات، واتە بوونی ئەو شتەی کە وەک (سوژەی فۆڕمی داستانیی) یاخود (داستانی من)ە ئاماژەی پێ کراوە).

         هەڵبەت ئەم جیاوازییە لە ساڵانی شەستەکانەوە دیدگای زۆر ڕەهەندی پێشکەوتنە شانۆییەکانی بەرتەسک کردووەتەوە. یەکێکیش لە هۆکارە خراپەکانی ئەم کێبڕکێیە، کێبڕکێی ئەوەی کە داستان جێنشینی دراماتیکە، دەسەڵاتی زاڵی برێخت بووە. چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر کارەکانی برێخت خاڵی سەرەکی بوون بۆ ڕەچاوکردنی ئیستاتیکای شانۆی نوێ، ئەم بارودۆخەش، سەرەڕای ئەو هەموو بەرهەمەی کە هەیبوو لە دەرئەنجامدا، بەڵام بووە هۆی بلۆکێکی ڕاستەوخۆ بۆ تێگەیشتن سەبارەت بەوەی کە لە شانۆی مۆدێرندا دەگوزەرا.

         دۆسیەکانی ڕۆلان پارت دۆسیەیەکی ئاشکران، ئەو لە ساڵانی ١٩٥٣ بۆ ١٩٦٠ بە جدیی خەمی شانۆی بووە، نووسینە تیۆرییەکانی بە قووڵی لە لایەن مۆدێلە شانۆییەکانەوە شوێنی خۆیان گرتووە، هەندێک جار پارت ئاماژەی بە فۆڕمە شانۆییەکانی وەک دیمەن و ستەیج و مایم و هتد دەکرد. ئەو بابەتانەی کە سەبارەت بە برێخت نووسیویەتی هەتاوەکو ئێستاش شایەنی خوێندنەوەی وردن. ڕۆلان پارت بەم ئەزموونەی سەبارەت بە برێخت هێندە کاریگەر بوو، کە لە دواتردا بەرامبەر هەر نووسینێکی دیکە بۆ جۆرەکانی دیکەی شانۆ دوودڵ بوو.

         هەرچەندە ئەو نەیتوانی تەواوی هێڵی شانۆی نوێ کە لە ئارتۆ و گرۆتۆڤسکییەوە بەرەو شانۆی زیندوو و ڕۆبێرت ویڵسۆن ڕۆیشت ببینێت، سەرەڕای ئەوەی کە ڕەنگدانەوە نوێیەکانی شانۆی هاوچەرخ، بۆ نموونە کارکردن لەسەر وێنە، چەپاندن، دەنگ هتد، بەهایەکی زۆریان هەیە بۆ شیکردنەوەی شانۆی پۆستمۆدێرن. برێخت بوو بە جۆرێک لە سڕکردن بۆ ڕۆڵان پارت، ئیستاتیکای برێختیی وەک تاکە مۆدێلێکی نوێ بە تەواوی نوێنەرایەتی تیۆرییەکەی ڕۆڵان پارتی دەکرد. لە کاتێکدا دوای برێخت شانۆی ئەبسۆرد و شانۆی سینۆگرافیی و دراماتۆرگی بینراو و شانۆی بارودۆخەکان و شانۆی کۆنکرێتی و فۆڕمەکانی دیکەمان بینی و کە سەریانهەڵدا، هەربۆیە شیکردنەوەی ئەم شانۆ نوێیە بە تەنیا وشەی داستانیی بۆی بەس نییە.

دوورکەوتنەوەی شانۆ و دراما

         لە ناو تیۆری درامای مۆدێرن و ئەو لێکۆڵینەوانەش کە لە دواتردا لەسەر درامای لیریکی کران، سیزۆندی لێکدانەوە یەکلاکەرەوەکەی خۆی لە گۆڕینی (دراما) بۆ (داستانسازیی – بە داستانیی کردن) هەموار کرد و چەسپاند. بەڵام هێشتا هەندێک بڕیاری پێشوەختە هەن کە ڕێگری لە تێگەیشتن لەم پڕۆسەی گۆڕانکارییە دەکەن کە ئەویش دیاردەی بە داستانی کردن (داستانسازیی) و شانۆی لیریکیە. ئەم پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەیەی “دراما” کە سیزۆندی باسی کردووە، لەگەڵ شانۆیەکدا دەگونجێت کە لەسەر بنەمای (دراما) نەماوە. جا چ ئەگەر بۆ بەکارهێنانی پۆلێنبەندییەکانی تیۆری دراما؛ کراوە بێت یاخود داخراو، هەرەمی بێت یان بازنەیی، داستانیی بێت یاخود لیریکی، لەسەر کارەکتەر بێت یاخود پڵۆت. شانۆی بێ دراما بەڕاستی بوونی هەیە. ئەوەی لە شانۆی نوێدا لە مەترسیدایە ئەو جیهانە خەیاڵییەیە کە دەپچڕێت و بە تەواوی دەستبەرداری دەبێت. شانۆی نوێ ئەو جیهانە دادەخات کە پشتی بە (دراما) دەبەست. بە درێژایی سەردەمی مۆدێرنە، شانۆی مۆدێرن یەک هەنگاوی دووپات دەکردەوە، ئەویش ئەوەی کە تێیدا دەقی دراماتیک یەک ڕۆڵی هەبێت لەو ئەزموونانەی کە بەدوایدا دەگەڕێت. لە شانۆی مۆدێرنەدا چیرۆکی ڕووداوەکان بە زۆری لە دیالۆگەکاندا دەگێڕدرایەوە، کە ئەمەش هەر خۆی بەشێک بوو لە پێکهاتەسازیی شانۆی مۆدێرن. هەربۆیە ئەوان پەیوەست بوون بە وشەی سەرەکی (دراما)ەوە. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی زۆرینەی بینەرانی شانۆ تەقلیدییەکان تووشی کێشە و گرفت دەبن لەگەڵ شانۆی پۆستمۆدێرن و پۆستدراماتیکییدا، چونکە شانۆی پۆستمۆدێرن خۆی وەک خاڵی کۆبوونەوەی هونەرەکان دەخاتە ڕوو و داوا دەکات کە پارادایمی دراماتیک لە ئەدەب جیا ببێتەوە. هەربۆیە سەیر نییە کە بینەرانی نمایشەکانی دیکە وەک (هونەری بینراو، سەما و مۆسیقا) بەشداری ئەم جۆرە شانۆیە نەکەن و بڕۆنەوە ماڵەوە.

گوتاری دراماتیک

         لەبەر هۆکارە تێرمینۆلۆجیکاڵییەکەی (زاراوەناسییەکەی) بە شێوەیەکی سەرەکیی باس لە “گوتاری دراماتیک”  ناکەم وەکو ئەوەی کە ئەندرێ ویرس بەکاری هێناوە، هەرچەندە لە زۆر شوێندا لەگەڵ تێڕوانینەکانی ویرسدا هاوڕام. ئەو جەختی لەوە دەکردەوە کە شانۆ ببێتە ئامڕازێک تا لە ڕێگەیەوە نووسەر یاخود دەرهێنەر گوتارەکەی خۆی ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی بینەر بکات. خاڵی سەرەکی باسەکەی وریس”یش ئەوەیە کە ئەم مۆدێلە دەبێتە پێکهاتەیەکی بنەڕەتی دراما و جێگەی دیالۆگی گفتوگۆیی لە شانۆدا دەگرێتەوە. چونکە چیتر ئەوە تەنیا ستەیجێک نییە، بەڵکو شانۆ بە گشتی دەبێتە فەزا و کەشی قسەکردن. ئەمەش بەڕاستی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و پێکهاتەیەک دەگرێتەوە کە تایبەتە بە هەندێک، وەک شانۆی ڕۆبێرت ویڵسۆن و ڕیچارد فۆرمان و لایەنەکانی دیکەی شانۆی ئاڤانگاردی ئەمریکی. کاریگەرییە سەرەکییەکانی ئەم گەشەسەندنەش بە گوتەی ویرس، بریتین لە داستانسازیی برێخت؛ نایەکسانی دیالۆگ لە شانۆی ئەبسۆرددا؛ ڕەهەندە ئەفسانەییەکان و دیدگاکانی ئارتۆ بۆ شانۆ. بۆ ویرس، هەڵوەشاندنەوەی دیالۆگ لە دەقەکاندا لەلایەن هاینەر مۆلەر و پیتەر هانکە؛ مۆدێلێکی نوێی شانۆی داستانیی پێکدەهێنن. ئەو ڕەوتی برێخت و ئارتۆ و شانۆی ئەبسۆرد و ویڵسن وەک سەرهەڵدانی درامای هاوچەرخ وەک “گوتاری دراماتیک” دەبینێت، کە دەبێتە هۆی پێناسەکردنەوەی ئەکتەر؛ کاتێک لەلایەن دەرهێنەرەوە وەک ئامڕازێکی پەیوەندیی لە شانۆدا تیشکی دەخرێتە سەر.

         ئەم کارەکتەرەش سەرهەڵدانی شانۆیەکە کە بەشێوەیەکی ڕیشەیی داستانییە، وە لەم شانۆیەدا پێدەچێت فیگەرەکان بەبێ دیالۆگ قسە بکەن، یاخود دەتوانین بڵێین لەلایەن نووسەری سیناریۆکەوە قسەیان لەسەر دەکرێت، یاخود بینەر دەرفەتی ئەو قسەیەیان پێ دەدات کە لەسەر شانۆکە دەیکەن.

ئەمانە ئەو پاڵنەرە گرنگانە بوون کە بۆ تێگەیشتن لە شانۆی هەشتاکان پێویستبوون و پەیوەندییەکانیان پاراستووە. بەڵام لە هەمان کاتدا ناکرێت تەنیا لێرەدا بووەستین، چونکە ویرس زۆر بە کورتی تێزەکانی خۆی خستووەتە ڕوو.

         دەرهێنەری کلاسیک ڕێگە بە ئەکتەرەکان دەدات کە ئەو گوتارە دووبارە بکەنەوە کە نووسەرەکە دایناوە، و بەم شێوەیە پەیوەندی لەگەڵ بینەرەکاندا دروست دەکات. ڕەخنەی ئارتۆ لە شانۆ ڕێک لەسەر ئەم بابەتە بوو؛ کە ئەکتەر تێیدا جێبەجێکارێکی دەرهێنەرەکەیە و تەنیا ئەو وشانە دووبارە دەکاتەوە کە لەلایەن نووسەرەکەوە بۆی دیاریکراوە، ئەم شانۆیە ڕێک ئەوەیە کە ئارتۆ دژی وەستاوەتەوە. ئەم بارودۆخەش ئەوەیە کە شانۆی پۆستدراماتیک بەدوایدا دەڕوات، ئەو دەیەوێت شانۆ سەرەتا و خاڵی دەستپێک بێت، نەک شوێنی نووسینەوە و کۆپیکردن.

         دەبێت بە شێوەیەکی زۆر وردتر لەو دوورکەوتنەوە ڕادیکاڵەی شانۆ لە چەمکی دراماتیک و دیالۆگ تێبگەین.

شانۆ دوای برێخت

         ئەندرێ ویرس دەڵێت:  (برێخت خۆی بە ئەنیشتاینی فۆڕمی نوێی دراماتیک ناو دەبرد، ئەم هەڵسەنگاندنەش زیادەڕەویی نییە ئەگەر مرۆڤ بتوانێ لە تیۆری شانۆی داستانیی وەکو داهێنانێکی زۆر کاریگەر و کارا تێبگات. چونکە تیۆرەکەی ئەو پاڵنەرێک بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی دیالۆگی شانۆیی لە قۆناغی تەقلیدیدا بە تایبەتیش لە فۆرمی گوتار و سۆلیلۆگدا. تیۆرەکەی برێخت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک پەیامێک لە ڕێگەی جەستە و دەنگەوە بە شێوەیەکی یەکسان دەخرێتە ڕوو ئەوە لە سروشتە ئەدەبییەکەی (ئەدەبیاتییەکەی) دادەبڕێت).

       بەڵام ئایە ئەو پاڵنەرانەی لێرەدا ئاماژەیان پێکراوە، بەڕاستی لە شانۆی برێختەوە سەرچاوەیان گرتووە؟ ئایە دەربڕین بە جەستە و دەنگ لە دڵی هەموو شانۆیەکدا نییە؟ بەم پرسیارانە تیۆری شانۆی پۆستدراماتیک دەتوانێت پەیوەندی بە ڕەنگدانەوە ڕوونەکەی ویرسەوە ببەسێت کە پێی وایە شانۆی نوێ میراتی برێختە.

         ئەوەی برێخت بەدەستی هێنا ناکرێت وەکو شانۆی نەریتی سەیری بکەین، هەرچەندە تیۆرەکانی برێخت تێزێکی زۆر نەریتخوازانەی لەخۆگرتبوو، چونکە (ئەفسانە) چیرۆک بۆ ئەو وەکو شتێکی بنەڕەتیی مابووەوە، کە بەبێ ئەمە ناتواندرێت لە توخمە چارەنووسسازەکانی شانۆی نوێی شەستەکان تا نەوەدەکان تێبگەین، تەنانەت ناتوانین لە فۆڕمەکانی (بیکێت و هاندکە و شتراوس و مۆلەر و کەین و هتد)یش تێبگەین.

         شانۆ و دراما پەیوەندییەکی ئەوەندە نزیکیان هەیە کە زۆرێک لە توێژەرانەی شانۆ وەک ژن و مێردێک وێنای دەکەن کە توند باوەشیان بەیەکدا کردووە. هەر لە هەمان کاتیشدا، شانۆ و دراما هەمیشە لە پەیوەندییەکی دژبەیەک و گرژردا بوونیان هەبووە و هەتا ئێستاش بوونیان هەیە. جەختکردنەوە لەسەر ئەم بارودۆخە و ڕەچاوکردنی تەواوی کاریگەرییەکانی، یەکەم مەرجی پێشوەختە بۆ تێگەیشتنێکی گونجاو لە شانۆ نوێ و ئەوەش کە دێت. ناسینی شانۆی پۆستمۆدێرنیش لەو خاڵەوە دەست پێدەکات کە بوونی تا چەند پەیوەستە بە ڕزگاربوون و دابەشبوونی لە نێوان دراما و شانۆدا. هەربۆیە مێژووی ژانری دراما خۆی لە خۆیدا تەنیا بابەتێکی سنووردارە بۆ توێژینەوەکانی شانۆ. بەڵام بەو پێیەی کە شانۆ لە ئەوروپادا بە شێوەیەکی کردەیی و تیۆریی دراما تێیدا زاڵ بووە، ئەوە باشترە کە دەستەواژەی پۆستدراماتیک بۆ پێشکەوتنە نوێیەکان بەکاربهێنرێت تا بە ڕابردووی شانۆی دراماتیکییەوە ببەسترێتەوە. ئەمەش نەک تەنیا بۆ ئەو گۆڕانکارییەی کە تێکستە شانۆییەکاندا ڕوویداوە، بەڵکو بۆ ئەو گۆڕانکارییەی لە شێوازەکانی دەربڕینی شانۆییدا ڕوویدا. لە فۆڕمی شانۆی پۆستدراماتیکییدا، تێکستی شانۆیی (هەڵبەت ئەگەر تێکست شانۆسازیی بۆ بکرێت) ئەوە بە شێوەیەکی یەکسان یەکێکە لە پێکهاتەکان لە کۆی پێکهاتەکانی جەستە و مۆسیقا و لایەنی بینراو و هتددا.  ئەو درزەی کە لەنێوان گوتاری تێکست و شانۆدا هەیە دەتوانێت هەموو ڕێگە ناتەبا و ناپەیوەندیدارەکان بکاتەوە. هەڵبەت جیابوونەوەی مێژوویی لە نێوان تێکست و شانۆدا، داوای پێناسەکردنەوەی بێلایەنانەی پەیوەندییەکانیان دەکات. ئەمەش لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە شانۆ تیایدا بوونی هەبووە: سەرهەڵدانی لەناو طەقسەکان (ڕیتواڵ و ڕێوڕەسمەکان)دا، وەرگرتنی فۆڕمی مایمی لە ڕێگەی سەما و پەرستش و پێش هاتنی نووسین. لە کاتێکدا شانۆی سەرەتایی و درامای سەرەتایی (شانۆی ئور و درامای ئور) تەنیا بابەتی هەوڵە چاکسازیی و بونیاتییەکان بوون، پێدەچێت فۆڕمی تەقصە سەرەتاییەکانی شانۆ نوێنەرایەتی پڕۆسە سۆزدارییەکانیان کردبێت بە یارمەتی دەمامک و جلوبەرگ، بە شێوەیەک کە تیایدا سەما و مۆسیقا و ڕۆڵگێڕان تێکەڵ بوون. تەنانەت ئەگەر ئەم پراکتیزەکردنە لە ڕووی فیزیکیی و جووڵەییەوە پێش هاتنی نووسین نوێنەرایەتی جۆرێک لە (تێکست)ی کردبێت، ئەوە هێشتا جیاوازییەکە سەبارەت بە پێکهاتنی شانۆی ئەدەبیی مۆدێرن دیارە. چونکە لەوێدا، تێکستی نووسراو، ئەدەب، ڕۆڵی پێشەنگی پلەبەندییەکە وەردەگرێت. ئەمەش لەبەر ئەوەی تێکست وای لێ هاتبوو کە لەلایەن هەموو ئامڕازە شانۆییەکانی دیکەوە دەبوو خزمەت بکرێت.

هەوڵ هەبووە بۆ پێناسەکردنی “دراما” بە شێوەیەکی زۆر فراوان، جۆرج فۆکس لە کتێبی شۆڕشی شانۆدا دەڵێت: (دراما لە سادەترین شێوەی خۆیدا جووڵەی ڕیتمیی جەستەیە لە ڕێگەی فەزاو و پانتاییەوە) لێرەدا “دراما” بە واتای کرداری دیمەنێک دێت، بەم پێیەش هەموو مەبەستێکی لەم شێوەیە شانۆیە. تەنانەت جۆرج فۆکس هەموو ئەو شتانەی وەک سەما و ئەکرۆباتیک و ڕۆیشتن بەسەر پەتی باریک و جادووکردن و زۆرانبازی و بۆکسێن و جلوبەرگ و نمایشکردن لەگەڵ ئاژەڵان و مۆسیقی و ماسکیی و هەر شتێکی دیکە بە فۆرمێکی سادەی درامای دەزانی. بەڵام ناساندنێکی لەم جۆرە بۆ دراما، جیاوازییە مێژوویی و تایپۆلۆژییە بەرهەمدارەکانی نێوان شانۆ و ئەدەبی دراماتیک هەڵدەوەشێنێتەوە. هەربۆیە پێناسەکردنی دراما لەلای فۆکس تێکەڵ دەبێت. هەروەها هەمان شت بۆ هەندێک تێبینی هاینەر مۆلەر دەگونجێت کە توخمە بنەڕەتییەکەی شانۆ و دراما لای ئەو “گۆڕانکاریی” بووە، مردن دوا گۆڕانکارییەوە و شانۆ هەمیشە پەیوەندی بە مردنی ڕەمزییەوە هەیە، (شتە جەوهەرییەکەی شانۆ گۆڕانکارییە، وە مرۆڤ دەتوانیت پشت بەم دوایین گۆڕانکارییە ببەستێت.)

واڵتەر بێنیامین دەڵێت: (نهێنییەکە، لە ئاستی دراماتیکییدا، ئەو ساتەوەختەیە کە تێیدا لە دۆمەینی زمانی تایبەت بە خۆیەوە دەردەچێت و دەبێتە دۆمەینێکی باڵاتر کە بەدەستی نەهێناوە، بۆیە ئەم ساتەوەختە هەرگیز ناتوانێت بە وشە دەرببڕدرێت، بەڵکو تەنیا لە ئامادەگییدا دەردەکەوێت، ئەمەش بە توندترین مانا دراماتیکییە.)

         ئەوەی کە بێنیامین بە دراماتیک وەسفی دەکات پەیوەستە بە ئاگۆنی (بێدەنگی)یەوە، بێگومان پاساوێک لە ناسینەوەی شانۆ و درامادا هەیە و ئەمەش لەو شوێنانەدا دیارە کە چەمکی دراماتیک لای بێنیامین تیشک دەخاتە سەر گەورەترین نزیکایەتی خۆی لە پانتۆمایم و بێدەنگی، ئەمە ئەگەر لە چوارچێوەی زماندا سەیری بکەین. بەڵام هەر لەبەر هەمان هۆکارە کە سوودی بۆمان دەبێت، ئەگەر دراماتیکەکەی بێنیامین وەک بەشێک لە شانۆ سەیر بکەین؛ ئەوە دەبێتە تەقص، و شیعری شانۆ. ئەوەی لێرەدا جێگەی مشتومڕە، زاڵبوونە بەسەر مردندا لە ڕێگەی شانۆوە.